سەبارەت بە شانۆنامەی دادگاییکردن

“ئەم شانۆنامەیە هەلومەرجی زۆری تێدایە بۆ سینەما”

سەبارەت بە شانۆنامەی دادگاییکردن

سازکردنی: ئیدریس عەلی

شانۆنامەی “دادگاییکردن” بەرهەمێکی نوێی نووسەر و هونەرمەندی ناوداری کورد “دانا ڕەئووف”ە، کە باس لە کارەساتی ئەنفال دەکات و بە شێوەیەکی هونەری وامان لێ دەکات ئەو تاوانە گەورەیە و چیرۆکە غەمگینەکانی لەیاد نەکەین. شانۆنامەکە دۆکیۆمێنتارییە و پشتی بە کۆمەڵێک داتا، بەڵگە و شایەتحاڵی واقیعی بەستووە، لەم دیدارەدا لەگەڵ نووسەری شانۆنامەکە قسە لەسەر تەکنیک و ناوەرۆکی شانۆنامەکە دەکەین.

سەردەم: پاش ئەو هەموو ساڵە لە تاوانی ئەنفال و ئەزموونی نووسین و کاری هونەریی تۆ، بۆچی بەم دواییانە بیرت لە نووسینی تێکستێک کردەوە سەبارەت بەو کارەساتە؟

دانا ڕەئووف: وشەی ئەنفال لە گوێی هەموو کوردێکدا بۆ هەمیشە دەزرنگێتەوە، لە ویژدانی هەموو کوردێکدا بەردەوام ئامادەیی هەیە، بۆ هەمیشە ناوهێنانی وشەی “ئەنفال” بۆ ئێمەی کورد، بیرخستنەوەی مێژوویەکە کە پڕە لە تاوان، تاوانێکی ئێجگار گەورە. مێژوویەکە بۆ هەمیشە لە ئێستاماندا دەژی و وێنەکانی ئەو کارەساتەمان دێنێتەوە بەرچاو. ئەنفال شتێکە، هەمیشە لە ناوەوەی هەموو کوردێکدا، لە جووڵانێکی بەردەوامدایە، کە دەمانورووژێنێت و ئازارمان دەدات و ئەو مەترسییە گەورەیەمان بیر دەخاتەوە کە وەک نەتەوە لەبەر دەم کولتوور و شوناس و زمانی ئێمەدایە. هەندێک جار ڕووداوێک، یان کارەساتێک هێندە گەورەیە، وێران و کاست دەکات، لەجووڵەت دەخات و پێویستی بە کاتێکی زۆر زۆرە تا بێتە دەرەوە، ببێت بە شتێک، وێرانت بکات و بتهێنێتەوە سەری دێڕ. بۆ من وشەی بەدناوی “ئەنفال” وا بوو؛ لەپڕ وەک خەنجەرێک لەسەر دڵم بچەقێنن، ڕای چڵەکاندم و تووشی بارێکی دەروونیی خراپی کردم. دواجار خۆی ناچاری کردم “دادگاییکردن” بنووسم. ئەنفال تاوانێکی ئێجگار گەورەیە، کە بەداخەوە تا ئێستا ئێمە نەمانتوانیوە سوودی لێ وەربگرین بۆ دۆزە ڕەواکەمان، تەنانەت تا ئێستا نەمانتوانیوە بە شێوەیەکی شایستە یادی ئەم تاوانە گەورەیە بکەینەوە. دەبوو هەموو ڕۆژێک لە هەموو کوردستاندا یادی ئەنفال بکرایەتەوە.

