لەنێوان شێخ و شاعیردا
لەنێوان شێخ و شاعیردا
نامەیەکی نزار قەببانی بۆ مستەفا زەرقا، کە بۆ یەکەم جارە بڵاو دەکرێتەوە
لە عەرەبییەوە: هەورامان وریا قانع
پێش چەند ڕۆژێک لەمەوبەر، ئەمجەد مەکی، لێکۆڵەری فەتواکانی شێخ مستەفا زەرقا، کە یەکێکە لە کەسە نزیکەکانی، نامەیەکی دەستنووسی نزار قەببانیی شاعیری بۆ شێخ مستەفا زەرقا خستە ڕوو؛ نامەکە بۆ یەکەم جارە بڵاو دەکرێتەوە. ئەمە نامەیەکی دەگمەن و ناوازەیە، چونکە کۆمەڵێک ئاماژەی گرنگی تێدایە، کە پێگەی ئەو دوو پیاوە گەورەیە دەردەخەن: ڕێبەری فیقهی ئیسلامی و شاعیری خۆشەویستی و ژن.
ئێمە لێرەدا لەبەر دەم دوو ناوی گەورەداین، دوو ناو لە ڕێگەی کاروانێکی بەرهەمداری بێپچڕان و خاوەن بوونیادێکی تۆکمە و جیاوازەوە دروست بوون و توانییان پێگەیەک لە ویژدانی ڕۆشنبیریی گشتیدا بۆ خۆیان چێ بکەن. یەکەمیان لە ڕێگەی بەخششی فیکری و بەرهەمی فیقهییەوە، کە نموونەی لە جیهانی ئیسلامیدا کەمە؛ دووەمیشیان لە ڕێگەی داهێنانی شیعرییەوە، کە عەشق و ژنی لە ئەزموونێکی تایبەتەوە بۆ ئاسۆیەکی مرۆیی فراوان بەرز کردەوە و قەسیدەی سۆزداریی لە زمانی غەزەلی باوەوە گۆڕی بۆ زمانێک، کە نزیک بێت لە ژیانی ڕۆژانەوە، بەمەش شیعری خۆی کردە نیشانەیەکی دیار لە شیعری هاوچەرخی عەرەبیدا.
شاعیر و دیپلۆماتکار و بازرگانی سعوودی عەبدولمەقسوود خۆجە، زۆری لە شێخ زەرقا دەکرد شیعرەکانی کۆ بکاتەوە، تا لە دیوانێکدا چاپیان بکات و بڵاویان بکاتەوە. ئەم کارە چەند ساڵێکی خایاند و سەروەختێک دیوانەکە چاپ دەکرێت و بڵاو دەکرێتەوە، شێخ زەرقا کۆڵێک دڵخۆش دەبێت و بڕیار دەدات نوسخەیەک لە دیوانەکەی پێشکەش بە نزار قەببانی بکات، ئەم نامەیەی خوارەوە وەڵامی نزار قەببانییە بۆ ئەو دیارییە:
“مامۆستا و فێرکارە گەورەکەم
زۆر دڵخۆشم دوای پەنجا ساڵ لە دوورکەوتنەوە، گوێم لە دەنگە خۆشەکەت بووەوە. من یەکێکم لەو خوێندکارانەی زانستی لە کانییەکانی تۆوە خواردووەتەوە. لە ساڵانی ١٩٤٤ و ١٩٤٥دا، لە کۆلێژی ماف، لە زانکۆی سووریا، بە چرای مەعریفەی تۆ ڕووناک بوومەتەوە. ئەم شێخەمان، مستەفا زەرقا، هەمیشە یەکێک بووە لە زانا گەورەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، بگرە یەکێک بوو لە پێشەوایانی مەعریفەی عەرەبی، لە نموونەی ئیبن سینا، ئیبن ڕوشد و فارابی، ئەوانە خەرمانێکی بەرزیان لە گەنمی فیکر و باخچەی پڕ لە میوەی مەعریفەیان پێشکەش بە مرۆڤایەتی کردووە.
من پێشتر تۆم وەک زانا، فەقیهـ و پێشەوا ناسیوە، ئەوا ئەمڕۆ خۆشحاڵم بەوەی لە تۆدا هاوڕێیەکی شاعیر دەبینم، کە بەرگی شکۆمەندی و دانایی و کڵاوە ئەکادیمییەکەی فڕێ داوە و خۆی هاویشتووەتە نێو دەریای شیعرەوە؛ ئەو دەریایەی ئاوەکەی قەسیدەیەکی شینە، لمی کەنارەکانی دەسڕێکی ئاوریشمییە و هەزاران پەری، لە چاوەڕوانیی ئیمامی شاعیردان، تا بەرەکەتی بۆنوبەرامەی قەسیدەکانی وەربگرن.
