سەرنجێکی کورت لەسەر فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ

سەرنجێکی کورت لەسەر فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ

وەرگێڕانی: ڕێبین هەردی

هیگڵ لە دەستنووسەکانی ینادا دەنووسێت: “هەرکەسێک دەیەوێت و وا بیر دەکاتەوە باشترینی جیهانێک بێت کە هیی ئەوە، بەڵام ئەو کەسە باشترینی ئەم جیهانەیە، کە بە باشترین شێوە ئەو جیهانە وەسف بکات کە هیی خۆیەتی.”

ڕەنگە بتوانرێت بگوترێت فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ باشترین هەوڵی فەلسەفییە بۆ وەسفی جیهانی واقعی ئێمە. لای هیگڵ، هەموو دیاردە مێژووییەکان بە پێناسە دیاردەی سیاسین، چونکە ژیانی سیاسی مەرجی ئیمکانییات و بەکرداربوونی مێژووە. لێرەوە فەلسەفەی هیگڵ بەر لە هەرشتێک فەلسەفەیەکی سیاسییە و هیگڵ فەیلەسووفی دەوڵەتی مۆدێرنە. بەڵام سیاسەت لە دیدی هیگڵەوە ساتێکە لە هەمەکییەکی بیرلێکراوە؛ ڕەنگە هەر لەبەر ئەوە تێگەیشتن لە فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ پێویستی بە تێگەیشتن لە سەرجەم فەلسفەکەی، واتە “سیستمی زانستە.” بەڵام دەبێت ئاگاداری ئەوە بین فەلسەفەی هیگڵ فەلسەفە وەک هەقیقەتی سیاسەت دەخاتە ڕوو، چونکە بوونی فەلسەفە بوونێکی واقعی و لێرەوە سیاسییە، بە هەمان شێوەی سیاسەت دەکەوێتە ڕەوتی دیاردەناسی و فەلسەفی. کە وا بوو، دەکرێت بگوترێت بوونناسیی هیگڵ گوتاری فەلسەفەی سیاسییە، چونکە بە خستنەڕووی چەمکی هەقیقیی سیاسەت، فەیلەسووف دەتوانێت دەستی بە هەقیقەتی سیاسەت بگات. لێرەوە فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ هیچ نییە، جگە لە سیاسەتی بەفەلسەفیبوو. لێرەوە لەو قسەیەی هیگڵ تێدەگەین کە دەڵیت: “فەلسەفە بیری سەردەمی خۆیەتی.” ئەوەی خەسڵەتی سەردەمی هیگڵ پێک دەهێنێت، ڕوودانی شۆڕشی فەڕەنسی و هێنانەپێشی تازەی مەسەلەی ئازادییە، کە هیگڵ هەوڵ دەدات فەلسەفیی بکات. تیۆرەی سیاسیی هیگڵ دەربڕی لەدایکبوونی ئازادییە لە سەردەمی مۆدێرندا. بە دەربڕینێکی دی، فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ دەربڕی درەکەوتەی ئازادییە لە مۆدێرنەدا. لەم ڕووەوە بەواقعبوونی جیهانی مۆدێرن هاوکاتە لەگەڵ واقعیبوونی دەوڵەتی مۆدێرن. فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ شیکردنەوەی چەمکی سروشتی ئازادی نییە، بەڵکوو دیاردەناسیی ئازادییە، کە هەوڵ دەدات قۆناغە جیاوازەکانی بەواقعبوونی ئازادی لە مێژوودا دیاری بکات. لەم ڕووەوە فەلسەفەی هیگڵ فەلسەفەی ئازادییە، واتە هەوڵێکی فەلسەفییە بۆ بیرکردنەوە لە واقعی مێژووی وەک چەمکێک. کە وا بوو، لە دیدی هیگڵەوە هەقیقەتی ئازادی لە چەمکێکی ئازادیدایە، کە قۆناغەکانی دروستبوونی عەقڵانییەتی خۆی لە مێژوودا جێ هێشتووە؛ لە فەلسەفەی هیگڵدا بە شێوەیەکی دووبارە سوود لە چەمکی ئازادی وەرگیراوە. لە دیدی هیگڵەوە ئازادی شێوەی بوونناسییانەی بیر یان ڕۆحە، لێرەوە ئەوەی هیگڵ ناوی دەنێت “فەلسەفەی ڕۆح،” فەلسەفەی ئازادییە. لەو ڕووەوە مرۆڤ بیر یان ڕۆحە، کە وا بوو، مرۆڤ ئازادە، بەڵام مرۆڤ هۆشیاربوون بە ئازادیی خۆی لە ڕەوتی دیاردەناسیدا بەدەست دەهێنێت،کە ڕەوتێکی فێرکاری و پەروەردەییە. کە وا بوو، لە دیدی هیگڵەوە ئازادی لە سروشتدا نییە، بەڵکوو ئازادی مەسەلەیەکی مێژووییە، کە مرۆڤ لە ڕێگەی ئەزموونکردنی واقع و زیهنیکردنیەوە بەدەستی دێنێت. لێرەوە ئازادیی مرۆڤ تەنها سیاسی و یاسایی نییە، بەڵکوو ئازادییەکی لۆژیکی-فەلسەفییە، چونکە ئازادی لە دیدی هیگڵەوە ئازادیی بیرلێکراوە و “بەچەمککراوە.” هەر ئازادییەک کە بە کردارێتی بووە، ئازادییەکی بیرلێکراوەیە. بە دەربڕینێکی دی، ئازادی هۆشیاربوونە بە ئازادی.

