یاداشتەکانی ناپۆلیۆن: پاڵەوان دان بە شکستدا نانێت
یاداشتەکانی ناپۆلیۆن: پاڵەوان دان بە شکستدا نانێت
وەرگێڕان و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع
ناپۆلیۆن (15ی ئابی 1769-5ی ئایاری 1821) ئەو پیاوەی تەنها نزیکەی 52 ساڵ ژیا، وەلێ ڕۆژگارێک بوو، بە زەبری هێز و شمشێر و تۆپخانە، نیوەی وڵاتانی ئەورووپای خستبووە ژێر ڕکێفی خۆیەوە. ئەو پیاوەی سەروەختێک بە خۆی و ئۆردووەکەیەوە دەکەوتە ڕێ، وەک دەڵێن خۆی لێرە بوو، تەپوتۆزی سوپاکەی لە شیراز و سەمەرقەند بوو، هەمووان دەستیان لەسەر دڵیان بوو، ئاخۆ بەرەو کوێ دەڕوات، چ ئاوەدانییەک داگیر دەکات، کێ دەبێتە قوربانی و چ شوێنێک وێران و خاپوور دەکات؟ گڕ لە کام دارستان بەردەدات و چ دەریایەک داگیر دەکات؟ کەچی لە دواجاردا خۆی بەدیلی و لە دوورگەیەکی دوورەدەستدا بینییەوە، دوورگەی سانت هێلينا؛ لەوێدا هەر خۆی بەتەنیا، بێ سوپا زەبەلاحەکەی، بێ پلانی داگیرکردن، بێ مەدالیا و نیشانەکانی سەر شانی، بێ عەرش و تاجی ئیمپراتۆرییەت، خۆی و خودای خۆی و چەند پاسەوانێکی کەم.
لە دوورگەی سانت هێلینا تاقە چەکێک کە پێی مابوو، نە تۆپ و ئەسپەکانی بوو، نە فیشەک و جبەخانە و ژمارەی بێشوماری سەربازەکانی، نە شمشێر و دەمانچەکانی و نە خەنجەر و تفەنگەکانی بوو؛ ئەو تاقە چەکەی لەوێدا بۆی مابووەوە، زمانی بوو، هەر لە ڕێگەی زمانیەوە بەسەرهاتی یاداشتەکانی دەست پێ دەکات. ناپۆلیۆن لە دوورگەکە، چیتر ئیمپراتۆر و سەرکردە و ژەنەراڵ و فەرماندەی یەکەمی سوپا نەبوو، بەڵکوو بوو بە کەسێکی گێڕەرەوە، کەسێک بێئیش دانیشتووە و ژیانە تا ڕادەیەک کورتەکەی دەگێڕێتەوە؛ وەلێ ئەم وەرچەخانە، ئەم گۆڕانکارییە هەر وا شتێکی سادە و ساکار و لەناکاو نەبوو، چونکە لەمێژ بوو ئیمپراتۆری لەکارلابراو دەرکی بەوە کردبوو، چیتر جەنگی ڕاستەقینە لەسەر زەوی و لە مەیدانی بەرەکانی پێشەوەی شەڕدا نییە، لەناو سەنگەرەکان و ساترە خۆڵاوی و ڕاڕەوە تەسک و پێچاوپێچەکاندا نییە، بەڵکوو لە یادەوەریی ئەورووپییەکاندایە و کێ چیرۆکەکە دەنووسێتەوە؟ کێ وێنە و سیما و پۆرترێکی ئەو پیاوە دەکێشێت و باس لە جەنگ و سەرکەوتنەکانی دەکات، کە شکستی بە پادشاکان هێنا و سەرلەنوێ کیشوەرەکەی بوونیاد نایەوە؟
