خۆرئاوا چۆن سه‌ركه‌وت به سه‌ر جیهاندا؟
خۆرئاوا چۆن سه‌ركه‌وت به سه‌ر جیهاندا؟
هاشم ساڵح
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
ڕۆجێ دۆبرێ له كتێبه‌كه‌یدا “ئه‌وه‌ی له خۆرئاوا ده‌مێنێته‌وه/ما تبقی من الغرب”، شتێكی ئاوامان پێده‌ڵێت: خۆرئاوا خاوه‌نی كۆمه‌ڵێك خاڵی به‌هێزه، كه وای كردووه بێ ڕكابه‌ر كۆنترۆڵی جیهان بكات. یه‌كه‌مین خاڵ بریتییه له‌و یه‌كگرتنه بێوێنه‌یه‌ی نێوان هه‌ردوو باڵه ئه‌ورووپی و ئه‌مریكییه‌كه‌ی خۆرئاوا. گه‌وره‌ترین به‌ڵگه بۆ ئه‌وه، هه‌ركه شه‌ڕی ئۆكرانیا به‌رپا بوو، ئه‌و یه‌كگرتنه ڕووسیای ترساند. پێویسته ئه‌وه بزانین ئه‌مریكا، له ڕێگه‌ی هاوپه‌یمانیی ناتۆوه، ته‌واوی خۆرئاوای كۆنترۆڵ كردووه. ئه‌م هاوپه‌یمانییه گه‌وره‌ترین هێزی سه‌ربازییه له جیهاندا و ته‌نانه‌ت چین و ڕووسیا لێی ده‌ترسن. ئه‌گه‌ر هاوپه‌یمانیی ناتۆ نه‌بووایه، پوتین ده‌یتوانی زۆر به خێرایی ئۆكرانیا داگیر بكات.
خاڵی دووه‌می به‌هێزی خۆرئاوا، بریتییه له مۆنۆپۆڵكردنی به‌ها گه‌ردوونییه‌كانی مۆدێرنه. ئه‌مه مانای چییه؟ مانای ئه‌وه‌یه: تێكڕای وڵاتان له ده‌ره‌وه، به دوای به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ت و زیندووه‌كانی خۆیاندا ده‌گه‌ڕێن. ئه‌مه‌ش شتێكی سروشتییه، بۆ نموونه چین بێبه‌شه له كه‌ره‌سته سه‌ره‌تایی و خاوه‌كانی وه‌ك گاز و نه‌وت، هه‌ربۆیه له هه‌موو ناوچه‌كانی جیهانه‌وه و له ڕێگه‌ی تۆڕێكی به‌رفراوانه‌وه، له هه‌وڵی دابینكردنی ئه‌و كه‌ره‌سته سه‌ره‌تاییانه‌دایه. چین موماره‌سه‌ی ئه‌وه ده‌كات كه پێی ده‌وترێت “خۆپه‌رستیی پیرۆز/الانانیة المقدسة” بۆ ده‌وڵه‌ت. خۆرئاواش له سه‌ر ئاستێكی هێجگار به‌رفراوان هه‌مان شت ده‌كات. به‌ڵام خۆرئاوا تاقه شوێنه، ئازایه‌تی و بوێریی ئه‌وه‌ی هه‌یه کە به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ته‌كانی خۆی وا بخاته ڕوو، كه گوزارشته له به‌رژه‌وه‌ندییه‌كانی كۆی مرۆڤایه‌تی! ئه‌ڵبه‌ته خۆرئاوا به‌رژه‌وه‌ندییه تایبه‌ت و خۆپه‌رستانه‌كه‌ی، له ژێر ناوی مافه‌كانی مرۆڤ به به‌رگێكی بریقه‌دار و دره‌وشاوه داپۆشیوه. خۆرئاوا خۆی وا پێشكه‌ش ده‌كات و ده‌ناسێنێت، وه‌ك ئه‌وه‌ی نوێنه‌ری ویژدانی گشتیی هه‌موو جیهان بێت. گه‌وره‌ترین به‌ڵگه بۆ ئه‌وه، باره‌گای نه‌ته‌وه یه‌كگرتووه‌كان، كه به‌رجه‌سته‌ی ئه‌م ویژدانه جیهانییه ده‌كات، له نیو یۆركه، نه‌ك مۆسكۆ یان په‌كین یا تۆكیۆ یاخود نیو ده‌لهی… هتد، لێره‌وه ئه‌وانی دی بیانه‌وێت یا نه‌یانه‌وێت، خۆرئاوا سه‌نته‌ری جیهانه.
