چەقۆ و یادەوەرییەکی تاڵ
چەقۆ و یادەوەرییەکی تاڵ
ڕانانی: ئیدریس عەلی
کتێبی “چەقۆ” نوێترین بەرهەمی نووسەری ناوداری هیندی-بەریتانی “سەلمان ڕوشدی”یە، ئەو نووسەرەی بە هۆی یەکێک لە ڕۆمانەکانیەوە بەر نەفرەتی جیهانی ئیسلامی کەوت و فەتوای حەڵاڵکردنی خوێنیان بۆ دەرکرد، هاوکات بڕیکی زۆر پارە وەک پاداشت بۆ هەر “دیندارێک”ی پەڕگیر تەرخان کرا، کە دەستی بگاتە گیانی ئەم نووسەرە و بە قەولی خۆیان، بۆ دۆزەخی بنێرن، ئەمەش ئەو ڕاستییە دووپات دەکاتەوە کە نووسەران گەر لە ڕەهەندێکی ڕەخنەییەوە لە کۆمەڵگە و چەمکە پیرۆزکراوەکان بڕوانن، ئەوا بەر گوتار و هێرشی توندوتیژی دەکەون، هاوکات یەک پنت لە چوارقوڕنەی ئەم جیهانە بەئاسایشی نامێنێتەوە، وەک نووسەری ناوداری کورد “عەتا نەهایی” لە ڕۆمانی “گرەوی بەختی هەڵاڵە”دا دەڵێت: “خەنجەرەکە شارەوشار، شاخەوشاخ دوای نێچیرەکە دەکەوێت و لە دڵی دەچەقێت.”
بابەتی ئەم کتێبە (چەقۆ) بیرەوەرییە و لەلایەن نووسەر و وەرگێڕ “ماردین ئیبراهیم”ەوە بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەرگێڕراوەتە سەر زمانی کوردی، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
سەلمان ڕوشدی لەم کتێبەدا بە شێوازێکی جوان و تەکنیکی ڕۆمانئاسا بیرەوەرییەکانی خۆی لە پەیوەند بە هێرشکردنە سەری دەگێڕێتەوە، کە لەلایەن گەنجێکی پەڕگیرەوە، کە خۆی لە کتێبەکەدا بە “ئەی” ناوی هێناوە، بە نیازی کوشتن، لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی نووسەران و ڕۆشنبیراندا پەلامار درا، ڕوشدی بە وردەکارییەکی زۆرەوە چیرۆکی ئەو هێرش و پەلامارە قۆناغ لەدوای قۆناغ دەگێڕێتەوە: “هێشتا دەتوانم ئەو ساتە بەخاوی ببینم، چاوم لەسەر پیاوێکە کە لەناو خەڵکەکەوە دەردەپەڕێت و لێم نزیک دەبێتەوە، هەموو هەنگاوە هەراوەکانی ڕاکردنە بەپرتاوەکەی دەبینم، خۆم دەبینم هەڵدەستمە سەر پێیەکانم و ڕووی تێ دەکەم (بەردەوامم لە ڕووتێکردنەکەم و هەرگیز پشتی تێ ناکەم، هیچ برینێک بە پشتمەوە نییە) دەستی چەپم بۆ بەرگریلەخۆکردن هەڵدەبڕم، چەقۆکەی تێ دەچەقێنێت.” لەمە پتریش گێڕانەوەکە پەل دەهاوێت بۆ کۆمەڵێک پرس و بابەتی دیکە، بەتایبەت پرسی ئازادیی نووسین و ئاسایشی نووسەران لەژێر سایەی دەسەڵاتە پەڕگیرە دینییەکاندا، هاوکات جگە لە ئاشکراکردنی شوناسی گەنجە پەلاماردەرەکە، چیرۆکی ژیانی ڕابوردووشیمان بۆ دەگێڕێتەوە، کە چۆن کەوتووەتە ژێر کاریگەریی گوتارە ئاگرین و ورووژێنەرە دینییەکانەوە.
ڕەنگە گێڕانەوەی ئەم بیرەوەرییانە بۆ ڕوشدی، کە لە دیدی جەلادەکەیەوە نەدەبوو لە ژیاندا مابا، هەناسەیەکی نوێ بێت، کە لە ژیانە نوێیەکەیدا هەڵی دەمژێت، ئەو ژیانە نوێیەی دوای ویستی کوشتنی دەست پێ دەکات؛ دەرفەتەکە ئەوەیە کە لە ڕووی دەروونی و ڕۆحییەوە خۆی بەتاڵ دەکاتەوە لەو کابووسەی چەقۆ خستوویەتە سەر جەستەی و ڕۆح و دەروونیشی پێوە زامدار کردووە، هاوکات لە ڕێی ئەو چەقۆیەوە ئاوڕ لە ژیانی خۆی، ئەزموونی نووسین و ئەو ڕابوردووە دەداتەوە کە کۆی نەخشەی ژیانی پێک دەهێنن، چونکە لێرەدا خوێنەر هەم بە دونیابینی و ئەندێشەی سەلمان ئاشنا دەبێت، هەم وەک فیلمێکی بەڵگەیی گۆشە و کەنارەکانی ژیانی ئەم نووسەرە دەبینن، بەتایبەت تێڕوانینەکانی سەبارەت بە چەمکی ئاین، ئازادی، جەنگە گەورەکان و خێزان، لە هەمووی کاریگەرتر، ئەو قۆناغەی پەتای کۆرۆنا ڕەوتی ژیان لە سەرتاسەری جیهاندا پەک دەخات و مەرگ بە نهێنی و ئاشکرا لە دەرگا و پەنجەرەکانەوە خۆی دەکات بە ماڵەکاندا.
