پرسی جوانی و ناشیرینی لەمڕۆدا

پرسی جوانی و ناشیرینی لەمڕۆدا

چەند سەرنجێک دەربارەی کتێبی “زانستی جوانی؛ خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی”

بەختیار حەمەسوور

پرسی جوانی و ناشیرینی پرسێکی کۆنە، پرسەکە دەکرێت لەم ڕستە سادەیەدا ئاڕاستە بکرێت: چی شتێک جوانە و چی شتیکیش ناشیرین؟ ئەمە پرسێکی لەمێژینەی مرۆڤ بووە لەسەر زەوی، لەوەتەی مرۆڤ نیشتەجێی سەر ئەم هەسارەیە بووە، بەردەوام بەشوێن جوانیدا ئەوداڵ بووە و هەوڵی داوە خۆی دوور بگرێت و داببڕێت لە هەموو ئەو شتانەی ناشیرین و دزێون. لێرەدا و لەم سەرەتایەی بڕیارە دەربارەی کتێبێک بنووسین کە هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینیی کردووە بە چەق، گرنگە ئاماژە بۆ ئەو گۆڕانکارییە زەمەنییە بکەین کە تێیدا ئاست و پلە و پێوانی هەردوو چەمک (جوانی و ناشیرینی) بەپێی بارودۆخ و هەلومەرج گۆڕراون، واتا جوانی و ناشیرینی لە یەک پێگە و جێگەدا نەماونەتەوە، کاریگەرییەکانی دەوروبەر و پێشکەوتنی زانستەکان و دۆزینەوەکانی مرۆڤایەتی لە کایە جیاوازەکاندا، نەک بەتەنها لەسەر جوانی و ناشیرینی، بەڵکوو کاریان لەسەر بچووکترین ڕەفتار و گوفتاری تاکەکان و پاشتریش کۆمەڵگە کردووە. لەو سەردەمانەدا کە ژیان سادەتر و ئامرازەکانی بەردەست کەمتر و سروشتیتر بوون، هەڵسەنگاندنی ئینسان بۆ هەریەک لە چەمکەکانی جوانی و ناشیرینی لە هەناوی ئەو ژینگەیەدا خەمڵیوە، بۆ وێنە جلوبەرگ، ئەگەر دیقەت بدەین لەو وێنە کۆنانەی لە مێژووییەکی دێرینەوە بە ئێستا گەیشتوون، دەبینین کەسەکان لە پۆشینی جلوبەرگدا چ سەلیقە و ئاستێکیان هەبووە، بەدڵنیایی ئەو جلوبەرگانە نموونەی جوانترین جلوبەرگی ئەو سەردەمە بوون و ڕەنگە بۆ کەسانێکی تایبەت لە چینێکی زۆر تایبەت، ڕەخسابێت ئەو پۆشاکانەیان هەبێت، بەڵام کاتێک دێینە سەر ئەم سەردەمە و لە ئاستێکی بەراوردکارییانەدا ئەو جلوبەرگانە ڕادەگرین، دەبینین ئێستا نەک ناتوانرێت ئەو پۆشاکە ببپۆشرێت، بەڵکوو وەک نموونەیەک بۆ ناشیرینی و تەنانەت عەیبەش چاویان لێ دەکرێت. کە وایە، پرسی “جوانی و ناشیرینی” پرسێکی ڕێژەییە و بەردەوام لەنێوان سەردەم و کولتوور و ژینگە جیاوازەکاندا ئاڵوگۆڕی بەسەردا هاتووە و دێت، زەمەنیش بە شێوەیەکی زۆر ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر دادەنێت.

کتێبی “زانستی جوانی؛ خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی” لە نووسینی د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، یەکێکە لەو کتێبانەی بە شێوەیەکی تایبەت و لە ڕوانگەیەکی کۆمەڵناسی-جوانیناسییەوە، پرسی هەریەک لە چەمکەکانی جوانی و ناشیرینی دەخاتە ڕوو. توێژەر، وەک لە دەستپێکدا ئاماژەی بۆ کردووە، ئەم کتێبە، یان بڵێین بابەتەکانی نێو ئەم کتێبەی وەک مەنهەج لە زانکۆ، لە بەشی کۆمەڵناسی، ساڵانێک گوتووەتەوە و پێی وا بووە ناوەرۆکی ئەم کتێبە نەک بەتەنها بۆ ناو ناوەندە ئەکادیمییەکە، بەڵکوو دەتوانێت لە دەرەوەش، لە فەزایەکی گشتیی خوێندنەوەدا، ڕۆڵ و کاریگەریی هەبێت، کە بێگومان هەر بەو جۆرەیە و بێ هیچ دوودڵییەک یەک لە کتێبە دانسقەکانی نێو کتێبخانەی کوردییە.

