فانتازیا بەرهەمی خەیاڵە
“فانتازیا بەرهەمی خەیاڵە”
گفتوگۆیەک سەبارەت بە کتێبی فانتازیا و ئەدەبی فانتازیا
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی “فانتازیا و ئەدەبی فانتازیا” لە کتێبە باش و پڕ لە زانیارییەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمە، بابەتی ئەم کتێبە توێژینەوەی ئەدەبییە و لەلایەن نووسەر و توێژەری دیاری کورد “سابیر ڕەشید”ەوە نووسراوە، لەم دیدارەدا قسە لەسەر دنیای کتێبەکە و پرسی فانتازیا دەکەین لەگەڵ نووسەری کتێبەکەدا.
سەردەم: چۆن بوو بیرت لە نووسینی ئەم کتێبە (فەنتازیا و ئەدەبی فەنتازیا) کردەوە؟ پێشمان بڵێ قۆناغەکانی نووسینی چەند بەش بوون؟
سابیر ڕەشید: لەبەر پێویستیی کتێبخانەی گێڕانەوەناسیی کوردی و هەژاریی لە بواری توێژینەوەیەکی گرنگ و سەرتاپاگیر و هەمەلایەن لە بواری فانتازیادا، بیرم لە نووسینی ئەم کتێبە کردەوە.
قۆناغی یەکەم تەنها بیرۆکە بوو، ئەمیش لەوەوە هات کە قوتابییەکی ماستەر بە ناوی “د. ڕووناک سەڵاح عەلی”ەوە، کە ئێستا سەرۆکی بەشی کوردیی کۆلێژی زمانە لە زانکۆی سەڵاحەدین، بابەتەکەی لەبارەی فانتازیاوە بوو لەلای من و “شێرزاد حەسەن.” ئەو بەڕێزە هاتە لام و دوای پێدانی کۆمەڵێک سەرچاوە، داوای لێ کردم وەڵامی چەند پرسیارێکی بدەمەوە لەبارەی فانتازیاوە بەگشتی، ئیدی منیش وەڵامی پرسیارەکانیم دایەوە، ئەوە بوو وەڵامەکان چل لاپەڕەی فۆلسکاب دەرچوو، دوای دوو ساڵ بیرم کردەوە لەجیاتی ئەوەی وەک چاوپێکەوتن بێت، بیکەم بە توێژینەوە؛ ئیدی وای لێ هات، سەرچاوەی دیکەشم دەست کەوت و توێژینەوەکە بنی داوە و زیاد و کەم بوو، تا بوو بە پرۆژەی ئەم کتیبەی وا ئێستا لەبەر دەستی خوێنەردایە.
قۆناغی دووەمیش دەبوو چاپی بکەم و بیدەم بە دەزگایەکی گرنگ، کە چاپکراوەکانی بگاتە هەموو شوێنێک و بکەوێتە دەست خەڵکی خەمخۆری خۆی، بۆیە دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمم هەڵبژارد؛ ئەوە بوو سەرۆکی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کاک “ئازاد بەرزنجی” و کاک “دانا فایەق” بەپیر توێژینەوەکەمەوە هاتن و بەسوپاسەوە، بە جوانترین شێوە و کوالێتی چاپ کرا و کەوتە نێو کتێبخانەی گێڕانەوەناسیی کوردییەوە.
سەردەم: بۆچی زاراوەی فانتازیات هەڵبژارد بۆ کتێبەکەت و چۆن پێناسەی فانتازیا دەکەیت؟
سابیر ڕەشید: بۆیە بەدیاریکراوی فانتازیام هەڵبژاردووە، تا بۆچوونی هەڵە وەلا بنێم و بەوردەکارییەوە لێی بکۆڵمەوە، چونکە هەموو فانتازیایەک خەیاڵە، بەڵام هەموو خەیاڵێک فانتازیا نییە.
فانتازیا لە چەمکی گشتییش ڕەت دەدات، لەبەر ئەوەی وشەی “خەیاڵ” چەمکێکی زۆر فراوانە و هەموو ئەمانەش دەگرێتەوە: خەیاڵی زانستی و ترس و ڕیاڵیزمی سیحری و تەنانەت خەیاڵی ڕۆمانتیکییش دەگرێتەوە.
ساکارترین پێناسەی فانتازیا ئەوەیە، کە هونەری بوونیادنانی دنیای ئەستەم، یان نەبووە، بۆ یاساکانی لە توانای بوون. ئەمەش ئەدەبێکە کە واقیع بە کۆڵەکەی لەتوانابەدەری سروشت، یان خەیاڵی بێگەرد دادەمەزرێنێت.
