بیرکردنەوە لەگەڵ هایدگەردا؛ گەڕانەوە بۆ پرسی لەبیرکراوی بوون
بیرکردنەوە لەگەڵ هایدگەردا؛ گەڕانەوە بۆ پرسی لەبیرکراوی بوون
ئامادەکردنی: خەدیجە ئەسکەندەر
ئایا ئێمە لەبەر ئەوەی “بیر” دەکەینەوە “هەین،” یان لەبەر ئەوەی “هەین” بۆیە “بیر” دەکەینەوە؟
“بوون چییە؟” ئەو پرسیارەی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤایەتیی بە خۆیەوە خەریک کردبوو، لە کاتێکدا پرسی “بوون” بابەتی سەرەکی و بنەڕەتییە لە فەلسەفەدا؛ لەگەڵ ئەوەشدا، بە درێژایی مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوا، زۆر جار گرنگیی پێ نەدراوە، پشتگوێ خراوە، یان بەتەواوی لەبیر کراوە. مارتن هایدگەر، وەک یەکێک لە فەیلەسووف و بیرمەندە سەرەکی و کاریگەرەکانی سەدەی بیستەم، بە شکستی فەلسەفە لە ئەورووپا ئاماژەی پێ داوە. هەوڵی دا ئەم پرسیارە لەبیرکراوە بهێنێتەوە بەر باس، بە پەرەپێدانی ئۆنتۆلۆژیای بوونگەرایی، بەوەی ناوەندی فەلسەفەکەی لەسەر بابەتی “بوون” و بوونی مرۆڤ (دازاین) بوو. لای هایدگەر، جەوهەری بوون و لێکدانەوەی بوونی مرۆڤ پرسێکی بنەڕەتییە و تەواوی فەلسەفەکەی داگیر کردووە.
بوونگەرایی چییە؟
لە سەرەتادا دەبێت دان بەو ڕاستییەدا بنێین کە تیۆرییەکی گشتی نییە هەموو بوونگەراکان پێوەی پابەند بن. یەکەمین تایبەتمەندیی فەلسەفەی بوونگەرایی، ئەوەیە کە لە “مرۆڤ”ەوە دەست پێ دەکات، نەک لە سروشتەوە، مرۆڤ بابەتی سەرەکییە لە فەلسەفەی بوونگەراییدا، بەو مانایەی فەلسەفەی بوونگەرایی فەلسەفەی “خود”ە، نەک “بابەت.” خود لای فەیلەسووفی بوونگەرا بریتییە لە بوونەوەر بە تەواوی بوونیەوە، واتا ئەم بوونەوەرە تەنها خودێکی بیرکەرەوە نییە و بەس، بەڵکوو کردەوەسازە و سەنتەری هەست و ویژدانیشە.
ئەوەی بوونگەرایی گوزارشتی لێ دەکات ئەم ڕەهەندە کامڵەی “بوون”ە، کە ڕاستەوخۆ و بەرچاوانە لە کرداری “بوون” خۆیدا دەناسرێت. بوون بەو مانایەی ناشێت ئێمە “سروشتێک” یان “ماهییەتێک” بۆ مرۆڤ دیاری بکەین و پاشان لەبارەیەوە ئەنجامگیری بکەین، لە بنەڕەتیشدا هەر ئەم تێڕوانینە بوونگەراییانەیە کە خەسڵەتێکی ناجێگرانەی پێ دەبەخشێت.
بەم جۆرەی کە سارتەر تەعبیری لەم بابەتە کردووە، دەڵێت: “بوونی مرۆڤ پێش ماهییەتی دەکەوێت.” پاشان دەڵێت: “مەبەست ئەوەیە سەرەتا و بەر لە هەرشتێک مرۆڤ هەیە و ڕووبەڕووی خۆی دەبێتەوە و دەچێتە ناو جیهانەوە، پاشان خۆی دەناسێنێت.” (Sartre,1946,10,28)
کێشەکانی بوون (Ontology) و زانین (Epistemology)
کێشەی زانین (ئەپستمۆلۆجی) بە شێوەیەکی توندوتۆڵ بەکێشەی بوونەوە (ئەنتۆلۆجی) بەستراوەتەوە.
هەموو لافلێدانێکی زانین دەبێت گوزارشتێکمان بداتێ سەبارەت بەوەی هەیە و نییە، لە کاتێکدا هەموو گوزارشتدانێک لە واقیع لافلێدانی زانینە، لەبەر ئەم پەیوەندییە ئاڵوگۆڕەش، زەحمەتە بزانین ئاخۆ ئەو قسەیە چ مانایەکی هەیە کە دەگوترێت زانین بەر لە بوون کەوتووە بە مانایەکی دیکە، “ئەپستمۆلۆجی” پێش “ئەنتۆلۆجی” کەوتووە، یان بە پێچەوانەوە. بەردەوام فەلسەفە ڕووبەڕووی ئەم کێشەیە بووەتەوە.
لە سەردەمی تازەدا کێشەی زانین پێش خراوە، ئەوەش لە کاتێکدا بوو، کە دیکارت (لە ڕووی ئەقڵگەرایی) و لۆکیش (لە ڕووی ئەزموونگەراییەوە) جووڵەیەکی بەهێزیان بە لێکۆڵینەوەی فەلسەفی لە بنچینەکانی زانین و تێگەیشتنی مرۆیی بەخشی. هەرچەند “کانت”یش بەر لە هەرشتێک لە مەرجەکان و سنوورەکان و ڕادەی ڕاستیی زانینی بە شێوەیەک کۆڵییەوە، کە کاری لە هەموو فەلسەفەکانی دواتری خۆی کرد. ئێمە دەتوانین بە چی “یەقین” بزانین؟ ئەمە پرسیارێکی بنەڕەتی بوو، کەسیش مافی ئەمەی نەبوو (باوەڕی باو لای زۆرینە وا بوو) بەر لەوەی وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، پرسیاری تر لە واقع بکات.
