دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ
دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ
وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی
١. بیرکردنەوە لە مافەکانی مرۆڤ
کەمتر لە دوو سەد ساڵ پاش نووسینی ڕاگەیەنراوی مافەکانی مرۆڤ و هاووڵاتیی ١٧٨٩ی فەڕەنسا و سی و شەش ساڵ پاش سەلماندنی ڕاگەیاندنی جیهانیی مافەکانی مرۆڤ لە ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکاندا، مەسەلەی مافی مرۆڤ بەردەوام وەک وتووێژئامێزترین و ئاڵۆزترین مەسەلەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی ماوەتەوە. ڕەنگە بکرێت بەڵگەی ئەم مەسەلەیە لە بێڕێزی و گوێپێنەدانی زوربەی دەوڵەتەکانی جیهانی ئەمڕۆ بۆ ئەم مافانە بدۆزینەوە. ئەمڕۆ سیاسەتی نالێبوردەیی و دڕندایەتی و سەرکوت، سیمایەکی جیهانی بە خۆیەوە گرتووە. ڕۆژێک نییە مرۆڤێک لەبەر بیروڕای سیاسی یان دینێکی تایبەت، یان لەبەر هۆی نەژادی، ڕەگەزی یان کولتووری ڕووبەڕووی زیندان یان ئەشکەنجە یاخود کوشتن نەبێتەوە. لەبەرامبەر ئەم واقعە ترسناکەدا، پەنابردن بۆ ترس و نائومێدی، یان سەرلەنوێ گەشانەوەی ئاگری کینە و نەفرەت، ڕێگەچارەیەک بۆ وەڵامدانەوە بە مەسەلەی مافەکانی مرۆڤ و بیرکردنەوە لەبارەی ناوەرۆکەکەیەوە ناهێڵێتەوە. لە کاتێکدا ئەمڕۆ هێنانەپێشی مافەکانی مرۆڤ و ئامادەکردنی هەلومەرجی پێویست بۆ بیرکردنەوە لەبارەیەوە، وەک هەوڵێکە بە ئاڕاستەی تێگەیشتن و گۆڕینی باردودۆخی مرۆڤ. بە دەربڕینێکی دی، بیرکردنەوە لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە، بە مانای بیرکردنەوە نییە لە بێگوناهیی مرۆڤ، بەڵکوو تێڕامانە لەبارەی پەیوەندیی سیاسەت و مافەکان بە هۆی مەحکوومییەتێکەوە، کە بە وتەی سارتەر، ئازادیی مرۆڤ دەرەنجامیەتی.
٢. فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ
بەبێنرخزانینی مافەکانی مرۆڤ و کارکردن بە ئاڕاستەی نەفیکردنی، بە مانای ژێرپێخستنی شایستەیی مرۆڤ و کەمکردنەوەیەتی لە پلەی بیرکەرەوەوە (سۆبژێکت) بۆ پلەی بیرلێکراوە (ئۆبژێکت). بەم شێوەیە زیانگەیاندن بە مافە سەرەتاییەکانی مرۆڤ بە مانای ئەوەیە چەمکی هەمەکیی مرۆڤایەتی ببێتە قوربانیی سیستمێکی بەها لە لۆژیکی سیاسیدا، لۆژیکێک کە تەوەرەی سەرەکیی بیرکردنەوە لە “ئەقڵانییەتێکی بان مرۆییدا” دەبینێتەوە و چۆنایاتییەکی جەبریی پێ دەبەخشێت. لەم چوارچێوەیەدا دەکرێت ستەمکاریی میتافیزیکی و ئایدۆلۆژی بە بەرهەمی بەبەرزتردانانی “زەروورەتی مێژوویی” بەسەر “بواری داهێنانی تاکەکەسیدا” بزانرێت، زەروورەتێک کە بوونی نەمرانەی خۆی لە مێژوودا ڕادەگەیەنێت.
