هەمیشە ڕەخنەی شانۆیی دوای نمایشەکان دەکەوێت
هەمیشە ڕەخنەی شانۆیی دوای نمایشەکان دەکەوێت
گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی “شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی”
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی “شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی” نوێترین بەرهەمی نووسەر و ڕەخنەگری دیاری بواری شانۆ “ڕزگار حەمەڕەشید”ە، کە ماوەی چەند ساڵێکە وەک پرۆژەی کتێب کاری تێدا کردووە؛ ئەم کتێبە لە چاپکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە. لەم گفتوگۆیەدا لەگەڵ نووسەری کتێبەکە (ڕزگار حەمەڕەشید) دنیای کتێبەکە دەخەینە ڕوو.
سەردەم: کتێبی “شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی” چۆن بەرهەم هات و ماوەی چەند ساڵی پێ چوو تا نووسرا و بوو بە کتێب؟
ڕزگار حەمەڕەشید: ساڵانێکی زۆر بوو وەک پرۆژەی کتێبێک کارم تێدا دەکرد، بیرۆکەکە لەدوای زنجیرەیەک وتاری ڕەخنەیی و سیمینار دەربارەی نمایشە شانۆییەکان لەلام دروست بوو، بەتایبەتی دوای دوو سیمینار: یەکەمیان، ساڵی ١٩٩٢ لە سلێمانی بە ناوی “پرسەی هونەر و دواتەرمی شانۆی کوردی،” خوێندنەوەیەک بوو بۆ ئەو خامۆشییە هونەرییەی لەدوای ڕاپەڕینەوە دروست بووبوو، لەو ڕووەوە کە پەیوەندیی شانۆ و بزووتنەوە نەتەوایەتی و چینایەتییەکان پەیوەندییەکی هەناوگری بوو، هەوڵم دابوو ئەو خامۆشییە هونەرییە ببەستمەوە بە گەڕانەوەی هێما شۆڕشگێڕەکانەوە بۆ ناو ژیانی ڕۆژانە؛ سیمیناری دووەمیش ساڵی ١٩٩٧، هەر لە سلێمانی بوو، بە ناوی “نمایشی شانۆیی؛ مەبەستگەرایی بەرجەستەکردن،” تێیدا هەوڵم دابوو جگە لەو نمایشانەی خۆم بینیبوومن، خوێندنەوەیەکیش بۆ پاڵنەرەکانی سەرهەڵدانی شانۆ بکەم لە باشووری کوردستان. ئیتر لەو کاتەوە بڕیاری چاپکردنی کتێبێک سەری هەڵدا، بەڵام دەمویست سەرچاوەی زیاتر و پاڵپشتیی زیاتر بۆ بۆچوونەکانم بەدەست بخەم، بۆیە زۆر جار بۆ ماوەیەکی زۆر لێی دادەبڕام و پاشان بەگەرموگوڕییەوە کارم تێدا دەکردەوە، تا دواجار ئەمەی ئێستای لێ دەرچوو. دەتوانم بڵێم ئەم کتێبە (شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی) تەواوکەری کتێبی پێشووترمانە بە ناوی “وشەکان و جیاوازی،” کە ساڵی ٢٠٢٤ چاپ کرا؛ بەیەکەوە کارم تێدا دەکردن. “وشەکان و جیاوازی” خستنەڕووی بەشێکی گرنگە لە تیۆر و ڕێبازە ڕەخنەییەکان و مێژووی ڕەخنە و سەرڕێخستنی کۆمەڵێک بۆچوونی خۆم دەربارەی ڕەخنە (شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی)، پراکتیزەکردنی بەشێکی زۆری ئەو بۆچوونانەیە بۆ خوێندنەوەیەکی ڕەخنەگرانە بۆ ڕەوتی شانۆ لە باشووری کوردستان.
سەردەم: دنیای کتێبەکە چییە؟ ئایا تەوەرەکانی تەنها تایبەتن بە شانۆ؟
ڕزگار حەمەڕەشید: بەگشتی شێوازی نووسینی کتێبەکە بە جۆرێکە، جگە لە شانۆکاران و ڕەخنەگران و گرنگیپێدەرانی بوارە هونەرییەکان، هەموو کەسێکی تریش بتوانێت بیخوێنێتەوە.
