کاتێک لیریکبوون لە شیعردا دەبێتە تۆمەت

کاتێک لیریکبوون لە شیعردا دەبێتە تۆمەت

د. جاسم حسەین ئەلخالدی

لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع

هەندێک لەو ڕەخنەگرانەی لایەنگری مۆدێرنە و پۆستمۆدێرنەن، ئەو شاعیرانەی شیعرەکانیان لێوانلێوە لە سۆز، بە شاعیرانی “لیریکی/الغنائيين” وەسف دەکەن. وا دیارە ئەم سیفەتە لەلای ئەو ڕەخنەگرانە مەدح و ستایش نییە، بەڵکوو بەشێکە لە تێبینی و ڕەخنەکانیان لەسەر شیعری لیریکی. وەک بڵێیت لیریکیبوون، لەم ڕوانگەیەوە، بووبێتە تۆمەتێکی ڕەخنەیی، کە پێویستە شاعیری نوێخواز خۆی لێ ڕزگار بکات، یان لانی کەم ئامادەیی لیریکی لە شیعرەکەیدا کەم بکاتەوە، بۆ ئەوەی وەک شاعیرێکی سەر بەو قۆناغە شیعرییە ئەژمار نەکرێت، کە مۆدێرنە -بە بڕوای ئەوان- تێی پەڕاندووە.

لێرەدا ناڕەزایەتی تەنها لەسەر خودی زاراوەی “لیریکی” نییە، چونکە ئەو زاراوەیە چەمکێکی ڕەخنەیی ڕەسەنە و ئامادەیی لە مێژووی شیعری عەرەبی و جیهانی و “کوردی”دا هەیە، بەڵکوو ناڕەزایەتییەکە لەسەر ئەو بارە زیادەیەی لە هەندێک تێڕوانینی ڕەخنەیی نوێدا خراوەتە پاڵ شیعری لیریکی، بە جۆرێک چیتر شیعری لیریکی، وەک ئاماژەیەک بۆ سروشتی ئەزموونی شیعري و پەیوەندی بە خود و هەڵچوون و موزیکەوە بەکار نایەت، بەڵکوو هەندێک جار وەک نیشانەیەک بۆ سادەیی و تەقلیدیبوونی شیعرەکە بەکار دەهێنرێت. ئەم جۆرە شیعرە لە دید و تێڕوانینی هەندێک لە ڕەخنەگراندا، نەگەیشتووەتە ئاستێکی پێویست لە ئاڵۆزی، کرانەوە یان پارچەپارچەبوون/التشضي.

سەیر لەوەدایە “سۆز/العاطفة،” کە لە مێژووی شیعردا یەکێک بووە لە گرنگترین توخمەکانی شیعرییەت، لە هەندێک خوێندنەوەی نوێدا بە وریاییەکی زۆرەوە مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، وەک بڵێیت ئامادەیی چڕی سۆز، دەقەکە لە پلەی شیعرەوە بۆ پلەی “ڕازونیاز/البوح” دادەبەزێنێت. لێرەدا تێکەڵاوییەکی ڕوون لەنێوان سۆز وەک کەرەستەیەکی مرۆیی لەگەڵ دەربڕین و گوزارشتکردن لە سۆز بە شێوەیەکی سادە، وەک لاوازییەکی هونەری، دروست دەبێت. کەواتە کێشەکە ئەوە نییە شاعیر خاوەنی سۆز و کەسێکی سۆزدار بێت، بەڵکوو کێشەکە لەوەدایە چۆن سۆز دەگۆڕێت بۆ بوونیادێکی شیعری؛ بوونیادێک، توانای تێپەڕاندنی هەڵچوونی کەسیی هەبێت بەرەو ئەزموونێکی مرۆیی، کە شیاوی وەرگرتن و لێکدانەوە بێت.

