ئەدەبیاتی کوردی لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسانەوە

ئەدەبیاتی کوردی لە دیدی ڕۆژهەڵاتناسانەوە

خوێندنەوەیەک بۆ کتێبی “سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی کوردی”

بەختیار حەمەسوور

لە سەرەتای ڕۆژانی وەرزی پاییزی ئەمساڵدا (٢٠٢٥)، لە سلێمانی یەکەم دیداری کوردناسی لە لایەن زانکۆی ئەمریکییەوە، وەک چالاکییەکی کولتووری، پێشکەش کرا. بە داخەوە بە چەند هۆکار نەکرا و نەلوا لەو چالاکییە گرنگەدا بەشدار بم، بەڵام کۆی بەرنامەکان ئاگادار بووم و لە ڕێی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بینیمن و تا ڕادەیەک بیرۆکەیەکم وەرگرت لە سەری، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ بینینێک ناگاتە ئەوەی بەشدار و بینەری ڕاستەوخۆی ئەو چالاکییە کولتوورییانە بیت، بە تایبەت کە ڕێکخەرانی ئەو دیدارە لە هاوڕێیان و دۆستانی ئازیزیت بن. بە هەرحاڵ، بەم سەرەتایەوە دەمەوێ دەروازەیەک بۆ لێدوان لە کتێبێک بکەمەوە، کە هاوشانی ڕۆژانی دیداری کوردناسیی زانکۆی ئەمریکی لە سلێمانی، سەرقاڵی خوێندنەوەی بووم، کتێبێک کە بە جۆرێک لە جۆرەکان بەشێکە لە ئایدیا و بیرۆکەی ئەو دیدارەی بە ناوی کوردناسییەوە پێشکەش کرا. شیاوی ئاماژەیە کە زانکۆی ئەمریکی، وێڕای بانگهێشتی کوردانی هەرچوار پارچەی کوردستان، چەندان لێکۆڵەر و کوردناسی ئەورووپی و ئەمریکی داوەت کردبوو، کە هەریەک لەو کەسانە لە پێگە و جێگەی بەرزی ئەکادیمی و پسپۆڕیدا بوون و بەشێکی بەرچاویش لە کارەکانیان لەمەڕ کوردان و ئەدەبیات و نەریتەکەیان نووسیوە و کۆڵیوەتەوە. ئەم کتێبەی بەردەستم ناوی “سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی کوردی”یە، کە لە لایەن سێ نووسەر و توێژەری ئەورووپی لە بواری کوردناسیدا نووسراوە. ئەم کتێبە لە لایەن هەرسێ نووسەر: “جۆیس بلاو، کریستین ئالیسۆن، فلیپ کرینبرۆک”ەوە نووسراوە و حسێن محەمەدزادە لە زمانی ئینگلیزییەوە کردوویەتی بە کوردی.

بواری “کوردناسی” ڕووبەرێکی بەرینە بۆ لێدوان و گفتوگۆ، سازدانی یەکەم دیداری کوردناسی لە لایەن زانکۆی ئەمریکی و سەنتەری کەشکۆڵەوە، جارێکی تر دەروازەی بە سەر ئەو بوارەدا واڵا کرد تا دیسان دەرفەتێک بڕەخسێ بۆ ئەوەی ئێمە بزانین ئەوانی تر چۆن دەربارەی ئێمەی کوردان نووسیویانە و بیریان کردووەتەوە. لەو دیدارەدا بەشێک لەو توێژەرانە باسیان پێشکەش کرد، کە پێشتر دەربارەی ئەدەب و مێژوو و دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی و فەرهەنگی کوردان کتێبیان لە چاپ داوە، لە بەرنامە و کەڤەرڕیکلامی ئەو دیدارەدا کەسانێکی وەک مارتین ڤان بڕۆنسن و مایکڵ گۆنتەر هەبوون، کە بۆ من لەو نووسەرانەن کە تا ڕادەیەکی زۆر نووسراوەکانیان لام ئاشنایە و چەند کتێب و لێدوان و سەرنجیانم خوێندووەتەوە. دەزانم کە زانکۆی ئەمریکی و سەنتەری کەشکۆڵ توانا و ئیمکانیان دیاریکراو و هەر ئەوەندە بووە، ئەگەر نا، زۆر زیادتر لەوانەی کە لەو دیدارەدا ئامادەییان هەبوو، توێژەر و دۆستی کورد هەن لە دنیادا، بە هیوام ئەم ڕێچکەیە سەرەتایەک بێت بۆ دامەزراندنی گفتوگۆیەکی ڕووبەڕوو و زانستی لە کوردستاندا. سێ نووسەری ئەم کتێبەش لەو توێژەرانەن کە بە شێوەیەکی تایبەت کاریان لە سەر کوردان کردووە و لێکۆڵینەوەی هەمەلایەنیان نووسیوە.

