ئێزیدییەکان لە دیدی ڕۆژەڵاتناسێکی ڕووسەوە

ئێزیدییەکان لە دیدی ڕۆژەڵاتناسێکی ڕووسەوە

ڕانانی: ئیدریس عەلی

بەپێی زانیارییەکانی نێو دووتوێی ئەم کتێبە (چەند سەرنجێک دەربارەی ئێزیدییەکانی تورکیا)، کە بابەتەکانی مێژوویی و سیاسین، (کارتسۆڤ) ساڵی ١٨٧٩ نێراوە بۆ خۆرەڵاتی ناوەڕاست تاوەکوو بەشدار بێت لە خزمەتی دیپلۆماسیدا، هەر وەکوو  خۆیشی ئاماژەی بۆ کردووە، لە کتێبی (حەوت ساڵ خزمەتکردن لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا) نووسیویەتی: “لە پایزی ساڵی ١٨٧٩دا فەرمانی دەستبەکاربوونم وەک یاردیدەدەری کونسوڵ لە کۆنستەنتینۆپڵ دەرچوو، هەرچەندە کارەکەم ئەرکێکی دیپلۆماسی نەبوو، بەڵام مووچەکەم سێ هەزار ڕۆبڵ بوو لە ساڵێکدا، ئەم پارەیە بۆ ئەو کاتەی من گەلێک زۆر بوو.”

ئەم ڕۆژەڵاتناسە ڕووسییە ساڵی ١٨٨٦ وەک یاریدەدەری کونسوڵی موسڵ دەستبەکار بووە، دواتر پلەی بەرز کراوەتەوە بۆ کونسوڵ لە فەڵەستین، پاشان وەک ئەندامی دەستگای هەواڵگریی دیپلۆماسی لە سڕبیا دەستبەکار بووە.

هەر بەپێی ئەو زانیارییانەی لەنێو دووتوێی ئەم کتێبەدا خراونەتە ڕوو، ئەم ڕۆژەڵاتناسە ڕووسییە خاوەنی کۆمەڵێک بەرهەمی ڕامیاری و مێژووییە، کە بریتین لە: چەند سەرنجێک دەربارەی ئێزیدییەکانی تورکیا تەفلیس، ڕێکخستنەوەی کاروباری بازرگانیی سوڤێلکی، حەوت ساڵ خزمەتکردن لە خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا، سیاسەتی دەرەوە وەک بەشێک لە سامانی میللی، ئەرکەکانی سیاسەتی دەرەوەی ڕووسیا، تیۆریای سیاسەتی دەرەوە و بەکارهێنانی لەلایەن ڕووسیاوە، دیپلۆماسییەت لەپشت پەردەوە، هۆکارەکانی هەڵگیرساندنی جەنگی ١٨١٢، سێبەری ڕابوردوو.

لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا بە ناوی (ئەفسانە و بیروبۆچوونەکان دەربارەی بیروباوەڕی ئاینی ئێزیدی و ناوەرۆک و جەوهەری  ئاینە)، تیشک خراوەتە سەر ئەوەی ڕەچەڵەک و بیروباوەڕی ئاینی ئێزیدی تەنها چیرۆک و ڕا و سەرنج لەبەر دەستدان، بوونیادنەری ئەم بیروباوەڕە بۆ (شێخ عادی)ی خەڵکی هەکاری دەگەڕێننەوە، کە باوکی ناوی موسافیرە، ئەو بە سەرکردایەتیی هاوبیرەکانی هێرشی کردووەتە سەر دێری کریستانییەکان بە ناوی یوحەنای پیرۆز لە لاش: ئەوانەی بیروبۆچوونیان جیاوازە لەگەڵ ئەو بیروبۆچوونەی ڕەچەڵەکی ئێزیدی دەگەڕێننەوە سەر خەلیفە یەزد، باسێکی دیکە دەگێڕنەوە. لەنێوان حسێنی کوڕی عەلیی خەلیفەی موسڵمانان و یەزدی کوڕی معاویەدا لەپێناو بەدەستهێنانی کورسیی دەسەڵاتدا جەنگ بەرپا بووە.