لێرەوە دەکرێت دیسپۆتیزمی میتافیزیکی و ئایدۆلۆژی بگەڕێنینەوە بۆ لەپێشدانانی زەروورەتی مێژوویی ئەم دووانە (کە هەریەکەیان بە جۆرێک لە جۆرەکان زەروورەتی بوونی ئەزەلیی خۆیان لە مێژوودا ڕادەگەینن) بەسەر زەمینەی داهێنانی تاکەکەسیدا. باڵادەستیی میتافیزیکیای بابەتیبوون لە ناوەرۆکی عەقڵانییەتی مێژوویی-ئامێری و پاشەکشێی میتافیزیکی زیهنییەتی قوتابخانەی هیومانیزم، وەک بەهادانەنانە بۆ ڕەسەنایەتیی تاک وەک ناوەندی بڕیاردانی سەربەخۆی کۆمەڵگە. لەو ڕووەوەی فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە قوتابخانەی هیومانیزمەوە هەیە، لێرەوە بەرگریکردن لە تاکگەری لەبەرامبەر ڕاشیۆنالیزمی دۆگمای ئایدۆلۆژییە جیاوازەکاندا (کە مرۆڤ نەک وەک ئامانج، بەڵکوو وەک ئامرازێک بۆ پێشکەوتنی لۆژیکی دەروونی خۆی لەبەر چاو دەگرێت)، پایە و بناغەی سیاسەتی مافەکانی مرۆڤ پێک دەهێنێت. بەم شێوەیە بیرکردنەوە و گوتاری مافەکانی مرۆڤ لەسەر بناغەی بەرگریی مەدەنی، لەبەرامبەر بیرکردنەوەی تۆتالیتار و کارکردنی بەدەزگاییبووی لە کۆمەڵگەدا دامەزراوە.
ئەم بەرگرییە لە هەمان کاتدا کە نەفیی توندوتیژییە لە گوتار و کرداردا، ڕەخنە و هەڵسەنگاندنی ئەو تیۆرانەیە کە مێژوو بە خاوەن عەقڵانییەتیکێ زەرووری و ڕەوتێکی ناچاریی دەزانن، بە ئاڕاستەی داهێنانی تاکەکەس و یاسایی. بە دەربڕینێکی دی، فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ بیرکردنەوەیە لەبارەی نەفیکردنی توندوتیژی و بەرگریی مەدەنی لە کۆمەڵگەدا، لەگەڵ دیاریکردنی بەهای مرۆڤ “لە خۆیدا و بۆ خۆی” (واتە مرۆڤێک کە مانای سیاسیی خۆی لە کۆمەڵگەدا بە هۆی کرداری داهێنانی مافی سەربەخۆی خۆیەوە دەدۆزێتەوە). پلەی هاووڵاتی، بکەری تاکەکەس لە پەیوەندیدا بە سەرجەم ئازادی و سەربەخۆیی خۆیەوە لەبەر چاو دەگرێت. لەو ڕووەوەی تاکەکەس پلەی هاووڵاتیبوونی خۆی لە یاسادا بەدەست دەهێنێت، ئەوا تاکی هاووڵاتی لە هەمان کاتدا بابەتی یاسا و بکەری کۆمەڵایەتییەتی. بەم شێوەیە تاکەکەس، پێناسی هاووڵاتی و سنووری کارکردنی سەربەخۆی خۆی لە سنووری یاسادا دەدۆزێتەوە، کە وەک هاووڵاتی لە داهێنان و گۆڕانیدا دەورێکی گرنگ دەبینێت. لێرەوە سیستمی یاساییش ڕێکخستن و هاواهەنگیی خۆی بە مانای گشتی لە ڕێزگرتن و پابەندیی هاووڵاتییانی خۆیدا بەدەست دەهێنێت.
