پاشا ڤۆڵتێر لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشای خۆر، لویسی چواردەیەمدا

پاشا ڤۆڵتێر لە ڕووبەڕووبوونەوەی پاشای خۆر، لویسی چواردەیەمدا

هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: باوكی ڕەهەند

كاتێك تاریكییەكی چڕ و ئەنگوستەچاو، لە ساتێك لە ساتە مێژووییەكاندا، باڵ دەكێشێت بەسەر نەتەوەیەك لە نەتەوەكاندا، ئەوا لە گۆڕەپانەكەدا و لەپێناو ڕووناككردنەوەی ڕێگەكەدا كەس نامێنێتەوە تەنها فەیلەسووفە پلە یەكەكان نەبێت. وەلێ ئەوان لەو ساتەوەختەدا ژیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە و باجێكی گەورە دەدەن.

سەروەختێك ئەرستۆ هەستی كرد مەترسی زیاد لە پێویست لێی نزیك بووەتەوە، ئەم ڕستە كاریگەرەی گوت: “چیتر ڕێگە نادەم تاوانێكی دی دژ بە فەلسەفە ئەنجام بدەن، ئەوەندە بەسە کە ‘سوقرات’یان كوشت”. دوای ئەوە، ئەرستۆ بەخێرایی لەژێر باڵی تاریكیی شەودا ئەسینا جێ دەهێڵێت. ئاشكرایە سوقرات، ئەگەر بیویستایە، دەیتوانی ژیانی خۆی قوتار بكات. بەڵام لە دوایین ساتەكاندا ڕازی نەبوو ڕابكات، ئەگەرچی لەلایەن قوتابییەكانی و هاوڕێكانیەوە پێداگرییەكی زۆریان كرد بڕوات و لەبەر چاو نەمێنێت. ئەوان زۆر لێی پاڕانەوە و بەگریانەوە كەوتن بەسەر ئەژنۆكانیدا و بەتەواوەتی ئامادە بوون بۆ ئەوەی زۆر بەئاسانی یارمەتیی بدەن و ڕزگاری بكەن، كەچی ئەو سوور بوو لەسەر مانەوەی و لەبری ڕاكردن و خۆشاردنەوە، پێی باش بوو ڕووبەڕووی چارەنووسی خۆی ببێتەوە و ژەهرە كوشندەكەی خواردەوە. بەمەش بووە یەكەم شەهید لە مێژووی فەلسەفەدا، بەڵام دوایین شەهید نابێت، چونكە بە درێژایی سەردەمەكان، هەڕەشەكردن لە دژی ڕۆشنبیران و تەنانەت‌ تیرۆركردنیان، لای سەرجەم نەتەوە و گەلانی جیاواز، مەسەلەیەكی باو بووە. بگرە پێش تیرۆركردنی سەرۆكی وڵاتان و فەرماندەی سوپاكان، نووسەران و ڕۆشنبیران ئامانجی یەكەم و سەرەكی تیرۆركردنن. بۆچی؟ چونكە سوپای فیكر زۆر مەترسیدارترە بۆ سەر تاریكبینان و كۆنەپەرستان.

ئاخر گۆڕانكاریی ڕاستەقینە و ڕەواندنەوە و سڕینەوەی ڕەشێتیی تاریكی، یەكەم جار لەسەر دەستی فەیلەسووفەكان و ڕۆشنبیرە گەورەكان ڕوو دەدات. سەرەتا وشە هەبوو. وشەش لە فیشەك مەترسیدارترە. دوای وشە، كار و گۆڕانكاریی پراكتیكی دێت. فیكر دەكەوێتە پێش سیاسەت و لەو باڵاترە، نەك بە پێچەوانەوە. بەڵام فیكر بەو مانایەی لێرەدا ئاماژەی پێ دراوە، بە پێچەوانەی ئەوەی لێی تێگەیشتووین، زۆر كەم و دەگمەنە.

