سه‌ركرده‌كانی میسر له ئاوێنه‌ی نه‌جیب مه‌حفوزدا
سه‌ركرده‌كانی میسر له ئاوێنه‌ی نه‌جیب مه‌حفوزدا
ڕه‌شا ئه‌حمه‌د
له عه‌ره‌بییه‌وه: باوكی ڕه‌هه‌ند
نه‌جیب مه‌حفوز (1911-2006) یه‌كه‌م ڕۆماننووسی میسر و عه‌ره‌به كه ساڵی 1988 ده‌بێته براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ بۆ ئه‌ده‌ب. نووسه‌ر محه‌مه‌د سه‌لماوی له پێشه‌كیی كتێبه‌كه‌یدا “گفتوگۆ له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز”، كه ده‌زگای “ئه‌لكه‌رمه” به‌م دواییانه له قاهیره بڵاوی كردووه‌ته‌وه، باس له‌وه ده‌كات ئامانج له ئه‌نجامدانی ئه‌و گفتۆگۆ ڕۆژنامه‌وانییانه‌ی له‌گه‌ڵ نه‌جیب مه‌حفوز سازی كردووه، تۆماركردنی بیروڕا و دیدگای مه‌حفوز بوو، به شێوه‌ی گفتوگۆی چڕ‌وپڕ و بڵاوكردنه‌وه‌یان له ڕۆژنامه‌ی ئه‌هرام، وه‌ك دۆکیۆمێنتێكی مێژویی، ده‌رباره‌ی هه‌موو ئه‌و پرسه ناوخۆیی و عه‌ره‌بی و نێوده‌وڵه‌تییه جۆراوجۆرانه‌ی له‌و ڕۆژگاره‌دا له گۆڕه‌پانه‌كه‌دا له ئارادا بوون.
له 22ی كانوونی یه‌كه‌می 1994، له ڕۆژنامه‌ی ئه‌هرام، بۆ یه‌كه‌م جار ده‌ست كرا به بڵاوكردنه‌وه‌ی یه‌كه‌م گفتوگۆی نێوان نووسه‌ر و نه‌جیب مه‌حفوز. پاشان بڵاوكردنه‌وه‌ی گفتوگۆكان، بۆ ماوه‌ی دوانزه ساڵ و تا كاتی كۆچی دوایی مه‌حفوز له كۆتایی مانگی ئابی 2006، به‌ره‌وام ده‌بێت. محه‌مه‌د سه‌لماوی به درێژایی ئه‌و ماوه‌یه، كاتژمێر شه‌شی ئێواره‌ی هه‌موو ڕۆژانی شه‌ممه‌یه‌ك، به خۆی و تهسجیلێكی بچووكه‌وه ده‌ڕوات بۆ ماڵی نه‌جیب مه‌حفوز و گفتوگۆكان تۆمار ده‌كات. گفتوگۆكان به گوێره‌ی دۆخی ته‌ندروستیی مه‌حفوز، نیوكاتژمێر بۆ كاتژمێرێكی خایاندووه.
سه‌لماوی له میانه‌ی گفتوگۆكاندا چه‌ندین پرس و بابه‌تی جۆراوجۆری خستووه‌ته به‌رده‌ست مه‌حفوز، بۆ ئه‌وه‌ی قسه‌یان له باره‌وه بكات. هه‌ندێك جار نه‌جیب مه‌حفوز خۆی ته‌وه‌ره‌كانی گفتوگۆكه‌ی دیاری كردووه. پاشان پێش ئه‌وه‌ی سه‌لماوی گفتوگۆكان بنێرێت بۆ ڕۆژنامه‌ی ئه‌هرام و بڵاو بكرێنه‌وه، پیشانی نه‌جیب مه‌حفوزی داوه، تاكو ئه‌وه‌ی گونجاوه بڵاو بكرێته‌وه. هه‌رچه‌نده به‌شی هه‌ره زۆری ئه‌م دانیشتنانه به ته‌نها له نێوان هه‌ردووكیاندا بووه. وه‌لێ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا جار هه‌بووه ژماره‌یه‌ك ڕۆژنامه‌نووسی بیانی یان باڵیۆزه‌كان یاخود هه‌ندێك له‌و میوانه دیارانه‌ی سه‌ردانی میسریان كردووه، داوایان كردووه نه‌جیب مه‌حفوز ببینن و ئاماده‌ی گفتوگۆكان بوون. بینین و سه‌ردانیكردنی ڕۆماننووسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی میسر، وه‌ك بینین و سه‌ردانیكردنی یه‌كێك له مهعالیمه گرنگه‌كانی وڵاتی لێهاتبوو. هه‌ر بۆ نموونه، میوانه بیانییه‌كان سه‌ردانی ئه‌هرامه‌كان و ئه‌بو هۆل-یان ده‌كرد، پاشان سه‌ردانی نه‌جیب مه‌حفوزیان ده‌كرد. هه‌ر جارێك سه‌لماوی به مه‌حفوزی بوتایه ئه‌وه كه‌سێك هه‌یه ده‌یه‌وێت بتبینێ و به دیدارت شاد ببێت، وه‌ڵامی داوه‌ته‌وه: “ڕۆژی شه‌ممه له‌گه‌ڵ خۆت بیهێنه”.