هه‌رچی خاڵی سێیه‌می به‌هێزی خۆرئاوایه، بریتییه له توانای به‌رهه‌مهێنانی ڕۆشنبیر و كادیره باڵاكانی جیهان. ڕۆجێ دۆبرێ پێیوایه خۆرئاوا، كادیره‌كانی جیهان و توێژه ڕۆشنبیر و سیاسی و ته‌نانه‌ت سه‌ربازییه‌كه‌ی جیهان به‌رهه‌م ده‌هێنێت. هه‌رچه‌نده ڕژێمه‌كان سه‌ری زمان و بنی زمانیان، سه‌ركۆنه و ئیدانه‌كردنی ئیمپریالیزمی ئه‌مریكایه و به درێژایی بیست و چوار كاتژمێر قه‌سه‌ی سووكی پێده‌ڵێن، كه‌چی چینه بۆرجوازییه‌كانی عه‌ره‌ب و غه‌یری عه‌ره‌ب، به باشی ده‌زانن منداڵه‌كانیان بنێرن بۆ زانكۆكانی هارڤارد یان بێركلی یا كۆلۆمبیا یان ئۆكسفۆرد یاخود سۆربۆن… هتد.
ئاخر هیچ كه‌سێك متمانه به بڕوانامه‌كانی زانكۆكانی خۆرهه‌ڵات ناكات. ته‌نانه‌ت شازاده كۆمۆنیسته‌كانی چینی سوور، منداڵه‌كانیان بۆ خوێندن و ده‌رچوون ده‌نێرن بۆ زانكۆكانی ئه‌مریكا! كێ بڕوا به‌وه ده‌كات؟ پێویسته ئه‌وه بزانین ئه‌مریكا، ساڵانه پێشوازی له سێهه‌زار سه‌ركرده‌ی گه‌نج، یان ئه‌وانه‌ی به‌و ناوه‌وه ناویان ده‌بات، ده‌كات. ئه‌وانه هه‌ڵبژارده‌ی هه‌ڵبژارده‌كانن، یان نوخبه‌ی نوخبه‌كانن و له نێویاندا ده‌یان فه‌ره‌نسی هه‌یه و هه‌موویان كوڕوكاڵی جیهانی سێیه‌م نین. ئه‌مریكا له زانكۆكانی خۆیدا مه‌شق و ڕاهێنانیان پێده‌كات و له نێو زمان و كولتووری خۆیدا ده‌یانتوێنێته‌وه. سه‌روه‌ختێك ئه‌و گه‌نجانه، دوای ته‌واوكردنی خوێندن ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ وڵاتانی خۆیان، ده‌بنه درێژكراوه‌ی ئه‌مریكا له ده‌ره‌وه. ئه‌وان ده‌به‌ن به باڵیۆزی نافه‌رمیی دانه‌مه‌زراو، له‌وانه حامید كارزای سه‌رۆكی پێشووی ئه‌فغانستان، ساكاشڤیلیی سه‌رۆكی جۆرجیا، سه‌لام فه‌یازی سه‌رۆك وه‌زیرانی پێشووی فه‌له‌ستین و یاریده‌ده‌ری به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری بانكی نێوده‌وڵه‌تی له واشنتۆن، له‌گه‌ڵ چه‌ندان كه‌سی دیكه. ئه‌مریكا له ماوه‌ی ساڵانی ڕابردوودا، ده‌یان هه‌زار، له‌وانه‌یه سه‌دان هه‌زار، كادیری باڵای جیهانی له ڕه‌گه‌ز و ئایین و نه‌ته‌وه جیاوازه‌كان پێگه‌یاندووه. ئه‌مه شتێكه، ته‌نانه‌ت ئیمپراتۆریه‌تی به‌ریتانیا، له لووتكه‌ی نه‌مری و ده‌سه‌ڵاتیدا، بوێریی ئه‌وه‌ی نه‌بووه بیكات. هه‌ر بۆیه ئیمپراتۆریه‌تی ئه‌مریكا له مێژوودا وێنه‌ی نییه.
