کتێبی کاغەز جەنگەکە دەباتەوە و کتێبی ئەلیکترۆنی تووشی ئاستەنگ بووە

کتێبی کاغەز جەنگەکە دەباتەوە و کتێبی ئەلیکترۆنی تووشی ئاستەنگ بووە

سەوسەن ئەلئەبتەح

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

دوای ١٥ ساڵ لە بانگەشە و ڕیکلامی گەرموگوڕ بۆ کتێبی ئەلیکترۆنی، بەوەی کۆتایی بە کتێبی کاغەز دەهێنێت و کتێبخانە نەریتییەکان دەکاتە گۆڕستانی ئەو ناوەرۆکانەی تۆزیان لێ دەنیشێت و چیتر کەس نایەوێت بگەڕێتەوە سەریان، کەچی سەرجەم ئەنجامەکان پێچەوانەکەی دەسەلمێنن. بەپێی ئامارەکان، دەردەکەوێت کتێبی کاغەز پێگەی خۆی لە پێشەنگدا پاراستووە و جەنگەکە لە ئەمەریکا، ئەورووپا و جیهانی عەرەبییشدا دەباتەوە و بازاڕی کتێبە دیجیتاڵییەکان لە گەشەکردن وەستاوە و بەبێ سوودێکی ئەوتۆ، لەپێناو چوونەپێشەوەدا ململانێ دەکات. ئەوە چی بوو ئەو گوڕوتینەی یەکەم جار کتێبی ئەلیکترۆنیی ڕاوەستاند و ستۆپی پێ کرد؟ ئایا داهاتوو جیاواز دەبێت؟ لێرەدا هەوڵ دەدەین وەڵامی ئەم پرسیارە بدەینەوە.

١٠ ساڵ لە چەقین

لە سەرەتای ساڵی ٢٠١١وە بەشێک لە وڵاتانی ڕۆژاوا باسیان لە گەشەکردنێکی گەورە لە ژمارەی خوێنەرانی کتێبی دیجیتاڵییەکان دەکرد، بە جۆرێک، ڕێژەی خوێندنەوەی کتێبی ئەلیکترۆنی لەنێوان ئەمەریکییەکاندا، لە ماوەی تەنها ٣ ساڵدا، بە ڕێژەی لە ١١% زیادی کرد، واتە لە ١٧٪ لە ساڵی ٢٠١١ەوە، بازی دا بۆ ٢٨٪ لە ساڵی ٢٠١٤دا، بەڵام ئەوەی جێی سەرسووڕمانە، ئەوەیە ئەم ڕێژەیە دوای ئەو ساڵە، واتە ساڵی ٢٠١٤، هیچ زیادبوونێکی ئەوتۆی بە خۆیەوە نەبینی، نە لە ئەمەریکا، کە مەڵبەندی تەکنەلۆجیا و ژیریی دەستکردە، نە لە وڵاتانی ئەورووپییشدا، کە چاودێریی ڕەوشی خوێنەران و حەز و ئارەزووی خوێنەرانیان کردووە؛ لەبری ئەوەی پەرتووکی کاغەز، وەک ئەوەی چاوەڕوان دەکرا، بەخێرایی پێگەی خۆی لەدەست بدات، کەچی شەپۆلی کتێبی ئەلیکترۆنی لە ماوەی دە ساڵی ڕابوردوودا وەستا و هەر شێوازێک لە شێوازەکانی خوێندنەوە پارێزگاریی لە ڕێژەیەکی دیاریکراو و نەگۆڕی خۆی کردووە.

ئەمەریکا کتێبی کاغەز دەخوێنێتەوە

لە توێژینەوەیەکدا کە “مەڵبەندی توێژینەوەی پیو” لە مانگی نیسانی ئەمساڵدا بڵاوی کردووەتەوە، ئەوە دەردەخات هێشتا کتێبی کاغەزی لەلای ئەمەریکییەکان پەسەندترین و دڵخوازترین کتێبە. لە ڕاستیدا لە ماوەی ساڵی ڕابوردوودا، تەنها سێ یەکی خوێنەران، لانی کەم یەک پەرتووکی ئەلیکترۆنییان خوێندووەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە ژمارەی ئەوانەی پەرتووکێکی کاغەزییان خوێندووەتەوە، گەیشتووەتە لە ٦٤٪، واتە ڕێژەی ئەوانەی کتێبی کاغەزییان خوێندووەتەوە، بەراورد بە ١٤ ساڵ لەمەوبەر، تەنها بە ڕێژەی لە ١٠٪ کەمی کردووە، ئەمە لە کاتێکدایە ساڵی ڕابوردوو، ٢٦٪ی خوێنەران پەنایان بۆ لانی کەم یەک پەرتووکی دەنگی بردووە.

