ئەو کاتەی دیکارت لەسەر لێواری شێتبوون بوو
ئەو کاتەی دیکارت لەسەر لێواری شێتبوون بوو
هاشم ساڵح
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
هەندێک جار بەهەڵە وا تێدەگەین فەیلەسووفان، بەوپەڕی خۆشی و کامەرانی و ئاسوودەییەوە، بێ ئەوەی هیچ خەم و پەژارەیەکیان هەبێت، لە تاوەرە بەرز و عاجییەکانی خۆیاندا دانیشتوون و بە شێوەیەکی حازر و ئاسان دەگەنە حەقیقەت. بەڵام ئەوە وا نییە و واقیعەکە تەواو جیاوازە. ئەوان دوای ئازار و هەژانێکی ناوەکیی دوورودرێژ و دوای بڕینی تەلبەندە دڕکاوییەکان و تێپەڕاندنیان، ئینجا دەگەن بە ڕاستی و حەقیقەتیان بۆ دەردەکەوێت. بێگومان دیکارت یەکێکە لەو فەیلەسووفانه، بگرە ئەو لە ترۆپکی ئەو فەیلەسووفانەدایە.
ئاشکرایە دیکارت وڵاتەکەی خۆی (فەڕەنسا) جێ دەهێڵێت، چونکە لەو سەردەمەدا ئوسووڵگەرایی تاریکبین باڵی بەسەردا فەڕەنسادا کێشابوو. ئەو تاریکپەرستییە ڕۆشنبیرانی دەترساند و لە هەموو لایەکی ئەورووپاوە هەناسەی لێیان بڕیبوو. بەڵگەش بۆ ئەمە، تۆقاندنی گالیلۆ و سووتاندنی جیۆردانۆ برینۆ بوو، ئەمە دوای ئەوەی لە ژێرزەمینە تاریکەکانی ڤاتیکاندا، زمانی جیۆردانۆیان بڕی. لێرەوە بۆ هەر ڕۆشنبیرێک قورس بوو لە کەشێکی وا خنکێنەر و ترسناکدا، بە شێوەیەکی سروشتی بیر بکاتەوە. پێدەچێت هاوڕێ پاریسییەکانی دیکارت، دوای ئەوەی نیشانەکانی زیرەکی و بلیمەتییان لە دیکارتدا بەدی کردبوو، ئامۆژگارییان کردووە وڵات جێ بهێڵێت و پێی دەڵێن: “تەنها تۆیت دەتوانیت پەردە لەسەر حەقیقەت لابدەیت. هەر بۆیە چیتر تۆ تەنها موڵکی خۆت نیت، بەڵکوو بوویتەتە موڵکی هەموو مرۆڤایەتی.” لە ڕاستیدا هاوڕێکانی لە دەزگا هەواڵگرییە تاریکبین و ئوسووڵگەراییەکان دەترسان، کە لەو ڕۆژگارەدا هەژموونیان بەسەر پاریس و تەواوی فەڕەنسادا هەبوو. ئەوانە هەواڵگرییەکی سەروومرۆیی بوون، واتە مەترسیدارترین جۆری هەواڵگری بوون. هاوڕێکانی دیکارت درکیان بەوە کردبوو کە هەر هێندەی بزانن دیکارت کێیە و چی لە ناخیدا دەگوزەرێت، لە بیرۆکە و کارلێکەکان، کە لە چوارچێوە ڕێپێدراوەکان دەرچووبوون، ئەوا بێ هیچ گومان و سڵکردنەوەیەک دەستی لێ دەوەشێنن و پەلاماری دەدەن.
ئاخر لای ئوسووڵگەراکان پێویست ناکات بەدوای حەقیقەت و ڕاستیدا بگەڕێیت، چونکە حەقیقەت بەئامادەکراوی لە کتێبی باووباپیران و پێشیناندا هەیە. ئیتر بۆچی خۆت ماندوو دەکەیت، ئەی نەزانی خۆبەزلزان؟ بۆچی کاتت بەفیڕۆ دەدەیت؟ هەر لەبەر ئەم هۆکارە بوو، دیکارت فەڕەنسای جێ هێشت و زۆربەی ژیانی لە دەرەوەی وڵات بەسەر برد.