د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد بە زمانێکی سادە و ڕەوان کۆمەڵێک پرسی ئاڵۆز ئاڕاستە دەکات، چەق لەم کتێبەدا چەمکەکانی جوانی و ناشیرینییە، ئەگەرچی لە یەکەم بیرکردنەوەدا هەریەک لە ئێمە پێمان وایە هەریەک لەو چەمکانە سادەن و مرۆڤ هەر بە ڕوانین دەتوانێت بزانێت چی شتێک جوانە چییش ناشیرین، بەڵام کاتێک لە ئاستی تیۆریدا ورد دەبینەوە، دەبینین شتەکە بەو جۆرە سادەیش نییە، بەڵکوو پرسی جوانی و ناشیرینی بەتەنها پرسێکی ڕوانینەکی نییە، بەڵکوو پرسێکی مێژوویی، جوگرافی، فەلسەفی، کولتووری، ئەخلاقی، کۆمەڵناسی و سیاسییشە. هەریەک لەم پرسانە (جوانی و ناشیرینی)، لە سەرەتاکانی بیرکردنەوە و نووسینەوە (ڕەنگە دوورترینیان بۆ بیرمەندان و فەیلەسووفانی یۆنان بگەڕێتەوە)، هەوڵ دراوە هەریەک لەم بابەتانە لە چوارچێوەیەکی دیاریکراودا دابنرێن و پێناسە بکرێن، لەگەڵ ئەوەشدا هەمیشە شتانێک ماونەتەوە، کە نەکراوە و نەلواوە و نەگیراوە بخرێتە چوارچێوەیەک و تەواوی لایەن و پانتایی هەریەک لەو دوو چەمکەی پێ داگیر بکرێت و هەمووان کۆک بن لەسەر ئەوەی ئەو پێناسە و ناسینە، کۆتا پێناسە و ناسینە کە بۆ هەریەک لەو دوو چەمکە کراوە. لەم کتێبەدا بەوردی ئەم جیاوازییانە خراونەتە ڕوو، هەوڵ دراوە بە شێوەیەکی ئاسان هەندێک ڕوانگە و تێزی تایبەت (چ لە بیرمەندانی کلاسیک و چ لە بیرمەندان و نووسەرانی هاوچەرخ)، وەک پاڵپشتی و جەختکردنەوە، بە سەرچاوە وەربگیرێن.

یەکەم سەرنج، کە دەکرێت لە شێوەی پرسیاردا بکرێت، ئەمەیە: ئایا جوانی زانستە؟ وەک دەبینین ناونیشانی سەرەکیی کتێبەکە (زانستی جوانی)یە، هەر لە دەستپێکەوە، بە پشکنینی دەیان بۆچوون، توێژەر دەیەوێت زانستیبوونی (جوانی) بسەلمێنیت، کە لەلایەن تیۆرداڕێژەرانی کۆن و نوێوە ئەم زانستە لە چوارچێوەی زانستە مرۆییەکاندا دانراوە، سەرەتا بابەتی جوانیناسی بۆ خوێندنەوەی بابەتە ئەدەبی و هونەرییەکان کەڵکی لێ وەرگیراوە، پاشتر لە سەرجەم بوارەکاندا ئەم زانستە سوودی لێ بینراوە.

بە شێوەیەکی گشتی کتێبی “زانستی جوانی؛ خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی” لە سێ بەشی سەرەکی و سێ پاشکۆ پێک هاتووە، ناونیشانی بەشەکان بەم جۆرەن: (بەشی یەکەم: ئیستێتیک – زانستی جوانی؛ بەشی دووەم: سۆسیۆئیستێتیک؛ بەشی سێیەم: توێژینەوەکانی ئیستێتیکیی پەروەردەیی). لە کۆتایی کتێبەکەدا ئەم سێ پاشکۆیە دانراون: (پاشکۆی ١: پەنجا ڕێساکەی قبوڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە؛ پاشکۆی ٢: هەڕەمی ماسلۆ؛ پاشکۆی ٣: تابلۆ، درووشم، وێنە). لەو سێ بەشە سەرەکییەی کتێبەکەدا چەندان وردەبابەت و ناونیشانی لاوەکیی پەیوەست بە ناونیشانی بەشەکەوە ورووژێنراون، لە پاشکۆکانیشدا وەک جەختکرنەوە و سەلماندنی ئایدیای سەرەکیی کتێبەکە، دوو بابەت ئامادە و وەرگێڕراون، هاوکات لە پاشکۆی سێیەمیشدا چەندان تابلۆی جیهانی و درووشم و وێنە چاپ کراون، کە وەک نموونەی دیار و بەرچاوی جوانی و ناشیرینی بینراونەتەوە.

یەکێک لەو خەسڵەتە تایبەتمەندانەی ئەم کتێبە هەڵگریەتی، هەر لە “پێشەکی”یەکەیەوە ڕەچاوی کردووە، کورتنووسین و پوختنووسینە، پێم وایە بابەتێکی لەو چەشنەی ئەم کتێبە دەربارەی نووسراوە، لە بابەتە هەرە باسهەڵگیرسێن و جێی مشتومڕە جیاوازەکانە، ئەگەر نووسەر بە پلانێکی پێشوەختە و بیرلێکراوە نەپەرژێتە سەر وەها بابەتێک، بێگومان تووشی شپرزەیی و شێواوییەکی تیۆری و ئاڵۆزاندنێکی سەرلێتێکدەر دەبێتەوە، کە بەوەش خوێنەر لە دووتوێی لاپەڕەکاندا سەرگەران و پەرتەوازە دەبێت و ناتوانێت بە ئایدیا و ئامانجی ڕوونی نووسەر بگات. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد بەپێی ئەزموونی نووسین و وەرگێڕانی، هاوکات ساڵانی وانەگوتنەوەی لە ناوەندی ئەکادیمیدا، توانیویەتی کتێبەکەی لە لێڵی و ناڕوونی بپارێزێت و بە شێوەیەکی سەرکەوتووانە خوێنەر ئاڕاستەی بابەتە سەرەکییەکەی بکات. پێمان وایە هۆی هەرە لەپێشینەی ئەم سەرکەوتنە، بۆ هەمان ئەو خاڵە دەگەڕێتەوە کە لە سەرەتای ئەم پارەگرافەدا نووسیمان: کورتنووسین و پوختنووسین. بە درێژایی ٢٤٠ لاپەڕەی کتێبەکە تووشی هیچ گرێ و ڕاوەستانێک نابین، هاوکات هیچ درێژدادڕی و دووبارەکردنەوەیەک نادۆزینەوە لەم کتێبەدا، لە هەندێک باسدا هەست دەکەین دەکرا زیادتری دەربارە بنووسرێت، بەڵام لەو کورتی و پوختییەدا کۆتایی پێ هێناوە و خوێنەریش تووشی تێنەگەیشتن و کورتهێنانی مانا نابێت. ئەمە خاڵێکی گرنگە بۆ نووسەران و توێژەرانی کورد، کە بەداخەوە، ئەمڕۆ زۆر کەم ڕەچاوی ئەو دوو خاڵە گرنگە دەکرێت، بۆیە دەبینین بەشێکی زۆر لە توێژینەوە و لێکۆڵینەوەکانمان، وێڕای دووبارەکردنەوەی ئایدیای کەشفکراو و باو، هاوکات لە ڕووی میتۆدەوە پڕگرفتن و لە ڕووی شێوازی نووسینیشەوە پڕن لە درێژدادڕی و دووبارەکردنەوەی زانیاریی زانراو و بابەتی کاڵوکرچ.