بۆ نموونە ژمارەی ئەو فەیلەسووفانە چەند بوون كە ڕوخساری مێژووی مرۆڤایەتییان گۆڕی؟ لە پەنجەكانی یەك دەست یان دوو دەست تێناپەڕن. دوای سیانەی سوقرات، ئەفلاتوون، ئەرستۆ، بازێكی گەورەی دوو هەزار ساڵە دەنێین تاكوو بگەین بە دیكارت، سپینۆزا، لایبنتز، كانت، هیگڵ، نیتچە، هایدگەر. بەڵام ئایا دەبێت ڤۆڵتێر و ژان ژاك ڕۆسۆ و دیدرۆ لەبیر بكەین، كە بەوپەڕی هێزەوە ڕووبەڕووی كاسۆلیكی تاریكبین بوونەوە؟ بێگومان نەخێر، نابێت لەبیریان بكەین. ئەمەیە مامۆستای زانكۆی برۆكسل، پڕۆفیسۆر ڕیمۆن ترۆسۆن لە كتێبە قەبارە گەورەكەیدا سەبارەت بە ڤۆڵتێر باسی دەكات (كتێبەكە 798 لاپەڕەی گەورەیە). مەسەلەكە هەرچۆنێك بێت، شتێكی سەرنجڕاكێش هەیە، ئەویش ئەوەیە ‌تا تاریكی تاریكتر و ڕەشتر بێت، وادەی هاتنی بەرەبەیان نزیكتر دەبێتەوە. تا قەیرانەكە قووڵتر و سەختتر بێت، فیكری فریادڕەس وەك گزنگی بەیان دەردەكەوێت. ئەو چركەساتە‌ چەند جوانە. قەیرانەكە، توندتر بە تا بڕەوێیتەوە.

بەڵام ئەو شتەی تێبینی دەكرێت، ئەوەیە گۆڕانی فیكر، لە هەموو جۆرەكانی دیكەی گۆڕان قورسترە، لە گۆڕانی مادی سەختترە. چونكە بەر عەقڵیەتە كۆنەكان دەكەوێت، كە سەدان ساڵە وەك چەسپاویی شاخەكان جێگیر بووە و ڕەگی داكوتاوە. كێ دەتوانێت ڕووبەڕووی مەلا و شێخە نەریتخوازەكان ببێتەوە، كە كۆنترۆڵی عەقڵی جەماوەریان كردووە؟ كێ دەتوانێت میللەت لە چنگی ئەوان دەربهێنێت؟ ئەڵبەتە ئەوە گۆڕانی فیكرە، ڕێگە بۆ گۆڕانكاریی مادیی خوازراو خۆش دەكات. بێ گۆڕانی فیكر، گۆڕانی ڕاستەقینەی سیاسی ڕوو نادات و ئاو بێنە و دەست بشۆ.

لەبەر ئەوەیە فەیلەسووفانی ڕۆشنگەری لە خۆراوا، شتێكی وایان گوت كە ئەمە ناوەرۆكەكەیەتی: “دروشمی داهاتوومان ئەوەیە یەكەم جار فیكر و عەقڵیەتەكان بگۆڕین”. هەر بۆیە سەرەتا پێویستە ڕەگەزی مرۆڤ پەروەردە بكرێت، ڕووناك بكرێتەوه،‌ ڕۆشنبیر بكرێت و لە چنگی تائیفە و تائیفەگەری دەربهێنرێت. دوای ئەوە هەموو شتێك مومكینە. دوای ئەوە گۆڕانكاریی سیاسی خۆبەخۆ دێت و ڕوو دەدات. لەم بارەیەوە ڕیمۆن ترۆسۆن ئەمەی خوارەوەمان پێ دەڵێت: “لە سەدەی حەڤدەیەمدا پاشایەكی دەسەڵاتدار هەبوو ناوی لویسی چواردەیەم بوو، نازناوی پاشای خۆر بوو، ئەو پاشایەی كۆشكی گەورە و مەزنی ڤێرسای دروست كرد. هەروەها لە سەدەی هەژدەیەمدا كەسێكی دیكە هەبوو، لەسەر تەختی فیكر و ئەدەبیاتی فەرەنسی دانیشتبوو، ئەو كەسە پاشا ڤۆڵتێر بوو. پاشای فیكر هیچی لە پاشای سیاسی كەمتر نییە، ئەمە ئەگەر زۆرتر نەبێت”.

