مردن زۆر بەزەحمەت دەرەقەتی گێڕانەوە دێت

مردن زۆر بەزەحمەت دەرەقەتی گێڕانەوە دێت

سەبارەت بە ڕۆمانی “خوێنی ئەرمەنی”

سازکردنی: ئیدریس عەلی

 ڕۆمانی “خوێنی ئەرمەنی” یەکێکە لە کورتەڕۆمانەکانی نووسەر “سوارە نەجمەدین” و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، ئەم ڕۆمانە گەلێک گفتوگۆی جیاواز و قسەوباس هەڵدەگرێت. لەم دیدارەدا لەگەڵ نووسەری ڕۆمانەکە، هەوڵ دەدەین دنیای ڕۆمانەکە و چەند پرسێکی دیکەی تایبەت بە ڕۆمانەکە بخەینە ڕوو.

سەردەم: خوێنی ئەرمەنی چییە و چۆن نووسرا، یاخود بیرۆکەکە چۆن دروست بوو لای تۆ وەک نووسەر؟

سوارە نەجمەدین: خوێنی ئەرمەنی ڕۆمانێکی کورتی منە، سەرەتا بیرۆکەکە زۆر کورتتر بوو، کورتەچیرۆکێکی دوو لاپەڕەیی بە بیرۆکەیەکی زۆر سادە (لەسەر سنوور، بابانوئێلێک لەبری کۆڵبەرێک دەکوژرێت)، دواتر سەیرم کرد ئەو بیرۆکەیە لەوە فراوانترە لە کورتەچیرۆکێکدا جێگەی ببێتەوە، کوشتنی کۆڵبەرێک تەنها ڕووداوێک نییە، بەڵکوو کۆمەڵێک ڕووداوی دیکەی پێویستە؛ تەنها یەک کارەکتەر ناتوانێت پەیامەکە بگەیەنێت، لە یەک گۆشەنیگاوە ناتوانیت بەشی زۆری ڕووداوەکە بگێڕیتەوە. دەمێک ساڵ بوو بیرم لە فۆڕمێک دەکردەوە، ڕۆمانی ڕاپۆرتئاسا، ڕووداوێک بێنم، هەمان ئەو ڕووداوە لە چەند گۆشەنیگای جیاوازەوە بگێڕمەوە، سەرنج بدە، بە نموونە ڕووداوێکی کوشتن لەناو بازاڕدا ڕوو دەدات، هەریەکە بە شێوازێک بینویەتی، تۆ دێیت و ئەم بینینانە لە زاری خۆیانەوە کۆ دەکەیتەوە، ئەمە کارێکی ئاسان نییە، جگە لەوەی دەبێت کارەکتەری جیاواز دروست بکەیت، لە هەمان کاتدا دەبێت گێڕەرەوەی جیاوازیش دروست بکەیت؛ ئەو گێڕەرەوانە، کە هەموویان دروستکراوی خۆتن، هەریەکە خاوەنی شێوازی گێڕانەوەی خۆیەتی، هەریەکە جۆرە زمانێکی هەیە، هەریەکە بینینێکی هەیە، ڕەنگە ئەمە بەنزیکەیی هەمان دنیای ڕاستەقینەی فێرناندۆ پێسوا بێت. کاتێک ڕۆمانی “قورسایی ڕازەکان”ی نووسەری ژاپۆنی–کەنەدی “ئاکی شیمازاکی”م خوێندەوە، تێگەیشتم ئەمە هەمان ئەو فۆڕمەیە من بیری لێ دەکەمەوە، ڕەنگە ئەم کارەی من شکستی من بێت لە هەوڵدان بۆ نووسینی ڕۆمانێکی وەک “قورسایی ڕازەکان.” لێرەدا شکست لە کارێکدا، ڕەنگە دەستکەوت بێت، چونکە شکست لە ئاساییکردنەوەی فۆڕمێک، فۆڕمێکی دیکەت بۆ دروست دەکات. ڕەنگە فۆڕمێکی تازە بێت، دەشێت وەک کابانێک تۆ بە هەمان ڕێوشوێنەکانی دایکتدا بڕۆیت تا خواردنێک دروست بکەیت، بەڵام ئەنجامەکەی خواردنێکی تر دەردەچێت، هێشتا ناوی بۆ پەیدا نەبووە، بەڵام خواردنێکی خراپیش نییە.

