دنیای ئیبن سینا لە ڕۆمانێکدا
دنیای ئیبن سینا لە ڕۆمانێکدا
ڕانانی: ئیدریس عەلی
دیمەنی سەرەتای ڕۆمانەکە بە فەزایەکی غەمگینی قەڵای فەردەقان دەست پێ دەکات، کە لە دەمەو چێشتەنگاوێکی زوودا (ئیبن سینا) وەک زیندانییەکی دوورخراوە دەچێتە نێو قەڵاکەوە، بەڵام لەوێ، لەنێو قەڵاکەدا، وەک زیندانی چاو لێ ناکرێت و مامەڵەی خراپی لەتەکدا ناکەن، چونکە بەر لەوەی خۆی وەک دوورخراوەیەک بگاتە ئەوێ، ناو و ناوبانگی وەک پزیشک و فەیلەسووف و زانایەکی گەورە گەیشتووە، هەر بۆیە لەنێو ئەو قەڵایەدا بە شێوەیەکی پچپڕ پچڕی زەمەنی ئاشنا دەبین بە کۆی ڕووداوەکانی نێو ڕۆمانەکە، کە خۆی لە مێژوویەکی خوێناوی و قۆناغی کارەساتباردا دەبینێتەوە؛ هاوکات ئەو دید و ڕوانگە جیاوازانەمان دەخاتە پێشچاو، کە میر و پیاوە خانەدانەکان و دەسەڵاتە ئاینییەکان بۆ ئاین هەیانە و ئیبن سینا ڕەخنە لەو دیدوبۆچوونە بەرژەوەندخوازییە دەگرێت و بە شێوەی خۆی خوداپەرستی دەکات و وێنای ئاین و مانای ئاین و خودا و خوداپەرستی دەکات. ئەوەی لەم ڕۆمانەدا ون نابێت، چەمکی عەشقە لەلای ئیبن سینا؛ ئەو سێ جار ئەویندار دەبێت و بە شێوەی جیاواز لە هەرسێکیان دوور دەکەوێتەوە…
بەکورتی، باش نییە لێرەدا کۆی ڕووداو و بەسەرهاتەکان و چیرۆکی ڕۆمانەکە بخەینە پێشچاو، بەڵام دەتوانین بڵێین لەم ڕۆمانەوە زۆر شت فێر دەبین، بە قۆناغگەل و کەسایەتیگەل و ڕووداوگەلێکی مێژوویی ئاشنا دەبین، کە ڕەنگە بۆ زۆربەمان ناوەکان نوێ بن، یاخود هیچ زانیارییەکمان لەسەریان نەبێت. ئەم ڕۆمانە فێرمان دەکات برەو بە خوێندەواری و زانست و ڕۆشنبیری بدەین و قێزمان لە جەنگ و داگیرکاری و خوێنڕشتن ببێتەوە، چونکە ئەوەی دواجار وەک شانازییەک بۆ مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بوونی زانست و خوێندەواری و چاکە و دڵپاکییە، نەک دەسەڵات و تەماع و دڵڕەقی.
ئەم ڕۆمانە یەکێکە لە باشترین ڕۆمانەکانی یوسف زێدان و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕی ناوداری کورد (جەلیل کاکەوەیس)ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوە ناوازەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە.
ئەوەی یوسف زێدان لەم ڕۆمانەدا پێداگریی لەسەر کردووە، ئەوەیە کە ئیبن سینا ھەر لە منداڵییەوە زیرەکی و لێھاتوویی خۆی پیشان داوە و لە تەمەنی دە ساڵیدا شارەزاییەکی زۆر باشی لە قورئان و زمانی عەرەبیدا پەیدا کردووە. لە ماوەی شەش ساڵی داھاتووی تەمەنیدا ژیانی خۆی تەرخان کردووە بۆ (شەریعەتی ئیسلامی، فەلسەفە، زانستە سروشتییەکان و لۆجیک)؛ بە خوێندنەوەی بەرھەمە فەلسەفییە یۆنانییەکان و موسڵمانان و سەرچاوەی تری فەلسەفی، دەستی بە خوێندنەوە و لێکۆڵینەوەی فەلسەفی کردووە. ھەروەھا بابەتی لۆجیک و چەند بابەتێکی تری جیاوازی لەلای ئەبو عەبدوڵا ناتیلا، فەیلەسووفی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی خوێندووە. لە بابەتی لۆجیکدا بە ڕادەیەک بلیمەت بووە، توانیویەتی ئەو بابەتە بۆ مامۆستاکەی ڕوون بکاتەوە. لە زانستی سروشتی و پزیشکییشدا مامۆستای نەبووە. لە کاتێکدا ھێشتا لاو بوو، ئەوەندە شارەزایی لە بابەتی پزیشکیدا پەیدا کردبوو، کە ناوبانگی بە ھەموو لایەکدا بڵاو بووبووەوە. کاتێک تەمەنی شازدە ساڵ بووە، گەلێک لە پزیشکە بەناوبانگەکان لەژێر ئاڕاستەی ئەودا کارەکانیان ئەنجام داوە.
