سەلمان ڕوشدی، فەتواکەی خومەینی، کتێبی چەقۆ و گەڕانەوە بۆ ژیان

سەلمان ڕوشدی، فەتواکەی خومەینی، کتێبی چەقۆ و گەڕانەوە بۆ ژیان

خوێندنەوە و ئامادەکردنی: هەورامان وریا قانع

سەلمان ڕوشدی یەکێکە لەو ئەدیبانەی نووسین بە ڕادەیەک سەرئێشە و گرفتی گەورەی بۆ دروست کردووە، تا لێواری مەرگی بردووە و نزیک بوو لەوەی چەقۆیەک، لە تەمەنی 75 ساڵیدا، کۆتایی بە ژیانی بهێنێت. ئەو نووسەرێکە، ناو و ناوبانگی زیاتر بە هۆی فەتواکەی خومەینی و هەوڵەکانی کوشتنی و خۆشاردنەوەکانیەوە بووە، تا بە هۆی خوێندنەوەی بەرهەمە ئەدەبییەکانیەوه بێت‌. ڕاستە ئەو خەڵاتی بووکەر وەردەگرێت، بەڵام سەدان نووسەر و ڕۆماننووسی تر هەن، خەڵاتی جیهانیی باشتر و گرنگتریان لە خەڵاتەکەی ئەو وەرگرتووە و نەگەیشتوونەتە ناوبانگی ڕوشدیییش، بۆچی؟ چونکە ئەو هاتوهاوار و ژاوەژاوەی فەتواکەی خومەینی لەسەر ڕۆمانەکەی نایەوە، لەگەڵ یەکەم هەوڵی کوشتنیدا، کە دواتر باسی دەکەین، وایان کرد ڕوشدی بچێتە ڕیزی نووسەرە جیهانییەکانەوە و بە هۆی فرۆشی کتێبەکەیەوە، ببێتە یەکێک لە نووسەرە دەوڵەمەندەکان؛ هە‌روەها کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان بۆ زیاتر لە سەد زمان وەرگێڕرا و ملیۆنان دانەی لێ فرۆشرا. بەم مانایە، فەتواکەی خومەینی وای کرد ئەم نووسەرە و ڕۆمانەکە لە سەرتاسەری جیهاندا بناسرێت و ناوبانگێکی بەرفراوان پەیدا بکات. تەنانەت هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وایە ئەگەر ئەو فەتوایە نەبووایە، ئەوا ڕوشدی وەک نووسەرێکی ئاسایی، بەنەناسراوی لە خوارەوەی هەڕەمەکەدا دەمایەوە.

ئەڵبەتە لەسەر ئاستی جیهان، خەڵک و حەشاماتێکی بێشومار لە چین و توێژە جیاوازەکان هەن، یەک وشەیان لە نووسین و ڕۆمانەکانی نەخوێندووەتەوە، ناوی بەرهەمێکی نازانن، وێنەیەکیان نەبینیوە، بەڵام ئاگاداری ئەوەن کە عەیامێکی زۆرە فەتوایەک لە ئارادایە خوێنی حەڵاڵ کردووە‌ و لەلایەن کۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە پاداشتێک بۆ کوشتنی تەرخان کراوە و خۆشحاڵن بەوەی لە پەناوپەسێوێکدا کەسێک زەفەری پێ ببات و ژیانی لێ وەربگرێتەوە، بە مەرگی ئۆخژنی شادمانی هەڵدەکێشن و هەناسەیەکی ئاسوودە بەقووڵی دەدەنەوە.

