دوو شانۆنامەی گرنگ لە بەرگی کتێبێکدا

دوو شانۆنامەی گرنگ لە بەرگی کتێبێکدا

ڕانانی: ئیدریس عەلی

ئەم دوو شانۆنامەیە لەلایەن خانمە نووسەری کوبی-ئەمەریکی (ماریا ئرینا فۆرنێس) نووسراوە، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش لەلایەن شاعیر و وەرگێڕ (عەبدوڵڵا سڵێمان – مەشخەڵ)ەوە وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، کە یەکێکە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

دیارە ناوی ئەم ژنە شانۆنووسە تا ئەندازەیەک لە نێوەندی ڕۆشنبیری و هونەریی کوردیدا، بەتایبەت بۆ شانۆکاران، نامۆ و نوێیە، بۆیە دەتوانین بێ دوودڵی بڵێین ئەم دوو شانۆنامەیە دەبن بە دەستپێکی هەوڵێکی سەرەتایی بۆ ناسینی هەم دونیابینی و کەسێتی و پێگەی ئەم ژنە نووسەرە، هەم ئاشنابوونمان بە شێواز و تەکنیکی نووسین و دروستکردنی کاراکتەر و خولقاندنی ڕووداو و حیوار لەنێو شانۆنامەکانیدا.

بێگومان لە ئێستادا بوونی ئەم جۆرە تێکستە شانۆییانە لە ڕێی پڕۆسەی وەرگێڕانەوە، بایەخێکی گەورەی هەیە بۆ شانۆکارانی کورد و عاشقانی هونەری شانۆ، چونکە لە لایەکەوە بەر ئەزموونێکی جیاواز و شێواز و فۆڕمێکی نەبینراوتر دەکەون لە تێکستی شانۆ؛ لە لایەکی دیکەشەوە، بە هۆی دروستبوونی گروپگەلێکی نوێ لە شانۆکارانی گەنج و بەئەزموون، یاخود فراوانبوونی بازنەی کاری شانۆیی لە شار و شارۆچکەکان و سەرهەڵدان و پەیدابوونی کۆمەڵێک دەرهێنەر، کە خواستیانە بە ڕوئیا و دونیابینییەکی نوێ و جیاوازەوە شانۆ پێشکەش بکەن، ئەم جۆرە تێکستە شانۆییانە یەکێک دەبن لە هەڵبژاردەکانیان بۆ خستنەسەرشانۆ و بەرهەمهێنانی نمایشێکی هونەری، کە ئیدی ئەو بیانووەش لەلای گروپ و تیپە هونەری و دەرهێنەرەکان ناهێڵێتەوە سەبارەت بە نەبوونی تێکستی شانۆیی.

پێویستە ئەو ڕاستییە بدرکێنین کەم دەزگای چاپ و بڵاوکردنەوە هەیە وەک دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم گرنگی بە کتێبی جۆراوجۆر، یاخود هەمەچەشنەیی لە چاپکردنی کتێبدا بدات، بەتایبەت ماوەی چەند ساڵێکە لە ڕووی چۆنێتییەوە کتێبگەلێکی بەنرخ و بەبەهای خستووەتە نێو کتێبخانەی کوردی و پێشکەشی خوێنەری کوردی کردوون، جگە لەمانەش، گرنگییەکی بەرچاوی بە نووسەر و وەرگێڕی تازە و جیاواز داوە و ناوی تا ئەندازەیەک نوێ لەسەر ڕووپەڕی بەرگی پێشەوەی کتێبەکانیان دەبینرێت. بێگومان شانۆ، بە تێکست و لێکۆڵینەوە و توێژینەوەوە، یەکێکە لەو لایەنە پڕبایەخانەی دەزگای ناوبراو درێغیی نەکردووە لە چاپکردنیاندا، دەتوانین تازەترین نموونە و هەوڵی دەزگای سەردەم لە بواری شانۆدا بە کتێبی شانۆنامەیەکی وەرگێڕراو بهێنینەوە، کە ئێستا لە کتێبخانە و کتێبفرۆشییەکاندا بەردەستە، ئەویش هەردوو شانۆنامەی (فیفوخان و هاوڕێکانی) و (ژیانی سەرکەوتوانەی ژمارە ٣)یە.

