ڕێمی براگ: پەتی شارستانییەتی مادی کورتە
ڕێمی براگ: پەتی شارستانییەتی مادی کورتە
یەکێکە لەو ڕۆشنبیرە دەگمەنانەی فەڕەنسا، کە بەئاشکرا باوەڕی خۆی ڕاگەیاندووە
هاشم ساڵح
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
لە پێشانگەی کتێب لە شاری (ڕبات)، کە ئێستا بەڕێوە دەچێت، بەدوای چەند کتێبێکدا دەگەڕام، لەنێویاندا ئەم کتێبەیە کە بەم دواییانە بە ناونیشانی (ئایا بیروباوەڕەکان/عەقیدەکان خێریان زیاترە یان شەڕ؟) بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە بریتییە لە زنجیرەیەک گفتوگۆ لەنێوان فەیلەسووفی ناودار (ڕێمی براگ) و توێژەری شارەزا لە بابەتی ئوسووڵگەری و ئوسووڵگەراکان: پیێر کۆنیزا.
ڕێمی براگ یەکێکە لە فەیلەسووفە کەم و دەگمەنەکانی ئێستای فەڕەنسا؛ ئەو یەکێکە لەو ڕۆشنبیرە دەگمەنانەی بەئاشکرا باوەڕی مەسیحیی کاتۆلیکیی خۆی ڕادەگەیەنێت. ئەمە لە گۆڕەپانی پاریسدا شتێکی زۆر دەگمەنە، چونکە ئاشکرایە زۆربەی ڕۆشنبیرانی فەڕەنسا، بەئاشکرا بێباوەڕیی (ئیلحاد)ی خۆیان ڕادەگەیەنن، بگرە وەک دەستکەوتێکی بێئەملاولا و گفتوگۆهەڵنەگر سەیری دەکەن. ئەمە دەقاودەق ئەو کارەیە کە (میشێل ئۆنفرێ) ڕۆژانە دەیکات و بەردەوام دەیداتەوە بە ڕووتدا.
بەڵام “پیاوەتی” ئەوە نییە لەم سەردەمەی ئێستادا لە پاریس، بێباوەڕی و ئیلحادی خۆت ڕابگەیەنیت؛ پیاوەتی یان ئازایەتی ئەوە بوو، دوو سەد یان سێ سەد ساڵ لەمەوبەر لە پاریسدا ئیلحادی خۆت ڕابگەیەنیت، ئەو کاتەی ئوسووڵگەریی مەسیحی بەهێز و باڵادەست بوو و هەناسەی لە خەڵک دەبڕی، ئەو کاتەی ئیلحاد زۆر بەسادەیی دەبووە هۆی پەڕاندنی سەر.
ئەی ئێستا؟ وەک نوکتەیەکی مانابەخش، بەم دواییانە کەسێک پێی گوتم: براکەم، ئەم جیهانە سەیر و سەمەرەیە پڕە لە پارادۆکس و دژایەتی. گوتم: چۆن؟ گوتی: لە فەڕەنسا یان لە هەموو جیهانی ڕۆژاوادا، کەس ناوێرێت باوەڕی خۆی ڕابگەیەنێت، چونکە دەستبەجێ پێی پێدەکەنن یان گاڵتەی پێ دەکەن و وەک کەسێکی کۆنەپەرست و دواکەوتوو سەیری دەکەن؛ کەسێک باوی نەماوە و کاتی بەسەرچووە. بەڵام لە جیهانی ڕۆژەڵات یان ئیسلامیدا، کەس ناوێرێت بڵێت من بێباوەڕم یان تەنانەت ناوێرێت بڵێت من عەلمانیم. چۆن دەکرێت ئەم کەلێنە گەورەیەی نێوان عەرەب و ڕۆژاوا پڕ بکرێتەوە؟ پێم گوت: ئەمە تەنها مەسەلەی جیاوازیی مێژووییە و هیچی تر…
