ئەڤین لە کڵپەی دواڕادەدا
ئەڤین لە کڵپەی دواڕادەدا
دەربارەی کتیبی “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون”
بەختیار حەمەسوور
سەبارەت بە کتێبی “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون”ی بوشرا کەسنەزانی، دەتوانین بڵێین لەو جۆرە کتێبانەیە کە هەم بە هەناسەیەکی حەکایەتی نووسراوە لە بەرگی شیعردا، هەم بە تۆنێکی عاریفانە و تەسەوفانە خۆی بەیان دەکات. ئەم کتێبە، لەم چاپەیدا، کە چاپی سێیەمە و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بڵاو کراوەتەوە، لە دووتوێی ٨٧ لاپەڕەی شێوە چوارگۆشەدا، بە دیزاین و ڕازاندنەوەیەکی هونەری، لە بەردەستی خوێنەران و عاشقانی ئەدەبیاتی عیرفاندایە.
شیاوی ئاماژەبۆکردنە بوشرا کەسنەزانی ساڵانێکە لەو کێڵگە پانوپۆڕەی عیرفان و تەسەوفدا کار دەکات و چالاکە، لەو ڕووەوە، وێڕای نووسین و بەشداریی هەمەلایەن، هاوکات بە شێوەی جۆراوجۆر دەیەوێ مەبەست و ئامانجی خۆی بگەیەنێت، بە ڕێگە و شێوازی جیا جیا. بێگومان کارکردن لەم بوارەدا، کە هاوشان و ڕەگئاژووی مێژووی کوردە، دەتوانێت لە چەندان لایەنەوە ئیلهامبەخش بێت. بۆ وێنە دەتوانرێت تەسەوف و عیرفان وەک لقێک بە شۆڕش و سەرکردە کوردەکانەوە گرێ بدرێ و لە ڕوانگەیەکی سیاسییەوە بخوێنرێتەوە، هاوکات دەکرێ لە لایەنی کۆمەڵایەتییەوە کارایی تەسەوف و ئایین ببینرێتەوە، جیا لەوەش کە دەتوانێت وەک لایەنێکی ڕۆحانی و دەروونی لێی بڕوانرێت. بەڵام کاتێک وەک بابەتێکی ئەدەبی-هونەری لە تەسەوف و عیرفان دەڕوانین، ئەوا دەکرێت زۆر خاڵی درەوەشاوە و سەرنجڕاکێشی لێوە هەڵبگۆزین. باسی بەردەستت، سەبارەت بەم لایەنە نووسراوە. هەر لێرەشدا جێی خۆیەتی ئاماژە بۆ ڕۆمانێکی داهێنەرانە بکەین لە ئەدەبی کوردیدا، کە لەم لایەنەدا نووسراوە و تەریقەت و تەکیە و ئەو بابەتانەی پەیوەستن بە وەها باسێکەوە، بە نیشان گرتووە: ئەویش ڕۆمانی “تۆقی عەزازیل”ی سەیدقادر هیدایەتییە.
***
با پێکەوە یەکەم پەرەگراف، کە بوشرا کەسنەزانی لە “دیباچە”دا نووسیویەتی، بخوێنینەوە:
کەسێک کلاسیکی خۆش بوێت، پێی پەروەردە بووبێت، مەعریفە و شکۆی ئەدەبیاتی لەوێوە بۆ دەرکەوتبێت، تاهەتایە نایەوێ لەژێر سایەی ئەو ئەدەبیاتە دەربچێت، چونکە ئەوێ دەبێت بە پاشخانی تێفکرین و ڕامان، دەبێت بە حوجرەیەکی هوراو، کە ئادەمیزاد لە جەنجاڵییەکانی سەردەمی نوێدا پەنای بۆ دەبات. وەک ئەو کەسەی دەستی گەیشتووە بە گوڵەکانی باخی ئیرەم و تاهەتایە کاسەی سەری پڕ لە بۆنی گوڵاوە. بۆ ئێمەومانان ئەدەبی کلاسیکی هەرێمێکی نموونەییە، تیایدا دەژین، بیری تێدا دەکەینەوە، بۆیە کاتێک دەقێک دەنووسین، لە سەردەمی نوێ و بە بیرکردنەوەی نوێوە، ئەوا دیسانەوە کەڵک لە کلاسیک وەردەگرین.