ئیبن سینا زانایەکی گەورەی موسڵمانی فارسی بوو، تەواوی ژیانی لە ناوچەکانی ڕۆژەڵات و ناوەڕاستی ئێراندا بەسەر بردووە، لە بوخارا لەدایک بووە، لەو شوێنەی سەرەتاییترین خوێندنی تێیدا وەرگرت لەژێر چاودێریی باوکیدا. ھەر لەبەر ئەوەی ماڵی باوکی شوێنێک بوو بۆ چاوپێکەوتنی پیاوە ڕۆشنبیرەکان، ئیبن سینا لە سەرەتای منداڵییەوە توانیی سوود وەربگرێت لە ھاوڕێیەتیکردنی مامۆستا دەرکەوتووەکانی ڕۆژگاری خۆی. منداڵێکی پێگەیشتوو بوو بە بیرێکی دەگمەنەوە، کە بە درێژایی ژیانی، پارێزگاری لێ کرد و ئەم حاڵەتەش بەڕوونی لە ڕۆمانەکەدا ڕەنگی داوەتەوە.
کاتێک ئەمیری دەوڵەتی سامانی (نوح کوڕی مەنسوور) عەبدوڵای کردە والیی شاری بوخارا، عەبدوڵا خۆی و خێزانی چوونە ئەوێ، کە ئەوکات ئیبن سینا تەمەنی پێنج ساڵان بوو؛ لەوێ لەنێو کۆشکێک لە کۆشکەکانی ئەمیر نوحدا نیشتەجێ بوون. ئەوکات بوخارا شارێکی زۆر جوان و دڵگیر و کراوە و خۆش بووە، بە زۆریی بینا و کۆشک و مزگەوت و کێڵگە و باخچەی ڕازاوە ناسرابوو.
لەم ڕۆمانەدا دەگەین بەو یەقینەی کە (ئیبن سینا) بوونیادی سەرەتاکانی زانستی خۆی لەو کۆشکە دەست پێ کرد، بەوەی ھەموو شەوێک لەدوای نوێژی عیشا پۆلێک لە زانایان و زمانزانان و فەقیهـ و قوتابییان لە ماڵی ئەواندا کۆ دەبوونەوە، ئاڵوگۆڕ و گفتوگۆی زانستیی خۆیان دەکرد لەسەر زانستی زمان و گەردوون و ژیری، کە ئەم جۆرە دانیشتنانە کاریگەرییەکی گەورەیان لەسەر بیری ئیبن سینا دانا و ھەر لە سەرەتاوە ھەوڵی بیرکردنەوە و تێڕامانی دا لەسەر کەسەکان و ھەڵسوکەوت و بیریان؛ هاوکات وای کرد تێڕابمێنێت لە سروشت و دەوروبەرەکەی و گیانداران و ڕووەک، تاکوو کۆمەڵێک پرسیاری لا گەڵاڵە ببێت و بەشوێنیاندا عەوداڵ بێت، ھەروەھا ئەمە ھەلێک بوو تاوەکوو لەم ڕێگەیەوە بەشێک لەو پرسیارانەی بە مێشکیدا دەھاتن، وەڵامەکەیانی دەست بکەوێت و بەمەش بیر و فیکری بەرەو پرسیاری قووڵتر و قووڵتر بڕوات.
لە تەمەنی حەڤدە ساڵیدا توانیی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای بوخارا نوح ئیبن مەنسوور بکات، نەخۆشییەک بوو کە ھەرچی پزیشکە بەناوبانگەکانی ئەو سەردەمە بوو، لە چارەسەرکردنی بێھیوا بوون؛ لەدوای چارەسەرەکەی، پاشا ویستی پاداشتی بداتەوە، بەڵام ئەو پزیشکە لاوە ھەموو داواکارییەکی ئەوە بوو ڕێگەی پێ بدات کتێبخانە تایبەتییەکەی پاشا بەکار بھێنێت، کە گەلێک کتێبی زۆر دەگمەن و تایبەتی تێدا بوو.
لەدوای مردنی باوکی، ئەبو عەلی، شاری بوخارای جێ ھێشت و ڕووی کردە شاری جورجان و لەوێ شای خەوارزم پێشوازیی لێ کرد. لەوێ چاوی کەوت بە ئەبو ڕەیحانی بیروونی، کە کەسایەتییەکی بەناوبانگی ھاوسەردەمی خۆی بوو. دواتر ڕۆیشت بەرەو ڕەی لە ئێران و لەوێشەوە بەڕێ کەوت بۆ شاری ھەمەدان، کە لەوێ کتێبە بەناوبانگەکەی بە ناوی (یاسا لە پزیشکیدا)ی نووسی. لە ھەمەدان توانیی چارەسەری نەخۆشییەکی پاشای ھەمەدان، شەمس دەولە بکات.
