ماڵاوا گابۆ و مێرسیدس
ماڵاوا گابۆ و مێرسیدس
ڕانانی: سەردەم
كتێبی ماڵاوا گابۆ و مێرسیدس یەكێكە لە بەرهەمە تازە چاپكراوەكانی دەزگای سەردەم، نووسەری كتێبەكە ڕۆدریگۆ گارسیا ماركیزە، واتە كوڕە گەورەكەی ماركیز، كە ساڵی 1959 لە دایك بووە و دەرهێنەرێكی ناسراوی سینەمایە و لەم كتێبەدا باس لە كۆتا ڕۆژەكانی گابریل گارسیا ماركیزی باوكی دەكات. ئەو ڕۆژانەی ماركیز وردە وردە یادەوەری لە دەست دەدات و تووشی نەخۆشیی لەبیرچوونەوە دەبێت و هێدی هێدی لە مەرگ نزیك دەبێتەوە.
ماركیز لە 6ی ئازاری 1927دا لە كۆڵۆمبیا دێتە دنیاوە و ساڵی 2014 لە شاری مەكسیكۆی وڵاتی مەكسیك و لە تەمەنی 87 ساڵیدا كۆچی دوایی دەكات. ئەم كتێبە زیاتر باس لەو ساتانە دەكات كە تێیدا ئەم ڕۆماننووسە گەورەیەی كۆڵۆمبیا و جیهان و خاوەنی شاكارە ئەدەبییە مەزنەكانی وەك سەد ساڵ تەنهایی، خۆشەویستی لە زەمەنی كۆلێرا، پاییزی پاتریارك، كەس نامە بۆ كۆڵۆنێل نانووسوێت، هەواڵی ڕفێنراوێك، چیتر توانای ناسینەوەی كەسانی دەوروبەری نەماوە، نە مێرسیدسی هاوسەری، كە 55 ساڵ پێكەوە بوون دەناسێتەوە، نە كوڕەكانی، كە ساڵانێكی زۆر لە ئامێز و باوەشی خۆیدا گەورەی كردوون.
ماركیز تا لە ژیانیدا بوو، شانازییەكی گەورەی بەوەوە دەكرد كە خاوەنی یادەوەرییەكی گەورەیە و بۆ نووسینی وردەكاریی ڕۆمان و كارەكتەرەكانی، پشت بەو گەنجینە قەبەیەی یادەوەرییەكانی دەبەستێت كە لە مێشك و هزر و خەیاڵیدا هەڵی گرتوون، كەچی ئێستا ئەوەتا لە ماڵەكەی خۆیدا لە ئیشكەرەكەی دەپرسێت: “ئەمانە كێن له ژوورەكەی تەنیشتدا دانیشتوون؟” ئەویش وەڵام دەداتەوە: “كوڕەكانتن.”
لێرەوە یادەوەریی ئەم ڕۆماننووسە مەزنە بە جۆرێك كاڵ بووەتەوە، فەرزەندەكانی خۆشی ناناسێتەوە، كە ڕۆژێك لە ڕۆژان دەستی گرتوون و دارەدارەی پێ كردوون، بەخۆشحاڵییەوە لە گاگۆڵكێ و گەورەبوونیانی ڕوانیوە. وەلێ هەنووكە ئەم باوكە لەسەر چەرپایەك ڕاكشاوە و نازانێت چی ڕوو دەدات و كێن ئەوانەی لەدەوروبەریدا ڕاوەستاون و بۆی خەمبارن. ئەم ئەدیبە مەزنە، كە ساڵی 1982 دەبێتە براوەی خەڵاتی نۆبڵ، حاڵی حازر نە دەزانێت نۆبڵ و خەڵات و ڕۆمان چییە و نە ئەوانەش دەناسێتەوە كە بەشێكی گەورەی ژیانی لەگەڵیاندا بردووەتە سەر.
ڕۆدریگۆی كوڕ، لەم كتێبەدا، وێنەیەكی خەمبار و دڵتەزێن لەسەر باوكی دەخاتە ڕوو. باوكێك نەك منداڵەكانی خۆی و هاوسەرەكەی ناناسێتەوە، بگرە بەرهەمەكانی خۆیشی ناناسێتەوە، كە بە ملیۆنان دانەی لە سەرانسەری جیهاندا بڵاو بووەتەوە و هەزاران خوێنەریان هەیە. ئەو لەسەر بەرگی كتێبەكانی بەسەرسووڕمانەوە سەیری وێنەكەی خۆی دەكات و دەڵێت ئەمە كێیە و بۆ وێنەكەی لەسەر بەرگی ئەم كتێبانەیە.
ماركیز لە بەرهەمەكانیدا گرنگی و بایەخێكی زۆری بە یادەوەری و زەمەن و شوێن دەدا، لێ ئێستا لەسەر چەرپای نەخۆشكەوتنەكەی، نە دەزانێت ڕۆژە یان شەو، بەیانییە یان ئێوارە، نە ماڵەكەی و ژووری نووسین و دانیشتنی دەناسێتەوە. ئاخر ئەو لە یەكێك لە چاوپێكەوتنەكانیدا دەڵێت: “یادەوەری كەرەستە و ماددەی خامی منە، بێ یادەوەری/زاكیرە ناتوانم بنووسم”.
ئەڵبەتە نەخۆشیی بیرچوونەوە یان زەهایمەر بۆ خودی نەخۆشەكە چەند سەخت و ناخۆشە، بۆ ئەوانەی دەوروبەری دەیان هێندە سەخت و ناخۆشە. سەروەختێك منداڵەكان باوكیان لەو دۆخەدا دەبینن كە چیی بەسەر هاتووە و كەس ناناسێتەوە، كۆڵێك خەفەت دەخۆن و لە نەخۆشەكە زیاتر پەرێشان و نیگەران دەبن. بۆ كوڕ و كچەكان، زۆر قورسە باوك یان دایكی خۆی لەو دۆخی نەمانی یادەوەرییەدا ببینێت. بەرگەگرتنی كارێكی لەو شێوەیە، تا بڵێی سەخت و دژوارە.
ئەوەی لەم كتێبەدا لەسەر ماركیز دەیخوێنینەوە، هەرگیز ئەو ماركیزە نییە كە ئەو هەزاران ڕستە و پەرەگرافە جوان و نایابانەی لە ڕۆمانەكانیدا نووسیوه و سەرساممان دەكات. وێنەی ماركیز لەم كتێبەدا، وێنەی پیاوێكی كەنەفت و بەساڵاچووە، پیاوێك زاكیرەی پووكاوەتەوە و لە هەموو جۆرە یادگارییەك خاڵی بووەتەوە. ئێمە لەم كتێبەدا ماركیزی نووسەر نابینین، بەڵكوو مرۆڤێك دەبینین لە پاییزی تەمەنیدایە و لە ئامێزی مەرگدا دانیشتووە، بێ ئەوەی بزانێت مەرگ چییە و بۆ كوێی دەبات.
ڕۆدریگۆ بە نەفەسێكی خەمبارانەوە كتێبەكەی نووسیوە، نەفەسێك، پڕە لە حەسرەت و ئەفسووس بۆ ئەو ڕۆژگارەی باوكی بەناو جیهاندا سەفەری دەكرد و كۆڕ و سیمینار و واژۆی كتێبەكانی دەكرد.
ئەم بەرهەمە بریتییە لە 149 لاپەڕەی بچووك، لەگەڵ ژمارەیەك وێنەی منداڵی و گەنجی و پیریی ماركیز و خێزانەكەی، لەلایەن بەڕێز جەبار سابیرەوە لە فارسییەوە كراوە بە كوردی.