بەڵام بە سەرهەڵدانی “بوونگەرایی” ئەم نەزمە باوە ئاوەژوو بووەوە و گومان لە ڕەوایەتی و سەروەرێتیی تیۆریی زانین کرا، کە بۆماوەیەکی زۆر درێژخایەن باڵادەست بوو.
لە فەلسەفەی بوونگەراییدا بوونی مرۆیی خاڵی دەستپێکردنی دانپیادانراوە، کە ئەمەش مانای “بیرۆکە”ی بوونی مرۆیی نییە، بەڵکوو بوونی زیندوو، کە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و بەو پێیەی بوونەوەری مرۆیین، پەیوەندیی پێوە دەکەین. لەبەر ئەوەی ئەم فەلسەفەیەش لە واقیعەوە (کە بوونی مرۆییە) دەست پێ دەکات، بۆیە کێشەی زانین دوای ئەو سەرهەڵدەدات و بەدوای کێشەی بووندا دێت؛ هەر وەک هایدگەر دەڵێت: ’’زانین جۆرێکە لە بوون، کە سەر بە ‘بوون -لە- جیهاندا’یە.” پاشان لەسەری دەڕوات و دەپرسێت ئاخۆ ئەم دەستەواژەیە کێشەی زانین ڕەت ناکاتەوە، واش دیارە بە مانایەک لە ماناکان ڕەتی کردبێتەوە. (نیکفر،٤٣،٧٥،٢٠١٣)
یەکەم هەنگاو دیکارت لە ئەنجامگیرییەکەی نای، عادەتەن وا سەیر کراوە کە بەهێزترین پاساوهێنانەوەیە لە فەلسەفەدا، کە دەڵێت: “’من بیر دەکەمەوە، کەواتە من هەم،’ گومانی قووڵیشم جۆرێکە لە بیرکردنەوە، کە بەڵگەیە لەسەر بوونم.”
بەڵام فەیلەسووفە بوونگەراکان ڕەخنە لەم پاساوە کلاسیکییە دەگرن و بە ئەبستراکت وەسفی دەکەن؛ من لە بنەڕەتدا خودێکی بیرکەرەوە نیم، بەڵام من بەر لە هەموو شتێک بوونەوەرم، بوونیش شتێکی زۆر فراوانترە لە بیرکردنەوە و پێش ئەویش دەکەوێت. فەیلەسووفە بوونگەراکان دەیانەوێت ئەم پاساوە هەڵاوگێڕ بکەنەوە و بڵێن: ”من هەم، کەواتە من بیر دەکەمەوە.” بەڵام مەبەستی چییە کە دەڵێت: “من هەم؟” مەبەستی لەوەیە کە من بە شێوەیەک هەم، دەتوانم خودی خۆم تێپەڕێنم!
مانای “بوون”
پرسی “بوون” تەوەری بیرکردنەوەی گەلێک لە فەیلەسووفان بووە لە ڕابوردوودا. لە ڕاستیدا، بەر لەوەی سوکرات، ئەفلاتوون توخمی ئەقڵانییەت بهێننە ناو فەلسەفەوە، فەیلەسووفان لەگەڵ “مەسەلەی بوون”دا دەستەوئێخە بووبوون و پرسیاری ئەوەش کە مانای زیندووبوون چییە و بوون چی دەگەیەنێت، زۆربەیانی سەرسام کردبوو.
یەکێک لە کێشە گرینگ و سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفی، بریتییە لە بنەڕەتی بوون، ئەم کێشەیە لە بنەڕەتدا لەگەڵ فەلسەفە و بیرکردنەوەی فەلسەفەدا بوونی هەیە. هەر لە سەرەتاوە شوێنکەوتووانی بیرکردنەوەی فەلسەفی هەوڵیان داوە دوورترین و بنەڕەتیتر بدۆزنەوە، بنەڕەتەکەشیان بە بنەڕەتێکی لەبنەڕەتبەدەر داناوە. لەپاش ئەرستۆوە، گەڕان بەدوای بنەڕەتی لەبنەڕەتبەدەردا بە مێتافیزیک ناسراوە، لە مێتافیزیکی هایدگەردا بنەڕەتی لەبنەڕەرتبەدەر زەمینەی هەموو شتێکە، بوونی هەموو شتێک لەسەر ئەم زەمینەیە ڕادەوەستێت و لە زەمینەکەی دانابڕێت، یان زەمینەکە ڕاستەقینە و بوونێکی بەرز و ژوورتری نییە. ”بێبنەڕەتی”ی ئەم “بنەڕەت”ەش سەرەنجامێکی زەروورییە. پرسی “بوون” ھەر لە سەدەکانی پێش زاینییەوە تا ڕۆژگاری ئەمڕۆمان، پرسێکی ئاڵۆز بووە ھەم لای فەیلەسووفان و پیاوانی ئاینی و زاناکانیش، تا دەگاتە سەردەمی ئەمڕۆمان، بەڵام دەبێت دان بەوەدا بنێین کە گەڕان بەدوای “بوون” و بنەڕەتەکەی و ماناکەیدا کاڵ بووەتەوە، کەمتر جێی سەرنج و بایەخی فەیلەسووفان بووە، هەر ئەمەش وای لە هایدگەر کرد بە قەیرانێکی فەلسەفی ناوزەدی بکات. بۆ نموونە لەلای فەیلەسووفانی یۆنانی کۆن، “بوون” کردەی بوونێکی باڵاترە، کە ئەوان زیاتر ئەم ڕێگە بیرکردنەوەیەیان لە ئەفسانەکانەوە وەرگرتووە؛ لە لایەکی ترەوە ئاینە جیاوازەکانی وەک ئاینە ھیندۆسییەکان و مەسیح و ئیسلام سەرچاوەی “بوون” دەگەڕێننەوە بۆ بوونێکی باڵاتر و بە دەسەڵات ڕەھا و بێخەوش، ھەموو کار و کردەوە و ڕووداوەکانیش پەیوەستن بەو “بوونە باڵا”یەوە.