لە بەشی یەکەمی ئەم کتێبەدا (ئیستێتیک – زانستی جوانی)، هەوڵ دراوە بە شێوەیەکی خێرا، بەڵام ورد، دەروازەیەک بۆ زانستی جوانی بکرێتەوە و چوارچێوەیەک بۆ ناونیشانی سەرەکی دەستنیشان بکرێت. شتێک کە لەم بەشەدا گرنگە ئەم دەربڕینەیە: جوانی ڕێژەییە! توێژەر ئەم دەربڕینە لە پەیوەند بە کۆمەڵێک پرسدا ڕوون دەکاتەوە، بۆ نموونە: جوانی لای خود و جوانی لە بابەتدا، ئایا ئەوە ئێمەین وەک تاکەکەس شتێک یان بابەتێکمان لا جوان یان ناشیرینە؟ یان نا، ئەوە بابەتەکەیە کە ئێمە وا لێ دەکات بڵێین جوانە یاخود ناشیرین؟ مەسەلەی چێژ و جوانی لە پەیوەند بە هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینی، دیسان لەبەر دەم پرسێکی دوالیزمدا ڕامان دەگرێت، چی جوانە و چی ناشیرین؟ بۆچی جوانی هەستی چێژ و خۆشی دەدات بە ئێمە و ناشیرینی هەست ڕق و تووڕەیی؟ خاڵێکی تر لە دەستنیشانکردنی جوانی و ناشیریندا باری دەروونییە، توێژەر بە نموونە و ڕستەی پوخت و سادە ئەوە دەخاتە ڕوو، کە دەکرێت لە دۆخێکی دەروونیی تایبەتتدا (ناجێگیر و ڕاڕاییدا) بابەتێکمان لا ناشیرین بێت، بەڵام لە دۆخێکی تردا (ئارام و دڵنیا) هەمان بابەت بە شێوەیەکی جوان و ناسک ببینین؛ کە وایە، هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینی شتێکن بەردەوام لە گۆڕاندان، سەرباری ڕەوتی زەمەن و شوێنکات و کولتوور، هاوکات کۆمەڵگە و نەریت و چێژ و سەلیقەی تاکەکەسیش، بۆ دیاریکردنی هەریەک لەو دوو چەمکە، لە ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستکردنێکی بەردەوامدان. هەر لەم بەشەدا دوو پرسی تازە و گرنگ دەورووژێنرێن، ئەوانیش پرسی (ئیستێتیکی ناشیرینی) و (جوانیی جەستە)یە، لە پرسی یەکەمدا ئەوە خراوەتە بەر باس، کە دەکرێت لەناو ناشیرینییشدا جوانی هەبێت، بەڵام ڕەنگە لەم خاڵەدا پێویستمان بەوە بێت کە لە ڕوانگەیەکی هونەرییەوە بۆی بڕوانین، توێژەر دەنووسێت: ناشیرینی بۆیە هەیە تا جوانی دەربکەوێت، بە واتایەکی تر: جوانی بێ بوونی ناشیرینی شتێکی بێبەهایە و نرخێکی ئەوتۆی نییە. لە بابەتی (ئیستێتیکی ناشیرینی)دا دەکرێت ئاماژە بۆ تابلۆکانی هونەرمەندی شێوەکار پابلۆ پیکاسۆ بکەین، پیکاسۆ کە داهێنەر و پەرەپێدەری هونەری کوبیزمە، بە شێوەیەکی شێواو و ناڕێک و ئەندازەیی ڕوخساری ژنەکانی دەکێشا، تابلۆکانی ئەم هونەرمەندە پێچەوانەی کلاسیکانی پێشین، کە ڕوخساری ژنەکانیان بە ‌هێڵی نەرم و ڕەنگی ئارام و دڵنشین دەکێشایەوە؛ لای پیکاسۆ ئەم نەریتە تێک دەشکێت و ئەگەر بە چاوی هونەری سەردەمی ڕۆمانتیکەوە لێی بڕوانین، تابلۆکان نەک جوان نین، بەڵکوو زۆریش ناشیرین و ناقۆڵان، گرنگیی پیکاسۆ لێرەدایە، کە لە هەناوی ناشیرینیدا هونەر بەرهەم دەهێنێت و دەستکاریی ڕوانگەی ئێمە بۆ چەمکی جوانی دەکات و چیدی ناشیرینی شتێک نابێت کە فڕێی بدەین و پشتگوێی بخەین. پرسی دووەم (جوانیی جەستە)یە، کە پرسێکی تەواو هاوچەرخانەیە و هەنووکە یەکێکە لە کایە تایبەتەکانی بواری پزیشکی. بابەتی جەستە (بەتایبەت لە ڕۆژەڵاتی ناوەڕاستدا)، هەمیشە بابەتێک بووە بڤە و قەدەغە بووە، هەر بۆیە نەدیو گیراوە، پرسی جەستە بە گوناهـ و تاوانەوە گرێ دراوە و هەر باسێکیش کە دەربارەی پانتایی و وردەکارییەکانی جەستە (بۆ هەردوو ڕەگەز) ورووژێنراوە، بەخێرایی سەرکوت کراوە و وەک هێڵی سوور و ناوچەی حەرام داخراوە. د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد جەستە وەک کێڵگەیەک بۆ هەریەک لە چەمکەکانی جوانی و ناشیرینی دەبینێتەوە. لە گەڕان بەناو مێژووی گەلان لە سەردەمە جیاوازەکاندا، دەبینین هەر زەمەنە جۆرێک لە جوانی زەق و باو بووە، لە هەندێک کۆمەڵگە و کولتووردا قەوڵەیی جەستە هێمای جوانی و میرخاسی بووە، چوارشانی یەکێک بووە لەو پێوەرانەی لە زۆر کۆمەڵگەدا وەک نموونەی جوانی تەماشا کراوە، بەڵام لە هەندێک کولتووری تردا وردیلەیی و بچووکی جەستە بەهای جوانییان هەبووە و هەیە. لە ئێستادا جەستە بەپێی خواست و ئارەزووی کەسەکان، لەگەڵ جوانیی باو و مۆدێلی ڕۆژدا، دەستکاریی سروشتی دەکرێت و دەخرێنە سەر ستانداردی جوانیی خواستراو، نەشتەرگەرییەکانی لووت و کەمەر و لێو و گۆنا و دانانی نینۆک و عەدەسەی چاو و ڕەنگکردنی قژ… لەو نەشتەرگەری و دەستکارییە باوانەن کە بەتەواوی ئاسایی بوونەتەوە و لای هەندێک کەس، وەک خوویەکیان لێ هاتووە، کە نەک یەک جار و تەواو، بەڵکوو زوو زوو تەجمیلاتی جەستە و ئەندامەکانیان دەکەن بە مەبەستی سەرنجڕاکێشان و جواندەرکەوتن. خاڵێکی تر لە پرسی جەستە و جوانیدا، دەرکەوتنی فیگەرە جیهانییەکانە لە هەردوو ڕەگەز، فیگەرە جیهانییەکان لە ڕووی دیزاینی جەستەیی و گۆڕینی قەبارە و ئەندازەی ئەندامەوە، کە هەریەک لە ئەکتەر، گۆرانیبێژ، یاریزان، شاجوان و پۆپ ستار و… کە ڕۆژانە لەسەر شاشە و لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بەرچاو دەکەون، ئەمانە ڕاستەوخۆ کاریگەری لەسەر کەسانێکی زۆر دادەنێن و بە خێراییەکی سەیر شێوازی جەستە و جوانکارییەکانیان بەناو دنیادا بڵاو دەبێتەوە و لەسەر ڕوخسار و جەستەی هەزاران کەس، دووبارە و کۆپی دەکرێنەوە. دیارە لەم پرسەدا بابەتێکی تر هاوشان بە جوانی ڕێ دەکات، ئەویش بابەتی سەرمایەدارییە؛ دنیای ئەمڕۆ، لە ڕوانگەی پرسی جوانیی جەستەوە، لێشاوێکی بەرفرەوانی ئابووری لە گەڕدایە، عیادە و ئۆفیسی پزیشکەکانی جوانکاری بەردەوام جمەیان دێت و وادەی دیدار و نەشتەرگەرییەکان درێژن و چاوەڕوانیی زۆریان دەوێت و نرخی خەیاڵییش لەسەر هەریەک لەو نەشتەرگەرییانە دادەنرێت. ئەمەش جێی سەرنجە، وێڕای ئەو نرخە گرانەی لەسەر هەر جوانکارییە بۆ ئەندامەکانی جەستە دانراوە، بابەتێک کە بیرکردنەوە لێی بەئێشە، ئەویش ئەمەیە: ئەو کەسەی ئەو جۆرە نەشتەرگەرییانە ئەنجام دەدات، تووشی ئازارێکی کوشندە دەبێتەوە، بەپێی ئەو قسانەی کەسانی نزیک و هاوڕێیانی نەشتەرگەریی جوانکاری کردوویانە، ئازاری هەندێک لەو نەشتەرگەرییانە، هێندەی ئازاری ڕۆحکێشانە! ئەوە چییە وا دەکات بەرگەی ئەو ئازارە زۆرە بگرین لەپێناو جوانی و سەرنجڕاکێشیدا؟

