جەنگ لەنێوان کانت و هیگڵدا
جەنگ لەنێوان کانت و هیگڵدا
خالد ئەلغانمی
وەرگێڕانی: هەورامان وریا قانع
لە سەردەمی جەنگدا پێویستمان بەوەیە بگەڕێینەوە بۆ لای وتەی ئەو بیرمەندە مەزنانەی لەبارەی جەنگەوە دواون. جەنگ تەنها ڕووداوێکی سیاسی نییە، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکە بۆ سروشتی خودی عەقڵ خۆیشی. ئایا عەقڵ دەتوانێت سنوورێک بۆ توندوتیژی دابنێت، یان عەقڵ تەنها لەنێو توندوتیژیدا خۆی دەدۆزێتەوە؟ لێرەدا کانت و هیگڵ ڕووبەڕووی یەک دەبنەوە؛ نەک تەنها وەک دوو هەڵوێستی ئەخلاقی، بەڵکوو وەک دوو تێڕوانینی جیاواز بۆ مانای مێژوو، دەوڵەت، مرۆڤ. تێڕوانینێک، یەکێکیان گرەو لەسەر تێپەڕاندنی جەنگ دەکات، وەلێ ئەوی تریان جەنگ وەک ساتێک دەبینێت، کە ناکرێت لە بوونیادی جیهاندا بسڕێتەوه.
ئیمانوێل کانت لە بنەمایەکەوە دەست پێ دەکات، بە ڕواڵەت وا دەردەکەوێت بنەمایەکی سادە بێت، بەڵام تەواوی هەڵوێستەکە سەرەوژێر دەکاتەوە: مرۆڤ ئامانجە، نەک ئامراز. ئەم ڕستەیە تەنها دەربڕینێکی ئەخلاقیی ڕووت نییە، بەڵکوو دەرەنجامی سیاسیی ڕاستەوخۆی هەیە؛ چونکە جەنگ، لە جەوهەری خۆیدا، مرۆڤ دەکاتە ئامرازێک لەنێوان ململانێی دەوڵەتەکاندا، هەر بۆیە کانت مامەڵە لەگەڵ جەنگدا ناکات وەک واقیعێک کە پێویستی بە لێکدانەوە بێت، بەڵکوو وەک کێشەیەک دەیبینێت، کە دەبێت چارەسەر بکرێت. کانت لە پرۆژەی (ئاشتیی هەمیشەیی)دا هەوڵ دەدات سیاسەت لە لۆژیکی هێزەوە بگوازێتەوە بۆ لۆژیکی یاسا؛ لەم ئاسۆیەدا، جەنگ دەبێتە نیشانەیەک بۆ بوونی کەموکووڕی لە عەقڵی سیاسیدا.
ئەو دەوڵەتەی دەچێتە ناو جەنگەوە، هێشتا نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە لە پێگەیشتوویی، کە وای لێ بکات ملکەچی یاسایەکی گەردوونی ببێت. هەر لەبەر ئەمەیە کانت ئاشتی بە چەند مەرجێکی دیاریکراوەوە گرێ دەدات؛ لەوانە، دامەزراندنی سیستمی کۆماری، سیستمێک تێیدا بڕیاری جەنگ دەکەوێتە ژێر ئیرادەی هاووڵاتییانەوە، ملکەچکردنی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان بۆ یاسا، پێکهێنانی یەکێتییەک لەنێوان دەوڵەتان، کە ڕێگر بێت لە خلیسکان بەرەو ململانێ. ئەمانە تەنها ڕێوشوێنی کارگێڕی نین، بەڵکوو سەرلەنوێ پێناسەکردنەوەی خودی سەروەرییە، بە جۆرێک، کە سەروەری چیتر ڕەها نەبێت، بەڵکوو بە یاسایەکی فراوانتر سنووردار بکرێت. ( مەبەستی کانت ئەوەیە، چیتر سەروەریی دەوڵەت وەک هێزێکی ڕەها و بێسنوور سەیر نەکرێت، کە چیی بوێت بیکات و چۆن بیەوێت ئاوا ڕەفتار بکات، بەڵکوو دەبێت سەروەریی دەوڵەتیش ملکەچی کۆمەڵێک یاسا بێت، کە لە دەسەڵاتی خودی دەوڵەتەکە گەورەتر بن و دەوڵەت پابەند بێت بەو یاسایانەوه [و.ک.]).
لێرەدا گرنگترین خاڵ ئەوەیە، کانت ئاشتی وەک دۆخێکی سروشتی نابینێت، بەڵکوو وەک پرۆژەیەک دەیبینێت، کە دەبێت بوونیاد بنرێت. لە ڕوانگەی ئەوەوە، سروشت خۆبەخۆ مرۆڤ بەرەو ئاشتی نابات، بەڵکوو بەرەو ململانێ پەلکێشی دەکات، بۆیە مرۆڤ پێویستی بە عەقڵ هەیە تا سنوورێک بۆ ئەم سروشتە دابنێت. بەم مانایە، ئاشتی شتێکی ئامادەکراو نییە، بەڵکوو دەستکەوتێکی مێژووییە، وەلێ دەستکەوتێکە کە مومکینە و دەکرێت بەدی بێت و تەنها خۆزگەیەکی مەحاڵ نییە.