سەردەم: لە ڕاستیدا چەمکی شانۆنامەی دۆکیۆمێنتاری لە دونیای ئێمەدا تازەیە، چۆن پێناسەی ئەم چەمکەمان بۆ دەکەیت و تایبەتمەندییەکانی شانۆنامەی دۆکیۆمێنتاری چین؟

دانا ڕەئووف: ڕەگوڕیشەی شانۆی دۆکیۆمێنتاری دەگەڕێتەوە بۆ دەرهێنەری ئەڵمانی “پیسکاتۆر” و دواتریش لای “پیتەر ڤایس” گەشەی زیاتری کرد. ئەم شانۆیە لەسەر بنەمای ڕووداوە مێژووییەکان، بەڵگەنامە، ئەرشیڤ، چاوپێکەوتن و ڕووداوە ڕاستەقینەکان بوونیاد دەنرێت. گرنگیی ئەم جۆرەی هونەر، یان دەقێکی لەم شێوەیە، ئەوەیە ڕاستییەکان لە شێواز و فۆڕمێکی هونەریدا، بێ ئەوەی لە بنەما ڕاستەقینەکانی ئەو ڕووداوانە دوور بکەوینەوە، دەخاتە ڕوو. یەکێک لە گرینگترین ئامانجەکانی ئەم شانۆیە، هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگەکانە، هاوکات دروستکردنی گفتوگۆیە دەربارەی کێشە سیاسی، کۆمەڵایەتی و مافەکانی مرۆڤ. یەکێک لە بنەماکانی تری کاری دۆکیۆمێنتاری، کە من لە شانۆنامەی “دادگاییکردن”دا بەکارم هێناوە، وتەی شایەتحاڵ، بەڵگەنامە فەرمییەکان، گێڕانەوەی قسەی کەسایەتییە ڕاستەقینەکانە. ئەم شانۆیە هەوڵ دەدات و یارمەتیدەرێکی باشە کە باشتر لە ڕووداوە مێژووییەکان بگەین و فێری بیرکردنەوەمان دەکات، پرسیار لە خۆمان بکەین: بۆچی ئەمە ڕووی داوە؟ پیتەر ڤایس کاری زۆری لەسەر بنەما و تەکنیکەکانی شانۆی دۆکیۆمێنتاری کردووە و چەندین بەرهەمی لەسەر بنەماکانی بەڵگەنامە مێژووییەکان نووسیوە، بۆ نموونە شانۆنامە گرینگەکەی “لێپێچینەوە،” کە سەبارەت بە دادگاییکردنی نازییەکانە، دوای دووەم جەنگی جیهانی، سەبارەت بە تاوانەکانیان لە ئاوشویز و هۆلۆکۆستی جووەکان. من سوودم لە “لێپێچینەوە”کەی پیتەر ڤایس، وەک تەکنیک بۆ دادگاییکردنەکەی خۆم، وەرگرتووە و ئەو دادگایەشم بە فۆڕمێکی زۆر باش زانی بۆ دادگاییکردنی سەرانی بەعس و بەدۆکیۆمێنتکردنی دۆسیەکانی ئەنفال. گەر بۆ دونیای ئێمەش تازە بێت، ئەوە بێگومان لە شانۆی جیهانیدا تازە نییە و چەند دەیەیەکە کاری لەسەر دەکرێت.

سەردەم: ئایا ئەو بەڵگە و شایەتحاڵ و بڕگە یاسایی و کەسایەتییانە لە واقیعدا بوونیان هەیە و پشتت بە سەرچاوەی باوەڕپێکراو بەستووە بۆ نووسینی تێکستەکە، یاخود بەرهەم و زادەی خەیاڵی خۆتن وەک نووسەر؟