ئەوەی وای کرد جیهانی ئیسلامی و دەسەڵاتە دینییەکان فەتوای کوشتنی بۆ دەربکەن و بە پاداشتی پارە و چوونەبەهەشت دنەیان بدەن، ڕۆمانی “ئایەتە شەیتانییەکان” بوو، کە لە ساڵی ١٩٨٨دا بڵاوی کردەوە و بووە هۆی ئەوەی لە وڵاتانی جیهانی ئیسلامیدا هەرا بنێتەوە، گوایە “کتێبەکە کەسایەتیی پەیامبەری موسڵمانانی بەسووکایەتییەوە و بە پشتبەستن بە هەندێک لە گێڕانەوەکانی سەحیحی بوخاری باس کردووە.”
بەم هۆیەوە لە ١٤ی شوباتی ١٩٨٩دا فەتوایەک سەبارەت بە بەفیڕۆدانی خوێنی نووسەر سەلمان ڕوشدی بە دەسەڵاتی ئایەتوڵا خومەینیی ڕێبەری ئینقلابی ئێران، لە ڕێگەی ڕادیۆی تارانەوە دەرکرا، کە تیایدا ڕای گەیاند پێویستە سەلمان ڕوشدی لەسێدارە بدرێت.
لە ماوەی دوای دەرکردنی ئەم فەتوایەدا، شەپۆلێکی گەورەی هێرش و هەڕەشە لە خاوەنی چاپخانەکان و بڵاوکەرەوە و وەرگێڕەکان کرا و زۆرێک لە وەرگێڕان و خاوەنی چاپخانەکان لەلایەن گروپە ئیسلامییەکانەوە هەڕەشەی کوشتنیان لێ کرا.
زۆرێک لە کتێبخانەکان سووتێنران و تەقێنرانەوە. کێبەرکێ لەنێوان هەندێک گروپدا ئەنجام درا بۆ سووتاندنی زۆرترین ژمارەی کتێبەکە.
لە ١٢ی ئابی ٢٠٢٢دا، لە کاتێکدا خەریک بوو دەست بە خوێندنەوەی وتارێک بکات لە دامەزراوەی چاوتاوکوا لە نیو یۆرک، سەبارەت بەوەی ئەمەریکا پەناگەیەکی سەلامەتە بۆ ئەو نووسەرانەی ڕووبەڕووی گۆشەگیری دەبنەوە، ڕوشدی لەلایەن کەسێکەوە ھێرشی کرایە سەر و هێرشبەرەکە بەپەلە ھاتە سەر شانۆکە و چەندین چەقۆی لە جەستەی ڕوشدی دا.
پۆلیسی نیو یۆرک ڕای گەیاند ئەو کەسەی هەوڵی کوشتنی سەلمان ڕوشدیی داوە، ناوی هادی مەتەرە و تەمەنی ٢٦ ساڵە و دانیشتووی ویلایەتی نیو جێرسی ئەمەریکایە؛ ڕوونیش کراوەتەوە ناوبراو لایەنگری حیزبوڵای لوبنانییە و سەرسامیشە بە سوپای پاسدارانی ئێران.
سەلمان ڕوشدی، لەدایکبووی ١٩ی حوزەیرانی ساڵی ١٩٤٧، لە مۆمبای وڵاتی هیندستانە و لە ئینگلتەرا نیشتەجێ بووە، کەسایەتییەکی ڕۆماننووس و نووسەرێکی هیندی-بەریتانی و ئەمەریکییە، کارەکانی یەکگرتنی هەردوو چەشنی ڕیاڵیزمی سیحری و مێژووی خەیاڵییە، لەگەڵ هەندێک چەمکی دیکەی وەک کۆچکردن لەنێوان شارستانییەکانی ڕۆژەڵات و ڕۆژاوا. ناوی ڕاستەقینەی سێر ئەحمەد سەلمان ڕوشدییە.
لە بەناوبانگترین کارەکانی کتێبی “ئایەتە شەیتانییەکان”ە، کە بووە هۆی دەنگدانەوەیەکی گەورە، بەتایبەتی لە جیهانی ئیسلامیدا، بە هۆیەوە چەندین خۆپیشاندان لە سەرانسەری جیهاندا ئەنجام درا، لەلایەن ڕووحوڵا خومەینییەوە فەتوای کوشتنی بۆ دەرچوو، لەو کاتەوە ڕوشدی لەژێر ناوی خوازراودا دەژی و لەژێر چاودێریی چڕدایە.