ئا لەبەر ئەو هۆکارە، یاداشتەکانی نووسینێکی هاکەزایی و خێرا و خاکی و سادە نییە. ئەو بە شێوازێک مامەڵەی لەگەڵ یاداشتەکانیدا کردووە، وەک ئەوەی درێژکراوەی هەڵمەتە سەربازییەکانی بێت: پلاندان، چۆنیەتیی پەلاماردان، دابەشکردنی ڕۆڵ، کۆنترۆڵکردنی گێڕانەوەکان. ناپۆلیۆن ڕۆژانە بیرەوەرییەکانی خۆی بە هاوەڵەکانی دەنووسییەوە، دیارترینیان ئیمانوێل دو لاس کاز بوو. ئەم هاوەڵەی، لە یەک کاتدا ڕۆڵی نووسینەوە، سەرنووسەر، نێوەندگیرێکی کولتووریی نێوان ئیمپراتۆری دوورخراوە و ڕای گشتیی ئەورووپای دەگێڕا. باشە ئاخۆ ناپۆلیۆن، لەو کات و ساتەدا و لەو دوورگە چۆڵ و لاتەریک و دوورەدەستەدا، بەڕاستی چیی دەنووسییەوە و خۆی بە چییەوە سەرقاڵ کردبوو؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، دەکرێت ئەم چەند خاڵەی خوارەوە بخەینە ڕوو:
یەکەم: سەرلەنوێ بوونیادناوەی خودی خۆی. ئاخر لەم لاپەڕانەدا، ناپۆلیۆن بەو جۆرە دەرناکەوێت کە کەسێکی دڵڕەق، ستەمگەر، زۆردار، ژەنەراڵی سوپا، یا داگیرکەرێکی چاوچنۆک بووە، بەڵکوو وەک چاکسازێکی مەزن، وەک ڕیفۆرمخوازێکی مۆدرێن، وەک کوڕی شۆڕشی فەڕەنسی (1789)، وەک پاسەوانی پاراستنی پرنسیپەکانی شۆڕش دەردەکەوێت. تەنانەت خۆی وەک قوربانی دەردەخات، قوربانیی دەستی هاوپەیمانیی مەمالیکە کۆنەپەرستەکان، نەک ئەوەی بەرپرسی کوشتنی ملیۆنان کەس بێت. جەنگەکانی و کوشتوبڕەکانی و ماڵوێرانییەکانی دەگۆڕێن بۆ بەرگریکردن لە ڕۆشنگەری و پرنسیپەکانی شۆڕش و مافەکانی مرۆڤ. هەرچی شکست و دۆڕان و سەرنەکەوتنەکانیەتی، ئەوا هۆکارەکەی خیانەت و ناپاکی یان بەدبەختی بووە، نەک بە هۆی هەڵە ستراتیژییەکانیەوە.
ناپۆلیۆن لەم یاداشتانەدا پەیڕەوی لە شتێک دەکات، دەتوانرێت پێی بگوترێت (ئەندازەی ئەخلاقی بۆ یاداشت/ژیاننامە)، واتە هەر ڕووداوێک بە شێوەیەک دووبارە ڕێک دەخرێتەوە، کە خزمەتی وێنەیەکی دیاریکراو بکات: ناپۆلیۆنی بیرمەند، ناپۆلیۆنی یاسادانەر، ناپۆلیۆنی خەونبین بە ئەورووپایەکی یەکگرتووەوە. تەنانەت ساتە پڕ لە توندوتیژییەکانیش وەک پێویستیی مێژوویی پیشان دەدرێن. هەرچی بڕیارە کارەساتبارەکانە، وەک بڕیاری هەردوو هێرشەکەی بۆ سەر میسڕ و ڕووسیا، بە شێوەی سەرکێشییەکی گەورە دەگێڕرێنەوە، کە کەشوهەوا خیانەتی لێ کرد، نەک عەقڵ.