مافەکانی مرۆڤیش وەک سیستمی بەها یاساییەکان، مانای دیاریکراوی خۆی لە گشتێکدا دەدۆزێتەوە لەژێر ناوی مرۆڤایەتیدا. مافەکانی مرۆڤ مافی کرداری، هەمەکی و جیهانییە. بکەری هەمەکی وەک بابەتی مافەکانی مرۆڤ، مرۆڤە لە پلەی تاکایەتیی خۆیدا. لێرەوە مافەکانی مرۆڤ، مافەکانی مرۆڤە لە پلەی تاکەکەسدا. مەبەست لە تاکەکەس لێرەدا تاکەکەسێکی تایبەت نییە، بەڵکوو باسی بکەری مرۆییە کە ئەرستۆ ناوی دەنێت “زوئوون پۆلۆتیکن” (بە مانای بوونەوەری زیندووی بەدەزگاییبوو لە کۆمەڵگەدا، نەک بەهەڵە ئاژەڵی سیاسی)، کە بە قسەی ئەرستۆ، بەرزترین خەسڵەتی ئەم بوونەوەرە بریتییە لە تواناکانی لە قسەکردندا “زوئوون فۆمون ئاکۆن” (بە مانای بوونەوەری زیندووی قسەکەرە). بە دەربڕینێکی دی، بکەری مرۆیی تەنها لەپاڵ هاوڕەگەزەکانی خۆیدا دەتوانێت بەرزترین شێوەی ژیان لە پلەی تاکەکەسدا و لە بواری گوتاردا بەدەست بهێنێت. لێرەوە دەکرێت تاکەکەس بە خوڵقێنەری کۆمەڵگە و تاکایەتییش بە بەرهەمی بەرزی مێژووی مرۆڤایەتی بزانرێت. تاکەکەس وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی توانای ئەوەی هەیە دەزگا کۆمەڵایەتییەکانی دی دروست بکات، یا بیانگۆڕێت، یان تەنانەت لەناویان بەرێت، چونکە هەر ئەم خەسڵەتە کۆمەڵایەتییەی تاکەکەسە کە زەمینە بۆ دروستبوونی ئەو دەزگایانە دەڕەخسێنێت. دەزگای سەرەکی و ناوەندی کۆمەڵگە، کە مرۆڤەکان بە سەرچاوەی دادەنرێن، دەزگای یاسایە. ئێستا بزانین یاسا چییە…
٣. پلەی تاکەکەس لە یاسادا
ڕەنگە بکرێت یەکێک لە جوانترین ماناکانی چەمکی یاسا لای مۆنیسیکۆ بدۆزینەوە کە دەڵێت: “یاسا بە شێوەی گشتی عەقڵی مرۆڤێکە، کە حوکمڕانی بەسەر تەواوی گۆی زەویدا دەکات.” بە دەربڕینێکی دی، گەر بمانەوێت قسەکەی مۆنیسیکۆ شی بکەینەوە، دەڵێین یاسا دەرەنجامی پراکتیککردنی عەقڵی مرۆڤە لە سنووری کۆمەڵگەدا. پراکتیککردنی عەقڵی مرۆیی بە مانای هەڵسەنگاندنی عەقڵی پراکتیکییە، کە دیارکەری سنووری یاسادانانی تاکەکانی کۆمەڵگەیە وەک مرۆڤگەلێکی سەربەخۆ. بەم شێوەیە بژاردەکانی تاکەکانی کۆمەڵگە بە هۆی یاسایەکەوە دیاری دەکرێت، کە ئەو یاسایە خۆی دەرەنجامی بژاردەی ئازادیی تاکەکانە. لێرەوە یاسا هەمەکییەکی جیا و سەربەخۆ نییە لە ئەندامانی کۆمەڵگە، بەڵکوو گشتێکە کە هەر تاکێکی کۆمەڵگە لە پەیوەندیدا پێوەی، خۆی وەک بکەری یاسایی دەناسێت. کە وا بوو، دەتوانین بڵێین هەمەکیی یاسا زامنی سەربەخۆیی تاکەکەسە لە کۆمەڵگەدا و دیاریکەری سنوورەکانیەتی. لە ڕاستیدا ڕەسانەیەتیی یاساش لە پەیوەندیدا بە گشتیبوونیەوە دیاری دەکرێت؛ چونکە یاسایەک گەر لەسەر بنەمای ئیرادەی بەشێکی تاکەکەس، ڕێکخراوێک، حیزبێک، یان گروپێکی کۆمەڵایەتیی تایبەت بە پێچەوانەی ئیرادەی سەرجەم تاکەکانی کۆمەڵگەوە دابڕێژرێت، خاوەنی