بوونیادە سەرەکییەکانی “بوون”
١. فەیلەسووفە بوونگەراکان لە ڕووی زمانەوانییەوە وا سەیری زاراوەی “بوون” دەکەن، کە دەلالەت لە “دەرکەوتن بۆ دەرەوە” (Standing out) دەکات. ئەوە ڕاستە کە هەموو بوونەوەرەکان هەن، بەو مانایەی لە هیچەوە “دەرکەوتوون،” بەڵام مرۆڤ بە مانایەکی دوورتر لەوە هەیە، لەبەر ئەوەی ئەو لەنێو هەموو ئەو بوونەوەرانەدا کە دەشێت لەسەر گۆی زەوی سەرنجیان بدەین، تاقە بوونەوەرە کە نەک هەر وەکوو بوونەوەرێک “دەردەکەوێت،” بەڵکوو بەهۆشیارییەوە دەزانێت کێیە و چییە و کێ دەبێت و چی دەبێت؛ ئەم بیرۆکەیەش ئاماژە بۆ مانایەکی گرنگتر دەکات لە دەستەواژەی “دەرکەوتن بۆ دەرەوە،” چونکە مرۆڤ بە بەراورد بەو حاڵەتەی لە هەرساتێکدا تیایەتی، بەردەوام دەردەکەوێت، یان دەردەچێت. هەروەها دەتوانین بڵێین کە مرۆڤ لە بوونیدا “باڵاڕەو” (Transcendent)ە، بەبێ ئەوەی وشەی باڵاڕەوی لێرەدا مانایەکی تیۆلۆژیی هەبێت، ئەمە وشەیەکە کە “سارتەر”یش وەختێک سەبارەت بە مرۆڤ دەدوێت، بەکاری دەهێنێت، قسەکردنییش سەبارەت بە “باڵاڕەوی”ی مرۆڤ، دیسانەوە مانای ئاماژەکردنە بۆ ئەو حەقیقەتەی کە دەڵێت مرۆڤ لە هەرساتێکدا ئەو حاڵەتەی خۆی تێدەپەڕێنێت کە تیایەتی. کەواتە یەکەمین تایبەتمەندیی بنەڕەتیی بوونی مرۆیی، سروشتە ناجێگیرە هەڵچووە باڵاڕەوەکەیەتی.
٢. دوووەم خەسڵەتی سەرەکیی بوونی مرۆیی. “دانسقەیی” (Uniqueueness) بوونی مرۆییە، چونکە ئەو شتێکی بێئەقڵ نییە تا کاتێک باسی دەکەین، بە ئەو (It) ناوی بهێنین، بەڵکوو ئەو بوونەوەرێکە دەڵێت “من.” کاتێکیش بە ڕاناوی یەکەم قسە دەکات، هەر لافی ئەوە لێنادات کە پێگەیەکی دانسقە و ڕوانگەیەکی دانسقەی لە جیهاندا هەیە، بەڵکوو لە ڕێی ئەم ڕاناوەوە ئاماژە بە بوونەوەرێکی دانسقەش (Unique being) دەکات. هەندێک لە فەیلەسووفان، هەندێک جار وشەی Mineness (تایبەتمەندیی خود)یان بەکار هێناوە بۆ گوزارشتکردن لە هۆشیاری. دانسقەبوونی ئادەمیزاد لەو هەستەیدایە کە خاوەنی تایبەتمەندێتیی ئەو بوونەیە کە خۆی دەناسێت بەوەی کە “من”ە و لە دونیایەکی بچکۆلەکراو (Microcosm) یان لە “مۆناد Monad” (گەردیلەی ڕۆحی) دەچێت، وەک “لایبنیتر” ناوی دەنێت، کە سەنتەرێکی دانسقەیە و لە هیچ بوونەوەرێکی تر ناچێت و تەنیا و دابڕاوە لەوانی دی، بەڵام بە مانایەک لە ماناکان جیهان دەگرێتە خۆی و جیهانیش ئەو دەگرێتە خۆی، کاتێک دەڵێم من ئەم “من”ەم، “یەکێکی تر” نیم.
٣. سێیەم تایبەتمەندیی سەرەکی “پەیوەستبوونە بە خودەوە” (Self-relatedness)، ئەمەش تایبەتمەندییەکە، بەرەنجامی ئەو خەسڵەتانەی پێشووە کە ئاماژەمان پێ دان. ئەوەمان زانی کە بوونەوەری مرۆیی وەکوو کەسێکی دانسقە بە ڕێگەی خۆیدا دەڕوات. ئەو یان خودی خۆیەتی، واتە ئەو بوونەوەرە دانسقەیەی لە جیهانی شتەکان دەردەچێت و لە هەر حاڵەتێکی پێدراو دوور دەکەوێتەوە، یاخود خودی خۆی نابێت و لەناو جیهانی شتەکاندا دەتوێتەوە (وەک هەرشتێکی تر) و بۆ هیچ شتێکی خۆی بڕیار نادات، بەڵکوو فاکتەرەکانی دەرەوە بڕیاری هەموو شتێکی بۆ دەدەن. هەندێک لە بوونگەراکان ئەم دوو توانایە (ئەم دوو ئیمکانە) ناو دەنێن بوونی ڕەسەن (Authentic) و بوونی ساختە یان ناڕەسەن.