بەشی دووەمی کتێبەکە (سۆسیۆئیستێتیک)، لەم بەشەدا خوێندنەوەیەکی تایبەت بە جوانی و ناشیرینی پێشکەش کراوە لە پەیوەندیدا بە کۆمەڵناسییەوە، تێیدا توێژەر دەستی خستووەتە سەر کۆمەڵێک بابەتی ورد لە پەیوەست بە هەردوو لایەنەکەوە. سەرەتاش بەم جۆرە پێناسەی چەمکی (سۆسیۆئیستێتیک) دەکات: ئیستێتیک، یان فەلسەفەی جوانی، تەنها لەنێو کارە هونەری و ئەدەبییەکاندا سنووردار ناکرێت، بەڵکوو لە سەردەمی تازەدا ئەم زانستە دەچێتە نێو هەموو بوارەکانی ژیانی کۆمەڵایەتییەوە، بەتایبەتی بوارەکانی ڕەفتاری کۆمەڵایەتی. جوانی و ناشیرینی لە ژیانی مرۆڤەکاندا چەندین ڕوخسار و چەندین دیو و ڕەهەندیان هەیە، بەتایبەتی لە نەریت و ئاکار و ڕەفتاری تاک و گروپەکانی کۆمەڵگەدا. بۆیە ئێمە لێرەدا سۆسیۆلۆجیا و ئیستێتیکمان لەیەک داوە و زاراوەیەکمان بۆ لێکۆڵینەوە لەو بوارە داناوە بە ناوی: ‘سۆسیۆئیستێتیک’، کە دەچێتە دەرەوەی سنوورە تەقلیدییەکانی ئیستێتیکەوە.

