کۆچی دوایی فەیلەسووفی ئەڵمانی یۆرگن هابرماس
کۆچی دوایی فەیلەسووفی ئەڵمانی یۆرگن هابرماس
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع
ڕۆژی شەممەی ڕابوردوو، 14ی ئازاری 2026، فەیلەسووف و کۆمەڵناسی ئەڵمانی، یۆرگن هابرماس، لە تەمەنی سەروو 96 ساڵیدا، دوای کاروانێکی فیکری کە بۆ زیاد لە شەش دەیەیە درێژ دەبێتەوە، ماڵاوایی لە ژیان کرد و بۆ ئەبەد دونیای ڕووناکی جێ هێشت و لەدوای خۆی، میراتێکی فیکریی گەورە و کاریگەری لە بوارەکانی فەلسەفە و کۆمەڵناسی و تیۆرەی سیاسیی مۆدرێندا جێ هێشت. ئاخر ئەو یەکێک بوو لە دیارترین بیرمەندەکانی نەوەی دووەمی قوتابخانەی فرانکفۆرت.
هابرماس ساڵی ١٩٢٩ لە ئەڵمانیا و لە شاری دوسلدۆرف لەدایک بووە، تەمەنی منداڵی و سەرەتای گەنجیی لە سایەی سەرهەڵدان و هەڵکشانی نازیزمدا بەسەر بردووە، ئەمە بۆ ئەو ئەزموونێک بووە، تێیدا زۆر زوو هۆشیاریی سیاسیی لا گەڵاڵە کردووە. ئەم منداڵە، لەگەڵ لەدایکبوونیدا، تووشی ناتەواوییەکی زگماکی دەبێت، کە بریتی بوو لە شەقبوونی لێوی سەرەوەی، ئەو نەخۆشییەی پێی دەگوترێت “لێوکەروێشکی/الشفة الارنبیة”، ئەمەش کێشەی قسەکردنی بۆ دروست کردووە. ئەم حاڵەتە، دواتر لەلایەن هەواداران و خوێنەرانیەوە، پەیوەستی دەکەن بە حەز و ئارەزووی قووڵی ئەو بۆ چەمکی “پەیوەندی” و زمان. لە زانکۆکانی بۆن و گۆتینگن و زیوریخ خوێندوویەتی، وەک یاریدەدەری فەیلەسووف تیۆدۆر ئادۆرنۆ، لە پەیمانگەی توێژینەوەی کۆمەڵایەتی لە فرانکفۆرت کاری کردووە و ساڵی 1954 لە زانکۆی بۆن بڕوانامەی دکتۆرا وەردەگرێت.
لە سەرەتای ژیانی فیکرییدا دەکەوێتە ژێر کاریگەریی بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرت، لەوانە، تیۆدۆر ئەدۆرنۆ و ماکس دۆرکهایمەر. بەڵام دواتر ڕێچکەیەکی فەلسەفیی تایبەت بە خۆی دەگرێتە بەر و تێیدا پێداگریی لەسەر بیرۆکەی لێکتێگەیشتنی کۆمەڵایەتی دەکات، بیرۆکەیەک، دەکرێت لە ڕێگەی گفتوگۆی عەقڵانی و زمانەوە بەدی بێت. ئەمەش ئەوەیە کە لە بەناوبانگترین تیۆری خۆیدا، تیۆری “کردەی پەیوەندیخواز”دا دای ڕشتووە. هابرماس بە درێژایی کاروانە ئەکادیمییەکەی سەرقاڵی شیکردنەوەی ئەو وەرچەرخانانە بووە کە کۆمەڵگەکانی خۆراوا، دوای جەنگی دووەمی جیهانی، بە خۆیانەوە بینیوە و هەوڵی دا سەرلەنوێ پرۆژەی مۆدێرنە لەسەر کۆمەڵێک بنەمای ڕەخنەیی دابڕێژێتەوە. لێرەوە ئەو دژ بەو مەیل و دیدە تاریک و ڕەشبینە بوو کە لەنێو بەشێک لە بیرمەندانی قوتابخانەی فرانکفۆرتدا زاڵ بوو. هابرماس پێی وا بوو پڕۆژەی مۆدێرنە شکستی نەهێناوە، بەڵام هێشتا “پڕۆژەیەکی ناتەواوە” و پێویستی بە قووڵکردنەوەی دامەزراوە دیموکراسییەکان و فراوانکردنی کایەی گشتی هەیە، ئەمەش لەپێناو بەشداریکردنی جەماوەر و مشتومڕی ئازاددا.