خاڵی چواره‌می به‌هێزی خۆرئاوا، بریتییه له دروستبوونی ڕه‌وت و ئاقاره فه‌لسه‌فی و هونه‌ری و فیلمه سینه‌ماییه‌كان… هتد، له‌م باره‌یه‌وه پێویسته ئه‌مه‌ی خواره‌وه بڵێین: ئه‌مریكا له جیهاندا نه‌ك به ته‌نها خاوه‌نی مه‌ترسیدارترین هێزی زبره/خشن، واته هێزی سه‌ربازی، به‌ڵكو خاوه‌نی گه‌وره‌ترین هێزی نه‌رمه له جیهان، واته هێزی كولتووری. ئه‌ڵبه‌ته سینه‌مای ئه‌مریكی (هۆلیۆد) و كولتووری ئه‌مریكی و زانكۆكانی ئه‌مریكا، له ده‌ره‌وه، زۆرترین سه‌رنجه‌كان بۆ سه‌ر ئه‌مریكا ڕاده‌كێشن. ئێ ئاخر كێ ده‌توانێت دژی فیلمه‌كانی جۆن واین یان كلێنت ئیستۆرد یا هارسۆن فۆرد ڕاوه‌ستێت؟ هه‌رچۆنێك بێت من ناتوانم. هه‌مان شت بۆ مۆسیقای میللیی ئه‌مریكی، خواردنه‌وه/مه‌شروبی ئه‌مریكی، پانتۆڵی جینزی ئه‌مریكی، ته‌نانه‌ت ڕێستۆرانته‌كانی ماكدۆناڵد، كه له سه‌رتاپای جیهاندا بڵاو بوونه‌ته‌وه، ڕاسته. هه‌موو ئه‌وانه به‌شدارن له ملكه‌چكردنی ئه‌وانی دیكه بۆ ئه‌مریكا، بێ هیچ به‌رگرییه‌ك. كێ دژ به هونه‌ر و ستاتیكا و چێژ و به‌رخۆرییه؟ پاشان وه‌ك ئیبن خه‌لدون ده‌ڵێت: لاوازی دواكه‌وتوو، هه‌میشه لاسایی به‌هێزی سه‌ركه‌وتوو ده‌كاته‌وه. به‌م شێوه‌یه ئه‌مریكا له یه‌ك كاتدا و له میانه‌ی به‌كارهێنانی هێزی زەبر و هێزی نه‌رم، زاڵبوون و هه‌ژموونی خۆی به سه‌ر جیهاندا ده‌سه‌پێنێت.
ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین “كۆكاكۆلا” جه‌نگی ڤێتنامی برده‌وه، ئه‌مه دوای ئه‌وه‌ی سوپای ئه‌مریكا جه‌نگه‌كه‌ی دۆڕاند! هه‌روه‌ها ڕۆژنامه‌كانی ئه‌مریكا بیركردنه‌وه و عه‌قڵیه‌تی سه‌رانی جیهان داده‌ڕێژن، چونكه ڕۆژانه ده‌یخوێننه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی كاتی خۆی جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌یكرد. ڕاسته چۆمسكی له لایه‌ن ڕۆژنامه‌ی “نیو یۆرك تایمز”ه‌وه، ڕه‌ت ده‌كرایه‌وه، وه‌لێ ئێدوارد سه‌عید وانه‌بوو! به شێوه‌یه‌كی گشتی، خۆرئاوا ڕێگە به بوونی ڕه‌خنه و ناڕه‌زایی و جیاوازی ده‌دات. له خۆرئاوا سه‌رجه‌م ئایینه‌كان و كۆی ڕه‌وته فیكری و ئایدۆلۆژییه‌كان مافی بوونیان هه‌یه، به‌و مه‌رجه‌ی به ئاشكرا بانگه‌شه‌ی تائیفی و ڕه‌گه‌زپه‌رستی نه‌كه‌ن.
خاڵێكی بنه‌ڕه‌تیی دیكه ماوه، كه په‌یوه‌سته به جه‌وهه‌ری شارستانیه‌تی خۆرئاوا و هۆكاری باڵاده‌ستبوونی خۆرئاوا به سه‌ر تێكڕای گه‌لانی دیكه‌ی جیهان لێكده‌داته‌وه، ئه‌م خاڵه په‌یوه‌سته به خاڵی پێشووه‌وه یان درێژكراوی ئه‌وه و ڕۆجێ دوبرێ به وشه‌یه‌ك یان به سێ وشه كورت و پوختی ده‌كاته‌وه: “مژینی ڕه‌خنه‌ی نه‌رێنی/امتصاص السلبیة النقدیة”، ئه‌م زاراوه مه‌ترسیداره چی ده‌گه‌یه‌نێت؟ ئه‌م زاراوه سه‌خت و ئاڵۆزه مانای چییه؟ مانای ئه‌وه‌یه خۆرئاوا ده‌توانێت هه‌موو ئه‌و شتانه هه‌ڵمژێت كه دژی خۆرئاوان، نه‌ك له ڕێگه‌ی سه‌ركوتكردن و چه‌پاندنیانه‌وه، وه‌ك ئه‌وه‌ی له وڵاتانی جیهانی سێیه‌مدا ڕوو ده‌دات. به‌ڵكو له ڕێگه‌ی ئه‌وه‌ی ده‌رفه‌تی ده‌ده‌ن به‌وپه‌ڕی ئازادییه‌وه گوزارشت له خۆی بكات، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر ڕه‌خنه‌كه بۆ خۆرئاوا برینداركه‌ر و بێزاركه‌ریش بێت، ڕێگه‌ی پێده‌ده‌ن گوزارشت له خۆی بكات. ئا له‌به‌ر ئه‌وه‌یه ڕۆژانه له ناوجه‌رگه‌ی خۆرئاواوه گوێت له قسه‌وتن و سووكایه‌تیكردن به خۆرئاوا ده‌بێت! هه‌روه‌ها له نێو دڵێ خۆرئاواوه، خۆپیشاندان دژ به خۆرئاوا ده‌بینیت. بلیمه‌تی و زیندووێ‌تی و پته‌ویی خۆرئاوا لێره‌دایه، وه‌ك ئه‌وه‌ی نیتچه ده‌ڵێت: “ئه‌و قه‌یرانه‌ی نه‌تكوژێ، به‌هێزت ده‌كات”. ئه‌و ڕه‌خنه‌یه‌ی له ناوم نه‌بات، زیندووم ده‌كاته‌وه و ده‌مبوژێنێته‌وه. هه‌ربۆیه ئه‌وه‌ی شارستانییه‌ته‌كانی دیكه ده‌كوژێت، بریتییه له یه‌كڕه‌نگی، یه‌ك بیركردنه‌وه‌ی كۆنه‌په‌رستانه، سه‌ركوتكردنی ئایینی و فیكری و سیاسی. ته‌نانه‌ت له هه‌ندێك وڵات، كه‌س ناوێرێت ده‌می بكاته‌وه!
