نۆ گۆشەنیگا بۆ شانۆی هاوچەرخ

نۆ گۆشەنیگا بۆ شانۆی هاوچەرخ

خوێندنەوەی کتێبی “چەمکەکانی شانۆ”

بەختیار حەمەسوور

ئەم کتێبە لە درێژەی پڕۆژە جدی و جوانەکانی هونەرمەند و نووسەری بەئەزموون فازڵ جافە، کتێبەکە نوێترین بەرهەمیەتی و ناوی “چەمکەکانی شانۆ”یە و لەلایەن دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە چاپ و بڵاو کراوەتەوە. ئەم کتێبە یەکێک لە کتێبە بەنرخەکان لە بوارەکانی شانۆدا، کتێبەکە لە قەوارەیەکی مامناوەند و لە دووتوێی ١٩٠ لاپەڕەدا، نۆ بابەتی چڕوپڕ دەخاتە کتێبخانەی کوردی و بەردەستی خوێنەران و شانۆکاران، کە دەتوانین بڵێین نۆ گۆشەنیگای تایبەتە بۆ دنیای بەرینی شانۆ. شیاوی گوتنە فازڵ جاف لە هەریەک لەو بابەتانەدا بەوردەکارییەوە پەرژاوەتە سەر جومگە و چەمکە گرنگەکانی شانۆ لە چاوی شانۆکارانی جیهانی و خۆیەوە. لەم نووسینە کورتەدا هەوڵ دەدەین گەشتێک بەناو بابەتەکاندا بکەین.

لە نۆ بابەتی نێو ئەم کتێبەدا هەشتیان وتارن، فازڵ جاف خۆی نووسیونی، بە کۆمەکیی کۆمەڵێک سەرچاوەی بنەڕەتی و گرنگ، یەک بابەتی کۆتایی وەرگێڕانە: گفتوگۆیەکی ورد و چڕە لەگەڵ نووسەر و شانۆنامەنووس هارۆڵد پینتەر و یەکێکە لە گفتوگۆ گرنگەکان، سەرباری خستنەڕووی ئەزموونی پینتەر، هاوکات زۆر بەوردییش کۆمەڵێک گرفت و ڕوانینی شانۆیی خراوەتە ڕوو، کە لە دیدی هارۆڵد پینتەرەوە باس دەکرێن. سەبارەت بە وتارەکانی ئەم کتێبە، بەم جۆرە دابەش و ڕیزبەندی کراون: “ستانیسلاڤسکی و چەمکی ئەخلاق، مییرهولد و چەمکی بونیاتگەرایی جەستەی ئەکتەر لە نمایشدا، برێشت و چەمکی شانۆی ئێپیک، شەکسپیر و چەمکی شانۆی مێژوویی (خوێندنەوەیەک بۆ شانۆنامەی مێژوویی)، شەکسپیر لە نمایشدا، خەونی شەوێکی چلەی هاوین، تیرۆری سیاسی لە شانۆنامەکانی شەکسپیردا، جولیوس قەیسەر بە نموونە، شەکسپیر لە نمایشەکانی ئینگمار بێرگماندا، ئارسەر میللەر و چەمکی شانۆی کۆمەڵایەتی، دیمانەیەک لەگەڵ هارۆڵد پینتەردا.”

لە هەریەک لەو هەشت وتارەدا، نووسەر بە ئامادەیی خۆی و یادەوەرییەکانی لە کوردستان، بەغداد، سوید و وڵاتانی ئەورووپا، هاوکات بە خوێندنەوەی دەق و نووسینەکان بە زمانی ماکی، بە بینینی نمایشەکان، هەوڵ دەدات ئایدیاکانی پێشکەش بکات، دیارە بۆ ئەمەش ئەزموونی نیوسەدە لەپشت هەر دێڕێک لە دێڕەکانەوە وەستاوە، ئەزموونێک کە لە هەردوو پایەی تیۆر و پراکتیکدا خۆی دەبینێتەوە و دەوڵەمەندە. هەر لێرەدا دەبێت ئاماژە بۆ زمانی نووسینی وتارەکان بکەین، کە زمانێکی شەفاف و شووشەییە، زمانێک کە نایگرێت و ڕەوان و سفتە، هاوکاتی ئەوانە، زمانێکی پڕجووڵە و بزۆکە، لە نموونەی ژیانی دەرهێنەر و نووسەرەکانەوە تا دەگات بە دەق و لێکۆڵینەوەکان ئیقتباس وەردەگرێت و تێهەڵکێشی مەتنی وتارەکانی دەکات، بەوەش سەرچەشنی و زیندووێتییەک بە نووسینەکان دەبەخشێت، هەر دەڵێیت دڵێکن لەوپەڕی لێدانی چوستوچالاکانەدا.

