ئایین لە دیدی فەیلەسووفانەوە

ئایین لە دیدی فەیلەسووفانەوە

پڕۆژەیەک بۆ ناسین و ڕاڤەکردنی ئایین

ڕانانی: ئیدریس عەلی

هاوڕای وەرگێڕی ئەم کتێبەم کە پێیوایە یەکەمین گرفتی هەر خوێنەرێکی کورد لە بەرانبەر دەقێکی زانستیدا بریتییە لە: هەرسکردنی چەمکەکان.

 بە درێژایی سەدەی بیستەم، کێڵگەی ڕۆشنبیریی کوردی دەستەوەسان بووە لە بەرانبەر تێگەیشتن و کورداندنی چەمکەکاندا، کاتێکیش هەوڵ دراوە چەمکێک ڕابگوێزرێتەوە نێو ئەم کێڵگەوە، زۆر جار لە مانا سەرەکییەکانی بەتاڵ کراوەتەوە: هەر زانایەک سیستمێک لە چەمک و زاراوە و گوزارشتی تایبەت بە خۆی هەیە و بە بێ تێگەیشتن لێیان، زۆر ئەستەمە خوێنەر بتوانێت پێ بنێتە نێو گەردوونی کردەی ڕاڤەکردن و بەرهەمە زانستییەکانی ئەو زانایە.

بێگومان یەکێکی تر لە کتێبە باش و ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە بواری فیکردا، بریتییە لە کتێبی (پڕۆژەی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی ئایین)، ئەم کتێبە کۆکراوەی نووسین و بابەت و لێکۆڵینەوە و ڕاڤەی کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی گەورەی جیهانییە کە پێک هاتوون لە (کارڵ مارکس، فردریک ئەنگڵس، ئەلیکسی دوو تۆکڤیل، ماکس ڤێبەر، ئێمیل دۆرکایم، کارڵ مانهایم)، هاوکات ئەم کتێبە لە لایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (عادل باخەوان) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش کاری وەرگێڕانی بۆ کراوە.

 لە ڕاستیدا وەرگێڕی ئەم کتێبە، بەش بە حاڵی خۆی یەکێکە لەو ڕۆشنبیرانەی کە ئاگاییەکی باشی لە ئایین و چەمک و ڕەهەندە ئایینییەکان هەیە، بۆیە دەتوانین بڵێین کتێبەکە خۆی چەند بەبایەخ و گرنگە، وەرگێڕەکەش هێندەی تر بەهای بەخشیوە بە ناوەرۆکی کتێبەکە، چونکە ئێمە بەپێی ئەزموونمان لەگەڵ کتێبەکانی دکتۆر عادل باخەواندا، بەو ئاکامە گەیشتووین کە ناوبراو لەخۆوە دەست بۆ بابەتێکی فیکریی ئاوا ئاڵۆز و پڕ لە مشتومڕی جیاواز نابات بۆ وەرگێڕان، ئەگەر بە فلتەری ڕۆشنبیری و هۆشیاریی فیکریی خۆیدا نەڕۆیشتبێت و هەڵسەنگاندنی تیۆرییانەی بۆ نەکردبێت، دەشێت ئەو گرنتییە بە خوێنەر بدەین کە مادام ڕۆشنبیرێکی وەک عادل باخەوان کتێبەکەی وەرگێڕاوە، شایانی خوێندنەوە و وەستانە لە سەری، بە تایبەت کە بابەتەکانبیش لەمەڕ چەمکی ئایین بن و ڕاڤە و دیدگای کۆمەڵێک بیرمەند و فەیلەسووفی گەورەی جیهانیی لەخۆ گرتبێت.