هەر لەم بەشەدا دانەری کتێبەکە کۆمەڵێک زانیاریی گرنگ دەخاتە ڕوو و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە زەردەشت لە وڵاتی فارسەوە هاتووە بۆ گوندی بەعشیق، کە دوانزە فەرسەخێک لە شاری موسڵەوە دوورە و گۆڕەکەی هەر لەوێیە، ئێزیدییەکان (حەسەن) بە (فێخدۆشیم) ناو دەبەن، لەبارەی ئەم زەردەشتەوە حیکایەتی زۆر هەیە و دەڵێن: سێ پیری مەزن و دانا لە پەیمانی نوێدا ناویان هاتووە، شاگردی زەردەشت بوون و هەر بە بڕیاری زەردەشتیش چوونەتە (بەیت لەحم) بۆ کڕنووشبردنی ڕزگارکەر (مەبەست لە عیسای مەسیحە).

لە بەشێکی دیکەدا بە ناونیشانی (ئەفسانە و بۆچوونەکان دەربارەی ئەوەی پاش تۆفان چی ڕووی دا؟) ئەم ڕۆژەڵاتناسە باس لەوە دەکات کە ئاینی ئێزیدی قبوڵی ناکات هیچکەسێک بێتە سەر بڕواکەیان، واتە یاساغ کراوە ببێت بە ئێزیدی، دەبێت بەئێزیدی هاتبیتە دونیاوە، بەڵام چینەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی تێکەڵوپێکەڵ بوون؛ ئەگەر نوح ئێزدانی بووبێت، کەواتە وەچەکانی ئادەم لەناو چوون: زۆرێک لەو ئێزیدییانەی تا ئەو کاتە بڕوای ئاینیی خۆیان دەشاردەوە، لەو کاتەوە باوەڕی ئاینیی خۆیان ئاشکرا دەکەن، خەڵکی نیشتەجێی ناوچە شاخاوییەکانی (دورزی) ویستیان ببنە پەیڕەوکەری ئاینەکەی یەزد، بەڵام یەزد ئەوانی قبوڵ نەکرد تا ببنە پەیڕەوکەر و شوێنکەوتەی ئاینەکەی، یەزد لە دیمەشق سێ سەد ساڵ ژیاوە، مەلەک تاوس ڕاستەوخۆ لەگەڵ خۆیدا بردوویەتی بۆ ئاسمان.

هەر لەم کتێبەدا و لە بەشێکدا بە ناوی (پێکهاتەی ناوخۆیی چینەکانی کۆمەڵگەی ئێزیدی) ئەوە خراوەتە ڕوو، کە ئێزیدییەکان لەو کۆمەڵانەن کە پێویست ناکات خۆیان هەوڵ بدەن نەوەی کۆمەڵێک بهێننە پێشەوە، بەڵکوو باوەڕەکەیان هەموو ئەم پرسەیان یەکلایی کردووەتەوە، بڕوایان بە میرزا بەگی بیریانە، کە ڕەچەڵەکی دەچێتەوە سەر ئێزدا: بەم شێوەیە دەسەڵاتی ئەرستۆکراتیی بنەماڵەکەیان بە ڕەچەڵەک دەچێتەوە سەر شەش مەلیکی خواوەندی.

بەپێی ئەو زانیارییە مێژووییانەی تاوەکوو ئێستا لەبەر دەستدان، هەندێك لە توێژەران ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن كە ناوی “ئیزیدییەكان” لە ناوی “یەزیدی كوڕی معاویە”وە هاتووە، بێگومان بەڵگەیان هەیە و کاتێک كێشە لەنێوان بەرەی (عەلیی كوڕی ئەبو تاڵیب) و (معاویەی كوڕی ئەبو سفیان)دا دروست بوو، كاتێک دەسەڵات كەوتە دەست معاویە، دوای ٢٠ ساڵ معاویە مرد و یەزید دەسەڵاتی گرتە دەست. لە ئەنجامی فراوانكردنی دەسەڵاتی عەرەب لە ڕێگەی ئاینی ئیسلامەوە، یەزید بۆ كوردستان پەلی هاویشت و زۆربەی ناوچەكانی فەتح كرد. بە هۆی ئاووهەوا و سروشتی كوردستانەوە، یەزید بڕیاری دا لە كوردستان بمێنێتەوە و نیشتەجێ بێت؛ لە ئاكامی ئەو فەتحەدا، خەڵكی كوردستان ئامادە نەبوون خۆیان بەدەستەوە بدەن، بۆیە لەگەڵ سوپای یەزید شكان و چەندان ژن و كچیان وەكوو كەنیزەك و غەنیمە كەوتە دەست، ئێزیدییەكان نەوەی یەزیدی كوڕی معاویەن.