هایدگەر و بوژاندنەوەی پرسی “بوون”
مارتن هایدگەر (١٨٨٩-١٩٧٦) بلیمەتی فەلسەفەی ئەڵمانی و ئەورووپا، لە شارۆچکەیەکی بچووکی باشووری ئەڵمانیا، لە خێزانێکی کاسۆلیکیدا لەدایک بووە، هەر بۆیە لە سەرەتادا لە بواری ئیلاهیاتدا دەستی بە خوێندنی ئەکادیمی کردووە بە نیازی ئەوەی ببێت بە قەشە، ساڵی ١٩٠٩ لە زانکۆی فرایبۆرگ وەک خوێندکاری ئیلاهیات لەژێر کاریگەریی پەروەردەی کاسۆلیکی و ئارەزووی بۆ ئاین دەخوێنێت، بەڵام بە ھۆی گومانی کەسی و ھۆکاری تەندروستی، هایدگەر لەدەوروبەری ساڵی ١٩١١دا واز لە خوێندنی ئیلاهیات دەهێنێت و ڕوو دەکاتە فەلسەفە و خوێندنی فەلسەفە و لۆژیک و بیرکاری و زانستە سروشتییەکان، زیاتر سەرنج دەخاتە سەر دیاردەناسی، بەتایبەتی لەژێر کاریگەریی بیرمەندانی وەک فرانز برێنتانۆ و ئێدمۆند ھۆسرل. گواستنەوەی لە لاهووتییەوە بۆ فەلسەفە، سەرەتای پەیوەندیی نەپساوی ئەو بوو لەگەڵ پرسیارەکانی وجوودییەت و بوون، کە بوو بە سەنتەری کار و فەلسەفەی ژیانی هایدگەر. هایدگەر، جیا لە فەیلەسووفانی پێش خۆی، بەدەر لەوەی سەرنجی لەسەر مەعریفە، لۆژیک، یان ئەخلاق و جوانی بوو، بە پرسیاری: “بوون مانای چییە؟” بنەڕەت و مانای “بوون”ی ژیاندەوە؛ ئەو پێی وا بوو فەلسەفەی ڕۆژاوا ئەم پرسیارەی لەبیر کردووە، لە کاتێکدا گەڕان بەدوای “بوون چییە؟”دا ئەرکی سەرەکیی فەلسەفەیە.
ساڵی ١٩٧٦، هەر لە شاری فرایبۆرگ لە ئەڵمانیا کۆچی دوایی کرد، بەڵام لە جیهانی فەلسەفیدا بە ڕۆحێکی نەمر ماوەتەوە. بەرهەمەکانی، بەتایبەت بوون و کات، لە سەدەی بیستەمدا مانای بە “بیرکردنەوە” بەخشی.
هزری هایدگەری و کاریگەرییەکەی نەک تەنها لە فەلسەفەدا بەگشتی و فەلسەفەی بوونگەراییدا، بەڵکوو لە هێرمێنۆتیک و ئیلاهیات و ئەدەب و هونەر و چەندین بابەتی تردا بەردەوامیی هەیە.
لە بەرهەمە سەرەکییەکەیدا (بوون و کات – ١٩٢٧) ئاماژەی بەوە داوە، کە مێتافیزیکی ڕۆژاوایی لەدوای ئەفلاتوونەوە پرسی بوونی لەبیر کردووە، ئەمەش وای لە هایدگەر کرد بانگەشەی قەیرانێکی هزری-واقعی بکات، کە ناوی لێ ناوە “لەبیرکردنی بوون.” ڕەخنەگرێکی ڕادیکاڵ بووە، “لەبیرکردنی بوون”ی وەک شکستێکی فەلسەفەی ڕۆژاوا لەقەڵەم داوە، لە هەمان کاتدا ڕووی ڕەخنەکانی لە تەکنەلۆژیا، بەتایبەتی تەکنەلۆژیای مۆدێرن، کە پێی وا بوو جیهان بەرەو ئاڕاستەیەک دەبات، کە مانادارێتیی لێ دەسەنێتەوە. هایدگەر بە بگۆڕی فەلسەفەی سەدەی بیستەم دادەنرێت، بە بوێرییەکەی بۆ گەڕانەوە بۆ پرسیارە سەرەکییەکەی فەلسەفە دەربارەی “بوون.”
کێشەی لەبیرکردنی “بوون،” هایدگەر و شکستی فەلسەفە لە ئەورووپادا
لە ساڵی ١٩٢٧دا هایدگەر، کە یەکەم شابەرهەمی فەلسەفیی خۆی بە ناوی “بوون و کات”ەوە (Sein and Zeit) بڵاو کردەوە، بەو نیازەی وەڵامی ئەو پرسیارە هەرە گرینگە بداتەوە (بوون چ مانایەکی هەیە؟) کە لەمڕۆدا کارێکی زۆری کردووەتە سەر ئەو لێکۆڵینەوانەی لەسەر بوونی مرۆڤ ئەنجام دراون لەپاش تازەگەرییەوە. بە دیدی هایدگەر، بیروباوەڕی فەلسەفیی ئەورووپا تووشی دوو شکست و کەموکورتی هاتووە، یەکەم: بۆچوونە مێتافیزیکییەکان هەر لە سەردەمی ئەفلاتوونەوە و گەڕان بەدوای هۆکارێکی هۆشەکیی بڵند و لەمادەبەدەر و نەناسراو، یان نادیار، مرۆڤی ئەورووپای توووشی بێهودەیی و شکست کرد، لەبەر ئەم هۆکارەش، مرۆڤی ڕۆژاوا ڕووی کردە زانست و لێکۆڵینەوە لەسەر سروشت و لە لێکۆڵینەوەکانیشیاندا هەر گەڕان و بۆچوونێک زانستییانە نەسەلمێنرابایە، ئەوا مۆری خورافات و بێکەڵکی و پاشکەوتووییان لێ دەدا و لە مۆزەخانەی مێژوودا دایان دەنا؛ دووەم: بریتی بوو لەوەی فەیلەسووفەکان لەپاش ئەرستۆوە خۆیان لە ڕاستەقینەی بنەڕەتی “بوون” دوور خستەوە و زیاتر بە لێکۆڵینەوە لەسەر بابەتە سەردەستییەکانەوە خەریک بوون و بابەتی بوون و پرسیاری بوون فەرامۆش کرا، هەر ئەمەشە وای لە مارتن هایدگەر کردووە ناوی بنێت شکست، یان قەیرانی فەلسەفە لە ئەورووپا. (Hidegger,1927,306)