لێرەوە سوپاس بۆ تۆ، ئەی مامۆستا و خۆشەویستمان، چونکە سەرەڕای ئەوەی من لە دەستپێکی نووسینی شیعرەوە بڕوایەکی قووڵم بەوە بوو شیعر پاکی پاکەکان و پاکژی پاکژەکانە، لەگەڵ ئەوەشدا تۆ دواجار تاوانی شیعر و گومڕایی قەسیدەت ئەنجام دا. لەم سەردەمە خۆڵەمێشییەدا کە لە خۆرەڵات و خۆراواوە، لە باکوور و باشوورەوە گەمارۆی داوین، دیوانەکەت “پەلکەزێڕینە/قوس قزح” دێت و لەگەڵ خۆی پۆلی کۆتر، بۆنی یاسەمین و بۆنی خۆشەویستیمان بۆ دەهێنێت. خوای گەورە تەمەنت درێژ بکات و هەمیشە سەلامەت و تەندروست و بەختەوەریت بەسەردا بڕژێنێت.
برات
نزار قەببانی
لەندەن – ٢٥ی تەمووزی ١٩٩٦”
دوای دوو ساڵ لە نووسینی ئەم نامەیە، کە تا ئەمڕۆ نەمانخوێندبووەوە، واتە ساڵی 1998، نزار قەببانی لە چوارچێوەی زنجیرەیەک وتاردا، کە لە ڕۆژنامەی “الحیاة”ی لەندەنی بڵاو کراونەتەوە و تێیدا باس لە هەندێک وێستگەی ئەدەبی و فیکریی ژیانی دەکات؛ لە یەکێک لەو وتارانەدا هۆکاری ئەو دوورکەوتنەوەیەمان بۆ دەگێڕێتەوە کە لە نامەکەیدا ئاماژەی پێ کردووه. لەو وتارەدا باس لە چامەی “نان و حەشیش و مانگ” دەکات، ئەو چامەیە/قەسیدەیە دوای بڵاوبوونەوەی، زریانێک مشتومڕی لە سووریا و دەرەوەی سووریادا لێ کەوتەوە. لەم بارەیەوە نزار قەببانی لە وتارەکەیدا دەڵێت: “قەسیدە گوناهبارەکە، یان قەسیدە تاوانبارەکه منی گەیاندە پەرلەمانی سووریا، ئەمەش پێشینەیەک بوو، لە هیچ پەرلەمانێکی جیهاندا ڕووی نەداوە. مامۆستامان شێخ مستەفا زەرقا، کە لە پەرلەمان نوێنەری کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین بوو، بەتوندی لێپرسینەوەی لە وەزیری دەرەوەی ئەوکاتی سووریا “خالید ئەلعەزم” کرد و داوای لێ کرد من ڕەوانەی لیژنەی تەمبێکردن بکات و لە وەزارەتی دەرەوە دەرم بکات. ئینجا پەرلەمانتار شێخ مستەفا زەرقا، بۆ پشتگیریکردن و سەلماندنی قسەکانی، قەسیدەکەی بۆ پەرلەمانتاران خوێندەوە. وەلێ من لەوەدا بەختم هەبوو، شێخ زەرقا لە خوێندنەوەی قەسیدەکەدا پیاوێکی ڕەوانبێژ و زمانپاراو و دەنگخۆش بوو، هەر هێندەی لە خوێندنەوەی قەسیدەکە بووەوە، هۆڵی پەرلەمان و باڵکۆنی تەماشاکاران و ڕۆژنامەنووسان بەتوندی دەستیان کرد بە چەپڵەلێدان، ئیدی پەرلەمانتارەکە بە نائومێدی و شکستخواردوویی، لە کاتێکدا ئارەق لە نێوچەوانی دەهاتە خوارەوە، گەڕایەوە سەر کورسییەکەی و لێپرسینەوەکە شکستی هێنا.
لێرەدا پێویستە ڕاستکردنەوەیەک بکەین: نزار قەببانی لە وتارەکەیدا، مامۆستاکەی، واتە شێخ زەرقای بەوە وەسف کردووە، کە لە پەرلەمان “نوێنەری کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین” بووە، ئەمە لە کاتێکدایە شێخ نوێنەرێکی سەربەخۆی شاری حەلەب بووە. وا دیارە ئەم وەسفە بۆ نیشاندانی پێگەی ئەو بووە لەناو کایەی گشتیی ئیسلامیدا، نەک وابەستەی ڕێکخراوێکی تایبەت و دیاریکراو بێت. ئەمە بابەتێکە لە کاتی وەسفکردنی هەندێک کەسایەتیی ئیسلامیدا دووبارە دەبێتەوە و هەندێک جار تەنها لەبەر ئەوەی سەر بە فەزای گشتیی ئیسلامین، دەخرێنە پاڵ کۆمەڵی ئیخوان موسلیمین.
