چاکەی خۆرەڵاتناسی بەسەر عەرەبەوە

چاکەی خۆرەڵاتناسی بەسەر عەرەبەوە

هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دەکرێت بڵێین دوای جەنگی جیهانیی دووەم، چەندین کەسایەتیی گەورە لە بواری خۆرەڵاتناسیدا (Orientalism) دەرکەوتوون؛ ئەوان بوون تیشکی پڕشنگداریان خستە سەر کەلەپووری عەرەبی-ئیسلامیمان و بە شێوازێکی بێوێنە هەم نوێیان کردەوە و هەم ڕووناکیان کردەوە. لەنێویان ئەو کەسایەتییانەدا، دەتوانین ئاماژە بەم ناوانە بکەین: لویس ماسینیۆن، مۆنتگۆمری وات، ڕێجیس بلاشێر، هێنری کۆربان، هێنری لاوست، جاک بێرک، کلۆد کاهین، ڕۆجێ ئارنالدێز، جۆرج مەقەدیی، مەکسیم ڕۆدنسۆن، بێرنارد لویس، تیلمان ناجیل، جۆزێف ڤان ئایس، ئەندرێ میشێل، جاکلین شەبی و دەیانی تریش…

لە ڕاستیدا دەتوانین بڵێین تیشک و ڕووناکییەکانی خۆرەڵاتناسی بە ناخی کەلەپووردا ڕۆ چوون و تا بنکی هەرە قووڵاییەکەی شۆڕ بوونەتەوە، بەڵام کێ بوێریی ئەوەی هەیە کتێبە گرنگ و سەرچاوە بنەڕەتییەکانی ئەوان وەربگێڕێت؟ کەسێکی لەو جۆرە، هێشتا لەدایک نەبووە! لەو کتێبانەدا گەورەترین دۆزینەوە و مەزنترین سەرکەوتن دەبینرێن و تیشک لەدوای تیشک دەخرێتە سەر کەلەپووری عەرەبی و ئیسلامی. ئەوەی ئەوان دەیکەن، هەڵکۆڵینی ئارکۆلۆژییانەیە لە قووڵاییەکاندا، لەو قووڵاییە شاراوەیەی کەلەپووری عەرەبی-ئیسلامیمان، کە تا ئێستا دەستی لێ نەدراوە، دابەزینە بۆ ناخی چینەکانی خوارەوە، بۆ نزمترین و قووڵترین چین. ئەمەیە ئەو زانستەی بینایی چاوەکان ڕۆشن دەکاتەوە، ئەمەیە ئەو زانستەی دڕ بە تەمومژی تاریکی و زوڵمەت دەدات.

کەچی دوای هەموو ئەمانە، دێن و جنێو‌ بە خۆرەڵاتناسی دەدەن؟ چل ساڵە خەون بە نووسینی کتێبێکەوە دەبینم بە ناونیشانی (هەڵکۆڵینی ئارکۆلۆژییانە لە قووڵاییەکان و ڕزگارکردنی کەلەپوور لەدەست کەلەپوور، یان ڕزگارکردنی ڕۆح لەدەست ڕۆح)، بەڵام تا ئێستا بۆم نەکراوە ئەو کارە بکەم؛ بەڵام بلیمەتیی خۆرەڵاتناسی توانیی ئەو کارە بکات و پێی گەیشت، هەر بۆیە سوپاس بۆ ئەوان و هەزار جار سوپاس. ئیدی من لەوە زیاتر چیم دەوێت؟ بۆ یەکەم جارە هەست دەکەم سەرلەنوێ لەدایک دەبمەوە. بۆ یەکەم جارە هەست دەکەم لە خۆم، لە کەڵەکەبووەکانی ڕابوردووم و لە بنبەستبوونی ئاسۆکانم ڕزگارم دەبێت. بۆ یەکەم جارە هەست دەکەم ڕۆحم لەناو جیهانێکی عەرەبیی کۆتوبەندکراودا ئازاد و بێباک بووە، بەڵام تا کاتێکی نادیار!

