یەکەم نیگا

یەکەم نیگا

ڕۆمانی میراتگرانی عەشق شایانی خوێندنەوەیە

ڕانانی: سەردەم

ڕۆمانی “میراتگرانی عەشق” تازەترین بەرهەمی ڕۆماننووس جەبار جەمال غەریبە، کە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم لە دووتوێی 352 لاپەڕەی قەبارە بچووكدا چاپ و بڵاوی كردووەتەوە.

ڕۆمانەكە بە شێوەیەكی گشتی باس لە مەسەلەیەكی كۆن و هەمیشە تازە دەكات، كە بریتییە لە پەیوەندیی عەشق و خۆشەویستی. گومان لەوەدا نییە مەسەلەی عەشق، مەسەلەیەكی دێرینە و لەگەڵ سەرهەڵدانی مرۆڤدا، ئەویش هاوسەفەری مرۆڤ بووە و بەنێو سەدەكان و زەمەن و ڕۆژگارەكاندا تێپەڕیوه، تا گەشتووە بەم ڕۆژگارە و لێرەشەوە بەرەو ئاییندە و ئەبەدیەت دەڕوات و ڕاوەستانی بۆ نییە. هیچ لەمپەر و بەربەستێك ناتوانێت ڕێ لە شنەبای عەشق بگرێت كاتێك هەڵدەكات و وەك زریان و گەردەلوول خۆی بەنێو دڵ و دەروونی دوو مرۆڤدا دەكات و تێیدا دەمێنێتەوە. عەشق دێت، بەنێو هەموو وێستگەكانی ژیاندا تێدەپەڕێت و لەدوای خۆیەوە دنیایەك لە خەم و ئازار، خۆشی و شادی جێ دەهێڵێت و لە ڕۆیشتن بەردەوام دەبێت. تا مرۆڤ لەسەر گۆی زەوی بێت، عەشق وەك پێداویستییەكی ڕۆحی و وەك ئازار یان خۆشییەكی لەبننەهاتوو دەمێنێتەوە و كۆتایی نایەت.

عەشقی نێو ڕۆمانەكە، كە لە سەرەتاوە تا كۆتایی ئامادەیی هەیە و كۆی تیمای ڕۆمانەكەی لەسەر دامەزراوە، لە ڕێكەوتێكی سەیرەوە دروست دەبێت، لە ڕستەیەكی زۆر سادەوە سەرهەڵدەدات و گڕ لە ژیانی دوو بوونەوەر، كچێك و كوڕێك، بەردەدات.

گەردوون كچی نێو ڕۆمانەكە، تازە لە زانكۆی موسڵ وەرگیراوە، بۆ كڕینی كراسێك، لە بازاڕ ئەم دوكان و ئەو دوكان دەكات. بەڕێكەوت لە بەردەم یەكێك لەو دوكانانە، شێروان، كوڕە قەلەندەر و سیاچارەكەی نێو ڕۆمانەكه،‌ ڕاوەستاوە و بێ هیچ پێشەكی و بیركردنەوەیەك، بێ ئەوەی بزانێت ئەم ڕستەیەی لەوێدا دەری دەبڕێت چۆن سەرتاپای ژیانی دەگۆڕێت و بێئاگا لەوەی هەموو هەناسە و ڕۆژەكانی دواتری پەیوەست دەبن بەو ڕستەیەوە. شێروان لە بەردەم ئەو دوكانەدا، كە وا دیارە چارەنووس هێناویەتی بۆ ئەوێ، بە دڵێكی ساف و بێ هیچ مەبەستێك بە گەردوون دەڵێت: “ڕەشەكەت زیاتر لێ دێ”، ئەم ڕستە سادەیە، ئەو چوار وشەیە، ئەو شانزە پیتە، بەس بوو بۆ ئەوەی گەردوون و شێروان، دواتر وەك ماری ئاشقەوماشقە لە باخچە و نێو چیمەن و بن درەختی دارستانەكان تێك بئاڵێن و بچنە ئامێزی یەكترەوە.

دیارە لە عەشقدا، عەشقی قووڵی ڕاستەقینە، هەمیشە رێكەوت و نیگای یەكەم، ڕستەی یەكەم، یەكتربینینی یەكەم، یەكەم دەستگرتن، یەكەم باوەش و یەكەم ماچ كاریگەریی گەورە جێ دەهێڵن و لە یادەوەریدا دەمێننەوە و بە ئاوی هەموو دەریا و زەریاكان ناسڕێنەوە. نە زریان و ڕەشەبا، نە ڕەهێڵە و تاوەباران ناتوانن مەحفیان بكەنەوە و شوێنەواریان نەهێڵن.

ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ڕوو دەدات، ئەوەیە عەشقێكی كتوپڕ، خۆشەویستییەكی لەناكاو، ئەڤینێكی پڕ لە عیشوە و ئازار دێت و دەچێتە نێو یەكەبەیەكەی خانەكانی جەستەی ئەو دوو مرۆڤەوه، لەوێدا بۆ هەتاهەتایە نیشتەجێ دەبێت، دووركەوتنەوە و غەدری زەمانە و ڕۆژگاری تاڵی ساڵانی هەشتاكان ناتوانن دەری بهێنن و كۆتایی پێ بێنن. بە گرتن و زیندانیكردنی شێروان و بە شووكردنی گەردوون بە كەسێكی دی، عەشقی ئەوان بۆ یەك هەر دەمێنێت و لەنێو خوێن و دەماریاندا دێت و دەچێت.

جوانییەكی دیكەی ئەم ڕۆمانە، شێوازی گێڕانەوە و بەستنەوەی ڕووداوەكانی نێو ڕۆمانەكەیە بە یەكترەوە، كە وای كردووە زیاتر هەست بە جوانیی گێڕانەوە بكەیت و چێژی زیاتر لە بەستنەوەی ڕووداوەكان بە یەكترەوە وەربگریت. هەروەها جوانییەكی دیكەی ئەوەیە، بە زمانێكی كوردیی پوخت داڕێژراوە، كە پڕە لە شیعریەت، پڕە لە هەناسە و ڕستە و وێنەی شیعری و دیمەنی ناخهەژێن. هەموو ئەوە وای كردووە سەروەختێك دەست بە خوێندنەوەی ڕۆمانەكە دەكەیت، بەئاسانی دەستبەرداری نابیت و لە دوو بۆ سێ دانیشتندا تەواوی دەكەیت. هەر بۆیە ڕۆمانێكە شایانی ئەوەیە بیخوێنیتەوە.