لەم چوارچێوەیەدا پەرەی بە تیۆرەکەی خۆی دا، تیۆرەی کردەی پەیوەندیخواز، لەم تیۆرەدا هەوڵ دەدات ئەوە بخاتە ڕوو، کە چۆن پێکهێنانی کۆدەنگیی کۆمەڵایەتی لەمیانەی زمان و گفتوگۆوە دروست دەبێت و دێتە ئاراوە، دوور لە ڕق و کینە، یان دوور لە هەیمەنە و خۆسەپاندن. ئەم بیرۆکانە کاریگەرییان لەسەر چەندین بوار هەبووە، لەوانە، فەلسەفەی سیاسی، کۆمەڵناسی و تیۆری یاسایی، هەروەها ڕۆڵیان هەبووە لە مشتومڕە فیکرییەکانی ئەورووپا سەبارەت بە دیموکراسی، شوناس و تێکەڵبوون و یەکگرتن.
ئاشکرایە هابرماس، دوای خۆی و لە ماوەی نزیکەی شەش دەیەی تەمەنی نووسیندا، بەرهەمێکی فیکریی زۆری جێ هێشتووە، لەوانە ژماریەک کتێب و لێکۆڵینەوە، کە وەک گرنگترین ژێدەر یان سەرچاوە لە فەلسەفەی کۆمەڵایەتیی هاوچەرخدا دادەنرێن. یەکێک لە بەرهەمە سەرەتاییە هەرە دیارەکانی، کتێبی “وەرچەرخانە بوونیادییەکانی کایەی گشتی”یە، ئەم کتێبەی ساڵی 1962 بڵاو کردەوە، واتە ئەوکات تەمەنی تەنها 33 ساڵ بووە. کتێبەکە باس لە سەرهەڵدانی کایەی گشتیی بۆرژوازی لە ئەورووپا و ڕۆڵی لە پەرەپێدانی مشتومڕی سیاسی و دیموکراسی دەکات. یەکێکی دیکە لە کتێبە گرنگ و بایەخدارەکانی، کتێبی “مەعریفە و بەرژەوەندییە مرۆییەکان”ە، ساڵی ١٩٦٨ بڵاو کراوەتەوە، تێیدا پەیوەندیی نێوان بەرهەمهێنانی مەعریفە و ژێرخانی کۆمەڵایەتی شی دەکاتەوە و هەوڵ دەدات لەژێر ڕۆشنایی ڕەخنەی کۆمەڵایەتیدا، سەرلەنوێ نەریتەکانی فەلسەفەی مۆدێرن بخوێنێتەوە. دواتر بەرهەمە قەبەکەی “تیۆرەی کردەی پەیوەندیخواز” لە ساڵی 1981دا بڵاو دەکاتەوه و بە یەکێک لە کتێبە گرنگ و کاریگەرەکانی دادەنرێت، تێیدا دیدێکی هەمەلایەنەی خستووەتە ڕوو، کە چۆن لێکتێگەیشتنی هاوبەش لەنێوان تاکەکانی ناو کۆمەڵگە مۆدێرنەکان، لە ڕێگەی زمان و کارلێکی کۆمەڵایەتییەوە دروست دەبێت.
لە کتێبی “گوتاری فەلسەفی مۆدێرن”دا، کە ساڵی 1985 بڵاوی کردەوە، لەگەڵ کۆمەڵێک فەیلەسووفی پۆستمۆدێرنە دەکەوێتە مشتومڕێکی فراوانەوە و لەوێدا بەرگری لە پڕۆژەی مۆدێرنە و ئەگەری پەرەپێدانی دەکات، نەک وازهێنان لە پرۆژەی مۆدێرنه و پشتتێکردنی و گواستنەوە بۆ قۆناغی پۆستمۆدێرنە، وەک ئەوەی هەندێک لە فەیلەسووفەکانی ئەو سەردەمە داوایان دەکرد.
سەبارەت بە کتێبی “لەنێوان ڕاستییەکان و نۆرمەکاندا/Between Facts and Norms”، ساڵی 1992 بڵاوی کردووەتەوە، تێیدا سەرنج دەخاتە سەر پەیوەندیی نێوان یاسا و دیموکراسی و هەوڵ دەدات تیۆرەیەکی پێوانەیی بۆ کۆمەڵگەیەکی مۆدرێنی دەستووری داڕێژێت. گرنگی و بایەخی کتێبەکانی وای کردووە بەرهەمەکانی بۆ دەیان زمان وەربگێڕرێن و بوونەتە سەرچاوەیەکی بنەڕەتی لە فەلسەفەی سیاسی و کۆمەڵناسی و تیۆرەی ڕەخنەیی. دید و تێڕوانین و بیرۆکەکانی لە دیبەیتە ئەکادیمییەکان، دەربارەی دیموکراسی و کایەی گشتی و مافی مرۆڤدا بەکار دەهێنرێن و ئاماژەیان پێ دەدرێت.