بەم ناساندنەوە، دەتوانین بڵێین دەروازە بەسەر چەند بابەتێکدا واڵا دەبێت، کە لە بنچینەدا خۆیان سەر بە بابەتی کۆمەڵناسین و لەژێر چەتری سۆسیۆلۆجیادا جێیان دەبێتەوە، بەڵام توێژەر دەیانخاتە نێو پانتاییەکی بەرینتر و هەوڵ دەدات لە ڕوانگەیەکی ترەوە ئەو دیاردە و ڕەفتار و گوفتارە کۆمەڵایەتییانە بخوێنێتەوە، ئەویش لەژێر تیشکی هەردوو چەمکی ئیستێتیکیی جوانی و ناشیرینیندایە. بە واتایەکی ناسکتر دەتوانین بڵێین: نووسەر دیاردە کۆمەڵاتییەکانی وەک کارێکی ئەدەبی و هونەری تەماشا کردووە، لە گوزەری هەڵسەنگاندن و خوێندنەوەی بۆ هەریەک لەو دیاردانە و دیاریکردنی لایەنی (جوانی و ناشیرینی)یان، هەست دەکەین خودی دیاردەکان وەک دەقێک، یان تابلۆ و کارێکی هونەری، بۆیان ڕوانراوە، بەمەش یارمەتیی خوێنەر دەدات لە ئاسۆیەکی واڵاوە لەو دیاردانە ڕابمێنێت و چیدی وەک دیاردەیەکی کۆمەڵایەتیی وشکوبرینگ و واقیعێکی ڕەق نەیانبینێت. هەر لێرەشەوەیە کە ئێمە شایەتی ئاوێزانبوون و لێکاڵانی کایە جیاوازەکانین لەنێوان هەریەک لە ژیانی ڕۆژانە و ئەدەب و هونەر و واقیعی بەرجەستەدا، تێدەگەین هەموویان پێکەوە وەک زنجیرەیەک نۆتە، دەتوانن ئاوازێک بژەنن و کۆمەک بەیەک بکەن.

د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد لە ڕێگەی کۆمەڵێک وردەنانیشانەوە، پێکەوەبەستنی ئەو دوو بوارە (کۆمەڵناسی و جوانیناسی) دەکات، کە ناونیشانی ئەم بەشەی بۆ داناوە. دەکۆشێت لە هەندێک نەریتی کۆمەڵایەتی ورد ببێتەوە، لەوێوە پێگەی جوانی و ناشیرینییان لێوە هەڵبگۆزێت. سەرەتاش چەندان نموونە لە کولتوور و گەلانی دی دەهێنێتەوە و پاشان کۆمەڵگەی کوردی دەکاتە ڕووبەری وردبوونەوەکەی. بێگومان لە هەر کۆمەڵگەیەدا کە کرانەوە و بنەماکانی مۆدێرنبوون سەروەر بن، ئەوا دیتنەوەی جوانی لە پانتایی کۆمەڵایەتیدا ئامادەگیی بەرچاوی هەیە، پێچەوانەی ئەمەش، لە کۆمەڵگە داخراو و نەریتپارێزەکاندا، لە نموونەی کۆمەڵگە ڕۆژەڵاتییەکان و کۆمەڵگەی کوردییش لەناویدا، دەبینین چۆن ڕەفتار و هەڵسوکەوت و دیالۆگەکان بەرەو بنبەستبوون و لێکحاڵینەبوون دەکشێن و چۆنیش ناشیرینی بەشی هەرە زۆری پانتایی ژیانی کۆمەڵگە و تاکەکان داگیر دەکات.

