کیەکەگۆ: ئەوی دیی فەلسەفە

کیەکەگۆ: ئەوی دیی فەلسەفە

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

کیەکەگۆ ڕۆژێک لە شوێنێکدا نووسیی، گەر بڕیارم دا نووسینێک لەسەر مەزارەکەم دابنێن، با ئەمە بنووسن: “ئەو تاکە کەسێک بوو و ئەگەر هێشتا ئەم ڕستەیە ڕوون نییە، ئەوا ڕۆژێک دێت هەمووان لێی تێدەگەن.” پێدەچێت ئەو ڕۆژە هاتبێت و ئەمڕۆ فەیلەسووفێکی وەک کیەکەگۆ، کە سەردەمێک دژی شەپۆلی سەرەکیی سەدەکەی خۆی بیری دەکردەوە، لەم هەشتا ساڵەی ڕابوردوودا کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ڕووداوە سەرەکییەکانی بیرکردنەوەی فەلسەفەی ڕۆژاوا داناوە. ئەم فرەیی کاریگەرییەی کیەکەگۆ لەسەر فەیلەسووفان، شاعیران، ڕۆماننووسان، فیلمسازانی سەدەی بیستەم دای ناوە، دەربڕی فرەڕەهەندیی بیرکردنەوەکانی کیەکەگۆیە. بە قسەی جۆرج ستاینەر، کیەکەگۆ فەیلەسووفێکی فرەدەنگە و سوودوەرگرتنی لە ناوە خوازراوەکانی وەک یۆهان کلیماکوس و یۆهانس دو سیلیسێ و شێوەی جیاوازی دەربڕینی تاکەکەسییە، کە هەریەکێکیان دەربڕی ئەزموونێکی بیر و دەروونییە بۆ واقعییەتی جیهان. کیەکەگۆ خۆی دەڵێت: “هیچ یەکێک لەو وشانەی بە ناوی خوازراوەوە نووسراون، هیی من نییە.” ڕەنگە بە جۆرێک لە جۆرەکان ڕاست بێت، چونکە کیەکەگۆ وەک دەرهێنەرێکە کە کارەکتەرەکان هەڵدەسووڕێنێت، بەڵام ئەزموونی بۆ ژیان لە ئەزموونی کارەکتەرەکانی جیایە. کیەکەگۆ ئەم ماوە و جیابوونەوەیە دەگەڕێنێتەوە بۆ خەم و پەژارەی دەروونی خۆی و لە یاداشتەکانیدا دەنووسێت: “ئەو مرۆڤەی لەدەوروبەری خانووەکەی خۆی ناڕازییە، تا دەتوانێت لێی دوور دەکەوێتەوە و هەوڵ دەدات بۆ هەمیشە خانووەکەی خۆی جێ بهێڵێت… خەم و پەژارەی منیش، منی لە خۆم دوور خستووەتەوە.” بەڵام ئەم ماوە و دوورکەوتنەوەیەی کیەکەگۆ لە خودی خۆی، دەرەنجامی تەنیایی فەلسەفی و یەکێتییەکە کە لە ڕووبەڕووبوونەوەی خودا و مرۆڤەکاندا هەستی پێ دەکات و وای لێ دەکات سڵ لە گوتنی بڕاوەی (قطعی) باوەڕەکانی بکاتەوە. بە دەربڕینێکی دی، “تەنیایی فەلسەفی” کیەکەگۆ دەگۆڕێت بە ڕۆحێکی مەعنەوی و شێوەیەک لە دیدی فەلسەفی و ڕوانینی ئەدەبی، کە پرسیارە سەرەکی و بنەڕتییەکان لەناو عەقڵانییەتی مۆدێرندا دەخاتە ڕوو. کیەکەگۆ لە کتێبی “پارچە فەلسەفییەکان”دا دەنووسێت: “بۆ من، باوەڕهێنانیش هەم زۆر زیادەیە و هەم زۆر کەم.” باوەڕهێنان پێویستی بە هەستێکی ئاسایشە لە ژیاندا، بەڵام کیەکەگۆ هەرگیز ئەم ئاسایشەی لە ژیان و بیری خۆیدا هەست پێ نەکرد و دەبێت لەناو ئەم هەستەدا بەدوای ناسیستماتیکبوونی بیرکردنەوەی فەلسەفیی کیەکەگۆدا بگەڕێین.