ئەم ئەدیبه ‌سیاچاره و وێڵگەردە، کە ساڵانێکی زۆری ژیانی بە خۆشاردنەوە و دەرنەکەوتنەوە بەسەر بردووە و تەنانەت دوای فەتواکە، ناچار بووە ناوی خۆی بگۆڕێت و بیکات بە “جۆزێف ئەنتۆن” و نووسینی ئەدەبیات و ڕۆمانەکانی لە یەک کاتدا هەم بوون بە نەفرەت و هەم بە نیعمەت‌. لە 19ی حوزەیرانی ساڵی 1947دا، لە هیندستان و بەدیاریکراوی لە شاری بۆمبای -ئێستا پێی دەگوترێت مۆمبای- لە خێزانێکی موسڵمانی بە ڕەچەڵەک هیندی لەدایک بووە، وەلێ لە تەمەنێکی تا ڕادەیەک زووەوە هیندستان جێ دەهێڵێت، بەدیاریکراوی لە تەمەنی 14 ساڵیدا، بۆ خوێندن و بەدەستهێنانی بڕوانامە ڕوو دەکاتە وڵاتی بەریتانیا، لەوێ لە زانکۆ بەناوبانگەکەی کامبریج بڕوانامەی ماستەر لە بەشی مێژوودا وەردەگرێت و ساڵی 1975، واتە لە تەمەنی 28 ساڵیدا، ڕۆمانی “گریمۆس – Grimus” بڵاو دەکاتەوە، بەڵام ئەم ڕۆمانه‌ نە لەلایەن ناوەندە ئەدەبییەکە، نە لەلایەن ڕەخنەگران و خوێنەری ئاساییەوە‌ پێشوازییەکی ئەوتۆی لێ نەکرا.

لێرەوە ڕوشدی بۆ ماوەی نزیکەی شەش ساڵ لە نووسینی ڕۆمان دوور کەوتەوە، دواتر ساڵی 1981، واتە لە تەمەنی 34 ساڵیدا، دووەم ڕۆمانی بە ناونیشانی منداڵانی نیوەشەوەوە بڵاو دەکاتەوه و پێشوازییەکی باشی لێ دەکرێت، هەر لەو ساڵەشدا، لەسەر ئەو ڕۆمانەی خەڵاتی “بووکەر – Booker،” کە یەکێکە لە گەورەترین و بەناوبانگترین خەڵاتە ئەدەبییەکان لە جیهاندا و ساڵانە دەبەخشرێت بە باشترین ڕۆمانی نووسراو بە زمانی ئینگلیزی، وەردەگرێت. وەلێ خاڵی وەرچەرخان و تێکچوونی ڕیتمی ئاسایی ژیانی ئەم نووسەرە، ئەو کاتە بوو کە چوارەم ڕۆمانی، واتە “ئایەتە شەیتانییەکان”ی لە مانگی ئەیلوولی ساڵی 1988دا لە بەریتانیا بڵاو کردەوە و ناڕەزایەتی و خۆپیشاندانی بەرفراوانی لەلایەن موسڵمانانەوە لێ کەوتەوه، بە جۆرێک، لە بەشێکی وڵاتاندا ڕۆمانەکە قەدەغە کرا و سووتێنرا.

دواتر لە 14ی‌ شوباتی ساڵی 1989دا، واتە نزیکەی پێنج مانگ دوای بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکە، ڕێبەری باڵای ئەو ڕۆژگارەی ئێران و یەکێک لە ڕابەر و کەسایەتییە هەرە کاریگەرەکانی شیعە لە جیهاندا، فەتوای کوشتن و تەکفیرکردن و حەڵاڵکردنی خوێنی ڕۆماننووسەکەی دەرکرد، بۆچی؟ چونکە ڕۆمانەکەی لەلایەن ئاپۆرایەکی زۆری موسڵمانان و پیاوانی ئاینییەوە، بە سووکایەتیکردن بۆ سەر پیرۆزییەکانی ئیسلام لەقەڵەم درا، لە فەتواکەی ئایەتوڵا خومەینیدا، کە میدیای ئێران لەو ڕۆژگارەدا بڵاوی کردەوە، هاتووە: ئێمە لەلایەن خوداوە هاتووین و بۆ لای ئەویش دەگەڕێینەوە. بۆ هەموو موسڵمانانی ئازا لە جیهاندا ڕای دەگەیەنم، دانەری کتێبی ئایەتە شەیتانییەکان، کە دەقێکە نووسراوە و پێداچوونەوەی بۆ کراوە و لە دژی ئیسلام و پێغەمبەری ئیسلام و قورئان بڵاو کراوەتەوه، لەگەڵ سەرجەم ئەو سەرنووسەر و وەشانخانانەی ئاگاداری ناوەرۆکەکەی بوون، حوکمی لەسێدارەدانیان (کوشتنیان) بەسەردا دراوە. داوا لە هەموو موسڵمانانی ئازا دەکەم، لە هەرشوێنێکی جیهاندا بن، بەبێ دواکەوتن بیانکوژن، بۆ ئەوەی لەمەودوا کەس زەفەر نەبات و نەوێرێت دەستکاریی بیروباوەڕە پیرۆزەکانی موسڵمانان بکات. هەرکەسێکیش لەم پێناوەدا بکوژرێت، ئەوا بە ویستی خودا شەهیدە. لە هەمان کاتدا، ئەگەر کەسێک دەستی بە دانەری کتێبەکە گەیشت، بەڵام توانای جێبەجێکردنی لەسێدارەدانەکەی نەبوو، دەبێت خەڵکی ئاگادار بکاتەوە، تاوەکوو بە سزای خۆی بگات.”

