هیدایەت و ئەزموونی مۆدێرنە

هیدایەت و ئەزموونی مۆدێرنە

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

مرۆڤ وەک بوونەوەرێک تەنها یەک جار لەدایک نابێت، هەموو لەدایکبوونیان هەمان ئەو یەک ڕۆژە نییە کە دایکیان بوونی پێ بەخشیون، بەڵکوو ئەو لەدایکبوونە ناچاریان دەکات لەدایکبوون پێشکەش بە خۆیان بکەن.

– گابریێل گارسیا مارکیز

لە مێژووی مۆدێرنی خۆرەڵاتی ناوەڕاستدا سەبارەت بە بەریەککەوتنی نەریت و مۆدێرنە چەندان نەوەی ڕۆشنبیر هەن، ئەگەرچی پێشزەمینە و دیدەکانیان هەمەڕەنگە، هەوڵ دەدەن نێوەندگیریی گواستنەوە لە سیمای نەریتییەوە بۆ سیمای مۆدێرنی بیرکردنەوە بکەن. ئەم ڕۆشنبیرانە بەردەوام بە هۆشیاری و ویژدانێک وەسف دەکرێن، کە بەتووڕەییەوە لەنێوان دوو بابەتدا دێن و دەچن: سەلماندنی ڕیسکی تێکشکان لەبەر دەم مۆدێرنەدا و ناچاریی مەحاڵیی سەرکەوتن بەسەریدا. بۆ زۆرێک لەم ڕۆشنبیرانە مۆدێرنە نەک وەک پرۆسەیەکی ڕاستەهێڵی و پلەبەپلەی پێشکەوتن، بەڵکوو وەک ئەزموونێکی شۆکهێنەر دەردەکەوێت، کە دەبێتە پرۆسەی “تەنیاکەوتن.” ئەم تەنیاکەوتنە هاوەڵی جۆرێک هەستی “کامڵبوونە،” کە دەبێتە هۆی جۆرێک بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە و ڕووخانی تەفیسرە ئەفسانەییەکان. لێرەوە هەرجۆرە ئەزموونێکی مۆدێرنە بۆ هەریەک لەم ڕۆشنبیرانە، هەڵگری کێشەی تایبەتیی خۆیەتی. ئەوەمان بیر بێتەوە کاتێک لەبارەی ئەزموونی مۆدێرنەوە قسە دەکەین، لەناو چوارچێوەی هەریەک لەم ژیانە ڕۆشنبیرییانەیە کە بەدواداچوونی بۆ دەکەین. ڕۆشنبیرانی ئێرانی بۆ یەکەم جار لە کۆتاییەکانی سەدەی نۆزدەیەمدا ڕووبەڕووی ئەم کێشانە بوونەوە. بە درێژایی قۆناغی سەد و پەنجا ساڵ (١٨٤٠-١٩٩٠) بیرکردنەوەی یۆتۆپییانە، دەورێکی سەرەکیی بینیوە هەم لە ژیان و بەرهەمەکانی ڕۆشنبیرانی ئێرانیدا و هەم لەو کێشانەی لە پرۆسەی مۆدێرنەبووندا دەرگیری بوون. هەر ئەم بیرکردنەوە یۆتۆپییانە کەم تا زۆر وەک دەربڕێکی گونجاو بۆ نەریتە جیاوازەکانی بیرکردنەوە دەرکەوت، ئەو نەریتانەی ڕەگیان لە وێنا و دیدی تایبەتدا بۆ ڕابوردوو و ئایندە هەبوو. بە درێژایی ئەم قۆناغە زەمەنییە ئەو پرسیارانەی لەبارەی زەروورەتی مێژوویی و لەبارەی وێنەی تەکنەلۆژیی جیهان و لەبارەی هاواهەنگیی بەهاکان لەناو چوارچێوەی سیستمێکی چوونیەککەردا دەکران، لە ناوەندی باسە ڕۆشنبیرییەکاندا بوون. ئەگەر چوار نەوە بۆ ڕۆشنبیری ئێرانی دیاری بکەین، کە بە قۆناعی پێشدەستووری دەست پێ دەکات و بە قۆناعی دوای شۆڕش لە دەیەی ١٩٩٠دا کۆتایی دێت، دەکرێت بگوترێت لە هەموو ئەم نەوانەدا (ڕەنگە جگە لە دوایین نەوە) ڕۆشنبیری باڵادەست، حەکایەتی یۆتۆپییانە بووە؛ حەکایەتێک باڵادەستبوونی هاوڕێی ئاستی جیاوازی مۆدێرنەبوون و عەقڵانیبوونی ژیانی کۆمەڵایەتیی ئێرانییەکان بووە. ڕەنگە لەناو ئەم نەوانەی ڕۆشنبیراندا تەنها یەک ڕۆشنبیری ئێرانی وەک کەسێکی دەرکراو لەم پۆلێنکردنەدا دەرکەوێت، ئەویش لەبەر هۆشیاریی ڕەخنەگرانەی بۆ واقیع و ئاڕاستەی بەدبینانەی بۆ هەموو جۆرەکانی ئایدۆلۆژیا، ئەو ڕۆشنبیرە سادقی هیدایەتە.

