ئومبێرتۆ ئێکۆ لە گفتوگۆیەکدا هەموو شتێک دەڵێت
ئومبێرتۆ ئێکۆ لە گفتوگۆیەکدا هەموو شتێک دەڵێت
ڕانانی: ئیدریس عەلی
ئەم کتێبە (ئومبێرتۆ ئێکۆ) گفتوگۆیەکی گەرموگوڕ و هەستیار و پڕ لە زانیارییە دەربارەی قۆناغەکانی ژیان و سەرەتای دەستبردن بۆ پشکۆی نووسین و گەشەکردنە لەسەرخۆکانی هزر و داهێنانی ئەم نووسەر و بیرمەندە جیهانییە، گفتوگۆکە لەلایەن “لەیلا ئەعزەم زەنگەنە”وە ئەنجام دراوە و نووسەر و وەرگێڕ “هیوا قادر” بە سەلیقە پڕ لە وردەکارییە زمانەوانییەکەی خۆی، بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و لە بڵاوکراوەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە و ئێستا لە کتێبفرۆشییەکان بەردەستە.
خوێنەر لە ڕێی ئەم کتێبە قەبارە گچکەیەوە بە تەواوی ڕەهەندەکانی ژیان و نووسین و هزر و تێڕوانینەکانی ئێکۆ ئاشنا دەبێت، چونکە هەم کەسی پرسیارکەر لە زۆر دەرگا دەدات کە پێشتر لێی نەدراوە، هەم کەسی وەڵامدەرەوە بە دنیایەک گەنجینەی مەعریفی و ڕۆشنبیرییەوە، لە ناخیەوە دەرگای دڵی بۆ وەڵامەکان دەخاتە سەر پشت و سەرەنجام، خوێنەر بە کوردییەکی جوان و بێگرێوگۆڵ وتووێژێکی پڕ لە زانیاری و چێژبەخش دەخوێنێتەوە، هاوکات ڕۆژنامەنووسانیش فێر دەکات چۆناوچۆن وتووێژ ئەنجام بدەن و چۆن بە چەکی ڕۆشنبیری و مەعریفییەوە لە گرنگی و بەها و فەلسەفەی پرسیارکردن و ورووژاندن تێبگەن و بچنە جەنگی گفتوگۆکانەوە.
ڕەنگە هەندێک جار بۆ ناسینی زیاتر و ئاشنابوون و قووڵبوونەوە بە دونیای نووسەر، یاخود بیرمەندێک، هێندە بەس نەبێت بەرهەمەکانیان بخوێنینەوە، بەڵکوو ڕەنگە پێویستیمان بە ڕەهەندی دیکە بێت بۆ ئەوەی تەواو بچینە نێو ناخ و هزر و ئەندێشەیانەوە، لە ئێستادا باشترین هۆکار بۆ پتر ئاشنابوونمان بە ژیان و داهێنانی نووسەران، بەتایبەت نووسەر و بیرمەندە جیهانییەکان، بوونی وتووێژ و گفتوگۆی زیندووە، کە پانتانییە پەنهانەکانمان بۆ ئاشکرا دەکات، جا ئەو کەسەی کارەکە ئەنجام دەدات، کەسێک بێت شارەزایی لە دنیای نووسین و ژیان و نهێنییەکانی ئەو کەسەدا هەبێت کە وتووێژی لەگەڵدا دەکات، بێگومان کونجکۆڵانە توانای کردنەوەی چەندین دەرگای هەیە و لە ڕێگەی پرسیارە تایبەتییەکانیەوە، دەتوانێت شارایەک وتە و نهێنی و سیحری شاراوە ئاشکرا بکات و ڕووناکی بخاتە سەر پنت و پانتاییە تاریک و شاراوەکان.