چەند ڕۆژێک دوای دەرکردنی فەتواکە و لە هەڕەتی خرۆشان و گەرموگوڕیی فەتواکەدا، پیاوانی ئاینی، بازرگانانی بازاڕی گەورەی تاران و بەرپرسانی ئێران، بڕی نزیکەی 6 ملیۆن دۆلاریان کرد بە پاداشت بۆ هەرکەسێک ڕوشدی بکوژێت. پاشان هەر لەسەر ئەم کێشەیە، هەردوو وڵاتی بەریتانیا و ئێران پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی نێوانیان پچڕاند. لێرەوە ڕوشدی ژیانی دەبێت بە یەک پارچە مەترسی و هەڕەشەی یەکلەسەریەک و پۆلیسی بەریتانیا بەردەوام لە نزیکەوە چاودێریی دەکەن و دەیپارێزن. لە ١٧ی شوباتی ساڵی 1989دا، سەرۆککۆماری ئێران عەلی خامنەیی -دواتر لە هەمان ساڵدا وەک ڕێبەری باڵا جێگەی خومەینی دەگرێتەوە- ئاماژەی بەوە کرد، ئەگەر ڕوشدی داوای لێبوردن بکات و بێبەریبوونی خۆی لە کتێبەکە ڕابگەیەنێت، ڕەنگە خەڵک لێی خۆش ببن.

لەدوای ئەمە، ڕۆژی دواتر، لە 18ی شوباتدا سەلمان ڕوشدی “بەیاننامەیەکی بەوردی داڕێژراو”ی دەرکرد و تێیدا دەڵێت: “من درک بەوە دەکەم موسڵمانان، لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهاندا، بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڕۆمانەکەمەوە بەقووڵی دڵگرانن. هەست بە دڵتەنگی و پەژارەیەکی زۆر دەکەم بۆ ئەو ئازارەی ئەم بڵاوکردنەوەیە بە بڕوادارانی دڵسۆزی گەیاندووە. لەبەر ئەوەی ئێمە لە جیهانێکی فرەئایندا دەژین، ئەم ئەزموونە ئەوەی بیر هێناینەوە کە پێویستە ڕەچاوی هەستی کەسانی تر بکەین.”

لەگەڵ ئەوەشدا، لە ١٩ی شوباتی ١٩٨٩دا، نووسینگەی ئایەتوڵا خومەینی وەڵامی داوای لێبوردنەکەی ڕوشدیی دایەوە و ڕای گەیاند: “میدیا بیانییە ئیمپریالیستییەکان بەدرۆ بانگەشەی ئەوەیان کردووە، کە بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ڕایان گەیاندووە ئەگەر نووسەر تەوبە بکات، حوکمی لەسێدارەدانی دەرکراو دژ بە نووسەری ڕۆمانی ‘ئایەتە شەیتانییەکان’ هەڵدەوەشێتەوە. ” ئیمام خومەینی ئەم بانگەشەیەی بەتەواوی و دەستبەجێ ڕەت کردەوە. تەنانەت ئەگەر سەلمان ڕوشدی تەوبەش بکات و ببێتە یەکێک لە لەخواترسترین پیاوی ئەم سەردەمە، ئەوا ئەرکی سەر شانی هەر موسڵمانێکە هەموو توانایەکی خۆی، لە گیان و ماڵی، بەکار بهێنێت بۆ ناردنی بۆ جەهەنەم.