توێژینەوەکە دەیسەلمێنێت پەرتووکە کاغەزییەکان تاقە شێوازن کە زۆربەی ئەمەریکییەکان بەکاری دەهێنن و گەشەی دیجیتاڵی نەیتوانیوە شوێنی کتێبی کاغەزی بگرێتەوە، بەڵکوو بووەتە تەواوکەری کتێبی کاغەزی، ئەمەش تێبینییەکی گشتییە و لە زۆرێک لە وڵاتانی ئەورووپیدا دەبینرێت و لەو وڵاتانە، ڕێژەی خوێنەرانی پەرتووکی دیجیتاڵی، لەم ساڵانەی دواییدا بەفیعلی ڕاوەستاوە، بەم پێیەش، بە پێچەوانەی پێشبینییە سەرەتاییەکانەوە، خوێنەری پەرتووکی ئەلیکترۆنی وای دەبینێت ئەو جۆرە خوێندنەوەیە تەواوکارییە بۆ خوێندنەوەی کتێبی کاغەزی و پێی وا نییە جێگرەوەی کتێبی کاغەزی بێت، بەتایبەت ئەو کتێبانەی پەیوەستن بە ڕۆمان و سەرکێشییەکانەوە، هەروەها ئەو کتێبانەی تایبەتن بە منداڵان، بەڵام کتێبە ئەکادیمییەکان، ئەوە بابەتێکی دیکەیە.

بۆچی گەڕانەوە بۆ کتێبی کاغەز؟

ڕەنگە هۆکاری وەفاداریی خوێنەران بۆ کتێبە کاغەزییەکان، بگەڕێتەوە بۆ پێویستییان بە دوورکەوتنەوە لە شاشە ماندووکەرەکان، کە تەواوی ڕۆژەکە شەکەتیان دەکات و بڕستیان لێ دەبڕێت. ئاخر بەکارهێنانی مۆبایل تەواوی ڕۆژەکەمانی داگیر کردووە و پێویستیمان بەوەیە پشوویەک بدەین و لە مۆبایل دوور بکەوینەوە، هەروەها کۆمەڵێک توێژینەوە هەیە، بەبەردەوامی هۆشداری دەدەن لەوەی خوێندنەوەی ئەلیکترۆنی وا لە مرۆڤ دەکات زیاتر فیکر و تەرکیزی پەرتوبڵاو بێت، نەک ئەوەی بیر بکاتەوە و تێڕامانی هەبێت. لێرەدا نابێت ڕۆڵی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و پلاتفۆڕمەکان لەبیر بکەین؛ ئەو سەکۆیانە لە ڕاکێشانی سەرنج بۆ سەر کتێبەکان، کتێب وەک بەرهەمێکی گرنگ و سەرنجڕاکێش، ڕۆڵێکی ئەرێنییان بینی، سەکۆکان لە ڕێگەی کەسانی کاریگەر و شارەزایانی کتێبەوە توانیویانە بەرهەمەکان بناسێنن و سەرنجی خوێنەران بە جۆرێک ڕاکێشن، کە پێشتر وێنەی نەبووە. ئەمە وای کرد لە کۆتاییدا خوێنەر بگات بەو شێوازەی خوێندنەوە کە خۆی حەزی پێ دەکات، چ کاغەزی بێت یان دیجیتاڵی یاخود دەنگی، خوێنەر ئەو شێوازەی خوێندنەوەی دۆزیوەتەوە کە لەگەڵ بارودۆخی ژیانیدا گونجاوە؛ بەو مانایەی خوێنەر چ لە سەفەردا بێت، یان لە ماڵەکەی خۆیدا پشوو بدات، یاخود خەریکی وەرزشی پیاسەکردن بێت، دەتوانێت کتێبی دڵخوازی خۆی بخوێنێتەوە، چونکە هەر حاڵەتێک لەو حاڵەتانە، کتێبی تایبەت بە خۆی هەیە.