جگە لەوەش، لە ماوەی سی بۆ چل ساڵی ڕابوردوودا، لێکۆڵینەوە خۆرەڵاتناسییەکان دەستکەوتی یەگجار گەورەیان بەدەست هێناوە، هۆکاری ئەمەش بۆ نوێبوونەوەی میتۆدەکان (Methods) دەگەڕێتەوە، بە بەراورد بە نەوەکانی پێشووی خۆرەڵاتناسان، لە سەدەی نۆزدەیەم تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەم. ئەڵبەتە کارێکی سروشتییە کە زانست گۆڕانی بەسەردا هاتووە، هەروەها میتۆد و زاراوەکانیش گۆڕاون، وەلێ ئەمە بەو مانایە نییە گرنگی و بایەخی دەستکەوتەکانی خۆرەڵاتناسانی پێشەنگ ڕەت بکەینەوە، چونکە کارەکانی ئەوان نەک هەر پێویست بوون، بەڵکوو فەزڵی دەسپێشخەرییشیان بەردەکەوێت.

لە گرنگترین پرۆژە مەزن و دەستەجەمعییەکەی ئەم سەردەمە، سەرەتا دەبێت ئاماژە بە (ئینسایکڵۆپیدیای ئیسلامی)، چاپی دووەم بدەین. ئەم چاپەیان زۆر لە چاپی یەکەم باشتر و فراوانتر و گشتگیرترە. ئەم بەرهەمە نوێنەرایەتیی زانستی خۆرەڵاتناسی دەکات بە مانا هەرە تۆکمە و وردەکەی، هەروەها چەندین توێژەری عەرەب و موسڵمان تێیدا بەشدارن و تەنها ڕۆژاواییەکان نین و هەر ئەوان بەشدارییان نەکردووە؛ بەڵام هەر هەموویان، بە مانا زانستی و ئەرێنییەکە (خۆرەڵاتناسن)، واتە شارەزای بەکارهێنانی میتۆدی مێژوویی نوێن، لەسەر کەلەپووری عەرەبی-ئیسلامیمان و زاڵن بەسەر میتۆد و زاراوەکاندا و توانایان بەسەریاندا دەشکێت. لێرەوە کتێبی ئینسایکڵۆپیدیای ئیسلامی، گەنجینەیەکی بێبڕانەوەی زانیاری و شیکارییە دەربارەی ئەم کەلەپوورە مەزن و دێرینە. هیچ خوێندکارێکی خوێندنی باڵا، لە بواری ئیسلامناسیدا، ناتوانێت پشت بکاتە ئەم گەنجینە گەورەیە و سوودی لێ نەبینێت، چ لە زانکۆی سۆربۆن بێت یان قاهیرە، ڕیاز، ئەبوزەبی، یان هەر زانکۆیەکی تری جیهان.

پاشان لەم ساڵانەی دواییدا، ئینسایکڵۆپیدیایەکی دیکەی نوێ و گرنگ و بایەخدار دەرکەوت، ئەویش (ئینسایکڵۆپیدیای قورئانی)یە،‌ کە توێژەرێکی گەورەی ئەمەریکی سەرپەرشتیی کردووە. تێیدا توێژەرانی موسڵمان و ناموسڵمان، وەک (نەسر حامد ئەبو زەید، ویداد قازی، محەمەد ئەرکۆن) و دەیانی تر بەشدار بوون. ئەم بەرهەمە لە پێنج بەرگدا چاپ کرا و بەرگی شەشەمیش، وەک پێرستی گشتی، بۆ پڕۆژەکە زیاد کراوە. ئەم ئینسایکڵۆپیدیایە ڕەنگدانەوەی تێڕوانینی مێژوویی هاوچەرخە بۆ قورئانی پیرۆز. لێرەدا خوێنەر دەتوانێت بەراوردی ئەم تێڕوانینە مێژووییە هاوچەرخە بکات، لەگەڵ ئەو تێڕوانینە تەقلیدییە ستایشکارانەیەی سەدان ساڵە باو و بەربڵاوە؛ جیاوازییەکە گەورەیە و ڕزگاربوونەکەش گەورەتر.