بەم جۆرە و تەنانەت دوای تێپەڕبوونی کەمتر لە شەش مانگ بەسەر فەتواکەدا، ڕوشدی لە هەوڵێکی کوشتنی ڕاستەقینە ڕزگاری بوو. لە بەرواری 3ی ئابی 1989دا، گەنجێکی لوبنانیی تەمەن 21 ساڵ (1968-1989) بە ناوی مستەفا مەحموود مازح، کە دەگوترێت سەر بە حیزبوڵای لوبنانی بووە، وەک بەدەمەوەچوون و جێبەجێکردنی فەتواکە، هەوڵی دا لە لەندەنی پایتەختی بەریتانیادا سەلمان ڕوشدی بکوژێت. ئەم گەنجە بۆ ئەو مەبەستە خۆی کردبووە خوێندکاری زانکۆ و ژوورێکی لە هوتێل “بادینگتۆن کۆرت – Paddington Court” بەکرێ گرتبوو، هوتێلەکە‌ نزیک بوو لەو شوێنانە‌ی ڕوشدی سەردانی دەکرد. مستەفا دوو کتێبی بۆمبڕێژ کردبوو، بەو هیوایەی لە کاتی پێشکەشکردنی دوو کتێبە بۆمبڕێژکراوەکەدا، بە نووسەری ئایەتە شەیتانییەکاندا بتەقێتەوە و هەر لەوێدا بیکوژێت. گەنجەکە لە ژووری هوتێلەکەدا کتێبەکانی بۆمبڕێژ دەکرد، لە کاتی بۆمبڕێژکردنی یەکێک لە کتێبەکاندا، بەهەڵە بۆمبەکە بە خۆیدا دەتەقێتەوە و دەبێتە هۆی کوژرانی مستەفا و ڕووخانی نهۆمەکه. دواتر تەرمی ئەم گەنجە لوبنانییه گەڕێنرایەوە بۆ نیشتمانی خۆی لە لوبنان و لە گوندەکەیان “تەیر دبا – طیر دبا” لە باشووری لوبنان نێژرا. پاشان حکومەتی ئێران لە تارانی پایتەخت و لە گۆڕستانی “بەهەشتی زەهرا” و لە بەشی تایبەت بە “شەهیدەکان،” وەک وەفا و ڕێزلێنانێک، گۆڕێکی ڕەمزیی بۆ دروست دەکات و ئەمەی خوارەوە بەشێکە لە نووسینی ‌سەر گۆڕەکەی:

“مەزارگەی ڕەمزیی شەهیدی موجاهید مستەفا مەحموود مازح”

“یەکەم شەهیدی جێبەجێکردنی حوکمە مێژووییەکەی حەزرەتی ئیمام خومەینی -سڵاوی خوای لێ بێت- بۆ لەسێدارەدانی سەلمان ڕوشدیی هەڵگەڕاوە.”

هەرچەندە لە کۆتایی نەوەدەکاندا حکومەتی ئێران لە ڕووی دیپلۆماسییەوە کەوتبووە ژێر گوشارێکی نێودەوڵەتیی توندەوە، بەتایبەت لەلایەن یەکێتیی ئەورووپاوە، کە پەیوەندییە ئابووری و سیاسییەکانی خۆی لەگەڵ تاراندا بەستبووەوە بە پرسی سەلامەتیی ژیانی سەلمان ڕوشدییەوە. بۆ ڕزگاربوون لەم گۆشەگیرییە، لە ساڵی ١٩٩٨دا و لە سەردەمی سەرۆکایەتیی محەمەد خاتەمی، کە بە سەرۆکێکی چاکسازیخواز دەناسرا، کەمال خەڕازیی وەزیری دەرەوەی ئەو کاتەی ئێران، لە پەراوێزی کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، ڕێککەوتنێکی لەگەڵ هاوتا بەریتانییەکەی، ڕۆبن کوکدا ڕاگەیاند. لەو ڕێککەوتنەدا حکومەتی ئێران بە شێوەیەکی فەرمی بەڵێنی دا هیچ جۆرە پاڵپشتییەک پێشکەش بە هیچ کەس یان لایەنێک ناکات کە هانی کوشتنی ڕوشدی بدات، ئەمەش وەک هەوڵێک بوو بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی تاران لەگەڵ لەندەن و وڵاتانی ڕۆژاوادا.

