قوتابخانەی ڕۆمانتیک و چەپکێک شیعری ئەڤیندارانە
قوتابخانەی ڕۆمانتیک و چەپکێک شیعری ئەڤیندارانە
خستنەڕووی کتێبی “سپیارەی سترانە ئاشقانەکانی ویلیام بلەیک”
خوێندنەوەی: سەردەم
دەکرێت سەرەتا بەو پرسیارە گرنگە دەست پێ بکەین، کە ئاخۆ وەرگێڕانی شیعر لە زمانە جیاوازەکانەوە چەند گرنگە بۆ ئەدەبی کوردی و چەندیش دەتوانێت کاریگەری لەسەر دنیابینیی نووسەر و شاعیری کورد دابنێت؟ بێگومان وەرگێڕان پڕۆسەیەکی هێجگار گرنگە و وەک دەڵێن، پردی بەیەکگەیشتنی نەتەوە و زمانە جیاوازەکانە، بۆیە هیچ دوودڵییەک لە بایەخی ئەم پڕۆسەیەدا نییە و پێویستییەکی ڕۆژانەیە. سەبارەت بە وەرگێڕانی شیعر، کە هەندێک بە کاری نەکردە و هەندێکیش بە مەحاڵ و هەندێکی تریش بە خیانەت ناودێری دەکەن، تێکڕاش لەسەر ئەوە کۆکین کە شیعر کردەیەکە لە زماندا ڕوو دەدات و گواستنەوەی گەمە و سەرەتاتکێکانی زمانیش تەنیا دەتوانێت لە زمانی خۆڕسکی شیعرەکەدا هەستی پێ بکرێت و ببینرێت و چێژی لێ وەربگیرێت، بە واتایەکی تر، داهێنانی هەر شیعرێک لە زمانی ئەوەڵیندایە و کاتێک لە ڕێی وەرگێڕانەوە دەگوازرێتەوە سەر زمانێکی تر، بەشێکی بەرچاو لە داهێنان و جوانکارییەکەی لە بەین دەچێت، لەگەڵ ئەوەشدا پڕۆسەی وەرگێڕانی شیعر یەک لە پڕجووڵەترین و کاراترینی پڕۆسەکانی ئەمڕۆمانە، کە لە ڕێی کۆمەڵێک وەرگێڕی بەسەلیقەوە، بەشێک لەو جوانییەی لە شیعری جیهانیدا هەیە، گوازراوەتەوە بۆ ناو زمانی کوردی، دەتوانین بڵێین لەو ڕووەوە ڕۆژبەڕۆژ کتێبخانەی کوردی دەوڵەمەندتر دەبێت. سەبارەت بە پرسیارەکەی سەرەوە، دەتوانین بنووسین گرنگیی وەرگێڕانی شیعر ئەگەر هێندەی نووسین نەبێت، بێگومان کەمتر نییە، ئەمە لە لایەک؛ لە لایەکی دیکەوە لە گوزەری پڕۆسەی وەرگێڕاندا دەتوانرێت ئەو کاریگەرییە ببینرێتەوە کە لە پلەی یەکەمدا لەسەر شاعیران دەیبێت، هاوکات دەتوانێت کاریگەرییەکی بەربڵاوتریشی هەبێت لەسەر کۆی نووسەران و خوێنەران، بەوەی پەنجەرە و ئاسۆی بینینین و هەستی ئیستاتیکییان بەسەر ئەو دەقانەدا بکاتەوە، کە بوونەتە موڵکی جوانی لە سەرتاپای ئەدەبیاتی جیهاندا.
