ڕێبهرانی فیکر لەپێش ڕێبهرانی سیاسەتەوەن، نەک بە پێچەوانەوە
ڕێبهرانی فیکر لەپێش ڕێبهرانی سیاسەتەوەن، نەک بە پێچەوانەوە
“ئەگەر هیگڵ نەبووایە، بسمارکیش نەدەبوو”
هاشم ساڵح
وهرگێڕانی: دکتۆر ئهحمهد فاتح محهمهد
یەکەم، پێویستە بزانین لە سەردەمی هیگڵدا ئەڵمانیا خاوەنی زۆرینەیەکی گەورەی پرۆتستانت بوو، کە ڕێژەکەی دەگەیشتە لە سەددا حەفتا، ئەوانی تریش کاسۆلیک بوون و شوێنکەوتووی ڤاتیکان و پاپای ڕۆما بوون، کە پرۆتستانتەکان بەتەواوهتیی ڕقیان لێی دەبووەوە. دووەم، خودی هیگڵ لە قووڵایی ناخیدا لۆسەری و پرۆتستانت بوو، بەڵام مەزهەبگەرا نەبوو. مەحاڵە بڕوا بەوە بکەین فەیلەسووفێکی گەورە، کە بناغەی مۆدێرنیتەی فیکری، سیاسی و ڕووناکبیریی لە ئەورووپادا داڕشتووه، کابرایەکی مەزهەبگەرا بێت. نابێت ئەوەش لەیاد بکەین ئەڵمانیا نیشتمانی مارتن لوسهرە، ئەو کەسەی چاکسازیی لە ئایندا کرد و مرۆڤی مەسیحیی لەژێر دەستی پیاوانی ئاینی، گەندەڵی و ئەو خراپبەکارهێنانانە ڕزگار کرد کە بەرامبەری دەکران. ئاشکرایە پاپاکان و کاردیناڵەکانی ڕۆما، لەسەر حیسابی خەڵکی سادە بووبوونە خاوەنی ملیۆنان دۆلار، ئەو خەڵکەی لە ئاگری دۆزەخ دەترسان و ئامادە بوون هەموو پارەکەیان بدەن تا بەڵگەنامەی لێخۆشبوون بەدەست بهێنن و بچنە بەهەشتەوە. پیاوانی ئاینی باوەڕیان بەخەڵکەکە هێنابوو چەند زیاتر پارە بدەن، بەش و ڕێژەیان لە بەهەشتدا گەورەتر دەبێت. بەم شێوەیە بازرگانییەکی گەورە بە ئاینەوە دەکرا. لە دژی ئەم هەموو گەندەڵییە تەشەنەسەندووە، لوسهر بە شۆڕشە گەورەکەی ڕاپەڕی و تەختی پاپای لەرزاند. هەر لەبەر ئەمەش بوو هیگڵ تەواو پێی سەرسام بوو. لە سەردەمی هیگڵدا، ناکۆکیی مەزهەبی هێشتا بەگڕوتین بوو و گەلی ئەڵمانیاش لەنێوان کاسۆلیک و پرۆتستانتدا دابەش بووبوو. لەنێوان هەردوو لادا ڕق و کینەیەکی گەورە هەبوو. لێرەدا کاسۆلیکەکان نوێنەرایەتیی ڕەوتی کۆنەپەرستییان لە ئەڵمانیا دەکرد، بە پێچەوانەی پرۆتستانتەکانەوە، کە وەک ڕەوتێکی پێشکەوتنخواز لەنێو مەسیحییەتدا دەبینران. کاسۆلیکە ئەڵمانییەکان بەتەواوهتی گوێڕایەڵی قسەی پاپاکانی ڕۆما بوون، کە بە درێژایی سەدەی نۆزدەیەم و تەنانەت تا ناوەڕاستی سەدەی بیستەمیش خاوەنی بیرکردنەوەیەکی کۆنەپەرستانە بوون. دواتر کاسۆلیکەکان خۆیان نوێ کردەوە و لەگەڵ مۆدێرنیتە و سەردەمدا ئاشت بوونەوە، بە جۆرێک، ئیتر هاوشێوەی سەدەکانی ناوەڕاست خەڵکیان تەکفیر نەدەکرد. بەڵام لە سەردەمی هیگڵدا، هێشتا زۆر کۆنەپەرست بوون. ئاشکرایە پاپا پیۆسی نۆیەم لە ساڵی ١٨٦٤دا –واتە پتر لە سی ساڵ دوای کۆچی دوایی هیگڵ– لە فەتوایەکی بەناوبانگدا سەرکۆنەی “هەڵەکانی جیهانی مۆدێرن”ی کرد و مۆرکی کوفری لێ دان. ئەو ڕێگەی نەدەدا خەڵک بەئازادی بیر بکەنەوە و بۆچوونی خۆیان دەربڕن، یان لە باوەڕ و ویژدانیاندا ئازاد بن، هەروەها دژایەتیی ئەقڵانییەت، لیبراڵیزم و سەرجەم بیرۆکەکانی مۆدێرنیتەی دەکرد. ئەو دەیگوت ئەم بیرۆکانە لەگەڵ فهرههنگ، ئاین و بیروباوەڕی ئێمەدا ناگونجێن. پاپا دژایەتیی فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤیشی دەکرد، چونکە بێ جیاوازی، هەموو مرۆڤەکانی وەک یەک سەیر دەکرد. بەلای ئەوەوە نەدەبوو کەسێکی نامەسیحی لەگەڵ مەسیحییەکدا یەکسان بێت، یان نامەسیحییەک لەگەڵ کاسۆلیکێکدا وەک یەک سەیر بکرێت، یاخود بێباوەڕێک هاوتای باوهڕدارێک بێت.