ئێمە پێمان وایە تێڕوانینی زانستی، مێژوویی و فەلسەفی مەودای ئیمان فراوانتر دەکات و دەیکاتە ئیمانێکی ڕۆشنگەر و پێگەیشتوو، نەک ئەوەی هەڵی بوەشێنێتەوە. ئەم ڕوانگەیە تەنها ئەو ئیمانە توندڕەو و داخراوە هەڵدەوەشێنێتەوە، کە ڕقی لەوانی ترە و پێشوەختە خەڵک تەکفیر دەکات. ئاخر جۆرە ئیمانێک هەیە، دەبێتە هۆی ژیانەوە و گەشانەوە؛ جۆرێکی تریش هەیە چاوەکان و بینایی کوێر دەکات و بکوژە. ئەو دوو جۆرە ئیمانە زۆر لە یەکترەوە دوورن و جیاوازن؛ بێگومان جیاوازییەکی گەورە و فراوان لەنێوان عەقڵیەتی سەدەکانی ناوەڕاست و عەقڵیەتی سەردەمی نوێدا هەیە.

لێرەدا نابێت (فەرهەنگی ئینسایکڵۆپیدیای قورئانی پیرۆز) لەیاد بکەین، کە نووسەرەکەی توێژەری کۆچکردووی جەزائیری (مالک شبل)ە. هەروەها پێویستە (فەرهەنگی قورئانی پیرۆز)یشی بۆ زیاد بکەین، کە لە پاریس دەرچووە و لانی کەم بیست و هەشت توێژەری ئەکادیمی، موسڵمان و ناموسڵمان، لە ئامادەکردنیدا بەشدار بوون.

لێرەوە تێبینیی ئەوە دەکەین (خۆرەڵاتناسی)، بە مانا زانستی و ئەکادیمییەکەی، چیتر تەنها لە سنووری توێژەرە بیانییەکاندا نەماوەتەوە و تەنها پەیوەست نییە بەوانەوە، بەڵکوو توێژەرانی عەرەب و موسڵمانیش دەگرێتەوە. مەبەستم ئەو توێژەرانەیە کە لە زانکۆکانی خۆراوا کار دەکەن و شارەزای میتۆدەکانی توێژینەوەی زانستین؛ ئەوانەی دەزانن چۆن ئەو میتۆدانە لەسەر کەلەپووری ئیسلامیی خۆیان جێبەجێ بکەن، ڕێک بەو شێوەیەی فەیلەسووفانی خۆراوا، شارەزایانە بەسەر کەلەپووری مەسیحیی خۆیاندا جێبەجێی دەکەن.

لەوانەیە ئەم وەرچەرخانە ببێتە هۆی کەمکردنەوەی ئەو دوژمنایەتییە توندەی بەرامبەر بە خۆرەڵاتناسی و خۆرەڵاتناسان، لە ناوەندە عەرەبی و ئیسلامییە کۆنزەرڤاتیڤەکان، یان ئەو لایەنانەی لەڕادەبەدەر ئایدۆلۆژین، هەیە، چونکە ئەم هەماهەنگییە فیکرییەی نێوان توێژەرانی عەرەب و بیانی، تەنها خزمەت بە ڕووناککردنەوەی کەلەپوور و ڕزگارکردنی لە چنگی تاریکپەرستان ناکات، بەڵکوو بەشدار دەبێت لە داڕشتنی بناغەی دیالۆگی نێوان کولتوور و شارستانییەتەکان.

پێویستە ئەوە بزانرێت لە ڕابوردوودا، جەمسەرەکانی کەنیسەی کاتۆلیک هێرشیان کردووەتە سەر جێبەجێکردنی میتۆدە هاوچەرخەکان، بەسەر کەلەپووری مەسیحیدا، بە هەمان ئەو توندوتیژییەی ئێستا، کە شێخ و مەلا تەقلیدییەکان هێرشی پێ دەکەنە سەر خۆرەڵاتناسی، چونکە خۆرەڵاتناسی هەمان ئەو میتۆدانە لەسەر کەلەپووری عەرەبی-ئیسلامیی ئێمە جێبەجێ دەکات. ئاخر عەقڵییەتی فێندەمێنیتاڵیزم/Fundamentalism یەک عەقڵییەتە، هەرچەند ئایین و مەزهەبەکان جیاواز بن؛ توندڕەوی هەر توندڕەوییە و داخرانیش هەر داخرانە. ئەمەش بەو مانایەیە، ئەو جەنگەی دژی فێندەمینیتاڵیزمی داخراو و تەکفیرکەر، کە لەناو ئەورووپای مەسیحیدا ڕووی دا، لەناو جیهانی عەرەبی-ئیسلامییشدا ڕوو دەدات.