بەم شێوەیە، لای کیەکەگۆ بیری فەلسەفی، ئەزموونکردنی زەمینەیە، نەک دیدێکی سیستماتیک بۆ چەمکە ئەخلاقییەکان. فەلسەفە هەڵپەیەکە بۆ ناو ئەزموونی بوون، کە دژیەکییەکی زۆری لەگەڵ خۆیدا هەڵگرتووە و لەم ڕووەوە کیەکەگۆ فەیلەسووفی دژیەکییە. لە فەلسەفەی کیەکەگۆدا، بە پێچەوانەی کانت و هیگڵەوە، دژیەکی لاوازییەکی فەلسەفی نییە، بەڵکوو شێوەیەکی هەژانی فەلسەفییە. کیەکەگۆ لە “پارچە فەلسەفییەکان”دا دەنووسێت: “نەدەبوو بیروڕای هەڵە لەبارەی دژیەکییەوە هەبێت، چونکە دژیەکی عەشقە بۆ بیرکردنەوە و بیریاری بێدژیەکی، وەک عاشقێکە بێ مەعشوق…” کە وا بوو، کیەکەگۆ هەقیقەتی جیهان لە دژیەکیدا دەبینێت، دژیەکییەک کە ڕێگری لە سیستماتیکبوون و عەقڵانیبوونی ڕەهای جیهان دەکات و فەیلەسووفێکی وەک کیەکەگۆ، ڕووبەڕووی ئەو واقعە دەکاتەوە کە لەپشت ڕاستییەکانەوە چ شتێک بۆ تاکەکەسی ڕاستی دەردەکەوێت؟ لای کیەکەگۆ، جیاوازییەکی سەرەکی لەنێوان دوو جۆر هەقیقەتدا هەیە؛ لە لایەکەوە هەقیقەتێک کە خۆی وەک ناسینی بابەتی واقع دەناسێت و لەو چوارچێوەیەشدا مرۆڤ وا دەزانێت خۆی ڕوون کردووەتەوە، لە لایەکی تریشەوە هەقیقەتێکی بێکۆتایی و بێئەژمارکردنە و تەنها لەناو دەروونی زیهنییەتی تاکەکەسیدا دەردەکەوێت. بە قسەی ئیمانوێل لڤیناس، دیدی کیەکەگۆ بۆ هەقیقەت، شێوەیەکی تازەی دەربڕینی هەقیقەتە لە ڕێگەی “خەم و گومانەوە.” بە دەربڕینێکی دی، لای کیەکەگۆ گومانی خەمناکانە و پێویست، ڕێگەیەکە بۆ گەیشتن بە جۆرێک یەقین، کە لە دڵی خودی گومانەوە دروست دەبێت. لێرەوە ئەو هەقیقەتەی کیەکەگۆ بەدوایدا دەگەڕێت، هەقیقەتێکی تراژیدییە کە ناوی خۆی ناهێنێتە سەر زمان، وەک حەزرەتی ئیبراهیم لەبەرامبەر خودادا بێدەنگ دەبێت، چونکە حەزرەتی ئیبراهیم بێدەنگ دەبێت بۆ ئەوەی باشتر لە بوونی خودا و جەوهەری ڕەها تێبگات. ئەمە ڕێک ئەو ڕستەیەیە کە فەیلەسووفی فەڕەنسی ژان ڤال دەری دەبڕێت: “چارەنووسی من، من سیمای تۆ دەبینم کە ڕوو لە هەموو بوونەوەران وەردەگێڕیت، بۆ ئەوەی باشتر لە بوونی هەموو شتێک تێبگەیت.” وەڵامی کیەکەگۆ بۆ بابەتی بێدەنگی، پرسیارە لەبارەی باوەڕەوە. باوەڕ لە دیدی کیەکەگۆوە دەرکەوتنی ئەزموونێکی ژیانە، کە لە دەرەوە بە مرۆڤ نابەخشرێت، بەڵکوو قبوڵکردنی مەیدانی بێسنوور و بێکۆتایی هەقیقەتێکە، کە لەگەڵ ڕەنج و ئازاردا پێمان دەبەخشرێت. لێرەوە باوەڕی کیەکەگۆ جەخت لەسەر مانای دەروونی ژیانی تاکەکەس دەکاتەوە و وەک جۆرێک لە مەعنەوییەتی دەروونی دەردەکەوێت، کە بەدوای دروستکردنی سیستمێکی ئەخلاقیی باودا ناگەڕێت. لەو شوێنەدا کە کانت باوەڕ دەخاتە بواری عەقڵەوە، کیەکەگۆ بە پێچەوانەوە، باوەڕ یەکسان دەکات بە زیهنییەت و تاکەکەسێتی (فەردییەت). سەیر ئەوەیە، چ کانت و چ کیەکەگۆ گرنگی بە مەسەلەی تاکەکەسێتی دەدەن، بەڵام لای کانت، مەسەلەی سەرەکی فەردییەتی ئەخلاقی و سەربەخۆیی عەقڵانیی تاکەکەسە، واتە بە دەربڕینێک، ویژدانی ئەخلاقی تاکەکەس لە فەلسەفەی کانتدا شێوەیەکی تاکانەیی (مونفەرد) نییە، بەڵکوو بنەمایەکی هەمەکیی،ە کە هەموو کەسێک دەگرێتەوە. لە کاتێکدا لە بیری کیەکەگۆدا یاسای ئەخلاقی لە تاکەکەسێتیی سۆبژێکتدا دەردەکەوێت و دروست دەبێت. لێرەوە یاسای ئەخلاقی بنەمایەکی بابەتی نییە کە سۆبژێکتی تاکەکەسیی کیەکەگۆ بیدۆزێتەوە. لای کیەکەگۆ، ویژدانی ئەخلاقی لەناو کەسدا نییە، بەڵکوو خودی کەسە، بەڵام لای کانت، هەر تاکەکەسێک بەشێکە لە یاسای گشتی و بەم شێوەیە بۆ خۆی و بۆ ئەوی دی وەک یاسایەکی ئەخلاقی دەردەکەوێت. لای کانت، ویژدانی ئەخلاقی لە کاتێکدا مانای هەیە، کە بنەمای عەقڵانی بە شێوەی ئیرادەی تاکەکەسی دەردەکەوێت. بەڵام بە قسەی کیەکەگۆ، ویژدان بەبێ ئەزموونی پێشینەیی تاکەکەس مانای نییە. تاکەکەسی کانتی تاکەکەسێکی عەقڵانیی ئەخلاقییە، لە کاتێکدا تاکەکەسی کیەکەگۆیی، تاکەکەسێکە لە ساتی باوەڕدا خۆی دروست دەکات.

“سات” لە بیری کیەکەگۆدا لە پەیوەندیدا بە هەڵبژاردنەوە دەخرێتە ڕوو. بڕیاردان و هەڵبژاردن بە مانای بەرپرسیاربوون و لەبەرامبەر ئەوی دیدا بەرپرسیاربوونە. کە وا بوو، ئەوەی گرنگە ساتی هەڵبژاردنی ئێمەیە، نەک قاڵبە میتافیزیکییەکان، کە تێیدا هەڵبژاردنی خۆمانی تێدا دادەنێن. هەر لەبەر ئەمە، کیەکەگۆ بڕوای وایە ئێمە ڕوو لە پێشەوە دەژین. لەبەر ئەوە گرنگیدان بەوەی لەپشت سەرمانەوە ڕووی داوە، واتە سەیرکردنی ڕابوردوو، ئەوەندە گرنگ نییە، هێندەی لە دەستدانی ساتێک کە لە ناوەڕاستی ژیانی ئێمەدایە. لەبەر ئەوە سارتەر بڕوای وایە تەنانەت گەر بیرکردنەوەی کیەکەگۆ دەربڕی مێژووی بوونە، بەڵام گرنگی بە مێژووی بابەتی نادات، بەم مانایە، کیەکەگۆ گرنگی بە تاکانەیی ئەزموونی تاکەکەس لە مێژوودا دەدات، چونکە لای کیەکەگۆ، مێژوو شتێکە کە هەرکەس بە شێوەیەکی تایبەت و تاکانە ئەزموونی دەکات؛ هەر لەبەر ئەمە، کیەکەگۆ ڕەخنە لەو فەلسەفانە دەگرێت کە گرنگی بە ئەزموونی تایبەتی و دیاری مرۆڤەکان نادەن. لای کیەکەگۆ چەمکێک نییە بە ناوی “ڕۆحی ڕەها” یان “سۆبژێکتی باڵا،” لێرەوە کیەکەگۆ وەک کانت بەدوای دۆزینەوەی بواری ئامانجەکانەوە نییە. لای کیەکەگۆ، هەموو سەرکەوتنێکی ستوونی بەرەو دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی ئەخلاقی و ئایدیاڵی، لەسەر بناغەی بڕیاردانی تاکەکەسی دابمەزرێت. لێرەوە تاکەکەسی کیەکەگۆ تەنها تاکەکەسێکی عەقڵانی نییە، بەڵکوو “سوارچاکی باوەڕە،” کە لە ساتدا دەژی و پێی زیاتر لە عەقڵی پراکتیکی ڕادەکێشێت. بە دەربڕینێکی دی، کیەکەگۆ بە نەیاریبوون لەگەڵ کانتدا ڕەهەندی تراژیدیی هەڵبژرادن دەهێنێتە پێشێ. کانت پەیوەندیی خود و ئەوی دی لەسەر بنەمای عەقڵی پڕاکتیکی دادەمەزرێنێت، کە توانای بەگەردوونیبوونی هەیە؛ بەڵام لای کیەکەگۆ، پەیوەندیی خود و ئەوی دی لە پەیوەندیی خود و خودا جیا نییە. لە دیدی کانتەوە، تەنها یاسایەک قابیلی قبوڵە کە ناوەرۆکێکی هەمەکیی هەبێت، بەڵام بە قسەی کیەکەگۆ، ئەوەی هەمەکییە و تاوانی بوون بەهەمەکی هەیە، تەنها یاسای خۆشەویستییە. ئەم یاسای خۆشەویستییە لە ئەزموونی باوەڕەوە بەدەست دێت، بەڵام ئەزموونی تاکەکەسیی باوەڕ لە باوەڕێک گرنگترە کە تەنها وەک حوکمی خودایی دەردەکەوێت. لێرەدا دەکرێت ئاماژە بۆ ڕستەی یەکێک لە کەسایەتییەکانی فیلمەکەی ڕۆبێر برسۆن بکەین (خاتوونەکانی جەنگەڵی بۆلۆنی)، کە دەڵێت: “عەشق خۆبەخۆ بوونی نییە، ئەوەی گرنگە، نیشانەکانی عەشقە.”

لە دیدی کیەکەگۆشەوە باوەڕ یەکسانە بە ئەزموونی باوەڕ، کە بە شێوەیەکی تاکەکەسی ئەنجام دەدرێت. ئەم ئەزموونە لە یەک سات و لە یەک خاڵدا ڕوو دەدات. هەر لەبەر ئەمە دەتوانرێت بگوترێت فەلسەفەی کیەکەگۆ فەلسەفەی سات و کاتە. لای کیەکەگۆ “سات” خاڵێکە کە تێیدا هەقیقەت بە شێوەیەکی تاکەکەسی دەردەکەوێت. ئەم ساتەی دۆزینەوەی هەقیقەت، ڕووداوێکە، نەک شتێکی مەعریفی بێت. سات خاڵێکە هەموو شتێک لەدەوریدا ڕوو دەدات. بە دەربڕینێکی دی، سات مەرجی ڕوودانی هەقیقەت و پێگەیەکە بۆ ڕوودانی. کیەکەگۆ فەلسەفەی سات لەبەرامبەر فەلسەفەی تۆتالیتیدا دادەنێت. لەو شوێنەدا کە فەلسەفەی تۆتالیتی بەدوای زەروورەتێکدا لە ڕابوردوو یان ئایندەدا دەگەڕێت، بیرکردنەوەی کیەکەگۆ لە یەک خاڵدا دای دەنێت. بەم شێوەیە زەروورەتی کیەکەگۆیی نەک لەناو پانتایی زەمەنی دەرەکیدا، بەڵکوو لەناو ئەزموونی وجوودیی تاکەکەسدا بەدی دێت. کیەکەگۆ لە پەیوەندیدا بەم ئەزموونە وجوودییەوە دەڵێت: “ئەنجام هیچ کاتێک بوون نییە، بەڵکوو خۆی دەرەنجامی بوونە.” بەم مانایە، ئەزموونی وجوودی بە چوونەناو شتێکەوە دەبێتە هۆی گۆڕانی ئەو شتە. کە وا بوو، سۆبژێکت لە کاتی هەڵبژاردندا دەبێت بەوی دی. لێرەوە گەڕانەوەی کیەکەگۆیی بۆ سۆبژێکت، گەڕانەوەیە بۆ دۆخی نێوان زیهنی (intersubjective). لێرەدا دەکرێت ئاماژە بۆ دەوری دوالیزمی فەلسەفەی کیەکەگۆ بکەین، کە لە هەمان