پاپای ڕۆما هەموو ئەم شتانەی تەکفیر دەکرد و بە کوفری دادەنان، ڕێک وەک ئەوەی کۆمەڵە ئیسلامییە سیاسییەکانی ئێستای ئێمە دەیکەن. ئەوانیش بە هەمان شێوە دوژمنێکی سەرسەختی فەلسەفەی مافەکانی مرۆڤن و هێشتا بۆنی مۆدێرنیتەی ڕووناکبیرییان نەکردووە. بێگومان “بسمارک،” کە لە ساڵی ١٨٧٠دا –واتە تەنها چل ساڵ دوای کۆچی دوایی هیگڵ– ئەڵمانیای یەک خست، ناچار بوو پشتی کۆنەپەرستیی کاسۆلیکەکان بشکێنێت، چونکە ئەوان بهربهست بوون لەوەی ئەم یەکگرتنە گەورەیە سەر بگرێت. لەو کاتەدا زۆربەی لیبراڵه پێشکەوتووخوازە دژەمەزهەبگەراکان لە بنەڕەتدا پرۆتستانت بوون، لەبەرامبەریشدا زۆربەی کۆنەپەرستە فهندهمێنتاڵیزمهکان کاسۆلیکە باوەڕدارەکانی سەر بە پاپا بوون، کە قسەکانی پاپای ڕۆمایان وەک سرووش وەردەگرت، دژی مۆدێرنیتە دەوەستانەوە و پرۆتستانتەکان و تەنانەت خودی هیگڵیشیان تەکفیر دەکرد… پێویستە لەناو ئەم ژینگە تژی لە گرژییەدا تێڕوانینی هیگڵ بەرامبەر بە پرسی مەزهەبی لێک بدەینەوە، تا لە ڕاستیی پەیامەکەی تێبگەین؛ هەروەها دەبێت بزانین بسمارک کاتێک لەسەر بنەمای یەکسانیی نێوان هاووڵاتییان و دوور لە مەزهەبگەرایی ئەڵمانیای یەک خست، لە ڕاستیدا بەرنامەی هیگڵ، کانت، فیختە، شێلینگ و سەرجەم فەیلەسووفە گەورەکانی تری سەردەمی ڕۆشنگهریی بەتەواوی جێبەجێ کرد. لێرەشەوە دەگەینە ئەو پهیوهندییه سەرنجڕاکێشەی لەنێوان فیکر و سیاسەتدا هەیە. هیچ سیاسەتێکی مەزن بێ فیکرێکی گەورە نایەتە ئاراوە، کە لە پێشەوەی بێت، ئامێزی بۆ بکاتەوە و ڕێگەکەی بۆ خۆش بکات. بەم پێیە، فیکر لەپێش سیاسەتەوەیە و لەسەروو ئەوەوە دەوەستێت، نەک بە پێچەوانەوە. هیگڵ بناغەکەیە و دواتر بسمارک دێت. هەمیشە پێشەنگی بۆ ڕووناکبیرە مەزنەکەیە، نەک بۆ سیاسهتوانهکه، گەر تەنانەت ئەو سیاسییە کەسایەتییەکی گەورەی وەک بسمارکیش بێت. بۆچی ئەم پێشەکییە درێژە دەنووسم؟ تەنها بۆ ئەوەی پیشانی بدەم کێشەی تائیفەگەری و مەزهەبگەرایی لەناو هەموو کۆمەڵگە و ئاینەکاندا تا چەند مەترسیدارە. کاتێک سەیری ئەورووپای پێشکەوتوو و ڕۆشنگهریی ئەمڕۆ دەکەیت، هیچ شوێنەوارێکی کێشە و حەساسییەتی مەزهەبیی تێدا بەدی ناکەيت. ئەو کێشانە بەتەواوهتی نەمان و کۆتاییان هاتووه، ئەمەش بە هۆی ئەو هەوڵانەی هیگڵ و فەیلەسووفەکانی تری سەردەمی ڕۆشنگهرییەوە بوو. ئەم گۆڕانکارییە یەکەم شتە سەرنجی ئەو عەرەب یان موسڵمانە ڕادەکێشێت کە لە ڕۆژەڵاتەوە دهچنه ئهورووپا، ئەو ڕۆژەڵاتەی لێوانلێوە