بۆدلێر: منداڵییەکی بریندار و وێران

بۆدلێر: منداڵییەکی بریندار و وێران

خەونی بە بوونیادنانی ژیانێکی خێزانییەوە دەبینی، بەڵام لە بەدیهێنانیدا شکستی هێنا

هاشم ساڵح

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

بۆدلێر لە هەڕەتی لاویدا و لە تەمەنی تەنها ٤٦ ساڵیدا گلا؛ لە کۆتایییەکانی ژیانیدا تووشی ئیفلیجی بوو و دەگوترێت “شێت”یش بوو. بەڵام سەرەڕای ئەوە، لەدوای خۆی، مەزنترین شۆڕشی شیعریی لە مێژووی سەردەمی نوێدا جێ هێشت. ئەگەر بۆدلێر نەبووایە، ڕامبۆ نەدەبوو. بۆدلێر بە شیعر تەقییەوە و لەپێناو شیعردا ژیا و هیچ ئامانجێکی تری لە ژیاندا نەبوو. مەگەر ئەو نەبوو دەیگوت، “من قوڕ (یان لیتە)م شێلا و زێڕم لێ دروست کرد؟” بە مانایەکی دی، ئەو لە کۆمەڵێک وشەی هێجگار سادە‌ ئەفراندن و وێنەی خەیاڵیی وا داهێنەرانەی خولقاند، کە عەقڵ سەرسام و مەست دەکات. ئەفسانەی شیعر و نهێنیی شیعر و جەوهەری شیعر ئا لێرەدایە. شیعر ئەو “ئاسانە ئەستەمەیه/السهل الممتنع‌” کە تەنها بلیمەتی بلیمەتەکان دەستیان پێی دەگات و لەقەرەی دێن.

بەڵام سارتەر، لە کتێبە ناوازەکەیدا دەربارەی بۆدلێر، دەڵێت، “ئەم پیاوە نە بێکەموکووڕی بوو، نە خاڵی بوو لە دژیەکی و ناتەواوی و خەوش، ئەم لادەرە وێڵگەردە پەیڕەویی لە باوترین ئەخلاقی سەردەمەکەی خۆی دەکرد؛ ئەم کەسە ناسکۆڵە و خۆشگوزەرانە، هەمیشە سەردانی سۆزانی و لەشفرۆشەکانی دەکرد. حەز و خولیای ئەو بۆ نەهامەتی و داڕمان و هەرەسە دەروونییەکان، وای لێ کردبوو ئالوودەی ئەو ژنە ڕەشپێستە دزێوە بێت (ژان دۆڤال)، کە ساڵانێکی زۆر دۆست و دڵداری بوو. ئەم مرۆڤە گۆشەگیرە زۆر لە تەنیایی دەترسا و تەنها لەگەڵ هاوڕێکانیدا دەچووە قاوەخانە و مەیخانەکانی پاریس. هەمیشە ئاواتی دەخواست خێزانێک و هێلانەیەکی گەرموگوڕی هەبێت، وەلێ لەمەدا تووشی شکستێکی گەورە بوو، هەر بۆیە ژیانی بەسەرگەردانی، دەربەدەری و پەراوێزخراوی بەسەر برد. هەمیشە ستایشی هەوڵ و کۆششی دەکرد، کەچی خۆی دەسەوسان بوو لە تەواوکردنی هەر کارێک کە دەستی پێ دەکرد. هانی خەڵکی دەدا بۆ گەشتکردن بەرەو ناوچە دوورەدەستەکان و دۆزینەوەی جیهانە پەنهان و نادیارەکان. بەڵام خۆی شەش مانگ بەڕاڕایی مایەوە، پێش ئەوەی بڕیار بدات و سەردانێکی دایکی بکات لە شاری (هۆنفڵێر)، کە تەنها دوو سەد کیلۆمەتر لە پاریسەوە دوور بوو… بەکورتی، ئەو مرۆڤێک بوو، سەرتاپای پڕ بوو لە دژیەکی.”

لە ڕاستیدا سەرەکیترین و بنەڕەتیترین کێشەی بۆدلێر، دوای کۆچی دوایی باوکی، شووکردنەوەی دایکی بوو. ئا لێرەوە ئەو «برینە وجوودییە/ئۆنتۆلۆژییە” چەکەرە دەکات -ئەگەر بتوانین وا ناوی بەرین- ئەو برینە قووڵەی لە ناخەوە تێکی شکاند و هەلاهەلای کرد و لە ڕەگوڕیشەوە هەڵی تەکاند؛ ئەو هەرگیز نەیتوانی لەژێر باری ئەو گورزە کەمەرشکێنەدا هەستێتەوە و تا کۆتایی تەمەنی هەر بەو ئازارەوە ناڵاندی.