بەڵام سەرباری ئەم ڕاگەیاندنە فەرمییە، حکومەتی ئێران هەرگیز نەیتوانی، یاخود نەیویست، فەتواکە بەتەواوی هەڵبوەشێنێتەوە، چونکە لە ڕوانگەی یاسایی و فیقهی شیعەوە، فەتوای مەرجەعێکی کۆچکردوو تەنها لەلایەن خودی خۆیەوە دەکرێت هەڵبوەشێنرێتەوە. هەر بۆیە دەسەڵاتداران و کاربەدەستانی ئێران، لە گوتارە ناوخۆییەکاندا جەختیان لەوە دەکردەوە کە هەڵوێستی نوێی دەوڵەت، تەنها پابەندبوونی حکومەتە بە یاسا نێودەوڵەتییەکانەوە، نەک پاشەکشە لە بنەما شەرعییەکان؛ هاوکات دامەزراوە ئاینی و نیمچەحکومییەکانی وەک “دامەزراوەی ١٥ی خرداد” نەک هەر پابەند نەبوون بەو ڕەتکردنەوە دیپلۆماسییەوە، بەڵکوو لە ماوەی ساڵانی دواتریشدا، چەندین جار بڕی پاداشتە داراییەکەیان بۆ کوشتنی سەلمان ڕوشدی زیاد کرد.

لێرەدا پێویستە ئاماژە بەوە بدەین، هەرچەندە لە ڕۆژانی سەرەتای فەتواکەدا و لە گەرمەی هەڵچوون و خرۆشان و بەدەمەوەچوونی فەتواکەدا، لەناو میدیاکان و بازنە ئاینییەکاندا باس لە کۆکردنەوەی پاداشتی گەورە تا ئاستی ٦ ملیۆن دۆلار بۆ کوشتنی ڕوشدی دەکرا. بەڵام بڕە پارە فەرمییەکە لەلایەن “دامەزراوەی ١٥ی خرداد”ەوە، قۆناغبەقۆناغ لە ١ ملیۆن دۆلارەوە بەرز کرایەوە، تا لە ساڵی ٢٠١٢دا گەیاندیانە ٣.٣ ملیۆن دۆلار. بەم مانایە، بڕی پارەی فەرمی کە ئێران بۆ کوشتنی نووسەری ئایەتە شەیتانییەکان تەرخانی کرد، لە یەک ملیۆن دۆلارەوە بەرز کرایەوە تا زیاد لە 3 ملیۆن دۆلار. ئەمە وای کرد گوڕوتینی فەتواکە وەک خۆی بمێنێتەوە و کاریگەرییەکانی، ئەگەر زۆرتر نەبووبێت، ئەوا هەرگیز کەمی نەکردووە و هەمیشە وەک سێبەر و تارماییەک بەدوای سەلمان ڕوشدییەوە بوو.