سیاسەت کاریگەریی لەسەر هۆشیاربوون بە ئازادی نییە، چونکە هۆشیاربوون بە ئازادی دەرەنجامی کرداری بیرکردنەوەی مرۆڤ نییە، بەڵکوو دەرەنجامی خەباتی بەردەوام و هەمیشەییە بۆ بەزیندوویی مانەوە و بەزیندوویی هێشتنەوەی مێژووە. مێژوو بواری خەباتە بۆ ئازادی و خەباتگێڕیی سەرەکیی ئەم خەباتە تاکەکەسە. لای هیگڵ، مێژوو شانۆی خەباتی چینایەتی نییە، چونکە هیگڵ سەیری مێژوو وەک بواری سەرکەوتن و شکست و شۆڕش و دژەشۆڕشەکان ناکات. لای هیگڵ، مێژوو بواری پەیوەندیی هۆیەتی (علی) ڕوداوەکان نییە؛ لە دیدی هیگڵەوە دیدێکی لەم شێوەیە پەیوەندیی بە بواری عەقڵەوە نییە، بەڵکوو دیدێکی هەستەکییە (شعورییە). هیگڵ لەبەر ڕەتکردنەوەی تیۆرەی کانتی جیاوازیکردن لەنێوان نۆمێن و دیاردەدا، بە پێچەوانەی کانتەوە، ئازادی لەبواری دیاردەدا دانانێت. لە دیدی هیگڵەوە مرۆڤ دوو پانتایی مێژوویی هەیە: پانتاییەک دیاردە و پانتاییەکی دی هۆیەتی. لێرەوە ڕووداوە مێژووییەکان ئەو دیاردانەن کە بە شێوەی هۆیەتی لە پەیوەندیدان بەیەکەوە؛ بەڵام هیگڵ لەپای ئەوەی عەقڵ دەخاتە ژێر ڕکێفی مێژووەوە و مێژووگەر بێت، لە مێژوودا بەدوای بوونێکی عەقڵانیدا دەگەڕێت؛ ئەم عەقڵانییەتە لە سیستمی فەلسەفیی هیگڵدا لە ڕێگەی پێشبینییەوە بەدەست نایەت، بەڵکوو دەرەنجامی ڕەوتی دیاردەناسییە، کە لەبەرامبەر ڕەوتی سروشتیدا ڕادەوەستێت. لەم ڕووەوە لە بیرکردنەوەی هیگڵدا “ناچارکردنی مێژوویی” و “ناچارکردنی سروشتی” دوو شتی جیاوازن. “ناچاری مێژوویی” شتێکی بیرلێکراوە و بەچەمکبووە، چونکە شتێکی مەعنەوییە، واتە بەستراوە بە ئیرادەی مرۆڤەوە، لە کاتێکدا لە دیدی هیگڵەوە ئیرادەی مرۆڤ دەوری خۆی بە شێوەیەکی عەقڵانی دەبینێت. لە ڕاستیدا ئیرادەی مرۆیی لە دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت. کە وا بوو، لە دیدی هیگڵەوە سیاسەتی چەمک، چەمکی مێژوویی سیاسەتە، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتدا بەرجەستە دەبێت. لەم حاڵەتەدا ئازادیی سیاسیی تاکەکەس یان هاووڵاتی بەستراوە بە چۆنایەتیی مێژوویی دەوڵەتەوە. لێرەدا هیگڵ سوود لە وشەی ئەڵمانی eschichtlichkeit وەردەگرێت، کە بە مانای مێژوویی گشتی و گەردوونییە، نەک مێژوویی بەشەکی (جزئی). لای هیگڵ (بە پێچەوانەی هایدگەرەوە) ئەوەی مێژووییە، دەوڵەتە نەک مرۆڤ. دەوڵەت خۆی جۆرێک کرداری مێژووییە، چونکە دەوڵەت بەرهەمهێنەری مرۆڤی سیاسییە؛ لەبەر ئەوە کارنامەی دەوڵەتی هیگڵی پاراستن و مانەوەی مرۆڤ نییە بەتەنها، بەڵکوو شکڵبەخشینە بە بوونی مەعنەویی مرۆڤ، واتە ئازادیی مرۆڤ. بەڵام مرۆڤی سروشتی مرۆڤێکی ئازاد نییە، چونکە کار و کردەوەی دیاریکراوە و بنەمای هۆیەتی تێیدا بە شێوەیەکی هۆشیارانە کار ناکات؛ لەبری ئەمە، ئازادیی مەعنەوی، کە بە شێوەی دیاردەناسییانە لە مێژوودا شکڵ وەردەگرێت، ئازادییەکی بەرجەستە و سیاسییە. بۆ ئەم مەبەستە، هیگڵ لە بەرهەمەکانی خۆیدا زۆرتر سوود لە چەمکی ئازادیی عەقڵانی وەردەگرێت، تا لە چەمکی ئازدیی سیاسی، چونکە لە دیدی هیگڵەوە ئازادیی عەقڵانی ئازادییەکی ئەبستراکت نییە، بەڵکوو بابەتی و بەرجەستەیە. بە دەربڕینێکی دی، دەوڵەت دەرکەوتەی ئازادییە، کە لە هەمان کاتدا  زیهنییە (واتە ئەزموون کراوە)، بابەتیشە (واتە بە قۆناغی چەمکیش گەیشتووە). کە وا بوو، ئێمە لە چوارچێوەی دەوڵەتی هیگڵدا هەم چەمکی ئازادیمان هەیە و هەم ئەزموونکردنی ئازادی. لێرەوە تەنها لە چوارچێوەی دەوڵەتدا، ئێرادەی گشتی و هۆشیاریی تاکەکەسی هاوتا دەبن.

