ئایا خەڵکی هێشتا دەخوێننەوە؟

ئایا خەڵکی هێشتا دەخوێننەوە؟

خالید ئەلغانمی

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

هەرکاتێک کەسێک گلەیی لە هەیمەنە و باڵادەستیی مۆبایل یان تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بکات، ئەو پرسیارەی سەرەوە دێتەوە بەر باسوخواس و خەریکە دەبێتە ئەو پرسیارەی بەردەوام دووبارە دەبێتەوە: ئایا خەڵکی هێشتا دەخوێننەوە؟ وەڵامەکەش زۆر جار بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە دێت و دەڵێت: چیتر کەس ناخوێنێتەوە. بەڵام ئەم وەڵامە خێرایە، سەرەڕای ئەوەی‌ بووەتە وەڵامێکی باو و بەربڵاو، لە هەناوی خۆیدا هەڵگری پارادۆکسێکه،‌ چونکە ڕەنگە مرۆڤ لە مێژووی خۆیدا، هێندەی ئەمڕۆ زۆری نەخوێندبێتەوە. ئێمە لەگەڵ وشەکان لە خەو هەڵدەستین، بە وشەکان کار دەکەین، بە وشەکان پەیوەندی دەکەین، دەخەوین و وشەکان هێشتا لەسەر شاشەی مۆبایلەکان بەدوامانەوەن. هەواڵەکان، نامەکان، کۆمێنتەکان، ڕیکلامەکان، ڕێنماییەکان و ئاگادارکردنەوەکان، هەموو ئەمانە خوێندنەوە دەکەنە ئامادەترین چالاکی لە ژیانی ڕۆژانەماندا. بۆیە پرسیارە ڕاستەقینەکە ئیتر ئەوە نییە: ئایا خەڵکی هێشتا دەخوێننەوە؟ بەڵکوو ئەوەیە: چی دەخوێننەوە و چۆن دەخوێننەوە؟

لێرەوە خوێندنەوە لەبری ئەوەی پاشەکشە بکات، ‌گۆڕانی بەسەردا هاتووە. لە ڕابوردوودا خوێندنەوە ڕووداوێکی نائاسایی بوو، مرۆڤ کتێبێکی هەڵدەبژارد، چەندین کاتژمێر لەلای دادەنیشت و سەرنجی تەواوی پێ دەبەخشی. بەڵام ئەمڕۆ خوێندنەوە بووەتە تەوژمێکی بەردەوام؛ تەوژمێک، وای لێ هاتووە پچڕان بە خۆیەوە نابینێت. وەلێ ئەم تەوژمە هەمیشە دەرفەتی وەستان یان تێڕامان بە خوێنەر نابەخشێت، بەڵکوو پاڵی پێوە دەنێت بۆ گواستنەوەی بەردەوام، لە دەقێکەوە بۆ دەقێکی تر، لە بیرۆکەیەکەوە بۆ بیرۆکەیەکی تر، تا وای لێ هاتووە خێرایی بووەتە یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی خوێندنەوەی مۆدێرن. لەبەر ئەمە، پێویستە جیاکاری لەنێوان بڕی خوێندنەوە و سروشتی خوێندنەوەدا بکرێت؛ بڕی خوێندنەوە ئاماژەیە بۆ ژمارەی ئەو وشانەی مرۆڤ لە هەر ڕۆژێکدا پێیاندا تێدەپەڕێت و دەیانخوێنێتەوە، بەڵام سروشتی خوێندنەوە‌ پەیوەستە بەو پەیوەندییە گەرموگوڕەی لەگەڵ دەقەکەدا دروستی دەکات. ڕەنگە مرۆڤ لە ڕۆژێکدا هەزاران وشە بخوێنێتەوە، بەڵام بە بڕی پێویست، لەلای یەک بیرۆکە نامێنێتەوە و ڕاناوەستێت، کە ڕێگەی پێ بدات تێڕوانینی ئەو بۆ جیهان و بۆ ژیان سەرلەنوێ دابڕێژێتەوە.

کەواتە کێشەکە لە کەمی و نەبوونی ‌زانیاریدا نییە، چونکە ئێمە لە سەردەمێکدا دەژین، پڕە لە زانیاری؛ کێشەکە ئەوەیە زۆریی زانیاری، مەرج نییە بە واتای زۆریی تێگەیشتن یان قووڵیی تێگەیشتن بێت. ئاخر مەعریفە تەنها دەرەنجامی ئەو داتایانە نییە کە کۆیان دەکەینەوە، بەڵکوو توانای دروستکردنی پەیوەندییە لەنێوانیاندا، دۆزینەوەی ئەو مانایەیە کە کۆیان دەکاتەوە. لەبەر ئەوە کتێب لە باشترین وێنەیدا، وەڵامی حازر و ئامادە نابەخشێت بە خوێنەر، بەڵکوو زیاتر خوێنەر فێر دەکات چۆن پرسیاری باشتر بورووژێنێت.

