لەم ساڵەدا ڕووسیا گەلێکی ڕاگواست و ٥٠٠ هەزاری لێ کوشتن

چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی یانزەیەم

لەم ساڵەدا ڕووسیا گەلێکی ڕاگواست و ٥٠٠ هەزاری لێ کوشتن

نووسینی: تەها عەبدولناسر ڕەمەزان

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لە سەدەی هەژدەیەمەوە ئیمپڕاتۆرییەتی ڕووسیا لە لایەکەوە بۆ فراوانکردنی دەسەڵات و قەڵەمڕەویی خۆی و پاراستنی سنوورەکانی باشووری و دڵنیابوون لە هاتوچۆی کەشتییەکانی لە دەریای ڕەشدا، کە بۆ چەندین سەدە لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتی عوسمانیدا بوو، ڕووی کردە ناوچەی قەفقاز؛ لە لایەکی دیکەوە قەفقاز بۆ ڕووسەکان ناوچەیەکی ستراتیژی و گرنگ و بایەخدار بوو، چونکە وەکوو پردێک، هەردوو کیشوەری ئاسیا و ئەورووپای بەیەکەوە دەبەستەوە و یارمەتیدەر بوو بۆ زیادکردنی دەسەڵات و نفووزی ڕووسیا لە ئەورووپادا.

بۆ بەدیهێنانی ئەم ئامانجە و کۆنترۆڵکردنی ناوچەی قەفقاز، ڕووسەکان ڕووبەڕووی گەلی “شەرکەس” بوونەوە، گەلێک لە ناوچە شاخاوییەکانی باکووری ڕۆژاوای قەفقازدا نیشتەجێ بووبوون و لەوێ دەژیان. شەرکەسەکان، سەرەڕای ئەوەی بەسەر چەندین هۆزدا دابەش بووبوون، لەگەڵ ئەوەشدا لەبەرانبەر ئیمپڕاتۆرییەتی ڕووسیادا پێداگر و سوور بوون لەسەر پاراستنی سەربەخۆیی خۆیان.

جەنگی قەفقاز و قەیرانی شەرکەسەکان

لەنێوان ساڵانی 1817 بۆ 1864دا جەنگێکی درێژخایەن لەنێوان ڕووسیا و شەرکەسەکاندا ڕووی دا و بەو هۆیەوه‌ ملیۆنان کەس گیانیان لەدەست دا و شەرکەسەکان زۆر بە توندی و خۆڕاگرییەوە بەرەنگاری ڕووسەکان بوونەوە و لە دژیان ڕاوەستان. لەو ماوەیەدا و لە کاتی جەنگەکەدا، ڕووسەکان بۆ گواستنەوەی هێزی زیاتر و گەمارۆدانی ناوچەکە، پەنایان بردە بەر دروستکردنی قەڵا و قوللە و ڕێگەوبان. بەرپرسە سەربازییەکانی سوپای ڕووسیا بە شێوەیەکی سیستماتیک و بێ هیچ سڵکردنەوە و دوودڵییەک، لە یەک کاتدا ژمارەیەکی زۆری گوندەکانی شەرکەسیان دەسووتاند و هاوکات بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ئەو گوندانەیان لەناو دەبرد.

سوپای ڕووسیا لە ناوچە شاخاوییەکان و نێو دارستانەکاندا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەستی گەورە دەبوونەوە، لەوانە چەکدارە قەفقازییەکان، وەک شەڕی پارتیزانی، زۆر بەخێرایی پەلاماری سوپای ڕووسیایان دەدا و ژمارەیەکی زۆریان لێ دەکوشتن. لەبەرانبەر ئەم هێرشانەدا، بەرپرسە سەربازییەکانی ڕووسیا بە درێژایی ماوەی جەنگەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دژی شەرکەسەکان دەردەبڕی؛ لەو کاتەشدا شەرکەسەکان گەلێکی موسڵمانی سونە بوون.

سوپای ڕووسیا بە هۆی جەنگە دووبارەکانیانەوە لەگەڵ دەوڵەتی عوسمانیدا ترسیان لەوە هەبوو شەرکەسەکان لەم جەنگەدا کۆمەک و هاوکاریی سەربازی لە عوسمانییەکان وەربگرن و بەمەش توانای ڕووبەڕووبوونەوەیان زیاتر ببێت، هەر بۆیە ڕووسەکان لە قۆناغەکانی کۆتایی جەنگی قەفقازدا بیریان لە دۆزینەوەی چارەسەرێکی یەکلاکەرەوە بۆ پرسی شەرکەسەکان کردەوە.

