سانسۆری تاڵیبان و ترس
چیرۆکە مێژووییەکان: چیرۆکی سیانزەیەم
سانسۆری تاڵیبان و ترس
“چیرۆکی ڕەفەی کتێبخانەکان، کە تا بێت بەرەو چۆڵبوون دەڕوات”
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
٢٣ی نیسانی هەموو ساڵێک، هاوکاتە لەگەڵ ڕۆژی جیهانیی کتێب و مافی دانەر، یونسکۆ ئەم ڕۆژە وەک دەرفەتێک بۆ جەختکردنەوە لەسەر ڕۆڵی کتێب، لە بەستنەوەی نەوەکان و کولتوورەکان بە یەکترەوە، سەیری دەکات؛ بەڵام ئەم ڕۆڵە لە ئەفغانستان ڕووبەڕووی بەربەست و ئاستەنگی گەورە بووەتەوە، بەو پێیەی کەرتی چاپ و بڵاوکردنەوە کەوتووەتە ژێر سانسۆرێکی هێجگار توند و ئەو کتێبانە دەکرێنە ئامانج، کە بە پێچەوانەی تێڕوانین و بیرۆکەکانی تاڵیبانەوە دادەنرێن، وەک ئەو کتێب و بەرهەمانەی باس لە دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ دەکەن.
سڕینەوەی کتێبەکان لە پڕۆگرامەکانی خوێندنی زانکۆ
دوای گەڕانەوەی تاڵیبان بۆ سەر دەسەڵات، یەکێک لە گۆڕانکارییە هەرە گەورە و دیارەکان، بریتی بوو لە ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەکی فراوان بە پڕۆگرامەکانی خوێندندا. بەگوێرەی ڕاپۆرتێکی هاوبەشی یونسکۆ و یونیسێف لە ساڵی ٢٠٢٥دا، ١٨ مادەی خوێندن سڕراونەتەوە و بەکارهێنانی ٦٧٩ کتێب و سەرچاوەی فێربوون لە زانکۆکاندا قەدەغە کراون، بەو پاساوەی ئەو کتێبانە لەگەڵ بەها کولتووری و ئاینییەکاندا ناگونجێن. ئەم سنووردارکردنانە و قەدەغەکردن و سڕینەوەی بابەتەکانی وەک دیموکراسی، مافەکانی مرۆڤ و خوێندنی ژنانیشی لە پڕۆگرامەکاندا گرتووەتەوە.
کۆکردنەوەی کتێبەکان لە بازاڕەکاندا
لە ڕاستیدا سنووردارکردنەکان تەنها دامەزراوە ئەکادیمییەکانی نەگرتووەتەوە، بەڵکوو گەیشتە بازاڕەکان و نێو ڕەفەی کتێبخانەکانیشی گرتووەتەوە. ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، تاڵیبان، لە کابول، دەستی بەسەر لانی کەم ٥٠ هەزار کتێبی کتێبخانەکان و دەزگاکانی چاپ و بڵاوکردنەوەدا گرتووە، هەروەها لیستێکی سەدان کتێبیی قەدەغەکراوی بەسەر کتێبخانەکاندا دابەش کردووە، لە هەمان چوارچێوەدا، دەسەڵاتدارانی تاڵیبان لە گومرگی هیرات پشکنین بۆ هەموو ئەو کتێبانە دەکەن کە لە دەرەوە هاوردە دەکرێن و ڕێگری لە هاتنەناوەوەی هەر کتێبێک دەکەن، کە بە پێچەوانەی تێگەشتن و لێکدانەوە ئاینی یان سیاسییەکانی ئەوانەوە بێت.
داوود عیرفانی نووسەری ئەفغانی دەڵێت: ئەو سنووردارکردنانەی خراونەتە سەر کتێب، لەگەڵ دابەشکردنی سنووردار، بوونەتە هۆی پاشەکشەی خوێندنەوە. ئاماژەی بەوەش کردووە، ئەو کتێبانەی پێشتر گەنجان گرنگییان پێ دەدا، چیتر لە بازاڕەکاندا دەست ناکەون.
سەرەڕای ئەوەی هەندێک کەس، وەک جێگرەوە، پەنایان بۆ کتێبی دیجیتاڵی بردووە، بەڵام ئەم بژاردەیەش ڕووبەڕووی ئاستەنگی گەورە بووەتەوە. بەپێی ئامارەکانی بانکی جیهانی، ڕێژەی بەکارهێنەرانی ئینتەرنێت لە ئەفغانستان لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لە ١٦٪ تێپەڕی نەکردووە، هەروەها بەگوێرەی ڕاپۆرتەکانی یونسکۆ و یونیسێف، ٧٩٪ی قوتابخانەکانی ئەو وڵاتە کارەبایان نییە.
ترس کتێبەکان لە ڕووکاری کتێبخانەکان دوور دەخاتەوە
یەکێک لە کتێبفرۆشەکانی شاری هیرات، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، باس لەوە دەکات ئەم قەدەغەکردن و سنووردارکردنانە بوونەتە هۆی تێکچوونی بازاڕی کتێب، بازاڕێک پێشتر خۆی لە خۆیدا لاواز بوو. ناوبراو ڕوونی کردەوە تاڵیبان دژایەتیی ئەو کتێبانە دەکەن، کە باس لە مافەکانی مرۆڤ، ڕۆمانە ڕۆمانسییەکان و هەندێک بەرهەمی ئەدەبی و ئاینی دەکەن، بەتایبەت ئەوانەی باس لە مەزهەبی شیعە یان هەردوو ئاینی مەسیحی و جوو دەکەن.
ئەو خاوەن کتێبفرۆشییەی هیرات ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کتێبەکانی یاسا و زانستە سیاسییەکان، کە پێشتر پڕفرۆشترین کتێب بوون، بە هۆی سانسۆر و بارودۆخی ئابوورییەوە، بە شێوەیەکی بەرچاو پاشەکشەیان کردووە. هەروەها باس لەوە دەکات کتێبە سیاسییەکان، لەنێویاندا بەرهەمەکانی تایبەت بە کەسایەتییەکانی وەک ئەحمەد شا مەسعوود، چیتر بەئاشکرا نمایش ناکرێن و لەسەر ڕەفەی کتێبفرۆشییەکان دانانرێن، تەنها لە کاتی داواکردندا دەفرۆشرێن. لە لایەکی دیکەوە تیشک دەخاتە سەر ئەوەی پێشانگەکانی کتێب، کە ساڵانە لە سەردەمی کۆماردا ڕێک دەخران، دوای گەڕانەوەی تاڵیبان، بە شێوەیەکی بەرچاو کەمی کردووە و زۆربەی چالاکییەکانی ئێستا، تەنها بۆ کتێبە ئاینییەکان سنووردار کراون.
بەرگرییەکی بێدەنگ لە دژی سنووردارکردنەکان
سەرەڕای ئەم هەموو بەربەست و ئاستەنگانە، هێشتا هەوڵ بۆ پاراستنی کولتووری خوێندنەوە بەردەوامە. ڕاپۆرتێکی ڕۆژنامەی گاردیان لە شوباتی ٢٠٢٦دا ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەفغانستان گروپێک لە ژنان هەیە، بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن لەسەر کتێبەکان بەنهێنی کۆ دەبنەوە.
لەم بارەیەوە داتاکانی ماڵپەڕی “World Population Review” دەری دەخەن، ئەفغانستان لە ڕووی ڕێژەی خوێندنەوەوە لە ڕیزبەندی کۆتایی جیهاندایە؛ لەو وڵاتەدا ساڵانە تێکڕای خوێندنەوە بۆ هەر تاکێک بریتییە لە ٢.٥٦ کتێب و لە ساڵەکەدا تەنها ٥٨ کاتژمێر بۆ خوێندنەوە تەرخان کراوە. لەبەرانبەردا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا لە ساڵێکدا، بە تێکڕای خوێندنەوەی ١٧ کتێب و تەرخانکردنی ٣٥٧ کاتژمێر بۆ خوێندنەوە لە سەرەوەی لیستەکەدایە.
ڕاپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن، لاوازیی کولتووری خوێندنەوە لەگەڵ بارودۆخی خراپی ئابووری و بژێویی ژیان، هۆکارن بۆ کەمبوونەوەی ڕێژەی خوێندنەوە، هەروەها داخستنی دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان بە ڕووی کچان و ژناندا، بووەتە هۆی پاشەکشەی زیاتری بایەخدان بە خوێندن.
بەگوێرەی ڕێکخراوی یونسکۆ، ڕێژەی خوێندەواری لە ئەفغانستاندا لە ساڵی ٢٠٢٢دا گەیشتووەتە ٣٧.٣٪، لەوانە ٢٢.٦٪یان لەنێو ژنان و ٥٢.١٪یان لەنێو پیاواندایە. هەروەها یونیسێف ڕای گەیاندووە، ٩٣٪ی منداڵان، لە کۆتایی قۆناغی سەرەتاییدا، خاوەنی کارامەییە سەرەتایی و بنەڕەتییەکانی خوێندنەوە نین.
سەرچاوە: ماڵپەڕی www.afintl.com، 24ی نیسانی 2026