دواتر پاش 47 ساڵ، لە بەرواری هەوڵی تیرۆرکردنیدا، گەنجێکی ئەمەریکیی بە ڕەچەڵەک لوبنانی بە ناوی هادی مەتر، تەمەن 23 ساڵ، لە 12ی ئابی 2022دا، لە نیو یۆرک و لە سەروبەندی کۆڕێکدا، کە تێیدا ڕوشدی بەنیاز بوو‌ قسە لەسەر مەسەلەی ئازادیی بیروڕا بکات، لەنێو ڕیزی دانیشتووانەوە وەک ڕەشەبا و برووسکەیەک، زۆر بەخێرایی، بە خۆی و چەقۆکەی دەستیەوە دەگاتە سەر ڕوشدی و لە ماوەی تەنها 27 چرکەدا، زیاد لە 11 چەقۆ، واتە هەردوو چرکەیەک چەقۆیەک، بە جەستەی ڕوشدیدا دەکات، لە ئەنجامی ئەو هێرشەدا، نووسەری ئایەتە شەیتانییەکان چاوێکی لەدەست دەدات و دەستێکی پەکی دەکەوێت، لەگەڵ کۆمەڵێک برین لە شوێنی جیاوازی جەستەیدا.

لێرەوە دوایین بەرهەمی سەلمان ڕوشدی، کتێبی “چەقۆ؛ تێڕامانەکان دوای هەوڵی کوشتن” دێت بۆ ئەوەی باس لە ماجەرای ئەو ڕۆژە و چۆنیەتیی ڕوودانی هێرشەکە و هاتنی گەنجە چەقۆبەدەستەکە بۆ سەر ستەیج و وەشاندنی چەقۆکانی و چارەسەرکردن و ساڕێژبوونی برینەکانی بکات. کتێبەکە بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو ئەزموونە تاڵ و سەخت و خوێناوییەیە و تێڕامانیەتی لەو فەتوایەی ٣٣ ساڵ دوای دەرچوونی، هێشتا بەدوایەوە بوو و تا لە ژیانیشدا بێت، هەر بەدوایەوە دەبێت. ئەم بیرەوەرییانە ڕووماڵی ساڵێک دەکەن، لە یەکەم ساتی بینینی هاتنی هادی مەتر بە خۆی و چەقۆکەیەوە بۆ سەر سەکۆی کۆڕەکە، تا ئەو کاتەی ڕوشدی چاک دەبێتەوە و لە دوایین دێڕی کتێبەکەیدا دەڵێت: “دەستی ئێلایزام گرت و گوتم، ‘تەواو. با بڕۆینەوە ماڵێ.'”

سەروەختێک ڕۆژنامەی “New York Post”ی ئەمەریکی لە زیندان چاوپێکەوتن لەگەڵ هادی مەتر دەکات، ئەو بەڕوونی دەڵێت: “من تەنها چەند لاپەڕەیەکی کەمم لە ڕۆمانی ئایەتە شەیتانییەکان خوێندووەتەوە،” لە بەشێکی دیکەی چاوپێکەوتنەکەیدا، دانی بەوەدا ناوە ڕێزێکی بێپایانی بۆ ئایەتوڵا خومەینی هەیە و پێی وایە ئەو “کەسایەتییەکی مەزن” بووە، بێگومان ئەمە نیشانی دەدات کاریگەریی فەتوا مێژووییەکە لەسەر بیرکردنەوەی، هۆکاری سەرەکی بووە، نەک خوێندنەوەی دەقی ڕۆمانەکە و ڕەخنەگرتن لە شێوازی نووسینەکەی.

وەک گوتمان، کتێبی چەقۆ و تێڕامانەکان دوای هەوڵێکی کوشتن، نوێترین بەرهەمی نووسەر سەلمان ڕوشدییە، دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم بە چاپێکی جوان و بە وەرگێڕانێکی نایابی شاعیر و ڕۆماننووس ماردین ئیبراهیم، لە دووتوێی 250 لاپەڕەی قەبارە بچووکدا چاپ و بڵاوی کردووەتەوە.

