ئەشکەنجەی سپی: خۆی لە زیندانە و کتێبەکەی لێرەیە
ئەشکەنجەی سپی: خۆی لە زیندانە و کتێبەکەی لێرەیە
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی (ئەشکەنجەی سپی) بەرهەمی ژنە ڕۆژنامەنووس و چالاکوانی ناوداری ئێران (نێرگز محەمەدی)یە، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و خانمی وەرگێڕ (ڕووناک شوانی) بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی.
ئەم کتێبە لە زیندان نووسراوە، چیرۆکی ئازار و ئەشکەنجەی دەروونی و جەستەیی ژنە بەندکراوەکانمان بۆ دەگێڕێتەوە، تیشک دەخاتە سەر بارودۆخ و ژینگەی نالەباری زیندان، هاوکات کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە کونجە تاریکەکانی زیندان و ئازایەتیی ژنانی ئێران ئاگادار دەکاتەوە کە بۆ ئازادی و مافە بەراییەکانی ژیانیان، بە چ شێوازێکی دڕندانە ئازار دەدرێت.
نێرگز محەمەدی لەپای ئەم کتێبە خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ دراوە، لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ خانمی وەرگێڕ (ڕووناک شوانی) قسە لەسەر دنیای کتێبەکە دەکەین.
سەردەم: بۆچی کتێبی (ئەشکەنجەی سپی)ت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟
ڕووناک شوانی: نووسەری ئەم کتێبە ( نێرگز محەمەدی) لە ساڵی ٢٠٢٣دا، لە کاتێکدا لە زیندانی ئێڤین حوکمی دە ساڵەی بەسەر دەبرد، لە سۆنگەی چالاکی و خەباتی بوێرانەی دژ بە چەوساندنەوەی ژنان لە ئێران، تێکۆشانی لەپێناو مافەکانی مرۆڤ، ئازادیی ڕادەربڕین و ڕۆڵی بەرچاوی لە بزووتنەوەی “ژن، ژیان، ئازادی”، لەلایەن کۆمیتەی نۆبڵی نەروێژەوە، خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی پێ بەخشرا؛ جگە لەم خەڵاتە، چەندین خەڵاتی تریشی لە ئاستی جیهاندا پێ دراوە. ئەم ڕۆژنامەنووسە ئازایە لە ساڵی ١٩٧٢دا لە شاری زەنگان لەدایک بووە، نووسەر لەم کتێبەدا ژنانی گرتووخانەکانی ئێران دەدوێنێت و چاوپێکەوتنەکانی تۆمار دەکات؛ ئەوانەی لەم کتێبەدا باس دەکرێن چیرۆک نین، بەڵکوو بەڵگەنامەی مێژوویین، ئامانج لە بەدۆکیۆمێنتکردنی ئەوەیە، هانی ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ بدات بۆ ئەوەی لەپێناو باشترکردنی دۆخی زیندانییەکان، چالاکانە بێنە مەیدان و بە شێوەیەکی کارا شەقام بهەژێنن. هەڵبژاردنی ئەم کتێبەم بۆ وەرگێڕان بە شێوەیەکی ڕەندۆم نەبوو، بەڵکوو گەلێکم بەلاوە گرنگ بوو: یەکەم، بۆ ئەوەی ئەم ژنە ڕۆژنامەنووسە بەجەرگە بە خوێنەری کورد بناسێنم، کە سەرەڕای گرتن و ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر، تاکوو ئەمڕۆش لە زینداندایە و لە تێکۆشان کۆڵی نەداوە؛ دووەم، گەیاندنی دەنگی ژنانی زیندانەکانی ئێرانە بە خوێنەری کورد و گواستنەوەی ئەزموونی نەتەوەیەکی ترە بۆ کۆمەڵگەی کوردی، کە لە ڕووی مێژووییەوە لەم بابەتانە نزیکە، چونکە پێشتر لە گرتووخانەکانی ڕژێمی لەنێوچووی عیراق و ئەمڕۆش لە تورکیا، هەمان ئەو ئەشکەنجانە و پێشێلکارییانەی مافی مرۆڤ ئەنجام دەدرێن.