وەرگێڕ، حسێن محەمەدزادە، لە پێشەکییە پوختەکەیدا بۆ ئەم کتیبە، بەم جۆرە ئایدیای بابەتەکانی دووتوێی ئەم کتێبە دەناسێنێت:

“ئەم کتێبە لە ڕاستیدا سێ وتارە لە بەرگی هەژدەی پاشکۆی دووی مێژووی ئەدەبیاتی ئێران، کە دکتۆر ئیحسان یارشاتر سەرپەرشتیی کردووە، ناوی لاوەکیی ئەم بەرگە، ئەدەبیاتی زارەکیی زمانە ئێرانییەکانە. ئەمە سەرەداوی داستانەکەیە، ئەگەر ئەدەبیاتی کوردی بە لای ئێمەوە گەورە بێت (کە هەیە)، لەم کتێبەدا وەک جەزیرەیەکی تەریک دەرکەوتووە، کە بناوانی لە شوێنێکی تردایە، ئەمەش بۆ خۆی یەک ڕاستی دەردەخات، کە هێزی زمان بە هێزی نەتەوەوە پەیوەستە، نەتەوەش بە دەوڵەتەوە.

ئەم کتێبە سێ وتاری زانستیی لە خۆ گرتووە، کە لە لایەن سێ نووسەری ئەورووپییەوە نووسراون، ئەوان ئەگەرچی هەمیشە لە باری تیۆرییەوە لە خەڵکی ناوچەکەمان بۆ ناسینی باسەکان و لێکۆڵینەوە زیادتر و لەپێشترن، بەڵام هەرچی بکەن، ناگەنە قووڵاییەکان، ئەمە دەبێت خەڵک بۆ خۆیان بیکەن، کاری ئەم گەورانە جێگەی ڕێز و لێفێربوونە و بە ئێمە بچووک نابنەوە، ئەوان کاریان بۆ خۆیان و وڵاتی خۆیان کردووە و باشیشیان کردووە. ئەوە ئێمەین کە لەبەر نەبوونی توانا هەر قسە دەکەین، لە ڕاستیدا قسەی زۆر و بۆری ئێمە نیشانەی ئەم نوقسانییەیە. پێویستە ئەوەش بڵێم، کە لە هەندێ شوێندا نووسەرانی ئەم کتێبە کەوتوونەتە هەڵەی مێژووەوە، ئێمە لەبەر ئەمانەتی وەرگێڕان وەک خۆی دامان ناونەتەوە، چونکە هێشتا خۆیشمان لە سەر هەندێکی ساخ نەبووینەتەوە.”