بۆدلێر تا دواسنوور، تا ئەوپەڕی هۆگربوون، هۆگری دایکی بوو. سەروەختێک لە تەمەنی شەش ساڵیدا باوکی کۆچی دوایی دەکات، زۆر خەمبار نەبوو، بگرە ڕەنگە خۆشحاڵیش بووبێت! چونکە پێی وا بوو ئیتر بۆ لەمەودوا، دایکی تەنها و تەنها بۆ ئەو دەبێت. بەڕاستییش هەر وا بوو، نزیکەی دوو ساڵ تەمەنێکی خۆش و نایابی لەگەڵ دایکی بردە سەر، ئەمە پێش ئەوەی قەدەر گورزی خۆی لە بۆدلێر بوەشێنێت و ئەوەی لێی دەترسا ڕوو بدات، ڕووی دا.

بەیانییەکیان دایکی پێی دەڵێت بڕیارە شوو بە ژەنەڕاڵ (ژاک ئۆبیک) بکات، ئەو کەسەی دواتر بووە حاکمی سەربازیی پاریس و باڵیۆزی فەڕەنسا لە ئیستانبوڵ. کاتێک بۆدلێر ئەم هەواڵەی بیست، شێت و هار بوو؛ هەستی کرد ئاسمان بەسەر زەویدا ڕووخاوە؛ وای هەست کرد لە بەهەشتەوە فڕێ دراوەتە خوارێ. لێرەدا “بەهەشتی منداڵی” بۆ شارل بۆدلێر، بۆ هەمیشە و هەتاهەتایە کۆتایی هات.

دروست ئا لەو کاتەدا، بۆ یەکەم جار ئەزموونی خراپەکاریی لە جیهاندا ناسی. تا ئەو کاتە، ئەم منداڵە بەنازپەروەردەیە، وەک هەموو منداڵانی دیکە سادە و ساویلکە بوو؛ وای دەزانی هەموو جیهان تەنها چاکە و بەرەکەت و بەختەوەری و دڵنیاییە. کتوپڕ شتێکی نوێی دۆزییەوە، شتێک هەرگیز بە خەیاڵیدا نەهاتووە و حسابی بۆ نەکردووە، لەناکاو ئەوەی بۆ ئاشکرا بوو، خراپەکاری لەناوجەرگەی جیهاندایە، بگرە وەک کرم چۆن لە ناوەوە بەروبوومەکان دەڕزێنێت، خراپەکارییش ئاوا جیهانی داڕزاندووە. لەو ساتەوە درز و کەلێنێکی گەورە کەوتە قووڵایی دەروونیەوە، هەر لەو ساتەشەوە شیعر بوو بە ئەگەرێکی گونجاو.

ڕەخنەگرێک دەربارەی بۆدلێر دەڵێت: بۆدلێر خاوەن ڕۆحێکی زۆر ناسک و هەستیار و میهرەبان بوو. بەڵام ئەو ڕۆحە لەگەڵ یەکەمین شۆکی ژیاندا تێک شکا. ئەو هەرگیز بەرگەی شووکردنەوەی دایکی نەگرت. ئاخر دایکی چیتر تەنها بۆ ئەو نەبوو، بگرە هەر بۆ ئەو نەما؛ بوو بە هیی پیاوێکی تر، پیاوێک لە ژوورەکەی تەنیشتیانەوە لەگەڵ دایکیدا دەمایەوە و دەرگای بە ڕووی ئەمدا دادەخست. دایکی خیانەتی لێ کرد و لە چەقی ڕێگەکەدا بەتەنیا جێی هێشت. بۆدلێر هەرگیز ئەم سووکایەتییەی لەبیر نەچووەوە و هەرگیز لەو کارەی دایکی خۆش نەبوو، بۆیە بە ڕووی دایکیدا هەڵدەشاخێت و بە دەنگی بەرز پێی دەڵێت، “ئەوەی کوڕێکی وەک منی هەبێت، شوو ناکاتەوە!”