لە دیدی بیریارە دێرینەکانەوە (لەوانە ئەرستۆ)، ئازادیی سیاسی نەک ئامانج، بەڵکوو ئامرازێک بوو؛ لە کاتێکدا لە فەلسەفەی سیاسیی مۆدێرندا مەسەلەی سەرەکی زامنکردنی ئازادییە لەپاڵ دروستکردنی دەوڵەتدا، ئەمەش بابەتێکە بیریارانی وەک مەکیاڤیلی، هۆبز، لۆک و ڕۆسۆ هۆشیارن پێی. بێگومان دەکرێت باشترین وەسفی ئازادی لای مۆنتیسیکۆ بدۆزینەوە، کە کاریگەریی لەسەر هیگڵ هەبووە. لە دیدی مۆنتیسیکۆوە: “ئازادی مافی ئەنجامدانی ئەو کارانەیە کە یاساکان ڕێگەی پێ دەدەن.” بەڵام ئەوەی لای هیگڵ گرنگە، تەنها پێوەری ئازادیی سیاسیی نییە، بەڵکوو شێوەی ئەگەری ڕوودان و شێوەی دەرکەوتن و بەرجەستەبوونیەتی. لێرەوە ئازادی تەنها لە مێژوودا و لە چوارچێوەی دەوڵەتدا مومکینە. لێرەوە ماهییەتی مێژووی دەوڵەت، بریتییە لە وەڵامدانەوەی زەروورەتە مێژووییەکان، بەڵام بوونی دەوڵەت بەستراوە بە هۆشیاریی مرۆڤەکان بە بوونیەوە. لە دیدی هیگڵەوە ئازادیی سیاسی تەنها کاتێک دێتە دی، کە هاووڵاتییان بە شێوەیەکی ئیرادی و عەقڵانی لە دروستبوونیدا دەوریان هەبێت. بە دەربڕینێکی تر، لە دیدی فەیلەسووفێکی وەک هیگڵەوە جۆرێک کردارە، نەک جۆرێک زەمانەت. ئازادیی سیاسی چۆنایەتیی مرۆڤی سروشتی نییە، بەڵکوو توانایەکی مرۆییە کە لە قۆناغی عەقڵانییەتدا دێتە پێشەوە. لێرەوە تاکەکەس بە بەشداریکردنی لە گشتی سیاسیدا (واتە بەشداربوون لە ژیانی سیاسیدا) لە شێوەی هاووڵاتیی مێژووییدا درەدەکەێت. لێرەوە شکڵوەرگرتنی بابەتییانەی دەوڵەت هاوکاتە لەگەڵ پەروەردەی عەقڵی تاکەکەسدا وەک هاووڵاتی. لە یدی هیگڵەوە، سەرچاوەی واقعی مەعنەویی مرۆڤ لە پەیوەندیدا بە دەوڵەتەوە درووست دەبێت. مرۆڤی سروشتی بە بەرجەستەبوونی دەوڵەت دەگۆڕێت بۆ بوونێکی مێژوویی.