به‌م شێوه‌یه سه‌لماوی له میانه‌ی ئه‌و دانیشتن و گفتوگۆیانه‌دا، نزیكه‌ی 500 كاتژمێر ده‌نگی نه‌جیب مه‌حفوزی لای خۆی تۆمار كردووه. نه‌جیب مه‌حفوز له‌و تۆماره ده‌نگییانه‌دا باس له سیاسه‌ت و ئه‌ده‌ب و كولتوور و ڕۆشنبیری و ژیانی شه‌خسیی خۆی و یادگاری و بیره‌وه‌رییه‌كانی كردووه. هه‌روه‌ها وه‌ڵامی پرسیاری میوانه‌كانیشی داوه‌ته‌وه و له‌وێدا ئه‌و وه‌ڵامانه‌ش تۆمار كراون.
سه‌عد زه‌غلول
هه‌رچه‌نده بابه‌ته‌كانی كتێبه‌كه جۆراوجۆر و هه‌مه‌چه‌شنه، به‌ڵام یاده‌وه‌رییه‌كانی مه‌حفوز له‌گه‌ڵ سه‌ركرده‌كانی میسر -پێش و پاش شۆڕشی 23ی ته‌مووزی 1952- پشكی شێری كتێبه‌كه‌یان داگیر كردووه و سه‌ره‌تا به سه‌عد زه‌غلول، سه‌رۆكی ئیلهامبه‌خشی شۆڕشی 1919 ده‌ست پێده‌كات.
ڕۆماننووسه به‌ناوبانگه‌كه‌ی عه‌ره‌ب سه‌باره‌ت به‌و شۆڕشه ده‌ڵێت، منداڵێكی ته‌مه‌ن حه‌وت بۆ هه‌شت ساڵ بووه، به چاوی خۆی له په‌نجه‌ره‌ی ژووره‌كه‌یه‌وه، كه ده‌یڕوانی به سه‌ر گۆڕه‌پانی “بیت القاضی”، سه‌یری شۆڕشه‌كه‌ی كردووه و پێكدادانی شۆڕشگێڕان و هێزی داگیركه‌ری ئینگلیزی بینیوه. له‌و ته‌مه‌نه‌دا گوێی له ده‌نگی فیشه‌ك بووه و هێزی سواره‌ی ئینگلیزی بینیوه کە خه‌ڵك ده‌كوژن.