سەرهەڵدانی ئەم جیهانە تاریکەی ئێستاش، ئاکامی لەبیرچوون و وازهێنانە لە ڕاستیی بوون. نامۆبوونە لە ڕاستی، کە مرۆڤ تووشی بارودۆخێکی خنکێنەر دەکات و ڕێگە نادات “پرسیاری مەزن” و ڕەسەنانە بکات و لە واتای بوون بکۆڵێتەوە. سەردەمی تەکنەلۆژیا نامۆیە و سەردەمی پرسیارنەکردنە. دابڕانی بیرکردنەوەی فەلسەفە لە بابەتە بنەڕەتییەکەی، کە لێرەدا بووە بە لە بیرچوون و بە پەراوێزکردنی بوون یان بە “هیچ” دانانی بوون، بە شێوەیەکی تر لەلای “هیگڵ” باس کراوە (ابراهیمی،٢٠٠٣، ٥٧). بۆ ئەم بڕیارەش، دابڕانەکە نامۆبوونی ئاگامەندییە لە بابەتەکە، کە لە ئاکامی توێژینەوە ئەپستمۆلۆجییەکەی “کانت”ەوە سەری هەڵداوە (فولاندور،٥٠٧،١٩٩٩). ئەم نامۆبوونەش بووەتە هۆی شاردنەوەی ڕاستی. ئەگەر ئاگامەندی لە ڕاستیی بوون داببڕێت و نەتوانێت بیناسێت، ڕۆڵێکی کردەگیی لە گۆڕانی خۆی و داکەوتەکەیدا نابێت. ئاگامەندییەکی نامۆ و ڕاستینەناس دەسەڵاتێکی گۆڕانکاری ون دەکات و لەنێو بارودۆخی “ڕووخان”دا دەژی. کە وا بوو، کاتی ئەوە هاتووە سەرەتایەکی نوێ بۆ بیرکردنەوەی فەلسەفی بدۆزینەوە، تا لە نامۆیی و ڕووخان ڕزگار بکرێت؛ سەرەتایەک، کە خۆی بە پرسیارە مەزنەکانەوە ماندوو بکات و وەڵامیان بداتەوە. پرسیاری مەزنیش سنوورەکانی بیرکردنەوەی زانستییانە و نەریتی مێتافیزیکی (ئەفلاتوونی) دەبڕێت و خۆی بە بنەڕەتێکی لەبنەڕەتبەدەر و گشتگیر دادەنێت. بنەڕەتێک، کە ئەم یان ئەو شتە نییە، بەڵکوو بناغەی هەموویانە. بنەڕەتێکە هەبووەکان بەبێ ئەو نابن، هاوکات ئەویش نین. مەزنترین پرسیاریش لەم سەرەتا نوێیەدا بە واتای “بوونە” (Seinfrage)، چونکە بوون بنەڕەتی هەموو شتێکە، بەڵام خۆی بێبنەڕەتە. پێش مامەڵەکردن لەگەڵ وەڵامی پرسیارەکە سەبارەت بە واتای بوون، پێویستە بزانین هۆی ئاوڕنەدانەوەی فەیلەسووفەکان هەر لە ئەفلاتوونەوە لە “بوون چییە،” لێرەدا ئەو پرسیارە خۆی دەسەپێنێت: بۆچی “بوون” لە مێژووی بیرکردنەوەی فەلسەفیدا لە ئەفلاتوون لەبیر چووەتەوە و ئەم فەیلەسووفانە ڕوویان لە “هەبوو”یەک کردووە؟ خۆدوورخستنەوەی ئەم فەیلەسووفانە لە گەڕان بەدوای واتای بووندا لەسەر سێ بنەما ڕاوەستاوە، کە لە وەڵامی پرسیاری دووەمی توێژینەوەکەماندا نزیک دەبینەوە؛ ئەوان لەو باوەڕەدان کە “بوون” “هەمەکیترین چەمکە، بەڵگەنەویستە، پێناسەش ناکرێت.” ئەم سێ بنەمایە بوون بە دۆگما و هاندەر بۆ لەبیرچوونی بوون. لەپێش هەموویانەوە ئەو خاڵە ڕوون دەکەینەوە کە “بوون” بە چەمک دادەنێت. وەک دەزانین، چەمکەکان بوونێکی بابەتی و سەربەخۆیان لە دەرەوەی بیرکردنەوەدا نییە. چەمکی بوون، نوێنەرایەتیی بوونێکی دەرەکی دەکات.
بنەمای دوووەمی دۆگماکە، گوایە بوون بەڵگەنەویستە و ناتوانرێت باس لە شتێک بکرێت تاکوو ئەم شتە بوونی نەبێت، لە گەڕان بەدوای واتای بوونماندا دوور ناخاتەوە. مەبەست لە توێژینەوەکەمان سەلماندنی بوون نییە، بەڵکوو لێکدانەوەی واتاکەیەتی.
بنەمای سێیەمیش لەسەر زەمینەی ئەو باوەڕە دامەزراوە، کە بوون هەمەکیترین چەمکە و چەمکێکی لە خۆی بەرزتری نییە، ئەوا بەپێی لۆجیکی ئەرستۆ پێناسە ناکرێت. (اردکانی،٧٥،١٥٦،٢٠٠٢)
چەمکی بوون لە هەموو چەمکێکی دیکە بەرزترە و جیاوازییشی نییە، لەبەر ئەمە پێناسە ناکرێت.
هایدگەر بەم جۆرە ئەو سێ بنەمای دۆگمایە هەڵدەوەشێنێتەوە، پێویستکردنی پرسیار سەبارەت بە واتای “بوون” زیندوو دەکاتەوە. (Maclntyrw,1981,57,86)
بوون بنەڕەتێکی لەبنەڕەتبەدەری هەموو هەبوویەکە، بوونی هەموو شتێکە، بۆیە پرسیارکردن سەبارەت بە بوون، گرانترین و مەزنترین پرسیارکردنە، ئەڵبەت دەبێت وەڵامدانەوەکەیشی گۆڕانێکی بنەڕەتی لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا دروست بکات، تێگەیشتنی ئۆنتۆلۆژی Ontology مێتافیزیکیمان سەبارەت بە بوون هەڵبوەشێنێتەوە.