کتێبەکە باس لە ڕۆژێک پێش هێرشەکە و ساتی هێرشەکە و تێپەڕبوونی ساڵێک بەسەر هێرشەکەدا دەکات و ڕوشدی تەواوی وردەکاریی ئەو ساڵە، بە هەموو ناخۆشی و ئێش و ئازارێکەوە، ترسی مردن و لەدەستدانی زیندەگی‌، چاکبوونەوە و ساڕێژبوونی برینەکان و گەڕانەوە بۆ نێو ئامێزی خێزان و هاوڕێ و ژیان، بە زمانێکی ئەدەبیی چڕ و لە شێوەی بیرەوەریدا دەگێڕێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا ڕوشدی باس لەوە دەکات، هەرگیز حەزی بە نووسینی کتێبێکی لەم جۆرە نەکردووە و لە لاپەڕە 207ی کتێبەکەدا دەڵێت: “ڕاشکاو بم، ئەمە کتێبێک بوو، یان کتێبێکە ئاواتەخواز بووم پێویست نەبووایە بینووسم. پێشتر و ئیستاش کتێبێکی تر لە خەیاڵمدایە، کە بیرم لێ کردبووەوە بەدوای ڕۆمانی شاری سەرکەوتندا بینووسم.”

کەواتە ئەمە کتێبی ناچارییە و لە ویست و ئیرادە و ئارەزووی نووسەرەوە نەهاتووە، کتێبی دڵخوازی ئەو نییه و سەرچاوەکەی ناگەڕێتەوە بۆ خەیاڵێکی ئەدەبی و ئەفسانەیی؛ بەڵکوو کتێبەکە سەپێنراوە بەسەریدا و دەبووایە بینووسێت و سەرچاوەکەی ئەو 27 چرکەیەیە، کە تێیدا چەقۆکێشەکە بە خێرایی ڕووناکی دێت و نووسەر دەداتە بەر چەقۆ، دەبووایە هەموو ئەو ساتانە تۆمار بکات و بیکاتە دۆکیۆمێنتێکی ئەدەبی و مێژوویی، تاکوو بۆ هەتاهەتایە لە ئەرشیڤی کتێبخانەکاندا بمێنێتەوە و نەوەکانی داهاتوو ئاگاداری ئەوە بن کە چۆن فەتوایەک دەتوانێت بە درێژایی ساڵەکان، کیشوەر و دەریا و زەریاکان ببڕێت و لەوپەڕی دونیاوە ژیانی مرۆڤێک تێک بدات و خوێنی حەڵاڵ بکات و کەسانێکیش هەبن، دەست لەسەر دڵ، ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی ناوەرۆکی فەتواکە، ئەگەر پاش چەندین ساڵیش بێت.

بە مانایەکی دی، کتێبەکە بەرهەمی بیرکردنەوە و تێڕامان و پرۆژەیەکی ئەدەبی نییە، بیرۆکەیەک نییە ڕوشدی ساڵانێک لە هزر و خەیاڵدانیدا هەڵی گرتبێت و چاوەڕێی پێگەیشتنی بووبێت تاکوو بیخاتە سەر کاغەز. ئیلهامێکی شاعیرانە و خەیاڵکرد نییە، پرۆژەیەکی فیکری و ئارەزوومەندانە نییە کە حەز و خولیایەکی گەورەی لە پشتەوە بێت و بیەوێت بیکات بە نووسین و ڕۆمانێکی نوێی لێ بەرهەم بهێنێت. نا، هیچ شتێکی لەو جۆرە نییە، بەڵکوو کتێبەکە، وەک دەگوترێت، “شەڕێکی ناچارییە” و “جەنگێکی سەپێنراوە،” هەر دەبووایە بینووسێت. ئاخر ڕوشدی، بە درێژایی ژیانی دوای فەتواکە، نەیویستووه، بە چاوی قوربانی و بەزەییەوە سەیر بکرێت و بەو چاوەوە بەرهەمەکانی هەڵبسەنگێنرێت؛ هەمیشە هەوڵی داوە بەرهەم و ڕۆمانەکانی وا بکەن وەک نووسەر و ڕۆشنبیر ببینرێت و ڕێزی لێ بگیرێت، نەک لەبەر ئەوەی فەتوایەک ژیانی لێ تاڵ کردووە، دەبێت ڕێزی لێ بگیرێت.