کاتدا “فەلسەفەی تەنیایی” و “بیرکردنەوەی تاکانەیە،” ئەگەری پێگەی نێوان زیهنیش دەهێنێتە ئاراوە. لای کیەکەگۆ دەسەڵاتی هەڵبژاردن، دروستکەری پەیوەندییەکی دوولایەنەیە لەنێوان خود و خودا و خود و ئەوی دیدا. کە وا بوو، بەرپرسیاربوون بەرامبەر “ڕەها،” کە بەرپرسیارێتیی ڕەهایە بەرامبەر بە “ئەوی دیی ڕەها،” هاوکاتە لەگەڵ بەرپرسیاربوون لەبەرامبەر جیهاندا. بەم مانایە، کیەکەگۆ هەوڵ دەدات وەڵامی ئەم پرسیارەی باسکاڵ بداتەوە کە دەڵێت: “مرۆڤ دەزانێت لە چ پلەیەکدایە، چونکە لە پێگەی هەقیقەتی خۆی چووەتە دەرێ و توانای دۆزینەوەی نییە.” کیەکەگۆ وەڵامی ئەم پرسە بەم جۆرە دەداتەوە: “مرۆڤ ڕۆحە، بەڵام ڕۆح چییە؟ ڕۆح خودە، بەڵام خود چییە؟ خود پەیوەندییەکە کە خود بە خودەوە دەبەستێتەوە، واتە پەیوەندییەکە کە خود لەگەڵ خودا لە پەیوەندییەکدا بەیەکەوە دەبەستێتەوە. کە وا بوو، خود پەیوەندی نییە، بەڵکوو پەیوەندییەکە کە پەیوەندیی بە پەیوەندییەوە دەبەستێتەوە. ئەم پەیوەندییە هاوەڵی بێدەنگییە.” بە وتەی لویس مەک کی، “وەک چۆن شاعیر لە شیعرەکانی خۆیدا بێدەنگە، کیەکەگۆش لە بەرهەمەکانی خۆیدا بێدەنگی هەڵدەبژێرێت.” بێدەنگی بە مانای لێکتێگەیشتنی خود و خودایە. ئەم بێدەنگییە دەرفەتی ئەوەمان دەداتێ هەقیقەت وەک هەقیقەت بۆمان دەرکەوێت. بە دەربڕینی دێریدا، ئەم بێدەنگییە هاوکاتی “ڕاز و نهێنییە.” لە دیدی کیەکەگۆوە نهێنیئامێزی مەسەلەیەکی ڕۆحانییە، کە ئێمە ڕووبەڕووی بەرپرسیارێتی لەبەرامبەر ئەوی دیدا دەکاتەوە. لەبەر ئەوە بێدەنگی لە فەلسەفەی کیەکەگۆدا بە مانای کرانەوەیە لەبەرامبەر ئەوی دیدا. لە چوارچێوەی ئەم کرانەوە وجوودییەدا کیەکەگۆ لەبارەی هەڵبژاردنی ئەوی دی لە چوارچێوەی جیهاندا بیر دەکاتەوە. لەم قۆناغەدا ڕۆح وەک خود سوود لە تەنز وەردەگرێت بۆ ڕووبەڕوو بوونەوەی داڕمانی ژیانی ئەخلاقی و باوەڕ. هەرچەندە “تەنز” دیاریکردنی نێگەتیڤی زیهنە، بەڵام دەورێکی دیالەکتیکی لە دیاریکردنی پۆزەتیڤیی ڕۆحدا دەبینێت. کیەکەگۆ دەنووسێت: “وەک چۆن زانایان بڕوایان وایە بێ هیچ گومان و دوودڵییەک ناکرێت دەستمان بە زانستی هەقیقی بگات، بە هەمان شێوەش هیچ ژیانێکی مرۆڤی واقعی بەبێ تەنز مومکین نییە.” لە دیدی کیەکەگۆوە، بۆ کەسێک کە بەتەنزەوە سەیری دنیا دەکات، جیهان واقعییەتی ئەوە. بەم شێوەیە تەنز واقعی مێژووی جیهان بەهەڵواسراوی دەهێڵێتەوە، چونکە تەنز دەزانێت دەکرێت هەموو شتێک سەرلەنوێ دەست پێ بکرێتەوە و ئێمە دیلی ئەو شتانە نین کە تا هەنووکە ڕوویان داوە. لەبەر ئەوە بە قسەی کیەکەگۆ، “تەنز ئازادە، چونکە تەنز