لەو کاتەدا دوو وڵات هەبوون کە پەراوێزێکی گەورەی ئازادییان تێدا بوو، ئەوانیش هەردوو وڵاتی ئینگلتەرا و هۆڵەندا بوون. بۆیە زۆربەی بیرمەندانی فەڕەنسا ڕایان دەکرد بۆ لەندەن یان ئەمستردام، وەک چۆن ڕۆشنبیرانی عەرەب، لە پەنجاکان و شەستەکاندا، لەگەڵ بەیرووتدا دەیانکرد. هەر لەبەر ئەم هۆکارە، دیکارت زۆربەی بەرهەمەکانی لە هۆڵەندا بڵاو کردەوە. دواتر بە نهێنی و شارەوەیی لەژێر پاڵتۆکاندا دەهێنرانەوە بۆ ناوەوەی فەڕەنسا. ئەڵبەتە دیکارت بۆیە وڵاتەکەی جێ هێشت، تاکوو لە دەرەوە هەناسەیەکی ئازاد هەڵبمژێت. ئێستا کێ بڕوا بەوە دەکات فەڕەنسا، ڕۆژێک لە ڕۆژان، لەلایەن ئوسووڵگەراییەکی تاریکپەرست و داپڵۆسێنەرەوە حوکم دەکرا، کە لە “تاڵیبان”ی ئەفغانستان دەچوو؟ ئەو وڵاتی جێ هێشت، لە کاتێکدا هەستی دەکرد شتێک لە ناخیدا گێنگڵ دەدات و دەکوڵێت: شتێکی ناڕوون و تەمومژاوی، کە خەریک بوو بتەقێتەوە. بەڵام ناوەرۆک و نهێنیی ئەو شتەی نەدەزانی، وەک ئەوەی لەگەڵ زۆربەی بلیمەتەکان ڕوو دەدات:
لە هەر شارێک پێم دەڵێن تۆ کێیت و چیت دەوێت؟
ئەوەی من دەمەوێت، گەورەترە لەوەی ناو بنرێت. (موتەنەبی)
بەم جۆرە دیکارت لەسەر ڕێگەکانی گەڕان و سەفەر، لە ناوچە جیاجیاکانی ئەورووپا، دەستی کرد بە “خوێندنەوەی جیهان وەک کتێبێکی کراوە.” سەرنج بدەن ئەو دەربڕینە چەند جوانە. سەرنجی ئەو وزە بێسنوورەی ئازادی بدەن کە تێیدایە. ئەی کەی دیکارت دەگات بەو حەقیقەتە شاراوەیە، بەو حەقیقەتە داپۆشراو و ونبووە؟ ئاخ ئەی حەقیقەت، ئەی جوانترین مەعشووق لە مێژوودا. کەی پێت دەگەم و دەتبینم؟ کەی چاوەکانم بە دیدارت ڕوون دەبنەوە؟ بەڵام ئەو ناگات بە حەقیقەت و چاوی بە دیداری ڕوون نابێتەوە، مەگەر دوای ئەوەی ئازار بکێشێت و تفت و تاڵی بچێژێت و هەزار جار بمرێت؛ چونکە حەقیقەت بەئاسانی خۆی نادات بەدەستەوە. حەقیقەت زۆر ڕەزیلە و ڕەنگە لێت دوور بکەوێتەوە. بە هەرحاڵ، حەقیقەت خۆی ڕادەستت ناکات، مەگەر دوای ئەوەی باجەکەی بەکاش بدەیت. ئاخر حەقیقەت دەگمەنە و مارەییەکەی زۆر گرانە:
ماڵی حەقیقەت لە هەورازێکی سەختە و مەزارەکەی نزیکە
کەچی ڕێگەی گەیشتن پێی پڕە لە ترس و تۆقین و دڕکوداڵ. (معەری)
دواتر قەیرانە ناوەکییەکە لە ناخی دیکارتدا قووڵتر بووەوە و زیاتر تەشەنەی سەند. پاشان دۆزەخی گومان جەستەی دیکارت دادەدڕێت و هەلاهەلای دەکات، تا وای لێ هات چیتر لەسەر هیچ بارێک جێگیر نەدەبوو. نەیدەتوانی بگاتە یەقینێکی نەگۆڕ یان زەوییەکی ڕەق تا لەسەری بوەستێت و خەریک بوو شێت ببێت. ئاشکرایە گومان چەکێکی دووسەرە. گومانێک هەیە ئاوەدانی دەخاتەوە و گومانێکیش هەیە وێرانی دروست دەکات. گومانی ئەرێنی و داهێنەر هەیە، گومانی پووچگەرای بێبەر و زڕ و بکوژیش هەیە. جا تۆ چوزانی دۆزەخی گومان چییە؟ پاشان لە کۆتا ساتدا، فێنکیی یەقین (برد اليقين) بۆ دیکارت دێتە خوارەوە. هەندێک دەڵێن: ئیلهامێکی وەک هەورەبرووسکەی بۆ هات و ڕزگاری کرد، ئەمە پێش ئەوەی شتێک ڕوو بدات کە ئەنجامەکەی باش نەبێت. کەی ئەوە ڕووی دا؟ لە شەوی ۱۰ی تشرینی دووەمی ساڵی ۱٦۱۹دا، واتە ٤٠٠ ساڵ پێش ئێستا.