ئەم نامەیە، کە نزار قەببانی وەک دەرفەتێک بۆ بەرزنرخاندن و ستایشکردنی فەقیهە شاعیرەکە نووسیویەتی، گەواهییەکی مرۆیی مەزنە بۆ دوو کەسایەتیی گەورە. نامەکە پەردە لەسەر ڕووە مرۆییەکەی نزار لادەدات، ئەو نزارەی دوای چل ساڵ، بەرانبەر مامۆستاکەی هیچ ڕق و کینەیەکی لە دڵدا نەبوو، کە کاتی خۆی ڕەخنەی لە شیعرێکی گرتبوو؛ هەروەها وێنەیەکی گشتگیری شێخ زەرقای فەقیهـ و زانامان بۆ دەکێشێت، ئەو زانایەی قووڵبوونەوەی لە زانست و شەریعەتدا، ڕێگریی لێ نەکرد پەنجەرەیەک بە ڕووی جیهانی شیعردا بکاتەوە و لاپەڕەیەکی ئەدەبیی ناسک بخاتە سەر ژیاننامە زانستییەکەی و ناونیشانێکی سەرنجڕاکێش و پڕ لە ڕەنگ بۆ دیوانەکەی هەڵبژێرێت: “پەلکەزێڕینە.”
جەوهەری نامەکە ڕێز و جوانیی دانپێدانانی دوولایەنەی نێوان ئەم دوو کەسە مەزنە دەردەخات: شێخ مستەفا زەرقا دانی بە شاعیردا نا، کاتێک دیوانەکەی پێشکەش کرد؛ نزار قەببانییش دانی بە مامۆستا و فێرکارەکەیدا نا، کاتێک نامەکەی بەم ڕستەیە دەست پێ کرد: “مامۆستا و فێرکارە گەورەکەم” و فەزڵی ساڵانی یەکەمی خوێندنی بۆ ئەو دەگەڕێنێتەوە. پاشان نزار کەمێک شۆخی و گاڵتەوگەپ لەگەڵ مامۆستاکەیدا دەکات، چونکە شاعیرێکی لەپشت سیمای زانا و پیاوە ئاینییەکەوە دۆزیوەتەوە، بۆیە بە ناونیشانی “هاوڕێ شاعیرەکەم” پێشوازیی لێ دەکات و دواجار نامەکەی بە دەربڕینێک کۆتایی پێ دێنێت، تێیدا خۆشی و بوێری تێکەڵ بە یەکتر دەبن و دەنووسێت: “برات، نزار.” وەک بڵێیت نزار تەنها بەوەوە ناوەستێت وەک مامۆستا دان بە گەورەیی ئەودا بنێت، بەڵکوو دوای ئەوەی پێشتر پەیوەندیی زانست پێکەوە کۆی کردبوونەوە، ئێستا دەیخاتە ناو بازنەی برایەتیی شیعرەوە.
لەم نامەیەدا، ئەو خوێندکارەی بووە یەکێک لە گەورەترین شاعیرانی سەردەم، بەرزترین جۆری ستایش پێشکەش دەکات، کاتێک مامۆستاکەی هاوشانی گەورەترین هێماکانی مەعریفەی عەرەبی دادەنێت و دەیکاتە یەکێک لە نموونە گەورەکانی سەردەمی ڕۆشنگەری، بێ ئەوەی بکەوێتە ناو زێدەڕۆیی یان ڕووماپاییەوە. ئاخر هەرکەسێک شێخ و کاروانی ژیانی بناسێت، باش دەزانێت ئەو یەکێک بووە لە یەکەمین سوورییە هاوچەرخەکان، کە بە کارامەیی و لێهاتووییەوە چەندین کایەی جیاوازی وەک: شەریعەت، یاسا و ئەدەبی پێکەوە کۆ کردووەتەوە.
