ئیزابێل ئالێندی دەنگێکی تایبەت بە خۆی هەیە

ئیزابێل ئالێندی دەنگێکی تایبەت بە خۆی هەیە

“ئایا ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان هاوشێوەی سەد ساڵ تەنیاییە؟”

سازکردنی: ئیدریس عەلی

ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان یەکێکی ترە لە شاکارە مەزنەکانی ژنە ڕۆماننووسی چیللی “ئیزابێل ئالێندی” و لە ماوەی ڕابوردوودا لەلایەن خانمە وەرگێڕی بەسەلیقە “تارا شێخ عوسمان”ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکانی کوردستان بەردەستە.

لە ڕاستیدا “ئیزابێل ئالێندی” لەو نووسەرە ناودارانەیە کە بە شێوازی واقیعی سیحری دەنووسێت، هەرچەندە خۆی نکۆڵیی لەوە دەکات، ئەو بە تەکنیکێکی بەرز و جیاواز خوێنەر دەباتە نێو ڕووداوە سەرنجڕاکێش و دراماتیکییەکانەوە، ئەو لەپای بەرهەمە زۆر و فرەچەشنەکانی، تاکوو ئێستا چەندین خەڵاتی ئەدەبیی گرنگی پێ دراوە و چەند جارێکیش پاڵێوراوە بۆ وەرگرتنی خەڵاتی نۆبڵ، ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکان ساڵی 1982 نووسراوە و یازدە ساڵ پاش دەرچوونی ڕۆمانەکە کراوە بە فیلم و لە سینەماکانی جیهاندا نمایش کراوە.

لەم دیدارەدا لەگەڵ خانمە وەرگێڕ “تارا شێخ عوسمان”دا قسە لەسەر دنیای ڕۆمانەکە دەکەین.

سەردەم: بۆچی ڕۆمانی ماڵی ڕۆحەکانت هەڵبژارد بۆ وەرگێڕان؟

تارا شێخ عوسمان: لە ڕاستیدا چەند ساڵێک بوو بەشێکی زۆرم لە بەرهەمەکانی ئیزابێل ئالێندی خوێندبووەوە و زۆر سەرسام بووم بە توانای ئەو خانمە لە نووسینەکانیدا و دەگەڕام بۆ زانیاریی ورد لەسەر شێوازی نووسین و دنیابینییەکانی لەسەر ئەدەب و نووسین، پاش خوێندنەوەی هەرسێ ڕۆمانی “وێنەیەکی کۆن و کچی بەخت و ماڵی ڕۆحەکان،” کە ئەم سێ ڕۆمانە دەخرێتە خانەی سیانەی ڕۆمان و پێکەوە یەکتر تەواو دەکەن. ئەم سێ ڕۆمانە باسی مێژووی سەد ساڵی  بنەماڵەیەک دەکەن، بەڵام کە سەرنجم دا، “ماڵی ڕۆحەکان” لە دووانەکەی تر بەناوبانگترە و جێگەی باسوخواسی زۆری ڕەخنەگرانی ئەدەبی بووە، بۆیە بڕیارم دا ئەمەیان وەربگێڕم. هەرچەندە خەونم ئەوە بوو دووانەکەی تریش وەربگێڕم، بەڵام هەندێک شت هاتە ڕێگەم و پاشگەز بوومەوە، هەرچەندە ناوبەناو کەڵکەڵەی وەرگێڕانی ئەو دوو بەرهەمەی تریش مێشکم داگیر دەکات.

سەردەم: دنیای ڕۆمانەکە چییە و باسی چی دەکات؟

تارا شێخ عوسمان: سەرەتا دەبێت ئاماژە بەوە بدەم، وەک “ئیزابێل ئالێندی” خۆی ئاماژەی پێ داوە، بیرۆکەی ڕۆمانەکەی لەو کۆمەڵە نامەیەوە بۆ هاتووە کە لەنێوان خۆی و باپیریدا ئاڵوگۆڕیان کردووە و زۆر گرنگیی داوە بەو بیرەوەرییانەی پێشتر لەلایەن ئەندامانی خێزانە گەورەکەیەوە نووسراونەتەوە، بۆیە دونیا و پانتایی ڕۆمانەکە بریتییە لە ڕووداوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانی قۆناغێکی چیللی و خێزانەکەی ئالێندی خۆیان کارەکتەری دیاری سەر گۆڕەپانی ئەو ڕووداوانە بوون. لەوانەش، هاتنەسەرکاری کۆمۆنیستەکان بە سەرۆکایەتیی سلڤادۆر ئالێندی، کە خزمایەتییەکی نزیکی هەبووە لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەکە و دواتر کودەتا شومەکەی ئۆگۆستۆ پینۆچێ و بوومەلەرزە گەورەکەی چیللی و حوکمی ستەمەکارانەی ئۆگۆستۆ پینۆچێ و ڕووداوی ناو زیندانە نهێنییەکانی ئەو سەردەمە و مردنی پابلۆ نیرۆدای شاعیر، کە نووسەر زۆر سەرسام بووە بەم شاعیرە ناودارەی وڵاتەکەی خۆی. هەموو ئەمانە و هێڵی فانتازیا و چیرۆکەکانی خۆشەویستی و دابڕان و مەرگی ناوادە، بوونەتە چەند بابەتێکی پێکەوەگرێدراوی پتەو بۆ ڕۆمانەکە.

