لەم ساڵەدا ژاپۆن بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سەرۆکی چینی تیرۆر کرد
چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی دوانزەیەم
لەم ساڵەدا ژاپۆن بۆ خزمەتی بەرژەوەندییەکانی خۆی، سەرۆکی چینی تیرۆر کرد
نووسینی: تەها عەبدولناسر ڕەمەزان
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
لە سەرەتای سەدەی بیستەمدا، لە وڵاتی چین، دەسەڵاتی بنەماڵەی “چینگ/Qing” بە هۆی چەندین هۆکارەوە، لەوانە دەستتێوەردانی بیانی، شۆڕشی ناوخۆیی و گەندەڵیی کارگێڕی، ڕووبەڕووی داڕمان بووەوە.
لە ماوەی جەنگی ڕووسیا و ژاپۆن، لەنێوان ساڵانی 1904 و 1905دا، ناوچەی مەنشووریای چین بووە شوێنی ناکۆکیی نێوان ژاپۆنییەکان و ڕووسەکان، چونکە هەردوو لا هەوڵیان دەدا دەسەڵات و نفووزی خۆیان لەو ناوچەیەدا زیاد بکەن و بیخەنە ژێر کۆنترۆڵ و چنگی خۆیانەوە. دوای ئەوەی ژاپۆنییەکان لە جەنگەکەیاندا بەرانبەر ڕووسیا سەرکەوتنیان بەدەست هێنا، هەژموونی خۆیان بەسەر بەندەرەکان، هێڵەکانی ئاسنین و شوێنە بازرگانییەکانی مەنشووریادا سەپاند. ژاپۆنییەکان لەبری ئەوەی ڕاستەوخۆ بە شێوەی سەربازی مەنشووریا داگیر بکەن، پێیان باش بوو پشت بە “ئەمیرەکانی جەنگ/أمراء حرب/warlords” و ئەو چەکدارە چینییانە ببەستن کە دڵسۆزی ئەوان بوون.
دابەشبوونی چین دوای شۆڕش
لە ساڵی 1911دا چین شۆڕشێکی بە خۆوە بینی، شۆڕشێک کۆتایی بە دەسەڵاتی بنەماڵەی چینگ هێنا، وەلێ دوای ئەوە چین بوو بە کۆمارێکی لاواز و بەدەست لاوازیی سیستمی مەرکەزییەوە دەیناڵاند، چونکە سیستمە مەرکەزییەکە نەیدەتوانی شکۆ و دەسەڵاتی خۆی بەسەر تەواوی وڵاتدا بسەپێنێت، هەر بۆیە ساڵی 1916، لەگەڵ کۆچی دوایی سەرۆک “یوان شیکای/Yuan Shikai،” چین تووشی دابەشبوونێکی قووڵ بوو، چووە ناو قۆناغێکەوە، بە “ئەمیرییەکانی جەنگ” ناسراوە، قۆناغێک تیایدا چەندین سوپای جیاواز، بە سەرکردایەتیی ئەمیرەکانی جەنگ، دەرکەوتن و هەریەکێکیان بەشێکی وڵاتەکەیان کۆنترۆڵ کردبوو.
لەو کات و ساتەدا ئەمیرێکی جەنگ بە ناوی “زانگ زولین/Zhang Zuolin”ەوە دەرکەوت، ئەم ئەمیرە سەرکردایەتیی سوپایەکی دەکرد بە ناوی هێزەکانی “فانگتیان/Fengtian” و دەستی بەسەر چەند ناوچەیەکی فراوانی باکووری ڕۆژەڵاتی چیندا گرت؛ مەنشووریا یەکێک بوو لەو ناوچانە. بەپێی مەزەندەکان، ژمارەی سوپای فانگتیان لەدەوروبەری ساڵی 1924دا گەیشتبووە نزیکەی 175 هەزار چەکدار. دواتر زانگ زولین لە مەنشووریا، بە هۆی پشتگیریی ژاپۆنییەکانەوە بووە خاوەنی پیشەسازی و بەرهەمهێنانی کشتوکاڵێکی بەپیت و بەرهەمدار و گەشەسەندوو، هەروەها بووە خاوەنی سەرچاوەی سروشتیی جۆراوجۆر، کە دیارترینیان خەڵووز بوو.
لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابوردوودا، ژاپۆن پشتیوانییەکی سەربازی و مادیی زەبەلاحی پێشکەشی زانگ زولین کرد و چەکی پێشکەوتووی بۆ دابین کرد، بەمەش هێزەکانی فانگتیانی کردە یەکێک لە بەهێزترین سوپاکانی ئەو سەردەمەی چین. لەو کاتەدا بۆیە ژاپۆن ئەم پشتیوانییەی پێشکەشی زانگ زولین کرد، بەو هیوایەی وەبەرهێنانەکانی خۆی و دەسەڵات و نفووزی خۆی لە مەنشووریا بپارێزێت و ڕێگری بکات لە دەرکەوتنی دەوڵەتێکی یەکگرتووی چینی لەنزیک سنوورەکانی.
لەدەوروبەری ساڵی 1927دا، زانگ زولین بوو بە سەرۆکی حکومەتی “بایانگ/Beiyang،” ئەم حکومەتە بنکەکەی لە پەکین بوو، لەلایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتییەوە وەک حکومەتی کۆماری چین دانپێدانراو بوو. بەو هۆیەوە، ناوبراو بوو بە بەهێزترین پیاوی چین و کێبەرکێی ناسیۆنالیستەکانی دەکرد، کە لەلایەن سۆڤیەتەوە پشتگیری دەکران و سەرکردایەتییەکەیان لەلایەن “تشانغ کای تشیک”ەوە بوو.
تیرۆرێکی ژاپۆنی
لە ماوەی هەڵمەتی باکووردا، هەڵمەتێک تێیدا ناسیۆنالیستەکان بۆ لەناوبردنی دەسەڵاتی شازادەکانی جەنگ ئەنجامیان دا، سەرەڕای ئەوەی سوپاکەی زانگ زولین خاوەنی چەکی پێشکەوتوو بوو، کەچی لەگەڵ ئەوەشدا تووشی چەندین شکست و پاشەکشە بوو. ئەڵبەتە گەلێک هۆکار لەپشت ئەو شکستەوە بوون، لەوانە کەمیی دڵسۆزیی سەربازەکان بۆ سەرکردەکەیان، بڵاوبوونەوەی گەندەڵیی کارگێڕی، ناکۆکیی نێوان بەرپرسەکان، نەبوونی هەماهەنگی لەنێوان هێزەکاندا؛ لەبەرانبەردا ناسیۆنالیستەکان بۆ هاندانی سەربازەکانیان پشتیان بە هەڵمەتی بڵاوکردنەوەی پڕوپاگەندە بەست، هەروەها کۆمەک و پشتیوانیی چەند لایەنێکی دەرەکییشیان وەرگرت.
لەنێوان ساڵانی 1927 و 1928دا، زانگ زولین دووچاری چەندین شکست بوو، ئەم شکستە یەکلەدواییەکانە ناچاریان کرد لە پەکینی پایتەخت بکشێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ مەنشووریا. بە هۆی ئەم شکست و پاشەکشێیەوە، لەناو ڕیزی هێزەکانی سوپای ژاپۆندا پلان بۆ تیرۆرکردن و ڕزگاربوون لێی داڕێژرا، چونکە زانگ چیتر نەیدەتوانی بەرژەوەندییەکانی ژاپۆن بپارێزێت و بووبوو بە بەربەست لەبەر دەم بڕیارەکانی ئەو بەرپرسە باڵایانەی لەو کاتەدا بیریان لە دەستتێوەردانێکی سەربازیی ڕاستەوخۆی ژاپۆن لە مەنشووریا دەکردەوە.
بەم شێوەیە، لەنزیک پردێک لە ناوچەی “شینیانغ/Shenyang،” سەربازانی سوپای “کوانتونگ/Kwantung”ی ژاپۆنی بۆمبێکیان لەنزیک پردی ئەو ناوچەیە چاند. لەگەڵ تێپەڕبوونی شەمەندەفەرەکەی زانگ زولین بەسەر پردەکەدا، لە 4ی حوزەیرانی 1928دا ژاپۆنییەکان بۆمبەکەیان تەقاندەوە و پردەکە ڕووخا و شەمەندەفەرەکەی زانگ زولین لەو بەرزاییەوە کەوتە خوارەوە و ئاگری گرت. دوای چەند کاتژمێرێک، زانگ زولین بە هۆی سەختیی برینەکان و سووتانەکەیەوە گیانی لەدەست دا. لەو نێوەندەدا بەرپرسانی هێزەکانی فانگتیان هەواڵی کوژرانی زانگ زولینیان بۆ ماوەی زیاتر لە دوو هەفتە شاردەوە؛ ئامانجی شاردنەوەی هەواڵەکە بریتی بوو لە ڕێکخستنەوەی کاروباری کارگێڕی و سیاسی و ڕێگریکردن لە داڕمانی تەواوەتیی سوپاکە و هەڵگیرسانی جەنگی ناوخۆ لە مەنشووریا.
سەرچاوە: ئەلعەربییە نێت، 24ی ئایاری 2026