لەم بارەیەوە و لە لاپەڕە 179ی کتێبەکەدا دەڵێت: “دڵتەنگترین شت لەو پەلامارەدا، ئەوەیە جارێکی دیکە منی گۆڕی بۆ کەسێک کە زۆر بەسەختی هەوڵم دابوو نەبمە ئەو کەسەی سی ساڵ زیاتر بوو ڕەتم کردبووەوە، کە بە فەتواکە پێناسە بکرێم و پێم لەسەر ئەوە داگرتبوو وەک نووسەری کتێبەکانم ببینرێم. پێنج کتێب پێش فەتواکە و شانزە کتێب دوای فەتواکە.”

لە ڕاستیدا دەکرێت کۆی گشتیی کتێبەکە بۆ دوو بەش دابەش بکەین: بەشێکی خەمناک، ناخهەژێن و پڕ لە خوێن، دەرمان، نەشتەرگەری، نائومێدی و نزیکبوونەوه لە لێواری مەرگ، کە لاپەڕەیەکی زۆری کتێبەکەی داگیر کردووە؛ هەروەها بەشێکی دڵخۆشکەر و شیفابەخش، چاکبوونەوە و هاتنەدەرەوە لە نەخۆشخانەکان بە تەندروستییەکی باشەوه ‌و گەڕانەوە بۆ ماڵ و ئارامی و تێکەڵبوونەوەی لەگەڵ خێزان و خزم و هاوڕێیان و ژیانی ئاسایی.

خاڵی سەرەکی و بنەڕەتیی کتێبەکه،‌ ئەو ڕاستییە دەردەخات کە فەتواکان ترسناک و مەترسیدارن، بەئاسانی سنوورەکان دەبەزێنن و بە گەردووندا بڵاو دەبنەوە و هەمیشە لە سووچ و قوژبن و پانتاییەکی سەر ئەم زەوییەدا کەسانێک هەن بۆ جێبەجێکردنی فەتواکان، هەم ئامادەن و هەم لە بۆسەدان. ئامادەن سەدان و هەزاران کیلۆمەتر ببڕن، زێد و ماڵ و خێزانی خۆیان جێ بهێڵن و لە وشکاییەوە بڕۆنە نێو دەریاکان و لەوێوە خۆیان بگەیەننە ئەو کەسەی ناوی لە لیستی فەتواکەندا هاتووە و کۆتایی بە ژیانی بهێنن. ئەم جۆرە کەسانە بەلایانەوە گرنگ نییه، ئەو کەسەی دەیانەوێت بیکوژن و بە چەقۆ و بۆمب و فیشەک پەلاماری بدەن و جەستەی هەلاهەلا بکەن، کێیە و چیی کردووە؟ ئەوەی بەلایانەوە گرنگە و شایانی گوێلێگرتن و جێبەجێکردنە، قسەی فەتواچییەکان و بانگخوازەکان و پیاوانی ئاینییە؛ جگە لەو کەسەی ژیانی خۆی بۆ جێبەجێکردنی فەتواکان تەرخان دەکات. لەپاڵ ئەودا، بە هەزاران کەسی دیکە هەن دڵخۆشن بە ئەنجامدانی کارەکە و بەئاشکرا خۆشحاڵیی خۆیان دەردەبڕن. ئە‌وەتا لە لاپەڕە 214ی کتێبەکەدا هاتووە: “… بەڵام چەندین دەنگی موسڵمان هەبوون، شایی و لۆغانیان دەگێڕا بەوەی بەسەر مندا هاتووە، هیوایان دەخواست چاوەکەی تریشم کوێر ببێت، یان بەوەی کە چاوێکم داپۆشراوە و یەکچاوم، منیان بەراورد دەکرد بە دەجال.”

لە کۆتاییدا دەڵێین ئەمە کتێبێکە، شایانی خوێندنەوە و لەسەرڕاوەستانە.

بۆ نووسین و ئامادەکردنی ئەم ڕانانە، سوودم لەم سەرچاوانەی خوارەوە وەرگرتووە:

wikipedia.org، الموسوعة الحرة

– موقع الرایات، علی الکاش، کشف المستور في فتوى الخميني بقتل سلمان رشدي، 13 اکتوبر، 2016

– الجزیرە نیت، واشنطن تتهم حزب الله بمحاولة اغتيال سلمان رشدي، 25/7/2024

– زیرەکیی دەستکرد: gemini.google.com