دووەم: ناپۆلیۆن لەو ساتەوەختەدا بۆ مێژووی دەنووسی، نەک بۆ هاوسەردەمەکانی. ئەو بە هۆشیارییەکی گەورەوە زۆر باش دەرکی بەوە کردبوو خوێنەرە ڕاستەقینەکانی هێشتا لەدایک نەبوون و چاویان بە دونیا هەڵنەهاتووە، لەبەر ئەوەیە زمانی نووسینەوەی یاداشتەکانی تێکەڵێکە لە دانپیادانان و پاساوهێنانەوە و پێشبینیکردن. ئەو لە یەک کاتدا قسە بۆ سەدەی نۆزدەیەم و سەدەی بیستەم دەکات و لە تێکستەکەیدا تۆوی تێڕامان و لێکدانەوەکانی ئایندە دەچێنێت. بەم مانایە، یاداشتەکانی لە وەسێتنامەیەکی سیاسیی دوورودرێژ دەچێت، دەیەوێت وەک داهێنەرێکی تراژیدی یادی بکرێتەوە، نەک وەک دیکتاتۆرێکی شکستخواردوو.
لەم یاداشتانەدا، ڕەنگە لە هەموی گرنگتر ئەوە بێت، کە دوورخستنەوەی دەگۆڕێت بۆ شانۆیەکی فەلسەفی. بەو مانایەی سانت هێلینا تەنها زیندانێک و مەنفایەک نییە، بەڵکوو پانتاییەکە بۆ تێڕامان و بیرکردنەوە، لەوێدا سەرکردەی دابڕاو لە دەسەڵات، دووبارە خوێندنەوە بۆ شۆڕش، پاشایەتی، ئاین، پەیوەندیی نێوان تاک و مێژوو دەکات. لێرەدا ناپۆلیۆن دەبینین لە پیاوی کردارەوە گۆڕاوە بۆ پیاوی بیرۆکە و بیرکردنەوە؛ لە سەرکردەی سوپاوە دەبێتە شیکەرەوەی ڕێڕەوی شارستانییەتی ئەورووپا.
سێیەم: ئەوەی وا دەکات ئەم یاداشتانە لە یەک کاتدا هەم مەترسیدار و هەم سەرنجڕاکێش بێت، ئەوەیە توانای دروستکردنی (ناپۆلیۆنی خەیاڵی)ی هەیە، کەسایەتییەکی گەورەتر لە واقیع، کەسایەتییەک وردەکارییەکانی ژیاننامە تێدەپەڕێنێت، لەپێناو ئەوەی ببێت بە سیمبوڵ یان ئایکۆن، سیمبوڵی بلیمەتیی تاکەکەسی و ئایکۆنی سەرهەڵدانی پیاوێک لە پەراوێزەوە بۆ لووتکەی جیهان و دواتر کەوتنە دراماتیکییەکەی. ئەم ئەفسانەیە، دواتر تەنها لە ئەدەب و هونەردا لەدایک نەبوو، بەڵکوو بۆ یەکەم جار لەسەر دەستی خودی ناپۆلیۆن لەدایک بوو. ئەو بەتەواوی لەوە تێگەیشتبوو دەسەڵات بە ڕووخانی عەرش، بە هاتنەخوارەوە لەسەر کورسی حوکمڕانی، بە دوورکەوتنەوە لە کۆشک کۆتایی نایەت، بەڵکوو لە ڕێگەی گێڕانەوەوە بەردەوام دەبێت، لێرەوەیە، بە وردبینییەکی زۆرەوە، بڕیاری ئەوەی داوە لەم یاداشتانەدا چی بگێڕێتەوە و چی نەگێڕێتەوە.