کاتێک هیگڵ باسی “بوونێتیی خودایی” دەوڵەت دەکات، مەبەستی دووبارەکردنەوەی نمایشی هۆبزی “خودای کاتی” نییە، بەڵکوو مەبەستی ئەوەیە دەوڵەت شتێکی زیاترە لەوەی دیاردەیەکی مرۆڤناسی بێت، چونکە خاوەن ماهییەتێکی فەلسەفییە. بەم شێوەیە، مێژووی دەوڵەت دەکەوێتە ناو چوارچێوەی دەوڵەتێکی مێژووییەوە، کە بەتەواوی سیکۆلار و دنیایی بووە. مێژووی جیهان (Weltgeschichte) لای هیگڵ مێژوویەکی بەدنیاییبوو و لە ئەفسانە داماڵراوە. لێرەوە جەوهەری خودایی دەوڵەت دەرەنجامی جووڵەی دیاردەناسیی ڕۆحە لە جیهاندا، نەک لۆژیکی خودایی-سیاسی، کە دەکەوێتە سەروو جیهانی مرۆڤەکانەوە. بەڵام کاتێک باسی دیدی هیگڵ بۆ دەوڵەت دەکەین، دەبێت لە هەمان کاتدا باسی دیدی هیگڵ بۆ “چەمکی ماف” بکەین.

وەک گوتمان، هیگڵ لەگەڵ ئەوەشدا ئاشنای سەرجەم بەرهەمەکانی هۆبز و ڕۆسۆ بوو، بەڵام لە هەردووکیان دوور دەکەوێتەوە. لای هیگڵ، گواستنەوە لە دۆخی سروشتییەوە بۆ دۆخی سیاسی و مەدەنی یارمەتیی دروستبوونی دیاردەناسییانەی مافی تاکەکەس دەدات، چونکە ئەم گواستنەوەیە بە مانای کۆتاییهاتنی دڕندەییەکە، کە بە شێوەیەکی ئارەزوومەندانە ڕوو دەدات. هیگڵ لە پەرەگرافی ٥٠٢ی بنەماکانی فەلسەفەی مافدا دەنووسێت: “دۆخی سروشتی، دۆخی کرداریی توندوتیژئامێز و نەبوونی دادپەروەرییە، کە دەبێت لێی دەربچین، لە کاتێکدا کۆمەڵگە بە پێچەوانەی دۆخی سروشتییەوەیە، کە تێیدا ماف دەبێت بە بوونگەلی بەرجەستە.”