تەنها پڕۆفیسۆر (ڕێمی براگ) دەوێرێت لەبەر دەم هەموواندا، بەئاشکرا و ڕاشکاوانە باوەڕی خۆی ڕابگەیەنێت، وەلێ باوەڕێکی توند گرێدراو بە ئەقڵانییەتی فەلەسەفیی مۆدرێنەوە. بەو مانایەی ئەوە باوەڕێکی “پاش مۆدێرنەیە” نەک پێش مۆدێرنە. بۆچی ئەم فەیلەسووفە بەتەواوەتی بێباوەڕی ڕەت دەکاتەوە؟ چونکە لە ڕوانگەی ئەوەوە بێباوەڕی دەبێتە هۆی نەهیلیزم/پووچگەرایی و دڵەڕاوکێی بوونگەرایی و داڕمانی بەهاکان، لەبەر ئەوە، باوەڕبوون بە خودا یان بەو هێزە باڵایەی لە ئێمە گەورەترە و دەستمان پێی ناگات، مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ بەدیهێنانی دڵنیایی و ئارامی، بۆ مرۆڤ لەسەر ئەم گۆی زەوییە. کار گەیشتووەتە ئەوەی (ڤیکتۆر هیگۆ) بڵێت، “باوەڕم بە هەبوونی خودا زیاترە، وەک لەوەی باوەڕم بە هەبوونی خودی خۆم هەبێت.” بەو مانایەی: باوەڕم بە خودای حەق و دادپەروەری هەیە، خودای چاکە و جوانی و میهرەبانی؛ بگرە باوەڕم بە هەبوونی چاودێرییەکی خودایی هەیە کە بەسەر جیهاندا دەڕوانێت، بەسەریدا دەفڕێت، پاسەوانیی دەکات و دەیپارێزێت. ئەو بەرژەوەندیی ئێمە دەزانێت و زیاتر پەرۆشی ئێمەیە، لەوەی ئێمە پەرۆشی خۆمانین. کەواتە ئێمە لە سەرەوە پارێزراوین، بێ ئەوەی هەستی پێ بکەین. بە واتایەکی تر، باوەڕم وایە شەڕ شکستی هێناوە و تاریکییش هەرچەند بخایەنێت، هەر شکستی هێناوە. لەم بارودۆخە تەمومژاوی و ئاڵۆزەدا، سەرخۆشی و دڵنەوایی ئێمە ئا لێرەدایە.
ئایا دەزانین بەها میتافیزیکییە باڵاکان، ئەوانەن کە لە ڕووی دەروونییەوە کۆمەک و پشتیوانیمان دەکەن و ورەمان بەرز دەکەنەوە، بەتایبەت لە کاتی تەنگانە و ناڕەحەتیدا؟ کەواتە دەبێت ئەو گوتە ڕووکەشانە فەرامۆش بکەین کە هێرش دەکەنە سەر میتافیزیک و وەک تەمومژ و وەهم و خەیاڵ سەیری دەکەن. ئەمە بە هیچ شێوەیەک ڕاست نییە. میتافیزیک ئەو ژێرخانە یان سەرخانەیە کە پشتیوانیی بوونی مرۆڤ دەکات؛ بەبێ ئەو، ناتوانین خۆمان ڕابگرین. ئێمە زیاتر لەوەی پێویستمان بە نان بێت، پێویستمان بە میتافیزیکە. هەر لەبەر ئەم هۆکارەیە ڕێمی براگ پێمان دەڵێت، ئەو شارستانییەتە مادییە بێباوەڕەی هەنووکە بەسەر ڕۆژاوادا زاڵە، پەتی کورتە. وزەی خۆی بەکار هێناوە و تەواو بووە و بووەتە بار بەسەر مرۆڤایەتییەوە؛ بگرە نوقمی هاوڕەگەزخوازی و لادان و مادە بێهۆشکەرەکان بووە و بووەتە هۆی خەمۆکییەکی زۆر و نەخۆشییە دەروونی و ژیرییە هەڵکشاوەکان. چارەسەر لە ڕوانگەی ئەوەوە، ئەوەیە ڕۆژاوا بگەڕێتەوە بۆ باوەڕی ڕۆحی و ئەخلاقیی باڵا. دوای ئەوەی ڕۆژاوا لە مادییات تێر بوو، کاتی ئەوە هاتووە بگەڕێتەوە بۆ ڕۆحانییەت و ئایدیاڵە باڵاکان.