چوارەم: لە یاداشتەکاندا ڕووبەرێکی گەورە بۆ لاوازیی شەخسی، یان بۆ پەشیمانبوونەوەیەکی قووڵ، یاخود بۆ شڵەژانێکی وجوودی نادۆزینەوە. هەموو شتەکان لەسەر ڕیتمی پیاوێک ڕێک خراوه، هێشتا خۆی بە ناوەندی بڕیار و چەقی دیمەنەکە دەزانێت. هاوکات لەگەڵ ئەوەدا، هەندێک ساتی مرۆیی دەبینین، وەک پەرۆشی و حەزی بۆ بینینەوەی پاریس، بێزاری لە تەنیایی دوورگەکە، تێڕامان لە مانای نەمری. ئەم ساتە کورت و بچووکانە هێزێکی ئەدەبییان بە تێکستەکە بەخشیوە، چونکه ئەو ساتانە مرۆڤێکی دیکەی پشت دەمامکی ئیمپراتۆر ئاشکرا دەکەن. لێرەوە بیرەوەرییەکانی ناپۆلیۆن تەنها بەڵگەنامەیەکی مێژوویی نین، بەڵکوو کارێکی گێڕانەوەی ئاڵۆزن، تێیدا واقیع لەگەڵ خەیاڵ، یادەوەری لەگەڵ ستراتیژ تێکەڵ بە یەک دەکات. هەوڵێکی کۆتاییە بۆ کۆنترۆڵکردن، ئەم جارە نەک کۆنترۆڵکردنی جوگرافیا، بەڵکوو کۆنترۆڵکردنی مانا. ئەڵبەتە ناپۆلیۆن ئیمپراتۆرییەتەکەی دۆڕاند، بەڵام شەڕێکی دیکەی بردەوە: شەڕی وێنە. ئاخر سەروەختێک ناپۆلیۆن دەگاتە دوورگەی سانت هێلینا، نەک تەنها عەرشی ئیمپراتۆرییەتەکەی لەدەست دابوو، بەڵکوو ئەو چوارچێوەیەشی لەدەست دابوو کە مانای بە ژیانی بەخشیبوو.
ناپۆلیۆن پیاوێک بوو، بە درێژایی دوو دەیە لە جووڵەی بەردەوام، جەنگ، بڕیاری چارەنووسسازدا دەژیا، کەچی لەناکاو خۆی لە دۆخێکدا بینییەوە، بەبێدەنگی و بە ئاسۆیەکی دەریای بێکۆتا دەورە دراوه. دروست ئا لێرەوەیە بیرەوەرییەکان وەک وەڵامێکی دەروونی دەست پێ دەکەن، پێش ئەوەی ببنە پرۆژەیەکی مێژوویی. تاراوگە بۆ ناپۆلیۆن سزایەکی جەستەیی نەبوو، بەڵکوو داماڵین و بەتاڵکردنەوەیەکی دڵڕەقانەی شوناس و ناسنامەکەی بوو. ئاخر هەمو ئەوەی ناپۆلیۆن دەیزانی و تێیدا خۆی بینیبووەوە، بریتی بوو لە سوپا، کۆشک، ئاپۆرای جەماوەری، وەلێ کتوپڕ هەموو ئەوەی لەدەست دا و بەتەنها لەگەڵ بیرەوەرییەکانیدا مایەوە، لە بۆشاییەکی لەو جۆرەدا، نووسین دەبێتە کەرەستەیەکی پێویست و وجوودی.
ناپۆلیۆن بیرەوەرییەکانی، بە مانا نەریت و باوەکەی نووسینەوەی بیرەوەری “نەنووسیوەتەوە”، بەڵکوو بە هاوەڵەکانی ئەو کارەی کردووە، دیارترینیان، وەک گوتمان، ئیمانوێل دی لاس کاز بوو. ئەم هاوەڵەی هەموو ئەو گفتوگۆیانەی لە کتێبی (بیرەوەرییەکانی سانت هێلینا)دا نووسیووەتەوە. ئەم وردەکارییە لە ڕووی دەروونییەوە گرنگە، بەو مانەیەی ناپۆلیۆن بەردەوام قسەی کردووە بێ تۆمارکردن، بڕیاری داوە و بێ ئەوەی بە دەستی خۆی بڕیارەکەی بنووسێتەوە. ئەمە وەک ئەوەیە لە قووڵایی ناخیدا بەتەواوەتی ڕازی نەبووە لە فەرماندەوە بگۆڕدرێت بۆ نووسەر. دەکرێت ئەم یاداشتانە، یان ئەم بیرەوەرییانە، وەک جۆرێک لە چارەسەرکردن بە قسە بخوێنرێتەوە. ئیمپراتۆری دۆڕاوی شکستخواردوو چەندین جار ژیانی خۆی دەگێڕێتەوە، ڕووداوەکان سەرلەنوێ ڕێک دەخاتەوە، پێداچوونەوە بە بڕیارەکاندا دەکات، پاساو بۆ شکستەکان دەهێنێتەوە. ئەم دووبارەبوونەوەیە بێهودە نییە، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ چاککردنەوەی وێنەی شکاوی خۆی، چونکە شۆکە گەورەکە بریتی نییە لە شکستی سەربازی، بەڵکوو کەوتنی وێنەی “ئەو پیاوەیە کە هەرگیز نابەزێت.”
