نووسینی سیناریۆی کورتەفیلم
“ئەم کتێبە بۆ هەموو ئەو کەسانەیە کە ئارەزووی نووسینی سیناریۆ دەکەن”
نووسینی سیناریۆی کورتەفیلم
سازکردنی: ئیدریس عەلی
کتێبی “نووسینی سیناریۆی کورتەفیلم” یەکێکە لە کتێبە دانسقەکانی دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم، کە لە ماوەی ڕابوردوودا چاپ و بڵاوی کردەوە؛ بابەتی ئەم کتێبە سینەماییە و فێرخوازانی سینەما فێر دەکات چۆن سیناریۆ بنووسن، لەلایەن پسپۆڕ و کەسایەتیی ناسراو و ئەکادیمیستی ئەمەریکی “کین دانسیگەر”ەوە نووسراوە و هونەرمەندی بواری سینەما “ئازاد کەرکووکی” بە شێوەیەکی جوان و سەرنجڕاکێش وەری گێڕاوەتە سەر زمانی کوردی. لەم دیدارەدا لەگەڵ وەرگێڕی کتێبەکەدا قسە لەسەر ناوەرۆک، بەها و گرنگیی کتێبەکە دەکەین.
سەردەم: چۆن بوو بیرت لە وەرگێڕانی کتێبی “نووسینی سیناریۆی کورتەفیلم” کردەوە و گرنگیی ئەم کتێبە لە چیدایە بۆ کتێبخانە و خوێنەری کورد؟
ئازاد کەرکووکی: ڕاستگۆیانە بڵێم، من خۆم وەک وەرگێڕێکی پیشەیی ناناسم، پاڵنەری سەرەکیی من بۆ ئەم کارە (وەرگێڕانی ئەم چەند کتێبە)، لە پسپۆڕی و کارەکەی خۆمەوە سەرچاوە دەگرێت، چونکە خۆم لە بواری سینەمادا خوێندوومە و لەم کایەیەدا کار دەکەم. لە ئەنجامی کارکردن و خوێندنەکەمدا، هەمیشە بەقووڵی هەستم بە هەژاری و کەمیی سەرچاوە و کتێبی زانستی و ئەکادیمی کردووە لە کتبێخانەی کوردیدا، کە تایبەت بن بە بواری سینەما. ئەم کەلێنە گەورەیە وای لێ کردم، وەک ئەرکێکی سەر شانم هەوڵ بدەم بەپێی توانای خۆم، کەلێنێکی بچووک لەم بوارەدا پڕ بکەمەوە و خزمەتێکی بچووک بە هەواداران و خوێندکارانی هونەری سینەما بکەم.
نووسەری ئەم کتێبە (کین دانسیگەر) تەنها نووسەرێکی ئاسایی نییە، بەڵکوو پڕۆفیسۆر و مامۆستایەکی مەزن و ناسراوی ئەکادیمیی بواری سینەمایە لە ئەمەریکا. ئەو زنجیرەیەک کتێبی زۆر گرنگ و ناوازەی دەربارەی تەلەڤزیۆن و سینەماوە نووسیوە، کە چەمکەکانی سیناریۆ، دەرهێنان و مۆنتاژ لەخۆ دەگرن. من لە سۆنگەی گرنگیی کارەکانی ئەم پڕۆفیسۆرەوە، تەنها بەم کتێبە نەوەستاوم، بەڵکوو کتێبێکی تری ئەوم دەربارەی دەرهێنان بە ناوی “بیرۆکەی دەرهێنانی سینەمایی”ەوە وەرگێڕاوە و هەر لە دەزگای سەردەم چاپ و بڵاو کراوەتەوە، لە ئێستاشدا خەریکی وەرگێڕانی کتێبێکی تری ئەوم بە ناوی “تەکنیکی مۆنتاژی سینەما و ڤیدیۆ”ییەوە، کە نیوەیم تەواو کردووە و ئەگەر تەمەن و کات بوارم بدات، پلانم هەیە بۆ ساڵی داهاتوو تەواوی بکەم و بڵاوی بکەمەوە. گرنگیی ئەم کتێبە بۆ خوێنەری کورد لەوەدایە، کە ڕێگەیەکی زانستیی ڕوون پیشانی گەنجانمان دەدات و لەسەر بنەمای پێوەرە جیهانییەکانی سینەما چیرۆکەکانی خۆیان دابڕێژن و بنووسنەوە.