بەڕاستی کارەساتێکی گەورەیە، ئێمە تووشی ئەم ئایدۆلۆژیا دەمارگیر و پۆپۆلیستییە (Demagogic) بووین و تێوەی گلاوین، کە بە ناوی پاراستنی کەلەپوور، لە (دەستدرێژیی خۆرەڵاتناسی و خۆرەڵاتناسان)، دژایەتیی جێبەجێکردنی میتۆدە زانستییە هاوچەرخەکان دەکات! تەنانەت توێژەرە گەورە و داهێنەرەکانی وەک (ئێدوارد سەعید) کەوتە ناو ئەم تەڵەیەوە، چ جای (ئەنوەر عەبدولمەلیک) و ئەوانی تر. ئەوان بەم کارەیان، کۆمەڵێک بەڵگەی مۆدێرن، یان با بڵێین “پاساوی مۆدێرنیان” پێشکەش بە ئوسووڵییەکان کرد، کە پێشتر زۆر پێویستیان پێی بوو. چەکێکی کاریگەریان دایە دەستیان، تاوەکوو ئێمەی پێ تەمبێ بکەن. ئەمە شتێکی تا بڵێیت جێگەی داخە؛ بەڵام ئەوە ڕووی داوە. هەندێک جار ڕووناکبیری مۆدێرن، بۆ دۆزی کەسانی تر، ڕۆڵی “گەمژەی سوودبەخش/الابله المفید” دەگێڕێت، یان تەنانەت بۆ دۆزێک کە تەواو پێچەوانەی دۆزی خۆیەتی.

بە هەرحاڵ، ئێدوارد سەعید، لە چاپی دووەمی کتێبە بەناوبانگەکەیدا، لەو هەڵوێستەی پاشگەز بووەوە، دوای ئەوەی درکی بە قەبارەی ئەو سەرکێشییە (یان گەمژەییە) کرد کە ئەنجامی دابوو. مەبەستم ئەوەیە، کاتێک تێگەیشت چۆن فێندەمێنیتاڵیزمەکان بەپەرۆشییەوە لێکۆڵینەوەکانی ئەو بۆ خزمەتی دۆزە تاریکپەرستییەکەی خۆیان بەکار دەهێنن، کە تەواو پێچەوانەی دۆزە ڕۆشنبیرییەکەی ئەوە، ئینجا هەستی بە گەورەیی ئەو هەڵەیە کرد کە کردبووی.

باشە ئەگەر وایە، چۆن دەتوانین لەو زۆنگاوی دواکەوتووییە دەرچین کە تێی کەوتووین؟ کاتێک ئەم قسانە دەکەم، مەبەستم ئەوە نییە لێکۆڵینەوەکانی خۆرەڵاتناسییەکان بە “بێهەڵە” و پیرۆز دەزانم؛ نەخێر، هەرگیز. لە زانستدا هیچ شتێک پارێزراو و بەدەر نییە لە هەڵە. بەڵام لانی کەم پێش ئەوەی ڕەخنەیان لێ بگرین، با سەیری لێکۆڵینەوەکانیان بکەین، ئەمە بێگومان ئەگەر توانیمان خۆمان بگەیەنینە ئاستی زانستیی ئەوان. ئاخر چۆن دەبێت هێرشیان بکەینە سەر و حوکمی خراپیان بەسەردا بدەین، بێ ئەوەی بزانین چییان کردووە و چ دەستکەوتێکیان هەبووە؟

پێویستە ئەوە بزانین، ئەو وێنەیەی ئێمە بۆ کەلەپووری خۆمان هەمانە، وێنەیەکی پیرۆزگەرایی یان بنچینەگەراییەکی تەقلیدییە کە سەردەمی بەسەر چووە. لەبەرامبەردا، ئەوە تەنها خۆرەڵاتناسی بوو وێنە مێژوویی و واقیعییە ڕاستەقینەکەی بۆ دەرخستین. ئایا ئێمە ڕەتی بکەینەوه؟‌ ئەگەر وا بکەین و ڕەتی بکەینەوە، تەنها زیانێکی گەورە لە خۆمان دەدەین. بۆچی؟ چونکە زۆر بەسادەیی ئێمە، پڕۆسەی ڕزگاربوونی فیکریی خۆمان دوا دەخەین و هەتاهەتایە بەدابڕاوی لە کاروانی زانست و شارستانییەت دەمێنینەوە. هەرچۆنێک بێت، ڕووناکبیرانی عەرەب ناتوانن ئەو کارە فیکرییە ڕزگارکەرە ئەنجام بدەن، کە خۆرەڵاتناسی ئەنجامی داوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ دوو هۆکار:

یەکەم: چونکە شارەزای میتۆد و زاراوە زانستییەکان نین، بۆیە ناتوانن میتۆدە هاوچەرخەکان لەسەر کەلەپوور جێبەجێ بکەن.