سەردەم: تۆ گوتت ئەم کتێبە کۆمەڵێک بەڵگەنامەی مێژوویی لەخۆ گرتووە، کەواتە پێم بڵێ دنیای کتێبەکە چییە و باس لە چی دەکات؟
ڕووناک شوانی: کتێبی (ئەشکەنجەی سپی) گفتوگۆی نووسەرە لەگەڵ سێزدە ژنی زیندانی، کە چالاکوانی سیاسی و کۆمەڵایەتین لە زیندانی بەدناوی ئێڤین حوکمەکەیان بەسەر دەبەن. ئەم ژنانە باس لە ئەزموونی خۆیان لە زیندانەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەن، هەر لە یەکەمین چرکەی دەستگیرکردنەوە تاوەکوو ئەشکەنجەکانی کاتی لێکۆڵینەوە، کە مووچڕک بە جەستەی خوێنەردا دەهێنێت و مرۆڤ دەخاتە دۆخێکەوە، بڕوا نەکات لەم دنیا ئازادەی ئێمەدا چۆن سووکایەتی بە کەرامەتی مرۆڤ دەکرێت! لەم بەڵگەنامە مێژووییەدا گیراوەکان ناوی لێکۆڵەر و هەندێک لە ئەشکەنجەدەرانیش ئاشکرا دەکەن؛ دیارە تەوەری سەرەکیی کتێبەکە سەبارەت بە دۆخی ژنان، مامەڵەی بەندیوان و لێکۆڵەرەکانە و بەدیاریکراوییش سەرنج دەخاتە سەر بارودۆخی بەندیی تاکەکەسی، کە هەڵاواردن و ئەشکەنجەی لەڕادەبەدەر، دەستدرێژی، هەراسانکردنی سێکسی و پێکهێنانی کەشێکی ترسناک، وەکوو ئامرازێک بۆ دانپێدانان و سەرکوتکردن و هەوڵدان بۆ پاشەکشێپێکردنی ناڕەزایەتییە جەماوەرییەکان بەکار دەهێنرێن. بە ئاماژی نووسەر، زۆربەی پەروەندەکان لەلایەن دەسەڵاتەوە ئامادە کراون و لە ڕێگەی گوشار و ئەشکەنجەوە بەسەر زیندانییەکاندا دەسەپێنرێن.
سەردەم: گرنگی و بەهای ئەم کتێبە لە چیدایە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی، یاخود دەتوانێت چ ئەزموونێکمان بداتێ؟
ڕووناک شوانی: دیارە هەر کتیبێک پەیامێک، یان کۆمەڵێک پەیامی تایبەتی هەیە، وەک پێشتر ئاماژەمان پێ دا، ئەم کتێبە تیشک دەخاتە سەر ئەزموونی زیندانی و ئەشکەنجەی دەروونی، واتا (تەنیایی، بێدەنگی و دابڕان). خوێنەر لە ڕێگەی ئەم چاوپێکەوتنانەوە بە تێگەیشتنێکی قووڵترەوە دەڕوانێتە مافەکانی مرۆڤ، ئازاری ئەو کەسانەی لەژێر دەسەڵاتی دیکتاتۆرییەت و گوشار و ستەمی سیاسیدا دەژین؛ لە لایەکی ترەوە بەهای ئەم کتێبە بۆ کتێبخانەی کوردی لەوەدایە، کە بابەتێکی تر بۆ ئەدەبیاتی مافی مرۆڤ زیاد دەکات و دەرفەتی ئەوە دەدات کە خوێنەری کورد بە ئەزموونی گەلانی تر لەو بوارەدا ئاشنا بێت، ئەمەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ فراوانبوونی بیرکردنەوە و دروستبوونی تێڕامان و گفتوگۆ لەسەر ئازادی، دادپەروەری و مافەکانی مرۆڤ.
بەگشتی، کتێبی(ئەشکەنجەی سپی) تەنها باسکردنی ئەزموونێکی تایبەتی نییە، بەڵکوو پەیامێکی گشتیی هەیە سەبارەت بە پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و بەرگری لە ئازادی، ئەمەش گرنگیی ئەم کتێبەیە.
سەردەم: ئایا ئەم کتێبە توانیی لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا کاریگەری دروست بکات و دەنگدانەوەی هەبێت؟
ڕووناک شوانی: دەتوانین بڵێین کتێبی ئەشکەنجەی سپی، بە هۆی ناوەرۆکە هەستیارەکەیەوە، کە باس لە ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونیی زیندانیان دەکات، لەنێو کۆمەڵگەی ئێراندا کاریگەریی هەبووە، بەڵام ئەم کاریگەرییە بە شێوەیەکی سنووردار و ناڕاستەوخۆ بووە؛ لە لایەکەوە لەبەر ئەوەی خودی نووسەری کتێبەکە، واتا (نێرگز محەمەدی) ڕۆژنامەنووس و کەسێکی ناسراوی بوارەکانی مافی مرۆڤە، بۆیە کتێبەکەی دەنگدانەوە و گفتوگۆی زیاتری لەنێوان چالاکوانان و خوێنەراندا دروست کردووە، بەتایبەتی لە دەرەوەی ئێران و ناوەندە میدیاییەکاندا. لە ساڵی ٢٠٢١دا فیلمێکی دۆکیۆمێنتاری لەسەر بنەمای ئەم کتێبە، لەلایەن نێرگز محەمەدییەوە، بە هاوکاریی سینەماکاران (وەحید زارزادە و گلارە کاکەوەند) بەرهەم هێنراوە، ئەم فیلمە لە بەرنامەی ئاپاراتی کەناڵی بی بی سی، بەشی فارسی بڵاو کرایەوە، دواتر سینەماکارەکان بە هۆی گوشاری زۆری دەسەڵاتەوە ناچار بوون ئێران جێ بهێڵن.
