وتارەکانی گابۆ لە دووتوێی کتێبێکدا

وتارەکانی گابۆ لە دووتوێی کتێبێکدا

ڕانانی: سەردەم

بێگومان (گابریێل گارسیا مارکێز)ی ناسراو بە (گابۆ) بۆ زۆربەی خوێنەرانی جیهان، ئەڵبەت بە کوردیشەوە، ناوێکی ئاشنایە و هەر بە بیستنی، دەیان شاکاری مەزنی ئەدەبیمان دێتەوە یاد؛ چ لەسەر ئاستی ڕۆمان، چ چیرۆک و یادەوەرییەکانی، بۆ ئێمەی خوێنەر، خەزنەیەکی گەورە و ئەزموونێکی بێوێنەن، لەم کتێبەشدا (بەبێ کۆتوبەند) ئاشنا دەبین بە کۆمەڵە وتارێکی ڕۆژنامەوانیی ئەم نووسەرە کۆڵۆمبییە، کە لە ساڵانی ١٩٧٤-١٩٩٥دا نووسیویەتی، ئەم کتێبە لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، (د. ئەحمەد فاتیح محەمەد) لە زمانی عەرەبییەوە وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

وتارەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە بریتین لە: تەنانەت فیلمە ڕووتەکانیش نرخی خۆیان هەیە، بەڵێ بەرخودانی چیللی بوونی هەیە، هیچ ناونیشانێکم بۆ ئەم وتارە بیر نایەتەوە، شۆڕش بە پیتە گەورەکان دەنووسرێتەوە، نێوەندگیریی قەشەکان، گەلی کوبا لەبەرانبەر ئابڵوقەدا، لەناوجەرگەی ڤێنامەوە، لە بیرەوەرییەکانمەوە سەردانکردنی پاپا، لە کۆڵمبیا چی دەگوزەرێت؟ لەپێناو نیشتمانێکدا کە منداڵان بە دەستیەوە بگرن و چەندین بابەت و ناونیشانی دیکە.

هاوڕای وەرگێڕە عەرەبییەکەی، ئەم کتێبە، کە پێی وایە گابریێل گارسیا مارکێز ڕۆژنامەنووسە بە پلەی نایاب، ئەوەی جەخت لەسەر ئەم پەیوەندییە توندوتۆڵەی مارکێز بە ڕۆژنامەگەرییەوە دەکاتەوە، دروستکردنی دامەزراوەی گابریێل گارسیا مارکێزە بۆ ڕۆژنامەوانیی ئیبیرۆی ئەمەریکیی نوێ، کە ئۆفیسەکەی لە کۆڵۆمبیایە، ئەمەش دامەزراوەیەکە کار لەسەر پاڵپشتیکردنی ڕۆژنامەگەری و پێودانگە پیشەیی و داهێنانە پەیوەندیدارەکان دەکاتەوە و کاریش لەسەر گەشەپێدان و چاودێریکردنیان دەکات لە هەموو وڵاتانی ئەمەریکای لاتیندا.

بێگومان گابریێل گارسیا مارکێز، بۆ نووسینی چیرۆک و ڕۆمان، هەندێک جار سوودی لە بیرۆکە ڕۆژنامەوانییەکان بینیوە، واتە هەندێک بابەتی ڕۆژنامەوانی، کە ڕەهەندی چیرۆک و ڕووداوی سەرنجڕاکێشیان تێدا بووە، سوودی لێ بینیون و بابەتەکەی فرەوانتر کردووە و کردوونی بە ڕۆمان، یان چیرۆک، یەکێک لەوانە ڕۆمانی (کەشتیوانی کەشتییە تێکشکاوەکە)یە، کە بۆ یەکەم جار لە ساڵی ١٩٥٥دا لە ڕۆژنامەدا وەک ڕۆمانێک بە چواردە زنجیرە بڵاو بووەوە. وەکوو سەرچاوەکان باسیان کردووە، سەرچاوەی ئەو ڕۆمانە چیرۆکێکی ڕاستەقینەیە، کە باس لە ڕزگاربوونی کەشتیوانی یەکێک لە کەشتییە جەنگییەکان لە خنکان، بە ناوی (لویس گارسیا ڤیلاسکۆ)وە دەکات: گارسیا مارکێز ڕۆژنامەوانێکی نەناسراو بوو لەو ڕۆژنامەیەدا، کاتێک چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ کەشتیوانەکەدا کرد، هەر ناوەرۆکی ئەو چاوپێکەوتنە بوو کە دواتر بوو بە بابەتی ئەو ڕۆمانەی بە چواردە زنجیرە، لە یەکەم جاردا نەک بە ناوی گارسیاوە، بەڵکوو بە ناوی لویس گارسیا ڤیلاسکۆوە بڵاو بووەوە.