***

ڕۆژهەڵاتناسی پانتاییەکی بەرینە، تێیدا کوردناسی لقێکە لەو پانتاییە. بێگومان لە یاداشتێکی کورتی لەم شێوەیەدا ناتوانرێت بە وردی کار و پڕۆژەی ڕۆژهەڵاتناسی تاووتوێ بکرێ و دیوە لێکجووداوازەکانی وەدیار بخرێ، بەڵام دەتوانین سەبارەت بە “کوردناسی” لە پانتایی ڕۆژهەڵاتناسیدا بڵێین، کە کوردناسی ئەو ڕووبەرە دەگرێتە خۆی کە تێیدا کەسانی ڕۆژئاوایی سەبارەت بە کورد و مێژوو و زمان و ئەدەبیاتەکەی بیریان کردووەتەوە و کردوویانە بە کێڵگەیەک بۆ باس و توێژینەوەکانیان، ئەوەش کە نیاز و مەبەست لەم کار و پڕۆژانە چی بووە و چییە، باسێکە هەم زۆری دەربارە نووسراوە، هەم لێکدانەوەی جیاوازیشی بۆ کراوە. بەڵام لە زۆر باردا دەتوانین بڵێین کە بوونی ئەم پڕۆژانە لە شێوەی لێکۆڵینەوە و کاری مەیدانی و تۆمارکردنی مێژووی کورد لە سەرجەم بوارەکاندا، بەسوود کەوتووەتەوە و هەنووکە وەک سەرچاوەیەک نەک بە تەنیا بۆ ڕۆژئاواییەکان، تەنانەت بۆ خودی کوردانیش بەسوودە وەرگەڕاوە و کەوتووەتەوە. ئەوە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگرە کە هاتنی ڕۆژئاواییەکان بۆ ڕۆژهەڵات و بە دیاریکراوییش کوردستان، مێژوویەکی کۆنی چەند سەدەیی لەمەوبەری هەیە، لەو ماوە زەمەنییەدا بەردەوام لێشاو و شەپۆلی ڕۆژئاواییەکان، کە هەرجارە لە بەرگ و لە ژێر ناوێکدا بووە، ڕێچکەیان بۆ ئەم بەشە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست گرتووە و بە گرنگیان زانیوە، هەر ئەوەشە وا دەکات نەتوانرێت نیازی ڕۆژئاواییەکان لە یەک خاڵدا ڕوون بکرێتەوە و بسەلمێنرێت. بە هەرحاڵ، ئێمە ناتوانین وەک نیەتێکی پاک لە سەرپاکی ئەو دەستە و تاکەکەسییانە بنۆڕین کە هاتوون و بە ساڵان لە کوردستان ماونەتەوە و لێکۆڵینەوە و کتێبی گەورە گەورەیان نووسیوە، لە پاڵ ئەوەشدا کە ئێستاکە بەشێک لە کارەکانی ئەوان لە کتێبخانەی کوردیدا جێیەکی شیاو و شایستەیان داگیر کردووە. بە خوێندنەوەی بەرهەمی ئەو کەسانە، دەتوانرێت تا ڕادەیەک لە چییەتی و چۆنییەتیی بیرکردنەوە و ڕوانینی ئەوان بخوێنرێتەوە، ئەم کتێبەش بەشێکە لەو پڕۆژە گەورەیە و هەرسێ توێژەر لە سێ لایەنی گرنگ و بەبایەخی ئەدەبیاتی کوردییان کۆڵیوەتەوە.

لە وتاری هەریەک لەم سێ توێژەرە ئەکادیمییەدا چەندان ناوی تر هاتوون، کە بەر لەمان، لە سەر ئەدەبیاتی کوردی لێکۆڵینەوەیان نووسیوە و باسەکانیان بۆ ئەمان بوون بە ژێدەر. ئیدی ئەو لێکۆڵەرە کوردناسانە لە ئەڵمان، بەریتانیا، ئەمریکا، فەرەنسا، سوید، ڕووسیا و… هاتبنە کوردستان، یاخود لە ناوەندە زانستییەکانی ئەو وڵاتانەدا توێژینەوەکانیان ئەنجام دابێت. لە نموونەی هەندێک لەو ناوانە: ئۆسکار مان، مستەر ڕیچ، مێجەر سۆن، ئەلیکساندەر ژابا، ئەدمۆنز، مێجەر نۆئێل، ئەلیکساندەر خۆدزکۆ و… هاوکات هەرسێ توێژەر دەیان سەرچاوەی تریان بە کار هێناوە کە ڕاستەوخۆ بە زمانی کوردی و لە زاری کوردانەوە وەرگیراون. ئەگەرچی لێکۆڵینەوەکان هەریەکەیان بوارێکی تایبەتیان گرتووە، بەڵام بە هەرسێکیان دیمەنێکی ڕەنگاڵە و گەورە لە سەر ئەدەبی کوردی دەدەن بە دەستەوە. بۆیە خوێندنەوەی کۆی کتێبەکە بۆ خوێنەرانی کورد، جیا لەوەی دەتوانێت پەراوە و پیاچوونەوەی کۆمەڵێک زانیاریی پێشتر بکاتەوە، هاوکات دەتوانێت کۆمەڵێک زانیاریی ورد و درکپێنەکراویش بخاتە بەردەست، کە بۆ هەریەک لەو بابەتانە تازەن و دەچنە خانەی کەشف و دۆزینەوەوە. کەوایە، بوونی کتێبێکی لەم چەشنە لە کتێبخانەی کوردیدا هەم زەروورەتێکی گرنگە، هەم دەتوانێت لە بەردەستی خوێنەران و توێژەرانیشدا ببێتە دەرفەت و دەروازە بۆ ڕوانێکی قووڵتر لە ئەدەبیاتی کوردی، جیا لەوەش کە خودی بابەتەکان ئیمکانی ئەوەیان هەیە ببن بە سەرچاوە بۆ توێژنەوەی هەمەلایەن.