دەربارەی وەرگێڕانی هەڵبژاردەیەک لە شاعیری ئینگلیز ویلیام بلەیک (١٧٥٧–١٨٢٧)، کە لەلایەن وەرگێڕی بەتوانا “عەبدولخالق یەعقووبی”یەوە لە زمانی ئینگلیزییەوە کراون بە کوردی، لەو کتێبە خنجیلە و جوانانەیە کە دەتوانێت بە شێوەیەکی تایبەت هەستی جوانیناسانەی ئێمە ببزوێنێ و بەرەو خۆی کەمەندکێشمان بکات، لە درێژەی ئەم نووسینەدا هەوڵ دەدەین لەو هەستە جوانیناسانەیە بدوێین. ئەم کتێبە بە “پێشەکییەک”ی تێروتەسەل لەلایەن خودی وەرگێڕەکەیەوە دەست پێ دەکات، زۆر کتێبی وەرگێڕاو، یان نووسراوی کوردی دەبینین کە پێشەکییان بۆ دەنووسرێت و هیچ پێویستیش بەو زەحمەتییە ناکات کە نووسەر، یان وەرگێڕ پێی هەڵبسێت، بەڵام هەندێک جار وا پێویستە پێشەکی بنووسرێت و کۆمەڵێک بەرچاوڕوونی بە خوێنەر بدرێ، یەکێک لەو پێشەکییە گرنگانەی کە نموونەیەکی جوانی ناو کتێبی کوردییە، پێشەکییەکەی نووسەر و وەرگێڕ ئازاد بەرزنجییە، کە بۆ کتێبی “زەردەشت وەها دوا”ی نووسیوە. بە هەمان شێوە لەم کتێبەشدا “یەعقووبی” پێشکەکییەکی زەروور و هێجگار بەبایەخی نووسیوە، بە جۆرێک، دەتوانین بڵێین خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێ ئەو پێشەکییە، بەشێکی زۆر لە تێگەیشتن و چێژەکەی لە ناو دەچێت و ناگات، وەرگێڕ بەوپەڕی چڕی و وشە و ڕستەی مەبەستدارەوە کۆمەڵێک زانیاری و بۆچوونی تایبەتیی خۆی لەسەر ویلیام بلەیک داوە بە دەستەوە، چ لە ئاستی ژیانی ئەم شاعیرە و ژینگە و دەوروبەرەکەی، چ لە ئاستی شێوازی شیعری و بەتایبەت قوتابخانەی ڕۆمانتیک و ئەدەبی ئینگلیزی لە خول و سەردەمی بلەیکدا، “یەعقووبی” وێڕای وەرگێڕان، ناوێکی دیاری ناو ڕەخنەی ئەدەبی کوردییشە، لەم پێشەکییەدا توانستی ڕەخنەیی ئەم وەرگێڕە دەبینینەوە، کە چۆن شیعرەکانی بلەیک شیکاری دەکات و لە سیاق و سەردەمی خۆیدا دەیانخوێنێتەوە، بەمەش یارمەتیی خوێنەری کورد دەدات دروستتر و ئاسانتر پەیوەندی لەگەڵ ئەم شیعرانەدا ببەستێت، هاوکات دەروازەیەکیش دەکاتەوە بەسەر خوێنەردا، کە لە ڕێی ئەم شاعیرەوە قوتابخانەیەکی ئەدەبییش بناسێت، کە قوتابخانەی ڕۆمانتیکە، خەسڵەتەکانی، هەندێ لە ناوەکانی، کاریگەرییەکانی، خولەکەی بە شێوەیەکی پوخت و سەرنجڕاکێش دەخاتە پێش چاو.
شیعرەکانی ئەم کتێبە تێکڕا شیعری سادەن، بەڵام قووڵن لە واتا و شیعریەتدا، هەموویان بەدەوری دوو تەوەردا دەخولێنەوە: یەکەمیان خۆشەویستی و دووەمیان سروشت، لە ڕەوتی شیعرەکاندا ئەم دووانە تێکەڵ بە یەک دەبن و یەکتر سەرڕێژ دەکەن لە جوانی. ویلیام بلەیک شاعیرێکی دیاری قوتابخانەی ڕۆمانتیکە، ئەم قوتابخانەیە بەچڕی ئاوڕ لە سروشت و دەرکەوتەکانی دەداتەوە، هەوڵی وێناکردنی دنیایەکی بێگەرد دەدات، خۆشەویستییەک بەیان دەکات کە لەوپەڕی پاکیزەیی و ناسکیدایە، سروشت چەق و پانتایی ئەم نمایشەیە، لەبەرامبەردا شار و کۆی ئەو شتانەی دەچنەوە سەر شار، پشتیان لێ دەکرێ، وەک دڕەندە و نەفرەتێک تەماشا دەکرێن، کە دەست دەنێنە بینی ئەو دنیا بێگەرد و جوانە و دەیخنکێنن. لە شیعری