لەبارەی کارە شانۆییەکانی ئەم ژنە نووسەرەوە، لەلایەن ڕەخنەگران و توێژەرە هونەرییەکانەوە کۆمەڵێک دید و سەرنج خراونەتە ڕوو و لە پێشەکیی کتێبەکەدا دانراون، گرنگترین ئەو دید و سەرنجانە بریتین لە: ماریا ئرینا فۆرنێس سەرڕاسترین شاعیری شانۆی ئەمەریکییە؛ شانۆنامەی فیفوخان و هاوڕێکانی شانۆنامەیەکی لەڕادەبەدەر دەگمەنە لە سەرنجتیژی و ژیریدا؛ شانۆنامەی فیفوخان و هاوڕێکانی یەکێک لە بەهێزترین شانۆنامەکانە، کە سەبارەت بە نهێنی و ئەزموونی هاوبەشی ژنان نووسرابێت؛ کارەکانی فۆرنێس گەرموگوڕیی ڕاگرتنی هەستی خەڵک و جوانیی هەیە، کە خاڵی جیاکەرەوەیەتی لەگەڵ زۆربەی ئەو بەرهەمانەی ئەمڕۆ دەنووسرێن… ئەگەر دەرزەنێک نووسەر هەبن بە ئەندازەی فۆرنێس ژیر و هاوسۆز، ئەوا بەسە بۆ وڵات. زۆرێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە فۆرنێس یەکێکە لە باشترین شانۆنامەنووسەکانی وڵاتی ئەمەریکا، کە ئەو وڵاتە دەتوانێت پێشکەشی بکات. بەرهەمەکانی فۆرنێس ڕۆژێک دێت بە بەرینایی دونیا ئەناسرێن و ڕێزی لێ دەگرن، کارەکانی فۆرنێس هەمیشە لێوڕێژن لە دانایی و زۆر جاریش ناوازەن، بەڵام هەرگیز بازاڕی و خۆپەرستانە نین، پڕن لە ناسکی و هەستی قووڵی جوان.

ئەمانە بەشێکن لە ستایش و پیاهەڵدانی ڕەخنەگرانی گەورە و ناوداری بواری شانۆ سەبارەت بە خودی نووسەر و بەرهەمە شانۆییەکانی، هەر وەک وەرگێڕی ئەم کتێبە ئاماژەی پێ داوە، ئەم ژنە نووسەرە هەرچەندە زۆر لەنێو هەوادارانی ئاسایی شانۆدا نەدەناسرا، زۆر جار لە ڕیزبەندیی نووسەرانی هاوچەرخ و بەرهەمهێنەرانی شانۆدا بەحیساب دەهات: ماریا نازناوی پیکاسۆی شانۆی لەلایەن گۆڤاری هیسپانکییەوە پێ بەخشرا و شەش خەڵاتی ئۆبیی بەدەست هێناوە، وەک باشترین نمایشی ساڵ لە بزووتنەوەی شانۆی دەرەوەی برادوای، لیستی دەستکەوتەکانی زۆر جێی سەرنج و دڵخۆشکەرە، کاتێک کەسێک ئەوە لەبەرچاو دەگرێت، کە تا تەمەنی سی سڵی دەستی بە نووسین نەکردووە.

ئەوەی لەسەر ئەم خانمە نووسەرە وەک زانیاری سەبارەت بە خۆی و دنیای نووسینی لە کێبەکەدا بەرچاو دەکەوێت، بریتییە لەوەی ماریا ئرینا فۆرنێس شانۆنامەنووس و دەرهێنەری پێشڕەوی کوبی-ئەمەریکی و یەکێک لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی (دەرەوەی براداوی)، ١٤ی ئایاری ساڵی ١٩٣٠ لە هاڤانای پایتەختی کوبا لەدایک بووە: کارمن فۆرنێس دوای کۆچی دوایی هاوسەرەکەی، بارگەی خێزانەکەی بە هەرشەش کچەکەیەوە دەپێچێتەوە و کوبا جێ دەهێڵن و بەرەو نیو یۆرک دەڕۆن، ماریا ئەو کات تەمەنی پازدە ساڵان بوو و زمانی ئینگلیزیی نەدەزانی، ماریا یەکەمین ئیشی پەیدا کردووە، وەک کرێکار لە کارگەی دروستکردنی شریتی ڕازاندنەوەدا.

فۆرنێس دوو هەفتە لەسەر ئەم کارە مایەوە و دوایی فێری زمانی ئینگلیزی بوو و کاری وەرگێڕانی پەیدا کرد، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا، ئەم کارە پڕ بە ویستی ماریا نەبوو، ماریا سەرباری کارکردن بۆ بژێویی خۆی، بەجدیش کەوتە نیگارکێشان و ساڵی ١٩٥١ دەبێتە هاووڵاتیی ئەمەریکی و ڕەگەزنامەی ئەو وڵاتە وەردەگرێت.