خەسڵەتی گرنگی مۆدێرنیزمی هیدایەت ڕەخنەگرتنی سیکۆلارییانە بوو لە کۆمەڵگەی ئێرانی. لێرەوە هیدایەت لە ئێراندا ڕێبازێکی ڕەخنەگرانەی بوونیاد نا، کە بەگشتی لە قۆناغی نێوان دوو جەنگی جیهانیدا بێوێنە بوو. گەڕانی مۆدێرنانەی هیدایەت بەدوای هەقیقەتدا، هەموو جۆرە ستایشێکی ڕۆمانسییانەی بۆ ئایدۆلۆژیا و ڕیاڵیزمی تاڵی کەسایەتییە دەستبەتاڵ و نەزانەکان لە کۆمەڵگەی ئێرانیدا دەخستە لاوە. بەشی زۆری ئەم گەڕانەی هیدایەت لە شێواز و ئاوازی گەردوونی و هەمەکیدا درێژەی پێ دەدرێت. ڕەنگە ئەم بابەتە هۆی سەرەکیی ئەوە بێت، کە بۆچی دەکرێت هیدایەت وەک نووسەرێکی گەردوونی نەک تەنها وەک نووسەرێکی ئێرانی، لەبەرچاو بگرین. بەرهەمەکانی هیدایەت سەر بە شتێکە کە گۆتە لە دوایین دەیەی تەمەنیدا بە ناونیشانی Weltliteratur (ئەدەبیانی جیهانی) ڕوونی دەکردەوە، کە کاردانەوەیەک بوو بەرامبەر باڵادەستیی ڕەخنەگرتنی ڕۆمانسییانە لە سنووردارێتییەکانی ئەدەبیاتی ڕۆژاوا، ئەویش بە هەڵسەنگاندنی سەرلەنوێی شێوازە جیاوازەکانی ئەدەبیاتی سەدەکانی ناوەڕاست و ڕۆژەڵات. لە دیدی گۆتەوە، ئەدەبیاتی جیهانی زاراوەنامەیەک (Thesaurus) نەبوو، کە بە شێوەیەکی پلەی زنجیرەیی بوونیاد و ڕێک خرابێت، بەڵکوو وەک ڕەگەزێکی بەراوردکاری لەگەڵ خۆیدا بوو. گۆتە لە نامەیەکدا بۆ ئادۆڵف فریدریش کارڵ سترک فوس لە ٢٧ی کانوونی دووەمی ١٨٢٧دا، دۆخی خۆی بەراورد کرد بە دۆخی “فێرخوازێکی نوێی جادووگەری،” کە “سەرقاڵی ئەدەبیاتی جیهانییە کە بەرەو لای دێت، وەک ئەوەی بیەوێت لە خۆیدا نوقمی بکات.” گۆتە بە جەختکردنی لەوەی ئەدەبیات سەرمایەی هاوبەشی ڕەگەزی مرۆڤە، بۆچوونەکەی هردر دووبارە دەکاتەوە، جەختکردنی لەوەی ئەدەبیات لە سەرجەم شوێنەکان و سەرجەم کاتەکاندا دەردەکەوێت. گۆتە لە قسەکردن لەگەڵ ئاکرمندا لە ٣١ی کانوونی دووەمی ١٨٢٧دا پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت، “ئەمڕۆ ئەدەبیاتی نەتەوەیی چەندان مانا دروست ناکات، هەنووکە سەردەمی ئەدەبیاتی جیهانییە و هەمووان دەبێت لە خێراکردنی ئەم ڕۆژگارەدا هەوڵ بدەن.” ئەریش ئوئرباخیش بۆچوونێکی هاوشێوەی هەیە و دەنووسێت: ئەدەبیاتی جیهانی تەنها نامانگەڕێنێتەوە بۆ ئەوەی مرۆیی و گشتییە بە مانای وردی وشەکە، بەڵکوو زۆرتر دەمانگەڕێنێتەوە بۆ کارلێکی دوولایەنەی ڕەگەزە جیاوازەکان. لێرەوە ناونیشانی felix culpa ئاماژە بۆ جیابوونەوە و جیاوازیی ڕەگەزی مرۆڤ لە کولتوورە جیاوازەکاندا دەکات. ئێدوارد سەعیدیش بە جەختکردن لەم ئایدیایە، کە بە هۆی گۆتە و ئۆئرباخەوە خرانە ڕوو، بڕوای وایە “پێویستیی سەرەکی” بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە فەلسەفییەی ئۆرباخ و هاوەڵەکانی پێشووی بەدوایدا دەگەڕان، تێگەیشتنێکە