هاوینی سووتێنەر

هاوینی سووتێنەر

چۆن و بە چ شێوەیەک لە دەقی نووسەرانی فەڕەنسیدا ڕەنگی داوەتەوە؟

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

لە هاوینی ئەمساڵدا، پلەکانی گەرما لە پایتەختەکانی کیشوەرە پیرەکە بە ڕادەیەک بەرز بووەتەوە و گەیشتووەتە ئاستێک، تا ماوەیەکی نزیکیش وەک حاڵەتێکی دەگمەن سەیر دەکرا. لێرەوە و لەنێو تانوپۆی یادەوەریدا، ئەو دەقە ئەدەبییە گەورە و مەزنانه دێنەوە بەر باسوخواس‌، کە لە دیاریکردنی ئەوەی ڕوو دەدات، پێش زانایان کەوتوون و لە درککردن بە ڕاستییەکی حاشاهەڵنەگر، پێش کەشناسەکانیش کەوتوون: ڕاستیی ئەوەی کاتێک قرچەی گەرما و هاوینی سووتێنەر دەگاتە ئاستی دۆزەخ، تەنها ئاووهەوا ناگۆڕێت، بەڵکوو مرۆڤیش لە ناخەوە دەگۆڕێت.

یەکێک لە گرنگترین گێڕانەوەکانی گەرمای سووتێنەر، ئەوەیە کە ڕۆماننووس “جۆرج ساند” لە پازدەی سێپتێمبەری ١٨٧٠دا، لە گوندە بچووکەکەی “نوهان” لە ناوەڕاستی فەڕەنسادا نووسیویەتی. جۆرج ساند لەو کاتەدا نە لە گەشتدا بوو، نە خەریکی نووسینی ڕۆمانیش بووە، بگرە ئەوەی لەو ساتەدا دەینووسی، یاداشتکردنی ئەو دیمەنانە بوو کە بە چاوی خۆی دەیبینین و باوەڕی بە بینینی نەدەکرد. ئەو نووسەرەی ئەورووپای بە بەرهەمە زۆرەکانی و بوێرییە کۆمەڵایەتییە بێوێنەکەی سەرسام کردبوو، لەبەر دەم هاوینێکدا وەستا، کە فەڕەنسا پێشتر بە خۆیەوە نەیدیبوو.

جۆرج ساند لە کتێبی “یاداشتەکانی گەشتیارێک لە سەردەمی جەنگدا” ئەم پەرەگرافەی نووسیوە، کە لە گۆڤاری “ڕیڤیو دو دو مۆند”دا بڵاو کراوەتەوە: “هاوینێک هەرگیز نەمدیوە و بڕوام نەدەکرد لە ئاووهەوای مامناوەندی ئێمەدا هاوینێکی ئاوا بێتە پێشێ: ڕۆژانێک جیوەی ناو گەرمیپێوەکان لە سێبەردا بۆ چل و پێنج پلە بەرز دەبووەوە. لە سەرەتای مانگی تەمووزدا نە پەڵەیەک گیا، نە یەک گوڵ چییە نەدەبینرا. دارەکان زەرد هەڵگەڕابوون و گەڵاکانیان دەوەری، زەوییە شەقارشەقاربووەکە وا کرابووەوە، دەتگوت دەیەوێت قووتمان بدات و ترس لە کەمئاوییش، ڕۆژبەڕۆژ زیاتر دەبوو.”

ئەوەی وا دەکات ئەم پەرەگرافە لە دەستنیشانکردنی بارودۆخی کەشوهەوا زیاتر بێت، ئەو بەشەیە کە بەدوایدا دێت و لە یاداشتە ڕۆژانەییەکەیدا تۆماریان دەکات: “قسەکردن لەسەر تینووێتیی جووتیاران، کە هیچ ئاوێک شک نابەن تا بیدەنە مەڕوماڵاتەکانیان، بڵاوبوونەوەی نەخۆشی و پەتا لە گوندەکاندا، قسەکردن لەسەر ئاگرکەوتنەوەکان، ئاگرێک هەموو ئەو شتانەی دەسووتاند کە لەبەر تیشکی سووتێنەری خۆرەتاوەکەدا مابوونەوە.”

لێرەدا ساند تەنها وەسفی دیمەنێکی سروشتی ناکات، بەڵکوو مێژووی هەرەسهێنانی تەواوی سیستمێک تۆمار دەکات: سیستمی ژیانی لادێی فەڕەنسا، کاتێک ئاسمان پشتی تێ دەکات. ئەو هەموو ئەمانەی بە دەستەواژەیەک وەسف کردووە، کە لە هەر ڕاپۆرتێکی زانستیی دڵڕەقانەترە؛ لە دید و تێڕوانینی جۆرج سانددا، ئەوە “دیمەنێکە لە دیمەنەکانی کۆتایی جیهان.”