هیگڵ، لای خۆیەوە، لە خاڵێکی تەواو جیاوازەوە دەست پێ دەکات. لای ئەو دەوڵەت تەنها ئامرازێک نییە بۆ پاراستنی تاکەکان، بەڵکوو باڵاترین بەرجەستەبوونی ژیانی ئەخلاقییە. لەناو ئەم تێگەیشتنەوە، ناتوانرێت جەنگ تەنها وەک گرفت یان تێکچوونێک ببینرێت، بەڵکوو جەنگ ساتێکە، تێیدا حەقیقەتی دەوڵەت دەردەکەوێت؛ نەک تەنها وەک دەزگایەکی کارگێڕی، بەڵکوو وەک گشتێک کە تاکەکان تێدەپەڕێنێت.
هیگڵ پێی وایە کۆمەڵگە ئەگەر بۆ ماوەیەکی زۆر ئاشتی بە خۆیەوە ببینێت و لەناو سەقامگیرییەکی توولانیدا بژی، ئەوا ڕەنگە لەناو بەرژەوەندییە تایبەتەکانی خۆیدا تووشی داخران و قەتیسبوون ببێت و بگۆڕێت بۆ تۆڕێک لە پەیوەندییە سوودگەراییەکان. لەم دۆخەدا، تاکەکان هەستی ئینتیما بۆ ئەو “گشت”ە لەدەست دەدەن. جەنگ لێرەدا وەک جۆرێک لە شۆک کار دەکات، شۆکێک ئەو داخران و قەتیسبوونە دەشکێنێت و تاکەکان دووبارە بە دەوڵەتەوە دەبەستێتەوە. جەنگ بەهایەکی ئەخلاقیی نییە، بەڵکوو ساتەوەختێکە، تێیدا پەردە لەسەر شتێک لادەبات کە لە ئەخلاقی تاکەکەسی قووڵترە.
هەر لەم ڕوانگەیەشەوە، هیگڵ بیرۆکەی ئاشتیی هەمیشەیی ڕەت دەکاتەوە؛ نەک لەبەر ئەوەی جەنگی پێ خۆشە یان پێی باشە، بەڵکوو پێی وایە خودی مێژوو، خۆی لەسەر بنەمای ململانێ وەستاوە. پەیوەندیی نێوان دەوڵەتەکان پەیوەندییەکی یاسایی پوخت و پاکژ نییە، بەڵکوو پەیوەندیی هێزە و هەر دەوڵەتێک نوێنەرایەتیی “گشتێک/قەوارەیەک”ی سەربەخۆ دەکات، کە دان بە هیچ دەسەڵاتێکدا نانێت لە خۆی باڵاتر بێت؛ بۆیە کاتێک ئەم “گشتە/قەوارەیە” لەگەڵ گشتێکی تر یان قەوارەیەکی تردا تووشی بەریەککەوتن دەبێت، هیچ دادوەرێکی باڵا نییە لە یەکتریان جیا بکاتەوە، هەر بۆیە مەسەلەکە بە ململانێ یەکلایی دەکرێتەوە.
لێرەوە جیاوازیی نێوان ئەم دوو فەیلەسووفە، تەنها لە هەڵسەنگاندنی جەنگدا کورت نابێتەوە، بەڵکوو درێژ دەبێتەوە بۆ تێڕوانینیان دەربارەی عەقڵ. لای کانت، عەقڵ سنوور دادەنێت، یاسایەک دادەمەزرێنێت دەوڵەتەکان تێدەپەڕێنێت. لای هیگڵ، عەقڵ ناکەوێتە دەرەوەی مێژوو و دادگایی مێژووش ناکات، بەڵکوو لەناو مێژوودا بەرجەستە دەبێت، تەنانەت لەناو خودی ململانێکانیشدا بەرجەستەیە. هەر بۆیە لای هیگڵ ناتوانرێت عەقڵ لە توندوتیژی جیا بکرێتەوە، وەک ئەوەی کانت دەیکات.
لەگەڵ ئەوەشدا، ناتوانرێت کانت تەنها لە ئایدیالیدا و هیگڵ تەنها لە واقیعگەراییەکی ڕەقدا کورت بکرێنەوە. کانت درک بەوە دەکات جەنگ بەشێکە لە واقیع، بەڵام ڕەتی دەکاتەوە مانایەکی پێ ببەخشێت کە پاساوی بۆ بهێنێتەوە. هیگڵیش درک بە دڵڕەقیی جەنگ دەکات، بەڵام پێی وایە پشتگوێخستنی پێگەی جەنگ لە مێژوودا، نابێتە هۆی سڕینەوەی جەنگەکە. جیاوازییەکە ئەوەیە، کانت دەیەوێت واقیع بە پێوەرێک بپێوێت، لە کاتێکدا هیگڵ دەیەوێت لە ناوەوە لەم واقیعە تێبگات.