 ئێمە مێژوویەکی دوورودرێژمان لەگەڵ ئایینەکاندا هەیە و بە جۆرێک لە جۆرەکان ئایینەکان هاتوونەتە نێو کایەکانی ژیانمانەوە و سیستەم و چوارچێوە و قاڵبیان بۆ داناوین، نەخشەیان بۆ کێشاوین تا کوێ بڕۆین و چی بڵێین، ئەدی  چی بڤە و حەرام و دەستبۆنەبراوە، سنووری قسەکردن و بیرکردنەوە، پرسیار و ئیدراکمان لەمەڕ بابەتەکان تا کوێندەرێیە؟ بمانەوێ و نەمانەوێت ئایین بووەتە بەشێک لە ژیانمان، بەڵام ئایا ئێمە چ تێگەیشتنێکمان بۆ ئایین هەیە؟ مێژووی سەرهەڵدانی ئایین بۆ کەی دەگەڕێتەوە و ڕەوتی گەشە و پاشەکشەی ئایین بە کوێ گەیشتووە؟ چۆن بتوانین ڕاڤە و هەڵسەنگاندنی تایبەت بە خۆمان هەبێت و پرسیار لە سەر چییەتیی ئایین و گرنگی و بەها و کاریگەرییەکانی بکەین؟ ئێمە لە ڕێگەی ئەم کتێبەوە بە بنەچە و شوناس و مێژوو و قۆناغە جیاجیاکانی ئایین ئاشنا دەبین، هاوکات پەردە لە سەر ڕووی گەلێک نهێنی و بابەتی نەزانراو بە ڕووماندا هەڵدەدەرێتەوە، بە کورتی، زانیاری و مەعریفەمان لەمەڕ ئایین زیاتر دەبێت و گەلێک لەو پرسیارانەی لە ناخ و دڵماندا دێن و دەچن، لە ڕێی ئەم کتێبەوە چنگمان دەکەوێت.

وەرگێڕی ئەم کتێبە (عادل باخەوان) لە پێشەکییەکی کورت و پوختدا جەخت لە سەر ئەوە دەکاتەوە کە لە هەندێک هەلومەرجی تایبەتدا، ئەگەر خوێنەر خۆی زۆر ماندوو بکات، دەکرێت دەستی لە چەند چەمکێکی کوردێنراو گیر ببێت، بەڵام ئەم چەمکانە ئەمەندە ئاڵۆز کراون و ئەوەندە تەماوی کراون، کە خوێنەر نەتوانێت سەریان لێدەربکات: لە نێو کێڵگەی ڕۆشنبیریی کوردیدا هەندێک جار هەست بەوە دەکەم وێنەی ڕۆشنبیری هەرە گەورە بووە بە وێنەی ئەو نووسەرەی هەموو چەمکەکان بە ڕادەیەک ئاڵۆز دەکات، کە کەس سەریان لەبەر دەرنەکات، ئەم جۆرە لە ڕۆشنبیر، تەنیا لە کێڵگەی ڕۆشنبیریی کوردیدا جێگەی دەبێتەوە و گەر وەری بگێڕنە سەر زمانەکانی دیکە، بە هیچ شێوەیەک و هیچ کێڵگەیەکی ڕۆشنبیریی جیهان دەرگای بۆ ناکاتەوە.

لە یەکێک لە بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکەدا، جەخت لە سەر ئەوە کراوەتەوە کە گوزارشتە ئایینییەکان لە ڕابردوو و داهاتووشدا دەکرێت ببن بە (ئەفیونی گەل) ئەمە هیچ گومانی تێدا نییە، لە سەردەمی لەدایکبوونی کۆمەڵگای پیشەسازیدا، کە هەنووتییەکان، هەرچەندە خۆیان وا دەردەخست کە خەمی کرێکارانیانە، بەردەوام باگەشەیان دەکرد بۆ سەپاندنی (یاسای غەیبانی لە سەر نایەکسانیی سروشتیی مرۆڤەکان) و (تاماشاکردنی کار وەک کەفارەتی گوناهە) داواکردن لە کرێکاران کە هەموو خەونەکانیان بە زەوییەوە نەبەستنەوە و لە چرکەی کارکردندا ئاسمانیان لە بیر نەچێت: بەڵام دەبێت ئاماژەش بەوە بدەین کە لە هەمان کاتدا گوزارشتە ئایینییەکان، دوێنێ و ئەمڕۆ و سبەینێش، دەکرێت ببن بە مەشخەڵی ئازادیی گەلانی چەوساوە.