ڕۆمانیتکدا مەیلێکی زۆر هەیە بۆ منداڵی، بۆ گەڕانەوەی ڕۆژە سەرەتاییەکان، تەنانەت لەو ساتەشدا کە دیمەنێک یان نیگارێک پیشان دەدرێ، دیسان دەبینین کە نیگای منداڵانە لەو پیشاندانەدا ڕۆڵ دەگێڕێت، وا دەردەکەوێت ئەم دیمەن یان نیگارە ڕێک لە چاوی منداڵێکەوە بینراوە و گوازراوەتەوە. تایبەتمەندییەکی تری ئەم قوتابخانەیە، کە بەخەستی لە شیعرەکانی ویلیام بلەیکدا ڕەنگی داوەتەوە، سوودوەرگرتنە لە فۆڕمی گۆرانی، شیعری ڕۆمانتیک شیعری لیریکە، پڕە لە ئاواز و لەرە، بۆیە ئێستاش زۆرترین شیعری شاعیرانی ئەم قوتابخانەیە لەلایەن هونەرمەندانی جیهانییەوە دەکرێن بە گۆرانی، سەرجەم شیعرەکانی بلەیک بە هەوا و هەناسەی گۆرانی، یان وەک لە ناونیشانی کتێبەکەدا هاتووە “ستران” نووسراون، سەروەختی خوێندنەوەی هەریەک لە شیعرەکان، خوێنەر هەست بەو ڕیتم و مۆسیقایە دەکات تێیاندا، کە هەر دەڵێیت لەبری خوێندنەوە، گوێ لە گۆرانی دەگرین، بێگومان ئەمەش بۆ لێهاتوویی و شارەزایی وەرگێڕەکەی دەگەڕێتەوە، کە توانیویەتی ئەو فۆڕمە شیعرییە لە بەرگی ستراندا بگوازێتەوە بۆ ناو زمانی کوردی. دەتوانرێت کۆی ئەم خەسڵەتانە لە شیعری ڕۆمانتیکی کوردییشدا ببینرێتەوە، وەرگێڕ شارەزای شیعری ڕۆمانتیکی کوردییە، ئەوەش هاوکاری بووە بۆ گەیشتن بەو زمانە سادە و هاوکات قووڵە.
خاڵێک کە جێی دڵخۆشی و دەستخۆشییە، ئەوەیە وەرگێڕ لەبەرامبەر دەقە کوردییەکاندا دەقە خۆڕسکە ئینگلیزییەکەشی داناوە، بەوەش شتێک نامێنێتەوە بۆ ڕەخنەگران و هەوادارانی هەردوو زمانەکە، بەوەی کە دەری بخەن ئەم کارەی وەرگێڕ چەند سەرکەوتوو یان ناسەرکەوتووە. لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵێک تابلۆ هەن کە بلەیک بۆ شیعرەکانی کێشاونی، ئەمەش پتر لە سەرچاوەی دەقەکان نزیکمان دەخاتەوە و بێگومان بەشێک لەو جوانییەش پێک دەهێنێت، کە ئەمپەڕ بۆ ئەوپەڕی کتێبەکەی گرتووەتەوە.
پرسی سەختیی وەرگێڕانی شیعر، لە باسهەڵگیرسێنترین پرسەکانە، کە دەتوانرێت لە چەندان ڕوو و گۆشەوە قسەی دەربارە بکرێت، سەبارەت بە کتێبی “سپیارەی سترانە ئاشقانەکانی ویلیام بلەیک”، دەتوانین بڵێین کارێکی جددی و گرنگە، وەرگێڕەکەی توانیویەتی زۆرێک لە جوانی و ناسکیی ویلیام بلەیک بگوازێتەوە، خوێنەریش ساتی خوێندنەوە ئەو ڕاستییە سادەیە دەزانێت، کە عەبدولخالق یەعقووبی چەند وردەکار و وردبین بووە لە هەڵبژاردنی دەق و دەستەواژە و تەنانەت وشە هاوماناکانیشدا، بەمەش بایەخی وەرگێڕان لە دەرەوەی هەموو ئەو قسانەی کە دەڵێن نابێت و ناکرێت دەسەلمێت، کە بەڵێ، پێویستە و دەبێت وەرگێڕان بکرێت و هەبێت. پێشتریش هەمان وەرگێڕی کتێبی “سپیارەی سترانە ئاشقانەکانی ویلیام بلەیک” ڕیسکێکی سەرکەوتووانەی تری کردووە، ئەویش وەرگێڕانی هەڵبژاردەیەک لە غەزەلەکانی ویلیام شێکسپیرە بە ناوی “چلچرای غەزەلە ئاشقانەکانی شێکسپیر”، لەوێشدا بە شێوەی “دوو زمان” (کوردی-ئینگلیزی) کتێبەکەی پێشکەش و چاپ کردووە، بەو هیوایەی ئەم ڕەوتە خۆشخوێنەی وەرگێڕان بەردەوامیی هەبێت.