نه‌جیب مه‌حفوز باس له‌وه ده‌كات سه‌عد زه‌غلول پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌وه‌یه‌ك بووه، هه‌ركه‌سێك سیاسه‌تی كردبێت و ئاشنا بووبێت به مه‌سه‌له‌ی نیشتمانی و مێژوویی میسر، ئه‌وا له ڕێگه‌ی ناسینی سه‌عد زه‌غلول-ه‌وه بووه. مه‌حفوز خه‌فه‌ت بۆ ئه‌وه ده‌خوات کە له نزیكه‌وه سه‌عد زه‌غلول-ی نه‌بینیوه، له‌م باره‌یه‌وه ده‌ڵێت، ته‌نها یه‌ك جار ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌ی بۆ هه‌ڵكه‌وتووه له نزیكه‌وه بیبینێت. به‌ڵام ئه‌و ده‌رفه‌ته له كیس چووه و نه‌هاتووه‌ته دی. سه‌روه‌ختێك زه‌غلول له‌گه‌ڵ مه‌لیك فاروق ناكۆك ده‌بێت و له به‌رده‌م كۆشكی “عابدین” خۆپیشاندان ده‌كرێت و دروشمی: “سه‌عد یان شۆڕش” ده‌وترێته‌وه. له‌و كاته‌دا زه‌غلول بۆ بینینی مه‌لیك فاروق به‌ره‌و كۆشكی عابدین كه‌وتووه‌ته ڕێ. له‌م حاڵه‌ته‌كه‌دا نووسه‌ری ڕۆمانی منداڵانی گه‌ڕه‌كه‌كه‌مان له دڵی خۆیدا ده‌ڵێت: “ئه‌مڕۆ ده‌یبینم”. وه‌لێ هه‌ر هێنده‌ی سه‌عد زه‌غلول ده‌گاته گۆڕه‌پانی “عابدین”، له هه‌موو لایه‌كه‌وه، به هه‌زاران كه‌س ده‌وری ئۆتۆمۆبیله‌كه‌ی ده‌ده‌ن و ئاپۆرایه‌كی زۆری خه‌ڵك خۆیان به ئۆتۆمۆبێلهكهیهوه ده‌كه‌ن و ئۆتۆمۆبێله‌كه زۆر به هێواشی به‌ره‌و كۆشكی عابدین ده‌ڕوات. نه‌جیب مه‌حفوزی گه‌نج به ڕاست و چه‌پدا ده‌جووڵێت و دێت و ده‌ڕوات، به‌و هیوایه‌ی چاوی به “پاڵه‌وانه ئه‌فسووناوییه‌كه‌ی” بكه‌وێت. به‌ڵام له‌به‌ر قه‌ره‌باڵغی، ته‌نانه‌ت نه‌یتوانیوه ئۆتۆمۆبیلهكهشی ببینێت.
له‌و چركه‌ساته‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌دا، نه‌جیب مه‌حفوز فرمێسك به چاوانیدا دێنه خواره‌وه، وشه‌كان له قوڕگیدا ده‌مێننه‌وه و بێده‌نگ ده‌بێت. چه‌ند ساتێك له بێده‌نگی تێده‌په‌ڕێت، سه‌لماوی وه‌ك ڕێزێك بۆ ئه‌و ساته‌وه‌خته و بۆ هه‌ست و سۆزی ئه‌و پیاوه‌ی كه چاوه‌كانی خۆڕسكانه پڕ بوون له فرمێسك، ناتوانێت درێژه به گفتوگۆكه بدات. پاشان دوای ئه‌وه‌ی مه‌حفوز هێور ده‌بێته‌وه و ئارامیی بۆ ده‌گه‌ڕێته‌وه، سه‌لماوی لێی ده‌پرسێت: “مامۆستا مه‌حفوز بۆ دڵته‌نگیت؟” وه‌ڵامی ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “دڵته‌نگ نیم، دڵته‌نگی ڕۆشت و به سه‌ر چوو، ئه‌مه شریتی بیرهوهرییهكانه كه گفتوگۆ نه‌فره‌تییه‌كه‌ی تۆ زیندووی كرده‌وه”.
مسته‌فا نه‌حاس
نه‌جیب مه‌حفوز ئاوا وه‌سفی ڕابه‌ری نیشتمانی مسته‌فا نه‌حاس ده‌كات: “جێگره‌وه‌ی سه‌عد زه‌غلول بوو. له‌وانه‌یه هه‌مان ژیری و بلیمه‌تیی سه‌عد زه‌غلولی نه‌بووبێت، به‌ڵام ئه‌خلاق و خۆڕاگرییه‌كه‌ی پێشتر نموونه‌ی نه‌بوو. زۆر به‌توندی به گژ كۆڵۆنیالیزمی به‌ریتانی و مه‌لیك فاروقدا ده‌چووه‌وه و به‌رگریی له مافه ناوخۆیی و ده‌ره‌كییه‌كانی میسری ده‌كرد. نه‌حاس له سه‌ر ئه‌م خه‌باته‌ی به‌رده‌وام بوو، هه‌ر له كاتی مردنی سه‌عد زه‌غلول له ساڵی 1927ه‌وه، تا به‌رپابوونی شۆڕشی ته‌مووزی 1952.