سەردەم: کۆمەڵێک بابەت و تێما، شوێن و ڕووداوی جیاجیات خستووەتە ڕوو، ئایا ئەمە هەر تەکنیکێکی نووسینە، یاخود دنیای تێکستەکە ئەمەی خواستووە؟

سوارە نەجمەدین: هەموو کارێک سەرەتا بیرۆکەیەکە، وەختایەک سەرەقەڵەمەکان تۆمار دەکەیت، بیرۆکەکە پەلوپۆی تر دەهاوێت، دواتر کە بیرۆکەکە دەکەیت بە هێڵکاری و دەیخەیتە سەر کاغەز، کۆمەڵێک ڕەهەندی دیکەی بۆ دروست دەبێت، کاتێک دەست بە نووسین دەکەیت، دیوی تر و ڕووداوی دیکە دێتە پێشەوە؛ بەناچاری پەلکێشت دەکات بۆ شوێنی دیکە، بۆ کارەکتەری تر، زەمەنی زیاتری دەوێت، ئیدی ئاوها زۆر جار لەگەڵ خۆیدا دەتبات. ئەم ڕۆمانە سەرەتا لە پنتێکی سەر سنووری عێراق-ئێراندا ڕوو دەدات، هەر لە جێوە دوو شوێن هەیە، دوو شوێن کە هێڵێک جیایان دەکاتەوە، بەڵام لە ڕاستیدا دوو وڵاتی جیاوازن، دواتر ئەم دوو شوێنە درێژ دەبنەوە بۆ جێگەی دیکە، یەریڤان، تاران، عەربەت، سنە… شوێن ڕاستەوخۆ پەیوەندیی بە ڕووداوەوە هەیە. ڕووداوەکە سادەیە، کەسێک لە بەرگی بابانوئێلدا لەسەر سنور دەکوژرێت، کاتێک بەناچاری بەدوای ئەم کەسەدا دەڕۆیت، چیرۆکەکە دەتباتە یەریڤانی پایتەختی ئەرمینیا، چونکە کوژراوەکە خەڵکی ئەوێیە، مادام کوژراو هەیە، دەبێت بکوژیش هەبێت؛ مادام کوژراو چیرۆکێکی هەیە، دەبێت بکوژیش چیرۆکێکی هەبێت… ئیتر بەم شێوەیە، وەک زنجیرە بەدوای یەکدا دێن، تۆ ناتوانیت هیچ جومگەیەک فەرامۆش بکەیت. لەگەڵ هەموو ئەم ناچاری و پەلکێشکردنەدا، ئەگەر هاوڕا بیت لەگەڵم کە ڕۆماننووس بە جۆرێک لە جۆرەکان “خالق”ە، خالق بە مانا دینییەکەی نا، بەڵکوو بە مانا کاغەزییەکەی، سەرپشکە لەوەی بە چی ئاقار و ئاڕاستەیەکدا چیرۆکەکە دەبات، سەرپشکە لەوەی چی لە پاڵەوانەکان دەکات، بە بڕوای من، ئەمەشە خالقێک (ڕۆمانووسێک) لە خالقێکی تر (ڕۆماننووسێکی تر) جیا دەکاتەوە. خالقێکی سادە و خالقێکی ئاڵۆز، خالقێکی ساویلکە و خالقێکی قووڵ، خالقێکی کورتبین و خالقێکی پەرشوبڵاو… خالق لە ڕۆماندا، کە مەبەستم لێی ڕۆماننووسەکەیە، ناچارە شوێن و کات و ڕووداو و کارەکتەر تێکەڵ بکات، ئەمە هەم دەشێت وەک گەمەیەک دەربکەوێت، هەم وەک تەکنیکی گێڕانەوە.

سەردەم: هێنانی کاراکتەرێکی ئەرمەنی بۆ نێو دنیای کوردی و ڕۆڵی بابانوئێل ڕێکەوت بوو لە تێکستەکەدا، یان نەخشەی پێشوەختە بوو لای خۆت؟