هەواڵەکانی ئەو ڕۆژگارە پێمان دەڵێن: ئەگەر بەزەیی خودا نەبووایە، دیکارت لەو شەوە تاریکەدا گیانی لەدەست دەدا؛ شەوێک تێیدا سێ خەونی ترسناکی بینی و بەتەواوی هەژاندیان. بە ترس و لەرزەوە لە خەو ڕاپەڕی و وەک پووشی دەم با دەلەرزی. بەڵام خۆشبەختانە بەباشی کۆتایی هات و لە ئەنجامدا گەورەترین ڕووداوی لێ کەوتەوە: ڕزگاربوونی ڕۆح و دەرکەوتنی حەقیقەت. ئەمەیە واتای “وەحیی فەلسەفی،” یان ئەو ئیلهامە کتوپڕەی تەنها بۆ بلیمەتە گەورەکان دادەبەزێت. سەروەختێک دیکارت ئەو حەقیقەتەی بۆ دەرکەوت، حەقیقەتێک کە خۆی نادات بەدەستەوە، مەگەر بۆ گەورەکان نەبێت، بەچۆکدا هات و سوجدەی برد و سوپاسگوزاریی کرد. لەوێدا سوێندی بە یەزدان خوارد کە بە پێ دەچێت بۆ زیارەتی مەزاری مریەمی پاکیزە، لە شارۆچکەی لۆریتۆ لە ئیتاڵیا، کە یەکێکە لە گرنگترین مەزارگە کاتۆلیکییەکانی جیهان و لە ساڵی ۱٦۲۳دا بەڵێنەکەی بردە سەر.
بەم شێوەیە، دەبینین دامەزرێنەری ئەقڵانییەتی فەلسەفی لە ڕۆژاوا، بەو ڕادەیەی ئێمە وێنای دەکەین، ئەقڵانی نەبووە. یان با بڵێین سەبارەت بە کاروباری مرۆیی و زەمینی و دۆزینەوەی یاساکانی سروشت و گەردوون، بەتەواوەتی عەقڵانی بووە. بەڵام دەیزانی شتی باڵا و ئاسمانی هەیە، کە لە تێگەیشتن و عەقڵی ئێمە بەدەرن. ڕەنگە لە ناخیدا هەستی بەوە کردبێت چاودێریی خودایی، دەزانێت ئەو بەدیاریکراوی کێیە. ڕەنگە هەستی کردبێت خودا لە سەرەوە سەیری دەکات: دەیپارێزێت و پاسەوانیی دەکات، تا ئەو کاتەی ئەرکەکەی جێبەجێ دەکات و ئەو دۆزینەوە گەورانە بەدەست دەهێنێت، کە تاریکییەکانی ڕێگەی بۆ مرۆڤایەتی ڕووناک کردەوە.
بە هەرحاڵ، دیکارت نەیتوانی بگاتە حەقیقەت، تەنها دوای ئەوەی جەنگێکی ئاشکرای لەگەڵ خودی خۆیدا بەرپا کرد. بۆیە هیگڵ بە “پاڵەوانە دلێرەکەی بیرکردنەوە” وەسفی کردووە. دوای ئەوە توانیی بگاتە دڵنیاییە تایبەتییەکەی و حەقیقەتە جەوهەرییەکەی خۆی. دیکارت لە کتێبە بەناوبانگەکەیدا (وتارێک دەربارەی میتۆد)، بە شێوەیەکی کەسی و کاریگەر باسی هەموو ئەوەی کردووە. ئەو کتێبە سەرجەم شارستانییەتی مۆدێرنی لێ کەوتەوە، کە تا ڕۆژی ئەمڕۆ دەیناسین: واتە زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشت و سەرکەوتنی بەسەر سروشتدا، لە ڕێگەی زانست و تەکنەلۆژیاوە. دیکارت لەم بارەیەوە، لە دانپێدانانە تایبەتییەکانیدا شتێکی ئاوا دەڵێت: “وەک کەسێک بووم، بە تاقی تەنیا، لە دەریایەکی تاریکیدا هەنگاوی دەنا. وەک کەسێک بووم لەسەر دەزوویەکی زۆر زۆر باریک دەڕوات و هەرساتێک بێت خەریکە بکەوێت. خەریک بوو بکەومە ناو قووڵاییەکی بێبنەوە…” بەڵام دیکارت نەکەوتە ناو ئەو قووڵاییە بێبنەوە، بەڵکوو گەیشتە کەناری ئارامی. دواجار ڕێنێ دیکارت گەیشت.