کۆمەڵگەی کوردی وەک چۆن خاوەنی لایەنی جوانی کۆمەڵایەتییە، بۆ نموونە لە بابەتێکی وەک میوانداری، کە تێیدا خاوەنماڵ هەستێکی وا بە میوانەکانی دەدات کە خۆیان بە خاوەنی ماڵەکەی بزانن و هەرچی جوان و خۆش و تایبەت و گرنگە لای، ئامادەیە بیخاتە بەردەستی میوانەکانی؛ لەبەرانبەردا، لە هەمان کۆمەڵگەدا، چەندان نەریتی دواکەوتووانە و کۆنکەوتووانە هەن، کە مایەی نەنگی و شەرمن، هاوکات بە شێوەیەکی چڕ و زەق دەلالەتن لە ناشیرینیی کۆمەڵگە و ڕەفتاری تاک، بۆ وێنە بابەتی شەرەف، یاخود دیاردەی ژنبەژن، یان شیربایی و ناووناتۆرە… ئەگەرچی لەگەڵ تێپەڕینی ڕۆژگار و هاتنی تازەترین پێشکەوتنەکانی دنیا بۆ کوردستان، بەشێک لەو نەریت و ڕەفتارانە بنەبڕ و ئاوا بوون، بەڵام هێشتاش بە جۆری تر و لە زۆر شوێنان بەردەوامی بە خۆیان دەدەن.

بە شێوەیەکی دیاریکراو لەم بەشەدا، توێژەر خوێندنەوەیەکی جوانیناسانە بۆ دیاردە کۆمەڵایەتییەکان پێشکەش دەکات، لە هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینییەوە داب و دەستوورگەلێگی کۆمەڵگەی کوردی دەخاتە ژێر تیشکی خوێندنەوە و چییەتیی جوانی و دزێوییان دەستنیشان دەکات، بێگومان ئەم جۆرە خوێندنەوەیە ئەگەر نەڵێین لە توێژینەوەی کوردیدا تاقانەیە، ئەوا دەتوانین بڵێین دەگمەنە و کەمترین جار نووسەرانی ئێمە لەو پانتاییەدا کاریان کردووە. ڕەنگە هەوڵە جدییەکانی نووسەر و ئەدیب محەمەدفەریق حەسەن لەم ڕوانگەیەوە دەستپێشخەریی گرنگ بن، بەڵام هێشتا وەها بابەتێک بۆ کارکردن و لێکۆڵینەوە، وەک کێڵگەیەکی بەرین وایە لەبەر دەم توێژەران و نووسەراندا، کە دەکرێت چەندان کتێبی دەربارە بنووسرێت.

بەشی سێیەمی ئەم کتێبە (توێژینەوەکانی ئیستێتیکیی پەروەردەیی)یە، ڕەنگە باشترین و ئاسانترین ناساندن بۆ ئەم بەشە، ئەو دەستپێکە کورتە بێت کە نووسەر لە سەرەتای ئەم بەشەدا دای ناوە و دەنووسێت:

لەم بەشەدا شەش توێژینەوەی ئیستێتیکیی پەروەردەیی دەخەینە ڕوو، کە خوێندکارانی ماستەری بەشی کاری کۆمەڵایەتی لە ساڵی خوێندنی ٢٠٢١دا، بەهاوبەشی بە ڕاوێژ لەگەڵ مندا پێشەکەشیان کردووە، لەو دەمەدا من ئەو وانەیەم پێ دەگوتنەوە. بەو پێیە، ئەم توێژینەوانە دەبن بە توێژینەوەی هاوبەشی نێوان خوێندکارانی سمستەری یەکەمی ماستەر و من.

لێرەدا جارێکی دیکە بە هەرشەش توێژینەوەکەدا چوومەتەوە، لە ڕووی ڕێنووس و داڕشتنەوە دەستکاریم کردوون، کورتم کردوونەتەوە، پەراوێزەکانم لێ لابردوون، بابەتەکانم بە ئەندازەیەکی زیاتر لە ئیستێتیک نزیک کردووەتەوە، بە چەشنێک، بچێتە نێو دیدی سۆسیۆ-ئیستێتیکییەوە.

توێژینەوەی یەکەم دەربارەی شەرەف لەنێوان جوانی و ناشیرینیدا لەلایەن خوێندکار ‘سارا ساڵح کەریم’ بە ناونیشانی ‘تێڕوانینی کۆمەڵگەی کوردی بۆ چەمکی شەرەف’ ئامادە کراوە. ئەگەرچی ئەم بابەتە پتر بابەتێکی جێندەرییە و لە وانەی جێندەرییشدا دەخوێنرێت، بەڵام من هەوڵم داوە بە تێمی جوانی و ناشیرینی لە کۆمەڵگەی ئێمەدا پەیوەستی بکەم.

توێژینەوەی دووەم دەربارەی بەختەوەری و جوانی، لەلایەن خوێندکار ‘باخان هیوا جەمیل’ بە ناونیشانی پەرەپێدانی بەختەوەری لە پیشەی کاری کۆمەڵایەتیدا’ ئامادە کراوە.

توێژینەوەی سێیەم سەبارەت بە تووڕەیی و ناشیرینی، پێکەنین و جوانی، لەلایەن خوێندکار ‘میهرەبان موحسین یاسین’ بە ناونیشانی ‘چۆنێتیی مامەڵەکردن لەگەڵ تووڕەیی و ڕق’دا ئامادە کراوە.

توێژینەوەی چوارەم پەیوەستە بە جوان و ناشیرین لە نەریتی کۆمەڵایەتیدا، لەلایەن خوێندکار ‘شاتوو فەرهاد حەسەن’ بە ناونیشانی ‘جوانی و ناشیرینی لە نەریتی کۆمەڵایەتیدا – کۆمەڵگەی کوردی بە نموونە’ ئامادە کراوە.

توێژینەوەی پێنجەم بریتییە لە دیدی جوانی لەلای گەنجان، لەلایەن خوێندکار ‘مژدە یاسین محەمەد’ بە ناونیشانی ‘ڕۆڵی خێزان لە جوانیبینیی ژیان لای گەنجان’ ئامادە کراوە.