بەگشتی ئەم کۆمەڵە وتارە وەرگێڕدراوەی گارسیا مارکێز باس لە یەکێک لە قۆناغە گرنگەکانی مێژووی ئەمەریکای لاتین دەکات و ڕاستەوخۆ دوای شۆڕشی کوبا نووسراون، بۆیە دەبینین بەشێک لە وتارەکان باس لە فیدڵ کاسترۆ، یان گەلی کوبا، یان کاریگەرییەکانی شۆڕشی کوبا بەسەر کایەکانی ژیانەوە لەو کیشوەرەدا دەکەن، یان تەنانەت دەنگدانەوەکانیشی بۆ سەر ناوچەکانی تری جیهان: پاشان گابۆ، بە زمانە ڕۆژنامەوانییەکەی و بەبەڵگەوە بارودۆخی سۆشیالیستی لە چیللی و میلیشیا شۆڕشگێڕەکانی ئەمەریکای لاتین دەگێڕێتەوە و باس لە کاریگەری و کارتێکردنی پێچەوانە لەسەر بزووتنە شۆڕشگێڕییە نێودەوڵەتییەکان دەکات.

مارکێز  ڕۆمانووس، ڕۆژنامەوان، بڵاوکار و سیاسەتمەدارێکی ناوداری  وڵاتی کۆڵۆمبیا بوو، لە ڕێکەوتی ٦ی ئازاری ١٩٢٨دا لە گوندی ئارکاتاکای ناوچەی سانتاماتای کۆڵۆمبیا لە دایک بوو، خێزانی گارسیا بە ھۆی ھەژاری و نەداری، ئەرکی بەخێوکردن و گەورەکردنی گارسیای منداڵ بە باوەگەورەی دەسپێرن.

ئەو ماوەیەی لەلای باپیری بوو، گابریێلی منداڵ ھەموو ڕۆژێک بۆ ماوەی چەند کاتژمێرێک گوێی لە حیکایەت و چیرۆکەکانی باوەگەورەی دەگرێت و ئەو بابەتە ھێندە کاریگەری لەسەر گابریێل دادەنێت، کە ناوبراو دواتر دەنووسێت: ھەست دەکەم سەرجەمی نووسراوەکانم دەربارەی ئەزموونەکانم لە باوەگەورە و ڕابوردووی باووباپیرانمەوەیە.

دواتر گابریێل، لە ھەشت ساڵیدا، باوەگەورەی لە دەست دەدات و دایەگەورەشی بە ھۆی پیری و پەککەوتەییەوە چاوی لە دەست دەدات و کوێر دەبێت. ھەر بۆیە گابریێلی مێردمنداڵ بۆ جارێکی تر بۆ لای خێزانەکەی دەگەڕێتەوە و بە شێوەی فەرمی دەست بە خوێندن لە قوتابخانەکان دەکات. گابریێل لە خوێندنگە سەرەتاییەکەی شاری سوکری، بە نووسینی شیعر و کێشانی کاریکاتێر  ناوبانگ دەردەکات و بە ھۆی بێدەنگبوون و سەرقاڵبوون بە کارەکانی لە قوتابخانە بە “گابریێلی پیرەپیاو” دەناسرێت. گابریێل ھاوڕێی نزیکی فیدڵ کاسترۆ  بووە.

ساڵی ١٩٤٠  و لە تەمەنی ١٢ ساڵیدا بورسی خوێندن بۆ خوێندکارانی زیرەک وەردەگرێت، ڕوو لە قوتابخانەیەکی سەر بە کەنیسە لە شاری زیپاکیواری نزیک پایتەخت دەکات. پاش ھەفتەیەک مانەوە لە قوتابخانەکە، واز لە خوێندن دێنێت و بۆ ماڵەوە دەگەڕێتەوە.

دواتر گابریێلی گەنج دەست بە نووسین دەکات و یەکەم نووسراوەکانی لە ساڵی ١٩٤١  و لە ڕۆژنامەی “جوین تودەێی”ی تایبەت بە خوێندکارانی کۆڵۆمبیا بڵاو دەکاتەوە و لە ساڵی ١٩٤٧دا بۆ درێژەدان بە خوێندن ڕوو لە زانکۆی بۆگۆتا دەکات و دەست بە خوێندنی یاسا دەکات.