هه‌نووكه له شیكردنه‌وه‌مان بۆ باڵاده‌ستیی خۆرئاوا به سه‌ر كۆی شارستانییه‌ته‌كانی جیهان، ده‌ڕۆینه سه‌ر خاڵی پێنجه‌م، كه بریتییه له داهێنانه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه‌كان. له ڕاستیدا وه‌ك ڕۆجێ دوبرێ ده‌یڵێت، ده‌بوو به‌م خاڵه ده‌ستمان پێكردایه، چونكه ئه‌وه داهێنانه زانستی و ته‌كنه‌لۆژییه دیار و سه‌رسووڕهێنه‌ره‌كان بوو، وای كرد خۆرئاوا، بۆڕی هه‌موو شارستانییه‌ته‌كانی دیكه‌ی جیهان بداته‌وه و هه‌نووكه هه‌مووان ده‌یانه‌وێت لاسایی بكه‌نه‌وه. بگره هه‌ندێك له وڵاتان، له‌م بواره‌دا، سه‌ركه‌وتنی گرنگیان به ده‌ست هێناوه. ئێستا ئه‌ندازیاری هیندی و چینیی زیاتر هه‌یه تا ئه‌ندازیاری ئه‌مریكی. به‌ڵام ئه‌مه به‌و مانایه نییه کە بۆڕی ئه‌مریكایان داوه‌ته‌وه.
ئه‌وه‌تا زۆرینه‌ی خه‌ڵاته‌كانی نۆبڵ بۆ بواره‌كانی پزیشكی و فیزیا و بایه‌لۆژی و ئابووری ده‌ڕوات بۆ توێژه‌ره ئه‌مریكییه‌كان، یان به شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌ڕوات بۆ توێژه‌ره خۆرئاواییه‌كان. له‌م باره‌یه‌وه پێویسته ئاگاداری ئه‌وه بین ئه‌مریكا، عه‌قڵه بیانییه‌كان به موچه‌ی زۆر به‌رز ده‌كڕێت، كه فه‌ره‌نسییه‌كان گله‌یی لێده‌كه‌ن، چونكه بلیمه‌ت و زاناكانیان بۆ خۆی ده‌بات. ئه‌مریكا هه‌ر هێنده‌ی له هه‌ر ده‌وڵه‌تێك له ده‌وڵه‌ته‌كانی جیهان گوێی له بوونی زانا و توێژه‌رێكی بلیمه‌ت ده‌بێت، هه‌موو ئاسانكارییه‌كی ده‌خاته به‌رده‌ست، تا وای لێده‌كات بێت بۆ ئه‌مریكا و كار له زانكۆ و تاقیگاكانیدا بكات. له‌به‌ر ئه‌م هۆكاره، ئه‌مریكا له هه‌موو گه‌لانی سه‌رزه‌وی باڵاده‌ستتره.