ئەڵبەتە ئێمە لێرەدا قسە لەسەر کتێبی “پی دی ئێف”ە دزراو و کۆپیکراوەکان ناکەین، کە خوێنەران بە عەرەبی و بە زمانە جیاوازەکانی دیکە دەستاودەستی پێ دەکەن؛ بە شێوەیەک زەحمەتە بزانرێت چەند کەس ئاڵوگۆڕ و دەستاودەستی پێ کردووە، یان سوودی لێ وەرگرتووە؛ ئەو جۆرە لە کتێب، لە ناوچەیەکی تەمومژاوی و ناڕووندا دەمێنێتەوە، هەر بۆیە ئێمە مەبەستمان ئەو لێکۆڵینەوە و توێژینەوانەیە کە ڕەچاوی فۆڕمە جیاوازەکانی ئەو جۆرە کتێبانە دەکەن، کە کڕین و فرۆشتنیان پێوە دەکرێت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەتوانن چاودێرییان بکەن و ئاگاداری ڕێڕەوەکەیان بن.

بەریتانیا لە چاپەمەنیی کلاسیکدا سەرکەوتن تۆمار دەکات

لە بەریتانیا، بەپێی ڕێکخراوی بازرگانیی پیشەسازیی چاپ و بڵاوکردنەوە، ئامارەکان هاوشێوەی ئەوانەن کە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا ڕای گەیاندوون؛ بە جۆرێک، چاپی سەر کاغەز هێشتا بەهێزترین شێوازی بڵاوکردنەوەی کتێبەکانە و داهاتەکەی لە کۆی گشتی ٢.٦ ملیار پاوەند، گەیشتووەتە ٢.١ ملیار پاوەندی ئیستەرلینی، ئەم ڕێژەیە بەراورد بە ساڵی ڕابوردوو، ٢% زیادی کردووە؛ لەبەرانبەردا شێوازە دیجیتاڵییەکان داهاتێکیان تۆمار کردووە، نەگەیشتووەتە زیاد لە ٥٥٨ ملیۆن پاوەند، لە کاتێکدا داهاتی پەرتووکە دەنگییەکان گەیشتووەتە ٢٥٥ ملیۆن پاوەند، ئەمەش پێشکەوتنێکی گەورە بە کتێبی کاغەز، لەبەرانبەر ئەوانی دیکەدا، دەبەخشێت.

عەرەب و نەبوونی تۆمار و داتای ورد

سەبارەت بە عەرەب، سەرەڕای نەبوونی ئاماری گشتگیر و باوەڕپێکراو، ڕاپۆرتی پێشانگەکانی کتێب و وەشانخانەکان، باسی فرۆشتنی ملیۆنان کتێبی کاغەزی دەکەن. کەمبوونەوە و دابەزینی توانای کڕین، کە کاریگەریی لەسەر بازاڕی کتێب داناوە، لەبەرانبەردا نەبووەتە هۆی بەرزبوونەوەی فرۆشی کتێبی دیجیتاڵی. هۆکاری ئەم بەرزنەبوونەوەیەی فرۆشی کتێبی دیجیتاڵی لە جیهانی عەرەبیدا، جیاوازە لەو هۆکارانەی لە خۆراوادا هەیە، لەسەروو هەموویانەوە، بوونی ئاستەنگی تەکنیکی بۆ بڵاوکردنەوەی کتێبی ئەلیکترۆنی، بەتایبەت لە سەرەتاکانی دەستپێکی بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی، ئەمە لە کاتێکدا کتێبە دیجیتاڵییەکان بە زمانی بیانی، لە لووتکەی سەرهەڵدان و گەشەی خۆیاندا بوون. هەروەها هۆکارێکی دی بۆ دواکەوتنی بڵاوکردنەوەی کتێبی دیجیتاڵی لە جیهانی عەرەبیدا، دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی گونجاندنی خەت و ڕێنووسی عەرەبی، بۆ ئەوەی شیاوی بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی و خوێندنەوەی سەر شاشەکان بێت، بەراورد بە زمانەکانی دیکە، دوا کەوت و تا ئێستاش کێشە تەکنیکییەکان ئامادەن و هەموویان چارەسەر نەکراون، ئەمە جگە لە هۆکاری لاوازیی ژێرخانی پاراستنی مافی خاوەندارێتیی کتێبی دیجیتاڵی، وای کردووە وەبەرهێنان لە سەکۆ و پلاتفۆڕمە دیجیتاڵییەکاندا کەم و سست بێت.