کە بە شێوەیەکی هاودڵانە دەچێتە ناو تێکستی نووسراوەوە و لە ڕوانگەی زەمەنی مێژوویی و نووسەرەکەیەوە سەیری دەکات. ئەو مانایانەی لە وشەی Weltliteratur وەرگیرا، بەقووڵی هەڵگری ڕۆحێکی هیومانیستی بوو، ڕۆحێکی کراوە، کە میوانداریی هەموو جۆرە کولتوورێکی دیی دەکرد، دوور لە هەموو جۆرە هەستێکی بێگانەبوون و دوژمنایەتی بەرامبەر بە کولتوورە جیاوازەکان. لێرەوە زیهنی تەفسیرکەر فەزایەک بۆ ئامادەیی ئەوی دیی بێگانە دروست دەکات، هەر “ئەم دروستکردنەی فەزایە بۆ ئەو بەرهەمە ئەدەبییانەی لە جیهانێکی بێگانە و دوورەوە دێن، گرنگترین ڕەهەندی پەیامی تەفیسرکەرە.”

ڕێک ئەم توانایە بۆ “دروستکردنی فەزایەک بۆ ئەوی دی،” ئەو شتەیە کە پێگەیەکی تایبەتی بە هیدایەت لەناو نووسەرانی دیی ئێراندا دەدات. بێگومان هیدایەت لەناو نووسەرانی ئێرانیدا مۆدێرنترین بوو، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا لای هیدایەت مۆدێرنە تەنها مەسەلەی عەقڵانییەتی زانستی یان لاساییکردنەوەی پەتیی بەهاکانی ڕۆژاوا نەبوو؛ ڕەنگە هەر ئەمەش هۆی ئەوە بێت هیدایەت سەرقاڵی چالاکیی سیاسی نەبوو لەناو هاوڕێ کۆمۆنیستەکانیدا. ڕەنگە بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هیدایەت و خوێندنەوەی ژیاننامەی، بتوانرێت بگوترێت مۆدێرنبوون لای هیدایەت جۆرێک “flanerie” (گەڕۆکییە) لەناو پێکهاتەی وجوودی مۆدێرنەدا. هیدایەت “فلانوەر یان گەڕۆکی ئێرانی”ی مۆدێرنەیە؛ کەسێک کە گۆڕانی خێرای جیهانی بینی و ئەم گۆڕانەی لەگەڵ ئەزموونی زەمەندا لێک ئاڵاند. لەگەڵ هیدایەتدا ژیانگەی مۆدێرنە لەگەڵ گێڕانەوەی حیکایەتی مۆدێرنەدا بەیەکەوە دەلکێن؛ بە دەربڕینێکی تر، هیدایەت نەک تەنها لە مۆدێرنە ورد بووەوە، بەڵکوو بە هۆی مۆدێرنەشەوە بینرا. مۆدێرنە خانوویەکی تازەی بۆ هیدایەت دروست کرد، ئەویش نەک تەنها وەک جێگەیەک بۆ نیشتەجێبوون، بەڵکوو وەک خاڵی گواستنەوە لە جیهانی کۆنەوە بۆ جیهانی نوێ.

پاریس شتی زۆر بۆ نووسەری مۆدێرنی وەک هیدایەت پێشکەش دەکات، بە هەمان شێوە کە پێکهاتەی شاری بیری نووسەرانی وەک بنیامین و هەمینگوای بووە. بە هەمان شێوەی هومایونی کاتوزیان جەختی لێ کردووە، “لەوێ (بۆ هیدایەت) زۆر شت بۆ خوێندنەوە و بینین هەبوو و ڕووناکییەکانی شاری پاریس زۆر لە ڕووناکییەکانی تاران درەوشاوەتر بوون و کافتریاکان، ژوانی سەرسووڕهێنەری بە خۆی و هاوڕێکانی بەخشی.” دەوری هیدایەت وەک “فلانوەر”ێک (گەڕۆکێک) هەم هەست و مانایەکی ڕەخنەگری کۆمەڵایەتی و هەم سیمایەکی ماتەمزەدە، یان بەدبینانەی ژەهراویی پێ دەبەخشی. سەرجەم ئەم ڕەهەندانە لە هیدایەتدا هەجوویەکی شۆخ و جۆرێک سینیسیزمی تێدا دروست کرد، کە زۆر جار لە بەرهەمە ئەدەبییەکانیدا دەردەکەوێت.

