ئەو نووسەرەی دوو جار دەمرێت
ئەو نووسەرەی دوو جار دەمرێت
“هەندێک دەق زوو پیر دەبن و هەندێکی تریش لەگەڵ هەر نەوەیەکدا گەنج دەبنەوە”
خالد ئەلغانمی
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
نووسەر ڕەنگە دوو جار بمرێت؛ جارێکیان کاتێک خەڵک لە خوێندنەوەی دەوەستن، جارێکی تریش کاتێک تەرمەکەی لە قووڵایی خاکدا دەشارێتەوە. پارادۆکسەکە لەوەدایە، مردنی یەکەم بە ساڵانێکی زۆر پێش مردنی دووەم دەکەوێت، چونکە دەکرێت نووسەر بە جەستە زیندوو بێت، بەڵام لە ڕووی ئامادەیی کولتووری و ڕۆشنبیرییەوە کوژابێتەوە، یان هەر لە بنەڕەتەوە دانەگیرسابێت. ئەمە بابەتێکی ئاڵۆزە، ئاخر نووسین لە جەوهەری خۆیدا، هەوڵێکە بۆ بەرەنگاربوونەوەی مردن/الغیاب.
مرۆڤ دەزانێت ڕۆژێک دێت دەنگە ڕاستەقینەکەی دەوەستێت و نامێنێت، بۆیە دەقێک جێ دەهێڵێت و ئاواتەخوازە دوای خۆی بەردەوام بێت لە قسەکردن. ئەمەیە وای کردووە کتێب هەمیشە ئامرازێک بووە بۆ گفتوگۆکردن لەگەڵ کەسانێک کە ڕەنگە نووسەرەکە نەیانناسێت، یان ڕەنگە هێشتا لەدایک نەبووبن. کاتێک ئەمڕۆ ئەفلاتوون یان جاحز یان موتەنەبی دەخوێنینەوە، ئێمە تەنها وەک کەسایەتیی نێو ڕابوردوو مامەڵەیان لەگەڵدا ناکەین، بەڵکوو وەک دەنگێک کە هێشتا دێنە ناو پرسیار و ناکۆکییەکانمانەوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەین. ئەوانە دەنگگەلێکن، مردن ڕەت دەکەنەوە و بەرەنگاری دەبنەوە. پێم وایە ئەوان ئەگەر بزانن چەند کەس ئەوانی خوێندووەتەوە، ئەوا تووشی سەرسووڕمانێکی گەورە دەبن. لێرەدا دەکرێت ئەرستۆ وەک نموونە بهێنینەوە، کە بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەزار ساڵ، لەسەر تەختی زانستی سروشتی و فەلسەفەی سروشت دانیشت. بێگومان ئەمە سەرکەوتنێکی گەورەیە و ڕەنگە بە خەیاڵی ئەرستۆدا نەهاتبێت کە دوای مردنی، هەموو ئەم شکۆمەندییەی بۆ بەدی هاتووە؛ بەڵام شانس یاوەری هەمووان نییە، نووسەرانێک هەن پێش ئەوەی بمرن، ون دەبن، کتێبەکانیان بڵاو دەبنەوە و کەس باسیان ناکات، دەنووسن و هیچ شوێنەوارێک جێ ناهێڵن، وردە وردە ناوەکانیان بەرەو ناوچەی بێدەنگی پاشەکشە دەکات، بە تەواوی مانای بێدەنگی. لێرەدا نووسەر لە ڕووی جەستەییەوە زیندووە و ئامادەیی هەیە، بەڵام لە کایەی ڕۆشنبیری و کولتووریدا غائیبە. ژیانی نووسەریش تەنها بە ژمارەی فرۆشی کتێبەکانی ناپێورێت، ڕەنگە هەندێکیان لە سەردەمی خۆیاندا ناوبانگێکی زۆریان هەبێت و دواتر زوو ون ببن؛ لە کاتێکدا هەندێکی تر لە ژیانیاندا بایەخ و گرنگییەکی ئەوتۆیان پێ نادرێت، پاشان نەوەی دواتر دێن و دەیدۆزنەوە و بایەخ و گرنگیی پێ دەدەن. بۆ نموونە نیچە تەنها لە کۆتاییەکانی ساڵانی هەشتاکانی سەدەی نۆزدەیەمدا گەیشتە ئەو ناوبانگە فراوانەی کە هەیەتی، ئەوەش تەنها ساتێکی کەم پێش ئەوەی باری ئەقڵیی بەرەو هەرەسهێنان بچێت.