وەک گوترا، لە دیدی هیگڵەوە دەوڵەت ئازادییەکی بەکرداربووە، واتە لای هیگڵ دەرکەوتنی ماف، مافی ئیرادەی ئازادە. بەڵام هیگڵ بەدوای ڕەوایەتیدانەوە نییە بە مافی سروشتی، چونکە ماف لای هیگڵ نەک لە پەیوەندیدا بە مرۆڤی سروشتییەوە، بەڵکوو لە پەیوەندیدا بە مرۆڤی کولتوورییەوە دروست دەبێت. هیگڵ لە نووسینەکانی گەنجیی خۆیشیدا گرنگی بەم مەسەلەیە دەدات و ماف بە دەرەنجامی دەوڵەت-شاری (Polis) ئەسینی دەزانێت. بەڵام هیگڵ لە ساڵی ١٨٥٥ بەدواوە و لە وانەکانی خۆیدا لەبارەی فەلسەفەی ڕۆحەوە، پەیوەندیی خۆی لە دیدی یۆنانییەوە بۆ ماف دەپچڕێنێت و چەمکی “دیالەکتیکی نەفی” دەخاتە بری. هیگڵ لە پەرەگرافی ٢٩ی بنەماکانی فەلسەفەی مافدا دەنووسێت: “ماف دەرکەوتەی بوونێکە، کە بە شێوەی ئیرادەی ئازاد بەرجەستە دەبێت.” مەبەستی هیگڵ لە “ئیرادەی ئازاد،” ئاماژەکردنە بۆ ئازادیی زیهنی، کە لە دیدی هیگڵەوە خاڵی جیاوازی نێوان کۆن و مۆدێرنەکانە. هیگڵ دوابەدوای کانت و بە دابڕان لەگەڵ سەردەمی دێرین و بیرکردنەوەکانی سەدەی ناوەڕاستدا، گرنگی بە کەسایەتیی مرۆیی لە پەیوەندیدا بە ماهییەتی مرۆییەوە دەدات، نەک بە پێگەی کۆمەڵایەتییەوە. لای هیگڵ، مەسەلەی ئازادی لەگەڵ گواستنەوە لە دۆخی سروشتییەوە بۆ دۆخی مەدەنی نایەتە ئاراوە، چونکە تاکەکەسی ئازاد تاکەکەسێکە دەتوانێت ئازادی بەڕێوە ببات. لێرەدا هیگڵ بە پیچەوانەی ڕۆسۆوە پەیمانی کۆمەڵایەتی بە لەدەستدانی ئازادی، نەک بەدەستهێنانی، دەزانێت.

بە قسەی هیگڵ، ڕۆسۆ و تیۆرەداڕێژەرانی پەیمانی کۆمەڵایەتی توانای ڕەوایەتیدانیان بە دەوڵەت نییە و خستنەڕووی تیۆرەی “ناچارکردن” بۆ پەیڕەوی لە ئیرادەی گشتی، دەبێتە هۆی لەناوبردنی ئازادیی کەمینەکان. کە وا بوو، بە قسەی هیگڵ، پەیمانی کۆمەڵایەتی داهێنانی بۆرژوازییەکە، کە هێشتا بە پلەی هاووڵاتی نەگەیشتووە و ئەم پلەیەی هاووڵاتیبوونەش تەنها لە ئازادییەکی بەرجەستەبوودا، واتە لە دەوڵەتدا بەدەست دێت.