لەناوبردنی شەرکەسەکان

لەگەڵ کۆتاییهاتنی جەنگی “کریما/قرم”دا، ڕووسەکان ڕوویان لەوە کرد هێزی زیاتر بەرەو باکووری ڕۆژاوای قەفقاز بگوازنەوە. هاوکات فەرماندە سەربازییە گەورە و باڵاکانی ڕووسیا پلانێکیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو جەنگی پارتیزانییەی شەرکەسەکان داڕشت، کە لە  دژی سوپای ڕووسیا بەرپایان کردبوو. ئەمە جگە لەوەی ئامانجی ڕووسەکان کۆتاییهێنان بوو بە بوونی ئەم گەلە لەو ناوچانەدا. پلانەکەی ئەو ڕۆژگارەی ڕووسەکان بۆ لەناوبردنی گەلی شەرکەس، بریتی بوو لە وێرانکردنی گوندەکان بەتەواوەتی، ئەنجامدانی سزای لەسێدارەدان دژ بە شەرکەسەکان، ناچارکردنیان بۆ جێهێشتنی گوندەکانیان لە چوارچێوەی پرۆسەی ڕاگواستنی بەکۆمەڵدا، هاوتەریب لەگەڵ تێکدانی تەواوی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان.

بۆ جێبەجێکردنی ئەو پلانە، هێزەکانی ڕووسیا دەستیان کرد بە پێشڕەوی بەرەو دەشت و دارستان و شاخەکان، هەروەها هەوڵیان دا ئۆپەراسیۆنی سەربازیی خێرا ئەنجام بدەن و توانییان لەمیانەی ئەم ئۆپەراسیۆنە خێرایانەوە، دەست بەسەر کەناراوەکانی دەریای ڕەشدا بگرن. بە هۆی ئەم پێشڕەوییەی سوپای ڕووسەکانەوە، ئەو ناوچانەی شەرکەسەکان تێیدا نیشتەجێ بووبوون گەمارۆ دران. هەر بۆیە دانیشتووانی ئەو ناوچانە ناچار بوون زۆر جار پێش گەیشتنی سوپای ڕووسەکان، گوندەکانیان جێ بهێڵن و هەڵبێن.

لێرەوە پرۆسەکانی ڕاگواستن و داگیرکردنی گوندەکان وای کرد لەنێو دانیشتووانی شەرکەسەکاندا برسێتی و پەتا بە شێوەیەکی فراوان بڵاو ببێتەوە، بەتایبەت لە ڕیزی ئەو شەرکەسانەی لە هەندێک خاڵی کەنار دەریای ڕەشدا کۆ بووبوونەوە و چاوەڕێی گواستنەوە بوون بەرەو خاک و سەرزەمینی دەوڵەتی عوسمانی. شەرکەسەکان لە ناو ئەو کەشتییانەوەی دەیانگواستنەوە، تووشی نەخۆشی، قەرەباڵغییەکی زۆر و نالەباری و خراپیی کەشوهەوا بووبوونەوە، بە هۆی هەموو ئەمانەوە، ژمارەیەکی زۆریان لە کاتی پەڕینەوەدا گیانیان لەدەست دا.

بەم شێوەیە و لەگەڵ هاتنی ساڵی 1864دا، ڕووسەکان توانییان کۆتا بنکە و سەنگەر و حەشارگەی بەرگریی شەرکەسەکان لەناو بەرن و وێرانی بکەن. لە 21ی ئایاری 1864دا، هێزەکانی ڕووسیا لە نزیک شاری “سۆچی/Sochi”ی ئێستا  نمایشێکی سەربازیی زەبەلاحیان ئەنجام دا.

ئەم ئۆپەراسیۆنەی ڕووسیا بووە هۆی ڕاگواستنی زیاتر لە ملیۆنێک شەرکەس بەرەو خاک و سەرزەمینی دەوڵەتی عوسمانی. لەگەڵ ئەوەشدا، ژمارەی کوژراوانی شەرکەس بە هۆی جەنگ و پەتا و نەخۆشییەکانەوە، بە 300 بۆ 500 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت. لەگەڵ هاتنی ساڵی 1864دا، زیاد لە 90%ی ئەو شەرکەسانەی پێش جەنگ، لە باکووری ڕۆژاوای قەفقازدا دەژیان، لەو ناوچەیە نەمان و لەناو چوون.

سەرچاوە: ئەلعەربییە نێت، 20ی ئایاری 2026