جا لەبەر ئەوەی ئەم وەسفە لە پێنووسی جۆرج ساندەوە هاتووە، هەروەها لەبەر ئەوەی فەڕەنسا، لە هەمان کاتدا، لەناو جەنگێکی وێرانکەردا بوو دژی “پرووسیا،” بۆیە لە یاداشتەکاندا سروشت و مێژوو بەتوندی تێکەڵ بەیەک دەبن و وا دەردەکەوێت گەرمای سووتێنەر و تاقەتپڕووکێن سزایەکی گەردوونی بێت، نەک تەنها دیاردەیەکی کاتی و تێپەڕ.

حەفتا و حەوت ساڵ دوای جۆرج ساند، “ئەلبێر کامۆ” پەنجەرەیەکی دیکە بە ڕووی گەرمادا دەکاتەوە. بەڵام ئەم جارەیان پەنجەرەکە بە ڕووی دەریای ناوەڕاستدا دەکرێتەوە. لە ڕۆمانی “نامۆ/الغریب”دا، کە لە ساڵی ١٩٤٢دا بڵاو کراوەتەوە، “مۆرسۆ” تاوانەکەی لەسەر یەکێک لە کەناراوەکانی جەزائیر و لەژێر قورسایی خۆرەتاوێکی تاقەتپڕووکێن و بێبەزەییدا ئەنجام دەدات.

لە ڕۆمانەکەدا، ئەوەی ئەم دیمەنە دەکاتە نیشانەیەکی دیار لە مێژووی ڕۆمانی هاوچەرخدا، ئەوەیە خۆر لێرەدا تەنها پاشکۆیەکی وەسفکراو نییە، بەڵکوو کارەکتەرێکی درامیی کاریگەرە. ئاخر ئەوە خۆرە کە ڕووداوەکە بەرەو لووتکە دەبات، ئەوە خۆرە پاڵەوانەکە لە دادگادا لێپرسینەوەی لەسەر دەکرێت. ئەوەتا کامۆ لە ڕۆمانەکەدا دەنووسێت: “لمە زۆر گەرمەکە وەک سوورێکی تۆخ دەهاتە بەرچاوم، بە هەنگاوی هاوسەنگ و یەکسان بەرەو عەرەبەکە دەڕۆشتین و تا دەهات، مەودای نێوانمان کەم دەبووەوە.” لەم پەرەگرافە کورتەدا، کامۆ تەواوی فەلسەفەیەک کورت دەکاتەوە. لێرەدا خۆر سیمبوڵێک نییە لە دەرەوەی دەق بخوێنرێتەوە، بەڵکوو ئامادەییەکی نیمچەجەستەیی هەیە، بوونەوەرێکی خاوەنئیرادەیە. ئەمەش وای کردووە مۆرسۆ، پێش ئەوەی تاوانبار بێت، قوربانییە. کاتێک دادگا لێی دەپرسێت بۆچی تەقەت کرد؟ لە ساتێکی ڕاستگۆیانەدا وەڵام دەداتەوە: “بە هۆی خۆرەکەوە بوو.”

بێگومان ئەم وەڵامە لە لۆژیکی یاسادا بێمانایە، بەڵام لە فەلسەفەی کامۆدا، هەڵگری قووڵایی حەقیقەتە‌: جیهان لێک نادرێتەوە، گەرماش دادگایی ناکرێت. کامۆ لە کۆمەڵە تێڕامانی “ئاهەنگەکان/اعراس”دا، کە ساڵی ١٩٣٦ بڵاوی کردووەتەوە، ڕووەکەی تری هەمان ئەم خۆرەمان نیشان دەدات: “خۆری جەزائیر، کە وا دەکات مرۆڤ لەسەر زەوی ڕاکشێت و هەست بەوە بکات بەشێکە لە شتێکی گەورەتر لە خۆی، گەرمایەکی ئاشتەوایی دەهێنێت، نەک گەرمایەکی بکوژ.” کامو لەنێوان هەردوو کتێبەکەدا، لەسەر لێواری دەمی چەقۆدا دەژی: دەکرێت خۆر نیعمەت بێت و دەکرێت نەفرەتیش بێت، ئەی کێ بڕیار دەدات کامەیان بێت؟ خودی مرۆڤ خۆی، لە ساتی هەڵبژاردنە گەورەکەیدا.

سەبارەت بە “لویس فێردیناند سێلین،” ئەو مۆرک و ڕوخسارێک دەبەخشێت بە گەرما، نە فریودەر‌ و خەڵەتێنەرە و نە شاعیرییەتی تێدایە. لە شاکارەکەیدا، ڕۆمانی “گەشت بۆ کۆتاییەکانی شەو،” کە ساڵی ١٩٣٢ بڵاو کراوەتەوە، هەر لە لاپەڕەکانی سەرەتاوە گەرما لەناو دەقەکەدا نیشتەجێ دەبێت: “پاریس لە ڕۆژێکی هاویندا و بە هۆی گەرماوە، خاڵییە لە مرۆڤەکانی.” سێلین لەم ڕستە سادەیەوە تەواوی بەرنامەی گێڕانەوەی خۆی دادەڕێژێت.

