ئیبراهیم نەسروڵڵا و بەدەستھێنانی خەڵاتی جیهانیی نەیۆستاد بۆ ئەدەب

ئیبراهیم نەسروڵڵا و بەدەستھێنانی خەڵاتی جیهانیی نەیۆستاد بۆ ئەدەب

شانازییەکی مێژووییە بۆ ئەدەبی عەرەبی و فەڵەستینی

ئامادەکردنی: سەردەم

ئیبراهیم نەسروڵڵا، شاعیر و ڕۆماننووسی فەڵەستینی-ئوردنی، ئەمساڵ (٢٠٢٦) خەڵاتی نێودەوڵەتیی “نەیۆستاد”ی بۆ ئەدەب بەدەست ھێنا، کە بە یەکێک لە بەرزترین و بەپێزترین خەڵاتە ئەدەبییەکانی جیهان دادەنرێت و لە ناوەندە ڕۆشنبیرییەکاندا بە خەڵاتی “نۆبڵی ئەمەریکی” ناسراوە. تەنانەت لەسەر ئاستی جیهان و دوای خەڵاتی نۆبڵ، بە گرنگترین و بەهادارترین خەڵاتی ئەدەبی دادەنرێت. بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە لەلایەن ناوبراوەوە، ڕووداوێکی مێژوویی و بێئەندازە گرنگە، چونکە ئیبراهیم نەسروڵڵا، لەسەر ئاستی جیهانی عەرەبی و لە مێژووی دامەزراندنی خەڵاتەکەوە لە ساڵی ١٩٧٠وە، یەکەم نووسەرە ئەم خەڵاتە بەرزە بەدەست بهێنێت.

خەڵاتی نەیۆستاد لەلایەن زانکۆی ئۆکلاھۆما و گۆڤاری “ئەدەبی جیهانیی ئەمڕۆ”ەوە، دەبەخشرێت. خەڵاتەکە تەرخان کراوە بۆ ڕێزلێنان لە تەواوی ئەزموون و بەرهەمە ئەدەبییەکانی نووسەران، نەک تەنها بۆ یەک بەرهەمی دیاریکراو، بەو مانایەی خەڵاتەکە دەدرێت بە کۆی بەرهەمەکانی نووسەران، لە بوارەکانی ڕۆمان، شیعر و دراما، لە سەرتاسەری جیهاندا. ئەوەی لەم خەڵاتەدا جێگەی بایەخ و گرنگە، ئەوەیە بڕیارەکانی لیژنەی دادوەران، کە لە نووسەرانی بەرزی جیهانی پێک هاتوون، تەواو سەربەخۆن و دوورن لە کاریگەری و گوشاری بازرگانیی خانەکانی چاپ و بڵاوکردنەوەوە. بەهای دارایی خەڵاتەکە ٥٠ هەزار دۆلاری ئەمەریکییە، لەگەڵ پێشکەشکردنی بڕوانامەیەکی فەرمیی ڕێزلێنان و پەڕێکی زیوینی باز، کە بە شێوەیەکی هونەری دروست کراوە.

سەرپەرشتیارانی خەڵاتەکە ڕایان گەیاندووە لە مانگی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٦دا، فێستیڤاڵێکی ئەدەبیی تایبەت بە ڕێزلێنان لە ئیبراهیم نەسروڵڵا ڕێک دەخرێت و تێیدا تیشک دەخرێتە سەر بەرهەمەکانی ناوبراو. لەم بارەیەوە ڕوپەرت کۆن دەیڤس-ئۆندیانۆ، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری گۆڤاری “ئەدەبی جیهانیی ئەمڕۆ” ئاماژەی بۆ ئەوە کردووە، سەرکەوتنی نەسروڵڵا خاڵێکی وەرچەرخانی مێژووییە لە ڕوانین و مامەڵەکردنی ڕۆژاوا بەرانبەر بە کولتوور و پرسی فەڵەستین.

ئیبراهیم نەسروڵڵا ساڵی ١٩٥٤ لە عەممانی پایتەختی ئوردن، لە خێزانێکی ئاوارەی فەڵەستینی لەدایک بووە؛ ئەم خێزانە فەڵەستینییە، دوای ڕووداوی “نسکۆ”ی ساڵی ١٩٤٨، لە زێد و نیشتمانی خۆیان دەردەکرێن و ڕوو دەکەنە وڵاتی ئوردن. لەوێ ئیبراهیم نەسروڵڵا لە کامپی “وەحدات”ی پەنابەراندا گەورە بووە و لە قوتابخانەکانی ئاژانسی فریاگوزاری و کارپێکردنی پەنابەرانی فەڵەستینی (ئۆنروا) خوێندوویەتی. دوای تەواوکردنی کۆلێژی پێگەیاندنی مامۆستایان، ماوەیەک لە سعوودیە مامۆستا بووە، پاشان تەواوی ژیانی خۆی بۆ داهێنان و ئەفراندنی ئەدەبی و هونەری تەرخان کردووە.