چوار وتاری گرنگی ئەم کتێبە، کە تەقریبەن نیوەی کتێبەکە داگیر دەکەن، دەربارەی شەکسپیرن، نووسەرێک بۆ هەموو سەردەم و زەمانەکان؛ فازڵ جاف هەوڵ دەدات شەکسپیر لەمڕۆدا بخوێنێتەوە، کارەکانی چۆن مامەڵەیان لەگەڵ دەکرێت، چۆن لەلایەن بەرهەمهێنەرانی شانۆ و دەرهێنەران و ئەکتەران و بینەرانەوە پێشوازییان لێ دەکرێت. بەتەنیشت ئەوانەوە، هەوڵ دەدات خوێندنەوەی خۆی بۆ شەکسپیر و بەشێک لە شانۆنامە گرنگەکانی ئاڕاستە بکات، گۆشەنیگای نوێ هەڵدەبژێرێت، دەکۆشێت چەمکی “شانۆنامەیی مێژوویی” و “تیرۆری سیاسی” لە دەقەکانی شەکسپیردا ببینێتەوە و بە نموونەوە دەریان بخات. هاوکات خەونی ئەو دەرهێنەرانە بەیان دەکات، کە بە چ تاسە و مەیلێکەوە کاریان لەسەر دەقە شانۆییەکانی شەکسپیر کردووە، لەوانە پیتەر برووک و ئینگمار بێرگمان. بەڵام دەرهێنەرانێکیش هەن کە ئەو خەونەیان بۆ هەمیشە لەبار براوە و خراوە، بۆ وێنە: مییرهولد. با پێکەوە ئەم چەند دێڕە خەمگینە لە کتێبەکەدا بخوێنینەوە:

“بۆ ڕیژیسۆری ڕووسی، ڤسیڤۆلۆد مییرهولد، دەرهێنانی شانۆنامەی ‘هاملێت’ هەر لە تەمەنی گەنجییەوە خەون و خولیا بووە، بەڵام مییرهولد کوژرا پێش ئەوەی خەونەکەی بەدی بهێنێت. زیادتر لە جارێک گوتوویەتی: لەسەر کێلی گۆڕەکەم بنووسن: لێرەدا ئەو دەرهێنەرە نێژراوە کە بەختی ئەوەی نەبووە شانۆنامەی ‘هاملێت’ بۆ شانۆ دەربهێنێی. بەڵام مییرهولد گوللەباران کرا، پاشان لەگەڵ سەدان کەسی بێتاوان لە گۆڕێکی بەکۆمەڵدا نێژرا. مییرهولد چەند جارێک باسی لە دیگەی خۆی بۆ کارەکتەری هاملێت کردووە، باسی لەوەش دەکرد چۆن لەگەڵ پابلۆ پیکاسۆدا لەسەر نەخشەی سینۆگرافیای نمایشەکە ڕێک کەوتوون.”

هەر لێرەدا جێی خۆیەتی ئەم زیادکردنە بۆ کتێبەکە بکەین: لە ڕیزی ئەو دەرهێنەرانەدا، خودی نووسەری ئەم کتێبەش “فازڵ جاف،” یەکێکی ترە لەو لیستە درێژە و لەم ساڵانەی پێشوودا، لە سلێمانی، یەکێک لە دەقە هەرە گرنگەکانی شەکسپیری هەڵبژارد و کاری دەرهێنانی بۆ کرد، ئەویش دەقی “ڕۆمیۆ و جولێت” بوو، من و زۆرێک لە عاشقانی شانۆ و دەقە نەمرەکانی شەکسپیر بینەری ئەو نمایشە بووین، بێگومان ئەو نمایشە وەک یادەوەرییەکی هەمیشەجوان لامان دەمێنێتەوە.

دوو وتاری یەکەمی کتێبی “چەمکەکانی شانۆ” سەبارەت بە ڕووسیایە و دوو دەرهێنەری گەورەی ئەو وڵاتە: ستانسلاڤسکی و مییرهولد. لە وتاری یەکەمدا بەوردی باس لە ژیان و بەرهەمی ستانسلاڤسکی دەکات، بەتایبەتییش لەسەر “چەمکی ئەخلاق” لای ئەم دەرهێنەرە دەوەستێت. بۆچوونەکانی پشتئەستوورن بە بیروڕاکانی ستانسلاڤسکی خۆی و کەسانێک کە بەوردی لەو بارەیەوە توێژینەوەیان کردووە، هاوکات چڕبوونەوە و ئەزموونی خۆیشی لەو بوارەدا، دوو کتێب کە بەردەوام بۆ پاڵپشت و فاکت گوتەیان لێوە دەگوازێتەوە، ئەم دوو کتێبە گرنگەن، کە لە نووسینی خودی ستانسلاڤسکین: “ژیانم لە هونەردا” و “ئێتیکا.”