دەتوانین ئەم پاراگرافە بە پێناسەیەکی ڕاستگۆیانەی ئەم کتێبە بچکۆلەیە دابنێین، بە واتایەکی تر، ئەم کتێبە و شێوازەکەی، دەقاودەق هەمان ئەو مەبەستەن کە لەو پەرەگرافەدا نووسەر بۆ ئەدەبیاتی دەربڕیوە، زۆریش بەتایبەت ئەدەبیاتی کلاسیک. کە وایە، ئێمە لە بەردەم کتێبێکداین کە هەم هەوڵ دەدات بۆنوبەرامەی دنیای کلاسیک بەسەرماندا بڵاو بکاتەوە، هەم بە شێوازێکی نوێ و سەردەمییانە ئەو پەیامەی خۆی دەگەیەنێت. کتیبەکە بۆخۆی دەکرێ وەک “دەقێکی ئەدەبی” بخوێنرێتەوە، کە زۆرترین ئیمکانەکانی شیعری لە خۆیدا هەڵگرتووە، بەڵام مەرج نییە کۆی کتیبەکە وەک دەقێکی شیعری وەربگرین، بەڵام هیچ گومانێک لەوەدا نییە کە کتێبی “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” لە پڕۆژەیەکە کە تەنیاوتەنیا لە بازنەی ئەدەبیاتدا دەخوێنرێتەوە.
بوشرا کەسنەزانی سەبارەت بە نووسینی “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون”، ئاوا دەنووسێت:
بۆ نووسینی ئەم بەرهەمە، مەرامی من ئەوە بوو وشەئارایی ناو زمانی کۆنی کوردی، فەزا و کەشی هەقایەتی دێرینی کوردی، هەندێک وێنەی ئەفرێنراوی ناو شیعری کلاسیکی کوردی، وەک کۆمەڵێک مۆتیڤ دەقەکەمیان پێ بهۆنمەوە، چونکە هەریەک لەوانە، لە ڕووی جوانیناسییەوە دەبنە پردێک، ڕابوردوو بۆ ناو دەق دەگەڕێننەوە. لە کاتێکدا دەقەکە خۆی سەر بە دنیای نوێیە و گێڕانەوە و هۆنینەوەشی فۆرم و چوارچێوەی کلاسیک نییە و سەر بە شیعری نوێیە، بەڵام فەزای کلاسیک و گێڕانەوەی دێرینی سەردەمە دوورەکان و زمانی کۆن وای کردووە، دەقەکە سرووتێکی تایبەت بە خۆی هەبێت.
***
– “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” چی دەگێڕێتەوە و چی دەهۆنێتەوە؟
ئەگەر بمانەوێ بابەت و هێڵەکانی ئەم کتێبە بکەینە هەقایەتێک، ئاوا دەتوانین بەم جۆرە و زۆر بەپوختی بیخەینە بەردەست: کچێک بە ناوی خانیتا، کە لە خێزانێکی میزادەیە، موبتەلا و شەیدای گەنجێکی جەوان دەبێت، کە لە ناونیشانەکە و کتێبەکەشدا بە “پێغەمبەر” دەیناسین. ئەم کچە ئەڤینی ئەم کوڕە جەوانە لە دڵیدا ڕەگ دادەکوتێ و تا ئاستی نەخۆشکەوتن و لەجێداتلانەوە دەیبات، بە جۆرێک، کەسانی دەوروبەری ڕۆژبەڕۆژ شایەتیی کزی و کاڵیی دەبن و دەزانن کە “لێدراوە” بە عەشق! ئێمە لەم کتێبەدا دەنگی ئەم پێغەمبەرە جەوانە نابیستین، واتە نازانین خۆی سەبارەت بە خانیتا و عەشقەکەی دەڵێت چی، بەڵام دەتوانین لە لاپەڕەبەلاپەڕە و دێڕبەدێڕدا بیبینن کە چۆنە: قیافەتی، ڕوخساری، باڵای، چاوی، عیشوە و نازی، مەیلێک کە لە بێدەنگیدا داویەتی و هەر لە بێدەنگییشدا شوێنەواری بزرە.