لە دیدی کاتوزییانەوە، “هیدایەت هیچ جۆرە هاودەردییەکی تایبەت بۆ سۆبژێکتی نووسینەکانی پیشان نادات،” ئەو لەبارەی ژیانی خەڵکی ئاساییەوە دەنووسێت، نەک بۆ ئەوان. لە هەموو حاڵەتێکدا ڕەتکردنەوە و ئاماژەی بەردەوامی ڕەخنە لە نووسینەکانیدا هەیە، کە زۆربەیان ئاڕاستەی دیدی مەزهەبی و خورافیی خەڵکی دەکرێت.” ئەم جۆرە هەستی نائومێدییە لای نووسەرێکی وەک هیدایەت بەتەواوی قابیلی تێگەیشتنە، لای نووسەرێک کە بە دیدێکی ڕەخنەگرانە و تا ڕادەیەک سووکایەتیکردنەوە هەم تەماشای ڕۆشنبیران و هەم خەڵکی ئاسایی دەکرد. ڕەدکردنەوەی ئەدەبیات باڵادەست و سەقامگیر و گروپە سیاسییەکانی ئێران، بە هەستکردن بە بێزاری لە سەرجەم کۆمەڵگەی ئێرانی کامڵ بوو. ئەم جۆرە ئاڕاستەیە لە دوو نامەی هیدایەتدا دەدۆزینەوە؛ لە یەکەم نامەدا کە بۆ پسپۆڕێکی مەجەری لە ئەدەبیاتی فارسیدا نووسیویەتی دەڵێت: “هەموو کەسێک دەیەوێت ژیانی خۆی بە پیشەیەکەوە بەرێتە سەر، بۆ نموونە کەسێک وێنەی برۆی کەوانەیی ڕاهبەیەک دەکێشێت، ئەوی دی هۆنراوە کلاسیکییەکان لەبەر دەکات، کەسێکی دی نامەی پەرشوبڵاو دەنووسێت و تا دواساتەکانی ژیانی لەزەت لەو کارانە وەردەگرێت.” دووەم نامە کە بۆ موجتەبا مینوی هاوڕێی لە ساڵی ١٩٣٧دا ناردوویەتی، دووبارە بێزاریی خۆی لە نەریتخوازی و تاریکبیریی چینە ناوەڕاستەکانی ئێران ڕوون دەکاتەوە. هیدایەت دەڵێت: “بیری گەڕانەوە بۆ وڵاتی مەشەدی تەقی و مەشەدی نەقی دەهریم دەکات و جۆرێک بوغزی کۆن گەرووم دەگرێت.”

بە سەرنجدان لەم نامانە دەتوانین بەو ئەنجامە بگەین، کە مۆدێرنیزمی هیدایەت وەک مۆدێرنیزمی زۆرێک لە هاوچەرخانی وەک تەقیزادە و فرووغی، ئومێدەوار و خۆشبین و داهاتووگەر نییە. هیوا و ئامانجی فرووغی دروستکردنی هەلومەرجی سەقامگیر بۆ پراکتیککردنی بنەما مۆدێرن و لیبڕاڵەکان بوو، ئەویش بە چڕکردنەوەی هەوڵەکانی بۆ “ڕیفۆرمکردن لە سەرەوە.” فرووغی بۆ گەیشتن بەم ئامانجانە هەوڵی دا نەک تەنها لە ڕێگەی کاریگەری لەسەر کردارە سیاسییەکانی ڕەزا شاوە (١٩٢١-١٩٤٢)، هەروەها لە ڕێگەی کارکردن لە لقە جیاوازەکانی حکومەتدا، بەڵکوو دەیویست بە ناساندنی بیرۆکە و ئایدیا و بیرە فەلسەفی، ئابووری و سیاسییەکانی مۆدێرن بە ئێرانییەکان لە ڕێگەی وەرگێڕان، وتاربێژی و نووسینەکانیەوە بەم ئامانجە بگات. دەسەڵاتی ڕەزا شا ئاماژەی کۆمەڵێک گۆڕانی کارەساتباری لە ئێراندا لەناو خۆیدا هەڵگرتووە. کاریگەرییەکانی ڕۆژاوا لە ڕێگەی دەستەبژێرە سیاسی و کولتووریی قاجارییەکانەوە کەم کەم دەهاتە ناوەوە، دواجار لە هەوڵی کەسانی وەک فرووغیدا بە مەنزڵ گەیشت. ئەم هەوڵانە بەشێک لە چەند ڕەهەندێکی کاریگەر بوون، کە دەبێت وەک گۆڕانکاریی شۆڕشگێڕانە وەسف بکرێت. ئەو ئامانجانەی ژێرخانی ئەم جۆرە ئامانجە شۆڕشگێڕانەیە دروست دەکات، بریتی