کتێبەکە لە دوو بەشی سەرەکی پێک هاتووە: بەشی یەکەم خوێندنەوەیەکی ڕەخنەییە بۆ سەرهەڵدان و گەشەکردنی شانۆ لە باشووری کوردستان، پاڵنەر و هۆکارە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هەنگاوەکانی گەشەکردنی شانۆدا، بۆ ئەو مەبەستە لە زۆر شوێندا ناچار بووم دۆخە مێژووییەکان باس بکەم و بیبەستمەوە بە جۆری ئەو نمایشانەوە کە لەو کاتەدا پێشکەش کراون، جگە لەوەی هەر لەو ڕووەوە کۆمەڵێک نمایشی هەشتاکانی سەدەی ڕابوردووم کردووە بە نموونە بۆ سەلماندنی ئەو بۆچوونانەی سەبارەت بەو دەیەیە خستوومنەتە ڕوو؛ بەشی دووەمیش پراکتیزەکردنی ئەو بۆچوونە ڕەخنەییانەیە کە لە سەرەتای ئەم کتێبەدا و زۆرتریش لە کتێبی “وشەکان و جیاوازی”دا پێشنیازم کردوون، بەشی دووەم بریتییە لە خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ کۆمەڵێک نمایش.
سەردەم: گرنگیی ئەم جۆرە کتێبە ڕەخنەییانە سەبارەت بە شانۆ و نمایشە شانۆییەکان لە چیدا دەبینیتەوە؟
ڕزگار حەمەڕەشید: یەکێک لە ئامانجەکانی ئەم کتێبە، ئەوە بوو بتوانێت ڕۆ بچێتە ناو ئەو مێژووەی شانۆکەمانەوە و خوێندنەوەیەکی ڕەخنەیی بۆ بکات، بتوانێت لە کاریگەرییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بکۆڵێتەوە؛ زۆر گرنگە لەو بارەیەوە بۆچوونەکانمان بنووسینەوە و گفتوگۆیان لەسەر بکەین، دەشێت دەرەنجامی جیاواز بەدەست بهێنین و ناکۆک بین، بەڵام زۆر گرنگە بیاننووسینەوە و نەوە دوای نەوە گفتوگۆکانی ئەو بوارە قووڵتر بکرێنەوە. دەتوانم بڵێم لەناو ئەو مێژووەدا تا ئەمڕۆش، گێڕانەوە و ڕەخنە و خوێندنەوەی زارەکیمان هەبووە بۆ ئەمێستا و ڕابوردووی خۆمان و شانۆکەمان، پێویستە ئەو بۆچوونانە بنووسرێنەوە. هەموو شتەکانی ناو ئەو مێژووە کاریگەرییان لەسەر یەکتر هەبووە، بۆ ئەوەی شوێنی خۆمان لە ئێستادا بدۆزینەوە، پێویستمان بەو خوێندنەوە ڕەخنەییەی خۆمان و ڕابوردووەکەمان هەیە.
ڕەخنە و نمایشە شانۆییەکان پەیوەندییەکی لێکاوێزانیان هەیە، یەکتر تەواو دەکەن و هەنگاوبەهەنگاو هاوەڵیی یەک دەکەن. مەرج نییە نووسینێکی ڕەخنەیی دەربارەی نمایشێک تەنها بۆ شیکار، یان دەستنیشانکردنی “باش” و “خراپ”ی بەرهەمەکە بێت؛ دەشێت وتارێکی ڕەخنەیی، نمایشێک بکاتە بیانوو بۆ سەرڕێخستنی چەندین تێڕوانین و پرسیاری هونەری و فەلسەفی. چەندێک بەرهەمهێنانی کارێکی هونەریی داهێنەرانە گرنگە و هەڵگری چەندین ڕەهەندی ئیستێتیکی و فەلسەفییە، بەرهەمهێنانی گوتارێکی ڕەخنەییش بە هەمان ئەندازە گرنگە.
سەردەم: ئایا بەپێی پێویست نمایشی شانۆییمان هەیە لە باشووری کوردستان تا خوێندنەوەی ڕەخنەییان بۆ بکرێت و گوتاری ڕەخنەیی سەرهەڵبدات؟
ڕزگار حەمەڕەشید: مێژوویەکی پڕ لە هەڵبەزودابەزی شانۆییمان هەیە، کە هەوڵی داوە هاوشانی گۆڕانکارییەکان خۆی دابڕێژێتەوە، بەڵام لەناو ئەو مێژووەدا چەندین جار وەستان و خاوبوونەوە ڕووی داوە، بەڵام دواتر بە وزەیەکی ئەرێنیتر و پێشکەوتووترەوە، بزووتنەوە شانۆییەکە کەوتووەتەوە گەڕ؛ ئێستاش بە هۆی کەمتەرخەمیی حکومەتی هەرێمەوە، نەک شانۆ، زۆربەی بوارەکانی تری ژیانیش لە وەستانێکی ترسناکدان. بێگومان دەبێت نمایشی شانۆیی هەبێت تا گفتوگۆی شانۆیی پێش بکەوێت و دەقی ڕەخنەیی لەدایک ببێت، شانۆکارانی ئێمە توانای کارکردنیان هەیە و ڕەنگە هەریەکەیان چەندین پرۆژەی نمایشیان لە ئەندێشەی خۆیاندا هەڵگرتبێت؛ ئەوەی وا دەکات لە ئێستادا نمایشمان کەم بێت، یان هەر نەبێت، تەنها لایەنی مادییە و ئەوەش بەرپرسیارێتیی حکومەتە.
