کتێبێک بانگهێشتمان دەکات بۆ موزیک

کتێبێک بانگهێشتمان دەکات بۆ موزیک

ڕانانی: ئیدریس عەلی

کتێبی (بانگهێشتێک بۆ موزیک) لە لایەکەوە لێکۆڵینەیەکی ورد و هەمەلایەنە سەبارەت بە مێژوو و ڕەهەندەکانی موزیک، لە لایەکی ترەوە ئاشناکردنی ئێمەیە بەو هونەرە مەزنە، ئاشناکردنێک، کە ڕێک دید و زیهنییەتمان سەبارەت بە موزیک دەگۆڕێت و وامان لێ دەکات قووڵتر، زانستیتر و هونەرییانەتر لە موزیک، وەک هونەر و چێژی موزیک و بیلمەتەکانی بواری موزیک بڕوانین، چونکە ئێمەی مرۆڤ ڕۆژانە و هەرساتێک بەرکەوتنمان لەگەڵ موزیکدا هەیە، کارگەریی لەسەر ڕۆح و دەروون، گوێچکە و تەنانەت باری تەندروستی و جۆری بیرکردنەوەمان هەیە، بۆیە ئەم کتێبە لێرەوە بەها و گرنگیی خۆی دووپات دەکاتەوە و بانگهێشتمان دەکات بۆ سەر سفرە و خوانی ئەم هونەرە گەردوونییە.

کتێبی بانگهێشتێک بۆ موزیک لەلایەن نووسەری ناوداری میسڕی (یوسف ئەلسیسی)یەوە نووسراوە، هونەرمەند و شارەزای بواری موزیک (حەمید بانەیی) بە شێوازێکی جوان و سەرنجڕاکێش لە عەرەبییەوە وەری گێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

کتێبەکە جگە لە دوو پێشەکیی نووسەر و وەرگێڕ، لەم بابەتانەی خوارەوە پێک دێت: چێژکردنی موزیک، بلیمەتییە موزیکییەکان، چەند قاڵبێکی موزیکی، سەردەمەکانی موزیک، موزیکی هاوچەرخ، بەجێهێنان و جوانکارییەکان، هەستکردن بە جوانیی موزیک.

بێگومان وەرگێڕی ئەم کتێبە (حەمید بانەیی) پێشتر لە سۆنگەی پەرۆشی و دڵسۆزیی خۆیەوە بۆ هونەری موزیک و تێگەیشتن لە مێژوو و ڕەچەڵەکی موزیک، کتێبێکی تری بە ناوی (مێژووی ژیانی موزیک)ەوە وەرگێڕابوو، بە هەمان شێوە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم چاپ و بڵاوی کردبووەوە. وەک خۆی ئاماژەی بۆ کردووە، پاش کتێبی مێژووی ژیانی موزیک، ڕاستەوخۆ بڕیاری داوە ئەم کتێبەش (بانگهێشتێک بۆ موزیک) وەربگێڕێت و پێشکەش بە خوێنەری کوردی بکات، بەتایبەت ئەوانەی پەرۆشییان بۆ زیاتر ناسینی موزیک هەیە بە شێوەیەکی قووڵتر و ئەکادیمیتر، لەبەر بەنرخیی ئەو بابەت و زانیارییانەی تێیدایە و پێوستە خوێنەران بیزانن و تێیدا شارەزا بن، ئاستی ڕۆشنبیریی موزیک بەرز بکرێتەوە و وەک سەرچاوەیەک بۆ قوتابییانی پەیمانگە و کۆلێژە هونەرییەکانی کوردستان و هەواداران و بەهرەمەندانی موزیک بەکار بهێنرێت. وەرگێڕ لەو پێشەکییە کورت و پوختەیدا پێمان دەڵێت ئەمە هەوڵێکی ترە بۆ ڕوونکردنەوەی گەلێک بابەت دەربارەی مێژووی موزیک، تێگەیشتن و ڕوونکردنەوەی گەلێک مەسەلەی لای خەڵکی بەگشتی ڕوون نییە، وەک پەیوەندییەکانی نێوان دەنگ، ڕەنگ و هەندێک ڕوونکردنەوەی زانستی دەربارەی پێشکەوتنی موزیک بەپێی سەردەمەکان و ئەو بلیمەتانەی توانییان گۆڕانکاری لەم هونەرە مەزنەدا بکەن، لەگەڵ لێکدانەوەی ئیستاتیکا و گەلێک بابەتی تری بەسووددا.