ئەمە ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە، کە بۆچی ناپۆلیۆن لە یاداشتەکانیدا بەدەگمەن دان بە هەڵەدا دەنێت؛ هەمیشە بۆ هەڵەکانی، پاسا و فاکتەری دەرەکی ئامادەیە، لەوانە، کەشوهەوای خراپ و نالەباری ڕووسیا، خیانەتی هاوپەیمانان، گەمژەیی ژەنەراڵەکان، دڕندەیی ئینگلیزەکان. لێرەدا دەروون/نفس خۆی لە داڕمان دەپارێزێت، بەوەی هەڵەکانی دەخاتە ئەستۆی هەلومەرج و کەسانی دیکەوە، چونکە دانپیانانی تەواوەتی بە بەرپرسیارێتیدا، بە مانای هەرەسهێنان دێت.
لەم دەق، تێکست، یان یاداشتەدا، یەکێک لە دیارترین تایبەتمەندییە دەروونییەکان، ئەوەیە دەکرێت پێی بڵێین (نێرگزییەتی بریندار/نرجسیة الجریح)، لەم کتێبەدا ناپۆلیۆن بەردەوام کارامەیی و تاکایەتیی ناوازەی خۆی دووپات دەکاتەوە: بلیمەتیی سەربازی، دیدگە سیاسییەکەی، توانای خوێندنەوە و لێکدانەوەی بۆ مێژوو، بەڵام هەموو ئەوانە لە پێگەی قوربانییەوە دەکات. ئەو بلیمەتێکە سەردەمەکەی نەیتوانیوە لێی تێبگات، ئەم نموونەیە -پاڵەوانی تراژیدی- دڵنەواییەکی ناوەکیی پێ دەبەخشێت، ئەو نەکەوت لەبەر ئەوەی شکستی هێناوە، بەڵکوو کەوت لەبەر ئەوەی لە سەردەمی خۆی گەورەتر بووە. لێرەدا یاداشت و بیرەوەرییەکان دەبنە شانۆی قەرەبووکردنەوە و ناپۆلیۆن تێیدا ڕۆڵی پاڵەوان دەگێڕێت و ئەوانی دیکە ڕۆڵی کۆمبارس یان خائین یاخود کەرەستەی کوێری مێژوو دەگێڕن.
بەڵام لەژێر ئەم چینە ڕەقەدا درز و کەلێنی ورد دەردەکەون. هەندێک جار، وەک ئاماژەمان پێ دا، باس لە بێزاریی خنکێنەری دوورگەکە دەکات، باس لە قورسایی دووبارەبوونەوەی ڕۆژە لەیەکچووەکان دەکات، باس لە حەسرەت و پەرۆشی و تامەزرۆیی خۆی بۆ بینینی پاریس دەکات. ئەم ساتە ڕاگوزەرانە ناسکی و میهرەبانییەک ئاشکرا دەکەن، لە کاتی بوونی لە دەسەڵات وەک ئیمپراتۆر و ژەنەراڵی سوپادا دەرنەدەکەوتن؛ ئەمە یەکەم جارە ڕووبەڕووی ڕۆژگارێک، دۆخێک، زەمەنێک دەبێتەوە، ڕێگەی نەدەدا لە کاتی دەسەڵات و ژیانی ناو کۆشکدا سەرهەڵبدات. هەنووکە بۆ یەکەم جار، بێ ئەرک و هیچ کارێک، ڕووبەڕووی ڕۆژگار و ژیانی بێجەماوەر دەبێتەوه.