ئێزیدی خاوەنی ئاینێكی تایبەتن و زۆربەی ئێزیدییەكانی جیهان لە باشووری كوردستانن، لە دەڤەری شێخانی نێوان موسڵ، پارێزگای دھۆك و دەڤەری شنگالی سەر سنووری سووریادا دەژین. ئێزیدی لە ناوچەی تریشدا دەژین، ئێزیدییەكی زۆر هەڵهاتن بۆ ئەرمەنستان و گورجستان لە سەدەکانی نۆزدەیەم و بیستەمدا، لە دەست چەوساندنەوەی ئاینییان لەلایەن ئەو توركە عوسمانی و كوردە سونییانەی دەیانویست بیانكەن بە موسڵمان. یەزیدییەكانیش تووشی گەلەكوژی و قەڵاچۆكردن هاتن لەگەڵ ئەرمەنەكان، لە جینۆسایدی ئەرمەنەكاندا؛ ئەمەش وای كرد زۆرینەیان هەڵبێن بۆ ئەو بەشەی ئەرمەنستان، كە لەژێر دەستی ڕووسیادا بوو، یەكەمین خوێندنگەی ئێزیدی لە ئەرمەنستان لە ساڵی ١٩٢٠دا كرایەوە.

بە هۆی ئەو گرژییە ڕەگەزییەی لە ئەنجامی شەڕ لەگەڵ ئازەربایجاندا دروست بوو، ئێزیدییەكان پەیوەندییەكانی بە كوردە موسوڵمانە هەڵاتووەكانەوە هەڵوەشاندەوە و پاشگەز بوونەوە، هەوڵیان دا خۆیان وەك نەتەوەیەكی جیا دامەزرێنن. ئێزیدییەكان هاونیشتمانیبوونی خۆیان وەك ئەرمەنستانییەك نیشان دا لە شەڕی ناگۆرنۆ-قەرەباغدا، كە زۆریان لە خزمەتی سەربازیدا مردن. بەپێی سەرژمێریی ساڵی ٢٠٠١، نزیكەی ٤٠,٦٢٠ ئێزیدی لە ئەرمەنستان هەن. ڕاپۆڕتەكان لەسەر پەیوەندیی نێوان ئێزیدییەكان و حكومەتی ئەرمەنیدا جۆراوجۆر بوون، بەپێی ڕاپۆرتێكی ساڵی ٢٠٠٤ی بەڕێوەبەرایەتیی دۆخی مافی مرۆڤی ئەمەریكی، ئێزیدییەكان لە ئەرمەنستان هەراسان كراون، ڕێژەیەكی زۆر لە منداڵی ئێزیدی ناچن بۆ خوێندنگە بە هۆی هەژاری و نەبوونیی مامۆستاوە، كە بە زمانی دایكیان بدوێت.

شایانی باسە بە درێژایی مێژوو، ئێزیدییەکان ٧٢ جار تووشی کوشتن و هێرشی کۆکوژی بوونەتەوە، بە هۆی ئەمەشەوە ئێزیدییەکان لە وڵاتەکانی دیکە بڵاو بوونەتەوە، بێگومان بەو هۆیەشەوە گەلێکی داخراون و لەنێو خۆیاندا کۆکن و هەمیشە پێکەوەن. لە ساڵی ٢٠١٤دا لەلایەن دەوڵەتی ئیسلامییەوە هێرش کرایە سەریان و سەدان کەسیان لێ کوژرا و هەزارانیان لە شەنگال ئاوارە بوون و زۆرێک لە کچەکانیش لە بازاڕەکانی مووسڵ و سووریادا وەک کاڵا فرۆشران.

ئەم نووسینە تەنها هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی بچووکی کتێبەکە، بەهیوام خوێنەر خۆی لە خوێندنەوەی ئەم کتێبە بێبەش نەکات، چوونکە لە ڕووی ڕەهەندی سیاسی و مێژووییەوە، گەلێک زانیاریی بەسوود و ناوازەی تێدایە.

ئەم کتێبە لەلایەن خۆرەڵاتناسی ناوداری ڕووس (کارتسۆڤ یوری سێرگێیڤیچ)ەوە نووسراوە و (سوارە شاکەلی) ڕاستەوخۆ لە زمانی ڕووسییەوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش، وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.