یەکێک لە جوانییەکانی ئەم دەقە، گێڕانەوەی حاڵ و بارودۆخی جەستەیی و ڕۆحیی خانیتایە لەلایەن کەسانی دەوروبەریەوە، دەقەکە لەم بەستێنەدا، بە چەند دەنگی جیاواز دەگێڕدرێتەوە و کەش و فەزای گشتیی کتێبەکە دەچنرێت. ئەم دەنگانە، هەرکەسە بە تۆنی خۆی، شتێک لە چییەتی و چۆنییەتیی حاڵی ئەو ئەڤینەی خانیتا بەیان دەکەن، لەو دەنگانە: حەکیم، قەرەجە فاڵچییەکان، فەلەکناس، دارۆغە، کەنیزەک، شێخولئەتیبا، غوڵامانی ئەوینداری کەنیزان، وەزیر، خەزنەدار، خواجە، بازرگان و… چەند دەنگی تر، کە تێکەڵ بە دەنگەکان و خودی هەقایەتی سەرەکی دەبن. ئەم شێوازە بۆ گێڕانەوەی ئەم دەقە، توانیویەتی فرەدەنگییەک، نەک بەو ئاستەی لە ڕۆماندا هەیە، بەڵکوو بە ئاستێکی هەقایەتی، لە بازنەیەکی شیعریدا بەرهەم بهێنێت. ئەمە کارێکە کە دەقەکەی فرەڕەنگتر کردووە و وای کردووە کە خوێنەر بتوانێت لە چەند دیو و لای جیا جیاوە ڕووداوێک تەماشا بکات و بزانێت و ببینێت.
کۆتایی ئەم هەقایەتە شیعرییە کراوە و نزائامێزە، ئەڤێنێک کە وەک تاسە و تینێکی گڕگرتوو بەناو دێڕەکاندا خۆی بەرجەستە کردووە، تا کۆتایی بەو هەناسە ئاگرینەوە بەردەوام دەبێت و کڵپەکەی دانامرکێتەوە:
خودایە کەی تەونی جاڵجاڵۆکە ئەڵماس هەڵدەگرێ
خودایە کێ دەوێرێ ئەوینداری پێغەمبەرێک بێت؟
خودایە ئەم پیاوەت سەنگینە،
تۆڕی دڵم بەرگە بگرێ و نەدڕێ
خودایە فرستادەکەت بۆ کەون ناردووە و چۆن لە دڵی مندا حەپس دەبێت؟
***
– لەنێوان “غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان” و “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون”:
یەک لەو خاڵانەی جێی سەرنجە و دەکرێت لەسەر خوێندنەوەکەمان هەڵی بچنین، هاوبەشی و هاوشێوەییەکە لەنێوان ئەم کتێبە و یەکێک لە کتێبە پیرۆزەکانی نێو پەیمانی کۆن “تەورات”، ئەویش “غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان”ە. کەسێک بەوردی “غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان”ی خوێندبێتەوە، تێدەگات کە یەکێکە لە دەقە هەرە ناوازەکانی نێو ئەدەبیاتی ئایین، ئەگەرچی ئاشکرا نییە کێ نووسەری ئەم دەقەیە، بەڵام بەهێزترین بۆچوونەکان ئەوەیانە کە خودی حەزرەتی سولەیمان شاعیریەتی. لەم کتێبەدا بەڕوونی و لە شێوەی لاوژە و لاواندنەوە و گۆرانیدا باس لە پەیوەندییەکانی نێوان ژن و پیاو دەکات، تا ئاستی ئیرۆتیک و تێکەڵبوونی جەستە و چێژەکانی جەستە ڕۆ دەچێت و گڕی ئەو عەشقە بەیان دەکات کە