ئامرازە دیجیتاڵییەکان خودی چەمکی خوێندنەوەیان گۆڕیوە. لە کتێبی کاغەزیدا، سەرەتا و کۆتایی کتێبەکە ڕوون و ئاشکرایە و دەتوانرێت بە دەستلێدان هەستیان پێ بکرێت، پەیوەندی لەگەڵ کتێبەکەدا پەیوەندییەکی ڕاستەقینەی گەرم و نزیکە، خوێنەریش بەو تاکە ڕێگەیەدا دەڕوات کە نووسەر کێشاویەتی. بەڵام لەسەر شاشە، هەموو لاپەڕەیەک بەرەو دەیان لاپەڕەی ترت دەبات، هەر بیرۆکەیەک بە ئاگادارکردنەوەیەکی نوێ یان لینکێکی تر بانگهێشتت دەکات، ڕەنگە لەو نێوەندەشدا ڕیکلامەکان پچڕانت بۆ دروست بکەن. بەم شێوەیە خوێندنەوە بووەتە شتێک، هاوشێوەی گەڕان لە شارێکدا کە شەقامەکانی کۆتاییان نایەت. نابێت تێڕوانینمان بۆ ئەم پرسە تراژیدی بێت، چونکە ئەم ئازادییە بێسنوورە لە دەستڕاگەیشتن بە دەقەکان، یەکێکە لە گەورەترین دەستکەوتەکانی سەردەم، بەڵام لە هەمان کاتدا وای کردووە پاراستنی سەرنج و تێڕامانەکان بووەتە تەحەدایەکی ڕۆشنبیریی، کە پێشتر وێنەی نەبووە.

هەر بۆیە گەورەترین مەترسی کە هەڕەشە لە خوێندنەوە دەکات، نە کەمیی کتێبە و نە دوورکەوتنەوەی خەڵکە لێی، بەڵکوو داخوران یان نەمانی توانای مانەوەیە لەگەڵ یەک بیرۆکەدا، نەمانی حەوسەڵەی مانەوەیە لەگەڵ بیرۆکەیەکدا تا دەگاتە دوایین وێستگەی خۆی. ئەمەیە کێشە سەرەکییەکە؛ خوێندنەوەی قووڵ پێویستی بە ئارامی هەیە، ئارامییش لە سەردەمی ڕیتمی خێرادا، لە سەردەمی ئەو بڕە زەبەلاحەی دەقەکان کە دەیانەوێت لە هەموو ساتێکدا هەڵبکوتنە سەر هۆشیاریمان، بووەتە شتێکی تاقەتپڕووکێن و نەخوازراو. کاتێک مێشک بە بازدانی خێرای نێوان دەقەکان ڕادێت، ئەوا پانتاییەکی فراوان لە زانیاری بەدەست دەهێنێت؛ بەڵام لەوانەیە توانای قووڵبوونەوە و چوونەدەرەوە لە بازنەی تێگەیشتنی ڕووکەش لەدەست بدات. لێرەدا بڕی خوێندنەوە کەم ناکات، بەڵکوو شێوە و ئەرکەکەی گۆڕانیان بەسەردا دێت.

ڕەنگە گرنگترین شتێک کە خوێندنەوەی قووڵ بیبەخشێت، ئەوە بێت بەهرەی “سەرنجدان” بۆ مرۆڤ دەگەڕێنێتەوە. سەرنجدانیش تەنها سەیرکردنی چاو نییە بۆ وشەکان، بەڵکوو توانای مانەوەیە لەگەڵ یەک بیرۆکەدا، تا ئەو شوێنەی بیرۆکەکە چی لە هەناویدایە دەری دەبڕێت. ئەڵبەته مرۆڤ بە خوێندنەوەی خێرا لە دەقەکان تێناگات، بەڵکوو کاتێک لە دەقەکان تێدەگات، کە کاتی تەواوەتییان پێ دەبەخشێت و ڕێگە بە دەقەکان دەدات چینە شاراوەکانی خۆیان ئاشکرا بکەن. دەکرێت قەیرانی کولتووریی ئەمڕۆ، زیاتر پەیوەندیی بە کەمی و ‌دەگمەنیی کتێبەوە نەبێت، هێندەی پەیوەندیی بە کەمیی سەرنجدان و تەرخانکردنی کاتەوە هەبێت.