گەشتێکی سەرپێیی بە هەریەک لە وتارەکانی دووتوێی ئەم کتێبەدا، تەنیا لەو نیازەیەوەیە کە بەرچاوڕوونییەک بە خوێنەر بدات، دەنا خودی کتێبەکە بێ هیچ ئاڵۆزی و لێڵییەک، بە زمانێکی ڕەوان و ڕوون نووسراوە و هەموو خوێنەرێک، جا لە هەر ئاستێکدا بێت، دەتوانێت لێیوە فێر ببێت و چێژ وەربگرێت.

سەبارەت بە وتاری یەکەم، کە وتارێکی جۆیس بلاوە بە ناوی “ئەدەبیاتی نووسراوی کوردی”، تێیدا بلاو بە شێوەیەکی کرۆنۆلۆژی و قۆناغبەقۆناغ مێژووی سەرلەبەری ئەدەبیاتی کوردی، لە ئەوەڵەوە بۆ ئەمڕۆ، دەنووسێتەوە، بێگومان وەها کارێک، کە مێژووییەکی چەند سەدەیی ئەدەبیاتی کوردییە، تەنیا لە توانای پوختنووس و کوردناسێکی وەک جۆیس بلاودایە، کە هەموو تەمەنی بۆ سووسەکردن و کنەکردن لە ئەدەبیاتی کوردیدا تەرخان کرد. گرنگیی ئەم وتارە پانۆراماییە لەوەدایە کە تەنیا بەشێک، یان پارچەیەکی کوردستانی وەرنەگرتووە، بەڵکو هەموو پارچەکانی وەرگرتووە و بە وردی پەرژاوەتە سەر گرنگترین جومگە و جووڵە ئەدەبی و کولتوورییەکان. جۆیس بلاو بە تەنیشت ڕیزبەندیکردنی قۆناغە سەرەکییەکانەوە، سەرنجی ورد دەربارەی نووسەران و چالاکییە ئەدەبییەکان، لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات، دەدات، هەندێ جار هێند سەرنجڕاکێش و بەدیقەت دەدوێ، کە تەواو ئەو ڕاستییە دەردەکەوێ کە ئەم خاتوونە ئەکادیمییە پڕاوپڕ لە ناو ئەدەبیاتی کوردیدا هەناسەی داوە.

وتاری دووەمی ئەم کتێبە وتارەکەی کریستین ئالیسۆنە بە ناوی “ئەدەبیاتی زارەکیی کوردی”، ئەم وتارە یەک لە باشترین ئەو وتارانەیە کە من خوێندوومەتەوە لە سەر ئەدەبی زارەکیی کوردی، چ لە لایەن ئەو توێژەرە کوردانەی لە سەر وەها ئەدەبیاتێک کاریان کردووە، چ ئەو کوردناسانەش کە لەو بابەتەیان کۆڵیوەتەوە. وتارەکەی کریستین لەگەڵ ئەوەی کورتە، بەڵام چڕ و پڕ زانیارییە، بە بۆچوونی من گرنگترین خاڵ لەم وتارەدا ئەوەیە کە توێژەر هەوڵی داوە چوارچێوەیەکی زانستی و کۆکراوە بۆ باسەکەی دەستنیشان بکات، بە وردییش بپەرژێتە سەر یەکە بچووک و وریلەکانی ئەم ژانرە، هاوکات ڕووبەری بەرین و هەراوی ئەدەبی زارەکی بەراورد بە ئەدەبی نووسراو دەربخات، کە دەتوانرێت بگوترێ تا هەنووکەش هێشتا لە ئەدەبیاتی کوردیدا سەنگ و قورسایی ئەدەبی زارەکی چەند بەرانبەرە.