دازاین (Dasein)؛ مانای “بوون”
هایدگەر لە هەڵبژاردنی ئەم زاراوەیەدا بۆ بوونی مرۆڤ، مەبەستی تایبەتیی خۆی هەیە؛ ئەو دەیەوێت گۆڕانکارییەکی فەلسەفی بهێنێتە کایەوە و سەرەتایەکی نوێ لە بیرکردنەوەی فەلسەفیدا بدۆزێتەوە، ئەم کارەش بە پرسیارە مەزنەکەوە سەبارەت بە واتای بوون و لێکۆڵینەوە لە بوونی مرۆڤ، وەکوو یەکەم هەنگاونان بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەوە بەستراوەتەوە و دۆزینەوەی زمانێکی نوێی فەلسەفییانەیە.
زاراوەی “Dasein” لە زمانی ئەڵمانیدا واتە “لەوێبوون،” یاخود “بوون-لەوێ.” “لەوێ” ئاماژەیە بۆ جێیەکی کەم تا زۆر دوور لێرەوە. “بوون ئەمە نییە کە لێرە هەیە، بەڵکوو ئەوەیە کە دەگات بەوێ،” ئەوەیە کە وا لێرەوە بەرەو ئەوێ دەجووڵێت. (Heidegger,1962,67,123)
هایدگەر لە دووتوێی بەشی سێیەمی کتێبی یەکەمی بوون و کاتدا خۆی دەسەلمێنێت و “بوون لەنێو جیهان”دا دەبێت بە شامەرجێکی ئۆنتۆلۆژی بۆ بوونی مرۆڤ، لێکۆڵینەوەکەی لەسەر بوونی مرۆڤ (Dasein) دەبەستێتەوە و بە ڕوانین و بۆچوونێکی هەرە جیاواز و نا “کارتیزییانە” (فێرگەی دێکارتی) وەکوو دێکارت بوونی مرۆڤ لە جیهان دابین ناکات و بە ناوەرۆکێکی گیانەکیی دانانێت. لەم مەرجە ئۆنتۆلۆژییەشەوە مەرجەکانی تر، وەک “بوون-لەگەڵ” و نیگەرانی و هتد… دەردەچن. گرنگیی ئەم مەرجە ئۆنتۆلۆژییە لەوەدایە، کە پێویستە بوونی مرۆڤ لەنێو بوونیادی جیهان و کۆمەڵ و مێژوودا بناسرێت و ئەو هەرگیز لەو مەرجانە جیا نابێتەوە و دابین ناکرێت.
بە حوکمی ئەوەی بوونی مرۆڤ (دازاین) هۆکارێکی هۆشەکی نییە و ناوەرۆکیشی پێش بوونی ناکەوێت و خۆڕسکێکی نەگۆڕی نییە، ئەوا ئازادە و نووسەری “ڕۆمانی ژیان و ڕووداوەکانی بوونی” خۆیەتی. هایدگەر بوونی “مرۆڤ – Dasein” هەڵدەبژێرێت بۆ سەرەتای گەشتە ئۆنتۆلۆژییەکەی، چونکە مرۆڤ تەنها بوونەوەرێکە لە ڕێی بوونی خۆیی “بوون” بەگشتی دەکۆڵێتەوە و دەیەوێت دەرگای نهێنییەکانی بکاتەوە. ئەم هەڵوێستە تایبەتمەندییەکی ئۆنتۆلۆژی دەدات بە مرۆڤ و دەیخاتە سەر پلەیەکی بەرزتر لە زیندەوەرەکان و بوونەکانی تر. جگە لە مرۆڤ، هیچ بوونەوەرێک بەدوای نهێنییەکانی بووندا وێڵ و سەرگەردان نییە. مرۆڤیش ئەو گەشتەی کە هایدگەر کردوویەتی، بە پرۆژەیەکی فەلسەفی، لە بوونی خۆیەوە دەخاتە ڕێ.
بۆ هایدگەر پرسیاری سەرەکی، پرسیاری ئۆنتۆلۆژییە (ئۆنتۆلۆژیا خوێندنەوەی فەلسەفییانەی “بوون”ە، بە مانا فراوانەکەی، خوێندنەوەیە بۆ ئەو ئایدیا و چەمکانەی ڕاست و پەیوەست دەبنەوە بە بوونەوە) دەربارەی “دازاین” پێش هەر بوونەوەرێکی تر؛ تەنها لە دازاینەوە دەتوانین لە بوونی هەر بوونەوەرێکی تر تێبگەین، تێگەیشتن لە دازاین تێگەیشتنە لە “خودی بوون.” تێگەیشتنیش لەبوونێتیی “بوونی دازاین” بەندە بە تێگەیشتن لە “کاتیبوون”ی دازاینەوە. (کمال،٢٠١،٢٠٢٤)
کات ئاسۆی تێگەیشتنە لەهەر بوونێتییەک و هەموو تەفسیرێکی بوونێتی، لەم تێگەیشتنە ئەسڵییەی کاتەوە وەک ئاسۆی تێگەیشتن لە بوون، وەک کاتمەندییە کە بوونی دازاین لە بوونێتی تێدەگات.
بوونی ڕەسەنی مرۆڤ بەندە بە تێگەیشتنی ئۆنتۆلۆژییەوە لەم بوونە-ڕووەو-مەرگ. بوون-ڕووەو-مەرگ تاکە ئاڕاستە و ڕێڕەوی بوونە، لەبەر ئەمە، بوون مەبەستدارانە ڕووی لە شتەکان نییە، بەڵکوو ناچارانە ڕووی لە مەرگە. لێرەوە هایدگەر ئیگۆی ترانسێندنتاڵی جێ دەهێڵێت و ئاوڕ لە دازاین دەداتەوە، کە هەمیشە بوونەکەی لەوێدایە.