بەڵام ئاگادار بن و هەزار جار ئاگاداربن: ئەمە بە مانای گەڕانەوە بۆ باوەڕە تەکفیری و ئوسووڵگەرییە کۆنەکەی سەدەکانی ناوەڕاست نییە. ئەمە بە مانای گەڕانەوە بۆ کۆمەڵکوژیی مەزهەبی و دادگەکانی پشکنین نییە. ئەورووپا ناگەڕێتەوە بۆ دواوە. ئەورووپا ناگەڕێتەوە بۆ ئەو جەنگە مەزهەبییە کوشندانەی پێشتر پارچەپارچەیان کرد و هاڕییان. ئەورووپا ناگەڕێتەوە بۆ دینداریی پێش سەردەمی ڕۆشنگەری؛ ئەمە لە مەحاڵ مەحاڵترە. هەموو مەسەلەکە، مەسەلەی ئاشتکردنەوەی فەلسەفە و ئاینە، یان ئاشتکردنەوەی “ئەقڵ و نەقڵ”ە، وەک چۆن ئیبن ڕوشد لە کتێبە ناودارەکەیدا (فصل المقال)دا ئەنجامی دا، چونکە دینداریی کوێر و بێئەقڵ، وێرانەیە بۆ ڕۆح و فیکر، بگرە وێرانکەری شارستانییەتەکانیشە. هەر ئەمەیە شارستانییەتی ئێمەی وێران کرد، لەو کاتەوەی سەردەمی “مەئموون” ئاوا بوو و چووینە ناو سەردەمی داڕمان و پاشەکشەوە.
ئێمە ئەوەمان بینینی، ئەم دیندارییە ئوسووڵگەرییە لە “١١ی سێپتێمبەر”ەوە تا ئێستا گەیاندووینیەتە چ کارەساتێک. هەروەها بینیمان چۆن لە نیوەی سەدەی ڕابوردووەوە تا ئێستا، تووشی (خومەینی) و تاریکییە مەترسیدارەکانی بووین و تا ئێستاش بەدەستیەوە دەناڵێنین، نازانین کەی ڕزگارمان دەبێت، کەی ئەم مۆتەکەیە لەسەرمان لادەچێت، چونکە سەدەکانی ناوەڕاستی ئیسلامی، تا ئێستاش نایەوێت و ڕەت دەکاتەوە دوایین هەناسەکانی خۆی بدات، وەک چۆن لە سەدەکانی ناوەڕاستی مەسیحی لە ئەورووپادا ڕووی دا.
دواتر کتێبەکانی ڕێمی براگ پێمان دەڵێن: ئەو تاوان و تەقینەوانەی لە ئەنجامی ئوسووڵگەریی توندڕەوەوە پەیدا دەبن، ناچارمان دەکەن ئەم پرسیارە بورووژێنین: ئایا چووینەتە قۆناغی توندڕەویی ڕادیکاڵانەی ئاینەکانەوە؟ ئایا بەڕاستی ئاینەکان شەرعییەتی خودایی دەدەنە پشتێنی تەقینەوە و ئۆتۆمبیلی بۆمبڕێژکراو و تەقینەوەکان؟ یان بە پێچەوانەوە، مژدەی ئومێد و ڕزگاری لە دونیا و قیامەتدا بە مرۆڤ دەبەخشن؟ ئەم پرسیارانە بوونەتە سەرقاڵیی هەموو ڕۆشنبیرانی جیهان و تەنها ڕۆشنبیرانی عەرەب و موسڵمان نین کە لەدەست دڕندەییەکانی “داعش” و هاوشێوەکانی بێزارن؛ بەڵام پێویستە هەمووان ئەوە بزانن کە ئاین کێشەکە نییە، بەڵکوو کێشەکە بریتییە لە تێگەیشتنی هەڵە بۆ ئاین: واتە تێگەیشتنی لادەر و گومڕا، کێشە گەورەکە و بەڵا گەورەکەیە. ئیسلام هەمووی ئاشتی و تەباییە و ئەگەر وەک حەقیقەتی خۆی لێی بگەین، هیچی لێ شین نابێت، جگە لە خێری گەورە بۆ مرۆڤایەتی. لە ڕابوردوودا و لە سەردەمی زێڕیندا جوانترین شارستانییەتی لێ کەوتووەتەوە؛ لە داهاتوویەکی نزیکیشدا گەورەترین شارستانییەتی لێ بەرهەم دێت، کاتێک “ئیسلامی ڕووناکایی” بەسەر “ئیسلامی تاریکیدا” سەردەکەوێت.
سەرچاوە: بەشی کولتووری لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، چوارشەممە، 6ی ئایاری 2026