بورهان سۆنمەز؛ شایەتحاڵی سەردەم و براوەی خەڵاتی هێمینگوای
بورهان سۆنمەز؛ شایەتحاڵی سەردەم و براوەی خەڵاتی هێمینگوای
ئامادەکردنی: سەردەم
بە شانازیی و خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم گەرمترین پیرۆزبایی خۆی ئاڕاستەی نووسەر و ڕۆماننووسی گەورەی کورد، بەڕێز “بورهان سۆنمەز” دەکات، بە بۆنەی وەرگرتنی خەڵاتی نێودەوڵەتیی هێمینگوای بۆ ساڵی ٢٠٢٦.
بردنی ئەم خەڵاتە بەناوبانگە لەلایەن ئەدیبێکی کوردەوە، مایەی شانازییەکی گەورەیە بۆ تەواوی نووسەران، خوێنەران و کایەی ئەدەبیاتی کوردی، کە دەیسەلمێنێت داهێنانی کوردی هەمیشە دەتوانێت لە کایە نێودەوڵەتییەکاندا بدرەوشێتەوە و پەیامی مرۆڤایەتیی خۆی بگەیەنێت.
لێرەشدا دەقی ئەو ڕاپۆرتە ئەدەبییە دەخەینە ڕوو، کە باس لە وردەکاریی ئەم خەڵاتە و ژیانی داهێنەرانەی نووسەر دەکات.
بورهان سۆنمەز؛ شایەتحاڵی سەردەم و براوەی خەڵاتی هێمینگوای
دادوەرەکانی خەڵاتی نێودەوڵەتیی “هێمینگوای” لە وڵاتی ئیتاڵیا، لە ڕاگەیەنراوێکی فەرمیدا ئاشکرایان کرد کە ڕۆماننووس بورهان سۆنمەز، وەک “شایەتحاڵی سەردەمەکەمان” دەبێتە براوەی ئەم خەڵاتە شکۆدارە.
مێژووی ئەم خەڵاتە نێودەوڵەتییە دەگەڕێتەوە بۆ سەردانێکی مێژوویی نووسەری ناوداری جیهانی ئێرنست هێمینگوای، بۆ شاری “لینیانۆ سابیادۆرۆ” لە ئیتاڵیا. لەو سەردەمەدا، هێمینگوای دۆستایەتییەکی قووڵ لەگەڵ ئەندازیار و نەخشەسازی شارەکە “مارسێلۆ دۆلیڤۆ” پەیدا دەکات. دۆلیڤۆ داوا لە هێمینگوای دەکات شوێنێک لەسەر نەخشەی شارەکە دەستنیشان بکات و پێی ڕادەگەیەنێت کە ئەو پانتاییە بۆ هەمیشە دەبێتە موڵکی ئەو. ئەو شوێنە دواتر لەژێر ناوی “پارکی هێمینگوای”دا ناسرا و لە ساڵی ١٩٨٤یشدا، وەک بەردەوامییەک بەو میراتە ئەدەبی و مرۆییە، خەڵاتی هێمینگوای دامەزرا.
ئەم خەڵاتە جیهانییە دەبەخشرێت بە چەند کایەیەکی جیاواز، لەوانە: ئەدەب، گەشتی ڕۆشنبیری، چاوپێکەوتن و شایەتحاڵی سەردەمەکەمان. شایانی باسە پێشتر چەندین زانا و نووسەری ناوداری جیهانیی وەک: سلاڤۆی ژیژەک، زیگمۆنت باومان، ڕیچارد سێنێت، دەیڤید گڕۆسمان، زادی سمیت و ئانی ئێرنۆ ئەم خەڵاتەیان پێ بەخشراوە.
بڕیارە لە ٢٧ی حوزەیرانی داهاتوودا، لە ڕۆژی سازدانی ڕێوڕەسمی فەرمیی خەڵاتەکەدا، بورهان سۆنمەز گەشتی شاری “لینیانۆ سابیادۆرۆ” بکات لە ئیتاڵیا، بە مەبەستی پێشکەشکردنی وتارێکی ئەدەبی لەژێر ناونیشانی “واتای شایەتحاڵبوون لە سەردەمەکەماندا.”
دوای ڕاگەیاندنی ناوەکەی وەک براوە، بورهان سۆنمەز لە لێدوانێکدا هێمای بۆ ئەوە کرد، کە ئەو ئەم خەڵاتە “بە ناوی تەواوی ئەو مرۆڤە ئازادیخواز و ئاشتیپەروەرانەوە وەردەگرێت کە لەپێناو بەهاکاندا تێکۆشاون، ڕووبەڕووی گرتن بوونەتەوە، یان ژیانی خۆیان بەخت کردووە،” تیشک دەخاتە سەر ئەوەش کە ئەم خەڵاتە بەتایبەتی پێشکەش دەکات بە “دایکانی شەممە.”
بورهان سۆنمەز، دەرچووی کۆلێژی یاسای زانکۆی ئیستانبوڵە. لەو سەردەمەی وەک پارێزەرێکی داکۆکیکار لە مافەکانی مرۆڤ کاری دەکرد، لە ئەنجامی هێرشێکی توندی هێزەکانی پۆلیسدا بەسەختی بریندار بوو؛ بە هۆی بارودۆخی دژواری سیاسییەوە، ناچار بوو ڕوو لە بەریتانیا بکات و لە شاری لەندەن، لە ناوەندی ناوداری چاکسازیی قوربانییانی ئەشکەنجەدا (Freedom from Torture) بۆ ماوەیەکی درێژخایەن چارەسەری پزیشکی وەربگرێت.
پێگەی ئەدەبیی سۆنمەز لە ئاستی جیهانیدا دیار و بەرچاوە؛ ڕۆمانەکانی خەڵاتی ئەدەبیی سێدات سیماڤی، خەڵاتی ڕۆمانی ئۆرهان کەمال، خەڵاتی ڤاسلاڤ هاڤێڵ و خەڵاتی ئەدەبیی EBRDیان بەدەست هێناوە. دوای نووسینی پێنج ڕۆمانی سەرکەوتوو بە زمانی تورکی، گەڕایەوە سەر ڕیشە قووڵەکەی خۆی و بە زمانی کودی دەستی بە نووسین کرد.
تا ئێستا ڕۆمانەکانی بۆ چل و هەشت زمانی جیاوازی جیهان وەرگێڕراون و لە زانکۆی (ODTÜ) وانەی ئەدەبیاتی گوتووەتەوە. سۆنمەز لە ئێستادا سەرۆکی نێودەوڵەتیی ڕێکخراوی جیهانیی پێن (PEN International) و ئەندامی ئەکادیمیای زانکۆی کامبریجە. ناونیشانی ڕۆمانە نوێیەکەی “نینۆکی سوور”ە، کە بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لەلایەن دەزگای وەشانی ئاڤێستاوە پێشکەش بە خوێنەران بکرێت.
ئەوەی شایانی باسە، یەکێک لە ڕۆمانەکانی بورهان سۆنمەز، کە ناوی “ئیستانبووڵ ئیستانبووڵ”ە، لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ فەرهاد چۆمانییەوە کراوە بە کوردی و ساڵی ٢٠٢٥ چاپ و بڵاو کراوەتەوە.