بەپێی یەکێک لە توێژینەوەکان، تەواوی بازاڕی چاپ و بڵاوکردنەوە لە جیهانی عەرەبیدا، بە نزیکەی ١٣.٤ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت، بەڵام بڵاوکردنەوەی ئەلیکترۆنی تەنها ٧٩١ ملیۆن دۆلار لەم بڕە پێک دەهێنێت، ئەمەش ئاماژەیە بۆ ئەوەی هێشتا بڵاوکردنەوەی دیجیتاڵی زۆر لاوازە، بەڵکوو لاوازتریشە لە تێکڕای ئەو ڕێژەیەی لە شوێنەکانی دیکەی جیهاندا هەیە.

ئەورووپا لە دەرەوەی ئەم بنامایەدا نییە

لەم بارەیەوە، ئەورووپا لەوانی دیکە جیاوازتر نییە، لە فەڕەنسا و ئیسپانیا هێشتا پەرتووکە کاغەزییەکان لە پێشەنگدان، لە ئەڵمانیا خوێندنەوە لە دۆخێکی باشدایە، بە جۆرێک، زیاد لە نیوەی ئەڵمانییەکان پەرتووکی کاغەزی دەکڕن و تەنها بە خواستن کتێب نابەن. دۆخەکە لە هیندستان و کۆریای باشوور هەمان شتە و پێشوازییەکی گەورە لە بڵاوکراوە کاغەزییەکان دەکرێت.

چین لە ڕیزی خوێنەرانیدا، جیاوازییەکی ڕوون تۆمار دەکات، چونکە چینییەکان لە زۆرترین بەکاربەرانی پەرتووکە ئەلیکترۆنییەکانن بەراورد بە گەلانی دیکە؛ ژمارەی خوێنەرانی پەرتووکی کاغەزی لای ئەوان، نزیکە یەکسان بێت بە ژمارەی خوێنەرانی پەرتووکی دیجیتاڵی. دوای ئەوان ژاپۆنییەکان دێن، بەڵام جیاوازییەکی گەورە لەنێوان هەردوو گەلی چین و ژاپۆندا هەیە و جیاوازییەکە لە بەرژەوەندیی چیینییەکان دەشکێتەوە. ئەم جۆرە ئامارانە ڕەچاوی وەڵامی ئەوانە دەکات کە پرسیارەکەیان ئاڕاستە دەکرێت، لەگەڵ ژمارەی ئەو کتێبانەی بە هەردوو شێوازەکە فرۆشراون، شێوازی کتێبی کاغەزی و کتێبی دیجیتاڵی. زۆر جار خوێنەران خۆیان پەنا دەبەنە بەر هەردوو شێوازەکە، بەڵام تێبینیی ئەوە کراوە، گەنجەکان کەمێک زیاتر ئارەزووی پەرتووکی ئەلیکترۆنی دەکەن بەراورد بە بەتەمەنەکان.

پەرتووکی کاغەزی بەرگری دەکات و پێگەی خۆی دەچەسپێنێت و جێگیری دەکات، ئەگەرچی ئیمتیازەکانی کتێبی ئەلیکترۆنی تا بێت، زۆرتر دەبن، لەوانە بەرزبوونەوەی نرخی مەرەکەب و چاپکردن و کاغەز، کە وای کردووە نرخی کڕینی پەرتووکی نەریتی بۆ بەشێک لە خوێنەران گران ببێت، هەروەها بەدەستهێنانی کتێبی کاغەزی، تەنانەت ئەگەر لە ڕێگەی سەکۆ و ماڵپەڕ و پلاتفۆڕمەکانیشەوە داوا بکرێت، کاتی زیاتری دەوێت تا دەگاتە دەست خوێنەرەکەی، سەرباری ئەوەی هەڵگرتنی کتێبەکان لە ماڵە بچووکەکاندا بارگرانییەک لەسەر خاوەنەکانیان دروست دەکات و جێگەی هەڵگرتنی کتێبەکانی نییە؛ بەڵام لەبەرانبەردا، دوای بەدەستهێنانی کتێبەکە، ئیدی بۆ خوێندنەوەی پێویستت بە کارەبا و شەحنکردن یان ئامێرێک نابێت تا بگەڕێیتەوە سەر کتێبەکە و بەردەوامی بە خوێندنەوەی بدەیت، هەروەها نووسینی پەراوێز لەسەر کتێبەکە و مامەڵەکردن لەگەڵ زانیارییەکانیدا خۆشتر و ئاسانترە.