ئێمە لە سەردەمی ئابوورییەکی نوێدا دەژین، ئابوورییەک تێیدا ئەپڵیکەیشن و پلاتفۆڕم و سەکۆ و ئامرازەکانی ڕاگەیاندن کێبەرکێ دەکەن بۆ کۆنترۆڵکردن و دەستبەسەرداگرتنی چاو و مێشکمان، تەنانەت کار گەیشتووەتە ئەوەی خودی سەرنجدان ببێتە شتێکی دەگمەن. هەر بۆیە خوێندنەوە، لە قووڵترین ماناکانیدا، دەبێتە بەرگرییەک لە دژی ئەم پارچەپارچەبوونە، چونکە خوێندنەوه تەنها ئامرازێک نییە بۆ بەدەستهێنانی مەعریفە، بەڵکوو ڕاهێنانێکی ڕۆژانەیە لەپێناو گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ مێشک و ڕزگارکردنی مێشکە لەو ڕیتمەی زۆریی زانیاری دەیسەپێنێت.

لەوانەیە ئەم حاڵەتە دیاردەیەکی ئاشکرا و بەرچاوی ژیانی کولتووریمان بۆ ڕوون بکاتەوە،. دیاردەی ئەوەی ئێمە ئەمڕۆ زیاتر لە هەرکاتێکی تر وتە و ئیقتباس ئاڵوگۆڕ دەکەین و لە جاران کەمتر تاوتوێی بیرۆکە گەورەکان دەکەین. زیاتر ڕستەی کورت بەکار دەهێنین تا هێنانەوەی بەڵگەی درێژ، ناونیشان کاریگەریی زیاترە لە خودی کتێبەکە، پوختە و کورتکردنەوە ڕەواجی لە خوێندنەوەی تەواوی دەقەکە زیاترە. ئەمە بانگەوازێک نییە بۆ نۆستالیژیا و تامەزرۆیی بۆ ڕابوردوو، هێندەی ئەوەی بانگەوازێکە بۆ دووبارە بیرکردنەوە لە واتای خودی خوێندنەوە خۆی، چونکە خوێندنەوە تەنها وەرگرتنی زانیاری نییە، بەڵکوو ڕاهێنانە لەسەر گوێگرتن، لەسەر بەرگەگرتنی ئاڵۆزی، لەسەر بەرەنگاربوونەوەی ئەو حەزە هەمیشەییەی‌ هەتە بۆ چوونە سەر شتێکی تر.

لەبەر ئەوە، داهاتووی خوێندنەوە بە ژمارەی کتێبە چاپکراوەکان و بە ژمارەی ئەو کاتژمێرانەی لەبەر دەم شاشەکاندا بەسەری دەبەین دیاری ناکرێت، بەڵکوو بە توانامان بۆ گەڕاندنەوەی خوێندنەوە وەک کارێک لە کارەکانی سەرنجدان دیاری دەکرێت. چونکە ڕۆشنبیری بەوە ناپێورێت کە چەندە وشە بەکار دەهێنین، بەڵکوو بەو شوێنەوارە دەپێورێت کە ئەو وشانە لە ناخی ئێمەدا جێی دەهێڵن. ڕەنگە زۆر بخوێنینەوە و هیچ شتێک لە ئێمەدا نەگۆڕێت، ڕەنگە تەنها یەک لاپەڕە بخوێنینەوە و شێوازی تێڕوانینمان بۆ هەموو جیهان بگۆڕێت.

لێرەوە ئەو پرسیارەی دەبێت سەرقاڵمان بکات، ئەوە نییە: ئایا خەڵکی هێشتا دەخوێننەوە؟ بەڵکوو ئەوەیە: ئایا هێشتا بەو جۆرە دەخوێنینەوە کە خوێندنەوە بکاتە ئەزموونێک بۆ دووبارە بوونیادنانەوەی مرۆڤ، نەک تەنها خوویەک بێت کە وشە و کاتی پێ بەفیڕۆ بدەین؟ چونکە لەنێوان زۆریی خوێندنەوە و کوالێتییەکەیدا، لەنێوان زۆریی دەقەکان و قووڵیی وەرگرتنیاندا، سیمای ڕۆشنبیریی لە سەردەمەکەماندا دیاری دەکرێت، لەگەڵیشیدا جۆری ئەو مرۆڤە دیاری دەکرێت کە بە خوێندنەوەکانمان دروستی دەکەین.

سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 12ی تەمووزی 2026