گەرما لای ئەو بابەتێک نییە چارەسەر بکرێت، بەڵکوو ژینگەیەکە تێیدا کارەساتەکان ڕوو دەدەن و دروست دەبن. کاتێک پاڵەوانەکەی (فێردیناند باردامۆ) وەسفی ئەزموونی خۆی لە ئەفریقای داگیرکراودا دەکات، گەرمای کەمەرەیی دەخاتە ڕیزی دوژمنە هەرە گەورەکانی ژیانەوە. بە وشەی زبر و ڕەق و دوور لە هەر سۆز و عاتیفەیەک باس لە ئازارەکان دەکات و دەیانژمێرێت. لە ڕۆمانی “مردن بەقیست،” کە ساڵی ١٩٣٦ بڵاو کراوەتەوە، سێلین هەنگاوێک زیاتر دەچێتە پێشەوە و جەستەی مرۆڤ وەک مادەیەک، کە قابیلی سووتانە، دەبینێت.

لای ئەو گەرما نە وەک ‌مێژوو تۆمار دەکرێت و نە شیکردنەوەی فەلسەفیی بۆ دەکرێت، بگرە گەرما لە قووڵایی جەستە و هەناوی مرۆڤدا ئەزموون دەکرێت و بە زمانێکی زبر و ڕەق و هەناسەبڕکێوە گوزارشتی لێ دەکرێت. وەک بڵێیت خودی زمانەکە خۆی، لەژێر خۆرێکی بێبەزەییدا چنراوە. ئەوەی سێلین لە ساند و کامۆ جیا دەکاتەوە، ئەوەیە گەرما لە هەر ڕەهەندێکی شاعیرانە دادەماڵێت: لای ئەو، گەرما زیندانێکی دیکەی زیادەیە و دەخرێتە سەر زیندانەکانی هەژاری و جەنگ و نەخۆشی؛ ئەو زیندانانەی خەڵکە بچووک و هەژارەکان بەرگەی دەگرن، بێ ئەوەی ناڵە و هاواریان ببیسترێت.

لە دیمەنی ئەدەبی هاوچەرخی فەڕەنسیدا “ڤیکتۆر جیستان” دێت، تا بیسەلمێنێت ئەم نەریتە ون نەبووە، بەڵکوو نوێ بووەتەوە و قووڵتر بووە. لە ڕۆمانی “گەرما/الحرارة”دا، کە ساڵی ٢٠١٩ له‌لایەن دەزگای “قلاماریۆن”ەوە بڵاو کراوەتەوە و ڕەخنەگران پێشوازییەکی گەورەیان لێ کرد، دەنگدانەوەیەکی زۆری هەبوو و بۆ چەندین خەڵات پاڵێورا، ڕۆماننووس پاڵەوانە گەنجەکەی ڕۆمانەکە (لیۆنار) دەخاتە ناو کەمپێکی هاوینەی کەنار دەریا، کەمپێکی پڕ لە جەستە و ژاوەژاو. لەوێ تەرمێک دەدۆزێتەوە و لە ساتێکی ترسناک و بێدەنگیدا بڕیار دەدات ئەوەی بینیویەتی، بیشارێتەوە. لەم ڕۆمانەدا گەرما تەنها دیکۆر نییە، بەڵکوو وزەیەکی خاوە، کە سنوورەکانی نێوان ڕێپێدراو و قەدەغەکراو دەتوێنێتەوە، سنوورەکانی نێوان ئەوەی دەیکەین و ئەوەی دان بە کردنیدا دەنێین. جیستان لە یەکێک لە چاوپێکەوتنەکانیدا دەڵێت، ئامانجی ئەوە بووە “خنکانی ئەخلاقی بەناو جەستەدا تێپەڕێت،” بە جۆرێک، گەرما ئەو شتانە ئاشکرا بکات کە هۆشیاریی مرۆڤ ناتوانێت ناویان بنێت.

لێرەدا ڕۆمانەکەی تەواو لەگەڵ ئەو زنجیرە ئەدەبییەدا یەک دەگرێتەوە کە پێش خۆی کەوتبوون؛ لە یاداشتەکانی جۆرج ساندەوە بۆ ڕۆمانەکەی کامۆ و شاکارەکەی سێلین، هۆشیارییەکی هاوبەشی قووڵ هەیە، کە هاوینی سووتێنەر تەنها وەرزێک نییە لە ساڵنامەدا، بەڵکوو تاقیکردنەوەیەکی بوونگەراییە؛ فەزایەکە تێیدا بەربەستە دەستکردەکان دەڕووخێن و مرۆڤ حەقیقەتی خۆی بۆ دەردەکەوێت؛ چ حەقیقەتێکی سەربەرزانە بێت یان شەرمەزارانە. ڕەنگە ئەوەی ئەم دەقانە پێکەوە کۆ دەکاتەوە و لە ڕێکەوتێکی سادە زیاتریان دەکات، ئەوە بێت کە هەریەکەیان بە شێوازی خۆی وەڵامی پرسیارێک دەدەنەوە، کە ئەمڕۆ کەشناس و فەیلەسووف و هاووڵاتییانی ئاسایی پێکەوە دەیپرسن: قرچەی گەرما چی لە ڕۆحی مرۆڤایەتی دەکات؟

سەرچاوە: ئەنیسە مەخالیدی، بەشی کولتوور لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 5ی تەمووزی 2026