لە توندڕەوی و مەزهەبگەرایی… ئێستا ئیتر کاسۆلیکێک بەدی ناکەیت تەنها لەبەر پرۆتستانتبوونی ڕقی لە پرۆتستانتێک ببێتەوە، یان بە پێچەوانەوە. ئەوان وەک دوو هاووڵاتیی یەکسان لەژێر سایەی ناسنامەی ئەڵمانیدا دەژین و لە یەک شەقام، یەک گەڕەک یان یەک باڵەخانەدا، بە ئاشتی و تەبایی پێکەوە هەڵدەکەن. ئیتر هیچ گەڕەکێکی پرۆتستانت لە گەڕەکە کاسۆلیکەکان جیا نەکراوەتەوە. هاووڵاتیی پلە یەک و پلە دوو یان پلە سێ بوونی نەماوە… ئەم بابەتانە مێژوویەکی کۆنیان هەیە و کۆتاییان پێ هاتووە. بەڵام ئەم سەرکەوتنە بەدەست نەدەهات، تا ئەو کاتەی تێگەیشتنی ڕۆشنگهری بۆ ئاینی مەسیحی بەسەر دیدگە تاریک و تەکفیرییە کۆنەکەدا سەرنەکەوت. هەرچەندە لە سەردەمی هیگڵدا فیکری ڕۆشنگهری لەسەر ئاستی دهستهبژێر و ڕۆشنبیران باڵادەست بوو، بەڵام دەمارگیریی مەزهەبی لەسەر ئاستی خەڵکی ئاسایی هێشتا وەک بڵێسەی ئاگر وا بوو و ئامادە بوو لە هەر چرکەیەکدا بتەقێتەوە. سەرەڕای ئەوەی هیگڵ گەورەترین فەیلەسووفی سەردەمی خۆی بوو (تەنانەت ڕەنگە گەورەترین فەیلەسووفی مێژووش بێت)، بەڵام بەرگەی بیستنی ناوی کاسۆلیک و مەزهەبی کاسۆلیکیی نەدەگرت. بیرمەندی فەڕەنسی “ڤیکتۆر کۆزان” دەگێڕێتەوە، جارێک لەگەڵ هیگڵدا لە شەقامەکانی شاری کۆڵۆنیادا پیاسەیان دەکرد، تا لەپڕ گەیشتنە بەردەم کڵێسه بەناوبانگەکەی ئەو شارە، کە لە سەرانسەری جیهاندا بە جوانییەکەی ناسراوه. من خۆشم باشم لەیادە کاتێک لە ساڵی ١٩٩٠دا بۆ یەکەم جار چوومە ئەڵمانیا، جوانیی ئەم شوێنە سەرسامی کردم و سەرنجی ڕاکێشام. باشە، هیگڵ کاتێک سەیری ئەو تەلارە سەرنجڕاکێش و بەرزەی دەکرد، چیی گوت؟ ڤیکتۆر کۆزان دەڵێت بیستوویەتی هیگڵ دەستی بە جنێودان بە پاپا و کاسۆلیکەکان کردووە، تەنانەت لەناو کڵێسه پیرۆزەکەیاندا خەریک بووە تف لە زەوی بکات. کۆزان لەم هەڵوێستە توندەی هیگڵ سەری سووڕ مابوو، چونکە چاوەڕوانی نەدەکرد کارێکی وا لە فەیلەسووفێکی گەورەی وەک ئەو بوەشێتەوە. کاتێک لهبهر دهم هیگڵدا باس له کێشەیهکی مەزهەبی بکرابایه، خۆی ڕانهدهگرت. بەتوندی هێرشی دەکردە سەر کاسۆلیکە پاپاییەکان و وەک هۆکاری دواکەوتوویی ئەڵمانیا، دەمارگیری و پەیڕەوکردنی شێوازی سەدەکانی ناوەڕاست لە ئاینداریدا سەیری دەکردن. ئەمەش ئەوە دەگەیەنێت ئەڵمانیای ساڵی ١٨٢٦، هەمان ئەڵمانیای ساڵی ٢٠٢٦ نییە! بەڵێ بەڕێزان، مێژوو بەرەو پێشەوە هەنگاو دەنێت، خۆشبەختانە گۆڕانکاری و نوێبوونەوە لە مێژوودا بەردەوام دەبێت.