هه‌روه‌ها به گوێره‌ی وته‌كانی براوه‌ی خه‌ڵاتی نۆبڵ، مسته‌فا نه‌حاس، له نێوان ئه‌وانه‌ی حوكمی میسریان كردووه، نموونه‌یه‌ك بووه بۆ ده‌ستپاكی و نه‌زاهه‌ت. مانگانه موچه‌یه‌كی زۆر كه‌می له حزبه‌كه‌ی -حزبی وه‌فد- كه سه‌ركردایه‌تیی كردووه، وه‌رگرتووه. ئه‌مه له كاتێكدا بوو چه‌ند جارێك سه‌رۆك وه‌زیران بووه، ئه‌و پۆسته ڕێگەیه‌ك و ده‌رفه‌تێك بوو بۆ خۆده‌وڵه‌مه‌ندكردن، كه‌چی ئه‌م پیاوه یا ئه‌وه‌تا له ڕێگه‌ی پارێزه‌رییه‌وه بژێویی ژیانی خۆی په‌یدا كردووه، یان له حزبه‌وه موچه‌یه‌كیان پێده‌دا، تا خۆی بۆ سه‌ركردایه‌تیكردنی حزبه‌كه‌ی ته‌رخان بكات”.
مسته‌فا نه‌حاس له ڕۆژانی كۆتایی ته‌مه‌نیدا نه‌خۆش ده‌كه‌وێت، كاتێك جه‌مال عه‌بدولناسر به نه‌خۆشكه‌وتنه‌كه‌ی ده‌زانێت و بۆی ده‌رده‌كه‌وێت پاره‌ی كڕینی ئه‌و ده‌رمانانه‌ی نییه كه به كاریان ده‌هێنێت، موچه‌یه‌كی مانگانه‌ی بۆ ده‌بڕێته‌وه. لێره‌وه هه‌موو مانگێك یه‌كێك له ئه‌فسه‌ره‌كان سه‌ردانی ده‌كات و بڕی 300 جونه‌یهی میسریی پێده‌دات، ئه‌و بڕه پاره‌یه له به‌رامبه‌ر ئه‌و خزمه‌ت و پێگه‌یه‌ی مسته‌فا هه‌یبوو، بڕه پاره‌یه‌كی زۆر نه‌بوو.
جه‌مال عه‌بدولناسر
گفتوگۆی نێو كتێبه‌كه، ده‌رباره‌ی سه‌رۆك و سه‌ركرده‌كانی میسر، ده‌گاته سه‌ر جه‌مال عه‌بدولناسر. له‌م باره‌یه‌وه سه‌لماوی ده‌ڵێت نه‌جیب مه‌حفوز له نه‌خۆشخانه و له سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی ڕاكشابوو، ڕووخساری گه‌ش بووه‌وه كاتێك زانیی دكتۆر خالد، كوڕی سه‌ركرده‌ی كۆچكردوو جه‌مال عه‌بدولناسر، هاتووه بۆ لای. له‌وێدا بۆ یه‌كه‌م جار له سه‌ر قه‌ره‌وێڵه‌كه‌ی هه‌ڵده‌سێت و به‌خێرهاتی میوانه‌كه‌ی ده‌كات و پێیده‌ڵێت: “به خێر بێت كوڕی سه‌رۆك/اهلا بابن الزعیم”، پاشان مه‌حفوز پرسیاری وێنه‌گر ده‌كات و هه‌ست به شه‌رمه‌زاری ده‌كات، چونكه له‌و كاته‌دا هیچ وێنه‌گرێك له‌وێ نه‌بووه تاكو وێنه‌یه‌كی هه‌ردووكیان بگرێت.