گابریێل ھاوشێوەی زۆربەی نووسەرانی گەورەی جیھان، پێی وایە کە زانکۆ ھیچ چێژ و خۆشییەکی زانستیی پێ نابەخشێت، ھەر بۆیە لە جێگەی سەعیکردن و خوێندنی کتێبەکانی زانکۆ، ڕوو لە خوێندنەوەی شیعر و گەڕانی بێئەنجام بەناو شەقامەکانی شاردا دەکات.

لە چێشتخانە گەڕۆکەکان و لە کووچە و کۆڵانەکاندا خواردن دەخوات، بەردەوام جگەرە دەکێشێت و ڕوو لە خوێندنەوەی ئەدەبیاتی سۆشیالیستی و بەرھەمەکانی نووسەران و شاعیرانی چەپی ئەو سەردەمەی جیھان دەکات.

خوێندنەوەی کتێبەکانی کفکای بەناوبانگ ژیانی دەگۆڕێت و گابریێل لە وتووێژ و نووسراوەکانی دواتریدا باس لە کاریگەرییەکانی خوێندنەوەی بەرھەمەکانی کافکا لەسەر ژیانی دەکات.

گابریێل گارسیا مارکیز لە ساڵی ١٩٤٦دا بە شێوەی جددی دەست بە نووسین دەکات و یەکەم چیرۆکی بە ناوی سێهەمین دەستلەکارکێشانەوەوە بڵاو دەکاتەوە، پاش بڵاوبوونەوەی کورتەچیرۆکەکە، چەندین چیرۆکی تر دەنووسێت و لە ڕۆژنامەدا بڵاوی دەکاتەوە.

دواتر، ساڵی ١٩٦٥ دەست بە نووسینی ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی دەکات و لە ساڵی ١٩٦٨دا لە نووسینی ڕۆمانەکە تەواو دەبێت. ڕۆمانێک، کە بووە شاکاری ئەدەب و تا ئێستاش بە گرنگترین ڕۆمانی جیھان ناودێر دەکرێت.

ساڵی ١٩٨٢ لیژنەی ھەڵبژاردنی خەڵاتی نۆبڵی ئەدەبیات لە وڵاتی سوید بە تێکڕای دەنگ ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی بە باشترین بەرھەم ھەڵدەبژێرن و خەڵاتی نۆبڵی ئەدەب بە گابریێل دەبەخشن. “سەد ساڵ تەنیایی” بەخێرایی ھەموو سنوورەکانی جیھان دەبڕێت و وەردەگێڕدرێتە سەر زۆربەی زمانەکانی جیھان.

مارکیز پێشەنگی فۆڕمی ئەدەبی ڕیاڵیزمی جادوویی بوو، ئەگەرچی سەرجەمی بەرھەمەکانی سەر بەو قوتابخانەیە نین، بەڵام ڕەخنەگران گرنگی بەو لایەنەی نووسینەکانی مارکیز دەدەن.

ڕۆمانی (سەد ساڵ تەنیایی) ڕۆمانێکی جەنگی و درامییە، چیرۆکی سەد ساڵ خەیاڵی پێگەیشتووە، جادووە، فەنتازیایە، سەد ساڵ نووسینی مێژووی لاتینە بە هەموو وردەکاریی کولتووری و سەرمایەکانیەوە، ئەم ڕۆمانە وەک گەشتێک و ناساندنێک بوو بۆ جیهانی دەرەوە، چیرۆکێکی خەیاڵی بوو، مارکیز لە جادووی خەیاڵ و توانستی جادوویی خۆیەوە، وەک ژەمێکی ئەدەبی پێشکەشی کردین، ئەو بە پێنووسەکەی دەستی و دەزگای چاپە کۆنەکەی، توانیی زەریایەکی قووڵ بنووسێتەوە، مارکیز دەڵێت: ئێمە داهێنەری خورافیات و خەیاڵین، ئێمە کە باوەڕمان بە هەموو شتێک هەیە، هێشتا کات ماوە بۆ ئەوەی بتوانین چیرۆکێکی خەیاڵی و فەنتازی دروست بکەین، چیرۆکێکی جیاواز، چیرۆکێکی خەیاڵیی گرنگ لە ژیاندا، تا هیچ کەسێک مەرگی ئەوانی دیکە دیاری نەکات، تا هەموو ئەو نەتەوە و نەژادانەی لەگەڵمان دەژیان، لەنێو سەد ساڵ تەنیاییدا بۆ هەتاهەتایە و تا کۆتایی لە دووەم هەلی ژیاندا بژین.