دانا ڕەئووف: چی لەسەر زاری شایەتحاڵ و داواکاری گشتی و پارێزەرەکانەوە لەم دەقەدا هاتوون، ڕاستین و بەڵگە و دۆکیۆمێنتی ئەو تاوانانەن و من لە ئەرشیڤ و بەڵگەنامە و پەڕاوی دادگای باڵای تاوانەکانی عیراق و سەرچاوە باوەڕپێکراوەکانەوە وەرم گرتوون، هەندێکیانم وەک خۆی داناوەتەوە و هەندێکیشیانم داڕشتووەتەوە، بێ ئەوەی هیچ گۆڕانکارییەک لە ناوەرۆک، یان بۆ نموونە، جۆری قسەی شایەتحاڵەکاندا کرابێت. لەم شانۆنامە دۆکیۆمێنتارییەدا “کۆرس”یشم بەکار هێناوە، کە دەکەوێتە دەرەوەی سنوور و چوارچێوە دۆکیۆمێنتارییەکەوە، ئەم کۆرسانە، کە سیمبوڵ و نوێنەری خەڵکی ئەنفالکراوی کوردستانن و لەودنیاوە، لە مەملەکەتی مەرگەوە دەگەڕێنەوە و باسی ئەو تاوانە و کوردبوونمان بۆ دەکەن، ئەو چیرۆکانەمان بۆ دەگێڕنەوە کە دوێنێ و ئەمڕۆمان دەبەستێتەوە بەیەکەوە و ئەوەمان بیر دەخاتەوە، بەر لە تاوانەکە لە گوندەکانی خۆماندا چۆن ژیاوین و دوای تاوانەکە چیمان لێ هاتووە. ئەم کۆرسانە، کە شێوازێکی تراژیدیای گریکی بە دەقەکەش دەبەخشێت، زادەی بیری خۆمە و لە هیچ بەڵگەنامە و وتەی شایەتحاڵ و پەڕاوەکانی دادگای باڵای تاوانەکانەوە وەرنەگیراون.

سەردەم: ئایا ئەم جۆرە تێکستانە تەنها دەتوانن لەسەر شانۆ و وەک شانۆگەری پێشکەش بکرێن، یاخود دەکرێت فیلمسازانیش لە بەرهەمێکی سینەماییدا سوودیان لێ ببینن و بیکەن بە بەرهەمێکی سینەمایی؟

دانا ڕەئووف: بە ڕای من، ئەم “دادگاییکردن”ە هەلومەرجێکی زۆر باشی تیادایە بۆ سینەما، یان درامای تەلەڤزیۆنی. لە ڕووی تەکنیکەوە گونجاوە و نەفەسێکی سینەمایی لەخۆ دەگرێت، بێگومان وەک شانۆش، ئەوە هەر زۆر گونجاوە. کاتێک ئەم پرسیارەت ورووژاند، بیرم لەو فیلمە کردەوە کە چەند ساڵێک لەمەوبەر دیومە، سەبارەت بە دادگاییکردنی نازییەکان لە ئەڵمانیا، لە شەستەکانی سەدەی ڕابوردوودا، فیلمێکی بەڵگەنامەیی و هەروەها درامییش، کە ئەو دادگاییەی لە تەکنیکێکی باڵادا بەرجەستە کردبوو.

سەردەم: کێ مافی ئەوەی هەیە کار لەسەر ئەم شانۆنامەیە بکات، جا چ لەسەر شانۆ بێت، چ وەک فیلم، خۆت یان کەسانی تر؟ دواجار مەرج و پێوەرت چییە بۆ دەرهێنەرێک، گەر بیەوێت کار لەسەر ئەم شانۆنامەیە بکات؟

دانا ڕەئووف: من کارکردن لەم “دادگاییکردن”ەدا زۆر بە گرینگ و پێویست دەزانم، جا بۆ سەر شانۆ بێت، یاخود سینەما، بۆ ئەوەی وەک بەڵگەنامەیەک هەمیشە لەبەر چاوی نەوە نوێیەکان و ئەوانەی داهاتووشدا بێت، تا هەرگیز ئەم تاوانە لەیاد نەکرێت و بۆ ئەوەی هەرگیز جارێکی تر ڕوو نەداتەوە. خۆم زۆر حەز دەکەم لەسەر شانۆ کاری تێدا بکەم، گەر بارودۆخەکە گونجاو بێت؛ هەرکەسێکی تریش بیەوێت کاری تێدا بکات، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە قایلم، بە مەرجێک، لە ڕووی ستاف و دەرهێنەر و کاری هونەرییەوە لەو ئاستەدا بێت کە ئەم نمایشە شایانیەتی. لەو حاڵەتەدا خۆشم دەتوانم هاریکار بم.