دیکارت، دوای ئەوەی حەقیقەتی وەک تیشکی خۆر بۆ دەرکەوت، دوای ئەوەی بەسەر گومان و ترسە شێتانەکانیدا سەرکەوت، دوای ئەوەی گەورەترین سەرکەوتنی بەسەر نەزانراوەکاندا بەدەست هێنا، بڕیاری دا پەیوەندیی خۆی لەگەڵ بیرۆکە پێشووەکانیدا بپچڕێنێت، کە لە خێزان و قوتابخانە و کەنیسەوە وەری گرتبوون. لەو ساتەدا بڕیاری دا گەورەترین شۆڕش لە مێژووی فەلسەفەدا بەرپا بکات. لەو ساتەدا بڕیاری دا لاپەڕەی هەزار ساڵ لە مێژووی فەلسەفە بپێچێتەوە: واتە هەموو فەلسەفەی سەدەکانی ناوەڕاستی تیۆلۆژیا و لاهووتی و قەشەیی و دووبارەبوونەوە و جوینەوە بپێچێتەوە. لەو ساتەوە فەلسەفەی نوێ دەستی پێ کرد: واتە فەلسەفەی دیکارتی، ئەو فەلسەفەیەی “تەها حسێن” زۆر سەرسامی بوو، کاتێک لە پاریس بوو و پریشکی ڕۆشنگەریی عەرەبی داگیرساند. ئاخر ئەوەتا دیکارت لە کتێبە مەزنەکەیدا (تێڕامانە دیکارتییەکان، یان تێڕامانە میتافیزییکییەکان) دەڵێت: “ماوەیەکی دوورودرێژ بوو درکم بەوە کردبوو، لە ساڵانی سەرەتای تەمەنمدا، کۆمەڵێکی زۆر لە بیرۆکەی هەڵەم وەرگرتووە. لەسەر ئەو بنەمایە وەرم گرتوون گوایە ئەو بیرۆکانە تەواو ڕاستن و گومانیان تێدا نییە. بەڵام دواتر بۆم دەرکەوت، هەرچییەکم لەسەر ئەم بنەما لەرزۆکانە بوونیاد نابێت، تەنها دەکرێت گوماناوی بێت و هیچ یەقینێکی تێدا نەبێت. بۆیە بڕیارم دا هەموو بیرۆکە پێشووەکانم وێران بکەم.”
سەرنج بدەن ئەو ڕستەیەی کۆتایی چەند مەترسیدارە، کە ڕۆشنبیریی عەرەب خەریکە لە ئاستیدا بلەرزێت. کێ دەتوانێت ڕستەیەکی وا بڵێت: “بڕیارم دا هەموو بیرۆکە کولتووری و ڕابوردووخواز و کۆنەپەرستەکانی پێشووم وێران بکەم.” بۆ نموونە کێ دەتوانێت بڵێت: بڕیارم دا دەستبەرداری هەموو بیرۆکە تائیفی و مەزهەبییە کۆنەکان ببم، کە لە منداڵییەوە لەسەری پەروەردە بووم و لەگەڵ شیری دایکمدا خواردوومەتەوە؟ ئەو بیرۆکانەی ئەوانی تر تەکفیر دەکەن و خوێنیان حەڵاڵ دەکەن. یەکسەر تۆمەتباری دەکەن بە دەرچوون لە نەگۆڕەکانی نەتەوە و پیرۆزییەکان. ئەمەش بەسەر دیکارتدا هات. ڤاتیکان بەرهەمەکانی خستە لیستی ئەو کتێبانەی خوێندنەوەیان بۆ باوەڕداران (مەسیحییە ئاینپەروەرەکان) قەدەغەیە. هەمان شتیان لەگەڵ قوتابییەکەی “سپینۆزا”شدا کرد، سپینۆزا زیاتر ڕۆیشت لە هەڵوەشاندنەوەی عەقیدە کولتوورییە تەکفیرییەکان. بەم شێوەیە تیشکی سەردەمی نوێ بەسەرماندا درەوشایەوە و تاریکییەکانی سەدەکانی ناوەڕاستی ڕەواندەوە.
دواجار دیکارت هەمیشە ئەم ڕستە بەناوبانگەی دەگوت: “فەیلەسووف بە دەمامکەوە لەسەر شانۆی مێژوو هەنگاو دەنێت.” مەبەستی ئەوە بوو فەیلەسووف، لە ترسی ئەوەی نەکوژرێت یان تیرۆر نەکرێت، ناتوانێت هەر لە سەرەتاوە دەموچاوی ڕاستەقینەی خۆی دەربخات، پێش ئەوەی بەرهەمە بنەڕەتییەکانی بنووسێت و گورزە گەورەکەی بوەشێنێت.
سەچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 8ی حوزەیرانی 2026