خوێنەر لە خوێندنەوی ئەم ڕۆمانەدا ئاشنا دەبێت بە کۆمەڵێک لایەن و ڕەهەندی جیاوازی مەعریفی و زانستیی ئیبن سینا، کە بەناوبانگترین پزیشک، فەیلەسووف، ئینسایکلۆپیدیست، بیرکاریناس و گەردوونناسی سەردەمی خۆی بووە. بەشداریی سەرەکی ئیبن سینا لە بواری زانستی پزیشکیدا بریتییە لە کتێبی (القانون في الطب)، ئەم کتێبەی لە ساڵی ١٠٢٥دا تەواو کردووە، ھەروەھا پێک ھاتووە لە ئینسایکلۆپیدیایەکی دەرمان؛ ئەم کتێبە لە سەدەی دوازدەیەمی زاینیدا وەرگێڕراوەتە سەر زمانی لاتینی. تاوەکوو نزیکەی نیوەی سەدەی پازدەیەمی زاینی، ئەم کتێبە پازدە جار بە لاتینی و یەک جاریش بە زمانی عیبری بەچاپ گەیەنراوە. لەم ساڵانەی دواییدا بەشێکی لێ وەرگێڕرایە سەر زمانی ئینگلیزی. لە سەدەی دوازدەیەم تا حەڤدەیەم، کتێبی القانون وەک ڕێبەری سەرەکیی پزیشکی بەکار ھێنراوە، وەک باسیش دەکرێت، کاریگەریی زۆری کردووەتە سەر لیۆناردۆ داڤینچی.
ئایدیا و بۆچوونە فەلسەفییەکانی ئبین سینا، لە کولتووری ئەرستۆیی و ئایدیای نیۆ ئەفلاتوونییەکان و فەلسەفە و ئاینناسیی ئیسلامی پێک ھاتووە. ھەروەھا ئیبن سینا لە بوارەکانی بیرکاری، فیزیا، موزیک و چەند بوارێکی تردا بەشدارییەکی بەرچاو و کاریگەری ھەبووە. ژمارەیەک لێکۆڵینەوەی گەردوونناسیی ئەنجام داوە و ئامێرێکی وردکاری داھێنا، بۆ ئەوەی وردکاری و دەقیقیی ئامێری خوێندنەوەکان زیاد بکات.
نووسینی ڕۆمان و بابەت و توێژینەوە سەبارەت بە کەسایەتییە گرنگ و کاریگەرە مێژووییەکان، توانای ڕۆشنبیری و ئاستێکی بەرزی مەعریفیی دەوێت، چوونکە لەوێدا نووسەر گەرەکە ئاگای لە ڕەهەندەکانی ژیانی کەسێتی و پایە و پێگەی بێت، هاوکات کێشمەکێش و ڕووداو و بەسەرهاتەکانی ئەو مێژووە قۆناغبەقۆناغ شارەزا بێت؛ بێگومان لەوەها کاتێکدا نووسەر و ڕووناکبیری گەورەی عەرەب و میسڕ (یوسف زێدان) کاتێک بیر لە نووسینی ڕۆمانێکی قووڵ و فرەڕەهەند دەکاتەوە لەسەر ژیان و زانست و مەقامی زانایەکی مەزنی وەک ئیبن سینا، کە تا هەنووکەش زانستەکەی و دیدوبۆچوونە فەلسەفییەکانی لەمەڕ ئاین، زانست، گەردوونناسی، بیرکاری و هتد… بنووسێت، باش دەزانێت لە خەزنەی هزریدا چ مەعریفە و شارەزایی و خوێندنەوەیەکی ئەو قۆناغە مێژووییانە و ڕووداوەکانی هەڵگرتووە، بۆیە ئێمە کاتێک ئەم ڕۆمانە (قەڵای فەردەقان) دەخوێنینەوە، وا هەست دەکەین لەناو ڕووداوگەلێکی مێژووییداین، مێژوویەک کە وەک لە ڕۆمانەکەدا بەرجەستە بووە، سیخناخە لە ڕووداوی خوێناوی، کێشمەکێش لەسەر دەسەڵات، خیانەت و جاسووسیکردن و ڕقی ئەمیر و پادشا ئاینییەکان لە یەکدی؛ هاوکات لەم ڕۆمانەدا بە شێوەیەکی واقیعی وێنای ئبین سینا بە جۆرێک کراوە، کە دەتوانین بڵێین کۆی کرۆکی بابەت و کتێب و دونیابینی و ڕوانگە و کەسێتیی ئەو زانا گەورەیە، لە زیرەکی و ژیریی منداڵییەوە، تا تێکەڵبوونی بە کۆڕی خوێندەواران، ڕۆشنبیرانی ئەو قۆناغەی خۆی، پرسیارە گەردوونییەکانی و دانانی کاتێکی زۆر بۆ خوێندنەوە و تیڕامان و بیرکردنەوە، لەم ڕۆمانەدا بە ئاسانترین شێوە پێشکەش بە خوێنەر کراوە.