هەم لە خەم و پەژارەی واقع ڕزگاری بووە و هەم لە خێر و بەرەکەتی.” لێرەدا دەکرێت ئاماژە بۆ هەڵوێستی دژ بە هیگڵیی کیەکەگۆ بکرێت. کیەکەگۆ هەوڵ دەدات بە ڕەخنەگرتن لە فەلسەفەی هیگڵ و تێپەڕاندنی ئایدیاڵیزمی ئەڵمانی، قۆناغێکی تازەی فەلسەفە دەست پێ بکات. بێگومان لەپاڵ مارکس (کە بەدیهاتنی فەلسەفە لە چوارچێوەی پرۆسەی شۆڕشدا دەبینێت) و نیتچەدا (کە باسی دەرکەوتنی نەهیلیزمی ئەورووپایی دەکات)، کیەکەگۆ (بە بەرگریکردن لە هەقیقەتی فەردییەت) گرنگترین ڕەخنەگرتنە کە سیستمی فەلسەفیی هیگڵە لە سەدەی نۆزدەیەمدا.

کیەکەگۆ فەیلەسووفی تەنیاییە، کە خۆی بە هاوچەرخی حەزرەتی مەسیح دەزانێت. کیەکەگۆ ڕێبوارێکی بواری پیرۆزییە کە نە بەدوای نەریتێکدا دەگەڕێت و نە هەوڵ دەدات ئاینێکی تایبەت دابمەزرێنێت، بەڵکوو کەسێکە خاچەکەی خۆی بەتەنیا ڕادەکێشێت. لێرەدا دەکرێت بگوترێت کیەکەگۆ لە مێژووی فەلسەفەی ڕۆژاوادا وەک باسکاڵ ئاوارتنێکە (استثناء)، چونکە کیەکەگۆ پێیەکی لەناو فەلسەفە و پێیەکی لە دەرەوەی فەلسەفەدایە. فەلسەفەی کیەکەگۆ بیری ئاوارتنە، چونکە شتی ئاوارتە دەهێنێتە بەرچاومان. بە دەربڕینێکی دی، ئەوەی لە دیدی کیەکەگۆوە ئاوارتەیە، تاکانەیی تاکەکەسە، کە بە بڕوای کیەکەگۆ، لە دەرەوەی سیستمی فەلسەفیی هیگڵدا مانا بە خۆی دەبەخشێت. بەڵام لەبەر ئەوەی لە فەلسەفەی کیەکەگۆدا ئەم تاکانەییە پەیوەندیی نێوان تاکەکەس و ئەخلاق دیاری دەکات، کە وا بوو، ئەو ئەنجامگیرییە دەکات کە سیستمی هیگڵی توانای وەڵامدانەوەی مەسەلەی ئەخلاقیی نییە. کیەکەگۆ بە ناوی خوازراوی یۆهانس کلیماکۆسەوە دەنووسێت: “بێگومان هەموو کەسێک قسەی ئەم نووسەرە دەسەلمێنێت، کە بەرهەمی هیگڵ سیستمێکی ڕەهایە کە بە کەماڵی خۆی گەیشتووە، بەڵام گرنگی بە مەسەلەی ئەخلاق نادات،” کیەکەگۆ لە ڕەخنەگرتنیدا لە فەلسەفەی هیگڵ، لایەنگریی خۆی بۆ کەسایەتیی سوکرات و فەلسەفەی یۆنانی دێرین بەباشی پیشان دەدات و لە دواساتەکانی تەمەنیدا دەنووسێت: “تەنها هاوتایەکی من کە هەبووبێت، سوکراتە. ئەرکی من ئەرکێکی سوکراتییانەیە، واتە تاوتوێکردن و پێناسکردنی مەسیحیبوون. من بە خۆم ناڵێم مەسیحی، بەڵام دەتوانم پیشانی بدەم کەسانی دی لە من کەمتر مەسیحین.” گومانی تێدا نییە تێڕوانینی کیەکەگۆ بۆ بابەتی ئەخلاق، لەگەڵ هەردوو دیدی کانتی و هیگڵیدا جیاوازە. لەبەر ئەوەی کیەکەگۆ بە پەیڕەوکردنی لە فەیلەسووفانی یۆنانی دێرین، ئەخلاق بە شێوەیەکی ژیانکردن لە جیهاندا دەزانێت و بە پێچەوانەی هیگڵەوە، واقع وەک ڕەگەزێک پێناسە دەکات کە پەیوەستە بە بوونی تایبەتیی تاکەکەسێکەوە.