هەر وەک لە پێشەکییەکی پڕ لە زانیاریدا وەرگێڕی ئەم کتێبە (عەبدوڵڵا سڵێمان – مەشخەڵ) بەوردی ئاماژەی پێ داوە، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ گۆڤاری نووسەرانی هاوچەرخ، فۆرنێس ڕوونی کردووەتەوە کە چۆن بیرۆکەی بوونیادی درامی پەیوەندیی هەیە بە ئەزموونی نیگارکێشانەوە: ساڵی ١٩٧٢ فۆرنێس لەگەڵ ئێد بوڵینس و ڕۆزەلین درێکسلەر و تێری کەوتە کارکردن بۆ بوونیادنانی شانۆی ستراتیژیی نیو یۆرک، ئەو جێگەیەی کە نووسەر دەتوانێت بۆچوونەکانی خۆی تێدا تاقی بکاتەوە و کۆنترۆڵی کارەکانی تێدا بکات. لە دەیەی هەشتاکان و نەوەدەکانی سەدەی ڕابوردووشدا، فۆرنێس ژمارەیەک لە کارە سەرەکییەکانی خۆی نووسین و دەرهێنان.

بێگومان ئەم نووسەرە ٤٣ کتێبی شانۆیی بەچاپ گەیاندووە و ٢٩ خەڵاتی بەدەست هێناوە، گرنگترین کارەکانی ئەم ژنە نووسەرە بریتین لە: بێوەژنەکە، ئەوەتا تۆ مردوویت، ژیانی سەرکەوتوانەی ژمارە ٣، شانۆی کۆمیدیی ڤاودڤیل، دکتۆر خیل و هتد…

لە نووسینێکی ستایشئامێزدا (پرۆفیسۆر ئایشە ڕەحمانی)، کە شانۆنامەنووسێکی ئەفریقی-ئەمەریکییە، سەبارەت بە شانۆنامەکانی ئەم ژنە نووسەرە ئاماژەی بەوە داوە، کە شانۆی فۆرنێس بەدەگمەن گرێچنە دەیبزوێنێت، زۆربەی کات بوونیاد ئەنجامی کارەکتەرەکانە، کە خۆی دەبینێتەوە لە بەشدارییەکی زۆر بچووکی دیمەنە ئەبسوردەکان، کە یەکسانە بە ڕووداوی درامی: دەق بەوپەڕی نەزاکەتەوە بایەخ دەدات بە کاری بچووک لە چوارچێوەی بەرهەمی شانۆیدا، کارەکتەرەکان و بینەران وەکوو یەکن و بەردەوام لە دەرەوەی دەقدا ڕووبەڕووی کارامەییەکی بەئاگای نمایشی جەستە و ڕووناکی و موزیک و ڕەنگ و بۆشایی دەبنەوە، میتۆدی فۆرنێس لە نووسینی شانۆنامەدا دیار و لەبەرچاوە، ماریا خەریکی بوونیادنانە وەک لەوەی دەق بنووسێت.

لە درێژەی نووسینە ستایشئامێزەکەیدا سەبارەت بە ماریا گوتوویەتی: بە هۆی پیشەی درێژماوە و سەرنجڕاکێشی لە پێشڕەوایەتیدا، فۆرنێس هەناسەی بەرز و بەشکۆ هەڵدەمژێت؛ فۆرنێس هونەرمەندێکی ئەزموونگەرە و سەرباری پاڵەپەستۆی کات و دارایی و مۆدەی باو، ئەڵتەرناتیڤێکی ڕاستەقینە پێشکش دەکات.

بێگومان لێرەدا ناتونین هەموو شتێک لەسەر ئەم ژنە نووسەرە ئەمەریکییە و بەرهەم و پێگە و کاریگەریی ئەو لەسەر ڕەوتی شانۆی ئەمەریکی باس بکەین، ڕەنگە خوێندنەوەی خودی کتێبەکە لەم نووسینە سادە و ناساندنە کورتە باشتر قسە بکات و خۆی بە خوێنەری کورد و شانۆکارانی کورد بناسێنێت. بەهیوام خوێنەری ئەم دوو دەقە شانۆییە بن و لەسەر یەکێک لە شانۆکانی کوردستاندا نمایشیان ببینین.