هیچ ڕەسەنایەتییەکی یاسایی نییە، چونکە وەک ئەفلاتوون دەڵێت، “ئەو یاسایانەی بۆ دابینکردنی بەرژەوەندییەکانی گروپێکی دیاریکراو دادەنرێن، شایستەی ناوی یاسا نین، بەڵکوو پەیڕەو و پڕۆگرامی حیزبەکانن و ئەو مافەی لەسەر بنەمای ئەم جۆرە یاسایانە داڕێژرابێت، لە شتی پڕوپووچ زیاتر نییە.” بە دەربرینێکی دی، یاسا بە ڕەچاوکردنی یەکبەیەکی تاکەکانی کۆمەڵگە، دەبێتە هۆی دەرکەوتنی سروشتە جەوهەرییەکەی خۆی و ڕەسانەیەتیی یاسایی، کە دەرەنجامی پەیوەندیی ئازادانە و سەربەخۆی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەیەکەوە بەدەست دێنێت. داهێنانی دیموکراسی و گۆڕانی فکری و دەزگایی دیموکراسی لە ئاستی کۆمەڵگەشدا پێویستی بە مانەوەی ئازاد و سەربەخۆییە، کە ئەندامانی کۆمەڵگەیەک لەپەنای یاسادا دروستی دەکەن. بەڵام باسکردنی پەیوەندیی ئازادانە و سەربەخۆیی تاکەکانی کۆمەڵگە، باسی زەروورەتی ئەخلاق لە زەمینەی بوونی کۆمەڵگەدا دەهێنێتە پێشێ.
٤. لە ئەرکە ئەخلاقییەکانەوە تا مافە مەدەنییەکان
دەستوەردانی ئەخلاق لە کۆمەڵگەدا لە حوکمی دامەزراندنی عەقڵانیی ئەرکەکانی مرۆڤە لە شێوەی مافە مەدەنییەکاندا، لەبەر ئەوەی ماهییەتی ئەم مافانە بە هۆی ماهییەتی ئەرکەکانی مرۆڤەوە دیاری دەکرێت؛ کە وا بوو، دەتوانین بڵێین دەزگای یاسا لە درێژکردنەوە و لە پەیوەندیدا بە بواری ئەخلاقەوە شکڵی کۆمەڵایەتیی خۆی وەردەگرێت. ئەگەر ئەوەمان قبوڵ بێت کە ئامانجی ئەم ئەرکانە و سنووری کارکردنیان بە هۆی عەقڵی مرۆڤەوە دیاری دەکرێت، ئەوە بەو ئەنجامە دەگەین کە بەدەزگاییبوونی ئەم ئەرکانە لە شێوەی مافە مەدەنییەکاندا، لە ڕێگەی کرداری عەقڵانی و ڕاستەوخۆی هاووڵاتییانەوە بەدی دێت. لێرەوە مافە مەدەنییەکان وەک دەزگایەکی کۆمەڵایەتی، دەرەنجامی کارکردنی بنەما و ئەرکە سیاسییەکانی هاووڵاتییان بە کارکردنی پێکەوەیی و عەقڵانیی خۆیان، چۆنایەتی و سنوورەکانی دیاری دەکەن.
ئێستا با بزانین هاووڵاتی کێیە؟ هاووڵاتی هاوکات بابەت و بکەری مافە مەدەنییەکانە، کە لە لایەکەوە بە داهێنانی ئەم مافانە، بواری بژاردە کۆمەڵایەتییەکانی خۆی دیاری دەکات و لە لایەکی دیکەوە بە ڕێزگرتنی لەم مافانە هەوڵ بۆ مانەوەی بوونیادی کۆمەڵگەی مەدەنی و پلەی هاووڵاتیبوونی خۆی دەدات. بەڵام هاووڵاتی وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی مەدەنی، بکەرێکی گشتی نییە. ئەم گشتییە تەنها وەک بکەرێکی مرۆیی بەدەست دێنێت، نەک وەک ئەندامێکی کۆمەڵگەی مەدەنی. لەم ڕوانگەیەوە ناکرێت مافەکانی مرۆڤ بە مافە مەدەنییەکانی تاکەکانی کۆمەڵگەیەک بزانرێت، چونکە لەم حاڵەتەدا نەمانی کۆمەڵگەی مەدەنی، نەمانی مافەکانی مرۆڤیش بەدوای خۆیدا دێنێت. لە کاتێکدا تاکەکەس بە لەدەستدانی پلەی هاووڵاتیبوونی خۆی لە