دوای هێنانەوەی چەندین پێناسەی توێژەرانی دنیا، خۆم بەم شێوەیە پێناسەی فانتازیام کردووە و دەڵێم: فانتازیا ڕێچکە و ڕێبازێکی گرنگی ئەدەبی و هونەریی دنیای ئەمڕۆمانە و ڕەگی لە مێژوو و ئەدەبی میللییەوە وەرگرتووە و پشت بە خەون و خەیاڵی بەرزەفڕ دەبەستێت و دەکەوێتە ناو جیهانێکی ئەفسووناویی جیاواز و دابڕاو لە واقیع، یان واقیعێکی ترە و لەسەروو سروشتەوەیە و لەودیو بیروڕای باوەوە لەلای “خوێنەر/وەرگر” جێی خۆی دەکاتەوە و تووشی سەرسووڕمانی دەکات و بڕوایشی پێ دێنێت کە واقیعەکه وەک واقیعی هەبوو و ڕاست و دروستە.
سەردەم: چەمکی فانتازیا و ئەدەبی فانتازیا لە کوێدا یەکانگیر دەبن و لە کوێدا لێک جودا دەبنەوە، یاخود کام کارانە دەچنە خانەی ئەدەبی فانتازیاوە؟
سابیر ڕەشید: فانتازیا وەک چەمکێکی گشتی بەرهەمی خەیاڵە، کە سنووری واقيع و یاساکانی سروشت و لۆجیک ڕەت دەدات، لە کاتێکدا ئەدەبی فانتازیا پراکتیککردنی داهێنانە و زمانەوانیی ئەم چەمکەیە لە بۆتەقەی گێڕانەوەییدا (ڕۆمان، چیرۆک، چامە، کورتیلەچیڕۆک).
ئەم دوو بابەتە، واتە فانتازیا و ئەدەبی فانتازیا، لە یەک خاڵی گەوهەریدا یەکتر دەگرنەوە، ئەویش بەزاندنی سنووری مەئلووفە لە هەندێک لایەنی گرنگدا:
١. تێکشکاندنی یاسا سروشتییەکان: دامەزراندنی ئەم جیهانەیە، یان ئەم ڕووداوانەیە کە بە ڕێساکانی جیاواز لە واقیع هەڵدەسووڕێنرێن، وەک: بوونی سیحر و عەزيا و بیرکردنەوەی سیحری، یانیش بوونەوەری خورافی.
٢. سەرلەنوێ دروستکردنەوەی واقيع: هەردووکیان پشت بە دابەزاندنی هێمایی دەبەستن، جا فانتازیای ئەدەبی تەنها ڕاکردن نییە لە واقیع، بەڵکوو بەکارهێنانی خەیاڵی نامەئلووفە بۆ پێشکەشکردنی چارەسەرییەکی قووڵتر بۆ واقیعی مرۆیی، وەک: چاکە و خراپە، ناسنامە، دەسەڵات، چارەنووس.
لە کوێدا لێکتر جیا دەبنەوە؟ لێکترازانەکە لەنێوان تێگەیشتنی گشتی و پراکتیکی ئەدەبییە لە ڕووی سنوور و هۆکارەکانەوە.
لە ڕووی مەدلوول و سنووری فانتازیا و پراکتیکدا، لێکتر جیا دەبنەوە، چونکە فانتازیا چەمک و دیاردەی خەیاڵە، لە کاتێکدا ئەدەبی فانتازی بریتییە لە قاڵبی زمانەوانی و هونەری.
بەکورتی: فانتازیا بابەتی خاوی بێسنووری خەیاڵکردنی سەربەستە، لە کاتێکدا ئەدەبی فانتازی بەرهەمهاتووی کۆتاییە، کە ئەم بابەتە خاوە لەنێو بنچینە و ڕێسای چیرۆکنووسی، یان ڕۆمانووسی و گێڕانەوەییدا دادەڕێژێت.
سەردەم: دنیای کتێبەکە و ناوەرۆکەکەی بەگشتی چییە و ویستووتە چی بخەیتە ڕوو؟
سابیر ڕەشید: کتێبەکە وەک ناونیشانەکەی “فانتازیا و ئەدەبی فانتازیا”یە، لە حەوت بەش پێک هاتووە، هەر بەشێکیش لە چەند تەوەر و لقی تر پێک هاتووە.
لە بەشی یەکەمدا لە مانای فانتازیا و هاوکوفەکانی دواوم، کە چوار لقی لێ دەبێتەوە.
لە بەشی دووەمدا باسی فانتازیا و لێکنزیکەکانیم کردووە، کە گرنگترینیان ئەمانەن: لێکنزیککردنەوەی بوونیادگەری و سەیروسەمەرەیی و سیمۆلۆژیا و زمان.
لە بەشی سێییەمدا باسی فانتازیا و ڕێبازە ئەدەبییەکانم کردووە، وەک: ڕیاڵیزمی سیحری و سیمبوڵیزم و سووریالیزم و خەیاڵی زانستی.