ئەگەر سەیری جیهانی مۆدێرن بکەین، دەبینین ئەم گرژییە یەکلایی نەبووەتەوە. دامەزراوە نێودەوڵەتییەکان، یاسای نێودەوڵەتی، بیرۆکەی مافەکانی مرۆڤ… هەموویان درێژکراوە و بەردەوامیی ئاسۆکەی کانتن، بەڵام زۆر جار لەبەر دەم لۆژیکی هێزدا دەستەوسانن. لەبەرانبەردا، دەوڵەتەکان بەپێی حیساباتی ململانێ بەردەوامن لە کارکردن، وەک ئەوەی جیهان هێشتا ئاسۆی هیگڵی جێ نەهێشتبێت.
لێرەدا پارادۆکسێک دەردەکەوێت: هەرکاتێک هەوڵ بدەین سیستمێکی جیهانی لەسەر بنەمای یاسا بوونیاد بنێین، واقیع دێتەوە بیرمان، کە خودی یاسا پێویستی بە هێزێک هەیە بیپارێزێت. هەرکاتێکیش تەسلیمی لۆژیکی هێز ببین، پێویستی بەوەیە پێوەرێک سەرهەڵبدات کە هێزەکە سنووردار بکات. لەنێوان ئەم دوو جەمسەرەدا، جیهان دەجووڵێت بەبێ ئەوەی جێگیر ببێت.
بەم مانایە، کانت و هیگڵ تەنها دوو وەڵامی دژبەیەک پێشکەش ناکەن، بەڵکوو سنوورەکانی هەر وەڵامێکمان بۆ دەردەخەن. کانت ئاسۆیەکی پێویستمان پێ دەبەخشێت، چونکە بێ بیرۆکەی ئاشتی، جیهان دەگۆڕێت بۆ ململانێیەکی کراوەی بێمانا. هیگڵیش تێگەیشتنێکی پێویستمان پێ دەدات، چونکە بێ درککردن بە پێگەی ململانێ، بەردەوام بە وەهمی ئەخلاقییەوە مامەڵە لەگەڵ واقیعدا دەکەین.
دەتوانرێت ڕەهەندێکی تریش بۆ جیاوازیی نێوانیان زیاد بکرێت، کە پەیوەندیی بە وێناکردنی خودی مرۆڤەوە هەیە. لای کانت، مرۆڤ بوونەوەرێکی عاقڵە، پێش ئەوەی بوونەوەرێکی سیاسی بێت، بۆیە سیاسەت بە ئەخلاق دەپێوێت. بەڵام لای هیگڵ، مرۆڤ تەنها لەناو دەوڵەت و مێژوودا مانا وەردەگرێت، بۆیە لەناو سیاسەتەوە لە ئەخلاق تێدەگات. ئەم سەرەوژێرکردنەی پەیوەندییەکەیە وای کردووە جەنگ لای کانت لادان بێت و لای هیگڵ ببێتە ساتێک لە ساتەکانی مانا. هەروەها کانت پێشبینیی ئەگەری هەبوونی یاسایەک دەکات لەسەروو دەوڵەتانەوە، لە کاتێکدا هیگڵ گومانی هەیە لە هەبوونی دەسەڵاتێکی ڕاستەقینە، کە لە دەوڵەت باڵاتر بێت. ئەم گومانە تەکنیکی نییە، بەڵکوو فەلسەفییە، چونکە لای ئەو، دەوڵەت باڵاترین بەرجەستەبوونی ڕۆحە، بۆیە ناتوانێت ملکەچی دەسەڵاتێکی دەرەکی ببێت. لێرەوە ڕوون دەبێتەوە بۆچی ئاشتی لای کانت وەک پرۆژە دەمێنێتەوە و لای هیگڵ وەک ئاسۆیەکی بەدینەهاتوو دەمێنێتەوە.
لە سایەی جەنگی نێوان ویلایەتە یەکگرتووەکان و ئیسرائیل و ئێراندا، وا دەردەکەوێت واقیع زیاتر بەلای لۆژیکی هیگڵدا دەشکێتەوە و تێیدا پەیوەندییەکان لە ڕێگەی هاوسەنگیی هێز و ململانێوە یەکلایی دەکرێنەوە؛ لە کاتێکدا ئاسۆکەی کانت ئاماژە بۆ یاسایەکی نێودەوڵەتی دەکات، کە ڕێگر بێت لە خلیسکان بەرەو جەنگ، بەڵام ئەم ئاسۆیە تەنها وەک پێوەرێک دەمێنێتەوە و پەنای بۆ دەبرێت، بەبێ ئەوەی لە واقیعدا بێتە دی.
سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 4ی نیسانی 2026