توێژینەوەی شەشەم پەیوەستە بە ئاکاری تۆڵەسەندنەوە و ناشیرینی، هزری لێکبوردەیی و جوانی، لەلایەن خوێندکار ‘سنوور کامیل حەمەلاو’ بە ناونیشانی ‘ئاکاری تۆڵە و لێبوردن لە کۆمەڵگەی کوردیدا’ ئامادە کراوە.

شیاوی باسە پاش ئەم دەستپێکە، بەرودوا، هەرشەش توێژینەوەکە بڵاو کراونەتەوە.

پاش ئەم سێ بەشە، سێ پاشکۆ لە کۆتایی کتێبەکەدا دانراون، لە پاشکۆی یەکەمدا (پەنجا ڕێساکەی قبوڵکردنی جیاوازی و پێکەوەژیانی ئاشتییانە) خراوەتە ڕوو. ئەم ڕێسایە، وەک لە ناوەکەیدا هاتووە، بریتییە لە پەنجا خاڵ، کە بە شێوەی برووسکەیی و زۆر کورت داڕێژراون، هەموویان جەخت لەسەر ئەوە دەکەنەوە کە چۆن جیاوازییەکانی یەکتر قبوڵ بکەین و چۆنیش بە قبوڵکردنی جیاوازییەکانمانەوە لەگەڵ یەکتر هەڵبکەین و ژیانێکی ئاشتەواییانە ئەزموون بکەین. ئەم پەنجا ڕێسایە بابەتێکی گرنگی نێو ئەم کتێبەیە و ئەگەرچی بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ پاڵپشتیی ناونیشانی سەرەکیی کتێبەکە دەکات، بەڵام لە دەرەنجامدا، کاتێک وردتر دەبینەوە، دەبینین بەڵێ، هەریەک لەم خاڵانە لەپێناو (جوانکردنی ژیان) و وەلانانی (ناشیرینییەکان)ە؛ هەر بۆیە دانانی ئەم پاشکۆیە کارێکی ناوازەیە و نووسەر وەک خۆی لە ڕوونکردنەوەیەکی کورتدا نووسیویەتی: “من ئەم پەنجا ڕێسایەم کردووە بە کوردی و لە هەموو ئەو وانانەی لە زانکۆدا دەیانڵێمەوە، ئەم بابەتەم لە هەرچوار قۆناغەکەدا خستووەتە نێو پڕۆگرامەکانەوە و بۆ خوێندکارەکانم پرنت کردوون، داوام لێ کردوون بیخوێننەوە، لەنێو هۆڵدا و لە کاتی لێکچەرەکاندا گفتوگۆی لەسەر بکەن.” لێرەدا بێجێ نابێت، بۆ خوێنەرانی دەستڕانەگەیشتوو بەم کتێبە، چەند دانە لەو پەنجا خاڵە بنووسینەوە:

١. من تۆ نیم.

٢. مەرج نییە باوەڕ بەو شتە بهێنیت کە من باوەڕم پێی هەیە.

٣. مەرج نییە هەمان ئەو شتە ببینیت کە من دەیبینم.

٤. جیاوازی شتێکی سروشتییە لە ژیاندا.

٥. مەحاڵە بە گۆشەی ٣٦٠ ببینیت.

٦. ناسینی خەڵکی بۆ ئەوەیە لەگەڵیاندا بژیت، نەک بیانگۆڕیت.

٧. جیاوازییەکانی خەڵکی شتێکی پۆزەتیڤ و تەواوکەرە.

٨. ئەوەی بۆ من باشە، مەرج نییە بۆ تۆیش باش بێت.

٩. هەڵوێست و ڕووداو چەشنی خەڵکەکە دەگۆڕێت.

١٠. تێگەیشتنم بۆ تۆ مانای ئەوە نییە قەناعەتم بە وتەکانت هەیە.

دواجار: شکاندنی سەوڵی ئەوی دیکە، نابێتە هۆی خێراکردنی بەلەمەکەت.

پاشکۆی دووەم (هەڕەمی ماسلۆ)یە، نووسەر ئەم هەڕەمەی بەم جۆرە ئاسانە ناساندووە:

هەڕەمی ماسلۆ تیۆرییەکی سایکۆلۆجییە، زانای دەروونناسی ئەمەریکی ئەبراهام ماسلۆ (١٩٠٨-١٩٧٠) ساڵی ١٩٤٣ بە ناوی “تیۆرییەک سەبارەت بە هاندەرە مرۆییەکان” بڵاوی کردەوە. ماسلۆ پێی وایە مرۆڤ دوای ئەوەی پێداویستییە سەرەکییەکانی بەدەست دەهێنێت، هەوڵی بەدیهێنانی ئەو پێداویستییانەی دیکە دەدات کە لە ئاستی باڵاتردایە بەو پێیەی لە هەڕەمی ماسلۆدا ڕێکی خستوون.

ئەم تیۆرە دەڵێت مرۆڤ هەمیشە هەوڵی بەدیهێنانی پێنج پێداویستیی سەرەکی دەدات:

١. پێداویستییە فیزیۆلۆجییەکان

٢. سەلامەتی و دڵنیایی

٣. پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان

٤. ڕێزگرتن

٥. بەدەستهێنانی خود

تێرکردنی ئەم پێداویستییانە بە چەند قۆناغێک دەبێت، تاک هان دەدرێت دوای تێرکردنی هەر قۆناغێک باز بداتە قۆناغی دواتر، کاتێک ئەو قۆناغە تێر دەکات، دەچێتە قۆناغی دواتر و ئەوەی پێشوو جێ دەهێڵێت و… بەم جۆرە.