بوو لە پابەندبوونی کامڵ و تەواو بە بنەمای مۆدێرنە، لە ڕێگەی تێکشکاندنی دەسەڵاتی ڕەهاگەریی دینی و وەرگرتنی عەقڵانییەتی ئامێری بوو. لەگەڵ ئەمەشدا وەرگرتنی بەهاکانی مۆدێرنە لەلایەن فرووغییەوە، لە بڕوایەکی قووڵەوە دەهات بۆ بەها کولتووری و مەعنەوییەکانی ئێران. مەبەستی فرووغی دروستکردنی حکومەتێکی بەهێز و ناوەندی بوو، کە توانای بەرگریی هەبێت لەبەرامبەر داگیرکردنی بێگانە و مۆدێرنکردنی کۆمەڵگەی ئێران بەبێ بەکارهێنانی توندوتیژی. فرووغی وەک زۆرێک لە مۆدێرنیستەکانی سەردەمی خۆی ڕەزا شای وەک ڕابەڕێکی کاریزمایی دەزانی، کە کۆتایی بە دۆخی ئاژاوەی ئێران لەدوای جەنگی جیهانییەوە دێنێت. فرووغی بۆ بەدیهاتنی ئەم ئامانجە، پشتیوانیی لە بەرنامەیەکی ڕیفۆرمی سەرتاسەری دەکرد، کە لەلایەن ڕەزا شاوە بوونیاد نرابوو. فرووغی ئەم پشتیوانییەی بە درێژایی دوو دەورەی سەرۆکوەزیرانی خۆی درێژە پێ دا. ئەگەرچی پیشەی سیاسیی فرووغی چەندان ساڵ پێش دەرکەوتنی ڕەزا شا دەستی پێ کردبوو، واتە بە بوونیادنانی یەکەم لۆژی فەرمیی فرامسێون لە ئێراندا، کە بە “Le Reveil de la Iran” (لۆژی بێداریی ئێران) ناو نرابوو، فرووغی پلەی مورشدی باڵای (Grand Master) لەناویدا هەبوو. فرووغی وەک میرز مەلکومخان، کە پێش ئەو بوو، بڕوای وا بوو فراماسیۆن دەزگایەکە خۆی تەرخان کردووە بۆ بڵاوبوونەوەی ئامانجەکانی مۆدێرنە لە ئێراندا، لە ڕێگەی بەگەردوونیکردن و باڵادەستیی بنەما ڕۆژاواییەکانی ئازادی، پەروەردە و فێرکاری و سیکۆلاریزم. بە دەربڕینێکی دی، ئامانجی سەرەکیی فرووغی ناساندنی عەقڵانییەتی ڕۆژاوایی بە گەنجەکانی ئێران و ناچارکردنیان بە بیرکردنەوە لەبارەی چارەنووسی دەوروبەری خۆیانەوە بوو. لە ڕاستیدا پێدەچێت ڕۆشنبیرانی وەک فرووغی هیوای ئەوەیان خواستبێت ببنە هۆی ڕیفۆرمە پێویستەکان لە ئێراندا، ئەویش لە ڕێگەی فێرکاریی گەنجانی ئێران بە ناوەرۆکی فەلسەفیی مۆدێرنە، کە بناغەکەی بریتی بوو لە پانتاییەکی گەورەی زانستی سیاسەت، ئابووری، زانست و کولتوور. فرووغی بەتەواوی دەیزانی مۆدێرنە بە جەختکردن لە عەقڵ و تەرکیزکردنی فەلسەفیی سۆبژێکت، لەسەر خۆی دەستی پێ کرد. وەرگێڕانی دیکارت و پێداگریی فرووغی لەسەر ڕستە فەلسەفییە بەناوبانگەکەی دیکارت، واتە “cogito ergo sum” (من بیر دەکەمەوە، کەواتە هەم)، لە دیدی فرووغییەوە ڕێگەیەک بوو بۆ بەخشینی پێگەیەکی سەرەکی بە عەقڵ و عەقڵانییەت لە کۆمەڵگەی ئێراندا، بە ڕادەیەک، هەرشتێک لە دەرەوی دەستڕاگەیشتنی عەقڵ بێت، بە ناگرنگ دادەنرێت. فرووغی باوەڕی بە بەهاکانی مۆدێرنە و عەقڵانییەتی زانستی بوو. لەگەڵ ئەوەشدا فرووغ لەو ژمارە کەمانەی ڕۆشنبیرانی ئێرانی ئەوکات بوو، کە بەڕاشکاوی بەدوای هاوسەنگییەکدا دەگەڕا لەنێوان ناسیۆنالیزمی ئێرانی و هیومانیستی ڕۆژاوادا.