سەردەم: پەیوەندیی نێوان شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی لە چیدایە؟
ڕزگار حەمەڕەشید: مێژووی ڕەخنەی شانۆیی بەقووڵی دەگەڕێتەوە ناو مێژووی دێرینی شانۆ، لە سەرهەڵدانی شانۆوە، وەک فۆڕمە ڕۆژاواییەکەی، ڕەخنەی شانۆییش سەری هەڵداوە. لە گریکی کۆندا، بینەرانیش لە هەڵسەنگاندنی نمایشەکاندا بەشدارییان کردووە و دەکرێت ئەوە بە سەرەتای ئەو پەیوەندییە گرنگەی شانۆ دەستنیشان بکەین بە ڕەخنەی شانۆییەوە.
هەمیشە ڕەخنەی شانۆیی دوای نمایشەکان دەکەوێت، بەڵام ڕەخنەی شانۆییش، بە هەمان ئەندازەی پێچەوانە، کاریگەریی لەسەر نمایشەکان جێ دەهێڵێت، ئێمە باسی ڕەخنەی شانۆیی دەکەین وەک دەقێکی نووسراو، بەڵام لە هەمان کاتدا هەڵوێست و تێڕوانینی بینەرانیش بەگشتی کاریگەری لەسەر نمایشەکان دادەنێت. جیاوازییەکە لەوەدایە، کە پەیوەندیی بینەر و نمایش پەیوەندییەکی هاوتەریبە و شێوازی کارە شانۆییەکە دەستنیشانی ئەو پەیوەندییە دەکات، ئاخۆ نمایشەکە چۆن کاریگەری لەسەر بینەرەکانی دادەنێت و پەرچەکرداری ڕاستەوخۆی بینەرەکان بەرانبەر نمایشەکە چی دەبێت؟ لەم ڕووەوە نمایشێکی داهێنەرانە خوێندنەوەیەکی هەمەلایەن بۆ زەمینەی ئەو ساتە مێژووییە دەکات کە نمایشەکەی تێدا بەرهەم دێت؛ ئەگەر وا نەبێت، ئەوا یان پچڕانێکی تەواو لەنێوانیاندا ڕوو دەدات و بینەران لێیان دەکشێنەوە، یان نمایشەکە بەتەواوی دەکەوێتە ژێر کاریگەریی دۆخە هەنووکەییەکانەوە و پێبەپێی خواستی بینەرەکانی هەنگاو دەنێت، بەڵام پەیوەندیی نمایش و ڕەخنە، پەیوەندییەکی سیستماتیک و قووڵترە، هەردووکیان کاریگەری لەسەر یەکتر جێ دێڵن، بۆیە مەرج نییە تەنها نمایشێکی داهێنەرانە ڕێخۆشکەر بێت بۆ دەقێکی ڕەخنەیی، دەکرێت نمایشێکی سادە و ئاسایی، دەقێکی کاریگەر بەدوای خۆیدا بهێنێت. نووسینی ڕەخنەیی دەتوانێت نەک تەنها لەسەر نمایشێک، بەڵکوو کاریگەریی لەسەر نێوەندە شانۆییەکەش جێ بهێڵێت، بۆیە نەبوونی ڕەخنەی شانۆیی، یان فەراهەمنەکردنی زەمینەیەکی زانستی بۆ فراوانبوونی گوتاری ڕەخنەیی، بۆشاییەکی گەورە لە شێوازی بەرەوپێشچوون و گەشەکردنی کارە شانۆییەکاندا جێ دەهێڵێت. لەم ڕووەوە، لە کتێبی “شانۆ و ڕەخنەی شانۆیی”دا هەوڵم داوە باسی ئەو پەیوەندییە بکەم، چۆن دەقی ڕەخنەیی لە وتاری ستایش و ڕەتکردنەوە پاک بکەینەوە، چۆن نەهێڵین خواست و تێڕوانین و پەیوەندییە تایبەتییەکان لە نووسینەوەی دەقە ڕەخنەییەکانماندا ڕەنگدانەوەی هەبێت، هەرچەندە نووسینی ڕەخنە هەوڵێکیشە بۆ پێشنیازکردنی ئەو بۆچوونانەی ڕەخنەگرەکە دەیەوێت سەرڕێیان بخات.