ئه‌ی تایبه‌تمه‌ندیی خاڵی شه‌شه‌می به‌هێزی خۆرئاوا چییه؟ تایبه‌تمه‌ندی یان سیفه‌تێكی دیكه هه‌یه كه هۆكاری باڵاده‌ستیی خۆرئاوا، به سه‌ر كۆی گه‌لانی سه‌رزه‌وی شی ده‌كاته‌وه و بریتییه له ده‌وڵه‌تی ماف و یاسا و دامه‌زراوه‌كان. ئه‌وه‌ی له خۆرئاوا هه‌ژموونی هه‌یه و باڵاده‌سته، حوكمی یاسایه. ئه‌مه له كاتێكدایه ئه‌وه‌ی له خۆرهه‌ڵاتدا هه‌ژموونی هه‌یه، حوكمی ناڕه‌وا و هه‌ڕه‌مه‌كی و سته‌مگه‌ریی باڵاده‌سته. پێویسته ئه‌وه بزانین گه‌وره‌ترین سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت له خۆرئاوا، ملكه‌چی سه‌روه‌ریی یاسایه، وه‌ك چۆن خۆڵڕێژ و كه‌ناسێك ملكه‌چی هه‌مان سه‌روه‌ری یاسایه. سه‌روه‌ختێك ئه‌گه‌ر سه‌رۆكی مه‌زنترین ده‌وڵه‌تی جیهان بیت و پێشێلی سه‌روه‌ری یاسا بكه‌یت، ئه‌وا ڕێگه‌ت پێنادرێ و ده‌تهێننه خواره‌وه. سه‌ره‌ڕای ئه‌وه، خۆرئاوا په‌یڕه‌وی له بنه‌مایه‌كی زێڕین ده‌كات، كه هۆكاری باڵاده‌ستی و سه‌ركه‌وتنه‌كانیه‌تی، ئه‌ویش بریتییه له دانانی كه‌سی شیاو له شوێنی شیاو. كه‌چی وڵاتانی جیهانی سێیه‌م، له دامه‌زراندندا، هه‌ر هه‌مووی خه‌ریكی خزمخزمێنه و به‌رتیلدان و مه‌حسوبییه‌ته، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر كه‌سه‌كه به‌كه‌ڵك نه‌یه‌ت یان هیچ توانا و كارامه‌یی و لێهاتووییه‌كیشی نه‌بێت… هتد.
حه‌وته‌م تایبه‌تمه‌ندیی خۆرئاوا…
له كۆتاییدا خۆرئاوا خاوه‌نی تایبه‌تمه‌ندیی حه‌وته‌مه، كه له‌وانه‌یه مه‌زنترین تایبه‌تمه‌ندی بێت، چییه؟ له یه‌ك ڕسته‌دا بریتییه له: سه‌ركه‌وتنی ڕۆشنگه‌ریی فه‌لسه‌فی به سه‌ر فه‌نده‌مێنیتاڵیزمی ته‌كفیریدا. به ڕاستی مه‌زنیی خۆرئاوا ئا لێره‌دایه. دروست له‌و چركه‌ساته‌وه خۆرئاوا بوو به گه‌وره‌ی جیهان. بۆچی؟ چونكه دوای ململانێیه‌كی توولانی و تاڵ له‌گه‌ڵ فێنده‌مێنیتاڵیزمی ئایینی، سه‌ركه‌وت به سه‌ر خودی خۆیدا. ئه‌وه‌ی به سه‌ر خۆیدا سه‌ركه‌وێت، به سه‌ر جیهاندا سه‌رده‌كه‌وێت، نهێنیی باڵاده‌ستیی خۆرئاوا لێره‌دایه.
ڕووسیا و چین و جیهانی عه‌ره‌بی و ئیسلامی خاوه‌نی كه‌سایه‌تیی گه‌وره‌ی فیكر نین، له نموونه‌ی دیكارت، كانت، هیگڵ، ڤۆڵتێر، ژان ژاك ڕۆسۆ، ماركس، نیتچه، فرۆید، بێرگسۆن، بێرتراند ڕاسێل، میشێل سییر، هاپرماس و… هتد. ئه‌وانه مامۆستاكانی هه‌موو جیهانن، نه‌ك به ته‌نها مامۆستای خۆرئاوا. دواهه‌مین فه‌یله‌سووفی گه‌وره‌ی ئێمه، بریتییه له ئیبن ڕوشد، كه پێش 835 ساڵ له‌مه‌وبه‌ر كۆچی دوایی كردووه. ئه‌و فه‌یله‌سووفانه‌ی خۆرئاوا به چه‌ندین ساڵی ڕووناكی بۆڕی ئیبن ڕوشدیان داوه‌ته‌وه. ئایا ئێستا هۆكاری جیاوازیی مێژوویی نێوان عه‌ره‌ب و خۆرئاواتان زانی؟
سه‌رچاوه: به‌شی كولتووری له ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 20ی ئابی 2025.