دازاین هەمان بوونی مرۆییە کە ڕووی لە مەرگە، لەم گەشتەدا لێرە بۆ ئەوێ، ئیمکانی بوونەکەی بەدی دێت، چونکە مەرگ تاقانەترین ئەگەرێکە، کە بەقووڵی تایبەتە بە من و هیچکەس ناتوانێت لەمەدا جێگەم بگرێتەوە. هایدگەریش سەرجەم ئەو شتانە لە من دەکاتەوە، کە لە بوون لەگەڵ ئەوانی تردا پێمەوە هەڵواسراون، تاوەکوو ئەو تاکە بنەڕەتە بدۆزێتەوە، کە چیتر ناشێت لێم دابماڵرێت. ئەم پرۆسەی داماڵینە لای هایدگەر بە میتۆدی عەقڵانیی “دیکارت”ی و میتۆدی فینۆمینۆلۆژیی “هۆسرەڵ”ی ئەنجام نادرێت؛ پتر کۆششێکی بوونناسانەیە بە ئاڕاستەی دامەزراندنی بوون لەسەر بنەڕەتی “مەرگ،” نەک لەسەر بنەمای “گومان.” (کمال،٢١٣،٢٠٢٢)
پێشمەرجە ئۆنتۆلۆژییەکانی بوون لای هایدگەر
١. بوون-لەنێو جیهاندا:
مرۆڤ ناوەرۆکی هۆشەکیی نییە و لە شوێنێکی ترەوە فڕێ نەدراوەتە ئێرە، بوونێکە لێرەدا (دازاین) و لەنێو جیهاندا ڕسکاوە، بوونی ئەو جیهانییە و بەبێ جیهان نییە و نابێت. بوونی لەنێو جیهاندا پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونی. ناتوانرێت بیر لە بوونی مرۆڤ بکرێتەوە، ئەگەر مرۆڤ لەنێو جیهاندا نەبێت. بوون لەنێو جیهاندا، بوونی مرۆڤ لەنێو شوێندا دەردەخات؛ مرۆڤ بوونێکە، هەمیشە لەنێو “شوێن”دایە، ئەمەش پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژیی دیکەیە، کە لە پێشمەرجی بوون-لەنێو جیهانەوە وەرگیراوە.
٢. بوون-لەگەڵ (Mit-sein):
بوون لەگەڵ کەسانی دیکەدا، دازاین، کە هەرتاکێک لە ئێمە بەبێ کۆمەڵ نییە و نابێت. بوونی ئەو لەسەر بوونی کەسانی دیکە وەستاوە، بوونی کەسانی دیکە پێشمەرجی ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونی مرۆڤ و بوونی مرۆڤیش بوونە-لەگەڵ کەسانی دیکە.
٣. تێگەیشتن و زانین وەک پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژی:
گرنگە لەسەرەتادا ئاماژە بە چەمکی “هێرمێنۆتیک” بدەین، کە زانستێکە مامەڵە لەگەڵ “پرۆسەی تێگەیشتن”دا دەکات و لە تێگەیشتن و دیاردەکانی دەروون دەکۆڵێتەوە؛ زانستی هێرمێنۆتیک باس لە بناغە تیۆرییەکانی لێکدانەوە و تێگەیشتن و ئەرکەکانی تێگەیشتن دەکات، بەڵام هایدگەر لەبری میتۆدی تێگەیشتن، ڕووی لە باسکردنی سروشتی تێگەیشتن کرد. “بوون چییە؟” دەگەڕێتەوە بۆ ئەو پرسیارەی کە “تێگەیشتن لە بوون چییە؟” بەو پێیەی تێگەیشتن وەک بابەتی پێکهێنەری مرۆڤ دادەنرێت و بوونەکەی لە بوونەوەرەکانی تر جیا دەکاتەوە، زانینی تێگەیشتن لە ڕاستیدا دەگەڕێتەوە بۆ زانینی مرۆڤ. لەم حاڵەتەدا تێگەیشتن لە بابەتی مەعریفەدا دیاردەیەکی لاوەکی نابێت، بەڵکوو دەبێتە بابەتی ناوەندی مەعریفەی فەلسەفی. (سرشار،٧٤،٩٩،١٩٩١)
تێگەیشتن پێشمەرجێکی ئۆنتۆلۆژییە بۆ بوونی مرۆڤ، لە هزری هایدگەردا، تێگەیشتن (Verstehen) تەنها کردەیەکی دەروونی یان مەعریفی نییە، پێکهاتەیەکی ئۆنتۆلۆژیای دازاینە، واتە بنەڕەتییە بۆ خودی بوون.
بۆ هایدگەر، تێگەیشتن بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە بەدەستهێنانی زانیاری یان ڕاستییەکانەوە نییە.کەواتە تێگەیشتن مەرجێکە بۆ ئەگەری لێکدانەوە و مانا و تەنانەت ڕاستی؛ پێش زانین دێت، نەک لە کاتدا، بەڵکوو لە پێکهاتەدا. بەبێ تێگەیشتن، نە لێکدانەوە دەبوو، نە گەڕان بەدوای بووندا.
مارتن هایدگەر زۆری لەبارەی هزر و بیرکردنەوە گوتووە، پێی وایە بیرکردنەوە توخمێکی بنەڕەتیبوونەوەی مرۆییە. ئەو بیرکردنەوەیەی کە هایدگەر زۆر لەسەری دەدوێت، ناوی دەنێت “بیرکردنەوەی بنەڕەتی،” یان “بیرکردنەوەی جەوهەری،” کە لە بوونی گشتیدا ڕەگاژۆ بووە.