پاشان مامۆستاكەی زانكۆی برۆكسل لەسەر قسەكانی بەردەوام دەبێت و  دەڵێت: لەو بڕوایەدا مەبن ڕابەری ڕۆشنگەریی فەڕەنسا كەسێكی بێباوڕ بووە و بەڕەهایی ڕقی لە ئاین بووە. ئەم وێنە هەڵەیەی سەبارەت بە ڤۆڵتێر هەبووە‌، لە هزر و بیركردنەوەی خۆتاندا بیسڕنەوە. ئەو بەتەواوەتی باوەڕی بە یەزدان و بەها نموونەیی و مۆراڵە بەرزەكانی ئاین هەبوو. ڤۆڵتێر بە پیتی درشت گوتوویەتی هیچ مەخلوقێك بێ بوونی خالقێك بوونی نییە، هیچ دروستكراوێك بێ بوونی دروستكارێك بوونی نییە. وەلێ ڤۆڵتێر لەسەر هەمان شێوازی دەمارگیرە تائیفییەكان ئیماندار نەبوو. ڤۆڵتێر جیاوازیی لەنێوان دوو شتدا دەكرد، كە میللەتی هەژار و دواكەوتوو و نەخوێندەوار ناتوانێت جیاوازی لەنێوانیاندا بكات، ئەو شتە بریتییە لە ئاین و تائیفەگەری.

بەڵام زۆرینەی خەڵك، لەوانەش زۆرێك لە ڕۆشنبیران، ناتوانن جیاوازی لەنێوان ئەو دوو شتەدا بكەن. ئەوان لەو بڕوایەدان ئاین و تائیفەگەری یەك شتن. ئا لەم باوەڕە هەڵەیەوە كێشەكان و كوشتوبڕەكان سەرچاوە دەگرن. ئاین لە پێگە بەرز و بڵندگەرایی خۆیەوە، جیاوازە لە تائیفەگەریی تەسك و تەنگەلان، تائیفەگەرییەك كە لەنێو دیوارەكانی دەستەگەری و دەمارگیریی كوێرانەدا‌ بەسەر خۆیدا داخراوە. ئەڵبەتە دەمارگیری شیرینییەكی لە دڵ و دەروونەكاندا هەیە، كە هیچ شیرینییەكی دی شان لە شانی نادات. جا لەبەر ئەوەی ئاینی مەسیحی لە سەردەمی خۆیدا هێشتا ئاینێكی دەمارگیریی توندڕەو بوو، هەر بۆیە زۆرینەی كاسۆلیك كەمینەی پرۆتستانتی دەچەوساندەوە و تەكفیری دەكردن و لە ڕووی شەرعەوە لەناوبردنیانی بەڕەوا دادەنا.

هەموو ئەوه،‌ قەشەیەكی مەترسیدار بە ناوی ژاك بۆسییەوە (1627-1704) ڕەوایەتیی پێ دەدا. بۆسییە لەو سەردەمەدا و لەوانەیە لە هەموو سەردەمەكانیشدا گەورەترین فێندەمێنتاڵیستی فەڕەنسی بوو. هەروەها گوتاربێژ و قسەزانێكی زمانپاراو بوو. تەنانەت لویسی چواردەیەم لێی دەترسا و هەزار حسابی بۆ دەكرد. ئەو لە گوتارە ئاگرینەكانیدا دنەی پاشای دژ بە پرۆتستانتەكان دەدا و شتێكی ئاوای بە پاشا دەگوت: “ئەو پرۆتستانتە گومڕایانە‌، لەسەر زەمینی پاكی كاسیۆلیكدا شوێنیان نییه. یا ئەوەتا واز لە مەزهەب و بڕوا هەڵەكانی خۆیان دەهێنن و دەستبەجێ دێنە سەر مەزهەبی كاسۆلیك، یان ئەوەتا گەورە و بچووكیان قڕ دەكرێن و لەناو دەبرێن. چونكە لە ئاینی مەسیحیدا، تەنها مەزهەبی كاسۆلیكیی پاپایەتیی ڕۆمانی تاقە فیرقەی فریادڕەسە. ئەو تاقە مەزهەبی ڕاست و دروستە، كە یەزدان لێی ڕازییە. بەدەر لە مەزهەبی كاسۆلیك، هەموو ئەوانی دیكە كوفر و گۆمڕایی و لادانە لە شەرعی خودا. مەسیحی ڕاستەقینە و شەرعی، كەس نییە جگە لە زۆرینەی كاسۆلیك‌”.