سەردەم: ناوەرۆک و بابەتەکانی نێو دووتوێی کتێبەکە چییە و باس لە چی دەکات؟
ئازاد کەرکووکی: ئەم کتێبە بە یەکێک لە باشترین و سەرکەوتووترین سەرچاوە جیهانییەکان دادەنرێت کە سەبارەت بە نووسینی سیناریۆ نووسرابێت، بەتایبەتی لە بواری نووسینی سیناریۆی کورتەفیلمدا، کە تایبەتمەندی و داینامیکی خۆی هەیە. دنیای ئەم کتێبە لایەنی تیۆری ڕووت تێدەپەڕێنێت و نووسەر لێرەدا تەنها باسی مێژوو، یان فەلسەفەی سیناریۆ ناکات، بەڵکوو بە شێوازێکی تەواو پراکتیکی و ڕاهێنانکاری هەنگاوبەهەنگاو دەستت دەگرێت و بە شێوازێکی ئەکادیمی فێرت دەکات چۆن سیناریۆ بنووسیت.
کتێبەکە باس لەوە دەکات چۆن کورتەفیلم وەک ژانرێکی سەربەخۆ سەیر بکرێت، کە پێویستی بە چڕکردنەوەی درامی هەیە. ناوەرۆکەکەی بەوردی دەچێتە سەر چۆنیەتیی دروستکردنی پاڵنەر بۆ کارەکتەرەکان، بوونیادنانی گرژی و ململانێ و نووسینی دیالۆگی کاریگەر، کە خزمەت بە پێشخستنی ڕووداوەکان بکات. نووسەر چەندین نموونەی کۆنکرێتی لە فیلمە جیهانییە سەرکەوتووەکان دەهێنێتەوە و شیکارییان بۆ دەکات. ئەم شێوازی ڕاهێنانە پراکتیکییە وا دەکات خوێنەر ڕاستەوخۆ دەست بە نووسینی یەکەمین دیمەنی فیلمەکەی بکات لەسەر بنەمای ستانداردە ئەکادیمییەکان.
سەردەم: ڕووی ئەم کتێبە لە کێیە و کێن ئەوانەی دەبێت بەجدی بیخوێننەوە؟
ئازاد کەرکووکی: هەر وەک چۆن خودی نووسەر لە پێشەکیی کتێبەکەیدا ئاماژەی پێ دەدات، ئەم کتێبە بۆ هەموو ئەو کەسانە گونجاوە و نووسراوە کە ئارەزووی نووسینی سیناریۆ دەکەن. بازنەی دەستەبژێری ئەم کتێبە زۆر فراوانە و تەنها لە توێژێکی دیاریکراودا کورت نابێتەوە. بە پلەی یەکەم، پێویستە خوێندکارانی بواری سینەما لە بەشە جیاوازەکانی زانکۆ و پەیمانگە هونەرییەکاندا ئەم کتێبە بەجدی بخوێننەوە، چونکە وەک پرۆگرامێکی ئەکادیمی و پێویستی ڕاهێنانی ڕۆژانەیان وایە.
لە لایەکی ترەوە، کتێبەکە ڕووی لە تەواوی ئارەزوومەندان و خولیایانی ئەم بوارەشە، کە بە شێوەیەکی سەربەخۆ دەیانەوێت فێری بنەماکانی فیلمسازی ببن، خوێندنەوەی ئەم کتێبە تەنها بۆ سیناریۆنووسان نییە، بەڵکوو دەرهێنەران و مۆنتێران و هەموو بوارەکانی تری فیلمسازی دەبێت بیخوێننەوە؛ بەکورتی، هەرکەسێک دەیەوێت چیرۆکێک لە ڕێگەی زمانی وێنەوە بگێڕێتەوە، پێویستە ئەم کتێبە بەجدی، وەک سەرچاوەیەکی گرینگ بخوێنێتەوە.