لێرەوە ئیدی چۆن دەتوانێت بۆ لەمەولا متمانە بە ژیان بکات؟ سەردەمی دڵنیایی و شەفافییەت کۆتایی هات و سیستمی شتەکان تێک چوو. هەر ئەمەش بوو بەسەر جان پۆل سارتەردا هات؛ دایکی ئەویش، دوای مردنی باوکی، شووی کردەوە. هەر بۆیە ڕێک و ڕاست، وەک بۆدلێر، ڕقی لە دایکی و مێردەکەی بوو. سارتەر ئەوەندە ڕقی لە مێردی دایکی بوو، وەک کەسێکی گڵاو سەیری دەکرد، هەر لەبەر ئەوە، سەروەختێک مێردی دایکی دەمرێت، سارتەر ڕەتی کردەوە لە هەمان گۆڕستاندا بنێژرێت، تەنانەت دوای مردنیشی، وەک تارماییەک بەدوای سارتەرەوە بوو. ڕەنگە هەر ئەمەش هۆکاری ئەوە بێت کە کتێبەکەی سارتەر، دەربارەی بۆدلێر، سەرکەوتنێکی بێوێنەی بەدەست هێناوە، چونکە سارتەر هەمان ئەزموونی تاڵ و تێکشکێنەر و ماڵوێرانکەری چەشتووە. هەرگیز لە خوێندنەوەی ئەو کتێبەی سارتەر تێر نابیت: تەقینەوەی پەخشانێکی فەلسەفی، کە شیعر لە ئاستیدا دەسەوسانە… (لەنێوان دوو کەوانەدا: تا لە ژیاندا بم، لە زمانی فەڕەنسی خۆش نابم کە بە زڕدایک/زوجة الاب دەڵێت “دایکی جوان/Belle-mère”، ئەمە چ گەمژەییەکە؟ ئەمە چ ڕیسواییەکە؟ تەنها دایکی ڕاستەقینە شایستەی ئەوەیە پێی بگوترێت دایکی جوان).

لێرەوە چ دەرەنجامێک بەدەست دەهێنین؟ ئەو دەرەنجامە بەدەست دەهێنین کە قۆناغی یەکەمی منداڵی ئێمە دروست دەکات و کەسایەتیمان بۆ هەتاهەتایە دادەڕێژێت و مەحاڵە بتوانین خۆمانی لێ ڕزگار بکەین. بەم دواییانە گوێم لەوە بوو، یەکێک لە گۆرانیبێژە فەڕەنسییە بەناوبانگەکان دوای تەمەنی هەشتا ساڵی دەڵێت، “بەو خودایە تا ئێستاش نەمتوانیوە منداڵیم تێپەڕێنم؛ بە یەزدانی مەزن تا ئێستاش نەمتوانیوە لەگەڵ منداڵیم ئاشت ببمەوە، کێ دەتوانێت لەدەست منداڵیی خۆی ڕزگاری ببێت؟ کێ دەتوانێت لەدەست منداڵیی خۆی چاک ببێتەوە؟” ئەمە قسەی کەسێکی میللیی سەرکەوتووە و کاسێتی گۆرانییەکانی ملیۆنان دانەی لێ دەفرۆشرێت. ئەی چی بە نەگبەت و بەدبەختەکانی وەک ئێمە دەڵێیت؟ چۆن دەتوانیت لەگەڵ منداڵییەکی پڕ لە کارەسات و نەهامەتی و ناخۆشی ئاشت ببیتەوە؟

ئێستا با ئەم پرسیارە بکەین: کەسایەتیی بۆدلێر لە ژیاندا چۆن بوو؟ با گوێ لە (ماکسیم دو کامپ)، هاوڕێ بەناوبانگەکەی فلیبێر بگرین، کە ئاوا وەسفی بۆدلێر دەکات: “باڵای مامناوەند بوو، جەستەیەکی ڕەق و ماسولکەی بەهێزی هەبوو، یان با بڵێین لە یەکەم نیگادا وا دەردەکەوت. بەڵام ئەگەر بەوردی لێت بڕوانییایە، دەتبینی لە ناوەوە وردوخاش بووە و تەواو وێرانە. نیشانەکانی هیلاکی و لاوازی و بێکەسیی پێوە دیار بوو…”

 بۆدلێر هەمیشە هەستی بە تاوان و گوناهـ دەکرد، بێ ئەوەی خودی خۆی هیچ تاوانێکی ئەنجام دابێت. هەستی دەکرد بۆ هەتاهەتایە تۆمەتبارە و ڕزگاربوونی نییە. لە تەواوی ژیانیدا، سەقامگیری و ئارامیی دەروونیی نەبینی. تکایە بەڕێزان گوێ بگرن: بۆدلێر پێویستی بە دوژمن نەبوو، بۆ ئەوەی لێی بدەن یان جەڵدی بکەن؛ ئەو ڕۆژانە لانی کەم دە جار خۆی، خۆی جەڵد دەکرد. ئەو سەرسەختترین دوژمنی خۆی بوو. مەگەر ئەو نەبوو دەیگوت:

من هەم زام و هەم چەقۆم

 من قوربانی و جەلادم

 من خوێنمژی دڵی خۆمم

هەروەها ئەوە بۆدلێرە ئەم وشە پڕمانایانەشی گوتووە: “کێ دەتوانێت کۆتایی بەو‌ پەشیمانییە کۆن و توولانییە بهێنێت؟ ئەو پەشیمانییەی دەژی و گێنگڵ دەدات و دەجووڵێت، ئەو پەشیمانییەی لە ناوەوە هەناو و جەرگمان دەخوات، وەک چۆن کرم تەرمی مردوو دەخوات، یان کرۆمۆکە داربەڕوو دەخوات؟ کێ دەتوانێت بەسەر ئەو پەشیمانییە کەللەڕەق و قیرسیچمەیەدا سەرکەوێت؟”

ژیان زیاد لە پێویست، ئازار و ئەشکەنجەی شارڵ بۆدلێری دا. بەڵام ئایا ئەگەر وا نەبووایە، دەبوو بە شاعیر؟ ئەگەر دایکی شووی نەکردایەتەوە، ئایا دەبوو بە مەزنترین شاعیری مێژووی فەڕەنسا؟

بۆدلێر بەم شێوەیە بیری دەکردەوە: مادام “خراپەکاری” لەم جیهانەدا ناچارییە، مادام خراپەکاری سەروەر و گەورەی جیهانە، ئەی بۆچی دەست و قاچی ماچ نەکەین و لەبەر دەمیدا مل کەچ نەکەین؟ بۆچی ستایشی نەکەین و غەزەل بۆ گوڵەکانی و جوانییەکانی نەڵێین؟ ئاهـ ئەی شەیتان، ئەی برا و ئەی هاوڕێم… بەڵام لە کۆتاییدا چاکە بەسەر خراپه و خودا بەسەر شەیتاندا سەردەکەوێت، ئەگەر نا، دەست لەم دونیایە بشۆ.

ئەوە بوو کە بۆدلێر لە قووڵایی ناخیەوە بڕوای پێی بوو؛ هەر ئەوەش بوو چەندین جار لە شیعرەکانیدا دەری بڕیوە، کاتێک خەونی بە شەفافییەتەوە دەبینی و بەرەو ئاسمانە بەرزەکان دەفڕی. بەڵام هەمیشە لە گورزەکانی خراپەکاری و ناپاکییەکانی زەمانە دەترسا. ئاخر چۆن خۆی لەو گورز و غەدرانەی رۆژگار بپاراستایە؟ ئەمە لە لایەکەوە…

… لە لایەکی تریشەوە، ئەگەر بۆدلێر ناوی دیوانەکەی بنایە (گوڵەکانی چاکە)، ئەوا کەس ناوی نەدەبیست و ڕەنگە تووشی شکستێکی گەورەش بووبووایە، چونکە وەک ئەوەی ئەسمەعی دەڵێت، “شیعر مۆن و لاسارە، دەروازەکەی بەسەر خراپەکاریدا کراوەتەوە، هەر کە پێی خستە ناو دەروازەی چاکەکارییەوە، کز و لاواز دەبێت.”

لە کۆتاییدا پێویستە ئەوە بزانین، بۆدلێر هەندێک جار دەگۆڕا بۆ کەسێکی تەواو جیاوازتر؛ لە کەسایەتییەکی تراژیدییەوە دەبوو بە کۆمیدی. بەڵگە بۆ ئەمە، ئەم شیعرە گاڵتەئامێز و خۆشەیە:

ژنەکەم مرد

ئیدی من ئازادم و

دەتوانم بە کەیفی خۆم بخۆمەوە

کاتێک بە گیرفانی خاڵییەوە دەگەڕامەوە

قیژە و هاتوهاواری مێشکی دەبردم

من وەک پاشای خاوەن تاج دڵخۆشم

من پاشای پاشاکانم

خودایە دوای مەرگی ئەو

ماڵەکە چەند خۆش و فراوانە و

خۆشترین ساتەکانی ژیانم دەژیم

بە ئارەزووی خۆم گۆرانی دەڵێم

هەوا پاکە و ئاسمان ساماڵ

هاوینێکی وامان بەسەر برد

ئەو کاتەی من ئەوینداری ئەو بووم!

سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 12ی نیسانی 2026