(لەنێوان دوو كەوانەدا، ئێمە كاتێك ئەمە دەڵێین، دەزانین تێگەشتنی كەمینەی پرۆتستانت بۆ ئاین، نزیكتر بوو لە تێگەشتنێكی عەقڵانی و مۆدرێن و لێبوردەییەوە. كەچی تێگەشتنی زۆرینەی كاسۆلیك بۆ ئاین، زیاتر لە تێگەشتنێكی تەكفیری و كۆنەپەرستی و دەمارگیرانە و شەڕانگێزییەوە نزیك بوو. بەڵام حەق هەمیشە لای بەهێزەكانە، ئەو ڕۆژگارە، سەردەمی تاریكی فەڕەنسا بوو).

لێرەدا پێویستە ئەوە بزانین، لەو ڕۆژگارەدا، نزیكەی لە سەددا هەشتای گەلی فەڕەنسا كاسۆلیك بوون و ئەوەی دەمێنێتەوە، سەر بە كەمینەی پرۆتستانت بوون. پاشا بەهێزەكە -واتە لویسی چواردەیەم- وشەبەوشەی قسەكانی قەشەكەی جێبەجێ كرد و هێرشی كردە سەر ناوچەكانی پرۆتستانتەكان. بەمەش لە مێژووی فەڕەنسادا گەورەترین جەنگی ناوخۆ ڕووی دا، كە تا ئەمڕۆش فەڕەنسییەكان شەرمی لێ دەكەن و پەشیمانن لە ڕوودانی و داوای لێبوردن لە ڕوودانی دەكەن. لەو سەردەمەدا شتێك نەبوو بە ناوی ڕای گشتیی نێودەوڵەتی، كە دانیشتووانی كەمینەكان بپارێزێت و ڕێگر بێت لەوەی توندڕەوەكان كەمینەكان گۆشەگیر بكەن و پەلاماریان بدەن و كۆمەڵكوژیان بكەن.

ئەم دەمارگیرییە تەكفیرییە كوێرانەیە، ئەوە بوو ڤۆڵتێر بە هەموو هێزییەوە دژی ڕاوەستا و بە درێژایی ژیانی بەرەنگاری بووەوە. ئەو كێشەیە، بەلای ڤۆڵتێرەوە، یەكەم و سەرەكیترین كێشە بوو. پرس و دۆزی ڕۆشنگەریی لە ڕۆحی خۆی خۆشتر دەویست. ئێمە كاتێك ئەم قسانە دەكەین، دەزانین ڤۆڵتێر وەك بۆسییە، سەر بە زۆرینەی كاسۆلیك بوو، بەڵام هەستی بە گرێی چەوساندنەوە نەدەكرد، بە پێچەوانەی ئەوەی ڕۆشنبیرانی كەمینەكان هەستیان پێ دەكرد. مەزنیی ڤۆڵتێر ئا لێرەدایە.