لێره‌دا و له‌م به‌شه‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌دا، مه‌حفوز خه‌نده‌یه‌ك ده‌كه‌وێته سه‌ر لێوه‌كانی، كاتێك ئه‌و یادگارییانه‌ی له‌گه‌ڵ “كوڕه‌كه‌ی سه‌رۆك” بیر ده‌كه‌وێته‌وه و ده‌ڵێت: “جه‌مال عه‌بدولناسر ڕابه‌ری شۆڕش بوو، كاریگه‌رییه‌كی گه‌وره‌ی له سه‌ر میسر هه‌بوو. پێكهاته‌ی چینایه‌تیی میسری گۆڕی، واته چه‌ند پله‌یه‌ك میلله‌تی به‌رز كرده‌وه و بێ ئه‌وه‌ی یه‌ك دڵۆپ خوێن بڕژێت، ده‌ره‌به‌گایه‌تیی تێك‌شكاند. كۆمه‌ڵێك چاكسازیی له میسر ئه‌نجام دا، پێشتر شتی له‌و جۆره نه‌بووه. ئه‌و هیچ خه‌وش و نه‌نگییه‌كی تێدا نه‌بوو، ته‌نها ههڵخلیسانی نه‌بێت به‌ره‌و دیكتاتۆرییه‌ت، له‌گه‌ڵ ئه‌و گه‌مه ئههریمهنییانهی ده‌زگا هه‌واڵگرییه‌كانی سه‌رده‌مه‌كه‌ی ده‌یانكرد. له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا عه‌بدولناسر وه‌ك مه‌زنترین ڕابه‌ری میسر ده‌مێنێته‌وه”.
سه‌روه‌ختێك سه‌لماوی پرسیاری ئه‌وه‌ی لێده‌كات ئایا ڕووبه‌ڕوو جه‌مال عه‌بدولناسری بینیوه، وه‌ڵام ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “چه‌ند جارێك له بۆنه‌ی گشتیدا و جارێكیش له بۆنه‌یه‌كی تایبه‌تدا چاوی پێی كه‌وتووه. له بۆنه گشتییه‌كاندا، بۆ نموونه له ڕۆژی جیهانیی زانست‌دا چاوی پێی كه‌وتووه. له‌و بۆنه‌یەدا مه‌دالیای شایسته له جۆری پله‌ی یه‌كه‌م-ی پێبه‌خشیم. له ژیانمدا ئه‌وه یه‌كه‌م مه‌دالیا بوو وه‌رم گرتووه. هه‌روه‌ها له سایه‌ی حوكمڕانیی ئه‌ودا، خه‌ڵاتی ڕێزلێنانی نێوده‌وڵه‌تیم وه‌رگرت، له ژیانمدا هه‌ر پۆستێكی گه‌وره‌م وه‌رگرتبێت، له سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاته‌كه‌ی عه‌بدولناسردا وه‌رم گرتووه.
سه‌باره‌ت به‌و بۆنه تایبه‌ته‌ی تێیدا چاوی به عه‌بدولناسر كه‌وتووه ده‌ڵێت، له كاتی كردنه‌وه‌ی باره‌گا نوێیه‌كه‌ی ڕۆژنامه‌ی ئه‌هرام بوو، ساڵی 1968. له‌و كاته‌دا نه‌جیب مه‌حفوز له‌گه‌ڵ نووسه‌ر د. حسێن فه‌وزی و شاعیر سه‌ڵاح شاهێن و هونه‌رمه‌ندی شێوه‌كار سه‌ڵاح تاهیر دانیشتووه، عه‌بدولناسر له‌گه‌ڵ نووسه‌ر محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل دێته ژووره‌وه. مه‌حفوز ئه‌وه‌ی له یاده عه‌بدولناسر به شۆخییه‌وه به سه‌ڵاح شاهێن ده‌ڵێت: “خواردنی گۆشی سه‌ر قه‌ڵه‌وی كردوویت”، پاشان به ڕێز و خۆشه‌ویستییه‌وه پێیده‌ڵێت: “ئه‌وه بۆچی ماوه‌ی چه‌ند هه‌فته‌یه‌كه هیچ چیرۆكێكی ‘تۆ’مان له ئه‌هرام نه‌خوێندووه‌ته‌وه؟”
ئه‌و ڕووداوه له ڕۆژی پێنجشه‌ممه‌دا بووه، هه‌ر بۆیه محه‌ممه‌د حه‌سه‌نێن هه‌یكه‌ل وه‌ڵامی جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌داته‌وه و ده‌ڵێت: “به‌و بۆنه‌یه‌وه، له ژماره‌ی به‌یانی، ڕۆژی هه‌یه‌نی، چیرۆكێكی له ڕۆژنامه‌كه‌دا بڵاو ده‌بێته‌وه، چیرۆكه‌كه له‌و جۆره‌یه كه سه‌رت به فه‌تاره‌ت ده‌دات”. له‌وێدا عه‌بدولناسر یه‌كسه‌ر وه‌ڵامی هه‌یكه‌ل ده‌داته‌وه و پێیده‌ڵێت: “سه‌ری تۆ به فه‌تاره‌ت ده‌دات”. لێره‌دا و له‌م ساته‌ی گێڕانه‌وه‌كه‌دا، مه‌حفوز به قووڵی ده‌داته قاقای پێكه‌نین، پاشان به سه‌لماوی ده‌ڵێت: “جه‌مال عه‌بدولناسر بۆ نه‌وه‌ی تۆ، وه‌ك سه‌عد زه‌غلول وایه بۆ نه‌وه‌ی من، سیمبولی نیشتمانی و پاڵه‌وانی ڕاسته‌قینه‌ی نه‌وه‌یه‌ك”.