هەنووکە پرسیارێک دێتە پێشێ، ئایا دەبێت لەنێوان فەلسەفەی کیەکەگۆ و سیستمی دیاردەناسیی هیگڵدا یەکێکیان هەڵبژێرین؟ ئایا بەڕاستی دەکرێت تاوتوێی فەلسەفەی کیەکەگۆ بەبێ ڕەچاوکردنی سیستمی فەلسەفیی هیگڵ بکرێت؟ زۆرێک لە تەفسیرکەرانی فەلسەفەی هیگڵ بڕوایان وایە ڕەخنەی کیەکەگۆ لە هیگڵ خۆی، لە چوارچێوەی دیاردەناسیی هیگڵیدا (لە بەشی هۆشیاریی بەدبەختدا) ئەنجام دەدرێت. بە پێچەوانەوە، زۆرێک لە لایەنگرانی فەلسەفەی کیەکەگۆ ڕەخنە لە فەلسەفەی هیگڵ دەگرن، کە جێگەیەکی بۆ ئەوی دی و باوەڕی تاکەکەسی نەهێشتووەتەوە. بەڵام ڕەنگە ڕێگەیەکی سێیەم هەڵبژێرین و لەگەڵ پۆل ڕیکۆردا هاوڕا بین و بڵێین، هەردوو فەلسەفەی کیەکەگۆیی و هیگڵ لەیەک جیا نابنەوە، چونکە وەڵامی پرسیاری کیەکەگۆیی (بوون) لە وەڵامی پرسیاری هیگڵییانەی (بیری فەلسەفی) جیا نییە. لە ڕاستیدا فەلسەفە بە یەکێتیی ئەم دوو پرسیارە زیندووە. بە دەربڕینێکی دی، لەو شوێنەدا کە هیگڵ باوەڕ بە بیر و توانا چەمکییەکانی دەکات و بیر لە باوەڕ لە چوارچێوەی بیری چەمکدا دەکاتەوە، کیەکەگۆ بیر بە باوەڕی تاکەکەسی هەڵدەسەنگێنێت و بابەتی بیر لە چوارچێوەی باوەڕدا دادەنێت. بێگومان دەبێت بۆ باشتر تێگەیشتن لە کیەکەگۆ، فەلسەفەی هیگڵ بناسین، چونکە تاکییەتی (فەردییەت) فەلسەفیی کیەکەگۆ لە چوارچێوەی ڕەخنەی تۆتاڵییەتی فەلسەفەی هیگڵدا مانا پەیدا دەکات. کیەکەگۆ لە یەکێک لە دوایین نووسینەکانیدا دەنووسێت: “بوون سامانێکی بێکۆتاییە، چونکە تەنها مرۆڤێک بەسە بۆ ئەوەی دەربڕی هەمەکی بێت و لەگەڵیدا گەورەترین ڕووداوەکان ڕوو دەدەن.” گومانی تێدا نییە کیەکەگۆ تەنها یەک کەس بوو و لەگەڵ ئەوەشدا، یەکێک لە گرنگترین ڕووداوەکانی مێژووی بیرکردنەوەی مرۆڤ ڕووی دا.

سەرچاوە: ڕامین جهانبگلو: بین گذشتە و ایندە. تهران: نشر نی، ١٤٨٤