هاوڕای هاوڕێی نووسەر و ڕۆشنبیر “یوسف عیزەدین”م، کە پێی وایە نووسین و خوێندنەوە و ڕاڤەکارییەکانی “ئێکۆ” ئاسایی نین، هەر وەک چۆن سەتحی و ڕاگوزەریش نین، ڕۆچوونە نێو قووڵاییەکانی ئەوەی ئێکۆ دەیەوێت بیڵێت، چەند ئاسان بێتە پێشچاو، ئەوەندەش ئەستەم و قورسە: وا پێدەچێت ئەو پیاوە حیکایەتخوانی زەمەنێکی دیکە بێت و پاش هەڵسانەوەی لە مەرگ، بە چەشنی تارمایی گەڕابێتەوە و مەبەستی بێت لەمڕۆدا گاڵتەجاڕیی دنیامان بەوپەڕی جدییەتەوە بۆ باس بکات. لە دەستپێکی کتێبەکە و پرسیار و وەڵامەکاندا، لەیلا ئەعزەم زەنگەنە لە وەسف و پێناسەی ئێکۆدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئێکۆ وەستای دروستکردنی کەشتیی ئیتاڵییە، عەشقێکی تایبەتی بۆ سەفەر بەرەو سەدەکانی ناوەڕاستی ئەورووپا هەیە، چەندین تێزی نووسیون، بەناوبانگترینیان لەسەر فەیلەسووف و لاهووتی تۆما ئەکوینییە.
وتووێژەکە دابەش کراوە بەسەر چەند بەشێکدا و پێدەچێت هەر بەشێک لە کات و شوێنێکی جیاوازدا ئەنجام درابێت؛ لە بەشی یەکەمدا، ئێکۆ باس لە خانەوادە و ئەو ڕووداوە زۆر گرنگانەی سەردەمی منداڵیی خۆی دەکات، لەوانە جەنگی جیهانیی دووەم، هەروەها ئەو هۆکارانەی پاڵیان پێوە ناوە بیکەن بە پسپۆڕ لە بواری لێکۆڵینەوە لەسەر سەدەکانی ناوەڕاست و دواتر جێهێشتنی کاریگەریی ئەو قۆناغە، وەک ڕۆماننووسێک لەسەر خەون و خولیاکانی.
لە وەڵامی دووم پرسیاری ئەم بەشەدا کە تایبەتە بە قۆناغ و ژیانی منداڵی و خێزانیی خۆی، ئێکۆ نایشارێتەوە کە باپیری کاریگەریی گرنگی لەسەر ژیانی هەبوو، لە کاتێکدا زۆریش سەردانی نەکردووە، چونکە ئەو، وەک خۆی دەڵێت، سێ میلێک لە شارۆچکەکەیانەوە دوور بووە، کاتێکیش باپیری مردووە، ئەم تەمەنی شەش ساڵان بووە: باپیرم کونجکۆڵییەکی ڕیزپەڕی بۆ دونیا هەبووە، کتێبگەلێکی زۆری خوێندبووەوە، ئەوەی سەیر بوو، کاتێک ماڵنشین کرا، دەستی کرد بە تەجلیدکردنی کتێب، ژمارەیەکی زۆر کتێبی تەجلیدنەکراوی لە سووچ و قوژبنی شوقەکەیدا هەبوو.
لەیلا لێی دەپرسێت: ئەگەر تا ئەو کاتەی سەردانی باپیرت نەکردبێت و لەوێ کتێبت بینیبێت، مانای وایە دایک و باوکت هیچ کتێبێکیان لەلا نەبووە؟
ئێکۆ لە وەڵامدا باس لەوە دەکات، شتێکی سەیرە کە باوکی لە گەنجیدا خوێنەرێکی بەپەرۆش بووە، بەڵام لەبەر ئەوەی باوکی خاوەنی سیازدە کوڕ بووە، خێزانەکە بۆ دابینکردنی سادەترین پێداویستییەکان جەوری زۆر کێشاوە: باوکم نەیتوانیوە کتێب بکڕێت، بۆیە بەتەنیا چووە لەبەر دەمی شۆسکی کتێبفرۆشییەکاندا لەسەر شەقامەکان بەپێوە وەستاوە و کتێبەکانی خوێندوونەتەوە، کاتێکیش خاوەنی شۆسکەکە بە بینینی قەڵس و بێزار دەبێت، ناچار باوکم دەچێت بەشی دووەمی کتێبەکە لە شۆسکێکی تر دەخوێنێتەوە، بەم شێوەیە، لەم شۆسک بۆ ئەو شۆسک دەڕوات و دەخوێنێتەوە.