دواتر نه‌جیب مه‌حفوز سه‌باره‌ت به كۆچی دوایی جه‌مال عه‌بدولناسر، ئاوا باسی یاده‌وه‌رییه‌كانی ده‌كات، هه‌میشه له مانگی ئه‌یلولی هه‌موو ساڵێك مۆڵه‌تی ساڵانه‌ی وه‌رگرتووه. له ئێواره‌ی 28ی ئه‌یلوولی ساڵی 1970، خۆی و هاوسه‌ر و دوو منداڵه‌كه‌ی له ئهسكهندهرییهوه ده‌گه‌ڕێنه‌وه بۆ قاهیره. بێگومان ئه‌و ئێواره‌یه، له ماڵه‌كه‌یدا، هیچ ئاماده‌كارییه‌ك بۆ نانی ئێواره نه‌كرابوو، چونكه مانگێكی ڕه‌به‌ق بوو ئه‌و ماڵه داخرابوو. به ناچاری كارگوزاری ماڵه‌كه ده‌نێرن له یه‌كێك له چێشتخانه نزیكه‌كانی ئه‌و ناوه خواردنیان بۆ بێنێت.
مه‌حفوز له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی خێزانه‌كه‌ی له به‌رده‌م ته‌له‌ڤزیۆنه‌كه‌دا داده‌نیشێت و چاوه‌ڕێی هاتنی خواردن ده‌كات. وه‌لێ مه‌حفوز ده‌بینێت ته‌له‌ڤزیۆن به‌س قورئان په‌خش ده‌كات. كاتێك ئه‌وه درێژه ده‌كێشێت، به هاوسه‌ره‌كه‌ی ده‌ڵێت، به دڵنیاییه‌وه كاره‌ساتێك ڕووی داوه. له‌و كاته‌دا ژماره‌یه‌ك له پاشا و سه‌رۆكی وڵاتان، له سه‌ر بانگهێشتی سه‌رۆك جه‌مال عه‌بدولناسر، له قاهیره كۆ ببوونه‌وه، تاكو هه‌وڵی ڕاگرتنی كوشتوبڕی ئه‌یلوولی نێوان ئه‌رده‌ن و فه‌له‌ستینییه‌كان بده‌ن. ئا له‌و كات و ساته‌دا كارگوزاره‌كه له چێشتخانه ده‌گه‌ڕێته‌وه و ده‌ڵێت، بیستم سه‌رۆك كۆچی دوایی كردووه. نه‌جیب مه‌حفوز زۆر به توندی سه‌ركۆنه‌ی ده‌كات و پێیده‌ڵێت ده‌مت داخه، قسه‌ی له‌و جۆره نه‌كه‌یت و له ماڵه‌وه بمێنه‌ره‌وه و نه‌ڕۆیته ده‌ره‌وه. وه‌لێ له ناوه‌وه هه‌ست به گومان و نیگه‌رانی ده‌كات و ناتوانێت تامی خواردنه‌كه بكات. دوای چه‌ند خوله‌كێك له ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه ڕاگه‌یه‌نرا، پاش كه‌مێكی دی جێگری سه‌رۆك كۆمار به‌یاننامه‌یه‌ك ده‌خوێنێته‌وه. ئیدی ئه‌وه‌نده نابات، ئه‌نوه‌ر سادات له شاشه‌ی تهلهڤزیۆنهكهوه ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ڵێت: سه‌رۆك مرد!