بەڵام هیدایەت لە سەلماندنی سیاسەتەکانی ڕەزا شا بەدوور بوو، لە کاتێکدا هەوڵی دەدا بە شێوەی خۆی هاوسەنگییەکی تاکەکەسی لەنێوان هەستەکانی ئێران دۆستی و مۆدێرنیزمی سیکۆلاریدا بدۆزێتەوە. بێگومان مۆدێرنیزمی سیکۆلاریی هیدایەت دژایەتییەکی ڕاشکاوی لەگەڵ هەموو جۆرێکی ناسیۆنالیزم و کورتبینی و ستەمکاریی ئامادە لەناو ئێرانییەکان و سیاسەتی ڕۆژاوادا هەبوو. هیدایەت لە هەمان ساڵی ١٩٣٧ەوە هۆشیار بوو بە دەروونناسیی دەسەڵاتخوازانەی دیکتاتۆرەکانی وەک هیتلەر و هۆڵمز و ڕەخنەی دەکرد، وەک بۆ مینوی نووسی: “تۆش خەریکە قسەکانی خەڵکی دی دەڵێیتەوە، ئەوەی تەنها وەک گۆبڵز، کە هیتلەر وەک تاکە بلیمەتی سەرجەم سەردەمەکان وەسف دەکات، هەموو دەبێت بڕوایان بەم قسەیە هەبێت، ئافەرینی هیتلەر بکەن. بەڵام بە بڕوای من، دەبێت تف لە هەردوو سیمای گۆبڵز و هیتلەر بکرێت.” بێزاریی (degout) سروشتیی هیدایەت لە هەموو جۆرە ئایدۆلۆژییەکان و هەروەها سیما درۆزنەکانی عەقڵانییەتی مۆدێرن لای کۆمەڵگەی ئێرانی (کە نموونەکەی حیزبی تودە بوو)، لە هەموو جۆرە چالاکییەکی سیاسی ساردی کردەوە. لە ئەنجامدا هیدایەت بوو بە سیمایەکی دوورخراوەی ڕۆشنبیرانی ئێرانی. هیدایەت وەک چۆن خۆی لە هەموو شێوەکانی ئایدیۆلۆژیا و دەسەڵات دوور خستبووەوە، وەک گەڕۆکێکی “فلانوەر” گۆشەگیر و دەرکراوە، بێهودە لەناو هاوچەرخەکانیدا دەرکەوت، لەناو هەموو ئەو کەسانەی یان لایەنگری ستالین و یەکێتیی سۆڤیەت بوون، یان پەیڕەوی ڕەزا شا بوون. ئاڕاستەی دوورکەوتنەوەی  هیدایەت وەک جۆرێک بێسەروماڵی دەردەکەوێت، بەڵام لە هەمان کاتدا دەربڕی کەسێکە کە سنوورەکان دەبڕێت و فەزای کەنارێک داگیر دەکات، کە ناوەندی پێگەیشتنی کولتوورە جیاوازەکانە. مۆدێرنیزمی سیکۆلاری و (فلانوەر بوونی) دوورخراوەی هیدایەت، زۆر جار لە ئەدەبەکەیدا ڕەنگ دەداتەوە. ئەم ڕەگەزانە بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕۆمانی “کوندەپەپووی کوێر”دا بە شێوەیەکی ئاشکرا دەردەکەون، ئەو ڕۆمانەی تێیدا هیدایەت وێنەی خەسڵەتەکانی کەسایەتیی ئێرانییەکانی تێدا دەکێشێت و بە کەسانی “پڕوپووچ” ناویان دەهێنێت. ئەم پەرەگرافەی لە ژێرەوە دەیهێنینەوە، نموونەیەکە لە کرداری ئازایانەی ئەزموونی تاراوگەی هیدایەت، ئەزموونێک کە جۆرێک بۆتیقای ڕەخنەگرانەی بەکار هێناوە. گێڕەرەوەی کوندەپەپووی کوێر دەڵێت: ”هەستم دەکرد ئەم جیهانە بۆ کەسانی وەک من دروست نەکرابوو. بۆ خەڵکانێکی سواڵکەرئاسا، بێشەرم و بێچاووڕوو، خۆبەشتزان، تاوانبار و چاوچنۆک دروست کرابوو، بۆ کەسانێک کە ئەم جیهانەیان لێ دێت و کەسانێک کە ڕووپاماییان بۆ دار و بەرد دەکرد و سواڵیان دەکرد، ڕێک وەک ئەو سەگە برسییانەی