لە وتاری دووەمدا، کە تەرخانە بۆ مییرهولد، تێیدا بەوردی باس لە “فیزیای جەستە” دەکات، دیارە ئەم چەمکە (فیزیای جەستە) چەمکێکی چەقە لە کار و بیرکردنەوەی مییرهولددا، فازڵ جاف لەو بەستێنەدا کتێبێکی ناوازەی نووسیوە؛ کتێبەکە سەرەتا بە عەرەبی نووسراوە و دواتر لەلایەن کامەران سوبحان و عەبدوڵڵا مەحموود زەنگەنەوە کراوە بە کوردی، بە هەمان ناوەوە: “فیزیای جەستە؛ مییرهولد و شانۆی جووڵە و ڕیتم.” لەم کتێبەدا بەوردی پەرژاوەتە سەر ئەو چەمکە و لە سیاقی نمایشدا، ئەو تیۆرەی خستووەتە باری پراکتیکەوە. ئاشکرایە کە مییرهولد قوتابخانەیەکی سەربەخۆیە و تەواو دژ بە قوتابخانەی ستانسلاڤسکییە، ئەگەرچی ئەمەی دووەمیان گەورەتر و مامۆستای بووە، بەڵام ڕێزی لە جیاوازییەکەیان گرتووە و بانگهێشتی تاقیگەکەی خۆی کردووە، ئەمەش نموونەی بەرزی تێگەیشتنە؛ لەبەرانبەریشدا، ئەو کاتەی ستانسلاڤسکی کۆچی دوایی دەکات، مییرهولد گوتوویەتی: “ئێستا بەناو شەقامەکانی مۆسکۆدا دەگەڕێم، هەست دەکەم بێباوکم.”

دوو وتاری تر لەم کتێبە، دەربارەی ئەزموون و کارکردنی دوو نووسەری گەورە و شانۆکاری جیهانین، کە هەریەکەیان دامەزرێنەری قوتابخانە و شێوازێکی تایبەت بە خۆیان بوون، ئەوانیش: بێرتۆڵت برێشت و ئارسەر میللەرن. لە یەکەمیاندا بەشوێن چەمکی “شانۆی ئێپیک”ەوەیە، دەورێکی مێژوویی ئەو چەمکە دەکاتەوە و بۆ بەرجەستەکردنی ئایدیاکەی، بەشێک لە دەقەکانی برێشت دەپشکنێت. لە وتارەکەی تردا بە شوێن چەمکی “شانۆی کۆمەڵایەتی”دا دەگەڕێت و هەوڵ دەدات بە دانەدەستی وێنایەکی ئەو خولە و گرنگترین بەرهەمەکانی سەر بەو چەمک و ڕوانینە لای نووسەران، تایبەتمەندیی ئاسەر میللەر پێشان بدات، جیا لەوە هەڵکۆڵین لە چەند دەقی میللەردا دەکات، بەتایبەتییش لەسەر دەقی “مردنی دێوەرەیەک” دەوەستێت، کە خۆشبەختانە ئەم دەقە لەلایەن ئازاد حەمەشەریفەوە کراوە بە کوردی.

“چەمکەکانی شانۆ” لەو چەشنە کتێبانەیە کە دەتوانێت هەم چێژ بە خوێنەران بدات، هەم ئاستی زانیارییان دەربارەی وردەکارییەکانی دنیای شانۆ لە ئەزموونە گرنگەکانەوە بخاتە بەردەست. سەرباری ئەوەی ئەم کتێبە بۆ شانۆکاران کتێبێکی هێجگار سوودبەخشە و پوختە، کتێبەکە لە چاوی کەسێکەوە نووسراوە کە خۆی نموونەی شانۆکارێکی خاوەن دیدوبۆچوونی ڕوونە لەسەر شانۆ، هەر بۆیە دەزانێت کاتێک دەربارەی نووسەر یان قوتابخانە و شێوازێکی دیاریکراو دەنووسێت، چی دەنووسێت و چۆنی دەنووسێت.