سوارە نەجمەدین: هەر لە سەرەتاوە کە بیرۆکەکە چیرۆکێک بوو، لەوەش بچووکتر، کە بیرۆکەکە یەک دێڕ بوو، کارەکتەرە سەرکییەکە “بابانوئێل” بوو؛ پێش ئەوەی وەڵامی ئەوەت بدەمەوە بۆچی بابانوئێلەکە ئەرمەنییە، دەمەوێت سەرنجت بۆ ئەوە ڕابکێشم، چ لێکچوونێکی فراوان لەنێوان کۆڵبەر و بابانوئێلدا هەیە! خاڵی هاوبەشی نێوان ئەو دوو پیشەگەرە زۆر زۆرە (لێم تێک نەچوو، بەمەبەست گوتم پیشەگەر). بێشومار لە یەکتری دەچن، دەکرێت تێما و وێنەی جیاواز لەم دوو ڕۆڵەدا هەبێت، بەڵام بیرت نەچێت، هەموو کۆڵبەرەکان بۆ منداڵەکانی خۆیان بابانوئێلن، هەموو بابانوئێلێکیش بە جۆرێکی تر کۆڵبەرە، ئەمە تەنها وێکچوونێک نییە لەنێوان دوو کەسدا کە هەردووکیان کۆڵیان بە شانەوەیە، بەڵکوو وێکچوونێکی جەوهەری، یان با بڵێین ناوەکیی هەیە، ئەم دوو فیگەرە پێکەوە دەبەستێتەوە. با شتێکی دیکەش بڵێم، لە یەکێک لە ڕەشنووسەکەدا ئەو دوو خاڵەم کرد بە سیان، بابانوئێل و کۆڵبەر و مێروولەیەک، دەزانیت مێروولەش بە واتایەکی تر، یان دەکرێت بڵێم لە گۆشەیەکی ترەوە، لە کۆڵبەر دەچێت، بەڵام هەستم کرد، ئاڕاستەی کارەکە بە ئاقارێکی تردا دەبات، ئەوەی من دەمویست، چیرۆکەکە لەدەوری بازنەی کوردبووندا بسووڕێتەوە، بەڵام مێروولەکە بە هەنگاوە بچووکەکانی دووری دەخستمەوە، بۆیە هەستم کرد دەبێت واز لە سێ خاڵ بهێنم و تەنها گۆشەنیگای بابانوئێل و کۆڵبەر بهێڵمەوە. سەرەتا بابانوئێلەکە کورد بوو، ساڵی ٢٠١٨ سەفەرێکی ئەرمینیام کرد، پێشتر دەمزانی کوردگەلێکی باش لەوێ هەن، کوردگەلێکی ڕەسەن، بەڵام تا لە نزیکەوە نەمبینین، نەمزانی ئەوەندە کوردبوونیان بەجوانی هێشتووەتەوە، لەگەڵ ئەوەی بەتەواوی ئاوێتەی دنیای ئەرمەنی و کریستیان بوون؛ کوردەکانی ئەرمینیا وەک بەفری نسێ خۆیان قایم کردووە و نایانەوێت بتوێنەوە، ئەمزستان بۆ ئەوزستان بەرگە دەگرن و دەمێننەوە. من لە ئەرمینیا کورد و بەفر و کڵێسای زۆرم بینی، هەستم کرد ئەگەر بابانوئێلێک هەبێت، دەبێت ئەرمەنی بێت و لینکێکی کوردیی هەبێت، باشتر بوو لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ کورد بێت، باشترە کوردی خۆش بوێت.

سەردەم: هێڵە جیاکەرەوەکانی ڕۆمان و ئەم تێکستەی تۆ چین و چۆن دەتوانین ڕۆمانێک لە ژانرێکی تر جیا بکەینەوە؟

سوارە نەجمەدین: خۆم کەیفم بە گێڕانەوە دێت، چ بۆ ئەوەی بینووسم و چ بۆ ئەوەی بیخوێنمەوە و چ بۆ ئەوەشی گوێم لێی بێت، لە هونەرەکانی گێڕانەوەشدا هیچیان هێندەی ڕۆمان دەستکراوە و گیرۆدەت ناکەن، تا بتوانیت بە کەماڵی دڵی خۆت قسە بکەیت. سیحرێکی سەیر لە گێڕانەوەدا هەیە، پەلکێشت دەکات، گیرۆدەت دەکات؛ بە من بێت، بیرکارییش بخوێنمەوە، بە گێڕانەوە بێتە بەردەستم، ئێستا دەتوانم پێت بڵێم بۆچی من زیاتر سەرسامی وتارە ڕەخنەییەکانی جەودەت هۆشیار و وەدیع جابر و عەلی حوسێنم، چونکە ئەوان هاتوون ڕەخنە و شیکارییەکانیان تێکەڵ بە گێڕانەوە کردووە، بەمەش منی خوێنەر ناچار دەکەن، وەک تێکستێکی ئەدەبی سەرنجی کارە ڕەخنەییەکانیان بدەم. لام دەمێنێتەوە. مردن زۆر بەزەحمەت دەرەقەتی گێڕانەوە دێت.