لە سیستەمی سیاسیی هیگڵدا باڵاترین و کامڵترین قۆنا‌غ دەوڵەتە، چونکە لە دەوڵەتدایە هاووڵاتییان سەرجەم مافە بنەڕەتییەکانی تێدا دەدەۆزنەوە. بە دەربڕینێکی دی، لە دیدی هیگڵەوە “ماف” سەلمێنەری ئەو شتەیە کە هەیە. ئەوەی بوونی هەیە، عەقڵانییە. لێرەوە هیگڵ لە تیۆرەی مافی خۆیدا هەم لە ئەرستۆ جیا دەبێتەوە، هەم لە کانتیش. ئەرستۆ جیاوازی لەنێوان “دادپەروەریی سروشتی” و “دادپەروەریی یاسایی”دا دەکات و کانتیش ئەخلاق لە ڕەوایەتیی یاسایی جیا دەکاتەوە. بەڵام لە دیدی هیگڵەوە چەمکی “ماف” چەمکی “دادپەورەی” لەگەڵ خۆی ناهێنێت. بە قسەی هیگڵ، دەوڵەتی یاسایی دەوڵەتێکە لە ڕەوتی مێژوودا دروست دەبێت، بە دەربڕینێکی تر، ئەوەی لە مێژوودا ئەزموونی دەکەین، ئەزموونی عەقڵانییەتە. ئەگەر دەوڵەتێک هەیە، لەبەر ئەوەیە دەرەنجامی ڕەوتی عەقڵانیی هۆشیاریی ئازادییە لە مێژوودا. ئەم بابەتە بیرخەرەوەی ئەو ڕستە بەناوبانگەی هیگڵە کە دەڵێت: “ئەوەی عەقڵانییە واقعییە و ئەوەی واقعییە عەقڵانییە.” یەکێک لە تەفسیرکەرانی هیگڵ بڕوای وایە بەشی یەکەمی ئەم ڕستەیە ماهییەتێکی شۆڕشگێڕانەی هەیە و بەشی دووەمی ماهییەتێکی پارێزگارانەی هەیە. بەڵام ڕۆزانکرانس، کە تەفیسرکەرێکی تری هیگڵە، بڕوای وایە هیگڵ بە گوتنی ئەم ڕستەیە دەیەوێت ماهییەتی شۆڕشگێڕانەی واقعی عەقڵانی دەرببڕێت. هیگڵ لە وانەکانی خۆیدا لە هایدلبرگ، ساڵی ١٨١٧ و لە وانەکانی خۆیدا لە بەرلین، ساڵی ١٨١٨ دەنووسێت: “ئەوەی عەقڵانییە، دەبێت بە شێوەیەکی زەرووری ڕوو بدات.” بە دەربڕینێکی تر، دەوڵەت لە دیدی هیگڵەوە واقعی مێژووی جیهانی مۆدێرنە، کە کۆتایی بە ستەمکاری دەهێنێت. هەر لەبەر ئەمە دەکرێت بگوترێت بنەمای عەقڵانییەتی ماف، مێژووە، چونکە تەنها لە دەوڵەتدایە مرۆڤ دەتوانێت بوونی عەقڵانیی خۆی بە شێوەیەکی تەواو بەدەست بێنێت، چونکە ڕەگەزی سەرەکیی ئازادیی، عەقڵانییەتە.

بەڵام هیگڵ لەگەڵ ئەمەشدا مێژوو بە پەرستگەی بەختەوەری نازانێت، چونکە بەدوای یۆتۆپیاوە نییە. مێژوو لای هیگڵ دەرکەوتنی ئازادییە وەک واقع؛ کە وا بوو، بەو ئەنجامە دەگەین بیری سیاسیی هیگڵ، بیری سیاسەتی واقعییە و لێرەوە ڕەخنەی هەموو جۆرە بیرکردنەوەیەکە، کە واقعی سیاسی بە شێوەیەکی ئایدیاڵی و وەک شتێکی دەرەکی تەماشا دەکات.

لە دیدی هیگڵەوە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە بیرکردنەوەیەکی عەقڵانی نییە، چونکە دەوڵەتێکی خەیاڵی لەبەرامبەر دەوڵەتی واقعیدا دادەنێت و گرنگی بە واقع نادات. لە کاتێکدا فەلسەفەی سیاسیی هیگڵ بەدوای تێگەیشتن و دروستکردنی پێگەی سیاسییەوەیە بۆ بەواقعیبوونی بیر. فەلسەفە بریتییە لە پێویستیی بیرکردنەوە لەبارەی واقعەوە و ئەم پێویستییە دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی مرۆڤی واقعی، کە لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی بەرجەستەبوودا درێژە بە ژیانی دەدات.