یەکێک لەو ئاستەنگانەی وا دەکات هێشتا ئارەزووی بەدەستهێنانی کتێبی کاغەزی باڵادەست بێت، ئەوەیە دوای کڕینی، کتێبەکە دەبێتە موڵکی خۆت و چیتر لێت وەرناگیرێتەوە؛ ئەمە لە کاتێکدایە سەروەختێک پارەی کتێبێکی ئەلیکترۆنی دەدەیت، هەست دەکەیت کتێبەکە بە شێوەی خواستن لەلای تۆیە. هەروەها کاتێک هەندێک پلاتفۆڕم پەرتووکی دیجیتاڵی بە کتێبخانە گشتییەکان دەفرۆشن، ژمارەیەکی دیاریکراو بۆ ڕێژەی خواستنی ڕێگەپێدراو و ماوەیەکی زەمەنیی دیاریکراو بۆ هێنانەوەی کتێبەکە دادەنێن، ئەمە جگە لە بوونی کۆمەڵێک کۆتوبەندی دیکە، کە وای کردووە خوێنەر بێزار ببێت و هەست بکات ئازادییەکانی سنوردارە و تەنانەت هەست دەکات مافی خاوەنداریی کتێبەکەی نییە. لێرەوە، هیچ سەیر نییە مانەوە لەسەر کتێبی کاغەز، تەنها هەستکردن بە ئارامی نییە، بەڵکوو گەڕانەوەشە بۆ کتێبەکە کۆنەکان بەو چاپانەی لە کۆگەکانداهەڵگیراون، چونکە لە کاتی خۆیدا نەفرۆشراون.

کتێبە کۆن و بەکارهاتووەکان گەنجینەی ئایندەن

گەشەی بازاڕی کتێبە کۆن و بەکارهاتووەکان لە سەرانسەری جیهاندا ئاوا خەمڵێنراوە: لە ساڵی ٢٠٢٤دا فرۆشی کتێبە بەکارهاتووەکان بریتی بووە لە ٢٥.٣٢ ملیار دۆلار، ئەم بڕە لە ساڵی ٢٠٢٥دا بەرز بووەتەوە بۆ ٢٧.١٣ ملیار دۆلار، ئەمەش بە هۆی دابەزینی نرخی ئەم جۆرە کتێبانە و فراوانبوونی ئەو پلاتفۆڕمە ئەلیکترۆنییانەی ئەم جۆرە بڵاوکراوانە دابین دەکەن و نمایشیان دەکەن. هەروەها وڵاتی مەغریب پێشانگەیەکی تایبەتی بۆ کتێبە کۆن و بەکارهاتووەکان هەیە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ زۆربوونی ژمارەی خوێنەرانی کتێبە کۆن و بەکارهاتووەکان.

حەزی بەدەستهێنانی “کتێبی نوێ” زەمینە خۆش دەکات بۆ خاوەنی کتێبخانەکان، تا کتێبە کۆنەکانیان دەربێنن و بۆ فرۆشتن بیانخەنە ڕوو. هەروەها کڕینی کتێبخانە کەسییەکانیش، کە دوای کۆچی دوایی خاوەنەکانیان بۆ فرۆشتن نمایش دەکرێن. ئەم گەنجینانە، وەک خاوەنی کتێبخانەیەک لە لوبنان پێی ڕاگەیاندم، نرخی کتێبەکانی خەیاڵین، لەگەڵ بوونی چاپی دەگمەن یان ئەو چاپانەی لە بازاڕدا نەماون. کۆگەکردنی ئەم بەرهەمە بەنرخانە لەلایەن خاوەنی کتێبخانەکانەوە، بووەتە دیاردەیەکی باو، چونکە گرەو لەسەر ئەوە دەکرێت نرخی کتێبە کاغەزییەکان لە داهاتوودا گرانتر دەبن لە نرخی ئەمڕۆ و گرنگی و بایەخ و بەهایەکی زۆر زیاتریان دەبێت لەوەی وێنەمان دەکرد.

سەرچاوە: بەشی کولتووری لە ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، ١٩ی ئەیلوولی ٢٠٢٦