کۆمەڵگەدا، پلەی مرۆیی خۆی لەدەست نادات (بە پێچەوانەی تیۆرەی ئادۆمۆند برکەوە لە کتێبی چەند تێزێک لەبارەی شۆڕشی فەڕەنساوە). لێرەوە پشتیوانیکردنی مافە مرۆییەکانی تاکەکەس، لە دەرەوەری سنووری یاساکانی کۆمەڵگە (واتە وەک بکەرێکی مرۆیی، نەک وەک هاووڵاتی) شتێکی مومکینە. بەڵام پێشێلکردنی مافە مرۆییەکانی تاکەکەس لەگەڵ ڕێزگرتن لە یاسا مەدەنییەکان یەک ناگرێتەوە، چونکە تاکەکەس تەنها کاتێک هاووڵاتییە، کە سەرەتا وەک تاکەکەسێکی مرۆیی، مافە سەرەتاییەکانی خۆی بەدەست بێنێت. لێرەوە مرۆڤایەتی هۆی بوونی مەدەنییەتە، بە هەمان ئەندازە کە ڕێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ مەرجی پێویستیی سەقامگیری و مانەوەی مافە مەدەنییەکانە لە کۆمەڵگەدا.
٥. دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ
دیموکراسی وەک تاکە دەزگایەکی سیاسیی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی، کە لەسەر بناغەی ڕێزگرتن لە دوو بنەمای تاکایەتی و داهێنانی سەربەخۆیی تاکاکەنی کۆمەڵگە دامەزراوە، ڕەگی بوونی خۆی لە فەلسەفەی مافی مرۆڤ و چوارچێوە یاساییەکەی خۆی لە مافەکانی هاووڵاتییاندا دەدۆزێتەوە. لەو ڕووەوەی فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ جەوهەری خۆی لە بنەمای داهێنانی مرۆییدا بە ئاڕاستەی ئازادی و سەربەخۆییدا دەدۆزێتەوە، لەبەر ئەوە بیرکردنەوەی مافەکانی مرۆڤ ناچێتە ناو لۆژیکی هیچ ئایدۆلۆژیا و مەزهەبێکەوە، چونکە داننان بەوەدا کە مرۆڤ بوونەوەرێکی داهێنەر و سەربەخۆیە، داننانە بە نەبوونی هیچ دیارکردنێکی ئەبەدی بۆ خەسڵەتی مرۆڤ لەناو سیستمە ئایدۆلۆژییە داخراوەکاندا. لێرەوە فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤ تەنها لە کۆمەڵگەیەکدا ڕەگ دادەکوتێت، کە ناوەرۆکێکی ئایدۆلۆژیی نەبێت. بە دەربڕینێکی دی، ئەو کۆمەڵگەیەی مەرجی بوونی خۆی دەبەستێتەوە بە دابەشکردنی کۆمەڵگە بەسەر دوو جەمسەردا و تەنها بەشێک لە مرۆڤایەتی بەپێی ئایدۆلۆژیاکەی بەفەرمی دەناسێت، بە پێناسە لە ڕووی کردارییەوە دژ بە مافەکانی مرۆڤە. خەبات دژ بەم دابەشکردنە بەسەر دوو جەمسەردا لە شێوەی بەرگریی مافەکانی مرۆڤ لەبەرامبەر توندوتیژی، سەرکوتکردنی ئازادی، نادادپەروەری و نایەکسانی لەبەرامبەر یاسادا، هاوکات هەوڵێکە بۆ دروستکردنی دەزگا سیاسییە دیموکراتییەکان، وەک کردەیەکی پراکتیککردنی مافەکانی مرۆڤ. بەم شێوەیە کاتێک باسی فەلسەفەی مافی مرۆڤ و مەرجەکانی بەدیهاتنی لە دەزگای دیموکراسیدا دەکەین، دەتوانین بڵێین هەموو بیرکردنەوەیەکی دیموکراسی، پێش هەموو شتێک بیرکردنەوەیە لەبارەی مافەکانی مرۆڤەوە، وەک یەکەم و دوایین سەنگەری ئازادیی مرۆڤەکان.
سەرچاوە: رامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