پاشکۆی سێیەم (تابلۆ، درووشم، وێنە)کانن، ئەمانە هەموو ئەو نموونانەن کە لە مەتنی توێژنەوەکاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، تا ئایدیای سەرەکیی کتێبەکە ڕوونتر و زووتر بگەیەنن بە بەردەنگ.

پوختەی سەرنج و خوێندنەوە

مێژووی هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینی، هێندەی مێژووی مرۆڤایەتییە، مرۆڤ هەر لە دەستپێکی ژیانەوە، بە پێوانەی جیاجیا، هەوڵی جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی جوانی و ناشیرینیی داوە، ئەو کاتەی ژیان و کەرەستە و ژینگەی دەوروبەرەکەی لە شتانی ئاسایی و کەم پێک هاتوون، پێوەر و پێوانەکانیشی بۆ جوانی و ناشیرینی ئاسان و سادە بووە، لەگەڵ ڕەوتی بەرەوپێشچوونی زەمان و گۆڕانکارییە خێرا و بەپەلەکانی ژیان، جیاکردنەوە و دەستنیشانکردنی جوانی و ناشیرینییش ئاڵۆز بوون و پێناسە و دەستنیشانکردنیان ئەگەر کارێکی زەحمەت نەبووبێت، بێگومان ئاسانیش نەبووە. پرسی جوانی و ناشیرینی لەمڕۆدا، واتە سەدەی بیستویەکەم، تەنها لەوەدا نەماوەتەوە کە بابەتێک بێت تەکلیفی خۆمان لەبەرانبەریدا ڕوون بکەینەوە، بەڵکوو ڕۆژانە ئاڵوگۆڕ بەسەر مانا و جۆری جوانی و ناشیریندا دێت و دەکرێت ئەم ڕەنگی قوماش کە ئەمڕۆ جوانە، سبەی ناجوان و دزێو بێت، یاخود ئەم ڕوخسار و قەڵافەت مۆدێل و لەبەردڵانە، سبەی ڕوخسار و قەڵافەتێکی تر ببێت بە مۆدێل و چاولێکەرانیش خۆیان بخەنە بەر نەشتەری جوانکاری و پزیشک.

کتێبی “زانستی جوانی؛ خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی” لە نووسین و ئامادەکردنی د. نەوزاد ئەحمەد ئەسوەد، لەو کتێبانەیە لە کتێبخانە و توێژینەوەی کوردیدا، کە بابەتێکی دەگمەن و کەم دەستبۆبراوی نیشانگر کردووە، کتێبەکە بە زمانی سادە و ڕوون کۆمەڵێک پرسی سەبارەت ئیستێتیک و تایبەتتر، هەردوو چەمکی جوانی و ناشیرینی خستووەتە ڕوو. توێژەر لەم کتێبە هەوڵی داوە کۆمەڵێک سەرچاوەی ئەدەبی، مێژوویی، فەلسەفی و مرۆیی دەور بکاتەوە و بۆ پاڵپشتی و گەیاندنی بیرۆکەی سەرەکی، نموونەی لە ژیانی ڕۆژانەی ناو خەڵک و دەرکەوتە ڕواڵەتییەکان و تەنانەت باسە لاوەکی و پەراوێزەکانیش هانا ببات. نووسەر لەگەڵ ئەوەی هەوڵی داوە ڕەوتی مێژووی جوانی و ناشیرینی لە کۆن و سەردەمە جیاوازەکاندا پیشان بداتەوە، بەڵام بە شێوەیەکی سەرەکی و پێداگر، چەقی کارەکەی لەسەر ئێستا و ئەمڕۆیە، بە واتایەکی تر، جوانی و ناشیرینی لەمڕۆدا کەوتوونەتە کوێوە و چۆن پێوانە دەکرێن و ڕوانگەکان سەبارەت بەو دوو چەمکە گەیشتوونەتە کوێ؟

ئەم کتێبە، وەک لە ناونیشانی لاوەکیدا هاتووە (خوێندنەوەیەکی سۆسیۆ-ئیستێتیکی بۆ جوانی و ناشیرینی)، هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی هارمۆنی و ئۆرگانیک لەنێوان جوانیناسی و کۆمەڵناسیدا پێک بهێنێت، بۆ ئەو مەبەستەش، بە شێوەیەکی دیاریکراو لە کۆمەڵگەی کوردی، کۆمەڵێک دیاردە و نەریتی هەمەچەشن لە ژیانی کۆمەڵاتیدا وەردەگرێت و لە پێوانە و پۆلێنبەندیی جوانی و ناشیریندا دەیانخوێنێتەوە و لە شوێنی شیاوی خۆیاندا دایان دەنێت.

خوێندنەوەی ئەم کتێبە دەبێتە دەروازەیەک بۆ ڕوانین و وردبوونەوە لە زۆر ڕووداو و دیاردەی دەوروبەر، بوونیادنانی چاوێکی جوانیناسانەیە بۆ ئەو شتانەی تیژتێپەڕ یان ڕەگاژوو بەتەنیشتماندا تێدەپەڕن یان دەنیشن، ئەم چاوە لای زۆرێکمان ناکارایە و دەتوانین بێڵین هەر نووقاوە؛ کاتێک چاوی جوانیناسانەی تاک کراوە و کارا بوو، بێگومان ئەوە سەرەتای گۆڕان و کشانە بەرەو دنیای مۆدێرن و یەکترقبوڵکردن.