ناوی هابرماس لە سەرەتای کاری فکرییەوە بە مارکسیزمەوە پەیوەندیدار بوو، بەتایبەتی لە قوتابخانەی فرانکفۆرت. بەڵام ئەو تەنها پەیڕەویی لە مارکسیزمێکی نەریتی نەدەکرد، بەڵکوو خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانەی بەرفراوانی بۆ مارکسیزمی نەریتی هەبوو. بۆ نمونە لە کاتێکدا مارکس سەرنجی لەسەر ئەوە بوو “کار” و “هێزی بەرهەمهێنان”، هێزی بزووێنەری مێژوون. وەلێ هابرماس پێی وا بوو ئەوە لایەنێکی چالاک و زیندوو پشتگوێ دەخات، کە بریتییە لە: “کارلێکی زمانەوانی”، یان “پەیوەندی/التواصل”. لەم بارەیەوە لەو بڕوایەدا بوو، ڕزگاربوونی مرۆڤ تەنها لە ڕێگەی گۆڕینی پەیوەندیی موڵکدارێتی یان کۆنترۆڵکردنی سروشتەوە بەدەست نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی ڕزگارکردنی زمان و پاککردنەوەی لە ڕق و کینە و چەواشەکارییەوە بەدەست دێت. لێرەوە هابرماس بەم دەرەنجامە گەیشتووە: “دەوڵەتی خۆشگوزەرانی” لە خۆراوا توانیویەتی ململانێی توندی چینایەتیی مارکسیستی نەریتی لەخۆ بگرێت و هەڵی بمژێت، هەر بۆیە پێویستە شەڕەکە بگوازرێتەوە بۆ “کایەی گشتی”، لەپێناو گەرەنتیکردنی شەرعییەتی دیموکراسیی ڕاستەقینەدا. لەم چوارچێوەیەدا، ئەو لە ڕووی پابەندبوونی بە ڕزگاریخوازی و ڕەخنەگرتن لە سەرمایەداری، خۆی بە کەسێکی “مارکسی” ناو برد، بەڵام حەتمییەتی ئابووریی ڕەت کردەوە و ئەوەی پێ باشتر بوو کە ناوی بنێت “عەقڵانییەتی پەیوەندیکردن”.
لە لایەکی دیکەوە، ئەگەرچی هابرماس خاوەنی پێگەیەکی فیکریی گەورە و فراوان بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، بە هۆی هەڵوێستە سیاسییەکانی ئەم ساڵانەی دوایی ژیانیەوە بەرامبەر بە شەڕی غەزە و پەلاماردانی سوپای ئیسرائیل بۆ سەر کەرتی غەزە، لە تشرینی یەکەمی 2023دا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەوە. لەم بارەیەوە هابرماس لەگەڵ ژمارەیەک بیرمەندی ئەڵمانیادا بەیاننامەیەکی واژۆ کرد، لەوێدا هاودەنگیی خۆیان بۆ ئیسرائیل دەربڕی و پێیان وا بوو ئیسرائیل مافی خۆیەتی بەرگری لە خۆی بکات. ئەم پشتگیرییە هەڵوێستێکی پێشوەختە بوو بۆ گێڕانەوەکانی ئیسرائیل و پشتگوێخستنی قەبارەی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەرحەق بە فەلەستینییەکانی کەرتی غەزە ئەنجام دەدرا.
هەڵوێستی هابرماس و واژۆکردنی لەسەر ئەو بەیاننامەیەی بیرمەندانی ئەڵمانیا، لە ناوەندە ئەکادیمی و کولتوورییەکاندا شەپۆلێکی ڕەخنەی لێ کەوتەوە، بەتایبەتی لەنێو ئەو کەسانەی پێیان وا بوو ئەم هەڵوێستەی هابرماس، تەواو ناکۆکە لەگەڵ ئەو پرنسیپانەی بە درێژایی ژیانی بەرگریی لێ دەکرد، وەک پرنسیپی گفتوگۆی عەقڵانی و دادپەروەریی گەردوونی و مافەکانی مرۆڤ. زۆرێک ئاماژەیان بەوە دا، بەرگریکردنی لە “مافی ئیسرائیل بۆ وەڵامدانەوەی سەربازی”، هاوشان نەبوو بە ئیدانەکردنێکی ڕوون و ئاشکرای ئەو توندوتیژی و جینۆسایدەی بەرامبەر بە هاووڵاتییانی مەدەنیی فەلەستین لە ئارادا بوو، ئەمەش وەک لادانێک لە میراتی ڕەخنەگرانەی قوتابخانەی فرانکفۆرت دادەنرێت.
سەرچاوەکان:
1- هابرماس، حارس الحداثة الذي احترقت أدواته في أتون غزة، ندى حطيط، الشرق الاوسط، 15ی مارسی 2026
2- العربی الجدید، رحيل الفيلسوف وعالم الاجتماع الألماني يورغن هابرماس، 14ی مارسی 2026