سەلمان تاکە کوڕی ئەنیس ئەحمەد ڕوشدییە، کە پارێزەرێکی دەرچووی کامبریج بووە و بووەتە بازرگان، ڕوشدی لە شاری مۆمبای لە هیندستان لەدایک بووە، لە قوتابخانەی کاتێدراڵی جۆن کۆنین لە مۆمبای خوێندوویەتی، پێش ئەوەی بچێتە قوتابخانەی بەشە ناوخۆیی ڕەگبی لە ئینگلتەرا، پاشان خوێندنی بەکالۆریۆسی لە کۆلێژی ئیمپریاڵ خوێندووە، لە زانکۆی کامبریج و لەوێ مێژووی خوێندووە. پێش ئەوەی خۆی تەرخان بکات بۆ نووسین، لە دوو دەزگای ڕیکلام (ئۆگیلڤی، مازەر و ئایر پارکەر) کاری کردووە.
ڕوشدی چوار جار هاوسەرگیریی کردووە، هاوسەری یەکەمی ناوی کلارسیا لوارد بووە، ساڵی ١٩٧٦ تا ١٩٨٧، کوڕێکیان بە ناوی زەفەرەوە بووە؛ هاوسەری دووەمی ڕۆماننووسی ئەمەریکی ماریان ویگینزە، ساڵی ١٩٨٨ هاوسەرگیریی کردووە و ساڵی ١٩٩٣ جیا بووەتەوە؛ هاوسەری سێیەمی ساڵی ١٩٩٧ تا ٢٠٠٤، ناوی ئەلیزابێس وێست بووە، کوڕێکیان بووە بە ناوی میلان؛ ساڵی ٢٠٠٤ لەگەڵ خانمە ئەکتەر و مۆدێلی ئەمەریکی-هیندی پادما لاکشمی هاوسەرگیریی کردووە. هاوسەرگیرییەکە لە ٢ی تەمووزی ٢٠٠٧دا کۆتایی هات و لاکشمی ڕای گەیاند کۆتاییهاتنی هاوسەرگیرییەکە بە خواستی خۆی بووە.
سەلمان ڕوشدی تا ئێستا ١٧ کتێبی نووسیوە و چەندین خەڵاتی بواری ئەدەبیی بەدەست هێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٧ەوە لەلایەن شاژن ئیلیزابێسی دووەمەوە نازناوی شۆڤالییەی پێ دراوە.
لە زانکۆی کەمبریجی بەریتانیا خوێندنی تەواو کردووە. بەریتانییەکی بە ڕەچەڵک هیندییە.
سەلمان ڕوشدی بە هۆی ڕۆمانەکانی منداڵانی نیوەشەو و ئایاتە شەیتانییەکانەوە ناوبانگی دەرکردووە. لە بواری نووسیندا شێوازی ڕیاڵیزمی جادوویی پەیڕەو دەکات.
لە ١٤ی شوباتی ١٩٨٩دا بە هۆی کتێبی ئایاتە شەیتانیەکانەوە لەلایەن خومەینیی ڕابەری شۆڕشی ئیسلامیی ئێرانەوە فەتوای کوشتنی لەژێر ناوی هەڵگەڕانەوەدا بۆ دەرکراوە.
لە ساڵی ١٩٨١دا خەڵاتی بووکەری بۆ ڕۆمانی منداڵانی نیوەشەو وەرگرتووە. لە حوزەیرانی ساڵی ٢٠٠٧دا لەلایەن شاژن ئیلیزابێسی بەریتانیاوە خەڵاتی شۆڤالییەی پێ دراوە.
بەشێک لە ڕۆمانەکانی سەلمان ڕوشدی بریتین لە: ١. گریمۆس (۱۹۷٥)؛ ٢. منداڵانی نیوەشەو (١٩٨١)؛ ٣. شەرم (١٩٨٣)؛ ٤. بزەی پڵنگ: گەشتێک بۆ نیکاراگوا (١٩٨٧)؛ ٥. ئایەتە شەیتانییەکان (١٩٨٨)؛ ٦. هاروون و چیرۆکەکانی دەریا (١٩٩٠)؛ ٧. نیشتمانە چۆڵەکان: وتار و ڕەخنە (١٩٩٢)؛ ٨. بێلانەبوون بە حەزی خۆت لەگەڵ ئاڕ. جاب ڤاڵا و ڤی ئێس نایپل (١٩٩٢)؛ ٩. ڕۆژەڵات – ڕۆژاوا (١٩٩٤)؛ ١٠. دوایین ئاهی عەرەبێکی مەغریبی (١٩٩٥)؛ ١١. شانۆنامەی منداڵانی نیوەشەو (١٩٩٩)؛ ١٢. زەویی ژێر پێ (١٩٩٩)؛ ١٣. تووڕەیی (٢٠٠١)؛ ١٤. گاڵتەجاڕەکەی شالیمار (٢٠٠٥)؛ ١٥. ئەفسوونگەرەکەی فلۆرانس (٢٠٠٨)؛ ١٦. لوکا و ئاگری ژیان (٢٠١٠)؛ ١٧. دوو ساڵ و هەشت مانگ و بیست و هەشت شەو (٢٠١٥).