به‌م جۆره، نه‌جیب مه‌حفوز ساڵی 1970دا له ڕێگه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنه‌وه به كۆچی دوایی جه‌مال عه‌بدولناسر ده‌زانێت و ده‌ڵێت: “له‌و چركه‌ساته‌دا زۆر خراپ شڵه‌ژابووم، له لایه‌كه‌وه بڕوام به‌وه نه‌ده‌كرد عه‌بدولناسر مردبێت، من یه‌كێك بووم له‌وانه‌ی له‌گه‌ڵ سیستمی فه‌رمانڕه‌واییه‌كه‌ی ناكۆك بووم، نه‌ك له‌گه‌ڵ خودی جه‌مال عه‌بدولناسر. له زۆربه‌ی ڕۆمانه‌كانمدا ڕه‌خنه‌گر و به‌رهه‌ڵستكارێكی ئه‌رێنی بووم، به تایبه‌تی ئه‌و نووسین و ڕۆمانانه‌ی دوای نسكۆی 67 نووسیم. عه‌بدولناسر ئه‌م جۆره ڕه‌خنه و به‌رهه‌ڵستكارییه‌ی قبوڵ بوو، ده‌ستی نه‌گرت به سه‌ر هیچ كتێبێك یان فیلمێكدا. له هه‌مان كاتدا، من له‌و كه‌سه یه‌كه‌مانه بووم کە زۆر زوو دانم نا به كاره باشه‌كانیدا و ئه‌وه‌ی بۆ كۆمه‌ڵگەی میسری و عه‌ره‌بی ئه‌نجامی داوه. وه‌لێ له‌م چركه‌ساته‌ی مردنیدا، جگه له لاواندنه‌وه‌ی ئه‌م ڕابه‌ره مه‌زنه، هیچی دیكه‌م پێناكرێت”.
ئه‌نوه‌ر سادات
نه‌جیب مه‌حفوز سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندییه‌كانی له‌گه‌ڵ سادات، باس له‌وه ده‌كات بۆ یه‌كه‌م جار كه كتێبه‌كانم قه‌ده‌غه كران، له سه‌رده‌می حوكمڕانیی ئه‌نوه‌ر ساداتدا بوو، ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه بۆ سه‌ره‌تای ساڵی 1973. له‌و كاته‌دا مه‌حفوز به‌شدار بووه له واژۆكردنی به‌یاننامه‌یه‌ك دژ به “حاڵه‌تی نه شه‌ڕ، نه ئاشتی”، به‌یاننامه‌كه له لایه‌ن تۆفیق حه‌كیم-ه‌وه نووسرابوو. له ئه‌نجامی ئه‌و واژۆكردنه و بڵاوبوونه‌وه‌ی به‌یاننامه‌كه، سه‌رجه‌م به‌رهه‌م و كاره‌كانی مه‌حفوز و تۆفیق حه‌كیم، له ڕادیۆ و ته‌له‌ڤزیۆن قه‌ده‌غه كران. چیتر ڕێگه نه‌ده‌درا ناوی هیچ كامیان بهێنرێت، ئه‌گه‌رچی ناوی هه‌ردووكیان، به شێوه‌یه‌كی فه‌رمی له لیستی ناوی نووسه‌ره قهدهغهكراوەکان نه‌بوو. به‌ڵام به گوێره‌ی وته‌كانی نه‌جیب مه‌حفوز، پاساوی سادات بۆ ئه‌و كاره‌ی، خۆئاماده‌كردنی بوو بۆ شه‌ڕی گه‌وره‌ی ئۆكتۆبه‌ر، نه‌یده‌ویست به‌ره‌ی ناوخۆ دووچاری په‌شێوی و گێره‌شێوێنی ببێت و سادات ئاگاداری ئه‌و كاره‌ش نه‌بوو.
سه‌رچاوه: به‌شی كولتووری ڕۆژنامه‌ی شه‌رق ئه‌لئه‌وسه‌ت، 22ی ئابی 2025.