بۆ پارچەیەک ئێسقان، لەبەر دەم قەسابخانەیەکدا کلکی خۆیان ڕادەوەشێنن…” ئەم پەرەگرافە دوورە لەو بڕوا بوونگەرییانەی ڕەخنەگرانی ئەدەبی ئێران لە بواری جیاوازدا ئاماژەی بۆ دەکەن، ئەم پەرەگرافە دوو ڕەهەندی گرنگ دەسەلمێنێت، کە پەیوەندیی بە هەڵوێستی مۆدێرنیزمی ڕەخنەگرانە و بەدبینیی سیکۆلاری هیدایەتەوە هەیە. لە لایەکەوە دەکرێت بە خوێندنەوەی بەرهەمەکانی هیدایەت بەو ئەنجامە بگەین کە هیدایەت نەک نووسەرێکی نائایدیۆلۆژی، بەڵکوو نووسەرێکە تەواو دژ بە ئامانجگەری؛ لەم ڕوانگەیەوە هیدایەت لە کافکا دەچێت. هیدایەت بە هەڵبژاردنی کافکا وەک نووسەرێکی مۆدێرن، بەڕوونی خۆی لە ڕۆشنبیرانی کۆمۆنیستی ئێرانی جیا دەکاتەوە؛ واتە لە هەمان ئەو کەسانەی بەگشتی کافکا بە نووسەرێکی ناشۆڕشگێڕ و هیج دادەنێن. بە دەربڕینێکی دی، فەلسەفەی بوونگەریی هیدایەت زۆرتر بە شێوازێکی کافکایی خۆی دەردەبڕێت، تاکوو لە چوارچێوەیەکی بوونگەرییانەدا. هیدایەت بە نووسینی پەیامی کافکا لە ساڵی ١٩٤٨دا (کە دوایین نووسینیەتی)، فەلسەفەی خۆی وەک جۆرێک بەدبینیی سیکۆلارییانە ڕوون دەکاتەوە، “جیهانێک کە تێیدا جێگەیەک بۆ خودا نییە. جیهانێکی هیچ!” بەپێی بینینی هیدایەت، کافکا نووسەرێکی ڕەسەنە، کە خاوەنی ئایدیایەکی دانسقەیە: “نووسەرانێکی کەم هەن، فکر و ناوەرۆک بە دیدێکی دانسقەوە پێشکەش بکەن، بەتایبەتی دیدێکی تەواو تازە بۆ مەسەلەی بوون پێشکەش بکەن، کە پێشتر بیری لێ نەکراوەتەوە. کافکا پێشەنگی ئەم جۆرە نووسەرانەیە.” لە لایەکی دییەوە مۆدێرنیزمی ڕەخنەگرانەی هیدایەت بەهێزترین بەڵگەیە دژ بە دەرکردنی هەجووئامێزی ئەورووپیگەری ساختەییانەی ئێرانییەکان. هیدایەت بە پێچەوانەی زۆرێک لە نووسەرە مۆدێرنەکانی ئێرانی سەردەمی خۆی، نووسەرێکی دژ بە پۆپۆلیست بوو، بێ ئەوەی کۆنەخواز بێت. وەک کاتوزیان بەباشی پیشانی دەدات: “لایەنی کەم چینە کۆمەڵایەتییەکەی هیدایەت هۆشیار و دانا بوو و بە ڕەچاوکردنی هەموو ڕەهەندەکان، ئاڵۆزترین چین بوو لەناو سەرجەم گروپە کۆمەڵاتییە سەقامگیرەکاندا، تەنانەت دەکرێت بگوترێت دەورێکی سەرەکیی لە بەسووکسەیرکردنی هیدایەتدا دەبینی بۆ خەڵک؛ بەڵام بازرگانێکی ئاسایی نوێنەری سەرجەم ئەو شتانەیە کە ئازاری هەستی کۆمەڵایەتی، کولتووری و زیهنیی هیدایەتیان دەدا، واتە هەمان ئەو چینە پارەپەرستەی هیچیان لە ئەدەب نەدەزانی  و هیچ جوانییەکی مۆدێرنیزم و نەتەوەییان تێدا نەبوو، هەروەها بە شێوە و حاڵەتی نەریتی کۆن سەیر ڕەفتاریان دەکرد.” لە ڕاستیدا هیدایەت دیدی ڕەخنەگرانەی خۆی بۆ خووە کۆمەڵایەتی و کولتوورییەکانی ئێران لە یەکێک لە بەناوبانگترین بەرهەمەکانیدا بە ناوی “حاجی ئاغا” (و لە کەسایەتیی بازرگانێکی