کچە ڕەزوانێک بۆ کوڕە شوانێک هەیەتی، لەو خەون و خەیاڵ و دواتریش واقیعە دەدوێت کە لەنێوان ئەو دوو ڕەگەزەدا ڕوو دەدات. “غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان” نموونەی شیعری عاشقانەن، تا ڕادەیەکی نائاسایی و بێوێنە جوان و خەونئاسا خۆشڕەوت دەخوێنرێنەوە. هاتنی ئەم دەقانە لە تەوراتدا، یەک جارە و چیدی لە هیچ کتێبێکی پێشتر یان پاشتردا دووبارە نابێتەوە. ئەم کتێبە پێگە و جێگەیەکی تایبەتی لای جووەکان هەیە و هەندێک لە مەسیحییەکان بە نیشانەیەکی دادەنێن بۆ هاتنی مەسیح، زۆر کەسیش پێچەوانەی ئەمە دەوەستنەوە و تەواوی دەقەکە، بە هۆی ئاماژە و وێنە جنسی و ئیرۆتیکییەکانی، بە قەدەغە و دەقی بێئابڕوو ناوی دەبەن. لە تەواوی ئەو کتێبە پیرۆزدا ئێمە ئەو پەیوەندییە ئاشکرایە دەبینینەوە کە لەنێوان کچ و کوڕدا پێک دێت و هەمووان شایەتحاڵی بارودۆخی پەیوەندییەکەن.
هەر وەک لە سەرەوە ئاماژەمان بۆ کرد، تێمای سەرەکیی “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” عەشقە، عەشقێک کە هەندێک جار بانزەمینی دەیبینین و هەندێک جار سەرزەمینی، لە هەردوو بارەکەدا ڕادەی ئەو عەشقە شتێکە حاشای لێ ناکرێت و بەسانایی دەتوانین هەستی پێ بکەین، ڕەنگە ئەمە دیسان خاڵێکی درەوەشاوە بێت کە “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” دەبەستێتەوە بە کلاسیکی کۆنەوە و وەک دەفرێک هەموو ئەو ئەدەبیاتە لەخۆی دەگرێت. خاڵی هاوبەش و هاوشێوە پێشاندانەوەی ڕادەی ئەو ئەڤینەیە کە سەرتاپای هەردوو دەقەکەی داگرتووە: “غەزەلی غەزەلەکانی سولەیمان” و “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون”، بەڵام لە جۆری دەربڕین و نیشانگری چییەتی و چۆنیی ڕادەی ئەو ئەڤینەدا جیاوان، لە دەقە تەوراتییەکەدا “جەستە و چێژەکانی” بەرچاوە و ئازایانە لە ویست و مەیلەکان دەدوێ، لای بوشرا کەسنەزانی زیادتر ئەڤینێکی ڕۆحانییە و لە فەزای مەجازدا خۆی دەردەبڕێت. دەتوانین پەیوەستیی دەقەکەی بوشرا کەسنەزانی لەگەڵ دەقە کوردییە زارەکی و نووسراوەکانیشدا ببینینەوە، بەتایبەت ئەو دەقانەی تێمایەکی ئەڤیندارانەیان هەیە، جا ئیدی مەم و زین بێت، شیرین و فەرهاد بێت، لاس و خەزاڵ بێت و… بە واتایەکی بەرینتر: “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” دوان و دیالۆگ لەگەڵ هەموو دەقە کۆنینەکانی پێش خۆیدا دەکات، بەڵام بە گەرووی خۆی، بە شێوازی خۆی و دنیابینیی تایبەتەوە.