لە زانستی دەروونناسیدا لەدەستدانی پێگە و ڕۆڵی کۆمەڵایەتی یەکێکە لە قووڵترین جۆرەکانی شۆک، ناپۆلیۆن وەک دروستکەری مێژوو، گرنگترین پێگە و ڕۆڵی خۆی لەدەست دا، هەر بۆیە هەوڵ دەدات لە ڕێگەی سەرلەنوێ نووسینەوەی مێژووەوە، قەرەبووی ئەو خەسارەتە بکاتەوە. لێرەدا بیرەوەرییەکانی تەنها بەرگریکردن نییە لە ڕابوردوو، بەڵکوو هەوڵێکە بۆ سەرلەنوێ کۆنترۆڵکردنی داهاتوو. ئیمپراتۆری نووسەر دەیەوێت دەری بخات چۆن لەلایەن جیهانەوە دەخوێنرێتەوە، لێکۆڵینەوەی لەسەر دەکرێت، چۆن و بە چ شێوەیەک بیری لێ دەکەنەوە. بەم مانایە، نووسین بە ڕێگە و شێوازی دیکە، دەبێتە درێژەپێدەری شەڕ.
لەگەڵ هەمو ئەوانەدا، لەم یاداشتانەدا هیچ ڕووبەڕووبوونەوەیەکی ئاشکرا لەگەڵ هەستکردن بە تاوان، کوشتنی ملیۆنان کەس، شارە وێرانەکان، خێزانە تۆقیوەکاندا نابینینەوە؛ هەموو ئەوانە لە دەرەوەی گێڕانەوەی دیمەنەکە دەمێننەوە، دەروون باس لەو شتانە دەکات کە بەرگەی دەگرێت. داننان بەم حاڵەتە مرۆییانەدا، ئەو گێڕانەوە قارەمانانەیەی ناپۆلیۆن پێویستی پێی بوو بۆ ئەوەی بەیەکگرتوویی بمێنێتەوە و تووشی هەرەسی دەروونی نەیەت، تێک دەدا. داننان بەو تاوانانەدا، دەبووە هۆی هەرەسهێنانی ناوەکی و ناپۆلیۆن نەیدەویست ئەو هەرەسە ناوەکییە ڕوو بدات.
جێگەی سەرنجە ناپۆلیۆن لە دوورگەی سانت هێلینا بایەخ و گرنگی بە خۆشەویستی یان پەیوەندییە کەسییەکان نادات و زیاتر سەرقاڵی بیرکردنەوە لە خودی خۆیەتی، ئەمە وەک ئەوەیە هەست و سۆز کشابێتەوە و تەنها ئیگۆ مابێتەوە، تاکوو لێیەوە ڕووبەڕووی مێژوو ببێتەوە. ئەمە سیفەتێکی باوی ئەو کەسایەتییانەیە کە عەیامێکی زۆر لە ناوەندی دەسەڵاتدا ژیاون، وەلێ سەروەختێک دەکەون و دەسەڵاتیان نامێنێت، هیچیان بۆ نامێنێتەوە، جگە لە گفتوگۆی ناوەکی لەگەڵ خودی خۆیاندا. دواجار ئەگەر جەستە لە دوورگەکەدا گەمارۆ درابێت، ئەوا خود دەیەوێت بە درێژایی سەدەکان بمێنێتەوە!
سەرچاوەکان:
1. مذکرات نابوليون… “البطل” لا يعترف بالهزيمة، ابراهیم العریس، www.independentarabia.com، الجمعة، 20ی شوباتی 2026
2. نابليون يروي مذکراته عن مصر، داليا عاصم، aawsat.com 23، مايو 2019
3. www.google.com