ئیمرولقەیس، موتەنەبی، ئەبو تەممام، ئەبو فیراس و مەعەری و ئەوانی دیکە لە شاعیرە گەورەکان، نامۆ نەبوون بە خود و هەستەکانی خۆیان، بەڵکوو بەشێکی گەورەی نەمریی شیعرەکانیان لە توانای ئەوانەوە هاتووە بۆ گۆڕینی ئەزموونی تایبەتی خۆیان، بۆ زمانێک کە خودی خاوەنەکەی تێدەپەڕێنێت. تەنانەت لە شیعری نوێشدا ناتوانرێت لە زۆر ئەزموونی شیعریی گەورە تێبگەین، بەبێ داننان بە سەنتەربوونی خود، هەڵچوون، نۆستالژیا، خەم، ئەشق و غەریبی. بۆ نموونە قەسیدەیەکی سەیاب مۆدێرنبوونی خۆی لەدەست نادات، لەبەر ئەوەی پڕە لە سۆز، هەروەها شیعری مەحموود دەروێش نابێتە خاوەنی مۆدێرنەیەکی کەمتر، لەبەر ئەوەی خود، ئەشق، نیشتمان و یادەوەری بەهێزەوە تێیدا ئامادەن. ئا لێرەوەیە کێشەکە لە لیریکیبووندا نییە، بەڵکوو لە کورتکردنەوەی شیعرە تەنها لەودا. ئەگەر قەسیدە تەنها هەڵچوونێکی ڕاستەوخۆ بێت، ئەوا ڕەنگە تووشی هەژاریی هونەری ببێت، جا بابەتەکەی هەرچییەک بێت؛ بەڵام ئەگەر شاعیر توانیی هەڵچوونەکەی لە شێوەی وێنە، ڕەمز، ئاواز و پێکهاتەی زمانەوانی و واتاییدا دابڕێژێت، ئەوا لیریکیبوون دەبێتە یەکێک لە توخمەکانی شیعرییەت، نەک دژبەری ئەو.

ئەوەی لێرەدا جێگەی سەرنج و تێڕامانە، ئەوەیە هەندێک لە ڕەخنەگرە مۆدێرنیستەکان، لە گرنگی و بایەخدان بە ئەزموونگەری و دەرچوونی زمان لە بنەما و ڕێسا و سەرچاوەکانی، زیادەڕۆییان کردووە. کار گەیشتووە بەوەی جار هەبووە ئەو ڕەخنەگرانە، خۆیان لەنێوان دووانەیەکی دەستکرددا بینیوەتەوە: شیعری لیریکیی کۆن لەبەرانبەر شیعری مۆدێرن، خودی شاعیر لەبەرانبەر دەقی سەربەخۆ، موزیک لەبەرانبەر هەڵوەشاندنەوە/تەفکیک، ڕوونی لەبەرانبەر تەمومژاویبوون؛ وەک بڵێیت مۆدێرنە نایەتە دی، تەنها بە دوورخستنەوەی ئەوەی پێش خۆی نەبێت، نەک بە دووبارە خوێندنەوە و وەبەرهێنان و تێپەڕاندنی بە شێوازێکی داهێنەرانە.

لە ڕاستیدا شیعر بە هەڵوەشاندنەوەی بنەما و تایبەتمەندییە سەرەتاییەکانی بەرەوپێش ناچێت، بەڵکوو بە دووبارە داڕشتنەوەیان دەبێت. قەسیدەی هاوچەرخ دەتوانێت لە یەک کاتدا هەم لیریکی بێت و هەم ئەزموونگەر؛ دەتوانێت پارێزگاری لە سۆز بکات، بێ ئەوەی بکەوێتە داوی ڕاستەوخۆیی؛ دەتوانێت سوود لە کێش و ئاواز وەربگرێت، بێ ئەوەی ببێتە دیلی مۆدێلە مێژووییەکان؛ دەتوانێت خود بکاتە سەرەتا و دەستپێکێک بۆ دیدگەیەک، کە لە خود تێپەڕێت.