لە بەشی چوارەمدا باسی هاوبەستی و پەیوەندیی نێوان خەیاڵ و واقیعم کردووە، کە لە شەش لق پێک هاتووە.
لە بەشی پێنجەمدا باسی جۆر و تایبەتمەندییەکانی فانتازیام کردووە، کە بریتین لە: جۆرە ئاساییەکان و جۆرە لاوەکییەکانی فانتازیا.
تەوەرێکیش لەم بەشەدا تەرخان کراوە بۆ تایبەتمەندییەکانی فانتازیا، کە باس لە سەرسووڕمان و دۆخی نەرێنی و باوەڕهێنان و پێچەوانە و ڕاڕایی دەکات.
بەشی شەشەم باسی ئەو بابەتانە کراوە کە لە فانتازیاوە نزیکن، وەک: چیرۆک و ڕۆمانی پۆلیسی و داستان و هەقایەتی خورافی و ئەفسانە.
کۆتا بەشیش تەرخان کراوە بۆ پەیوەندیی نێوان فانتازیا و ئەدەبی گێڕانەوەل؛ لە تەوەری یەکەمدا باسی چیرۆک و ڕۆمانی فانتازی کراوە، وەک شێوازێکی نوێی ئەدەب، تەوەری دووەمیش باسکردنە لە تەکنیک و فانتازیا لە چیرۆک و ڕۆماندا، کە باسی توخمەکانی گێڕانەوە و پەیوەندییان بە فانتازیاوە دەکات.
سەردەم: ئەو سەرچاوانە کامانەن کە بۆ کتێبەکەت سوودت لێ بینیون؟
سابیر ڕەشید: سەرچاوەکانی کتێبەکەم، بە زمانی کوردی و عه رەبییەوە، “١٢٠” سەرچاوەی گرنگ و دەوڵەمەند لەبارەی هەموو جۆر و لایەنەکانی فانتازیا و پەیوەست و نزیک لە فانتازیا، کتێبەکەیان بە زانیاریی پێویست و بەسوود پڕزەخیرەتر کرووە.
کتێب و فەرهەنگ و بیبلۆگرافیا و وشەنامە و مەوسووعه و گۆڤار و ڕۆژنامە و سەرچاوەی ئەلیکترۆنی بوونەتە سەرچاوەم، هەمووشی لە کتێبخانەی خۆمدا هەیە، چونکە من هەر لە ساڵانی حەفتاکانەوە، ئەرشیڤی خۆم دروست کردووە و پاراستوومن.
لە کۆتایی کتێبەکە شدا بۆ سوودی خوێنەران، فەرهەنگۆکی زاراوەکانی عەرەبی و بەرانبەرەکەی کوردیم داناوە، بۆ ئەوەی ئەو زاراوانە بچنە ناو فەرهەنگی گێڕانەوەناسیی کوردییەوە.
سەردەم: بوونی کتێبی لەم جۆرە، چ بەها و گرنگییەکی هەیە بۆ خوێنەر و کتێبخانەی کوردی؟
سابیر ڕەشید: لەبارەی فانتازیاوە لێرە و لەوێ چەند سەرچاوەیەکمان هەن، خۆیشم لەم کتێبەدا ئاماژەم بە هەموویان کردووە؛ هەیانە کتێبە و هەشە بابەتی ناو گۆڤار و ڕۆژنامە کوردییەکانن، بەڵام بەم فراوانی و سەرتاپاگییریە و تایبەت بە هەموو لایەن و جۆرەکانی فانتازی لە کتێبخانەی گێڕانەوەناسیی کوردیدا، وەک ئەوەی من کردوومە، نەبووە. خۆشبەختم کە توانیم لە ڕێی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمەوە بەو کوالێتییەی چاپکردنەوە، وەک سەرچاوەیەکی گرنگ بۆ خوێنەر و توێژەران و بەتایبەتییش قوتابی و خوێندکارانی کۆلێژەکانی ئەدەب و زمانی زانکۆکانی کوردستان، بەتایبەتییش بەشە کوردییەکانی پێ دەوڵەمەند دەبێت؛ بە زمانی شیرینی خۆیان سەدان کتێبم بۆ کردوونەتە ئەم کتێبە، تا چیتر نەڵێن کتێبخانەی کوردی لەم سەرچاوانە هەژارە.
بە زمانی عهرەبی و ئینگلیزی و فارسی و تورکی و زمانانی زیندووی دنیا سەرچاوە زۆرن، بەڵام لە زمانی کوردیدا هەژارین، هیوادارم لە داهاتوودا بتوانم بە بەرهەمی تر کتێبخانەی گیڕانەوەناسیی کوردی دەوڵەمەندتر بکەم.