تەقلیدیدا) دەردەبڕێت: “تەنانەت گەر دیواری چین بەدەوری خۆتدا بکێشیت، تێدەگەیت دنیا زۆر خێرا بۆ تۆ دەگۆڕێت… هەموو ئەو شتانەی سەروکارت لەگەڵیاندایە، ئاودەست و مەتبەخ و ژووری نووستنە.. هیچکات لە ژیانتدا خاوەن یان بینەری شتێکی جوان نیت، تەنانەت گەر خاوەنیشی بیت، ناتوانیت تێبینیی بکەیت. هیچ دیمەنێکی جوان سەرنجت ڕاناکێشێت، هیچ نیگارکێشییەکی جوان یان موزیکێکی ئیلهامبەخش هیچ کاریگەرییەکی بەهێزی لەسەرت نییە… تۆ جگە لە کۆیلەیەکی ورگ و خوار ورگت نیت. بۆ جیهان، ژیانی تۆ مانایەکی کەمتری لە مانای بەراز یان میکرۆبی تاعوونی هەیە. هەر ڕۆژێک کە سێ یان چوار هەزار تمەنی دی بدزیت، لای تۆ جەژنە.” وەک بەئاشکرا دیارە، هیدایەت بەڕوونی هۆشیارە بەرامبەر بە ئەزموونی مۆدێرنەی خۆی وەک ساتەوەختێکی ژیان، بەتوندی و بێبەزەییانەش ڕەخنەی ئەزموونە نەریتییەکانی ئێران دەکات. بەدەربڕینێکی دی، هیدایەت بەدوای ئەوەدا دەگەڕا ئەزموونی تایبەتی خۆی بۆ مۆدێرنە تێکەڵ بە دیدێکی ڕەخنەگرانە بکات بۆ نەریت. ئەم خاڵە ئەوە دەردەخات، کە ئەزموونی مۆدێرنەی هیدایەت جیاوازە لە ئەزموونی نەوە ڕۆشنبیرەکانی پێش و پاش جەنگی جیهانیی دووەم. ئەزموونی هیدایەت بۆ مۆدێرنە بە پێچەوانەی ڕۆشنبیرانی تەکنۆکرات و پێشەنگەوە، دۆزینەوەیەکی نایۆتۆپییانەیە لە چاوچنۆکیی ئەزموونی مۆدێرنە. جارێکی دی بە بڕوای هیدایەت کافکا لە ڕێگەی خەیاڵێکی دیالەکتیکییەوە، بە باشترین شێوە چاوچنۆکیی مۆدێرنە دەردەبڕێت: “ئەوەی لە خوێندنەوەی کافکادا ئاڵۆزی دروست دەکات، ئەو ڕاستییە نییە کە دەکرێت بە شێوەی جیاواز ڕاڤە بکرێت، بەڵکوو لەبەر ئەوەیە لە هەموو وتەیەکیدا ئەگەری ڕەمزی پۆزەتیڤ بە ئەندازەی ڕەمزی نێگەتیڤ بوونی هەیە… زانین هەنگاوێکە بەرەو ژیانێکی نەمر و لە هەمان کاتدا بەرەو ڕێگری لەبەردەمیدا.” ئەم قسەیە بۆ خودی بەرهەمەکانی هیدایەتیش ڕاستە: هەموو شتێک ڕێگرێکە، بەڵام دەکرێت وەک هەنگاوێکیش سەیر بکرێت.

دەکرێت لە دوایین هەنگاوی ئەزموونی هیدایەتدا بۆ مۆدێرنە، لە چوارچێوەی ئارەزوویدا بۆ مەرگ تێبگەین. هیدایەت لە ڕێگەی خۆکوشتنیەوە، سنوورەکانی ئەزموونی پەرە پێ دا، وەک چۆن لە مۆدێرنەدا تا ئەو جێگەیە فراوان بوو کە خودی چەمکی مۆدێرنەی دەخستە مەترسییەوە. ئەزموونی ئەدەبیی هیدایەت بۆ مۆدێرنە، تەنها ڕوونکردنەوە و شیکردنەوەی دڵەڕاوکی و خەمۆکی نییە، بەڵکوو دەربڕی حاڵەتی هونەرمەندێکی قارەمانە، کە بە هۆی مۆدێرنەوە دەژی، ئەویش بە قورسایی بەخشین بە ئەزموونی مۆدێرنە. هیدایەت بە درێژکردنەوەی بەدبینییە سیکۆلارەکەی خۆی بۆ دامێنی مۆدێرنە، وای کرد ئەزموونی تایبەتیی خۆی بۆ مۆدێرنە لەنێوان ڕابوردوو و ئایندەدا بێت و بچێت.