لەگەڵ ئەوەشدا ناوبانگ ڕووداوێکی خێرایە، بەڵام مانەوە بابەتێکی ترە؛ یەکەمیان ڕەنگە بۆنەیەکی سیاسی یان مشتومڕێکی کاتی و ڕاگوزەر لەگەڵ کۆنەپارێزەکان، یان هەرایەکی میدیایی دروستی بکات، بەڵام دووەمیان، واتە مانەوە، پێویستی بەوەیە دەقەکە توانای بەرهەمهێنانی مانای هەبێت، دوای ئەوەی ئەو بارودۆخەی تێیدا بەرهەم هاتووە نامێنێت و کۆتایی پێ دێت. لێرەدا پارادۆکسێکی تر دەردەکەوێت: مەرج نییە هەموو نووسەرێکی بەناوبانگ لە ڕووی ڕۆشنبیری و کولتوورییەوە زیندوو بێت، هەروەها مەرج نییە هەموو نووسەرێکی فەرامۆشکراویش بەتەواوی مردبێت. ڕەنگە ناوێک لەنێو ڕۆژنامە و سەکۆ و پلاتفۆڕمەکانی سۆشیال میدیادا ئامادەیی هەبێت، بەڵام هیچ شتێک بۆ یادەوەری زیاد ناکات؛ لەبەرانبەردا ڕەنگە ناوێکی تر ساڵانێک ون بووبێت، پاشان بەهێزەوە دەگەڕێتەوە، کاتێک خەڵک بۆیان دەردەکەوێت ئەو پرسیارانەی ئەو نووسەرە خستوویەتە ڕوو، هێشتا کۆتاییان نەهاتووە، ئا لەبەر ئەوەیە کتێبخانەکان شوێنێکی سەیرن؛ کتێبی تێدایە تەنها چەند ساڵێکە دەرچووە و کەس نایانکاتەوە، لەتەنیشتیشیاندا کتێبگەلێک هەن، سەدان ساڵیان بەسەردا تێپەڕیوە و هێشتا ئامادەییان هەیە. تەمەنی زەمەنیی کتێب/العمر الزمنی للکتاب، تەمەنە کولتوورییەکەی دیاری ناکات. دەقگەلێک هەن زوو پیر دەبن، هەندێکی تریش لەگەڵ هەر نەوەیەکدا گەنج دەبنەوە؛ بەڵام کێ ئەم ژیانی دووەمە دەبەخشێت بە نووسەر؟
بۆ وەڵامی ئەو پرسیارە، هەمیشە تەنها دەق بەس نییە، بەڵکوو ژمارەیەک دامەزراوەی تەواو هەیە کە بەشدارن لە دروستکردنی یادەوەریی کولتووری، لەوانە زانکۆکان، دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوە و وەشانخانەکان، ڕۆژنامەکان، پڕۆگرامەکانی خوێندن، ڕەخنەگران، وەرگێڕان، خەڵاتەکان و کتێبخانەکان. ئەم دامەزراوانە تەنها کتێبەکان ناپارێزن، بەڵکوو تا ئاستێکی زۆر بڕیار دەدەن چی بۆ خوێندنەوە بمێنێتەوە و چی پاشەکشە بکات و لە سێبەردا بمێنێتەوە. لێرەوە مێژووی ئەدەب و فیکر تەنها مێژووی ئەوانە نییە کە نووسیویانە، بەڵکوو مێژووی ئەوانەشە کە پارێزگارییان لێ کراوە و ئەوانەشی پارێزگارییان لێ نەکراوە و فەرامۆش کراون. ڕەنگە هەندێک کەسیش هەبن، سەرەڕای نالەباریی بارودۆخەکە، فەرامۆشکردن قبوڵ ناکەن.