بەڵێ، لە سەردەمی هیگڵدا حەساسییەتی مەزهەبی هێشتا بەهێز مابووەوە، تەنانەت تا ساڵانێکی زۆریش دوای ئەو بەزیندوویی مایەوە. وەک پێشتریش ئاماژەمان پێ دا، بسمارکیش، کە ئەڵمانیای یەک خست، هاوشێوەی هیگڵ لەگەڵ کۆنەپەرستیی کاسۆلیکە پاپاییەکاندا ڕووبەڕووبوونەوەی هەبوو. باشە بۆچی هیگڵ هێندە ڕقی لە مەزهەبی کاسۆلیکیی پاپایی ڕۆما دەبووەوە؟ بێگومان تەنها لەبەر ئەوە نەبوو خۆی پرۆتستانت بوو. فەیلەسووفێکی وەک ئەو، بەو شێوازە سادەیە بیر ناکاتەوە! هۆکارێکی گرنگتر لەپشت ئەم کێشەیەوە هەبوو، ئەویش ئەوە بوو کاسۆلیکەکان وایان دەبینی تەنها ئەوان خاوەنی ڕاستیی ڕەهای مەسیحییەت و تەنانەت سەرجەم ئاینەکانن، ئەوانی تریشیان بە لادەر، بێباوەڕ، کافر، یان کەمینەیەکی بێبایەخ دادەنا. ئەوان بە هۆی زۆریی ژمارەیانەوە (کە پتر لە ملیارێک کەس بوون)، خۆیان بە تاکە گروپی ڕزگاربووی نێو مەسیحییەت دەزانی، پێیان وا بوو زۆربوونی ژمارەی لایەنگرەکانیان بەو مانایەیە، کە بێگومان ڕاستی و هەقیقەتی خودایی لای ئەوانە. بەپێی بیرکردنەوەی ئەوان بێت، هیچ پرۆتستانتێک نەدەچووە بەهەشتەوە و له بەزەیی خودای بێبەش دەبوو، چونکە بەهەشت تەنها بۆ کاسۆلیکەکان تەرخان کرابوو. مەزهەبی کاسۆلیکیی پاپایی لە زۆربەی لایەنەکانیدا مەکۆی سەرەکیی کۆنەپەرستیی فیکری و سیاسی بوو. کاتێک سەیری لێدوانەکانی پاپاکانی ئەو سەردەمە دەکەیت و فەتوا تەکفیرییەکانیان دژی ڕۆح و بنەماکانی مۆدێرنیتە دەخوێنيتەوە، وا هەست دەکەیت ڕابەرانی ئیسلامیی سیاسیی هاوچەرخی ئێمە ئەو فەتوایانەیان نووسیوە.
لێرەوە دەردەکەوێت دوو تێگەیشتنی جياواز بۆ ئاین هەیە: تێگەیشتنێکی مەزهەبگەرای تاریک و پڕ لە کێشە، لەگەڵ تێگەیشتنێکی ڕووناکبیرانەی ناوازە لەگەڵ مۆدێرنیتە و سەردەمدا دەگونجێت. هەر ئەم ڕوانگەی دووەمەش بوو ئەورووپای لە چنگی مەزهەبگەرایی و دۆزەخی شەڕە ناوخۆییەکان ڕزگار کرد، ڕێگەی بۆ ڕێنیسانس و پێشکەوتنی شارستانیی ئەورووپا خۆش کرد و وای کرد پێش سەرجەم گەلانی تری جیهان بکەوێت. بە هەمان شێوە، ئەم گۆڕانکارییانە پیشانی دەدەن بۆ باوەڕیش دوو تێگەیشتنی جیاواز هەیە:
یەکەم: تێگەیشتنە تەکفیری و کۆنەکەیە، کە لەسەر بنەمای ناسنامە مرۆڤەکان دەکوژێت و تەبایی نیشتمانی لەناو دەبات.
دووەم: تێگەیشتنە ڕووناکبیری و نوێیەکەیە، کە ژیانبەخشە، شارستانییەت بوونیاد دەنێت و هەموو پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان لەدەوری خۆی کۆ دەکاتەوە. بەڵام کێشە گەورەکە لێرەدایە، دیدگە تەکفیرییە کۆنەکە وەک شاخ لەناو زەینی گشتیی خەڵکدا ڕەگی داکوتیوە؛ ناتوانرێت بە شەو و ڕۆژێک لە ڕەگەوە هەڵبکێشرێت. بنبەست و گرێکوێرە سەرەکییەکەش ڕێک لێرەدایە.