دووەم: ئەگەر گریمانەی ئەوەش بکەین شارەزای میتۆد و زاراوەکانیشن، بوێریی ئەوە ناکەن بچنە ناو ئەو کایە فیکرییە قووڵانەوە، مەگەر وڵاتە عەرەبییەکانی خۆیان جێ بهێڵن و لە وڵاتانی ڕۆژاوا نیشتەجێ ببن، تا خۆیان لە تووڕەیی شەقام و نەڕە و هاواری ئوسووڵییەکان بپارێزن.

لە هەردوو حاڵەتەکەدا، جگە لە خۆرەڵاتناسی، کەس شک نابەین کە بەخۆڕایی گەورەترین خزمەتی پێشکەش کردووین؛ ئەوان لەجیاتی ئێمە کەلەپوورەکەمانیان لە پاشخان و میرات و تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاست ڕزگار کرد. پاڵنەری ئەوانیش بۆ ئەم کارە، نە دەستبەسەرداگرتن بووە و نە هەژموون، بەڵکوو تەنها حەزی زانستخوازی و چێژی دۆزینەوە زانستییەکان بووە، کە هیچ چێژێکی تر ناگاتە ئاستی.

ئەگەر من لە جیهانی عەرەبیدا خاوەنبڕیار بوومایە، دەستبەجێ لە خۆرەڵات یان خۆراوای نیشتمانی عەرەب فەرمانم دەردەکرد بە کردنەوەی ناوەندێکی گەورەی وەرگێڕان؛ ناوەندێکی تایبەت تەنها بە وەرگێڕانی کتێب و سەرچاوە سەرەکی و بنەڕەتییەکانی خۆرەڵاتناسی بۆ سەر زمانی عەرەبی دەکەمەوە.

ئەمە تاقە ڕێگەیە بۆ ئەوەی لە پاشماوەکانی ڕابوردوو و داخرانە تائیفی و مەزهەبییەکان ڕزگارمان ببێت؛ ئەو داخرانانەی ژیانمان لێ تاڵ دەکەن، بوونمان ژەهراوی دەکەن و گەل و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکانمان، پارچە پارچە دەکەن. چونکە بەو عەقڵییەتە تەکفیرییە کۆنە، نە یەکێتیی نیشتمانیمان بۆ دروست دەبێت و نە دەتوانین ڕێنێسانس و شارستانییەتێکی پرشنگدار بۆ داهاتوو بوونیاد بنێین.

لەم دواییانەدا لە پاریس، دوو کتێبی ئینسایکڵۆپیدیی بنەڕەتی بە ناونیشانی (قورئانی مێژوو) و (محەمەدی مێژوو) دەرچوون، هەریەکێکیان هەزاران لاپەڕەیە. مەبەست لە کتێبی یەکەمیان ئەوەیە قورئانی پیرۆز، لە ڕوانگەیەکی تەواو مێژوویی و فەلسەفییەوە لێکۆڵینەوەی بۆ کراوە؛ هەروەها مەبەست لە کتێبی دووەمیان ئەوەیە، پێغەمبەری مەزنیش (د.خ)، لەژێر تیشکی نوێترین میتۆد و دۆزینەوەکاندا، وەک یەکێک لە مەزنترین ئەو کەسایەتییانە ناسێنراوە کە کاریگەرییان لەسەر مێژووی مرۆڤایەتی هەبووە.

هەنووکە ئەم پرسیارە دەخەینە ڕوو: عەرەب کەی ئەم هەموو گەنجینە مەعریفییە وەردەگێڕێتە سەر زمانی عەرەبی؟ عەرەب کەی سەرلەنوێ دەڕواتەوە ناو مێژوو؟

سەرچاوە: بەشی کولتووری لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 4ی ئازاری 2026