نووسەریش لە پێشەکییەکدا بۆ کتێبەکە، باس لەوە دەکات موزیک ئەو ڕووبارانە بوون تینووێتیی زەوی و مرۆڤەکانیان دەشکاند، ئەو خوێنە بوو تەوژمی ژیانی بە دڵی مرۆڤەکان دەبەخشی، ئەو نهێنییە بوو فەرمانڕەوایی ڕۆحی دەکرد، ئەو سرووشە بوو مرۆڤی بڵند دەکردەوە، دواتر دەپرسێت، “چۆن مرۆڤ دەتوانێت مەزن و نەمر و فەرمانڕەوا بێت، بۆ کارێک یان پیشەیەک، بێ ئەوەی بتوانێت چێژ لە موزیک ببینێت؟” بە بڕوای ئەم نووسەرە، هەر موزیک دەتوانێت بەستەڵەکی ژیانی مرۆڤایەتی پڕ بکات لە نەرمونیانی و دادوەری و… ئەو کەسەی گوێی لێ دەگرێت و چێژی لێ دەبینێت، لەم ئەفرانەدا بەشدارە، چونکە ئەم هونەرە تەنها لە ویژدان و بیرەوەریی مرۆڤدا هەیە، سازگار و ڕەوان نابێت، ئەو کاتانە نەبێت، دەنگدانەوەی لە مێژووی بیرەوەری و عەقڵی تەواودا بتوانێت ئێستا و ڕابوردوو پێکەوە لە ئاوازێکی تەواودا ببەستێت.

نووسەر دەڵێت، “هەموومان وا خۆمان دەردەخەین، گوایە لە موزیکی باڵا تێدەگەین، تا خۆمان بە ڕۆشنبیر و مەدەنی نیشان بدەین، بۆیە تکایە، لەگەڵمدا وەرن تا ئەو خۆنواندنە بکەینە حەقیقەت، وەرن پێکەوە لایەنەکانی چێژکردنی موزیک بخوێنین و پێکهاتەکانی موزیک و دەربڕین و مێژووەکەی بناسین، چونکە هەستەکانمان یەک دەخات، تواناکانمان بەرز دەکاتەوە، وزەمان پێ دەبەخشێت و لایەنەکانی گەشبینی و دڵدانەوەمان دەردەخات.

لە بەشی یەکەمی کتێبەکەدا و لە بابەتێکدا بە ناونیشانی (چێژکردنی موزیک)، نووسەر باس لەوە دەکات کە موزیک لە شارستانییەتەکانی مرۆڤدا بەشێکی سەرەکییە، هەر بۆیە لەو گەشتە بێکۆتاییەی بە درێژایی هەموو نەوەکان تێپەڕیوە و لەمیانەی پێشکەوتنە مەزنەکانی شارستانییەتی پێوەی پابەند بوو، بەپێی سیمای هەموو سەردەمێک و بیروباوەڕ و هەستەکانی شێوەی گرتووە: بۆ بەدیهێنانی گرنگترین توخمەکانی چێژبینین، شێوازە موزیکییەکانی کارەکان پێکەوە دەبەستینەوە، لەگەڵ پێشینەی ڕۆشنبیریی ئەو سەردەمەی لێوەی هەڵقوڵاوە و تێیدا تەقیوەتەوە، چونکە تایبەتمەندیی باوی ئەو کۆمەڵگەیە و بەتایبەت تایبەتمەندییە فیکری و ڕۆشنبیرییەکان، بەگشتی هەمان سیفەتن کە لەسەر ئەو کارە موزیکییانە ڕەنگ دەدەنەوە کە سەر بە سەردەمێک یان سەردەمێکی ترن.

بێگومان زۆرێک لە فەیلەسووفان و هزرمەندانی جیهان، سەبارەت بە گرنگی و بەهای موزیک قسەیان کردووە، ئەمەی خوارەوە پوختەی بەشێکە لەوانە:

فیساگۆرس پێی وا بوو: “هەموو شتەکان ژمارەن: شتەکان دوای ئەوەی سیستمێکی ژمێریاری بەسەر پێکهاتەکانی گەردووندا سەپێنرا کە هیچ فۆڕمێکیان نەبووە، هاتنە ئاراوە.” پێدەچێت فیساگۆرس دوای دۆزینەوەی گرنگیی ژمێریاری، لە موزیکدا گەیشتە ئەم ئەنجامە. ئەفسانە دەڵێت لە کاتێکدا فیساگۆرس بە دوکانی ئاسنگەرەکەدا تێدەپەڕی، دڵخۆش بوو بەو هاواهەنگییەی لە ئەنجامی دوو لێدانی چەقۆ، کێشی جیاواز دروست بوو.