ئاخر هیچ شتێك نەبوو تا ڤۆڵتێر ناچار بكات دژ بە گەورەپیاوانی مەزهەبەكەی و تائیفە بەهێزەكەی ڕاوەستێت، كە شانازییەكی زۆریان بە ژمارە و هێزی خۆیانەوە دەكرد. هیچ شتێك ناچاری نەدەكرد ڕووبەڕوویان بجەنگێت، بەتایبەت ئەوان زۆر بەئاسانی دەیانتوانی بیكوژن. بۆ ئەوان بەس بوو كەسێكی نەزان و شەیدای دەمارگیری بنێرن تاكوو بیكوژێت. لەبەر ئەم هۆكارە بوو، كاتێك زیاد لە پێویست چاویان لێ سوور دەكردەوە، بۆ ماوەیەك خۆی بزر دەكرد و لەبەر چاوان دیار نەدەما، وەك دەگوترێت، “زەوی قووتی دەدات”، پاشان بەخێرایی، دوای دوو مانگ یان سێ مانگ، دەهاتەوە سەر زەوی و دەردەكەوتەوە، تاكوو سەرلەنوێ لەگەڵیان بكەوێتەوە مشتومڕ و لەسەر جەنگەكەی بەردەوام بێت. هەروەها هیچ شتێك ناچاری نەدەكرد بەرگری لە كەمینەكان بكات، مەگەر ویژدانە ئەخلاقییەی نەبێت، وەك ڕۆشنبیرێكی جیهانی، كە ڕقی لە تائیفەگەری و تائیفەگەرەكان بوو‌. هەر لەبەر ئەم هۆكارەیە، ناوی لەسەر لاپەڕەكانی مێژوو بەپرشنگداری ماوەتەوە. ئاخر تەنانەت لە چین و هیندستان و ژاپۆنیش دەزانن ئەم ڤۆڵتێرە كێیە. ئەمە با جیهانی عەرەبی بخەینە ئەولاوە.

شتێكی خۆشە مرۆڤ ڕۆ بچێتە نێو ئەم كتێبە قەبەیەی پڕۆفیسۆر ڕیمۆن ترۆسۆنەوە. ئێمە بەتایبەتی ئەمە دەڵێین، چونكە بە شێوازێكی جوان و ئەكادیمیی قووڵ نووسراوە. ڕیمۆن یەكێكە لە گەورەترین و مەزنترین ئەكادیمیستەكان، كە بە شێوەیەكی ئەكادیمی دەنووسێت. وەك خۆم، لە كۆتاییەكانی ئەم ساڵەدا چێژێكی زۆرم لە خوێندنەوەی ئەم كتێبە وەرگرتووە. وەك چۆن چێژێكی زۆر لەو كتێبانەی دیكەی وەردەگرم، چونكە ئەو بەتەواوەتی پسپۆڕی فەلسەفەی ڕۆشنگەرییە لە سەدەی هەژدەیەمدا.

باشە بۆچی من بەم شێوەیە تەركیز دەخەمە سەر ئەو ماوەیە لە مێژووی ئەورووپا؟ چونكە لەو بڕوایەدام جیهانی عەرەبی لەو بۆشاییەدا دەژی كە دەكەوێتە نێوان سەدەكانی ناوەڕاست و سەدەكانی مۆدرێنەوە. جیهانی عەرەبی لە سەردەمی ڤۆڵتێردا دەژی، نەك سەردەمی سارتەر و فۆكۆ و بۆردیۆ و ڕۆشنبیرەكانی دیكەی ئێستای فەڕەنسا، كە كێشەی تائیفەگەری لەوێ بەتەواوەتی كۆتایی هاتووە. لەوێ چیتر یەك كاسۆلیكی نییە ڕقی لە پرۆتستانتێك بێت، یان بە پێچەوانەوە.

ئەمە هەندێك لایەنی ئەو جەنگە گەورەیەیە كە پڕۆفیسۆر ڕیمۆن ترۆسۆن، بەوپەڕی توانا و لێهاتووییەوە، بۆمان شرۆڤە دەكات. لە كۆتاییدا لەبیرم چوو بڵێم، دوا كتێبی ئەم پڕۆفیسۆرە دەربارەی ژان ژاك ڕۆسۆیە و لە سێ بەرگ پێك هاتووە و سەدان و هەزار لاپەڕە لەخۆ دەگرێت‌، ئەو كتێبە گەنجینەی گەنجینەكانە.

سەرچاوە: بەشی كولتووری لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، یەكشەممە، 15ی كانوونی یەكەمی 2025.