سەردەم: پێگەی خودی ئەم ڕۆمانە و نووسەرەکەی لە چ ئاستێکدایە و ڕەخنەگرانی جیهان چییان دەربارەی گوتووە؟

تارا شێخ عوسمان: هەرچەندە نووسەری ئەم ڕۆمانە درەنگ دەستی بە ڕۆماننووسین کردووە، بەڵام توانیویەتی پانتاییەکی گرنگ لە کایەی ئەدەبیدا بۆ خۆی مسۆگەر بکات. کاتێک ساڵی ١٩٨٢ ئەم ڕۆمانە بڵاو کرایەوە، ڕەخنەگرانی ئەدەبی باسوخواسی جیاوازیان هەبوو لەسەر ڕۆمانەکە، نیو یۆرک تایم بووک ڕیڤیو دەنووسێت: ڕۆمانێکی سەرسووڕهێنەرە، کارێکی تایبەتە و هەستێکی مرۆییانەی خاوەن بەخشش و بێوێنەی تێدا دەبینرێت و دەستکەوتێکی کەسێتییە، بەڵام داستانێکە لەبارەی ڕابوردوو و ئێستا و داهاتووی ئەمەریکای لاتین. هەروەها پەبڵیشەرز ویکلی دەنووسێت: داستانێکی خێزانیی هێماگەرای دەوڵەمەندە، تێکەڵەیەکی نەرمی بانسروشت و ڕاستییەکانە و دەکرێت بەراورد بکرێت بە ڕۆمانی سەد ساڵ تەنیایی گابرێل گارسیا مارکیز، بەڵام ئیزابێل ئالێندی دەنگێکی تایبەت بە خۆی هەیە و ڕوونتر و ئاسانتر دۆخی هاوچەرخی ئەمەریکای لاتین دەگەیەنێت بە خوێنەر و کۆی جیهان.

بە هۆی بەکارهێنانی فانتازیایەکی زۆرەوە، هەندێک لە ڕەخنەگران پێیان وا بووە ڕۆمانەکەی سێبەری ڕۆمانی (سەد ساڵ تەنیایی) گابرێل گارسیا مارکیزی پێوە دیارە و هەندێکی تریش بە هۆی ئەم ڕۆمانەوە ئیزابێل ئالێندییان وەک خوێندکارێکی زیرەکی مارکیز ناوزەد کردووە. هەندێک لە ڕەخنەگرانیش پێیان وایە ئەم ڕۆمانە دەچێتە خانەی ئەدەبی ژنانەوە، بەوەی ژنان لە ڕۆمانەکەدا بەرگری دەکەن لە بوونی خۆیان و بیرتیژ ئەوانن، لە ڕێگەی نووسینەوەی بیرەوەرییەوە مێژووی خێزانێک لە لەناوچوون دەپارێزن و کەسایەتیی بەهێزیان هەیە بۆ تێپەڕاندنی سەختییەکان، بەڵام خودی نووسەر ئەوە ڕەت دەکاتەوە و ئاماژە بەوە دەدات، کە هەرگیز باوەڕی بەوە نییە ئەدەب بۆ پیاوانە و ژنانە جیا بکرێتەوە.

سەردەم: سەرەکیترین یان زەقترین  ئەو کێشە و گرفتانە چی بوون کە ساتی وەرگێڕانی ڕۆمانەکە تووشت بوون و دواجار چۆن توانیت چارەسەریان بکەیت؟

تارا شێخ عوسمان: کاتی دەستکردنم بە وەرگێڕانی ڕۆمانەکە، لە زۆر ڕووەوە کاتێکی زۆر هەستیار بوو، چەند جارێک وەستام و دەستم پێ کردەوە، بۆیە پاش دوو ساڵ کاری وەرگێڕانی ڕۆمانەکەم تەواو کرد. بەڵام وەک ژنێک، جگە لە پابەندبوونم بە کاری مامۆستاییەوە، هەندێک پابەندیی خێزانییش هەبوو کە نەدەکرا لەئاستیاندا کەمتەرخەم بم، بۆیە بە باشم زانی پلانێکی ورد دانێم بۆ هاوسەنگی لەنێوان کاری وەرگێڕان و ئەو پابەندییانەی ترم و ئەوەش بوو توانیم خەونی وەرگێڕانەکەم بهێنمە دی. سوپاس بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە وەرگێڕانەکەم بە هۆی ئەوانەوە لە دووتوێی کتێبدا ڕووناکیی بینی.