وتاری سێیەم و کۆتایی ئەم کتێبە، وتارەکەی فلیپ کرینبڕۆکە بە ناوی “زارەکیبوون و ئایین لە کوردستان: نەریتەکانی ئێزیدی و ئەهلی حەق (یاری)”. ئەم وتارە نەک ئیشکردن لە پانتایی ئەدەبی زارەکیدا، بەڵکە دەسەڵات و نەریتی ئەدەبی زارەکی لە ناو پانتایی دەقە ئایینەکانی کورداندا ڕوون دەکاتەوە. وتارەکە بە هەناسەیەکی قورس و قووڵەوە لەو پەیوەندییە دەدوێت و گرنگیی دەماودەم و زارەکیبوون لە دەقە بنچینەییەکانی هەردوو ئایینی ئێزیدی و ئەهلی حەقدا دەخاتە ڕوو. توێژەر بەوپەڕی دڵکارانەوە ڕۆ دەچێتە قووڵایی هەردوو ئایینەکە و پاژ و وردەبەشەکانی کتێبی پیرۆزی هەردووکیان بە سەر دەکاتەوە. بیر و فەلسەفە و ڕوانینی ئێزیدی و ئەهلی حەق لەمەڕ ژیان و ئینسان و چارەنووس شرۆڤە دەکات، بە وردی دەپەرژێتە سەر تقووسە پیرۆزەکانیان و لە ڕەوش و هێما و ئاماژە دینییەکانیان دەدوێت. بۆ پاڵپشتی و بۆچوونەکانی، چەند نموونە لە هەردوو دەقە بنەڕەتەکە دەهێنێتەوە و ڕاستی و مانای گەورەی ئایینیان سەبارەت بە گەردوون پێشان دەدات. لە دوایین دێڕەکانیدا فلیپ کرینبڕۆک وەها باسەکەی کۆتایی پێدەهێنێت: “لە کۆندا ئەو شتەی ئێمە ئێستا سەبارەت بە دەقەکانی ‘یارسان’ و ‘ئێزدی’ دەیزانین، بە شێوەیەکی سروشتی تەنها نوێنەری بەشێک لە ئەدەبی زارەکیی ئایینیی کوردین. لە دەوڵەمەندی و ئاڵۆزیی ئەم نەریتانە، چاوەڕوان دەکرێت کە لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو لە سەر ئەم گێڕانەوانە و گێڕانەوەی لەو شێوەیە، بتوانێت زانیاریی ئێمە لە سەر فەرهەنگی ئەوان، بە تایبەت ئەدەبیاتی زارەکی بە گشتی زیاد بکات.”

***

کتێبی “سێ وتار دەربارەی ئەدەبیاتی کوردی” لەو کتێبانەیە کە دەتوانێت لە چییەتی و چۆنییەتیی ئەدەبیاتی کوردیدا هاوکارمان بێت، هاوکات ڕابوردووی دێرینی ئەم گەلە و مێژووەکەی و گەشەی زمان و ئەدەبیاتەکەی، بە شێوەیەکی گشتی و باڵکێش و لە پاڵیشدا بابەتییانە، پێشان بدات. کتێبەکە شیاوی خوێندنەوە و لەسەروەستانە، نیگای سێ کوردناسانی ڕۆژئاوایی لەمەڕ ئێمەی کوردان دەردەخات، کە پێکڕا بەشداری دەکەن لە خانەیەکی گەورەتر و بەرفرەتردا کە ڕۆژهەڵاتناسییە.