وەرگێڕان یەکێکە لە بەهێزترین ئامرازەکانی بەرەنگاربوونەوەی ئەم فەرامۆشییە. ئەو نووسەرەی تەنها لەنێو زمانەکەی خۆیدا قەتیس ببێت، ئەوا ڕەنگە لەناو سنوورەکانیدا بمرێت، پاشان وەرگێڕانێکی باش دێت و خوێنەرێکی بۆ پەیدا دەکات، کە نووسەری کتێبەکە پێشتر ئەو خوێنەرەی نەناسیوە. هەندێک نووسەر تەنها ئەو کاتە بوونە خاوەنی ناوبانگی جیهانی، کە بەرهەمەکانیان گوازرانەوە بۆ سەر زمانێکی دیکە. لێرەدا وەرگێڕان تەنها گواستنەوەی وشەکان نییە، بەڵکوو بەخشینی تەمەنی نوێیه بە دەقەکە. سەردەمی ئینتەرنێتیش خودی مانای مردنی کولتووریی گۆڕی. پێشتر ونبوونی کتێب لە کتێبخانەکان بەس بوو بۆ ئەوەی لە خوێنەر دوور بکەوێتەوە؛ بەڵام ئەمڕۆ دەقێکی کۆن، دەکرێت لە ماوەی چەند ڕۆژێکدا، بە هۆی گوتەیەکی بڵاوکراوە یان وانەیەکی ڤیدیۆیی یاخود وەشانێکی ئەلیکترۆنییەوە بگەڕێتەوە. دیجیتاڵکردن جۆرێکی نوێی لە مانەوە بە کتێبەکان بەخشی، بەڵام لە هەمان کاتدا لافاوێکی گەورەی لە دەق دروست کردووە، کە فەرامۆشکردن خێراتر دەکات. ئێمە تا ڕادەیەکی زۆر هەموو شتێک پاشەکەوت دەکەین، بەڵام تەنها کەمێک دەخوێنینەوە، ئەمەش بەرەو پرسیارێکی قورسترمان دەبات: ئایا نەمریی کولتووری بەهرەیەکی ناو دەقەکەیە، یان شانسێکی مێژوویی؟
ڕەنگە هەردووکیان بێت، نووسەر پێویستی بە دەقێکە توانای هەبێت کات و سەردەمی خۆی تێپەڕێنێت، بەڵام پێویستیشی بە خوێنەرێکە لە کات و ساتی گونجاودا بێت. کتێب بەتەنیا ناژی، بەڵکوو بەو پەیوەندییە دەژی کە لەنێوان کتێبەکە و خوێنەرێکی نوێدا تازە دەبێتەوە. هەرجارێک کەسێک کتێبێکی کۆن دەکاتەوە و پرسیارێکی تێدا دەدۆزێتەوە کە پەیوەندیی بە خۆیەوە هەبێت، نووسەری کتێبەکە دەست بە ژیانێکی تر دەکاتەوە؛ ڕەنگە هەر لەبەر ئەمە بێت نووسەر، نیگەرانی و دڵەڕاوکێیەکی تایبەتی بەرامبەر بە داهاتوو هەیە. نووسەر نایەوێت تەنها کتێبەکەی تەواو بکات، بەڵکوو پرسیاری ئەوە دەکات ئایا دوای ساڵانێکی تریش خوێنەرێک دەدۆزێتەوە؟ ڕاستە نووسەر لە ئێستادا دەنووسێت، بەڵام بەشێکی نووسینەکەی هەمیشە ئاڕاستەی سەردەمێک کراوە، کە ناتوانێت بیبینێت و تێیدا ناژی و هیچ کەسێکیش گەرەنتیی مانەوە ناکات. نووسەر دەتوانێت دەقەکەی باشتر بکات و بیرۆکەکەی بگەیەنێتە دوایین ئاست، پاشان ئەوەی تری بۆ زەمەن جێ دەهێڵێت؛ چونکە کتێبەکان، وەک خاوەنەکانیان، قەدەری خۆیان هەیە، کە ناتوانرێت بە تەواوی کۆنترۆڵ بکرێت. هەر بۆیە ڕەنگە گۆڕ، کۆتایی ڕاستەقینەی نووسەر نەبێت؛ کۆتایی کاتێک دەست پێ دەکات، کە پەیوەندیی نێوان دەق و خوێنەر دەپچڕێت. بەڵام مادام کەسێک هەیە کتێبەکە دەکاتەوە، گفتوگۆی لەگەڵدا دەکات یان شتێکی تێدا دەدۆزێتەوە کە شایانی بیرلێکردنەوە بێت، یان تەنانەت شایانی ڕەتکردنەوە بێت، ئەوا شتێک لەو نووسەرە، هێشتا لە دەرەوەی بازنەی مردن ماوەتەوە.
سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 10ی ئابی 2026