لێرەوە ناونانی شاعیرێک بە شاعیری لیریکی، پێویستی بە جۆرێک لە تێڕامانی ڕەخنەیی هەیە. ئەگەر مەبەست لێی وەسفکردنی سروشتی شیعرەکەی بێت، ئەوا ناونانێکی شەرعییە و لە خودی خۆیدا نە ستایشە و نە زەم؛ بەڵام ئەگەر مەبەست لێی تاوانبارکردنی شاعیر بێت لەبەر ئەوەی لە ئەزموونە شیعرییەکەیدا پانتاییەکی فراوانی داوە بە سۆز و خود، ئەوا بابەتەکە لە وەسفێکی ڕەخنەییەوە دەگۆڕێت بۆ بڕیارێکی پێشوەختە؛ بڕیارێک، کە پاڵنەرێکی ئایدیۆلۆژی یان مۆدێرنەیەکی دیاریکراو بەسەریدا زاڵە.

ڕەنگە مەترسیدارترین شت لەم ڕوانگە و تێڕوانینەدا ئەوە بێت، کە چەقی بڕیاردان لە دەقەوە دەگوازێتەوە بۆ پۆلێنکردن؛ سەرەتا شاعیرەکە وەک شاعیرێکی لیریکی، یان شاعیرێکی مۆدێرن، یاخود شاعیرێکی پۆستمۆدێرن دەخوێنرێتەوە، پاشان شیعرەکەی لەژێر تیشکی ئەو پۆلێنکردنەدا هەڵدەسەنگێنرێت و دەخوێنرێتەوە، ئەمە لەبری ئەوەی دەقەکە خۆی ئامرازەکانی خوێندنەوەی خۆی بسەپێنێت. لێرەدا ڕەخنە بەشێک لە ئەرکە سەرەکییەکەی لەدەست دەدات، چونکە ڕەخنەگر چیتر دۆزەرەوەی جوانییەکانی دەق و شێوازەکانی کارکردنی نییە، بەڵکوو دەبێتە فەرمانبەرێک لە سیستمێکی پۆلێنکردنی ئامادەکراودا.

شیعر لە جەوهەری خۆیدا، نە بە بڕی سۆز و نە بە بڕی ئەقڵ و نە بە پلەی نزیکی یان دووری لە مۆدێرنە ناپێورێت، بەڵکوو بە توانای لە گۆڕینی ئەزموونی مرۆیی، بۆ زمانێک کە خاوەنی بەهایەکی ئیستێتیکی و واتایی بێت دەپێورێت، هەر بۆیە نابێت لیریکیبوون تۆمەت بێت، وەک چۆن نابێت مۆدێرنەبوون، ئۆتۆماتیکی ببێتە بڕوانامەی کوالێتیی بەرز بۆ شیعرەکە. ڕەنگە شیعرەکە لیریکی بێت، بەڵام قووڵ و ئاڵۆز و کراوە بێت بەسەر پرسیارەکانی مرۆڤ و بووندا؛ ڕەنگە شیعرێکی دی لە شێوە و زاراوەکانیدا مۆدێرن بێت، بەڵام لە ئەزموون و هەڵچووندا هەژار بێت. لە هەردوو بارەکەدا، ناونانەکە دەقەکە لە بڕیاری ڕەخنەیی ڕزگار ناکات و تاوانباریشی ناکات، تەنها دەقەکە خۆی دەبێت لە قەفەسی تۆمەتباراندا بێت، نەک شاعیرەکە، لەبەر ئەوەی سەر بە شێوازێکی شیعری یان هەستیارییەکی ئیستێتیکیی دیاریکراوە.

ڕەخنەی ڕاستەقینە لە شاعیر ناپرسێت: بۆچی شاعیرێکی لیریکی بوویت؟ بەڵکوو دەپرسێت: بە لیریکیبوونت، چیت دروست کردووە؟ چۆن هەست و سۆزەکانی خۆت گۆڕی بۆ شیعر؟ تەنها لێرەدا پێوەرەکە دەبێتە پێوەرێکی ئیستێتیکی و هونەری، دوور لە دادگاییکردنە پێشوەختەکان، کە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی شیعری عەرەبی (کوردی) دەکەنە تۆمەتێک، کە پێویستە دەستبەرداری ببێت، تەنها لەبەر ئەوەی لەگەڵ زەوقێکی ڕەخنەیی کاتی و تێپەڕدا ناگونجێن.

سەرچاوە: بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت،١ی ئەیلوولی ٢٠٢6