سەبارەت بەوەی کێ هانی ئێکۆی داوە بۆ هەوڵە ئەدەبییەکانی؛ باس لەوە دەکات کە نەنکی، دایکی دایکی، خوێنەرێکی هەڵپەکەر بوو، تەنها تا پۆلی پێنجەمی ئامادەیی خوێندبوو، بەڵام لە لە کتێبخانەی شارەوانیدا ئەندام بووە: هەفتانە دوو سێ کتێبی دەهێنا بۆ ماڵەوەمان، ڕۆمانی ڕۆماسی و هەرزان.
لە پێشەکیی بەشی دووەمی چاوپێکەوتنەکەدا، لەیلا ئەعزەم زەنگەنە باس لەوە دەکات، کە ڕەنگە ئەو پاشخانە ئەکادمییەی ئومبێرتۆ ئێکۆ هەیەتی، ڕۆڵێکی گەورەی بینیبێت لە کردنی بە کەسایەتییەکی سەرنجڕاکێش، زۆر جار “بەو فەیلەسووفەی ڕۆمان دەنووسێت” ناو دەبرێت؛ لەیلا لە بەشی دووەمی گفتوگۆکەدا، لە دەرگایەکی هەستیار دەدات و لەگەڵیدا دەچێتە نێو بابەتێکی قووڵ و مێژووییەوە، کاتێک لێی دەپرسێت: چی وای لێ کردیت ئەو ڕۆمانانە بنووسیت کە پشتئەستوورن بە ڕووداوی مێژوویی؟ ئێکۆ لە وەڵامدا بۆی ڕوون دەکاتەوە، کە ڕۆمانی مێژوویی بەلای ئەوەوە هیچ نییە، جگە لە خەیاڵی ڕووداوە ڕاستییەکان: دەتوانێت وەک خەیاڵێک تێگەیشتنێکی باشترمان پێ بڵێت لەسەر خودی مێژووە ڕاستەقینەکە، بێ لەوەش، خۆم حەزم لە تێکەڵکردنی ڕۆمانی مێژووییە لەگەڵ هۆکارەکانی دروستبوونی لایەنی ڕۆحیی کەسایەتییەکان؛ لە هەموو ڕۆمانێکمدا هەمیشە کەسایەتییەکی گەنج هەیە، گەورە دەبێت و فێر دەبێت، بەناو زنجیرەیەک لە ئەزموون و تاڵیدا تێدەپەڕێت.
بەگشتی، ئەم کورتەنووسینە هەوڵێکە بۆ ناساندنی لایەنێکی گچکە و کەمی کتێبەکە، هاندانێکە بۆ ئەوەی خوێنەری کورد دەست بە خوێندنەوەی بکەن و لێوەی فێر ببن، بەتایبەت زۆر گرنگە نووسەران خۆیان لە خوێندنەوەی ئەم وتووێژە چڕ و دەوڵەمەندە بە زانیاریی مێژوویی ڕۆشنبیری و ئەدەبی بێبەش نەکەن، چونکە ئەوەی لە ڕێی پرسیار و وەڵامەکانەوە دروست بووە، ئەزموونێکی دەوڵەمەندە لە ئەندێشە و هزر و داهێنان و دونیابینیی یەکێک لە گەورە نووسەر و بیرمەندەکانی جیهان، کە ئەویش ئومبێرتۆ ئێکۆیە.