ئەفلاتوون باسی موزیکی کردووە، وەک بەشێک لەو ڕاهێنانە سۆزدارییەی پاسەوانەکان لە کۆماری خۆیدا ئەنجامی دەدەن. ئەفلاتوون پێی وا بوو تۆنەکانی ئایۆنی و لیدی ،کە خەم و پەژارە ورووژێنن و ئیسراحەت بەرەوپێش دەبەن، دەبێت قەدەغە بکرێن. بەڵکوو پاسەوانەکان دەتوانن گوێ لە دۆرییەکان و فریجییەکان بگرن، کاتێک هەستی بوێری و زاهیدیان ورووژێنن.

گۆتفرید لابێنتس، لە کتێبی مۆنادۆلۆجی ١٧١٤دا ڕوونی دەکاتەوە، کە چۆن تێڕوانینە نائاگاکانمان کاردانەوەکانمان بەرامبەر بە هونەر لەقاڵب دەدەن، ئەو (هەڵچوونە سۆزدارییە)ی لە پەیوەندییە بیرکارییە نهێنییەکان لە نیگارکێشان و موزیکدا هەستی پێ دەکەین.

فریدریش شێلینگ یەکێک بوو لە یەکەمین ئایدیاڵیستە دیارەکان، یەکەم فەیلەسووفەکانیش کە پێی وا بوو دەنگی ئامێری پاکترین و ڕۆحیترین هونەرە، نەک تەنها لەبەر ئەوەی وردەکارییەکی بەڕەهایی پێ بەخشیوین.

شۆپنهاوەر پێی وا بوو ئێمە بەئاگادارییەوە کاریگەریی ئەو ئاماژە دەنگی یان بینراوانەمان لەسەرە، کە لە بیستنی موزیک یان بینینی بەرهەمێکی هونەرییەوە وەری دەگرین.

نیچە، لە کتێبی (لەدایکبوونی کارەسات لە سکی موزیکەوە)، کۆک بووە لەسەر ئەوەی لە ڕێگەی هونەرەوەیە، بە تایبەت موزیک، مرۆڤ دەتوانێت، تەنانەت گەر بۆ ماوەیەکی کورتیش بێت، لە نەهامەتییەکانی ژیانی دونیا ڕزگاری ببێت.

لە ڕاستیدا سەرچاوەکان ئەوەمان پێ دەڵێن، لێکۆڵەران بەو ئاکامە گەیشتوون کە موزیک کاریگەریی لەسەر وردبینی، ئاوەز، ڕوانگە و تێگەیشتنی مرۆڤەکان هەیە، موزیک کاریگەرییەکی بەرچاوی لە هێورکردنەوە و باشترکردنی دۆخی قەیراناویی نەخۆشانی بەشی (ئای‌ سی‌ یو)ی نەخۆشخانەکاندا هەیە. سیستەمی مێشک وەڵامی ئەرێنی بە (بزوێنەرە موزیکییەکان) دەداتەوە و بەگشتی موزیک لە گۆڕانی حاڵەتی نەخۆشەکاندا کاریگەرە و کەڵکوەرگرتن لە موزیک، دەبێتە هۆی هێورکردنەوەی ڕۆح و دۆخی زەین.

موزیک لەسەر هۆرمۆنە جیاوازەکان، لێدانی دڵ، پەستانی خوێن، بەهێزیی جەستە و جووڵەکانی لەش کاریگەریی ئەرێنیی هەیە، بە دەربڕینێکی وردتر، موزیک لەسەر جووڵەی ناوەندی هەستەکان، واتە سیستەمی (لیبیک) و تووڕەیی کاریگەری دادەنێت. هەروەها کاریگەریی پۆزەتیڤی لەسەر یادەوەری و بیرهێنانەوەی هەستەکانی ڕابوردوو و لایەنی تەندروستیی جەستەیی هەیە.

 بێگومان قسە زۆرە لەسەر موزیک و ئەم کتێبەش بە هۆی بەها و بەنرخییەوە قسە زۆر هەڵدەگرێت. ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی گچکەی کتێبەکە، دەنا خوێنەر خۆی لە ساتی خوێندنەوەیدا بەر دنیایەک زانیاریی بەسوود دەکەوێت، ڕۆشنبیرییەکی فراوانمان سەبارەت بە هونەری موزیک پێ دەبەخشێت، هەر بۆیە زۆر گرنگە موزسیانان، بەتایبەت فێرخوازان و خوێندکاران، ئەم کتێبە بخوێننەوە، چونکە هەم بەرچاوڕوونییەکی گەورە دەبێت بۆیان، هەم دونیابینیی هونەرییان فراوانتر دەبێت.