لێرەدا هەڵوێستێکی شەخسیم بیر دێتەوە، هەڵوێستێک، کاریگەرییەکی قووڵی لە ناخمدا جێ هێشت؛ سەروەختێک لە قوتابخانەی خەسرەوییە، لە حەلەب، خوێندکاری پۆلی یازدە بووم، لە کتێبخانەی قوتابخانەکەم کتێبی “کفایة المتحفظ”ی “ئیبن ئەلئەجدابی”م کەوتە دەست، کتێبێکە دەربارەی فیقهی زمان بوو. بینیم لێکۆڵەرەکەی شێخ مستەفا زەرقایە و مێژووی چاپکردنی کتێبەکە دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٢٥. ئەوکات تێگەیشتم شێخ زەرقا ئەم کارەی لە تەمەنێکی زۆر گەنجیدا ئەنجام داوە؛ تەمەنی نزیک بوو لە تەمەنی ئەو کاتەی من. ئەمە وانەیەکی گرنگ بوو، وانەیەک پێمان دەڵێت دەستکەوتە گەورەکان لە تەمەنی لاوێتییەوە دەست پێ دەکەن. بایەخدانی شێخ زەرقا بە ئەدەبیات، لە نووسینەوە و داڕشتنی بابەتە زۆر وشک و برینگەکاندا ڕەنگی داوەتەوە و ئەو بابەتە وشکانەی بە زمانێکی پاراو و ڕەوان و نەرم و ناسک داڕشتووە و پێشکەشی کردوون. ئەم ئاوێتەبوونەی نێوان فیقهـ و ئەدەب، کە سەرنجی شاعیرەکەمانی بۆ مامۆستاکەی ڕاکێشاوە، بەرهەمی دیدێکی قووڵی شێخ زەرقا بووە، چونکە شێخ زەرقا پێی وا بوو ئەدەب بەشێکە لە کەسایەتیی پیاوی شەریعەت و پێویستییەکە بۆ ڕەوانبێژی و کاریگەرییەکەی.
لەم بارەیەوە شێخ دەڵێت: “من پێم وایە خوێندنی ئەدەبیات، بۆ پیاوی شەریعەت، وەک ئاو وایە بۆ خاک. پیاوی شەریعەت ئەگەر لێکۆڵینەوە ئەدەبییەکان بۆ زمانی عەرەبی و ئەدەبیاتی عەرەبی نەخوێنێتەوە، ئەوا لە شێوازی وانەگوتنەوە و نووسینیدا، بە وشکی و کرچوکاڵی دەمێنێتەوە و دابڕاو دەبێت لە ڕێگەکانی ڕەوانبێژیی ڕوون و ئەدای سەرنجڕاکێشی سوودبەخش و چێژی ویژدانی و هونەری، بۆ گەورەیی قورئان و فەرموودە کورت و واتاپڕەکانی پێغەمبەر (د.خ).
شێخ لە مەیدانی فیقهیشدا گەورەترین سەرکێشیی فیقهیی لە سەردەمی نوێدا ئەنجام دا؛ مادە فیقهییەکانی دووبارە داڕشتەوە و لە بنەما و پرنسیپەکانیەوە، تیۆری گشتیی هاوشێوەی تیۆرە یاساییە ڕۆژاواییەکان دروست کرد. ئەو یەکێک بوو لە یەکەمین ئەو کەسانەی فیقهیان گواستەوە بۆ قاڵبی تیۆرە یاساییەکان و بناغەی بۆ چەندین تیۆر دانا، لەوانە تیۆری گشتیی پابەندبوون، تیۆری خاوەندارێتی، تیۆری پەیوەندیی گرێبەستی، تیۆری مەرجەکانی گرێبەست، تیۆری سزا تەشریعییەکان، تیۆری شیاوێتی و تیۆری دەستەبەری/ضمان.
لەم بارەیەوە، وەزیری مەعاریفی سووریا، دکتۆر مونیر ئەلعەجلانی، کارێکی ڕاست و دروستی کرد، کاتێک پێشەکیی بۆ کتێبەکەی شێخ زەرقا (المدخل الفقهي العام) نووسی و گوتی: “مامۆستا زەرقا فەقیهێکی ئەدیبە، شێوازی نووسینی بە جۆرێکە، وا دەکات قورسی و وشکیی بابەتەکەت لەبیر دەباتەوە.”
نامەکەی نزار قەببانی بەڵگەنامەیەکی مرۆیی دەگمەنە، دڵسۆزی و وەفای خوێندکارێک بۆ مامۆستاکەی دەردەخات، هەروەها گەورەیی مامۆستاکە نیشان دەدات، کە سەرەڕای جیاوازیی هەڵوێستەکان، لە ویژدانی خوێندکارەکەیدا ماوەتەوە. نامەکە ئەوە دەسەلمێنێت، ڕۆشنبیریی ڕاستەقینە و مەعریفەی باڵا، ئەگەر لەگەڵ ناخ و دەروونی گەورەدا کۆ ببنەوە، پرد لەسەر کێشەکان دروست دەکەن و بەسەر جیاوازییەکاندا سەردەکەون، تا فەزڵی خاوەن فەزڵ و قەدری زانا و پێگەی ئەدیب وەک خۆیان بمێننەوە و پارێزراو بن.
سەرچاوە: محمد ئەمیر ناشر ئەلنعم، بەشی کولتووری ڕۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت، 26ی تەمووزی 2026