***
– ئیلوسترەیشنەکانی گۆران محەمەد وەک هاوتەریبێک :
گۆران محەمەد هونەرمەندێکی شێوەکاری کوردە، خاوەنی چەندان پێشانگەی تایبەت و هاوبەشە، لەپاڵ کاری تابلۆکێشاندا، ئەو ناوبەناو دیزاینی بەرگی کتێب و ناوەرۆک و کەڤەری کاری هونەری و موزیک دەکات، ئەم هونەرمەندە خاوەنی ستایلێکی تایبەت بە خۆیەتی و دەتوانرێ لەنێوان سەدان هونەرمەنددا کارەکانی بناسرێتەوە. بەشێکی بەرچاو لە کارەکانی گۆران محەمەد سەر بە دنیای تەسەوفن، پیاوانێک کە بە بەرگی دەروێشی و شڕۆڵەوە، بە کلێتە و ڕیشی درێژەوە، هاوکات ژنان و کچانێکیش کە چاویان داخراوە و لە ئازاری ئەڤین و دنیای خۆیاندا نوقمن، لە تابلۆکاندا دەکێشرێنەوە و لە فۆرم و حەجم و وردەکاریی کەموێنەدا خۆیان نمایش دەکەن.
کاری هاوبەش و پێکەوەیی بوشرا کەسنەزانی و گۆران محەمەد لەم کتێبەوە دەست پێ ناکات، ئەوان پێشتر لە کتێبی تردا کاری هاوبەشیان کردووە، بۆ نموونە لە هەردوو کتێبی “ئیتر لە دەرگا نادات پۆستەچی” و “حیکایەتی چلشەوەی شاری قەلەندەران” نموونەی دوو پڕۆژەی پێکەوەییە، کە بوشرا کەسنەزانی بە نووسین و گۆران محەمەد بە هێڵکاری، مۆتیڤ و ئیلوسترەیشن، پێبەپێی دەقەکان و خواستی ناوەرۆکیان کارەکانی کێشاوە و جێبەجێی کردوون.
لە “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” گۆران محەمەد لەبەرامبەر هەر لاپەڕەیەکدا ئیلوسترەیشنێکی دروست کردووە، دەتوانین پاش خوێنەندنەوەی ئەو لاپەڕەیە، تەماشای ئیلوسترەیشنەکە بکەین و ببینین کە گۆران محەمەد چەند بە سەلیقە و وردەکارییەوە هەوڵی داوە چکاوە و چۆڕاوەی ناوەرۆکی ئەو دێڕانە لە ئیلوسترەیشنەکەدا بکێشێتەوە. جیا لە باری واتایی، دەتوانین چێژێکی جوانیناسانەش لە تەواوی کتێبەکە ببینین؛ چاومان تەنیا بەسەر دێڕەکاندا ناخزێ، بەڵکوو لەسەر کارێکی هونەرییش لەنگەر دەگرێت. ئەمەش دیسان تۆخکردنەوەی ئەو پەیوەندییە لەمێژینەیەیە کە لەنێوان نیگار و شیعر، یان دەقی ئەدەبیدا هەبووە و هەیە، لەم ڕووەشەوە “پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” تیلەنیگای بۆ ئەو پەیوەندییە هەبووە و لە کارلێکی پێکەوەیی ئەو دوو هونەرەدا جوانی نەخشاوە.
“پێغەمبەرە جەوانەکە و خانیتا ئەو کاتەی هێشتا لێرە بوون” کتێبێکە بە سەلیقەیەکی ئەدەبی-هونەرییەوە بەرهەم هێنراوە، لەو چەشنە کتێبانەیە کە هەر لە قەبارەکەیەوە، دەتوانێت هەستێکی جیاوازبوونت پێ بدات، بێگومان لە سەروەختی خوێندنەوەشیدا دەتوانێت ئەو جیاوازییە زیادتر بەرجەستە بکاتەوە.