لە ڕاستیدا ناکرێت لێرەدا کۆی ئەو چەمک و بابەتانەی نێو دووتوێی کتێبەکە بۆ خوێنەر شرۆڤە بکەین و بیناسێنین، چونکە هەم کاری ئەم نووسینە کورت و سادەیەی من نییە، هەم کتێبەکەش هێند ئاسان و خۆشدەست نییە تا بە خوێنەر بڵێین بابەت و توێژینەوەکانی ناوی باسی چی دەکەن، چونکە ئەم کتێبە و بیرمەند و فەیلەسووفەکانی نێو ئەم کتێبە، لەخۆوە شرۆڤەی بابەتەکان ناکەن، بەڵکو بەرمەبنای مێژوو و قۆناغ و ململانێ و ڕەوتی گەشەی پەرەسەندنەکانی کۆمەڵگا و پیشەسازی و شۆڕش و ئابووری و پەیوەندیی نێوان کار و بەرهەمهێنان و مەسەلە چینایەتییەکان، ڕاڤەی فیکر و تێگەیشتنی خۆیان بۆ چەمکەکان  و خودی ئایین کردووە، دەشێت خوێنەری ژیر و وریا، لە ساتی خوێندنەوەی کتێبەکەدا، درک بە کۆمەڵێک بابەت و مەسەلە و چەمکی گرنگتر بکات، بەڵام بێگومان دەتوانین بێ دوودڵی ئەو ڕاستییە بدرکێنین کە کتێبی پڕۆژەی تێگەیشتن و ڕاڤەکردنی ئایین، یەکێکە لەو کتێبە باش و تازانەی، کە لە مێژووی کتێبخانەی کوردیدا هاوشانی کتێبە تیۆری و مێژووی و فەلسەفی و فیکرییە باشەکانە، ئەم کتێبە توانای ئەوەی هەیە ئاستی ڕۆشنبیری و زانیاریی خوێنەر بەرز بکاتەوە و دونیابینیمان سەبارەت بە زۆر بابەت و چەمک بگۆڕێت، چونکە لە هەناوی کتێبەکەدا گەلێ پرسیار وروژێنراوە کە پرسیاری هەر هەموومانە، پرسیارەکانیش بێ وەڵام نەماونەتەوە، بەڵکو بە شێوەیەکی قووڵ و ورد و فرەڕەهەند وەڵامیان دراوەتەوە، ئەوەی گرنگە لێرەدا بیدرکێنین ئەوەیە کە خوێنەر دەبێت لە ساتی خوێندنەوەی ئەم کتێبەدا تەرکیزی هەبێت و هیچ شتێک دای نەبڕێت، چونکە ڕەنگە لامسەرلایی بە لای چەمکێکدا تێپەڕیت و گرنگیی پێنەدەیت، لە شوێنێکی دیکە، یاخود لە بەشێکی دیکەدا بکەویت بە سەر بابەت، یاخود چەمکێکدا هیچ زانیارییەکت لە سەری نەبێت و بۆت پێناسە نەکرێت، ئەوا کۆی ئەو باڵەخانەی زانیارییەی لە ساتی خوێندنەوەدا هەڵت چنیوە، خۆبەخۆ دەڕمێت و ڕەنگە بڵێم هەر وەک ئەوە وایە کاتی خۆت بە فێڕۆ دابێت.

وەرگێڕی ئەم کتێبە (عادل باخەوان) بە هۆی زمانە کوردییەکەیەوە کارئاسانییەکی باشی بۆ خوێنەر کردووە، ئەم کتێبە وێڕای ئەوەی سیخناخە لە چەمک و دەستەواژەی تیۆری و فەلسەفی، کە ڕەنگە بۆ هەندێکمان نوێ بن، بەڵام بە شێوەیەکی سادە توانیویەتی بیانکوردێنیت و لە پەراوێزێکدا شیکاری بۆ کردبن، هەوڵی تەواویشی داوە بابەتەکان لە ئاڵۆزییەوە بەرەو سادەیی بەرێت، ئەو دونیا تەماوییەی ئەم جۆرە بابەتە فیکری و تیۆرییانە ئەگەر لای هەندێک وەرگێڕ چڕ و تاریک بێت، ئەوا لای ئەم نووسەر و وەرگێڕە و لەم کتێبەدا هەوڵ دراوە ئەو تەمە چڕە بڕەوێتەوە، ئەمەش بە سیحری زمان و چۆنێتی و شێوازی وەرگێرانەکەی، چونکە ناوبراو ئاگاداری کێڵگەی ڕۆشنبیری و نێوەندی ئەدەبی و ئاستی فیکریی خوێنەری کوردە، بۆیە هەوڵی داوە لە کتێبێکەوە بۆ دەستەبژێر، بیکات بە کتێبێک بۆ هەمووان، بە هیوام خوێنەری بن و سوودی لێببینن.