نەسروڵڵا ئەزموونێکی فرەڕەنگ و دەوڵەمەندی هەیە؛ جگە لەوەی شاعیر و ڕۆماننووسێکی دیارە، نیگارکێش و وێنەگریشە. تا ئێستا زیاتر لە ٤٠ بەرهەمی ئەدەبیی بڵاو کردووەتەوە. ناوبانگی سەرەکیی ئەو دەگەڕێتەوە بۆ پرۆژە مەزنەکەی بە ناوی “کۆمیدیای فەڵەستینی/الملهاة الفلسطينية،” کە زنجیرەڕۆمانێکە و تێیدا مێژووی هاوچەرخی فەڵەستین و قۆناغەکانی خەباتی گەلەکەی تۆمار دەکات. ئەم نووسەرە لە بەرهەمەکانیدا زیاتر بایەخ بە پرسەکانی وەک ئاوارەیی و تاراوگە/مەنفا، ناسنامە و ڕەسەنایەتی، بەرگری و خۆڕاگریی مرۆڤ دەدات و نووسینەکانی بۆ گەلێک زمانی زیندووی جیهان وەرگێڕراون. لە کارە هەرە دیارەکانی دیکەی، هەردوو ڕۆمانی زەمەنی ئەسپە سپییەکان و ڕۆمانی “جەنگی دووەمی سەگ/حرب الکلب الثانية،” ئەم ڕۆمانەی بۆ یەکەم جار لە ساڵی ٢٠١٦دا لە بەیروت بڵاو کرایەوە و لە ساڵی ٢٠١٨دا خەڵاتی جیهانیی ڕۆمانی عەرەبیی “پۆکەر”ی پێ بەخشرا.

کاندیدکردنی نەسروڵڵا بۆ خەڵاتەکە، لەسەر دەستی خانمە نووسەری بەریتانی-فەڵەستینی “شیرین ماڵهێرب” بوو، ئەم خانمە خەڵاتی لە بوارەکانی ڕۆمان و ئەدەبی منداڵاندا بەدەست ھێناوە و بەوە ناسراوە لە بواری ڕاگەیاندن و ئەدەبیاتدا بەرگری لە دەنگە ڕەسەنەکانی فەڵەستین دەکات. ماڵهێرب لە وتاری کاندیدکردنیدا دەڵێت: “بەرهەمە ئەدەبییەکانی نەسروڵڵا دەست بۆ بابەت و پرسی مرۆیی گشتی دەبەن، پرسێک لەناو خەباتی فەڵەستیندا ڕەنگی داوەتەوە، ئەمەش دەرفەت بە خوێنەران دەدات بەقووڵی لەگەڵ فەڵەستیندا ئاوێتە ببن، دوور لە چوارچێوە کۆلۆنیاڵیستییەکە. لە سایەی ئەو مەینەتییانەی فەڵەستینییەکان پێیدا تێپەڕ دەبن، بەرهەمەکانی نەسروڵڵا لە هەرکاتێک زیاتر گرنگییان پەیدا کردووە. ئیتر کاتی ئەوە هاتووە جیهان فەڵەستینی ڕاستەقینە ببینێت و بەرهەمەکانی نەسروڵڵاش توانای ئەوەیان هەیە ئەم ڕوانینە پێشکەش بکەن.”

لەبەرانبەردا، ئیبراهیم نەسروڵڵا خۆشحاڵیی خۆی بەم سەرکەوتنە دەربڕی و ئاماژەی بەوە کرد ئەم خەڵاتە لە ڕووی مرۆیی، مێژوویی، نیشتمانی و داھێنانەوە، دەروازەیەکی زۆر گرنگ بۆ گەیاندنی دەنگی فەڵەستین بە جیهان دەکاتەوە، بەتایبەت لەم سەردەمەی ئێستادا. هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەم دەستکەوتە سەلمێنەری پێگە و بەهای ئەدەب و تێکستی ئەدەبی عەرەبی و فەڵەستینییە لە نەخشە و مێژووی ئەدەبی جیهانیدا.

بە بەدەستھێنانی ئەم خەڵاتە، ناوی ئیبراهیم نەسروڵڵا دەخاتە پاڵ ناوی گەورەنووسەرانی جیهانیی وەک گابریێل گارسیا مارکیز، ئۆکتاڤیۆ پاس، توماس ترانسترۆمەر و ئیسماعیل کادارێ و پێگەی ئەدەبیی عەرەبی لە گۆڕەپانی نێودەوڵەتیدا قووڵتر دەکاتەوە.

دواجار سەبارەت بە گرنگیی ئەم خەڵاتە، دەکرێت بڵێین پێشتر شاعیری فەڵەستینی “غەسسان زەقتان” بۆ ئەم خەڵاتە کاندید کرابوو. لسیتی بەدەستهێنانی ئەم خەڵاتە و کاندیدەکانی پێشوو، لەسەر ئاستی جیهان، کۆمەڵێک ناوی گرنگ و بەناوبانگی تێدایە، لەوانە ئیسماعیل کادارێی ئالبانی، نوردین فارحی سۆماڵی، ئاسیا جەباری جەزائیری، توماس ترانسترۆمەری سویدی، ئۆکتاڤیۆ پاسی مەکسیکی، گابریێل گارسیا مارکیزی کۆڵۆمبی و چەندین سیمبوڵی دیکەی ئەدەبی جیهانی.

سەرچاوەکان:

https://www.aljazeera.net

https://www.alaraby.co.uk