سەردەم: پێگەی کتێبەکە و خودی نووسەرەکەی لە چ ئاستێکی جیهانیدایە و سینەماکارانی کورد چۆن دەتوانن سوودی لێ ببینن؟
ئازاد کەرکووکی: هەر وەک لە سەرەتاوە ئاماژەم پێ کرد، کین دانسیگەر پڕۆفیسۆرێکی خاوەن پێگەیەکی گەورەی جیهانییە و خاوەنی چەندین ساڵ ئەزموونی دەوڵەمەندی ئەکادیمی، پەروەردەیی و پراکتیکییە لە ناوجەرگەی خوێندنی سینەماییدا لە ئەمەریکا و ئەورووپادا، کتێبەکانی ئەو لە زۆربەی زانکۆ و پەیمانگە ناودارەکانی جیهاندا وەک سەرچاوەی یەکەم و بنەڕەتی بۆ فێربوونی فیلمسازی بەکار دێن. ئەم پێگە بەرزە زانستییە وا دەکات وەرگێڕانی ئەم بەرهەمانە بۆ زمانی کوردی، ئەرزشێکی گەورە بە کتێبخانەی ئێمە ببەخشێت.
من هیچ گومانم لەوەدا نییە کە ئەم کتێبە خزمەتێکی ئێجگار گەورە و بەرچاو بە خوێنەری کورد دەکات. سینەماکارانی کورد، بەتایبەتی ئەوانەی سەرەتای ڕێگەکەیانە و ئارەزوو دەکەن لە بواری فیلمسازیدا بە شێوازێکی پیشەیی کار بکەن، دەتوانن سوودێکی بێئەندازە لەم تەکنیکانە ببینن. ئەم کتێبە یارمەتیی گەنجانی ئێمە دەدات کێشەی هەمیشەیی فیلمی کوردی (کە لاوازیی دەق و سیناریۆیە) چارەسەر بکەن و فێری ئەوە ببن چۆن بە کەمترین تێچووی دارایی و لە ڕێگەی کورتەفیلمەوە، پەیامە نەتەوەیی و مرۆییەکانی خۆیان بگەیەننە فێستیڤاڵە جیهانییەکان.
سەردەم: دیارترین ئەو کێشە و گرفتانە چی بوون کە ساتی وەرگێڕانی کتێبەکە هاتنە ڕێت و چۆن توانیت بەسەریاندا زاڵ بیت؟
ئازاد کەرکووکی: هەر وەک هەمووان دەزانن، ئێمەی کورد بە هۆی کۆمەڵێک هۆکاری مێژوویی، ڕامیاری و کۆمەڵایەتییەوە، ماوەیەکی کەم و کورتە بە شێوازێکی پیشەیی لە بواری سینەمادا کار دەکەین و خاوەنی پیشەسازییەکی جێگیری سینەمایی نین، هەر لەبەر ئەم هۆکارە و چەندین هۆکاری تر، گومانی تێدا نییە کە لە کاتی پرۆسەی وەرگێڕانی ئەم کتێبە ئەکادیمییەدا، گرفت و بەربەستی زۆر هاتنە پێشم، گەورەترین گرفت ئەوە بوو، کە زمانی کوردی لە ڕووی چەمک و زاراوەی تایبەتی سینەماییەوە تا ڕادەیەک هەژارە و زۆربەی دەستەواژە تەکنیکییەکان هاوتایەکی ئامادەکراو، یان یەکگرتوویان لە فەرهەنگی ئێمەدا نییە.
بەڵام سەرەڕای ئەم سەختییانە، پرۆسەی زاڵبوون بەسەر گرفتەکاندا، بە هاوکاری و پاڵپشتیی کۆمەڵێک هاوڕێی خۆشەویست و پسپۆڕ لە بواری وەرگێڕاندا (کە بەشانازییەوە ناوی هەموویانم لەناو کتێبەکەدا هێناوە و سوپاسم کردوون) توانیمان بەسەر هەموو ئەو گرفت و ڕێگرییە زمانەوانی و تەکنیکییانەدا زاڵ بین، هیوادارم ئەم بەرهەمە و بەرهەمی هەموو نووسەر و وەرگێرەکانی تر ببنە سەرەتایەکی باش بۆ دەوڵەمەندکردنی فەرهەنگی سینەمایی کوردی. سوپاس بۆ دەزگای چاپ و پەخشی سەردەمیش، کە هاوکارێکی زۆر باشن بۆ خزمەتکردن لەم بوارەدا.