بەڵام لە نێوخۆی ئێراندا، هەر وەکوو ئاشکرایە، بە هۆی سنووردارکردنی ئازادیی ڕاگەیاندن و سانسۆرەوە، بڵاوبوونەوەی کتێبەکە سنووردار بوو. زۆر جار ئەم جۆرە کتێبانە ناتوانن بە شێوەیەکی فەرمی بگەنە هەموو خوێنەران، بەڵکوو دەستاودەستیان پێ دەکرێت، بەو شێوەیە کاریگەرییەکەی پتر لە چوارچێوەی گروپە بەرهەڵستکار و چالاکەکاندا دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا، گرنگە بزانین کە ئەم جۆرە کتێبانە کاریگەرییەکی درێژخایەنیان هەیە، نەک کاردانەوەی دەمودەست، لەبەر ئەوەی دەبن بە بەڵگەیەک بۆ مێژووی ستەم و لە داهاتوودا یارمەتیدەر دەبن بۆ دروستکردنی گۆڕانکاری. بۆیە دەتوانین بڵێین: بەڵێ، کاریگەریی هەبووە، بەڵام نەک بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و فراوان، بەڵکوو لە چوارچێوەیەکی دیاریکراو و لەنێوان ڕۆژنامەنووسە ئازادەکان و چالاکانی بواری مافی مرۆڤ.
سەردەم: کتێبەکە لە زینداندا نووسراوە، بەڵام تا چەند توانیویەتی وێنای دۆخی واقیعی زیندانەکانی ئێران بەرجەستە بکات؟
ڕووناک شوانی: بڕوانە! ئەم کتێبە بە هۆی ئەوەی لەلایەن ڕۆژنامەنووسێکەوە نووسراوە، کە خۆی زیندانیی سیاسییە، پایەیەکی بەهێزی لە ڕاستی و ئەزموونی ڕاستەوخۆدا هەیە؛ بەمەش دەتوانین بڵێین کتێبەکە تا ڕادەیەکی زۆر لە وێنای دۆخی واقیعی زیندانەکانی ئێراندا سەرکەوتوو بووە، چونکە باس لە ئەزموونی یەک کەس ناکات، بەڵکوو تێکەڵی چیرۆک و گواستنەوەی ئەزموونی ژمارەیەک زیندانیی ترە، کە وای لێ دەکات وێنایەکی گشتیتر پێشکەش بکات. کتێبەکە بە شێوەیەکی ورد باس لە (ئەشکەنجەی سپی)، واتە دابڕاندن، بێدەنگی و گوشاری جەستەیی و دەروونی دەکات، ئەمە لە ڕاپۆرتەکانی Amnesty International پشتگیری دەکرێت. کتێبەکە بە زمانێکی هێندە سادە و ڕاستەوخۆ نووسراوە، کە خوێنەر هەست بە دروستیی زانیارییەکان دەکات، بەڵام نووسەر بە هۆی کەشی زیندانەکە، ناچار بووە گفتوگۆکانی تەنها لە چوارچێوەی ئەزموونی سیاسییەکان و ژناندا بێت، بۆیە کارەکەی هەموو جۆرە گیراوەکان و توێژەکان ناگرێتەوە، هەروەها دیدارەکان لە چوارچێوەی دیدگەی نووسەرەکەدا قەتیس ماون، ئەمەش بۆ ئەدەبیاتی (testimony/شایەتی/گواستنەوەی ڕاستی) شتیکی ئاساییە. لە کۆتاییدا دەتوانین بڵێین کتێبەکە وێنایەکی قووڵ و نزیک لە واقیع پێشکەش دەکات، بەتایبەتی لەسەر ئەشکەنجەی دەروونی، بەڵام هەر وەکوو هەر بەرهەمێکی تری مێژوویی و دۆکیۆمێنتاری، باشتر وایە بۆ بەدەستهێنانی وێنایەکی تەواوتر لە دۆخی زیندانەکانی ئێران، لەگەڵ سەرچاوەکانی تر بخوێنرێتەوە.