٤. نیگەرانی (Angst)
لێدوان لەسەر نیگەرانییش زۆر پەیوەستە بەو شیکردنەوەیەی هایدگەر بۆ “کەوتن” (Ver fallen) دەیکات، هایدگەر نیگەرانی بە”کەوتن”ەوە دەبەستێتەوە، وەک ئەوەی کیەکەگۆ بە”ئەسڵی گوناهـ”ەوە بەستبوویەوە. هەروەها هایدگەر ئاماژەیشی بەوە داوە، کە شتەکان لەنێو جیهان لە حاڵەتی نیگەرانیدا دەیانەوێت بفەوتێن، دازاینیش دەزانێت ناتوانێت خۆی لە جیهاندا ببینێتەوە، بۆیە دەگەڕێتەوە بۆ ناو خۆی و بۆ ئازادییە بێهاوتاکەی. “نیگەرانی“ وا لە دازاین دەکات ڕووبەڕووی بوونی ئازادی خۆی ببێتەوە لەپێناوی “ڕەسەنێتیی بوونیدا.”
واتە مرۆڤ کە دێتە بوون، بەم پێشمەرجانەوە دێتە بوون، مرۆڤێک نادۆزینەوە لە جیهاندا نەبێت، یاخود بوونی پەیوەست نەبێت بە مردن و کاتمەند نەبێت، یاخود نیگەران نەبێت. مرۆڤێک بوونی نییه، لەگەڵ ئەوانی تردا نەبێت، یاخود تەنیا هەبێت و ئەوانی تر بوونیان نەبێت (دەکرێت تەنیایی هەڵبژێرێت، بەڵام بوونی وەک لایەنی وجوودی، پەیوەستە بە بوونی ئەوانی ترەوە – ئەوانی تر دەبێت هەبن، بۆ ئەوەی دازاین هەبێت). هەروەها دەکرێت “ویست/هێز/توانا”ش بکرێتە پێشمەرجێک. ئەمەش لەسەر بنەمای سوودوەرگرتن لە ئەرستۆ بۆ غەریزەی “زانین” لای مرۆڤ، یاخود “هێز” لای نیچە، کە کردبوویە بنەمای بوون (کمال،١٤٣،٢٠٢٢)، هەر وەک شۆپنهاوەر “ویست و ئیرادە”ی کردبووە بنەما. ئەم پێشمەرجە پەیوەستە بە ویستی مرۆڤەوە بۆ تێگەیشتن، هەڵبژاردن، پەیوەندی و زانین، واتە مرۆڤ بەو پێیەی ناتەواوە، ئەوا ویست و هێزی خۆناسی یان خودناسیی هەیە.
بەپێی فەلسەفەی هایدگەر، بوونی مرۆڤ ناتەواوە و بێجەوهەرە، یاخود بوونێکی ئەگەربەندە؛ مرۆڤ بێجەوهەر و ناتەواوە و ئەگەری لەبەر دەمدایە، ئەگەرەکانی بوونی هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی بوونی خۆی تەواو بکات.
کاریگەریی هایدگەر لەسەر فەیلەسووفانی دوای خۆی
یەکێک لەو تەوەر و بابەتە گرنگانەی هایدگەر خستیە ژێر پرسیارەوە، پەیوەندیی نێوان زەین و عەین، بە واتایەکی تر، پێوەندیی نێوان “ناسکار” یا “سوژە،” لە فەڕەنسیدا “sujet” لەگەڵ جیهانی “دەرەوەدا” بوو. هایدگەر لای وا بوو تا ئێستا فەلسەفە لەباتی دووپاتکردن (جەخت) لەسەر هەبوون و چۆنیەتیی پەیوەندیی نێوان خودی مرۆڤەکان، جەختی لەسەر پەیوەندیی نێوان جیهانی دەوروبەر و مرۆڤ کردووەتەوە، لەم ئاڕاستەیەیشدا کۆمەڵێک پێشمەرجی زەینی، کە بە درێژایی مێژوو ساز بووە، وەک پرنسیپگەلێکی نەگۆڕ لەبەرچاو گیراوە، بەڵام هایدگەر بە نەگۆڕ و ڕەسەنی نەزانیوە.
یەکێکی تر لەو بابەتانەی هایدگەر ورووژاندی و ڕەوتی فەلسەفەی ڕۆژاوای خستە ژێر پرسیارەوە، ڕەتکردنەوەی پێویستی “تیۆری” بوو. تا ئەو کاتە، هەموو هەڵسوکەوت و کار و کردەوەیەک، تەنانەت کردەوەی ڕۆژانەیش، لەسەر بنەمای تۆڕێک لە تیۆری دەکرێت و جێبەجێ دەبێت، بەڵام هایدگەر بڕوای بە تیۆری نەبوو و بە خستنەژێر پرسیاری تیۆری، ڕێگەی بۆ هاتنەئارای تەفسیر و هێرمۆنێتیک خۆش کرد. پێویستە ڕۆڵی هایدگەر لە گۆڕانی هێرمێنۆتیکدا بنووسینەوە، کە بابەتێکی گرنگ و مایەی سەرنجخستنەسەرە؛ هایدگەر یەکەم کەس بووە گۆڕانکاریی لە زاراوەی “هێرمێنۆتیکیی فەلسەفی” لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا کرد. ئەو گۆڕانکارییە گرنگەی لە ڕێڕەوی زانستی هێرمێنۆتیکدا هێنایە ئاراوە، ئەوە بوو هێرمێنۆتیکی لە کایەی ئیپیستمۆلۆژییەوە بەرز کردەوە بۆ کایەی ئۆنتۆلۆژی.
جاک دێریدا دەڵێت: “هیچ بوارێک نەماوەتەوە هایدگەر باسی لێ نەکردبێت و بیری لێ نەکردبێتەوە.”
سەرچاوەکان:
کەمال، م.(٢٠٢٢) هایدگەر و شۆڕشێکی فەلسەفی، چاپەمەنیی مانگ، مەهاباد، ٢٣،٦٥،٨٧
هایدگەر، م. (٢٠٠٥) گفتوگۆیەک لەگەڵ هایدگەردا، وەرگێڕانی محمد کەمال، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، ٦٦،٨٩
Nietzsche, F. (trans. M.R. Sarshar, 1999) Nietzsche and the Philosophy of Existence. Tehran: Negah
سارتر، ژ.پ. (۱۳۵۷) تهوع. ترجمه: جلال آلاحمد. تهران: انتشارات آگاه. صص ۱–۲۷۵